Skip to Content

هەڵوێستی کۆمۆنیستی سەبارەت بە سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی -٢  … سامان کەریم

هەڵوێستی کۆمۆنیستی سەبارەت بە سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی -٢ … سامان کەریم

Closed
by ته‌مموز 19, 2017 General, Opinion, Slider

بەشی دووەم ………..

لەم بەشەدا کە دوابەشی ئەم باسەیە. پێش چوونە ناو باسەکەوە دوو تەوەرەی گرنگ پێویستە ئاماژەیان پێبکرێت. یەکەمیان: بەهۆی لاوازی بزووتنەوەی چینایەتی کرێکار و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و حزبەکانیەوە، هەموو مەسائیلە سیاسی یە گرینگەکانی کۆمەڵگا کە ڕوومان تێدەکات، تەواوی کۆسپ و گرێوگۆڵەکانی کۆمۆنیزم جارێکی دیکە دێنێتەوە ژیر زەڕەبین و باسەوە… باسەکانی جەنگی دژی تیرۆر، جەنگ لە موسڵ ، وە باسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابوردوودا لە نێو بزووتنەوەکەماندا جێگای گفتوگۆ و چەلنجی گرینگ بوون… بۆ نموونە ئێستا داعش لە موسڵ ڕزگاری بووە “نەک موسڵ ڕزگار کراوە” لەمبارەوە ئایا ئاوڕدانەوەیەک پێویست نیە لە سیاسەتە ڕەسمیەکانی نێو ئەم بزووتنەوەیە؟!. بۆ باسی سەربەخۆیی لە ڕوانگەی منەوە کۆسپی سەرەکی ئەوەنیە ، کە باسێکی گەرممان هەیە و هەڵوێستی جیاواز هەیە، بەڵکو باسی سەرەکی و ناوەرۆکی ئەم باسە لە بناغەوە هەڵدەگەڕیتەوە بۆ لاوازی بزووتنەوە و حزبی ئێمە لە کوردوستان، هەڵدەگەرێتەوە بۆ نەبوونی سیاسەت و ئیستراتیژ و قیبلە نمای کۆمۆنیستی. سیاسەتی دژی تیرۆرمان چی لێکرد؟! ئەی هەنگاوەکانی جەنگی موسڵ کوان؟! بەهەرحاڵ تا ئەم مەسائیلانە لە ڕوانگەی کۆمۆنستیەوە وەڵام وەرنەگرنەوە.. هەزار ڕیفراندۆم بێت و بڕاوت، لەگەڵی بین یان نا، ئێمە لاواز تر دەبین.

دووەمیان: ئەگەر چی باسی سەرەکی لە ڕوانگەی کۆمۆنیستی یەوە و ئەوەندەی پەیوەندی هەبێت بە “مافی دیاریکردنی چارەنوسەوە” لە هەر قۆناغ و سەردەمێکی سەرمایەداری و ئێستاشی لە گەڵدا بێت، تەنها و تەنها لەڕوانگەی بەرژەوندییە جیهانیەکانی چینی کرێکارو بەهێزکردنی خەباتی ئەم چینە لە ئاستی ئەو ووڵاتە دیاریکراوەدا بڕیاری لێ دەدرێت. بەڵام لێرەدا من ناچارم کە ئەو تەوەر و تێز و گۆشانە کە ڕۆشنایی دەخەنە سەر ئەم باسە بخەمە بەردەست، ئەگەرچی بە کورتیش بێت. تێزو تەوەرەکانی کە پەیوەندیان هەیە بەم باسەوە یان لە نێو بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری و کۆمۆنیستی بەگشتی وەک خالێکی پۆزەتیڤ باس دەکرێن بە قازانجی جیابونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی. بابەتەکانی: وەک دەوڵەت و ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەسەریدا هاتوە، ئاڵوگۆرە سیاسیەکان و قۆناغی ئینتقالی کە ئەم خاڵەیان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە لێکدانەوەی کۆنکرێت لە هەلومەرجی دیاریکراودا، ئاڕاستەی سەرمایە ئەوەندەی پەیوەندی هەبێت بە پێکهێنانی دەوڵەتەوە بەگشتی لەم هەلومەرجەدا، مەنسوری حیکمەتی ساڵی 1995 و تا مەنسور حیکمەتی 2017. هەروەها چەند باسێکی تری پێویست بۆ زیاتر ڕۆشنکردنەوەی هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەندیان بەم باسەوە هەیە.

