Skip to Content

چۆن لیبڕاڵەکان بونە لایەنگیری تیۆری پیلانگێڕی ؟-1-.. نوسینی: جۆن گرەی وەرگێڕانی لەفارسیەوە: مەحمود عەبدوڵڵا

چۆن لیبڕاڵەکان بونە لایەنگیری تیۆری پیلانگێڕی ؟-1-.. نوسینی: جۆن گرەی وەرگێڕانی لەفارسیەوە: مەحمود عەبدوڵڵا

Closed
by December 20, 2020 General, Opinion


“لیبڕاڵەکان هەمیشە خۆیان بە سیمبولی عەقڵانیەت زانیوە،بۆیەهەڵەکانی خۆیان نابینن”

بەشی یەکەم

لیبڕاڵەکان ، چ چەپگەرا کان، چ ڕاستگەراکان ،هەمیشە باڵەسیاسیەکانیتریان بەوە تۆمەتبارکردوە ، کە لایەنگری تیۆری پیلانگێڕین . واتا وابیردەکەنەوە کە دوژمنانی پیس و مەلعون دەستیان خستۆتە ناودەستی یەکتر ، تا هەل و مەرجی کۆمەڵایەتی تێکبدەن .
بەڵام دوای هەڵبژاردنی ترەمپ و ” برکزیت “چونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا” ، وادیارە کە خودی لیبڕاڵەکان خۆیان کەوتونەتە باوەشی تیۆری پیلانگێڕییەوە و ،دەڵێن پۆتین و کۆپانیا کانی تەکنەلۆژی دەستیان خستۆتە ناو دەستی یەک ؛ تا ڕۆژئاوای ئازاد و پێشکەوتو ڕابکێشنە ناو زەلکاوی ئیستیبداد و پۆپۆلیزم .

