Skip to Content

ئیدێ و زەبری بەرجەستە.. کاوە جەلال

ئیدێ و زەبری بەرجەستە.. کاوە جەلال

Closed
by December 20, 2020 General, Opinion


چەند ڕۆژی ڕابوردوو لە گەرمەی خۆپێشاندانەکاندا ئاشکرا بوو کە هیچ ئیدێیەک لە بنەڕەتەوە لەنێو و بەنێو ئەواندا بەرجەستە نەبووە، واتا نەبووە بە زەبری ماتەریەل. لێ هاوکات هەر لە گەرمەی ئەو خۆپێشاندان و سەرهەڵدانانەدا تێڕوانینێک ڕادەگەیەنرا کە بەرواڵەت وزەی لە ئەنارکیزمەوە وەرگرتبوو: تێڕوانینەکە پێشوازیی لە چالاکییەکانی گەنجانی سەرهەڵداو دەکرد و “ئامۆژگاری”ی دەکردن کە ڕێکخەران یان پێشڕەو قبووڵ نەکەن، ڕێ نەدەن خاوەنداری بکرێن، ئەوە چونکە گۆیا پێشڕەوان سەرەنجام، هەرئەوەندەی لەڕێی سەرهەڵدانەوە بە دەسەڵات بگەن، دەبنەوە بە چەوسێنەر، کەواتە ڕەوشەکە بەو هۆیەوە ناگۆڕرێت و کرداری زەبرمەندی ئەوانیش بەفیڕۆ دەڕوات. ئەم تێڕوانینە تا ئەو ڕادەیە بۆ ئێمە جێی سەرنجە، کە دەرفەتمان دەداتێت دانوستانی خودی تێگەی “پێشەنگ” یان “پێشڕەو” بکەین کە ئەویش بێگومان رواڵەتییانە لە لێنینیزمەوە وەرگیراوە، هاوکات هەروا رواڵەتی دەکرێت بە مەترسییەکی هەڕەشەکەر لە چارەنووسی سەرهەڵدان و ڕاپەڕینەکان.

خۆپێشاندان زەبرە، لێ دەشێت وەک زەبرێکی نەرمی بەرجەستە دابنرێت، چونکە ڕەوتی سیاسەتی پیادەکراوی ڕیال “دەشێوێنێت” – ئاخر ڕێی پێدەگرێت. ئەوجا نەشیاو نییە کە ئەم زەبرە بەرجەستەیە کڵپە بسێنێت، بێگومان نەک لە خۆیەوە، بەڵکو لە داکەوتدا کڵپەی پێدەسێنرێت: بە کرداری ئاژاوەگێڕان، بە ستراتیژیی زەینکارایان (ئینتەلەکتوێلان) – هەروەها نەشیاو نییە کە هێزی دەرەکیش خۆی نەخزێنێتە نێوییەوە، کە وەک ئەگەرێک لاوازە و هاوکات بابەتی پێوەخەریکبوونی ئێمە نییە.

لێ ئیدێ دەشێت بریتی بێت لە کرۆکی تیشکمەند کە وەک ڕۆشنایی بە بەردیدی سەرهەڵداوانی ئاگامەندەوە ڕووەو ئامانجی دیاریکراو پەخشدەبێتەوە. ئیدێ لەم ڕووەوە کە وەک ڕۆشنایی ئامانجدار داواکاریی بۆ گۆڕینی پەیوەندییە جڤاکییەکان لەخۆگرتووە، ئیدێی ئازادییە، وەک ئەوەش دەرچەی کردارە بە مەبەستی ژیانی ڕزگارکراو لە ستەم ی دەسەڵاتدارانی ناڕەوا. لێ هاوکات دەشێت ئیدێ لە کەلەپوری سوننەتیدا، لە ئایینی باڵادەستدا، ببینرێتەوە و پاشڤەرۆیانە هانای بۆ ببرێت، کەواتە ئێستا کرۆکی تیشکمەند نییە، بەڵکو دەستوێژێکە کە بە ترسەوە لە تەنگژە و شێواییە جڤاکییەکانی سەردەم، لە سەرهەڵدانی شێوە ژیانی نوێی نامۆ بە ترادیسیۆن (تەقالید) و هتد، هانای بۆ براوە. ئیدێ لەم ڕووەوە بنەمایەکی سەرەکیی کۆیلایەتییە لە پێناوی بنیاتنانی ژیانی سستکراو لەژێر ڕێبەریی “پیاوانی تاریکیگەرا”دا کە وەک خواستی باڵاترین خودایەتیی گریمانەکراو ڕەوایەتیی پێدەدرێت.