دەستپێک

پایەیەکی سەرەکی لێکدانەوەی کۆمۆنیستی بۆ پرسێکی دیاریکراو، هەلومەرج و قۆناغی دیاریکراوی مێژوویی یە. بە بێ هەلومەرجی دیاریکراوی مێژوویی، پرس و بابەت و قەزییە و ڕووداوەکان مانای خۆیان لەدەست دەدەن. هیچ پرس و باسێک لە دەرەوەی مێژوو، واتە لە دەرەوەی کات و شوێنی دیاریکراو مانای نیە. بەڵام مێژوو، وە قۆناغی دیاریکراوی مێژویی دۆگم و وەستاو نیە، وەکو ئاووی ڕوبارێک هەمیشە لە نائارامیدایە، هەمیشە کەفوکوڵیەتی و دەڕوات و لە هەندێ جێگا مەنگ دەبێتەوە، دوایی خوڕ. مێژوو وە تێڕوانینی مارکسیستی بۆ مێژوو لەم ڕوانگەیەوە، واتە لەڕوانگەی یاسای بزووتنەوەی خۆیەوە، کە هەمیشە لە گۆڕاندایە سەرنج دەدرێت. بە تایبەت هەلومەرجێک کە سەرمایەداری جیهانی لەگەڵیدا دەرگیرە مێژوویەکی ئینتقالی گەلێک ئاڵۆزە. کەواتە بۆ مارکسیست و هێزێکی مارکسیستی، چی پێویستە؟! یان پێویستە سەبارەت بەم باسە دیاریکراوەی لە بەردەستماندایە وەک گەرمترین باسی کۆمەڵگای کوردوستان چۆن لێکدانەوەی خۆمان دەست پێبکەین، سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی دەوڵەت لەم هەلومەرجە دیاریکراوەدا لە ئاستی جیهانی و ناوخۆیی دا؟! بەقەولی لینین وە هەروەها مەنسوری حیکمەت کە لەسەرەوە هاتوون” لەبەشی یەکەمدا”، ئەو ڕەهاییەی تیوری مارکسیستی چیە کە دەبێت لە بەرچاوی بگرین یان ئەو ئاڵوگۆڕە مێژوویانە چین کە لەماوەی 27 ساڵی ڕابوردوودا ڕوویان داوە؟! ئێمە وەک نەوەی ئەم قۆناغەی کۆمۆنیزم دەبێت چۆن سەیری ئەم هەلومەرجە مێژووییە دیاریکراوە بکەین؟! لەم بارەوە کۆلێک نوسین و بۆچوون و تیورمان لە بەردەستدایە لە مارکسەوە تا دەگاتە مەنسور حیکمەت. لینین باسی مەسەلەیەکی هێجگار گرینگ دەکات سەبارەت بە مەسەی “مافی دیاریکردنی نەتەوەکان بۆ چارەنوسی خۆیان”. ئەو لە نوسراوێکدا بەناوی “تێبینی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوەیی”، لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا پێمان دەڵێت: “سەرمایەداری لە ڕێچکەی گەشەکردنی خۆیدا، سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوەیی دوو ئاڕاستەی مێژوویی ناسیوە: یەکەمیان بووژانەوەی ژیانی نەتەوەیی و بزووتنەوە نەتەوەییەکان، خەبات دژ بە هەر چەشنە چەوسانەوەیەکی نەتەوەیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی. و دووەمیان، گەشەسەندنی هەمەلایەنەی پەیوەندی نێوان نەتەوەکان و زۆربوونی زیاتریان، و ڕووخانی بەربەستە نەتەوەییەکان، پێکهێنانی یەکێتی سەرمایەی جیهانی، و یەکبوونی ژیانی ئابوری بەشێوەیەکی گشتی، یەکبوونی سیاسەت و زانست، هتد. هەردوو ئاڕاستەکەش، یاسای جیهانین بۆ سەرمایەداری. یەکەمیان لە سەرەتای گەشەکردنیدا زاڵ بوو، وە دووەمیان سەرمایەداری گەشەکردوو ئاڕاستەگرتوو بەرەو ئاڵوگۆر بۆ کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی جیادەکاتەوە. وە بەرنامەی مارکسیەکان لە پرسی نەتەوەیی دا، هەردوو ئاڕاستەکە لە بەرچاو دەگرێت، بۆیە یەکەم بەرگری دەکات لە مافی یەکسانی نێوان نەتەوە و زمانەکان، وە لە مبارەوە هیچ ئیمتیازاتێک قبوڵناکات (وە مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان، کە دواتر باسی دەکەین)، وە دووەم بەرگری دەکات لە پرەنسیبی ئەنتەرناسیونالی و لە هەر هەلومەرجێکدا خەباتی لێبڕاوانە و توند دەکات دژ بە ژەهراوی کردنی پرۆلیتاریا بە ژەهری دەمارگیری نەتەوەیی بورژوایی.( لینین: هەلبژاردەکان بەرگی پێنجەم/ لاپەرە ٦٧/ تەئکیدەکان هی منە).

بۆ مارکسیستێک، وە بۆ هیزێکی کۆمۆنیستی مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە لە هەلومەرجی ئەمرۆدا کە تایبەتمەندیەکی هێجگار دیاریکراو و کۆنکرێتی هەیە لە بەرچاو بگرێت، کە ئەویش قۆناغی ئینتقالی مێژووە. لە چەند نوسیندا، ئەم قۆناغەم باسکردووە و لێرەدا بە ناچار، بە کورتی باسی دەکەمەوە. بۆ ئەوەی بتوانین بەقەولی لینین لەسەردەمی ئەمڕۆی سەرمایە و نیولیبرالیزمی ئەمریکی و ململانێی توندو تیژو خوێناوی لە سەر دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکە و جیهان و بەکورتی لەسەر دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی جیهانی … کە هەنگاوێکی گەورەی بڕیوە، …. ئاراستەی مەسەلەی نەتەوەیی بناسین و لێرەوە بگەینە دوا لێکدانەوەی مەنسوری حیکمەت لەسەر ئەم باسە کە مەسەلەی سەرەکی ئەو باسی “قەزییە” یە واتە مەسەلەی نەتەوەیی تا ئاستی مەسەلەی کۆمەڵایەتی گەورە و داخ، بەرزبووبێتەوە. لە دوای ئەوە ئاڵوگۆڕەکانی 27 ساڵی ڕابوردوو بە کورتی ئاماژە پێبدەین و بزانین چ کاریگەریەکیان هەیە لەسەر ئەو تیۆرو تێڕوانینانەی مەنسوری حیکمەت و بە دیاریکراویش لە پەیوەند بەم باسەوە. هەموو ئەمانە پێویستن بۆ هێزێکی کۆمۆنیستی وە بۆ کەسێکی کۆمۆنیست چ جا بگات بە ڕابەری کۆمۆنیستی. پێویستن، بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی کۆنکریت وەڵام بە ڕیفراندۆمی پارتی و دەوڵەتەکەی بدەینەوە، وەڵام بە باسێکی گەرم بدەینەوە کە چەلەنجێکی کۆمەڵایەتی فراوانی دروستکردووە لە ئاستی کۆمەڵایەتی و هێزە سیاسیەکان، بە جیاواز لە بیرکردنەوە و سیاسەتیان. هەروەها لەئاستی ووڵاتانی زلهیزو ناوچەکەدا. ئەمانە پێویستن بۆ ئەوەی کرێکار و بزووتنەوەی چینایەتی کرێکار و پاشان خەڵکی کوردوستان، لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە ڕاستیەکانیان پێ بووترێت و ناوەرۆکی ڕاستەقینەی سیاسەتی بورژوایی کورد لەمبارەوە ئاشکرا و پووچەڵ بکەینەوە. پێویستن بۆ ئەوەی کرێکاران و ڕابەرانی ئەم چینە و خەلكی ئازادیخواز سیاسەتێکی کۆمۆنیستی دروست ببینن بۆ ئەوەی بتوانن بیکەنە ڕێنیشاندەری خۆیان لە خەباتیاندا دژی ناسیونالیزم و ‌‌هێزە ناسیونالسیتیەکان و دژی ناسنامەی نەتەوەیی و خودی پێکهاتەی نەتەوە کە پێدەچێت هێشتا لە تەمومژی ئەمەی دووایی رزگارمان نەبووبێت، یان هەڵگری ڤایرۆسەکەی بین و تاو ناتاوێک لەرزوتاکەی لە نێو بزووتنەوە و حزبەکانی ئێمەشدا بڵاوبێتەوە.