ئەو وەرچەرخانە گەورەیە چۆن ڕویدا ؟

تا ئەم دواییانە ، بۆچونی لیبڕاڵەکان ئەوەبو ،کە هیچ پیلانگێڕیەک لە ئارادانییە ، هیچ پیلانێک بەهیچ پێوەرێک ، کە ئەهمیەتێکی مێژویی هەبێت، لەئارادانییە. مێژوو واتا قۆناغە دورودرێژەکانی ئاژاوەو نەزانی ، بێجگە لە هەندێ دەرفەتی بەینابەین ،کە کەسایەتی ئاقڵی وەک خۆیان “لیبڕاڵەکان” دەسەڵاتداربوون.
بەتێپەڕینی کات عەقڵ پێشدەکەوێت و لەمپەرەکانی بەردەم هێزی لیبڕاڵ نامێنن . لیبڕاڵەکان لە سەرۆکایەتی هەموو حیزبەکان ،باوەڕیان وابوو، کە مێژو :”واتا دواهاتی تەدریجی و پێشکەوتنی مەرحەلە بەمەرحەلە “، ئەوان باوەڕیان بەهاتنەکایەی جۆرێکی باشتری سەرمایەداری ،یان سۆسیال دیموکراسی هەبوو . لیبڕاڵەکان تامەزرۆی پێشکەوتنی بەردەوامی ئەقڵ بوون ،ئەڵبەت بە پێشەنگایەتی خۆیان.
پێیان وابو ، ئەم پێشکەوتنە هەمو بەربەستەکان دەبڕێت و هێزە تاریکەکانیش ئەگەر بیانەوێت بەربە پێشکەوتن بگرن چارەنوسیان هیچ نابێت جگە لەناکامی .
بەڵام لە چەندساڵی ڕابردودا ، دیدگای لیبڕاڵەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، دەرچونی “ترەمپ” لەهەڵبژاردنەکان و ، راپرسی ” برکسیت ‌”و پێشڕەوی پۆپۆلیزم لەرزی خستۆتە گیانی “ئیمان بە عەقڵ” .
دواجار لیبڕاڵەکان بۆ ڕونکردنەوەی ئەوگۆڕانکاریانە لەسیاسەتدا ،کە لەگەڵ تیۆری مێژویی خۆیان ناتەبان ، کەوتنە سۆراغی هێزێکی شاراوە .
زهنیەتی پیلانگێڕی ئێستا لەناو ئەوجەماعەتە ڕەواجی هەیە. ئەوەی دوساڵ لەمەوبەر “پێش هەڵبژاردنی ترەمپ” بە وەهم و خوڕافاتیان دادەنا
” واتا سیاسەت بەدەستی یاریکەرانی شاراوە بەڕێوەدەچێت” ئەمڕۆ خۆیان باوەڕیان پێیەتی. لەم دونیابینیەی لیبڕاڵەکاندا ، نەک تەنها پێشکەوتن وەستاوە، بەڵکو بە شێوازی شاراوە و، ئەنقەست هەموشتێک تێکدەدرێت و ،پێچەوانەی دەکرێتەوە. ئەوباوەڕەی کە هێزی شاراوە فەرمانڕەوای روداوەکانن ، مەترسیدارترین ژەهرە لەگۆڕەپانی سیاسیدا. “نورمن کوهن” لەکتێبی ” مۆڵەتی جینۆساید” دا(۱۹٦۷) توێژینەوەیەکی سەنگینی سەبارەت بەودەقە ساختەیەی ساڵیی – ۱۹۰۳ – ئەنجامدا ، واتا پرۆتۆکۆلی گەورەکانی صەهیۆنی .دەقێک کە بە ئەگەری زۆرەوە ساختەو دروستکراوی یەکێک لە ئەفسەرانی دەزگای نهێنی “تزار” بووە.
کوهن ، دەری خست ئەودەقە خۆراکی تیۆری پیلانگێڕیەکی گەورە بو، کە ماهیەتێکی دژە یەهودی هەبوو. لەدوای کۆمەڵێک گۆڕانکاری سیاسی گەورە بە هۆلۆکۆست گەیشت . لۆژیکی ئەوجۆرە تیۆرانەی پیلانگێڕی لەواقیعدا قەتڵوعامە .بەوشێوەیە پرۆتۆکۆڵەکە بۆ پاساودانی پڕۆژەی لەناوبردن بەکارهات، کە لەمێژودا وێنەی نییە.
بە وتەی -کوهن- ملیۆنان کەس لەسەربنەمای ئە وباوەڕەکوژران : “یەهودیەکان،هەمویان،لەهەرکوێی جیهانبن،ئەندامی یەک ڕێکخراوی پیلانگێڕن ،کەدەیانەوێت بەشەریەت وێران بکەن و پاشان دەستی بەسەردابگرن. ” زیندوبونەوەی دیدگای نکۆڵیکەری هۆڵۆکۆست ،نیشانەی دەرکەوتنەوەی دوبارەی ، ئە و خەیاڵە ژەهراویەیە.نەک هەر لای “ڕاستی توندرەو” کە هەرگیز بەتەواوی ئەوخەیاڵەیان نەخستەلاوە،بەڵکو لای کەسانێکیش کە خۆیان بە پێشکەوتنخواز دەزانن. بەڵام تیۆری پیلانگێڕی نەتایبەتە بە “ڕاستی توندڕە”
نە تایبەتە بەو نەوە نوێیەی دەژە یەهودی، کە لەناو بەشێک لەچەپەکان دەرکەوتوە . لیبڕاڵەکان لەکۆنەوە ،تانە لە ڕاپۆرتەکانی مردنی بەکۆمەڵ دەدەن ، لە ڕژێمە پێشکەوتوەکاندا و دەڵێن ئەو جۆرە ئامارانە پڕوپاگەندەن. یەک نمونە وەردەگرین،کەلە سەرەتای دەیەی ۱۹۳۰ ڕویدا، ئۆرگانە موحتەڕەمەکانی ڕایگشتی لیبڕاڵەکان ، ئەو حەقیقەتەیان پەسەند نەدەکرد، کە گرانیەکی گەورە لەیەکێتی سۆڤیەت ڕویداوە. ئەوگرانیە فاجحەیەکی سروشتی نەبوو،بەڵکو دەستکردی مرۆڤ بو ،بەری سیاسەتەکانی ستالین بوو .لەدەستانی بەرهەم و ئاژەڵ لە پڕۆسەی هاوبەشیکردنی کشتوکاڵ،داواکردنی بڕێکی زۆر لەداهاتی جوتیاران ،ناردنەدەرەوەی خەلەو خەرمانێکی زۆر بۆ بەدەستهێنانی پارەی بیانی ،گرانی دەستکردی یەکێتی سۆڤیەتی لێکەوتەوە. لەساڵانی( ۱۹۳۲ – ۱۹۳۳ .(
“برسێتی ، یا مردن بەهۆی برسێتیەوە لەئارادانیە،بەڵکو مەرگ ومیری فراوان ، لە نەتیجەی بەدخۆراکی وهەڵەخۆریە” ئەو قسە سەیرو عەجیبەلە ڕاپۆرتی ۳۰مارس ۱۹۳۳ لە نیۆرک تایمزدا بڵاوبۆتەوە،ڕێک لەوکاتەدا ملیۆنان سۆڤیەتی لەبرسا دەمردن. چونکە گرانی تاساڵانێکی زۆر شاردرایەوە،ناکرێ بڵێین دەقیق چەند کەس مردن،بەڵام ئەوەی کە ئاماری مردوان گەیشتەملیۆنان کەس بۆهەندێک کەس ئاشکرابوو. لەوانە ڕۆژنامەنوسی ئەمریکایی “یوجین لیونز” کە ئەو لە کتێبی ” پاسەوانیکردن لە یۆتۆپیا “لە فەصڵی “لەشکری چاپەمەنی گرانیەک دەشارنەوە”ئاماژە بەو ڕاستیانەدەکات.
