كێشه‌یه‌ك تا ئێستا بێ پڕۆژه … محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن
به‌ته‌مه‌نترین كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌م خۆرهه‌ڵات و خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته‌دا كێشه‌ی كورده، یه‌ك سه‌ده‌ی ته‌واو كرد، هیچ هێزێك نه جیهانی، نه ناوچه‌یی و ئیقلیمی، نه ئه‌و وڵاتانه‌ی كوردستانیان به‌سه‌ردا به‌شراوه‌ته‌وه، نه ناوخۆیی واته(كورد خۆی)، نه‌یانتوانیوه به‌لای چاره‌سه‌ردا بچن و تێز و پڕۆژه‌ی ماقوڵ و بونیادی بخه‌نه ڕوو بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه و هێنانه ئارای كه‌شێكی هاوسه‌نگ كورد وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك سه‌روه‌ری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و ئابووری خۆی هه‌بێ و په‌ره به ڕیشه‌كانی بدات.
هێزه زله‌كانی دنیا له سه‌ده‌یه‌ك به‌ر له ئێستاوه تا هه‌نووكه هیچ ئامانجێكی ته‌نانه‌ت درێژ مه‌وداشیان بۆ چاره‌ی ئه‌م كێشه‌یه نیه و نه‌بووه و نابێت، هه‌ر هه‌موویان به پێی لۆژیكی هێز و چنینه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانیان دوای هه‌ر ڕێككه‌وتنێكی نێوان خۆیان و دواتر له‌گه‌ڵ كلكه ئیقلیمیه‌كانیان بێده‌نگی لێده‌كه‌ن و بۆ ماوه‌یه‌ك زه‌خیره‌ی ماشێنی ئابووری و سیاسی خۆیان فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن.
ئه‌وان هه‌رگیز تێزێكی چاره‌سه‌ریان بۆ كێشه‌ی كورد وه‌ك بابه‌تێكی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌رچی زیڕوح هه‌یه له خه‌ڵكی ئه‌م ناوه وه‌حشه‌تگه‌ریه‌كی بازاڕیانه‌ی بێ متمانه و مۆڕاڵی سه‌رمایه‌گوزاری ڕووتبۆوه له ئه‌خلاقی ئینسانی بووه. ئه‌مه‌یان ناو ناوه پراگماتیزم له كاری سیاسی و ده‌وڵه‌تداری، له كاتێكدا له پڕاگماتیزمدا (ئه‌خلاقی كار) له چوارچێوه‌ی (ئازادی كار) بۆ هه‌ر مرۆڤێك پێوه‌ری پابه‌ندبوونه به‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌وه و پراگماتیزم كه به فه‌لسه‌فه‌ی كار ده‌ناسرێ و ” لێیگه‌ڕێ كار بكات و لێیگه‌ڕێ تێپه‌ڕێ” ی ئاده‌م سمیس یه‌كێكه له‌و كۆجیتۆیانه‌ی لادان لێی ڕاسته‌وخۆ لادانه له ئازادی و ته‌سككردنه‌وه‌ی بوار بۆ هه‌زاران و ملیۆنان، به‌وه‌ی با كار نه‌بێ بیكه‌ن تاوه‌كو مرۆڤبوونی خۆیان له بێكاری و بێ بازاڕیدا ونكه‌ن.
له پراگماتیزمدا ئه‌م پرسیاره سه‌ره‌كیه‌ی (چارلز پێرز1878) ده‌بێ به بنه‌مایه‌كی ئه‌خلاقی{چۆن وا بكه‌ین هزر و بیرمان ڕوون بێ؟}، ئه‌م پرسیاره لای پراگماتیه ڕه‌سه‌نه‌كان عه‌قیده‌یه‌كی سیاسیه و له كاری سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌تداریدا ده‌بێ پیاده بكرێ. هه‌میشه له پراگماتیزمدا كاره‌كان به ئه‌نجامه‌كانیان ده‌پێورێن، ئه‌گه‌رچی فه‌لسه‌فه‌ی كار هه‌رده‌م به‌رژه‌وه‌ندی خاوه‌ن كار له نه‌زه‌ر ده‌گرێ به‌ڵام ئازادی جووڵه‌ی كاركه‌ر جۆرێك له گره‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تا چه‌ند كه‌سه‌كان بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجامی باش ڕه‌فتاری جوان و هاوسه‌نگ ده‌گرنه به‌ر. له پراگماتیزمدا ماكیاڤیللیه‌ت جێینابێته‌وه، چون پیاده‌بوونی پراگماتیزم ئاڵۆزی قبوڵ ناكات و هه‌میشه نه‌خشه‌ی كار به ڕوونی نمایش ده‌كات و هه‌م هۆكار و هه‌میش ئامانج دیارن و هیچیشیان پێچه‌وانه‌ی یه‌كتر نین، یه‌كێكیان نه‌شیاو و ئه‌وه‌ی تر شیاو بێت.