ئاڕاستەی ئەمرۆی سەرمایە

سەرمایە ئەمڕۆ لە هەموو ئاستەکانی دا بە هەموو پێوانەیەک گلۆباڵە. گلۆباڵە نەک ئەوەی کە گوایا سەرمایەداری وەک سیستەمێک تازە جیهانی بۆتەوە. نا، ئەوە لە مێژە کۆتایی هاتووە. باسی گلۆباڵی سەرمایە لە مڕۆدا لە ئاستی ئابوری دا، لە چڕبوونەوەی سەرمایە و مۆنۆپۆڵکردنی کەرتە جیاوازەکانی ئابورییە لە دەستی چەند ملیاردێرێکدا وە لە کۆمپانیا جیهانیەکاندا دەردەکەوێت، کە بانکەکان و کاری وەبەرهێنان و، بازرگانی و پێشەسازی جیاوازو گواستنەوە لە نێو یەک کۆمپانیادا بەرجەستە دەبێتەوەو لە بەکاربردنی تەکنۆلۆژیای های تیک High Technology لە بوارەکانی خزمەتگوزاری و کاروباری بانکی و کاری بۆرسە و پەیوەندییە نیوخۆی و جیهانیەکانیدا، خۆی نیشان دەدات. ئەم جەستەیە سنوری نیە و یەک یاسای هەیە ئەویش دواکەوتنی قازانج و کاری هەرزانە. ئایدۆلۆژی ئەم ‌جەستەیە، ئایدۆلۆژی بازاڕە، کە پشتی بەستوە بە هێزی سەربازی. دەوڵەت، ناوچەی ئارام و ئاسایش ئەگەر چی گرینگن بۆ ئەم جەستانە، بەڵام کاری خۆی لەسەر ئەم زەمینانە ڕاناگرێت، دوای قازانج دەکەوێت. واتە ئەو تێزەی قۆناغی ڕابوردوو وە بەتایبەت لە جەنگی ساردا باو بوو کە سەرمایە وەبەرهێنان ناکات ئەگەر ناوچەیەکی ئارام و ئاسایش نەبێت، یان سەرخانی ئابورییەکەی لە باری فەرهەنگ و مافەوە جووت نەبێت لەگەل سەرمایەی جیهانی دا کە زیاتر مەبەست سەرمایەی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی بوو. ئەم تێزە بەسەر چووە. بە جیا لەوەی کە دەوڵەتێک یان حکومەتێک چی دەڵێت لەمبارانەوە، بەڵام جەستەی سەرەکی سەرمایە لەم قۆناغەیدا خۆی بەهیچ یەک لەو پرەنسیب و تێزانەوە نابەستێتەوە. سەرمایە و سەرمایەداری، پرەنسیبی نیە جگە لە قازانج. بۆ سەرمایە ئیتر ناوچەی ئەمن و ئارام بۆ وەبەرهێنان، بۆتە مێژوو وە بەسەرچووە. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو ئەوەی کە ناوچەیەک یان ووڵاتێک ئارام و ئاسایش نیە خۆی بۆتە زەمینەی زیاتر وەبەرهێنانی سەرمایە لایەنی کەم لەئاستی تەکنولوجیا و پیشەسازی ئەمنیەت و سەربازی دا. لەم هەلومەرجە دیاریکراوەی ئەزمەی قوڵی سەرمایەداری و ئەم قۆناغە سەختەی کە سەرمایەو سەرمایەداری پێیدا تێپەڕ دەبێت، و لەسایەی نەبونی ئاسایش و ئارامی لە ئاستی جیهانیدا، لە جەنگەکانەوە بگرە، تا کاری تیرۆریستی، کەشو هەوای نائەمن…دەبیینین کە وەبەرهێنان لە مەیدانی پیشەسازی ئەمنی و تەکنۆلۆجیای زانیاری و چەک چەند بار چۆتە سەرەوە. لە تەکنۆلۆجیای چاودێری و کۆنترۆلی فڕۆکەخانەکانەوە، تا دەگاتە چاودێری سەرشەقام و تونێل و وێستگەکانی شەمەندەنەفەر و میترۆ، وە تا دەگاتە فرۆشتنی چەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان…لە کێشەی فەلەسەتین ئیسڕائیلەوە بگرە تا دەگاتە فراونبوونەوەی هێزە تیرۆریستەکان و کارەکانیان وە جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست… مەسەلەی ئەمنیەت و پیشەسازی ئەم مەیدانەی کردۆتە دیاردە و ئابورییەکی پیش مەرج بۆ هەر ووڵاتێک. لایەنێکی دیکە ئەوەیە ئەمرۆ سوپا وهێزە ئەمنیەکان دەکڕدرێن وەک هەر کاڵایەکی دیکە، بۆیە سەرمایەداری گەورە ئەو کاڵایانە دەکڕێت بەهۆی کۆمپانیە ئەمنی و سەربازییەکانەوە ئەمنیەت بۆ کۆمپانیاکەی دابین دەکات. ئەمڕۆ بڵاوبوونەوە و کاری ئەم کۆمپانیا ئەمنی وسەربازییانە نەک لە ئەوروپا و ئەمریکا، بەڵکو لە عێراق و کوردوستان و ووڵاتانی کەندا و دەبینین.