کتێبەکەی لیونز، لەبەر چەند هۆکارێک جێگای سەرنجە.لەوکتێبەدا کۆمەڵێک دیمەنی ڕۆژانە ڕوندەکاتەوە ،کە خۆی و ڕۆژنامەنوسەکانیتر، لەهەواڵە نێردراوەکانیاندا باسیان نەکردوە:
سەدەها ئاوارەی چڵکن و گەمار، لەناوچە وێرانبوەکان لە دەوری ئێستگەی قیطار خێوەتیان هەڵداوە،بە خێراییەکی وا کە پۆلیس ناتوانێ پاکسازیان بکات .سەربازانێک کە گوندیەکان لە شەقامەکانی مۆسکۆ دەسوڕێننەوە ” دیمەنێکی وا کە ئاسایی بە نیونیگا سەرنجی کۆمەڵی پیادەڕۆ بۆخۆی ڕادەکێشێت. “هەزاران منداڵی بێ ماڵ و فڕێدراو ، ،مناڵانێک کە لە پڕۆسەی هاوبەشیکردنی کشتوکاڵ دایکوباوکیان مردبون، هەتیوببون، پاسەوانانی دەزگای ئاسایشی وەک حەیواناتی لەڕولاواز مراقەبەیان دەکردن.
بەشێکی کتێبەکەی لیونز بەناونیشانی”دو کۆ دو دەکاتە پێنج”ە، دەستەواژەیەکی جورج اورویلە لە ڕۆمانی” ۱۹٨٤”دا، ئەوبەشە نیشانیدەدات کە زهنیەتی لێکدژی سۆڤیەت چەند عەجیب و غەریب بو. لەنێوان ئەوکتێبانەی میوانانی خاریجی لە سەر تەجروبەی سۆڤیەت نوسیویانن ،پاسەوانیکردن لەیۆتۆپیا ،لەهەمویان لەقاودەر ترە.بەڵام گرنگترین بەشی کتێبەکە کەبەکەڵکی ئەمڕۆدێت ،ئەوەیەلەوبەشەدا لیونز پیلانێک ئاشکرادەکات: ئەو لەگەڵ ئەندامانیتری لەشکری ڕۆژنامەوانی دەرەکی لە پیلانگێڕیەکی سەرکەوتو دا، متمانەی ئەو ڕۆژنامەنوسەیان نه هێشت، کە ڕاپۆرتی لەسەر گرانیەکەی ساڵانی ـ۱۹۳۰- بڵاوکردبۆوە و زەمینەسازیان کردبو، بۆ دەرکردنی ئەوڕۆژنامە نوسەلە سۆڤیەت.
لیونز چەپگەرابو،ڕۆڵێکی چالاکی بینی لە بەرگریکردن لە”ساکو و وینزتی” دوو ئانارشیست. ئەو بە ناونیشانی ڕۆژنامەنوسی ئامریکایی بۆ ئاژانسی خەبەری” تاس سۆڤیەتی “کاریدەکرد. ئەو لەساڵی ـ ۱۹۲٨-کە هەواڵنێری یونایتد پرێس بو، ئومێدی زۆری بەڕژێمی شۆرەوی هەبو، یەکەمین ڕۆژنامەنوسی ڕۆژئاوایی بو ، کە مۆڵەتی چاوپێکەوتنی تایبەتی لەگەڵ” جۆزێف ستالین” پێدرا ، کارگەیشتە گرانی و تەواوی ئومێدەکانی بون بەهەڵم. ئەوەی کە ” لیونز “بەهاوکاری ڕۆژنامە نوسە بیانیەکانیتر هەوڵی شاردنەوەی گرانیان دا ،ئەسەڵەن بە هیچ جۆرێک بەهۆکاری هاودڵی ئایدیۆلۆجی و یۆتۆپیای سۆڤیەت نەبو؛ بەڵکو دەترسا مۆڵەتی کار کردن لەدەستبدا ت و بگەڕێتەوە ڕۆژئاوا. کە لە وێش هەڵاوسانێکی گەورە و بێکاری ڕوبەڕوی دەبۆوە.ڕەچاونەکردنی هێڵە سورەکانی شۆرەوی و لەدەستدانی پیشە بۆئەو هەمان دەرەنجامی هەبوو. بەدەر لە هاوڕایی سیاسی ، ژمارەیەکی کەم لەڕۆژنامە نوسان ئامادەبون ئەو مەترسیە بە نرخی گیانیان بکڕن .
لیونز، ئەو پیلانەی بە ڕاشکاوی گێڕاوەتەوە،بێ تێکەڵکردنی هیچ ئیحساسات و هەیەجانێک. یەکەمین ڕاپۆرتی موعتەبەر دەربارەی برسیەتی لە سۆڤیەت، “گرت جونز” بڵاویکردەوە لە “منچستر گاردیان”ئەو ڕۆژنامەنوسێکی خەڵکی وێڵز بو، سکرتێری پێشوی “لوید جۆرج “بوو. ئەوکاتەی لە سۆڤیەت نیشتەجێبوو، بەنهێنی سەفەریکردبو بۆ ئۆکراین ، لەوێ تێبینیەکانی خۆی تۆمارکردبو.جۆنز تاکو تەنیا لەناو گوندەکانو کێڵگە کشتوکاڵیە هەرەوەزیەکان دەهات و دەچو،هاواری خەڵک دەبیستێت :”نان نییە؛دەمانەوێت بمرین”
لەیەکێک لە سەفەرەکانیدا ،بەقیطار ،یەک سەمونی وشکی لە تفدانەکەی هێنایەدەر وفڕێیدا،بەڵام یەکسەر کەسێکیتر هات و هەڵیگرتەوەو خواردی، جۆنز لەڕاپۆرتەکەیدا ئەو ڕوداوانەی برسێتی باسکردبوو، پاداشتی جۆنز لە و ڕاپۆرتە دا ئەوەبو بۆهەمیشە لەسۆڤیەت دورخرایەوە و گەڕانەوەی بۆ سۆڤیەت لێ قەدەغەکرا .بەهانەی دەرکردنی ئەوەبو ،کە پەیامنێرێکی ڕاستگۆنیە و ناتوانێت متمانەی پێبکرێت. لەڕاستیدا ئەوە پەیامێک بو کە لیونز و لەشکری چاپەمەنی شۆرەوی لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەفسەرێکی پلەبەرز ی چاپەمەنیەکانی شۆرەوی لە ژوری هۆتێلێکدا وەریانگرت. ئەو ئەفسەرە قەناعەتی بە لیونزو هاوڕێکانی کرد،کە لە بێ ئیعتبار کردنی جونز دا خۆمانە و برایانە ڕەفتاربکەن.لیونز دەڵێت : «لەماوەی ئەو هەموساڵە لەدەستکاریکردنی ڕاستییە بێ خەوشەکان لەڕێژێمە دیکتاتۆریەکان دەرکردنی جۆنز، بۆئێمە بێ ڕەحمانەترین کاری نابەدڵ بو کە بۆمان پێشهات . بەڵام ئەوکارەمان کرد ، بەدەڕبڕینی ناڕون ودوڕوانە ئەوکارچەپەڵەمانکرد.