بە پێچەوانەی هەردوو ئەگەری بەرجەستەبوونی ئیدێ کە بێگومان دەشێت لکی جیاوازیان لێ بکەوێتەوە، خۆپێشاندان و سەرهەڵدان بەبێ ئیدێ هیچی دیکە نین جگە لەو ترومپا بێ سەرقاپە کە ترۆتسکی وەک وێنەیەک بۆ شۆڕشی 1905ی ڕوسیا بەکاریدەهێنێت و هەڵمی نێوی بەبێ بوون بە وزە بە گشت لادا پەرشدەبێتەوە.
کەواتە هەر زەبرێکی بەرجەستە دەکەوێتە بەردەم پرسیاری دەرچە (مەبدەئ)، ئەوجا بەردەم پرسی ڕاڤەکاران و بەکاربەرانی ڕاڤەکان، یان داڕێژەرانی ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوە و هتد. ئاخر جەماوەر بەزۆریی “ئیڕراسۆینال”ە، کەواتە نەک “نائاوەزمەندە” / “ناعەقلانییە”، بەڵکو پەڕینەوەی کڵپەسەندووی ئەو لە “پەنام”ی ڕاسیۆدا / ئاوەزدا ڕوودەدات، بۆیە جڵەوگرتنی گەرەکە. گومانی تێدا نییە کە دەشێت پەڕینەوەی کڵپەسەندوو بەدڵی هەندێک گەمەڤان بێت، هەروەها دەشێت کەسانی داخ لە دڵ زیتببنەوە و بەهۆی ئەزموونی ڕابوردووی خۆیانەوە ببێژن: “تکایە واز لەو گەنجە دڵگەرمانە بهێنن با داخی دڵی خۆیان هەڵڕێژن”، لێ ئەو جۆرە هەڵوێستە خۆیشی پەرچەکردارێکی ئیڕراسیۆنالە: ڕاستییەکەی ئەو خۆی هێندە داخ لەدڵە، بەڵێ تەنانەت دەشێت هێندە بە کیین تەنرابێت، کە ئیدی تەواو لە پەنامی ئاوەزدا کردار دەنوێنێت، واتا: یان دەنگ هەڵدەبڕێت یان خۆی بەبێ پرسیاری ڕێکخستن دەچێتە نێو خۆپێشاندەرانەوە – ئاخر ئەویش دەیەوێت خۆی خاڵی بکاتەوە، ئەوجا چی دەبێت با ببێت! لێ داکەوتییانە بڕوانین، ڕاپەڕین هەمیشە لە مرۆڤانی ڕاپەڕیو پێکدێت و لەنێویدا ڕادەی بینین و توانستی ئەرگومێنتهێنانەوە و فۆرمولەکردنی هەنگاوی نوێ لەنێو پەیوەندیی ڕێژەییدا ڕوودەدەن. ئەمە گومانی تێدا نییە هەموو سەرهەڵدانێکی ئەنارکیستیش دەگرێتەوە کە لە نێویدا بەناچاری پەیوەندیی ڕێژەیی زیتدەبنەوە، ئەوە نزیکەی توێژئاسا، چونکە دەبێت جەماوەری ڕاپەڕیو بە ئاڕاستەی دیاریکراودا ببرێت. کەواتە سەرهەڵدانە ئەنارکیستییەکانیش هەردەم “ڕیکخراون” لە لایەن زەینکارایانی ئەنارکیستەوە. ئاخر ئەنارکیزم ملدانەبەری بێسەروبەر نییە! خەباتگێران لێرەش دەکەونە بەردەم پرسیارەکانی “ڕۆشن-تر”، “ڕێبین-تر”، “دەرککەر-تر بە مەترسی” و هتد.

کەواتە پرسیارەکە ئەوە نییە کە چۆن بۆ ئەو جۆرە ڕەوشانە شابلۆنی (پێشنموونەی) چەسپێنراو، بۆ نموونە رواڵەتییانە مەترسییەکانی لێنینیزم وەک دەرچەی نرخاندنی سەرهەڵدانەکە وەربگیرێت، چونکە مرۆڤ دەمێکە هەر ئەوها رواڵەتییانە پێی ڕاهاتووە، بەڵکو لە بنەڕەتدا ئەوەیە کە داخۆ چۆن بشێت لە سەرهەڵداندا شێوەیەکی ڕێکخستنی ڕەوشەکان و پەیوەندییەکان بنیاتبنرێت کە تێیدا ئاگامەندانە ڕێ لە سەرهەڵدانی ڕێبەرانی ستەمکار گیرابێت. بۆ نا؟ ئایا مرۆڤ خۆی خالق نییە؟ کەواتە ئەوەشی لێدەوەشێتەوە.