لە لایەکی دیکەوە سەرمایەی گلۆباڵی ئەمڕۆ لە کاری سندوقی پول و بانکی جیهانی و لە چڕبوونەوەی کەڵەکەی سەرمایە لە دەستی چەند کەسێکدا دەردەکەوێت لە ئاستی جیهانیدا، کە ئەمەی دواییان شێوازی کارو شێوەی دەسەڵاتی بورژوازی لە ئاستی حوکمڕانیدا دەگۆرێت و گۆڕیویەتی و بەتەواوی سیما و خەسڵەتی چینایەتی دەوڵەت و ملیاردێرەکان نیشان دەدات وە دەبێت نیشانی بدات. وە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی دیموکراسی و پەرلەمانتاریزم و مافی مرۆڤ و یەکسانی یاسایی… کە بەگشتی وەک فەرهەنگی بورژوایی ڕۆژئاوا باسدەکرا، هەمووی ئاشکرا بووە و ناوەرۆکی پووچیان دەرکەوتووە. وە ئێستا بە شێوەیەکی ڕۆشن دەیبینین. پێوانەکانی بەهای کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی “غەربی” و ئەوانە نەک باویان نەماوە لە ئاستی جیهانیدا بەڵکو ‌لە نێو ئەوروپادا هێرشی توندیان لەسەرە.
سەرمایە لە ئاستی گلۆباڵدا لەمڕۆدا، واتە بەکۆنکرێتی لە هەلومەرجی ئێستادا کە خۆی هەلومەرجێکی ئینتقالیە، یەک سیاسەتی جیهانی هەیە لە باری ڕێخستنی بازاڕ و، لیبرالیەت و پڕیڤاتیزەیشن و تەقەشوفەوە، کە ڕووی لە ئاراستەو قیبلە نومای سەرمایەیە لەم هەلومەرجەدا، کە چڕبوونەوە و مۆنۆپۆڵکردنی زیاتری سەرمایە وە سیستەمی سەرمایەداریە لە دەستی ملیاردیرەکاندا، واتە نەک تەنها ئابوری بەڵکو لەگەڵیدا دەسەڵاتداری ڕاستەوخۆ. بەمانایەکی دیکە ئەلگۆی ترامب ئەمڕۆ ئەو ئەڵگۆیەیە کە سەرمایە پیویستی پێی هەیە، واتە نەک تەنها لە ڕێگای نوێنەری سیاسی یەوە، بەڵکو نوێنەری سیاسی و نوێنەری ئابوری سەرمایە بەرەو یەکبون دەڕوات. لە جیاتی بلێرو تاتشەرو… ملیاردێرەکان پێویستە جێگایان بگرنەوە. بەڵام ئەم ئاڕاستەیە بەتایبەت لە ئەوروپادا ماوەی پێویستە. لە کوردوستانی عێراق و تا ڕادەیەک لە عێراقدا ئەم پڕۆسێسە تەواو بووە و دەسەڵات و ملیاردێرەکان لە یەکبونێکی تەواو دان، واتە ملیاردێرەکان خۆیان دەسەڵاتدار و حوکمڕانی دەکەن.
یاسای گشتی وەک یاسایەک کە کار دەکات، هەژارکردنی چینی کرێکار و زۆربەی زۆری خەڵكە لە ئاستی جیهانیدا. سەرمایە لەمڕۆدا تەنها ڕووی لە هەژارکردنی ووڵاتانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپریالستی نیە لە ڕێگای کاری هەرزانەوە، بەڵکو لەوە واوەتر چەقی بەستۆتە سەر هەژارکردنی کرێکارانی ئەوروپا و ئەمریکا.
ئەم تەوەرەیە وەڵامێکە بۆ پەیوەندی پێکهێنانی دەوڵەت لە سەر دەستی بورژوایی لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا. لەسەر دەستی بورژوایی هیج دەوڵەتیک ناتوانێت هیچ کێشەیەکی کرێکار و خەڵک بەگشتی چارەسەر بکات. هیچ هێزو بزووتنەوەیەکی بورژوایی نەماوە وە نیە، کە دەوڵەتێک پێک بهێنێت بە دژ بە ئاراستەی سەرمایە لەم هەلومەرجە دیاریکراوەدا.

هەلومەرجی ئینتقالی

ئاڕاستەی سەرمایە کە لەسەرەوە باسکرا لە جەرگەی ململانێ و گرفتی توندی سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی، لە نێوان جەمسەرە گەورەکانی سەرمایەدا دەچێتە پێشەوە و لە جەرگەی ئەزمەیەکی قوڵی ئابوری و قۆناغێکی ئینتقالی دا. گرفتی سەرەکی ئەم قۆناغە دیاریکراوەی ئێمە، گرفتی یەکلایکردنەوەی سیستەمی نوێی جیهانی سەرمایەیە، جیهانێکی چەند جەمسەری “کە بە بڕوای من ئەم ڕەوتە دەستیپێکردوە و بە واقعی ئێستا ئێمە لە قۆناغی دونیای چەند جەمسەریداین” یان مانەوەی تاک جەمسەری بە ڕابەری ئەمریکا ، کە ئەمریکا تا ئێستا سەرەڕای پاشەکشە و لاوازبوونی ئابورییەکەی لە چاو پێشوودا، بەڵام لە هەوڵی مانەوەی خۆیدایە لەو پێگەیەدا، یان لایەنی کەم پێگەی یەکەمی ئابوری لە دەست نەدات بۆ وولاتی چین. لەم قۆناغە ئینتقالیەدا مێژوو یاسای جوڵانەوەی تایبەت بە خۆی هەیە و لە زۆر ڕووەوە لە قۆناغی ئاسایی و نۆرماڵی سەرمایەداری ناچێت. پێگەی سیاسەت هێجگار دێتە پێشەوە و دەبێتە دەستپێکی گشت دەوڵەت و ‌هێزە سیاسیەکان. یاسا جیهانیەکان یان ڕێکەوتنە جیهانیەکان، لە شوێنی خۆیان نامێنن. هەر لایەک یان هەر زلهێز و ووڵاتێک دەیەوێت بە قازانجی خۆی دووبارە پێناسەی بکاتەوە یان بە تەواوی بیگۆڕێت یان بیخاتە لاوە. وەڵامی سیاسی توند و تیژ و تا ڕادەی جەنگ جێگای خۆی دەدات بە چارەسەر لە ڕێگای گفتوگۆو دیبلوماسیەوە. لەم قۆناغە دا زەمینەی ڕوودانی جەنگی جیهانی هەرچی زیاتر بەهێزتر دەبێت.
ئەگەر وەک گریمانەیەک لە قۆناغی ئاسایی “موتەعارف” دا هێزێک یان ووڵاتێکی سەرمایەداری هەبێت، باسی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی بکات و لۆکەڵی یان ناوچەیی بتوانێت چارەسەریان بکات، ئەوا لەم قۆناغەدا هیچ هێزێکی بورژوازی لە ئاستی دونیادا نیە کە سیاسەت و ئاڕاستەی سیاسی بەرژوەندی خۆی جووت نەبێت یان جووتی نەکات لە گەڵ جەمسەرە بەهێزەکانی سەرمایەدا. هەموو کێشەیەکی بچووک لە ئاستی دونیادا جیهانی دەبێتەوە.
ئەم تەوەرەیە وەک بناغەی باسێک بۆ تێگەیستنی کۆنکرێت و دیاریکراو لە ئاڵوگۆڕەکانی ئەم سەردەمە کە لە خوارەوە دیت پێویستە. بە بێ ناسینی ئەم سەردەمە، ناتوانین لێکدانەوەی سیاسی دروست بکەین: بۆ ئاڵوگۆرەکانی ئەم قۆناغە وجیگۆرکێی هێز هاوسەنگی خێرای نێوان هێزو ووڵاتەکان، هەروەها گۆرێنی هەلوێستی سیاسی دەوڵەت و هێزە بورژواییەکان …