كار یه‌كێكه له فاكته‌ره سایكۆلۆژیه ئینسانی و وجودیه‌كانی بوونی هه‌ر تاكێك، ئه‌وه ئه‌دلێره جه‌ختی لێده‌كاته‌وه و ئه‌وه‌ش فڕانكل و ڕۆلۆ مای و به‌ر له‌وانه‌ش فڕۆید و به‌ر له فڕۆیدیش هیگله به مه‌رجێكی سه‌ره‌كی وجوودی ده‌زانن.
سیاسه‌تی ئه‌مریكا هه‌رگیز له‌گه‌ڵ پراگماتیزمدا یه‌كناگرێته‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌ستوور و یاساكانی ئه‌و وڵاته‌ش پراگماتیانه ڕێكخراون نه‌زعه و ئیراده‌ی هێز و هێزمه‌ندی زۆر جار مه‌یلی خۆفوودانیان لا درووست ده‌كات، ئه‌گه‌ر وا نیه كام له‌م سه‌ركردانه‌ی ئه‌م سی چل ساڵه‌ی ئه‌و وڵاته ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌ر له‌وانیش زانیویانه پراگماتیزم چیه؟.
ئه‌م به ناو پراگماتیستانه ته‌نها پڕۆژه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی خۆیان و نێوان خۆیان هه‌یه كه ناوه ناوه به ڕێككه‌وتنی ئاشتیانه و ناوه ناوه‌ش به شه‌ڕ ده‌یچه‌سپێنن، ئه‌وان كه خۆیان به پارێزه‌ری ئارامی و ئاسایشی دنیا ناساندووه كوا پڕۆژه‌كانیان بۆ كێشه نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و ئه‌تنیكیه‌كانی دنیا؟.
جگه له‌وه زلهێزه‌كانی به‌رانبه‌ریشیان نه كۆمۆنیست بوون و نه سۆشیالیست و نه دیموكرات، ئه‌گه‌ر وانیه كوا پڕۆژه ئه‌وروپی و كۆمێنتێرنی و سۆشیالیست ئه‌نته‌رناسیونالیست و دیموكراته‌كان بۆ چاره‌ی كێشه‌ی كورد و نه‌ته‌وه و ئه‌تنیكه‌كانی تر له دنیا و به تایبه‌ت ناوچه‌كه‌ی ئێمه؟ ئایا كێشه‌ی كورد ئه‌وه‌نده ئاڵۆز بوو به سه‌ده‌یه‌ك چاره‌سه‌ر نه‌كرێ؟ ئایا ته‌سلیمكردنی ئه‌و دۆسێیه هه‌ره گرنگه به ته‌نگنه‌زه‌ره ئیقلیمی و ناوچه‌ییه‌كان بوار ڕه‌خساندن نه‌بوو بۆیان تاوه‌كو به‌رده‌وام ئه‌م كێشه‌یه له هه‌ڵایساندا بێ و ئه‌وانیش هه‌میشه كه‌لێن و قه‌ڵشی هاتنه ژووره‌وه‌یان بۆ كراوه بێ؟ ئایا نه‌یانده‌توانی هه‌لومه‌رجێك له ناوچه‌كه بێننه ئارا له جیاتی شۆڕش و به‌یه‌كدادانه چه‌كداریه‌كان به‌یه‌كگه‌یشتنه فه‌رهه‌نگی و كولتووریه‌كان بسازێنن و پاشان فیدراسیۆن و كۆنفیدراسیۆنی كولتووری جێگه‌ی ئه‌م هه‌موو قه‌واره سیاسیه به‌یه‌ك هه‌ڵپژاوانه بگرێته‌وه؟.
ئه‌مانه و زۆری تریش ده‌كرا بكرێن، به‌ڵام ملدانه غه‌ریزه‌ی ده‌سه‌ڵات و موڵكداری و پاوانخوازی و شه‌هوه‌تی خواردن و گلدانه‌وه له ئاست درووشمه‌كانی عه‌قلانیه‌ت كوێری كردن و ئه‌وه‌ی له‌وه‌ته‌ی هه‌ن ده‌یكه‌ن هیچی له‌گه‌ڵ مۆدێرنیزم و فه‌لسه‌فه‌كه‌ی و له‌گه‌ڵ عه‌قلانیه‌ت نایه‌ته‌وه، ئه‌وان خراپ سوودیان له‌هه‌ندێ قسه‌ی نافه‌لسه‌فی وه‌رگرتووه جا ئه‌گه‌ر ئه‌و قسانه هی فه‌یله‌سوفانیش بووبن، خۆ فه‌یله‌سووف و زانایان هه‌رچی وتوویانه فه‌لسه‌فه نیه و نه‌بووه، “مه‌تره‌قه‌كه‌ت بیر نه‌چێ كاتێ ده‌چیته لای ژنه‌كه‌ت” با هه‌ر قسه‌ی نیچه بێ، ئه‌مه هیچ په‌یوه‌ندی به فه‌لسه‌فه‌وه نیه و ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به سایكۆلۆژیای كه‌سی فه‌یله‌سووف له هه‌ڵوێستێك له هه‌ڵوێسته‌كانی ژیانی خۆیدا.
