Skip to Content

پرسی حەقیقەت لە فەزای ڤێرچواڵدا.. ئاراس سەعید

پرسی حەقیقەت لە فەزای ڤێرچواڵدا.. ئاراس سەعید

Closed
by شوبات 12, 2024 General, Opinion

فەزایی ڤێرچواڵ، لە کورترین پێناسەدا، بریتییە لە دنیای شاشە یان ئەو جیهانەی لەودیوی شاشەکانەوە ئاوێتە و دەرگیری دەبین. بەشێوەیەکی گشتی فەزایی ڤێرچواڵ ئاماژەیە بۆ نوێنەرایەتی دیجیتاڵی مرۆڤ، لەناو ژینگەی ئەلیکترۆنیدا.
بەدەربڕێنێکی دیکە، فەزای ڤێرچواڵ دەکرێت، جیهانی لاساییکردنەوە و لێکچواندن و کۆپیکردن بگرێتەوە. وەکوو ئەوەی “ژان بۆدریار” بە (سیمۆلاکرا و سیمولەیشن / Simulacra and Simulation) ناودێریکردووە. هەردوو چەمکەکە گوزارشتە لە پیشەسازی لەبەرگرتنەوە و ئاماژەکردن بۆ جیهانێک کە مۆخی جەوهەری خالیکراوەتەوە. بەدیدی بۆدریار، کۆمەڵگەی مۆدێرن بە ئەزموونی لاساییکردنەوەو پیشەسازی لەبەرگرتنەوە دەناسرێتەوە، کە جیاوازی نێوان واقیع و ڤێرچواڵ پەردەپۆشدەکات یان دەسڕێتەوە. بۆدریار دەڵێت:لە جیهانی ڤێرچواڵدا. نوێنەرایەتییەکان/ لەبەرگیراوەکان لە خودی واقیع زیاتر زیندووتر و سەرنجڕاکێشتر دەردەکەون، بۆیە فەزای ڤێرچواڵ دەبێتە جیهانێکی کۆپیکردنەوەو لەبەرگرتنەوە، جیهانێک لە هەموو ڕەسەنایەتییەک داماڵێندراوە.
بەپێی تێڕوانینەکانی بۆدریار ئەو جیهانەی ساختەیەی لە کۆمەڵگەی دیجتاڵیدا دەگیری دەبین، بریتییە لە کۆپیکردنەوە و لاسایکردنەوەی واقیع، بەجۆرێک ساختەکارییەکان له حەقیقەتی شتەکان سەرەنجڕاکێشتر دەردەکەوێت، بۆیە فەزای ڤێرتوێل ئاماژەیە بۆ جیهانێک کە مۆخی جەوهەری خالیکراوەتەوە. وەکوو ئەوەی فەیلەسووفی فەڕەنسی (پۆل ڤیرۆیۆ) دەڵێت: لە فەزای ڤێرچواڵدا فۆڕم جێگەی ناوەڕۆک و مانا و ئیستاتیکا دەگرێتەوە[Paul Verlow :The Art Of The Engine]. بەمانایەکی دیکە، لەفەزای ڤێرچواڵدا فۆڕم نوێنەرایەتی حەقیقەت دەکات. فۆڕمێک کە ماهییەتی جەوهەری خالیکراوەتەوە.
فەزای ڤێرتوێل نوێنەرایەتی واقیعێک دەکات، کە دوورە لە هەلوومەرجی کۆمەڵایەتی و ماتڕیاڵی ئەو واقیعەی کە سوبێکتی تێدا دەژیت. بۆ نموونە: شوناسی سوبێکت لەنێو فەزای ڤێرچواڵدا، هەمان ئەو شوناسە کۆمەڵایەتییە نیە نوێنەرایەتی واقیعی ماتڕیاڵی سوبێکت دەکات. بەڵکو سوبێکت دووچاری جۆرێک لە نامۆبوون دەبێتەوە، کە هەڵگری شوناسێکە لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتی خۆیدا ناگونجێت.