لەدوای دەرکردنی لە یەکێتی سۆڤیەت ،جۆنز وەک پەیامنێری مەحەلی لە کاردیف کاری دەکرد. پاشان بەڕێکەوت چاوی دەکەوێت بە “ولیام رندالف هرست” کە یەکێک بولە کەسە خاوەن هەژمونەکان لەبواری چاپەمەنی دا،لە ئەنجامی ئەودیدارە دوبارە جۆن پیشەی ڕۆژنامەوانی بییانی گرتە ئەستۆ .ئەو چو بۆ چین تا لەبارەی مناقەشەی چین و ژاپۆن ڕاپۆرت سازبکات ،بەڵام لەوسەفەرەدا کە بۆناوچەیەکی دور ە دەستی چین ئەنجامیدا لەلایەن چەتەکانەوە دەگیرێت ودەکوژرێت.هەندێک دەڵێت سۆڤیەت دەستی لەکوشتنی داهەبو،بەڵام بەڵگەی ڕون لەبەردەست نییە کە بیسەلمێنێت.بەدەرلە چەندوچونی مردنی ،جۆنز قوربانی پیلانێک بووکە لیونیز لەکتێبەکەیدا تۆماریکردووە. لیونزو هاوڕێکانی تاچەندین دەیە کۆمەکیان کرد بە شاردنەوەی برسیەتی و گرانی لەیەکێتی سۆڤیەت .نەهێشتنی اعتباری جۆنز بەشێکی گرنگی ئەو چالاکیانەبوو ،بەڵام دیدی لیبڕاڵەکانی ئەو کاتە دیسان یارمەتیدەری ، ئەو فریودانە بوو.
لویی فیشر، ڕۆژنامەنوسی کاریگەری ئەمریکی کەلەساڵی ۱۹۳۲ دوبارە سەردانی سۆڤیەتیکرد ، دوبارە ئەو گێڕانەوەیە ڕەواجی پەیداکرد کە گریمانی دابین نەکردنی خۆراک بەرەنجامی هەڵنەگرتنەوەی خەڵەوخەرمانی پێویست و هێرشە وێرانکاریەکانی دژە سۆڤیەتی بوە. فیشر لێبڕاوانە ئینکاری هەبونی برسیەتی و گرانی دەکرد لەروسیادا.ئەو هەرگیز ئەندامی حیزبی کۆمەنیست نەبو.بەڵکو پەیوەستبو بەکۆمەڵەی چەپە لیبڕاڵەکان ،کەباوەڕیان وابو سۆڤیەت نمونەی بەرجەستەکەری پێشکەوتنی مرۆڤە و دەبێت دژی هەر ڕاپۆرتێک بن دژی یەکێتی سۆڤیەت. تەنیا کاتێک جەنگی سارد دەستەکەی کەشفکردن و ،و فەیلەقە هاوبیرەکانی پێشوییان ئیعترافیانکرد ،فیشر بایدایە وەو دانی بەشتێک دانا کەهەرلەسەرەتاوە دەیزانی. گوایە تا ئەوکاتە واتەسەوڕیکردوە کە ژمارەی قوربانیەکانی تەجروبەی سۆڤیەتی بەرهەمدار دەبێت!