” هه‌موو واقیعێك عه‌قلانیه” با هه‌ر قسه‌ی هیگل بێ، ئه‌مه له ساته‌وه‌ختی تایبه‌ت وتراوه و له‌وانه‌شه قه‌ناعه‌تی خودی هیگل بووبێ ، به‌ڵام ئه‌و گه‌ندڵستانه‌ی ئێمه و ده‌وروبه‌رمان به گوێره‌ی ئه‌م قسه‌یه بێ ده‌بێ واقیعی بێ؟.
ئه‌م هێزمه‌ندانه تاوه‌كو ئێستا عه‌قڵ هه‌ڵیان ناسووڕێنێ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی غه‌ریزه و شه‌هوه‌ته ناعه‌قلانیه‌كه‌یان، هه‌ر بۆیه‌ش قه‌تاو قه‌ت پڕۆژه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر نیه و ئه‌گه‌ر نه‌خشه و هه‌نگاوگه‌لێكیشیان ناونا پڕۆژه ئه‌وا پڕۆژه‌ی خۆیانه و تۆ تیایدا ته‌نها فاكته‌رێكی هاوكاری.
ئه‌و زلانه كه پڕۆژه‌یان نه‌بووه بۆ چاره‌ی كێشه‌ی كورد، نه عێڕاق و نه توركیا و نه ئێران نه به‌یه‌كه‌وه و نه هه‌ر یه‌كه‌ش به ته‌نها ڕۆژێك له ڕۆژان نه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی گه‌ڵاڵه‌كراویان نه‌بووه، به‌ڵكو بیریشیان لێنه‌كردۆته‌وه ئه‌م كێشه‌یه وه‌ك دۆزی نه‌ته‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ماف زه‌وتكراو ببینن و با جۆرێكی تر له چاره‌سه‌ر بخه‌نه ڕوو چیدی نه ئه‌وان و نه ئێمه‌ش له نائارامیدا نه‌یبه‌ینه سه‌ر.
ئه‌وان هه‌میشه به‌یه‌كه‌وه كۆده‌بنه‌وه و تا ئێستاش بۆ چنینی پیلانی شه‌ڕانگێزی و دۆزینه‌وه‌ی پلانی جیاجیا تاوه‌كو هه‌رچی زووتر و باشتر ده‌نگمان كپكه‌نه‌وه و نه‌كا بیر له ته‌نانه‌ت هاوڵاتیبوونیشمان له سه‌رزه‌مینی خۆمان بكه‌ینه‌وه، ئه‌مه له جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌ر چوار له‌و ده‌وڵه‌ته ناهاوسه‌نگه ئیقلیمیانه به‌یه‌كه‌وه ئیش بۆ ئه‌وه بكه‌ن تێزێكی هاوبه‌ش بكه‌ن به پڕۆژه‌یه‌كی كرداری بۆ چاره‌سه‌رێكی بنبڕ بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ی یه‌ك سه‌ده‌یه ئارامی له خۆمان و له نه‌یارانیشمان بڕیوه.
ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ی چوار لایه‌نه‌ی ئیقلیمیش بۆ چاره‌ی كێشه‌ی كورد نه‌بووه، هیچ یه‌كێكیشیان به ته‌نها ڕاستگۆیانه پڕۆژه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته‌یان نه‌خستۆته ڕوو، مه‌گه‌ر نا ئاشتی و ئارامی به‌رده‌وام له به‌یه‌كه‌وه ژیانی دانپیانراو دێته ئارا، ده‌كرا چاره‌ی عه‌ره‌بی بۆ كێشه‌ی كورد له مێژ بوو پێشنیاز كرابا یا به كردار بینیبامان له جیاتی پڕۆژه‌ی به عه‌ره‌بكردن و تاواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، ده‌كرا چاره‌ی ئێرانی بۆ كێشه‌ی كورد هه‌بوایه نه‌ك به فارسكردنی كورد هه‌روه‌ك چۆن ڕه‌شیدی یاسه‌می وای ڕێنمایی سه‌رانی خۆی ده‌كرد، ده‌كرا چاره‌ی توركی بۆ ئه‌و كێشه‌یه له توركیا هه‌بوایه له جیاتی به تورككردن و سووربوون له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی كولتووری ڕق و نه‌فیكردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی.