دەوڵەت و سۆڤەرێنتی

پۆینتێکی دیکەی پێویست، لە باری سیاسی یەوە ئاڕاستەی ئەمرۆی سەرمایە بە ناچار سۆڤەرێنتی “سیادە” دەوڵەت ناهێلێت یان بەرەو ئەوە دەڕوات و لەمبارەوە چارێکی نیە. سۆڤەرێنتی نامێنێت بەڵام سنوری دەمێنێت، وە دەیانەوێت سنوری تازە دروست بکەن. ئەمە یەکێک لە گەورەترین کۆسپەکانی بەردەم ووڵاتانی جیهانە، بەتایبەتی ووڵاتانی زلهێز. بۆیە باسی سۆڤەرێنتی بە شێوەیەکی گشتی گۆڕاوە بۆ باسی دەسەڵات، باسی هێز. دەسەڵاتی هەیە بەڵام سۆڤەرێنتی نیە بەسەر ووڵاتەکەیدا. زۆربەی زۆری ووڵاتانی دونیا لەم چوارچێوەیەدا جێگایان دەبێتەوە. کاتێک بانک یان سندوقی پولی جیهانی مەرجەکانیان دەسەپێنن بەسەر ووڵاتاندا لە پەیوەند بە قەرزەوە، ئەوە مانای ئەوەیە کە ئەو ووڵاتە دەسەڵاتی هەیە، بەڵام سۆڤەرێنتی تەواوی نیە بەپێی چەمکی پێشووی دەوڵەت، کە هەموو کەس پێی وایە، یان پێی وابووە کە دەوڵەت مانای “سیادەیە”. ئەمە ئەگەر واز لە ووڵاتانی وەک سوریا و عێراق ولیبیا و سۆماڵ و مالی و ئەفغانستان و ئۆکرانیا و جۆرجیاو یەمەن و… چەندین ووڵاتی بچوک بهێنین، کە نەک سوڤەرێنتیان نیە بەڵکو دەسەڵاتیشیان بەرتەسکە لە نێو ووڵاتەکەی خۆیاندا، کە ناونراون ” دەوڵەتی فاشل”. وە ووڵاتانی زلهێزیش لە ڕێگای ڕێککەوتنامە نێونەتەوەییەکان لە پەیوەند بە بازرگانی و ژینگە و کۆچ و …. بەگشتی لە ڕێگای بازاڕەوە، هەرگیز ناتوانین بڵێین کە بەتەواوی سۆڤەرێنتیان پارێزراوە.
ئەم تەوەرە وەڵام بەو تێگەیشتنە نادروستە دەداتەوە کە گوایا ئەگەر دەوڵەت پێک بێت لە کوردوستان ئەوە میلیشیا نامێنێت، یان زۆنی سەوزو زەرد نامێنێت. لە خوارەوە زیاتر ڕۆشن دەبێتەوە.

سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی لەم قۆناغەدا
سیاسەتێکی ناسیۆنالیستییە

ئەم باسە کورتەی سەرەوە، کە دەکرێ باسی دیکەی سەبارەت بە سیاسەت و فەرهەنگ و پێوانە ئینسانی و ئەخلاقیەکان بۆ زیاد بکەین لە پەیوەند بە سەربەخۆیی کوردوستانەوە، هەم پێویستە وە هەم ئەوەندە بەسە بۆ ڕۆشنکردنەوەی باسەکەمان. کەواتە هەموو ئەم باسانە پەیوەندی چی یە بە “مەسەلەی سەربەخۆیی یەوە” لە کوردوستان؟! ئایا ئاڕاستەی سەرمایە لەم هەلومەرجە دیاریکراوەدا شتێکی دیکەی جیاواز دەخاتە سەر باسەکانی مارکس وە لینین یان مەنسور حیکمەت. لەم بارەوە گەلێک پرسیارگەلی دیکە دێتە پێشەوە بەتایبەت ئەگەر باسی مەنسورحیکمەت وەک دوا باسێکی گونجاوی مارکسیستی لەم بارەوە لە قەڵەم بدەین. 22 ساڵ لەمەوبەر باسەکەی مەنسور نوسراوە، ئەوکات جیهانی سەرمایەداری بە کام قۆناغی خۆیدا تێپەر دەبوو، وە ئێستا چۆنە؟! ئایا ئاڵوگۆرە گەورەکانی ئەم دوو دەیە کامانەن کە کاریگەری دەکەنە سەر ئەم باسەی ئێمە و پەیوندییان هەیە پێوەی؟! وە ئایا کاریگەری دەخەنە سەر باسی “مەسەلەی نەتەوەیی” یان “مافی دیاریکردنی چارەنوس” و “سەربەخۆیی” لە کوردوستانی عێراق… ؟! هەروەها ئایا پەیوەندی نێوان “نەتەوە” و ” ناسنامەی نەتەوەیی” و هەروەها پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزم و نەتەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە لە کوردوستاندا؟! لەم چوارچێوەیەدا پۆینتی کۆنکریت و دیاریکراو لە باری مێژوویی یەوە چیە کە ئێمە ناچار دەکات هەڵوێستە و تێڕامانێکی زیاتر بکەین لەم هەلومەرجەدا بۆ مەسەلەی سەربەخۆیی کوردوستانی عیراق؟!
باسی “ميلله‌ت ‏و ناسيوناليزم‏ و به‌رنامه‌ى كۆمۆنيزمى كرێكاریی” مەنسور حیکمەت، باسێکی تیوری سیاسی چڕووپڕە لە پەیوەند بە کێشەی نەتەوەیی و”مافی دیاریکردنی چارەنوس” کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ درکی ڕۆشن نیشان دەدات لە تێگەیشتنی هەلومەرجی ئەوکاتەی سەرمایە و سەرمایەداری و جێگا و ڕیگای سەربەخۆیی و جیابوونەوە و پێكهاتنی ووڵاتی نەتەوەیی بۆ سەرمایە لە ئاستی جیهانیدا. لەم ڕوانگەیەوە دەگاتە دوالێکدانەوەکانی خۆی کە بەگشتی ڕۆشنە و هەموو کەس دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆی بەتایبەت تێگەیشتن لە باسی سەربەخۆیی و پێشنیازی جیابوونەوەی کوردوستانی عێراق کە ووتارێکی تایبەتە، بەبێ ئەم باسەی قابیلی تێگەیشتن نیە، یان درکێکی ناتەواو دەدات بە دەستەوە.

