فرۆید/ لاكان فانتازیای وێناكردنی دوو باوك …. عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
“مرۆڤ ده‌بێ له ژیاندا بۆ مانای بوونی خۆی بگه‌ڕێت” …
ره‌نگه ئه‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه له رووه ئاشكراكه‌یدا فرۆید و لاكان وه‌ك دوو باوكی ده‌روونشیكاری وێنه بكات، به‌ڵام چاوتێبڕینی ئه‌و نوسینه له‌وێدا نییه، له دوولایه‌نی باوك به واته فرۆیدییه‌كه و له فانتازیای وێناكردنی (باوك، منی باڵا، ڤالوس) وه‌ك (دال) به واته لاكانییه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵده‌گرێته‌وه… به‌و مانایه‌ش چه‌مكی فانتازیا وه‌ك تێكه‌ڵه‌یه‌ك له ره‌گه‌زه‌كانی ئاگامه‌ندی و نائاگامه‌ندی ده‌بینین، كه ده‌كه‌وێته نێوان دوو جه‌مسه‌ری واقیع و خه‌یاڵ! (له سه‌ده نۆزده نائاگامه‌ندی – Unconscious – به شێته‌وه په‌یوه‌ست ده‌كرا، واته ئه‌و كه‌سه‌ی كه ناتوانێ له رێگای عه‌قڵه‌وه بیر بكاته‌وه. فرۆید ده‌ڵێت له سیستمی نائاگامه‌ندی نه ره‌تكردنه‌وه بوونی هه‌یه، نه پله‌كانی یه‌قین بوونی هه‌یه. به‌و مانایه‌ش نائاگامه‌ندی منداڵییه و هه‌میشه له‌گه‌ڵماندایه، به‌ڵام به بڕوای لاكان نائاگامه‌ندی شوێنه‌وارێكی ئاڵۆز و پڕ له ژاوه‌ژاو نییه، به‌ڵكو یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ندیمان به یه‌كتره‌وه، به پێی ئه‌و بۆچوونه نائاگامه‌ندی له ده‌ره‌وه‌ی ئێمه‌دایه، نه‌ك ده‌روونمان) له‌گه‌ڵ فانتازیا فێری ئه‌وه ده‌بین كه چۆن ئاره‌زوو ئه‌زموون بكه‌ین، به‌ڵام ده‌بێ بزانین ئاره‌زوو یان (حه‌ز) به وردی بابه‌تی نییه، به‌ڵكو حه‌زكردن له شتێكه، شتێك كه ونبووه یان (له‌ده‌ستچووه- منداڵ به ئه‌زموونێكی تراژیدی ونكردن دۆزینه‌وه‌دا ده‌ڕوات، ئه‌و ساته‌ی كه دایكی له پێش چاوی ونده‌بێت و ده‌ڕوات، له‌گه‌ڵ ئه‌و ساته‌ی كه ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه- كورتترین چیڕۆك كه بكرێ بیری لێبكرێته‌وه: شتێك ون ده‌بێ و دواتر ده‌دۆزرێته‌وه- چیرۆك: بریتییه له سه‌رچاوه‌ی دڵدانه‌وه… شته ونبووه‌كان هۆكاری دڵه‌ڕاوكێی ئێمه‌ن و ره‌مزن بۆ هه‌ندێ شتی له ده‌ستچووی نائاگامه‌ندی و به پێی تیۆری لاكان ئه‌و ونبووه جه‌سته‌ی دایكه، كه چیرۆكی ژیانی ئێمه به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌بات و ناچارمان ده‌كات به شێوه‌یه‌كی مه‌جازی و بێكۆتایی به‌دوای جێنشینێك بۆ ئه‌و به‌هه‌شته ونبووه بگه‌ڕێین. دۆزینه‌وه شتێكه چێژ به‌خش. رۆیشتن ته‌نها له‌گه‌ڵ هاتندا مانای ده‌بێت….)
