
مروارییەکانی ئەوین.. مرواری حەوتەم/ شیعر: ستیڤان شەمزینی
هەر بیر لەوە ئەکەمەوە
کە تۆ هیچ سووچێکت نییە لە ئازارچەشتنی منا
ئەوە کڵپەی ئاگری رۆحی خۆمە
گڕی لە هەموو کامەرانییەکانم بەرداوە
باسی مەرگت بۆ ئەکەم
کە تەنها ئەو کاتژمێری دڵم لە عەشقت رائەگرێ
باسی ژیانت بۆ ئەکەم کە تەنها ئەو
داهاتووم پڕ ئەکات لە ئێستای تۆ
بەدرێژایی شەو نانوم ناڵێم بەهۆی تۆوە
بەڵکو لەبەر دڵی تەنگی خۆم
بە بەرینی رۆژ خەون ئەبینم
ناڵێم بە تەنهایی خۆمەوە بەڵکو بە تۆوە
دڵڕەقیش بنوێنی دڵنیایت “ناتبوورم”ی من
درۆیەکە عەشق فێری کردم
شەقامی چۆڵی ئومێدم بە گوڵی شیعر رازاندۆتەوە
لەبەردەم هەنگاوەکانتا
هەمیشە دڵە خورپەمە نەکا ماندوو بیت
لەم خەرابستانەی رۆحی بریندارم
هەمیشە لەوە دڵنیام دیدەنی تۆ
ئەبێ بە ساڕێژی برینێکی قەتماغە نەبوو
کە تۆ دەرکەوتیت سروودی فرمێسکت
بۆ گۆڕیم بە گۆرانی پێکەنین
کە من دەرکەوتم گریانی نائومێدیم
بۆ گۆڕیت بە سەمای بەختەوەریی
ئەوینت دەنکە مروارییەکە
لە قووڵترین قووڵایی دەریای دڵما رۆچووە
عەشقی من هەورە برووسکە و نەشئەیەکە
سەرتاپای رۆحتی گرتووە
لەوەتی مەی چاوەکانت ئەنۆشم
بادەم لە تامی هەنگوین شیرینتر بووە
لەوەتی ئاگری سەرکێشیم ئەسووتێنێ
بۆنکڕزوت بۆتە خۆشترین عەترم
کتێبی دڵم بکەرەوە و
تێر تێر لەو شیعرانە بڕوانە بۆ تۆم نوسیووە
چرای چاوەکانم داگیرسێنە و
لە ناویدا تابلۆی نیگا بێزارەکانم ببینە
دەروونم بۆتە خەرابستان و
چیتر گوڵی ئارەزووی تێدا سەوز نابێت
سپێدەیەک وەرە و ئەسپی حەزەکانت
لە کەلاوەی جەستەمدا زین بکە
باخێکی پاراو بووم
ئێستاش شارێکی خۆڵەمێشی بەدەست “با”وە
بارانێکی چاوباز بووم
ئێستاش شەپۆلێکی سووتاو لە هەناوی دەریاوە
سوێد – ستۆکهۆڵم