سەربەخۆیی ئەمڕۆ دژە سەربەخۆیی مەنسور حیکمەت

پایەی سەرەکی باسی مەنسور حیکمەت وەک لینین و مارکس، بەهێزکردنی بزووتنەوەی چینایەتی کرێکارە. کۆنکرێتە، باسی تەکتیکی کۆمۆنیستیە، باسی بەهێزکردنی کۆمۆنیزمە لە کوردوستان و ناوچەکەدا، باسی گۆڕینی هێزی سێهەمە بۆ یەکەم، باسی گۆرینی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئەوکاتە بۆ هێزێکی سیاسی بەهێز و بەتوانا. باسی لاوازکردنی ناسیونالیزم و دەسەڵاتەکەیەتی. باسی هەنگاوی یەکەمە ڕووەو شۆڕشی کرێکاری … دیارە ئەم تاکتیکە پایەی هەیە: پایەکەی ڕۆشنە یەکەم: ستەمی نەتەوەیی لەسەر خەڵکی کوردوستان، لە سایەی حکومەتی بورژوای قەومی بەعس… دووەم: هەڵواسراوی کوردوستان وەک ناوچەیەکی جوگرافیایی کە بەشێک نیە لە دەوڵەتی عێراق وە سەربەخۆش نیە لێی. ئەمە پایەی کۆمەڵایەتی تەکتیکی سەربەخۆیی مەنسور حیکمەتە. تاکتیکی کۆمۆنیستی پێویستی بە پێگەی کۆمەڵایەتی و بابەتی خۆی هەیە. مەنسور ئەم دوو پایەیە لەو هەلومەرجەدا ڕۆشن دەکاتەوە و دەگاتە ئەوەی کە ئەمرۆ”1995″ سەربەخۆیی بۆ کوردوستان لە ڕێگای ڕیفراندۆمەوە، باشترین و کارسازترین هەنگاو و تاکتیکی کۆمۆنیستی یە، بۆ بە هێزکردنی کۆمۆنیزم و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی. مەنسور حیکمەت ” سەربەخۆیی” وەک یەکەم هەنگاو دانانێت بەڵکو وەک دوا هەنگاو و بە ناچاری پەنای بۆ دەبات لە پێناو گەشەی کۆمۆنیزمدا. باسی مەنسور ئەگەر باسی گۆرینی هێزی سێهەم بۆ یەکەمی لێدەربکێشێت، نامێنێت، یان ئیتر باسی ئەو نیە، بەڵکو باسێکی دیکەیە کە سەربەخۆیی خوازە. پەیوەندی نامێنیت نە بە مەنسور حیکمەتەوە ونە بە ساڵی 1995 وە. مەنسور حیکمەت بەبێ بوونی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی وەک ‌هێزی سێهەم وە لە هەمانکاتدا و بە پێچەوانەی ئێستاوە، سیاسەتێک بوو کە ڕاستەوخۆ یەخەی ‌هێزەکانی ناسیونالێزمی دەسەلاتداری کوردی دەگرت و دەیهێنانە خوارەوە، بەبێ ئەو واقعیەتە و پایە کۆمەڵایەتیەکانی، لە ڕوانگەی مارکسستیەوە تاکتیکی سەربەخۆیی پێشنیاز نەدەکرد. ئەو لە سەرەتا و کۆتایی باسەکەیدا، جەخت لە تاکتیکی کۆمۆنیستی دەکاتەوە دەنوسێت: “ئه‌مڕۆ له‌ كوردستانى عێراقدا قسه‌ له‌ زه‌رووره‌تى سه‌رهه‌ڵدانى هێزیكى سێهه‌م ئه‌كرێت(ئەوە سەرەتای وتارەکەی)….(لێرەوە بڕگەی کۆتایی وتارەکەیەتی) من خۆم نه‌ك وه‌كو ئه‌حكامێكى دۆگم ‏و بێ مرونه‌ت به‌ڵكو وه‌كو خستنه‌ڕوويه‌كى سه‌ره‌تايى ڕێبازێكى تاكتيكيى گرنگ له‌ عێراقدا ده‌ڕوانمه‌ ئه‌م تێزانه‌ كه‌ ده‌بێ له ‌درێژه‌ى قسه‌وباسه‌كاندا وورد و قووڵ بكرێته‌وه‌”.(لە پێناو داکۆکیکردن لە خواستی سەربەخۆیی کوردستانی عێراقدا/ سەعید ئەحمەد وەرگیڕاوەتە سەر زمانی کوردی/ هەردوو کەوانەکانی ناوەوە هی منە). بەجیا لەوە سەرنجی کۆی باسەکە و بڕگەکانی بدەین بە ڕۆشنی مەنسور پێمان دەڵیت ئەم باسەی باسی تەکتیکی کۆمۆنیستی یە. سەرنج بدەینە بڕگەکانی وەک” ئایا خواستی سەربەخۆیی خواستێکی ناسیونالستی نییە؟”، وە “”ئايا كوردستانى سه‌ربه‌خۆ ناكه‌وێته‌ ده‌ستى حزبه‌ ناسيوناليسته‌كان؟”….

ئەمڕۆ لەم قۆناغەدا ئەگەر واز لە تەواوی ئاڵوگۆڕەکانی دیکە بهێنین، لە هاوین و پایزی 2017دا، هیچ پایەیەک لەو پایانەی مەنسور حیکمەت بوونی نەماوە. ستەمی نەتەوەیی نەک نەماوە بەڵکو ئەوە دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد و لە باری فەرهەنگ وجیهانبینیشەوە ئەوە نەتەوەی کورد و ئەو هەستەیە کە لە کەرکوک و خانەقین و ناوچەکانی دەورووبەری جەلەولا و شوێنەکانی دیکە عەرەب زمان و تورکمان زمانەکان دەچەوسێنیتەوە، داد و هاواریانە. ڕوخاندنی گوندە عەرەب و تورکمان نشینەکان و دەربەدەرکردنی خەڵکەکەی لە دەوروبەری موسڵ و ناوچەکانی کەرکوک کە لە راپۆرتەکانی هیومان ڕایتس ۆچ دا باسی ڕوخان و کاولكردنی 21 گوند دەکات کە 17 یان لە دەوروبەری کەرکوکو ئەوی تر لە دەوروبەری موسڵ، بەجیا لەوەی کە خەڵکی ئەو ناوچانە باسی دەکەن. ئەمە تەنها نمونەیەکە لە کار وسیاتەکانی ناسیونالیزمی کورد سەربارەت بە پاکتاوکردنی نەتەوەیی.