(1)
چه‌مكی (ئاره‌زوو-الرغبه) لای ده‌روونشیكاران مه‌یلی هه‌ڕه‌مه‌كییانه‌ی منداڵانه كه كۆمه‌ڵگا قه‌ده‌غه‌ی ده‌كات، به‌مجۆره‌ش ئاره‌زوو ده‌چه‌پێنرێ… ئاره‌زووه تێرنه‌كراوه‌كانمان یان چه‌پێنراوه‌كانمان ده‌خه‌ینه ناهۆشمه‌ندییه‌وه بۆیه ئاگامان له‌و واقیعه نییه، كه تێیدا ده‌ژین. لاكان له دووباره دابه‌شكردنی فرۆیدی بۆ ده‌روونی مرۆڤ و كه‌سایه‌تی مرۆڤ ، له (ره‌مزی و خه‌یاڵی و ریاڵ) ده‌دوێت، واته ئه‌وه‌ی فرۆید له رووی ده‌روونییه‌وه به (پێش ئاگامه‌ندی) یان له رووی كه‌سێتییه‌وه به (سوپه‌ر ئیگۆ) ناوی ده‌بات، لای لاكان ره‌مزییه و سیستم و یاسای ره‌مزی هه‌یه، به ره‌مزكردن پێش خه‌یاڵی ده‌كه‌وێت، له میانی ئه‌نترۆپۆلۆژیادا سیستمی رۆشنبیریی ده‌گه‌یه‌نێت… (ئاگامه‌ندی) یان (ئیگۆ)ی فرۆیدی، به خه‌یاڵی ناو ده‌برێت (یه‌كه‌مجار كه منداڵ خۆی له ئاوێنه‌دا ده‌بینێ، وا خه‌یاڵ ده‌كات كه ئه‌وه جه‌سته‌ی باوكی نییه، كه‌واته ئایا ده‌بێ خودی خۆی بێت) شوێنی خه‌یاڵكردن و گۆڕان و گۆڕین… ده‌گرێته‌وه. (نائاگامه‌ندی)ی فرۆیدی یان (ئید)، لای لاكان هیچ شوێنێكی نییه، ته‌نها له قوڵایی مانادا نه‌بێت، ده‌رناكه‌وێت، واته شوێنی بێ شوێنانه، یان هۆیه‌كه بۆ بونیادی بزر، ئه‌وه‌یه كه لاكان ناوی (ریاڵ)ی لێناوه و پێش ره‌مزی ده‌كه‌وێت…
(2)
ژاك لاكان ناوی (باوك) وه‌ك تاكێكی واقیعی نابینێ، ناوی باوك دالێكه كه دووانه‌ی (دایك/ منداڵ) لێكجیا ده‌كاته‌وه، منداڵ ئاشنای (له‌ده‌ستدان) ده‌كات… به مانا فرۆیدییه‌كه‌یشی منداڵ تووشی گرێی ئۆدیب ده‌كات (گرێی ئۆدیب- لای فرۆید په‌یوه‌ندی سیانه‌ی خێزانی –باوك و دایك و منداڵ-ه، واته رێكوپێككردنی پاڵنه‌ره سێكسییه‌كان و چاودێریكردنی منداڵ له‌لایه‌ن باوكه‌وه)… به‌و مانایه‌ش كاری باوك ده‌بێته هۆی دروستبوونی منی باڵا، یان ڤالوسی له ده‌ستچوو (ڤالوس دالێكی به‌تاڵه، دالی له ده‌ستدانه)، كه‌واته له ده‌رئه‌نجامی به دهروونیكردنی باوك، منی باڵا دروست ده‌بێت، به بۆچوونی فرۆید ناوی باوك به قه‌ده‌غه‌كردنی سێكس له‌گه‌ڵ مه‌حره‌مه‌كانه‌وه ده‌لكێ! به‌ڵام به بۆچوونی لاكان گرێی ئۆدیب هه‌ر ته‌نها له سێ ره‌هه‌ندی بنه‌ڕه‌تی (فرۆیدی) پێكنه‌هاتووه، به‌ڵكو ره‌هه‌ندی چواره‌می هه‌یه، ئه‌ویش ره‌هه‌ندی ره‌مزییه كه رێگا بۆ هه‌موو تاكێك خۆش ده‌كات، بارودۆخێكی ئاڵوگۆڕئامێز و سنوردار له‌سه‌ر ئاستی قسه‌كردن بۆ خۆی بسازێنێ… لای لاكان باوك سیستمی ره‌مزی و پرسه‌ی ده‌لاله‌ت “ڤالوس”ییه و له ژێر كاریگه‌ری میتافۆری باوك و سه‌پاندنی یاساكانی باوكدایه. منداڵ كه‌سێكی دوو پارچه‌یه له نێوان دوو ژیاندا ئاگامه‌ندی و نائاگامه‌ندی، خود و حه‌زه چه‌پێنراوه‌كان.. منداڵ له‌به‌ر باوكی (له‌به‌ر سیستمی ره‌مزی) نابێته خاوه‌ن، بۆیه له دالێكه‌وه بۆ دالێكی دیكه هه‌نگاو ده‌نێ، هه‌ر دالێك گه‌یه‌نه‌ری دالێكی دیكه‌یه، ئه‌و داله‌ش درێژبوونه‌وه‌ی دالێكی دیكه‌یه.
