Skip to Content

دەربەندیخان بوە بەشاری شێرپەنجە! … تاهیر حاجی حەسەن

دەربەندیخان بوە بەشاری شێرپەنجە! … تاهیر حاجی حەسەن

Closed
by شوبات 27, 2017 General

هەموان ئاگادارین نەخۆشی شێرپەنجە یەکێکە لەو نەخۆشیە ترسناکانەی دەرباز بوون لێی بوەتە کارێکی مەحاڵ کاتێک کەسێک بەو نەخۆشیە توش دەبێت.چارەسەریەکانی تائێستا وانیشان دەدرێت کەزانست نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بتوانێت لەڕێی دەرمانی تایبەتەوە بنەبڕی ئەو نەخۆشیە بکات،بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە بۆیە ئەو نەخۆشیە بنەبڕ ناکرێت،چونکە قازانجێکی خەیاڵی لێ دەکرێت لەلایەن ئەو کۆمپانیا تایبەتانەی تایبەتن بەدروست کردنی دەرمان بۆ شێرپەنجە.
نەخۆشی شێرپەنجە ساڵانە بڕێکی زۆر لەمرۆڤەکان دەکوژێت،کوشتنێکی ڕاستەوخۆنا،بەڵکو دوای ململانێیەکی زۆر و خەرج کردنی پارەیەکی زۆر بۆکڕینی دەرمانی تایبەت بەو نەخۆشیە بەنرخێکی گران و دواجاریش نەخۆشەکە دەکوژێت. لەو نێوەیشدا ئەوانەی توش دەبن بەو نەخۆشیە زۆربەیان لەخێزانە هەژار کراوەکانن. پیس بونی ژینگەو بەرهەمهێنانی خواردنی جواروجۆر کەقازانج لەپشتیەوەیەتی تاخزمەت کردن بەهاوڵاتیان،پیس بونی ئاوی خواردنەوە. ئەمانەو دەیان هۆکاری تر دەبنە دەرئەنجامێک بۆ پەرەسەندنی ئەو نەخۆشیە. جەنگەکان کەبەکۆ لەپێناو قازانج و بەرژەوەندیەکانی چینە دەسەڵاتدارەکان و زلهێزانی سەرمایەداریە،دیسان هۆکارێکی سەرەکیترن بۆ بڵاو بونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە لەڕێی بۆمبە جۆراوجۆرەکانیانەوە کاتێک ئەو بۆمبانە دروست دەکرێن بێگومان بۆ کوشتنی خێرای مرۆڤ و دواجار پیس کردنی ژینگەو هێشتنەوەی توانای مانەوەی مادە ژەهراویەکانی بۆ کاتێکی درودرێژ.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی لەسەڵی 19800 وە مەیدانی جەنگی بەرەوام بوە تائێستا.
شارۆچکەی دەربەندیخان یەکێکە لەو جێگایانەی زۆرترین ڕێژەی توش بوانی بەو نەخۆشیەی لێیە،دیارە ڕێک نازانم چەند کەس بەو نەخۆشیەوە دەناڵێنن،بەڵام هەر چەند ڕۆژ جارێک هەواڵی مردنی کەسێک دەبیستین بەو نەخۆشیە. دیارە ئەو نەخۆشیە لەگشت شارەکانی باشوری کوردستان و عێراقدا بونی هەیە.بەڵام کاتێک مرۆڤ گوێی لەناوی ئەو نەخۆشیە دەبێت،ڕاستەوخۆ دەربەندیخانیەکانی دێتە پێش چاو. دەبێت بپرسین بۆچی دەربەندیخان ناسراوە بەو نەخۆشیە؟و،هێندەی ئاگاداریش بم دەڵێن لەنێو نەخۆشخانەکانی سلێمانیدا خوێن لەخەڵکی دەربەندیخانی وەرناگرن گەر بۆ پێویستیەک بێت،چونکە ترسیان لەو کەسە هەیە توش بوبێت بەو نەخۆشیە.