ئەو بۆچونە باوەی هاوسۆزانی یەکێتی سۆڤیەت ،لەگەڵ ئەو ئیدیۆمەی جۆرج ئۆروێل” سیاسەتی هەنگاوبەهەنگاوی کارەساتبارِ ” یەکدەگرێتەوە،کە لە وتارێکدا لەساڵی ۱۹٤٥ نوسیبوی.
ئەو تیۆرە سیاسەتی هەنگاو بەهەنگاو دەڵێت : پێشکەوتنی مرۆڤایەتی لەڕێگەی ڕوداوی گەورەدەبێت ،کە زۆرجار دیکتاتۆریەت و کوشتاری جەمعیی دەبێت. هەندێک لە وانەی باوەڕیان بەو تیۆرە هەبو سۆسیالیستەکانی وەک”سیدنی” و “بئاتریس” و “وب “بون
لەدیدی ئەوانەوە ڕژێمی سۆڤیەت لەبنچینەدا ڕژێمێکی پێشکەوتوە ،بەڵام هەنگاو بەهەنگاو پێشدەکەوێت .بەڵام دەبو بگوترایە هەنگاو بە هەنگاوی کارەساتبار .لەڕاستیدا ئەمە واتا پیادەکردنی هەمان دیدگای گەشبینی لیبڕاڵەکان “میلیوریزم” سەبارەت بەپێشکەوتنی ڕاستەهێڵ ئاسای مرۆڤایەتی و ئەقڵ ،بەڵام دەربارەی ئەوبەشەی مرۆڤایەتی کەزۆر دواکەوتوون.