ئه‌مانه هه‌موویان نه‌بوون و نه‌كران هه‌ر بۆیه‌ش له‌وه‌ته‌ی كورد و كوردستان به‌سه‌ریاندا به‌شراوه‌ته‌وه نه ئێمه خۆشیمان له خۆمان بینیوه و نه ئه‌وانیش بۆ ساتێك حه‌ساونه‌ته‌وه، ئه‌م دۆخی نه‌حه‌سانه‌وه‌یه به‌م هه‌ڵچوونه ده‌مارگیری و ڕاسیستیانه چاره‌سه‌ر ناكرێ، چاره‌سه‌ر بینینی یه‌كتره وه‌ك خۆیان نه‌وه‌ك شتی تر، ئه‌گه‌ر نا تا سه‌ده‌یه‌كی تریش هه‌ر له‌م زه‌لكاوه ده‌مێنینه‌وه و ناچینه دۆخێك له‌وه ئارامتر.
كه ئه‌مانه هیچیان چاره‌ی كێشه‌ی تۆیان پێنه‌بوو، ئه‌ی خۆمان وه‌ك كورد و وه‌ك بژارده‌ی سیاسی له نێو جوڵانه‌وه جیاجیاكان ڕێگه چاره‌ی كوردانه‌مان هه‌بووه؟ ئایا چاره‌ی كوردی هه‌بووه بۆ كێشه‌ی خۆی؟، به دڵنیاییه‌وه جولانه‌وه كوردیه‌كان له هه‌موو پارچه‌كان به درێژایی ئه‌م سه‌ده‌یه له دۆخی په‌رچه‌كرداری تێ‌یان نه‌په‌ڕاندووه و له به‌رانبه‌ر پڕۆژه‌ی ڕمان و وێرانسازی نه‌یاران و داگیركه‌ران پڕۆژه‌یه‌ك بۆ بیناكردن و هه‌ڵنانی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه و نه‌كه‌وتۆته به‌ر هه‌ست و عه‌قڵ.
سه‌د ساڵه ئه‌م ناوچه‌یه له هه‌ڵچوونێكی كار و په‌رچه‌كردار بردوویه‌ته سه‌ر، سه‌د ساڵه سۆزی سه‌ردارێتی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كان و هه‌ڵچوونی شۆڕشگێڕی ئێمه‌ی ژێر ده‌ست دوو هێزی به‌رانبه‌ر یه‌كتری له شه‌ڕدا بوون، سه‌د ساڵه نه كۆمۆنیزم كێشه‌ی كوردی وه‌ك كێشه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ر خوێنده‌وه و نه ناسیونالیزمی عه‌ره‌ب و فارس و تورك، نه بزاوته سیاسیه دینیه كۆن و تازه سه‌رهه‌ڵداوه‌كانیش توانیان له‌گه‌ڵ وجودی راسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان بجوڵێنه‌وه.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه نه هزری چه‌پی كوردی توانی پڕۆژه‌ی بۆ ڕزگاری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی هه‌بێ و نه هزری به‌ناو ناسیونالیزمی كوردی پێیكرا جولانه‌وه‌یه‌كی ناسیونالیستی خاوه‌ن هزر گه‌ڵاڵه كات توانیبای ڕای گشتی نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی و جیهانی بۆ ئه‌م دۆزه مێژووییه ڕاكێشێت و خۆی له كاریگه‌ری په‌یوه‌ندیه فیوداڵیه‌كان كه‌مێك به دوور بگرێ، له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌مانه‌ش هزری دینی سیاسی كوردیش ئه‌وه‌نده‌ی ئیشی له‌سه‌ر كاڵكردنه‌وه‌ی بوونی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كردووه و ئه‌وه‌نده‌ی چووه‌ته خزمه‌ت پڕۆژه‌ی عه‌ره‌بی و فارسی و توركی له بینینی ئیسلامی ئه‌وه‌نده نه‌یویستووه به دین و هزری دینی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یمان زه‌ڕڕه‌یه‌ك به‌رێته پێش.
كه‌واته ڕه‌گی كێشه‌كه له ونبوونی پڕۆژه‌ی عه‌قلانیه لای هه‌ر هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی لێره قسه‌م له‌سه‌ریان كرد و تا ئێستاش ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێ هه‌ر هه‌مووی ململانێی ده‌مارگیرین و هه‌ڵچوون و سۆزی هۆزگه‌رایی و تایفی و نه‌ته‌وه‌یی پریمیتیڤ هه‌ڵیانده‌سووڕێنێ.