شارۆچکەی دەربەندیخان،لەڕوی بەکاربردنی ئاو بۆ خواردنەوەو دابین کردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانە بەئاو،ئیعتیمادی تەواویان لەسەر ئاوی سیروانە،یان دەریاچەی دەربەندیخان. چەندین جار ئاوی ئەو دەریاچەیە نێردراوە بۆ پشکنین،بەڵام هێندەی گوێ بیستی بوبین بەسەلامەتی دەرنەچوە.خودی ئاوی سیروان کۆی پیسایەکانی پاشەڕۆی سلێمانی و پاشەڕۆی ئەو مادانەی لەزانکۆکاندا بەکار دەبرێت لەڕێی چەماوی تانجەرۆوە دەڕژێنە نێو دەریاچەی سیروانەوە.پاک نەکردنەوەی دەریاچەی دەربەندیخان بۆخۆی بەرپرسیاریەتەکەی لەئەستۆی حکومەتە شەفافەکەی هەرێم و لایەنی بەرپرسی تایبەت بەپاراستنی سەلامەتی کۆمەڵگەیە.بەڵام مەخابن،ئەو حکومەتە شەفافە بێ غەلوغەشە،هێندە بەرپرسە لەژیان و سەلامەتی کۆمەڵگە،هیچ پنتێک نەماوە دەستی بۆنەبردبێت و چارەسەری گونجاوی بۆ دانەنابێت!!!!
خەڵکی دەربەندیخان لەبەردەم هەڕەشەیەکی جدیدان،گەر بێت و کۆی گەورەو بچوکی شار نەیەنە مەیدان و یەخەی ئەو حکومەتە چەتەیە نەگرن،شێرپەنجە لەناویان دەدات،ئەویش لەڕێی بەکار هێنانی ڕۆژانەی ئاوی سیروانەوە.
ئاوی سیروان بێجگە لەوەی بۆ هیچ بەکاربردنێک دەست نادات،ئەو بۆریانەیش ئاوەکەی پێدا دەگاتە نێو ماڵەکان هەمویان کۆن بون و پێدەچێت تائێستا ژەنگاویش بوبێتن.