بەجیا لەوە پێکەوە لکانەوەی کوردوستان بە عێراقەوە، ئەمجارە لە دەستوری عێراق و لە ڕێگای ڕیفراندۆمی گشتی خەڵکی عێراقەوە تۆمارکراوە. عێراق ووڵاتێکی” فیدراڵە!” ناسیونالیزمی کورد بەشی شێری وەرگرتووە لە دەسەلات و لە بودجە و لە نەوت. وە ئەمە مانای ئەوەیە کە پایەی دووەم کە “هەڵواسراوی جوگرافیای سیاسی کوردوستانە” بە شێوەیەکی بنبڕ نەماوە و کوردوستان بەشێکە لە عێراق ،وە تازە وە ئەمجارە بە زۆر نا، بەڵکو لە ڕیگای ڕیفراندۆمی دەستور و هەوڵی ناسیونالیزمی کوردەوە. ئەوە دووپایەی تەکتیکی مەنسور حیکمەت کە نەماوە و کەس ناتوانێت لەسەر مانەوەیان قسەیەک بکات.

دەمێنێتەوە سەر پۆینتی سەرەکی، وە ناوەرۆکی باسی مەنسور ئەویش “گۆرینی هێزی سێهەمە بۆ ‌هێزی یەکەم” ئەم زەمینە و پایە گرینگە بە داخەوە نەماوە و زۆر چۆتە دواوە. بەمانایەک ئێمە ‌هیزێکی کۆمۆنیستیمان نیە “باس لە جەستەی تەشکیلاتی نیە” تا باس لە گۆرینی بکەین بۆ هێزی یەکەم. لە چوارچێوەی ئەم هەلومەرجە و سیاسەتی ریفراندۆمی پارتی دا، لیکدانەوەو بۆچونی بەهێزکردنی حزب لەم ڕیگایەوە، هەڵەیەکی کوشندەی سیاسی یە و برەو بە ناسیونالیزم دەدات، لە ڕیگای پاشکۆکردنی کۆمۆنیزمەوە بە هێزێکی ناسیونالیستی.
ئەگەر ئەمساڵ ٢٠١٧ ئەو رێفراندۆمە لە جیاتی پارتی ، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی پێشنیازی بکردایە، هێزی هەبوایە کە دەتوانێت لایەنی کەم بیکاتە هێزیکی کۆمەڵایەتی، ئەنجامەکەی هەر چۆنێک بوایە ئەوکات باسەکە بەتەواوی دەگۆرا. نە لە بەر ئەوەی هەموو باسەکە ئەوەیە کە ئەوە هیزێکی کۆمۆنیستی یە، بەڵکو لە بەرئەوەیە کە ئەو هەنگاوە “لەو بارەدا” ڕاستەوخۆ لە بەرانبەر سیاسەتەکانی ئەمریکا و ووڵاتانی زلهێزی سەرمایەدا دەوەستا، وە لە بەرئەوەش کە مژدەی ژیانێکی باشتری دەدا بە کرێکار و خەڵكی کوردوستان، وە لە بەرئەوەی دەبووە هۆی گێڕانەوەی ئیرادە بۆ کرێکارو خەڵکی ستەم دیدە و ڕێخراوبوونی زیاتریان بە دەوری ئاڵای کۆمۆنیزم و حزبەکەیدا، وە دەبووە هۆی لاوازبونی ناسیونالیزم و دەسەڵاتەکەی هەروەک چۆن مەنسور ئەوکات جەخت دەکاتە سەری. وە هەروەها سەرکەوتن یا بەهێزبونی بزووتنەوەی چینایەتی کرێکار لە هەر جێگایەک دەبێتە هۆی هێزگرتنی ئەم چینە لە ئاستی ناوچەیی و ئەنتەر ناشیونالستی دا. بەم مانایە من ئەوکات بە دە پەنجە واژۆم دەکرد و لە ڕیزی پێشەوەی ئەو خەباتەدا دەبووم. بەڵام بە داخەوە ئەمرۆ هەموو ئەو هیوایانە بە پێچەوانەوە دژ بە کرێکار و خەڵکی کوردوستان دەشکێتەوەو دواکەوتنی ناسیونالیزمی کوردە بە شێوەیەکی پراتیکی.

نەبوونی ستەمی نەتەوەیی و مانەوەی کێشەی نەتەوەیی

مەسەلەیەکی دیکە هێشتا ماوە ئەویش پرسیارگەلێکن، کە پەیوندە بە “كێشەی نەتەوەیی” یەوە. ئایا ئەم کێشەیە ماوە یان نا؟ ئەگەر ماوە چۆن دەردەکەوێت و ئایا سەربەخۆیی “پارتی” چارەسەری دەکات؟!. باسی سەرەکی یان ناوەرۆکی کێشەی نەتەوەیی هەر ستەمی نەتەوەیی نیە ئەگەر چی بۆ ئێمە بۆ کۆمۆنیستەکان مەسەلەی سەرەکی لە پەیوەند بە سەربەخۆیی یەوە تەنها “ستەمی نەتەوەییە” لەمبارەوە مەنسور دەڵیت”كليلێكى سه‌ره‌كى له‌باسى كومۆنيستى له‌باره‌ى مه‌سه‌له‌ى ميللی يه‌وه‌، سته‌مى ميللی يه‌” (هەمان سەرچاوە). هەروەک ئاماژەمان پێکرد ستەمی نەتەوەیی نەماوە، بەڵام هێشتا پرسیار گەلێک کە زیاتر پەیوەندی هەیە بە بەرژوەندیە دژ بەیەکەکانی نێوان ناسیونالیزمی کوردو عەرەب و هەروەها پەیوەندی هەیە بە مانەوەی “نەتەوە” و “هەستی نەتەوەیی یە”وە. بەشێك لەم پرسیارانە پێش هەر لایەن و کەسێک یەخەی کۆمۆنیستەکان خۆمان دەگرێتەوە. چیمان کردووە بۆ ئەوەی “نەتەوە” وە هەستی نەتەوەیی وەکو سۆزو پراتیکێک تا ئاستی موقەدەس ناکام بکەینەوە؟ چیمان کردووە کە ناسنامەی نەتەوەیی بێ ئوتۆریتە بکەین لە جیاتی ئەوە ناسنامەی چینایەتی و ئینسانی جێبخەین. چیمان کردووە لەمبارانەوە؟! پێم وابێت کەم یان هیچ. ئەمە مەسەلەیەکی هێجگار گرینگە بۆ هەر ئینسانێکی کۆمۆنیست چ جا بگات بە هێزو ڕابەرێکی کۆمۆنیستی. هەڵوێستی لینین لەم بارەوە نموونەی ڕابەریکی سەرسەختی پراتیستی و ئەنتەر ناسیوناڵە و مەنسور حیکمەت بەشێک لە باسەکەی بۆ ئەم مەسەلە گرینگە تەرخانکردووە.