نامۆبوونی سوبێکت دۆخێکە وەکوو ئەوەی فەیلەسووفی ئەڵمانی “فرێدریک هیگڵ” لەبارەیەوە دەنوسێت: پڕۆسەیەکە کە سوبێکت خۆ بەخۆ تێدا دەبێتە بێگانە. ئەمەش ساتێک ڕوودەدەت کە ناتوانێت خودی خۆی ببینیت، لە وجیهانە کۆمەڵایەتییەی تێدا دەژیت[Phenomenology of Spirt. Hegls Phenomenology des Giestes…1807]. بەپێی هیگڵ نامۆبوون پڕۆسەی درپێککردنە بەوەی سوبێکت خۆی لەو جیهانەدا نابینێتەوە کەتێدا دەژێت.
بەدەربڕینێکی دی، پڕۆسەیەکە مرۆڤ نامۆ دەبێت لەو شوناسە کۆمەڵایەتیەی پێدراوە، چوون ئەو شوناسە هیچ گوزارشتێک لەناوەوەی مرۆڤ ناکات، بەڵکو تێگەشتنی ئەویترە لە ڕووی دەرەوەیدا سنوورار بووە. یان بەدەربڕینە “لاکان”ییەکە: نامۆبوون دۆخێکە سوبێکت دەبێتە ئۆبێکت بۆ دەرەوەی خۆی. سوبێکت مامەڵە بە کۆمەڵێک ئارەزووی ڕەمزی و دالەوە دەکات، کەهی ئەویدیکەیە(من ئەویدیکەیە) یان (ئارەزووی من ئارەزووی ئەودیکەیە).
ژاک لاکان لە قۆناغی ئاوێنەدا(The mirror stage ) ئاماژە بۆ سەرەتاکانی ڕسکانی سوبێکت دەکات. ئەو بارودۆخەی ئیگۆ لە بەرئەنجامی کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک وێنە و ئارەزووی ساختە دەرسکێت.
بەگوێرەی لاکان کە دەڵێت:(من ئەویدیکەم یان ئارەزووەکانی سوبێکت ئارەزووەکانی ئەویدکەیە) بڕوانینە شوناسی سوبێکت لە فەزای ڤێرتوێلدا، شوناسی دیجتاڵی یان ئارەزووەکانی سوبێکتی دیجتاڵی هەمان ئارەزوەکانی ئەویدیکەیە. بەو مانایەی شوناسی سوبێکتی دیجتاڵی لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک وێنا و ئایدیای ساختەوە دەڕسکێت، کە لەگەڵ واقیعی سوبێکتی کۆمەڵایەتی ئەودا یەک ناگرێتەوە.
دەکرێت تێزەکانی “ئەفڵاتوون” وەکوو ئەو ڕەخنەیەی دەکەوێتە سەر فەزای ڤێرچواڵ و پیشەسازی لەبەرگرتنەوە وەربگرین، کە پێش لە دایکبوونی پێشکەوتووترین و بەربڵاوترین فۆرمەکانی تەکنەلۆژیا خراوەتەڕوو، بەدوان لەسەر سیستەمی دووانەیی بەهاکان و بێبەهاکردنی جیهانی زەمینی و توخمە دیارەکانی. هەزاران ساڵ بەر لە پەیدابوونی دنیای شاشە و فەزای ڤێرچواڵ، ئەفلاتوون، ئەو ڕەخنەیەی ئاڕاستەی شاعیر و نیگارکێشەکان کرد، کە زۆر بە لێهاتوویی لاسایی حەقیقەتیان دەکردەوە و سەرلێشێواوییان لە نێوان واقیع و خەیاڵدا دروست دەکرد.