هەڵمەتی شاردنەوەی برسێتی لە یەکێتی سۆڤیەت ئەنجام بەخش بو ، چونکە ئەوشتەی کە ئەو لیبڕاڵانە نەیاندەویست بیبیستن پێی سەلماندن .گاڵتەجاری ئەو بەسەرهاتە لەوێدایە کە سەرکەوتنی تاڕادەیەک قەرزاری پیلانگێڕیەک بو، هەمان پیلانگێڕی لیونز و هاوکارانی کە لە مۆسکۆ ئامادەیانکرد . لەجۆری هەمان پیلانگێڕی کە لیبڕاڵەکان پێداگریان دەکرد ڕونەدات .لە عەینی کاتدا ،کە ئەم جەماعەتە ڕاپۆرتەکانی مردنی بەکۆمەڵ بەهۆی برسێتییان بەناڕاست و دەسیسە و ساختەکاری ڕاستگەرادەزانی و پێیانوابو دەبێ نکۆڵیان لێبکەن. دەبێ بزانین لەوکاتەدا لیبڕاڵەکان گومانی بونی پیلانگێڕییەکیان بەمێشکداهاتوە،لەدیدی ئەوان برسیەتی جۆرێک هەواڵی ساختە بو.شێواز و تایبەتمەندی گومانکردن لە سیاسەتی ئەمریکایدا ” لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕی ریچارد هافستاردە دەربارەی تیۆری پیلانگێڕی ۱۹٤۲ “دا .لەو لێکۆڵینەوە دا دەریخستوە کە چۆن زیهنیەتێک کە بە هۆی گومان و دودڵی بەدبینانە پێکهاتبێت نەک تەنها دەبێتە خۆراکی هەوادارانی “بری گلدواتر””کاندیدی ڕاستگەرای حزبی کۆماری خوازی بۆ سەرکۆماری ” ،بەڵکو دەبێت بەسوتەمەنی بۆ ئاگرێک کە جوڵانەوە کانیتر ، لەناو توێژی ڕاستی توندڕەو هەڵیانکردووە.تێڕوانینەکانی گلدواتر ،تا ئەمڕۆش لەشیکردنەوەکانی گۆڕەپانی سیاسی دا بەکاردێن .بەڵام ئەم بۆچون و تێڕوانینانە لەهەمانکاتدا سەبارەت بەلیبڕاڵەکانیش ڕاستن،چونکە لەناو ئەو جەماعەتەشدا باوەڕبون بە ڕێکخراوی نهێنی و پیلانگێڕی پەرەیسەندوە و پێیان وایە لەگۆڕانکاریە سیاسیەکانی ئەم دواییانەی ئەمریکا و ئەوروپادا پیلانگێڕی هەبووە .سەرۆک کۆماری پشو جیمی کارتەربە سەراحەت دەڵێت: ترامپ بە موداخەلەی ڕوسیە لە هەڵبژاردنەکانی ۲۰۱٤ براوەبوو.لەبەر یتانیاش کەسانی وەک “بن بردشاو نمایندەی پارلەمان” و “کارل کدوالار” پروپاگەندەیەکی هەمان شێوە دەکەن، دەربارەی ڕاپرسی دەرچونی بەریتانیا “برکسیت”
زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم ئێستا لیبڕاڵەکانیش سەبارەت بەگۆڕانکاریەسیاسیە بەرچاوەکان باوەڕیان بە تیۆری پیلانگێڕی هێناوە .