زۆرێک لەخەڵکی دەربەندیخان،ئاوی سیروان ناخۆنەوە،بەڵکو دەڕۆن لەدەرەوەی شارۆچکەکە ئاو بۆخواردنەوە پەیدا دەکەن،لەوێدا وادەزانن خۆیان بەدوور دەگرن لەئاوی پیسی سیروان،بەڵام نازانن کاتێک کەخۆیان دەشۆن دەبێت پەنا ببەنەوە بۆ ئاوی سیروانە پیس بوەکە،یان شۆردنی قاپو دەفری دوای نان خواردن دیسان دەبێت بەئاوی سیروان بیشۆن.یان ششتنی دەمودان دیسان دەبێت پەنا بەرنەوە بەرئاوی سیروان.ئیتر هچ کەس ناتوانێت خۆی دەرباز بکات ڵەبەکارنەهێنانی ئاوی سیروان. ئاوی سیروان بۆ خەڵکی دەربەندیخان بەتایبەتی وەک فەلسەفەی مردنی لێ هاتوە کەهیچ زیندەوەرێک ناتوانێت خۆی لێ دەرباز بکات. باشە گەر ئەوە هەلومەرجی ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی دەربەندیخانە بۆچی ئەو خەڵکە قبوڵی ئاوا بارودۆخێکی نالەباردەکەن؟ ئاخۆ ئەو خەڵکە بۆیە پەرش و بڵاون و ناتوانن دەست ببەن بۆ ڕێگاچارەیەکی خێرا هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەهەرکەسەو سەر بەحزبێکەو ئیتر لەبەرخاتری حزبەکە کەس ناتوانێت ئیرادە بکات و هەوڵی چارەسەرێکی گونجاو بدەن؟ ئاخۆ ئەرکی بەرپرسانی یەکە ئیداریەکان چیە لەو شارۆچکەیەدا؟ کامە ڕەوشت و ئاستی بەرپرسیاریەتیانە؟ ئاخۆ دانیشتوانی دەربەندیخان ئاستی ناهۆشیارییانە واناتوانن ئیرادیەکی دەستە جەمعی بنوێنن و کۆی ژیان لەو شارەدا بوەستێنن تائەو کاتەی حکومەتەکەیان دێتە سەرخەت و بەپەلە پرۆژە تەواو نەکراوەکەیان بۆ تەواو دەکات؟ ئاخۆ گەر خەڵکی بەس بنواڕنە ئەو چرکە ساتەی کە،کەسێکیان لێ دەمرێت،ئەوە کام هۆکارە واناڕاستەوخۆ وایان لێ دەکات بەسەدان و هەزارانیان ئازا کۆ ببنەوەو لەبەڕێ کردنی مردوەکەدا بەشداربن تادەیشارنەوە لەنێو گۆڕدا؟ ئاخۆ گەر ئەو ڕێکخراو بونە خۆڕسکیە بگۆڕدرێت لەپێناو ژیانی دانیشتوانە زیندوەکەدا ناتوانێت بەرهەمێکی باش وەدەست بهێنێت؟ ئاخۆ ئەو چەند جارەی چەند دە نەفەرێک ڕژانە سەرجادە بۆئەوەی کاربەدەستان و حکومەت بێن بەپیری داواکاریەکەیانەوە بۆ پاک کردنەوەی ئاوی سیروان بەس بوە؟ یان دەبوا کۆی دانیشتوانی ئەو شارۆچکەیە بێنە مەیدانەوە و ئیرادەی ڕاستەقینەی خەم خۆری خۆیان بۆخۆیان نیشان بدەن؟ چونکە زۆبەی تاکەکان ڕۆژانە پێنج جار دەچن بۆ نوێژو دەست نوێژ دەگرن بەو ئاوە پیسەی سیروان،دواتر مەلاکانیش بەرنوێژیان بۆدەکەن،بەڵام ئەوەی مەلاکان خۆی لێ دەدزێتەوە،دەست نەبردنیانە بۆ ووروژاندنی چارەسەریەک بۆ پیس بونی ئەو ئاوەی ڕۆژانە دەبێت بەکاری بهێنن.بەداخەوە،خەڵکەکەیش واڕاهێنراوە هەر لەخودا بپاڕێتەوەو واخۆی نیشان بدات کەئەم هیچی لەتوانادا نیە،مەگەر ڕۆحم و کەرەمی خوا وەفریایان بکەوێت.ئەم خۆخەڵەتاندنە،بوەتە کاری ڕۆژانەی زۆرترین مرۆڤەکان ئیتر لەدەربەندیخاندا بێت یان لەهەر شارو گوندێکیتری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی. بۆیەیش تادێت ژیان و ژینگە لەو وڵاتانە بەر وێرانە و پیس بون دەبرێت.

نەخۆشی ژێرپەنجە بوە بەپێناسە بۆ دانیشتوانی شارۆچکەی دەربەندیخان.ئاخۆ دەبێت ئەو خەڵکەی چ ساتێک واز لەکۆی ئەو چەمکانە بێنن کەهەرکەسەو بەجۆرێک خۆی پێوە گێل و گرێدراو کردوەو دەستە جەمعی بێنە مەیدان و بەرژەوەندی دانیشتوان بخەنە پێش کۆی بەرژەوەندی حزب و حزبی خودا و حزبی خێڵ و حزبی تەکیەوە؟ بەڕاستی لەناخەوە ئەزیەت دەخۆم کاتێک دەبینم دانیشتوانێک هێندە بێ دربەس و لاموبالات و خەم ساردن لەپێناو خۆیاندا!

تاهیر حاجی حەسەن
25/02/2017

Previous
Next
Kurdish