تەواوی فەلسەفەی پلاتۆ وەکوو ڕەخنەی (میمێسیس) دەردەکەوێت. (هەموو تەکنیکەکانی پیشەسازی لەبەرگرتنەوە، لەسەر بنەمای بنەمای دووبارەبوونەوە یان لاسایی کردنەوە خۆی مانیفێست دەکاتەوە) لەم چوارچێوەیەدا ڕەخنەی (ئیماگۆ) جێگەیەکی پلە یەک داگیر دەکات. خەیاڵ یەکێکە لە ئامانجەکانی، وەکوو هەر وێنەیەک، کە وەکوو کۆپی واقیعێکی جەوهەریتر تێدەگات و بەو هۆیەوە دەبێتە بەرهەمهێنەری وەهم. کتێبی کۆمار / La République دەوڵەمەندە بە وێناکردن بەتایبەتی میتافۆڕی ئەشکەوت لەگەڵ لێکچوونە بەناوبانگەکەی کە هێمای دابەشبوونی جیهانە بۆ چوار بەشی بەهای نایەکسان، ئەوانیش بریتیە لە جیهانی decrescendo ئایدیاکان، ئایدیاکان، ئەبستراکتەکان(ماتماتێک)،ماتڕیاڵەکان، نوێنەرایەتییەکان[ 1993، VI، 509c-511e، VII، 514-522]
بەگوێرەی ئەفڵاتوون ئەگەر بمانەوێت، لە جەوهەری شتێک تێبگەین، کە پێناسەکەی بەهۆی پێوانە و فیگەرە ئەندازەییەکانەوە دەردەکەوێت، هەرچەندە هەمیشە دەکەوێتە چوارچێوەی کایەی تێگەیشتنەوە، بەڵام کەمێک تەواو و بێ کەموکوڕییە بەو پێیەی کۆپییەکی سادەی واقیع پێکدەهێنێت. ئەمە بۆ فەزای ڤێرچواڵیش بەوجۆرەیە، شتەکان کۆپییەکی واقیعن، لە ماددییەتی فرەیی و دۆخی جوڵاودا گیریان خواردووە. بەمجۆرەش، نوێنەرایەتییە وێنەییەکان ڕەنگدانەوەی واقیعی شتەکانن، کە ڕەسەنایەتیان لەدەست داوە و تەنیا پەیوەندییەکی دووریان لەگەڵ ئایدیاڵە سەرەکییەکەدا هەیە.
دەکرێت فەزای ئەکچواڵ بە فەزای ئەشکەوتەی ئەفڵاتوون وێنا بکەین، لە کتێبی کۆماردا گریمانەی ئەشکەوتێک دەکات و دەنووسێت: وای دابنێ کۆمەڵێک لەنێو ئەشکەوتێکدا دەژین. دەرگای ئەشکەوتە لەسەرەوەیە و لەوانەوە دوورە. دەرگاکەش هێندەی پانیی ئەشکەوتەکەیە و ڕووناکی لەوێوە بە نێو ئەشکەوتەکە دەگات. ئەو کۆمەڵە لە منداڵییەوە لەوێ دانراون، مل و پێیان بە زنجیر بەستراوەتەوە و ناتوانن ئاوڕ بدەنەوە. ڕوناکیش بۆ نێو ئەشکەوتەکە لە ئاگرێکەوە دێت کە لە پشتیانەوە هەڵکراوە. لەنێوان ئەوان و ئاگرەکەدا ڕاڕەوێکی درێژ هەیە. وای دابنێ لەبەردەم ئەوم ڕاڕەوەدا، وەکوو چیغی بەردەم شانۆی بووکەشووشە بۆ هەڵسوڕانی بوکەڵەکان، دیوارێکی نزم هەڵچنراوە. وای دابنێ هەندێک کەس لەو دیو دیوارەکەوە پەیکەری مرۆڤ یان ئاژەڵیان بەکۆڵەوەیە و لە بەرد و تەختەو شتی دیکە داتاشراون و هاتووچۆ دەکەن. هەندێکیان دەدوێن و هەندێکی دیکەیان بێ دەنگن. ئەوەی باسی دەکەیت سەیرە، کەسانی نێو ئەشکەوتەکەش سەیرن. ئەوان لە ئێمە دەچن. ئایا بێجگە لە سێبەری خۆیان و ئەوانی دیکە، کە لە ڕووناکی ئاگرەکە لەسەر دیوارەکەی بەردەمیان دەریدەخات، هیچی دیکە دەبیننن؟ ئەگەر نەتوانن ئاوڕبدەنەوە چۆن دەبینن؟ئەی لەبارەی ئەو بابەتەوە، کە تەنها سێبەرەکانیان دەردەکەون؟ ئەگەر لەگەڵ یەکدا دوان، لەم باوەڕەدا نیت تەنیا ناوی ئەو شتانە بزانن، کە لەسەر دیوار، سێبەرەکەی دەبینن؟ ئەگەر ئەشکەوتەکە دەنگ بداتەوە، لەو باوەڕەدانیت کە لەگەڵ دەنگدانەوەکەدا سێبەرێک ببینن، وا هەست دەکەن دەنگەکە لە سێبەرەکەوە دەرچووە؟ کەوابوو بۆ کەسانی نێو ئەشکەوتەکە ڕاستی بێجگە لەسێبەرەکانی سەردیوارەکەی بەردەمیان هیچی دیکە نیە[ئەفلاتوون، کۆمار، بەشی حەوتەم، و/محمەد کەمال، ل 229].