هەڵبەت ئەو تیۆرانە بەشێک لەڕاستیان تێدا.کەسێک کە تۆزقاڵێک روسیە و پۆتین بناسێت ،ناتوانێت گومان نەکات کە ڕوسیە هەوڵیداوە موداخەلە بکات لەسیاسەتی ڕۆژئاوادا.بە پێی هەندێ بەڵگەی یەکلاکەرەوە روسیەو حیزبەکانی ڕاستی توندڕەو پەیوەندیان هەیە،لەوانە بەڵێنی پشتیوانی دارایی بۆ ڕاستی توندڕەو .هەروەها بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لەلایەن ڕوسیاوە و بە هەدەفگرتنی دەنگدەران بۆئەوەی دەنگ بە ترەمپ بدەن ،یان هاندانی دەنگدەران بۆ دەرچونی بریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا
بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لەلایەن ڕوسیاوە و بە هەدەفگرتنی دەنگدەران بۆئەوەی دەنگ بە ترەمپ بدەن ،یان هاندانی دەنگدەران بۆ دەرچونی بریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا ئەوە قسەی لیبڕاڵەکانە لەئێستادا . ڕاستە دەوڵەتی ڕوسیا پێشەنگ بوە لە پێشکەوتنی جەنگی زانیاری و هەواڵگری.بەڵام ئەو مانای ئەوەنیە ڕوسیا ئەندازیاری گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژئاوابێت . و پەراوێزخستن و بێمتمانەیی گشتی وبەردەوام، بە سەرتڵانی لیبڕاڵ و فەرمان ڕەوا بەسەرکۆمەڵگادا ، واقیعێکە لەو ڕاستیانە کاریگەرتروگەورەترە.

نوسینی: جۆن گرەی
وەرگێڕانی لەفارسیەوە : مەحمود عەبدوڵڵا

Previous
Next