ئەوە کە ئێمە زۆر جار وەک “سکاڵا” دەیبیستین و کوردانی ئێراق وەک دا-ماو دەنرخێنێت، گەلێک ڕاستی لەخۆدەگرێت. ئاخر لە ئەزمووندەریدا بینراوە کە چۆن ئەو کوردانە لە لایەک وەک دا-ماو لە بەردەم سوپای بێگانەدا سەریان کزکردووە یان ترسنۆکانە کۆڕەویان کردووە(!)، لێ لە لایەکی دی هەر ئەوان وەک دا-ماو پڕهەست و سۆز دوای بەچکە فێڵبازەکانی شێخایەتیی تەریقەت کەوتوون و چەکیان بۆ هەڵگرتوون، کە ئیدی وەک سۆزمەند و داکەوتنەبین خۆیان بەکوشت داوە، خۆیان خزاندۆتە نێو کارەساتی ماڵباتییەوە یان لە ئاستێکی بزێوبوونی سیاسییاندا وەستاون و پاشەکشەیان کردووە. بە هەر حاڵ، ئەو داماوانە ئەمڕۆش وەک دوێنێ بۆ خۆیان سەرکزانە دەژین و گوزەرانیان دابین دەکەن یان دەکڕوزێنەوە، لێ لە لایەکی دی کەمینەیەکیان پەرش و بڵاو داخی دڵیان هەڵدەڕێژن و چالاکی دەنوێنن، بەبێ ئەوەی هەرگیز بەئاگاهێنرابن لەو ڕاستییە کە تەنیا بوونی ئیدێ بە زەبری بەرجەستە دەشێت ڕێگەی سەرفرازیان بۆ خۆش دەکات – یان نەیکات! ئەوجا گومان لەوە ناکرێت کە هزرکارایانی سوننەتی، واتا مەلاکان، یەکەم کەسن کە لە بنەمای بەڵگەنەویستی چەسپێنراوەوە دەژین و دەئاخڤن و کرداری کۆنکرێت دەنوێنن، کەواتە دژبەری یان تەنانەت دوژمنی هزرین و کرداری ئاڕاستەدراون لە بکەری مرۆڤییەوە. ئەوجا دەستەبرایانی / دەستەخوشکانی ئەوان وەک پەخشانگەرایانی خوێنەرەوەی هزری ئەوروپی، دزەکانی نووسین ی هزری و ئەدەبی، داڕێژەرەوانی دەربڕینی تۆمارکراوی ئەوروپییانە، لە پلەی یەکەمدا سوننەگەرایانە کارایی خۆیان وەردەگرن – ئاخر وەک کوڕان و کچانی ئەو پەیوەندییە ستەمکارانە بە خودی ئەو پەیوەندییانە دەژین. لەم پەیوەندییەدا ڕۆژنامەوان و نووسەری ڕەخنەیی، دەگمەنێکی خۆ خەریککرووان بە پرسە هزرییەکانەوە، کێشێکی ئەوتۆ وەرناگرن و بابەتی پێوەخەریکبوونی ئێمە نین.

لێ لەم پەیوەندییەدا ناڕەوا دەبین گەر ئاماژە نەدەین بۆ هاتنی ئیدێی بەرجەستەبوو بۆ نێو کوردانی ئێراق، کە لە “ئوێجەلان”ەوە سەریهەڵداوە و لەنێو ئەمانیشدا ڕێژەییانە کارایی وەرگرتووە. بە هەر حاڵ، ئەوە دەکەوێتە سەر کوردەکانی ئێراق خۆیان، کە بەحوکمی مێژووی خوێناوییان، حەساری ئابوریی نەریتتێکدەریان، رواڵەتگەریی سیاسەتکاران و زۆرینەی هەرە زۆری بەناو ڕۆشنبیرانیان (کە ئەمانیش زۆرینەیان بێ-بیرن و هەندێکی دیکەیان تاریکبیرن!)، کەسێتییەکی تەواو جیاوازیان لە کەسێتیی کوردانی ئێران و تورکیا و سوریا هەیە، کەواتە لە دوو سەرەوە دەکەونە بەردەم پرسی خەریکبوونی ڕەخنەیی بە هزری ئوێجەلانەوە: یان تەنیا زەینمەندانە دانوستانی بنەڕەتەکانی ئەم جیهانبینییە دەکەن، کەواتە وەک ئالەنگارییەکی هزری وەریدەگرن کە لەبەرئەوەی ئالەنگارییە، ئەوا خەریکبوون پێوەی ناچارەکییە، یان لایەنگرانی هزرەکە خودی ئەو هزرە پەیوەند بە کەسێتیی نوێی کوردانی ئێراقەوە هەموار دەکەنەوە (مۆدیفیکەیت دەکەن) – کەواتە نەک سوننەگەرایانە بەبێ پرسیار بەگەڕی بخەن! هانای بۆ بەرن!

Previous
Next