(3)
تیری ئیلگلتۆن ده‌پرسێ ئایا به خوێندنه‌وه‌ی مالارمێ ده‌كرێ ده‌وڵه‌تی بورژوازی له‌ناو ببرێت؟ بۆ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌و رسته‌یه گوته‌یه‌كی جۆلیا كریستیڤا ده‌هێنمه‌وه كه ده‌ڵێت: نائاگامه‌ندی شوێنی ئه‌و پاڵنه‌رانه‌یه كه رووبه‌ڕووی شێوه (ره‌مزییه‌كانی باوكایه‌تی، یان ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی) ده‌بنه‌وه. به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌شمان له بیر بچێت، كه نائاگامه‌ندی هه‌میشه وه‌ك رووبه‌رێكی بۆش، هه‌موو ره‌مزه‌كان تێیدا سه‌ربه‌خۆیی خۆیان به ده‌ست ده‌هێنن، ئه‌و گوته‌یه ده‌مانخاته سه‌ر بۆچوونه‌كه‌ی لاكان: چۆن هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ندیمان به یه‌كتره‌وه، به نائاگامه‌ندیه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه… له بیرمان نه‌چێ به‌شێكی گه‌وره‌ی ئیبداعی ئه‌ده‌بی نائاگایی ده‌ینوسێته‌وه.
هه‌ڵبه‌ته ده‌روونشیكاری ده‌یسه‌لمێنێ كه ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی ئایدیۆلۆژیایه‌كی دژه كاره… وه‌ك ده‌زانین روانینی دژه‌كار ئه‌وه‌ی حه‌زی لێنه‌كات نایبینێ و به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش خۆی له باره‌ی ئه‌و شته‌ی حه‌شاری داوه فریو ده‌دات! هێز له ده‌ست ئه‌ودایه، بۆیه پێیوایه ده‌توانێ خۆی به‌و گومانه‌وه فریو بدات، كه ئه‌و شته نابینێ! ده‌شێ ئه‌و پرۆسه‌یه به گه‌وجێتی واقیعخواز ناو به‌رین، بێگومان ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی ئه‌و دژه‌كاره‌ی خۆی له پانتایی نائاگامه‌ندی پرۆسیسه ده‌كات، به‌و مانایه‌ش نائاگامه‌ندی بۆ ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی شوێنی فریودان و شاردنه‌وه‌یه! هه‌ر له باره‌ی ئایدیۆلۆژیاوه ئاڵتۆسێر ده‌ڵێت پێشتر ماركسییه‌كان ئایدیۆلۆژیایان به “ئاگایی درۆیین” “په‌یوه‌ندی چینایه‌تی” ده‌زانی، به‌ڵام ئایدیۆلۆژیا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به كێشه‌كانی ئاگاییه‌وه نییه، دواجار به بڕوای ئاڵتۆسێر ئایدیۆلۆژیا نائاگاییه، ئه‌و بۆچوونه‌ی ئاڵتۆسێر به‌لای لاكان‌دا ده‌چێ، به‌و مانایه‌ش ئایدیۆلۆژیا ده‌رخه‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندی خه‌یاڵی سوبێكته‌كانه.