دەکرێت فەزای ئەکچواڵ بە میتافۆری ئەشکەوت بچوێنین، دەرگیربوون بە فەزای ئەکچواڵ پشتکردنە لەحەقیقەت و ڕووکردنە شاشە، ڕووکردنە لە دیوارەکانی ناوەوەی ئەشکەوت. دنیای شاشە وەکوو دۆگمەکانی ئەشکەوت فریودەرە و هەمان تەکنیکی هەیە، سەرەتا واهەستدەکەین ئەوەی دەیبینین ڕاستەقینەیە، ئەو دەنگانەی لە شتەکانەوە دەردەچن هەمان دەنگی وێنەکانە، بەڵام لەبنەمادا ئەوەی دەیبنین سێبەری شتەکانە لە دنیای شاشەدا. پیشەسازی لەبەرگرتنەوە بەوشێوەیە واقیع لەقاڵبدەدات کە خۆی دەیەوێت، ئەوەی بەریدەکەوین فۆڕمێکی بێ ناوەڕۆکە، کە لەبنەمادا جەوهەر و واقیعی شتێکی دیکە. بەدیدی ئەفلاتوون لەبەرگرتنەوە حەقیقەت نیە و نابێتە حەقیقەتیش. لەڕێگەی سێبەری درەختەوە، ناتوانین درەخت بناسین، ئەوانەی لە ئەشکەوتەکدا نیشتەجێن، تەنها لەڕێگەی سێبەری درەختەوە، درەخت دەناسن، بەڵام درەخت شتێکی دیکەیە. چەمکێک کە داهێنانەکەی مانا وەردەگرێت بە پێچەوانەی جەوهەرێکەوە کە پێشتر بوونی هەیە. فەزای ڤێرتوێل هاومانایە لەگەڵ هەریەک لەو دەستەواژەی ( درۆزنەکان، نمایشکارە بوکەڵەییەکان، سۆفیستەکان و وەهمگەرەکان ) هەموو ئەوانەی لە کتێبی پێنجەمی (کۆمار) دا ئیدانەکراون. کە بەهەمان شێوەی شاعیران و دروستکەرانی دیکەی وێنە کە واقیع ساختە دەکات و بەو هۆیەوە پەردە لەسەر ڕاستییەکان دادەپۆشێت. وەکوو ئەوەی “سێلین برایۆن” دەیڵێت: ئەگەر فەزای ڤێرچواڵ لەسەردەمی پلاتۆ دا هەبووایە، بێگومان لە شاری ئایدیاڵی (فەیلەسوف_شا) قەدەغە دەکرا. چاپەمەنی و تەلەفزیۆن و سایتەکانی ئینتەرنێت چی دەکەن، جگە لە دووبارەکردنەوە و لەبەرگرتنەوەی ڕووداوەکان و نوێنەرایەتیکردنیان لە فەزای ڤێرتوێلدا.

Previous
Next
Kurdish