كه‌واته چیرۆكی سیستمێكی ده‌سه‌ڵاتخواز و تۆتالیستی وابه‌سته‌ی په‌یوه‌ندی نائاگامه‌ندی و پشتگیری نائاگامه‌ندی گشتی ده‌كات… ده‌مه‌وێ بڵێم ده‌سه‌ڵات شتێك له عه‌وام ده‌شارێته‌وه، عه‌وامیش شتێك به ده‌سه‌ڵاتی جێگیره‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌یشارێته‌وه حه‌قیقه‌ته، ئه‌وه‌ی عه‌وام له پێناو مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جێگیر په‌نای ده‌دا خه‌ونی خۆشبه‌ختییه، ده‌سه‌ڵات به بیركردنه‌وه له فریودان و عه‌وام به بیركردنه‌وه له خۆشبه‌ختی ده‌گه‌نه گه‌وجێتی واقیعخواز، كه نه ره‌تكردنه‌وه‌ی سته‌مكاری بوونی هه‌بێت، نه پله‌كانی بڕوا به خۆبوون بوونی هه‌بێت… ئه‌گه‌ر نا ئه‌و سیستمانه زۆر به خێرایی له‌ناوده‌چن.
وه‌ك گوتمان په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیستی به عه‌وامه‌وه له رێگای وڕوژاندنی نائاگامه‌ندییه‌وه‌یه! به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه بۆچی خه‌ڵكی به ئاگامه‌ندییه‌وه پشتگیری ئه‌و جۆره سیستمانه ده‌كه‌ن؟ لێره‌دا (دوو باوك) دوو لایه‌نی باوك، دێته ناو بابه‌ته‌كه‌وه. باوكی یه‌كه‌م، باوكی گرێی ئۆدیب كه خۆی له په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه‌ی زارۆك/ دایك هه‌ڵده‌قورتێنێ و ئه‌و په‌یوه‌ندییه لێكهه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، ئه‌و باوكه‌ی كه یاساكان ده‌گوازێته‌وه- دیماگۆجیه‌ت به خۆشبه‌ختی ناوزه‌د ده‌كات- (یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی سێكس له‌گه‌ڵ مه‌حره‌م) ئاره‌زووی زارۆك بۆ دایك به‌سه‌رپێچیكردن له یاسا ده‌زانێت. باوكی دووه‌م، باوكێكه خۆی ناخاته سنوری هیچ یاسایه‌كه‌وه، نموونه‌ی هێزی ره‌هایه، باوكێكه كه به ده‌ركردنی كوڕه‌كان و نه‌یاره‌كانی ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو ژنان و میراتی خێڵه‌كه‌یدا ده‌گرێت، باوكێكه هیچ كات پابه‌ندی یاسا نییه. هه‌ردوو جۆری باوكه‌كان له روانگه‌ی ده‌روونشیكاری له چوارچێوه‌ی منی باڵادا كار ده‌كه‌ن.
هێز له ده‌ست ئه‌ودایه، بێگومان فریودانیش هێزی ده‌وێ، كه‌واته ده‌سه‌ڵاتخوازی هێزی خۆی له شتێك به ده‌ست ده‌هێنێ، كه بۆ خۆیشی هه‌وڵی له‌ناوبردنی ده‌دات، ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی وه‌ك چۆن هێزی له ده‌ستدایه، به رووه‌كه‌ی دیكه‌ش هێزی له ده‌ست ده‌رده‌چێ! ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی چه‌نده ده‌سه‌ڵاتخواز بێت، مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌ی دژ به ئه‌و زێتر ده‌بێت، كه‌واته ده‌سه‌ڵاتخوازی بریتییه له پێكهاته‌ی فانتازیی تایبه‌ت، كه رێگا بۆ بابه‌تی دژ به‌یه‌كبوونه‌وه‌ی خۆش ده‌كات!
(4)
هاملێت تراژیدیای ئاره‌زووه، تراژیدیای پیاوێكه كه رێگای ئاره‌زووی ونكردووه… به بۆچوونی لاكان، هاملێت توانای پرسه‌گێڕانی نییه، چونكه دایكی له ناكاو هه‌ڤژینی له‌گه‌ڵ مامیدا پێكده‌هێنێت. به‌و مانایه‌ش دایك (- objectئه‌و شته‌ی كه منداڵ ئاره‌زووی ده‌كات) یان بابه‌ته له ده‌ستچووه‌كه‌ی به بابه‌تێكی دیكه گۆڕیوه‌ته‌وه، پێش ئه‌وه‌ی هاملێت بتوانێت ئاره‌زووی خۆی رابگرێت و سه‌رنجی كه‌سی دیكه بدات.
هاملێت له‌به‌ر ئه‌وه ناتوانێ پرسه دابنێت، چونكه ده‌بێته هۆكاری جولاندنی ئاره‌زووی دایك. فرۆید ده‌ڵێت له‌و حاڵه‌ته‌دا پرسه‌گێڕان ده‌گۆڕێت بۆ مالینكۆلیا (melancholia) یان ره‌شبینی… فرۆید جیاوازی گرنگ له نێوان پرسه‌گێڕان و ره‌شبینی داده‌نێت، پرسه‌گێڕان شتێكی هیچ و به‌تاڵه، به‌ڵام له مالینكۆلیادا (من- Ego) ئه‌و دۆخه به‌تاڵه‌ی هه‌یه.
(5)
به هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ناوی باوك زارۆك له جیهانه زارۆكییه به‌رفره‌وانه‌كه‌ی فڕێده‌درێته ناو جیهانی سیمبولی، گرێی ئۆدیبیش یه‌كێكه له تایبه‌تمه‌ندییه دیاره‌كانی ئه‌و تێپه‌ڕینه‌ی زارۆك كه له ئاستی خه‌یاڵییه‌وه ده‌چێته ناو ئاستی سیمبولی-ل76. ئه‌و رستانه‌ی وه‌رگێڕی كوردی (غه‌ریبه حوسێن) له كتێبی (ژاك لاكان، نوسینی شۆن هۆمه‌ر، ده‌زگای رۆسا، له 2017 چاپی كردووه) به‌شێك له هه‌ستی متمانه‌یی به خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت و به‌ڵگه‌ی حاڵی‌بوون ده‌جولێنێ، به‌ڵام ده‌شێ ئه‌و تێگه‌یشتنه له سه‌رچاوه‌كه‌ی جیا بكه‌ینه‌وه، یان كۆی كتێبه به نرخه‌كه‌ی لاكانناس (شۆن هۆمه‌ر) به‌و به‌ڵگه ساكارانه‌وه په‌یوه‌ست نه‌كه‌ین، چونكه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی حاڵی‌بوون خوێنه‌ر پێویستی به خوێندنه‌وه‌ی كۆی كتێبه‌كه‌یه، دواجار ئه‌و تێگه‌یشتنه بۆ خوێنه‌ر و ئاستی خوێندنه‌وه و ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر و پانتایی كه‌مخوێنی رۆشنبیریی كوردی ده‌گه‌ڕێته‌وه، (وه‌ك هه‌ندرێن له پێشه‌كی ئه‌و كتێبه قسه‌ی له‌و هه‌ژارییه كردووه) به‌ڵام ئه‌وه‌ی منی خوێنه‌ر له‌و چه‌ند دێره ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌م، هه‌ر ته‌نها ده‌ستخۆشیكردن له وه‌رگێڕی كوردی نییه، به‌ڵكو له‌لایه‌كی دیكه‌ش فره به‌كارهێنانی چه‌مكی (سۆبژه و ئۆبژه- به‌كارهێنانی وشه‌ی حه‌ز له بری رغبه‌ی عه‌ره‌بی كه له زمانی كوردی به زۆری وشه‌ی ئاره‌زووی بۆ به‌كار ده‌هێنرێت، به‌كارهێنانی زاراوه‌ی –كمون- وه‌ك چۆن له زمانی عه‌ره‌بییه‌وه هاتووه، به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی هێدمه‌ی ده‌روونی، كه له كوردی زه‌بری ده‌روونی بۆ به‌كار هاتووه، په‌رتووك له بری كتێب…هتد) هه‌موو ئه‌و زاراوه و چه‌مكانه ئه‌گه‌رچی به‌دحاڵیبوون ناسه‌پێنێ، به‌ڵام هێنانه‌وه‌ی هۆكارێكی شیاوی ده‌وێت، وه‌ك چۆن ئاگایی و چاوپێداخشانه‌وه‌یشی پێویسته.