لەم بارەوە پێگەی ئێمە و حزبەکانمان دیار نیە، نە لە عێراق وە نە لە کوردوستان. ئەمە کۆسپی گەورەیە بۆ ئێمە. باسی من ئەوە نیە کە بەکاری ئێمە دەبوایە ئەم مەسەلەیە یان ئەم کێشەیە نەمایە، نا. دەزانم تاکو دامەزراندنی کۆمەڵگای سوشیالستی بەرژوەندییە جیاوازەکانی ناسیونالیزمی نەتەوە جیاوازەکان و ” ئەم هەست وکێشەیە” دەمێنێت. بەڵکو باس ئەوەیە کە پراتیکی ئێمە لەم مەیدانەدا دیار نیە و لەم مەیدانە گرینگەدا ئامادەنین. خەڵكی کوردوستان و ئەوانەی کە نەفرەت لە حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی دەکەن، شانازی بە کوردبوونەوە دەکەن، ئەمە کۆسپیکی گەورەیە. ئەو باسەی کە دەڵی ئەم ڕیفراندۆمە، ڕیفراندۆمی پارتی نیە هەروەک پارتی خۆی ڕەواجی پێ دەدات بەشێکە لەم دیدگایە. چۆن ڕیفراندۆمی 1995 خاوەنەکەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بوو، وە تائێستا باسدەکرێت و لە هەموو بەیان و نوسینەکاندا هەیە، بەهەمان شێوە خاوەنی ئەم ڕیفراندۆمە وڕابەرەکەی بارزانی و پارتی یە. بزووتنەوە و سیاسەتێک وە پێشنیازێک کە کراوە، وە ‌هێزێک کە ڕابەری دەکات پارتی و بارزانی یە، بەجیا لەوەی کە لەبەشی یەکەمی ئەم باسەدا باسمان کردوە. ئیتر مانای چی یە بۆ ئەو کۆمۆنیستانەی کە دەڵێن ڕیفراندۆم بۆ پارتی نیە و هی پارتی نیە ؟! و مانای چی یە بەشداری دەکەین و فشار دەخەینە سەر پارتی و ئەنجامەکەی بە قازانجی خەڵک دەگۆڕین؟! ئەم پرسیارەی دواییان هی ئەو ‌هێزو کۆمۆنیستانەن کە ڕاڕان و گومانیان هەیە لە جێبەجیکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم. زاڵبوونی ئەو دیدگایە لە نێو ڕیزەکانی ئێمەدا کوشندەیە. لە سەرو بەندی هێرشەکانی داعش بۆسەر کۆبانی ئێمە دەرگیر بووینەوە لەگەڵ ئەم دیدگا و هەستەدا تا ڕادەی ئەوەی کە لە نێو بزووتنەوەکەی ئێمەدا، ئامادەبوونی ژنانی جەنگاوەر و ئازا لە گەڵ یەدەپەدا ناسیونالیزم بوونی ئەم هێزەی لێ شاردبوونەوە. ئەمڕۆ ئاڵوگۆرەکە بە مانا لۆکەلیەکەشی نزیکترە لە مالێ خۆمان بۆیە کاریگەری ناسیونالیزمەکەشی بەهێزترە بەتایبەت کە ئێستا هەلومەرجی دوای شەڕی داعشە بە مانا سەربازییەکەی، بەم پێیە ئاڵوگۆرەکان گەورەترن و کاریگەریان زیاتر دەبێت. لیرەدا ئەگەر ئەو بڕگەیەی مەنسور باسبکەینەوە تەواوی ئەو باسەی ئەو پێچەوانەوە دەبێتەوە. بڕگەکانی “ئایا خواستی سەربەخۆیی خواستێکی ناسیونالستی نی یە؟”، وە “ئايا كوردستانى سه‌ربه‌خۆ ناكه‌وێته‌ ده‌ستى حزبه‌ ناسيوناليسته‌كان”. ئێستا و لەم هەلومەرجەدا خواستی سەربەخۆیی جگە لە خواستی ناسیونالیستی شتێکی دیکە نیە، چونکە نەک زەمینەی بەهێزبوونی بزووتنەوەی چینایەتی ناڕەخسێنێت و کرانەوە و شەفاف بوونی زیاتری ئەم خەباتەی تێدا بەدی ناکرێت، بەڵکو کێشەکان قووڵتر دەبنەوە بەتایبەت کە وەڵامی پرسیارەکەی دیکەی مەنسور ئەوەیە کە بەڵێ کوردوستانی سەربەخۆ وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە کە دەکەوێتە دەسی ناسیونالیزم و پارتی دیموکراتی کوردوستان بە سەرکردایەتی کاک مەسعود بارزانی.

با بزانین “کێشەی نەتەوەیی” ماوە؟! بەڵێ. زۆریش بە خەستی و بە فراوانی ماوە و دەمێنێت. یەکەم ئەمە چ پەیوەندی هەیە بە باسی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییەوە؟!. دووەم: ئەوە بەرژەوەندییە جیاوازەکانی ناسیونالیزمی عەرەب و کوردە و، پڕوپاگەندەی شۆفێنیزمی عەرەبی و شۆفینیزمی کوردیی یە و تا ئەم هێزانە لەسەر کاربن هەر دەمێنیت. بە تایبەت لەمڕۆدا پارتی زۆر لەمبارەوە پڕوپاگەندە دەکات، بەڵام خەڵکی کوردوستان بە خۆپیشاندانەکانیان لە دژی بڕینی موچە و کارەبا و خواستی دامەزراندن… نیشانیاندا کە ئەم پڕوپاگەندانە پووچن. هەر بۆیە ڕووی ناڕەزایەتیان لە بەغدا نەبوو بەڵکو دژ بە دەسەڵاتی پارتی بوو بە تایبەت. سەربەخۆیی و جیابونەوەی کوردوستان هیچ پەیوەندی نیە بە باسی مان و نەمانی ئەم کێشەیەوە. لە ڕوانگەی منەوە بە گریمانەی ئەوەی کە کوردوستان جیادەبێتەوە پارتی باڵادەستە و بارزانی ڕابەریەتی. ئەوکات وە بەپێی پێشنیازی خودی بارزانی وپارتی کێشەکان گەورەتر دەبن. ئەو دوای ڕیفراندۆم جیابوونەوە ڕاناگەیەنێت، بەڵکو دانوسان دەکات هەروەک خۆی دەڵێت. بە جیا لەوە ئەوکات دەوڵەتی کوردی ڕۆشن نیە کە چوار شارە؛ سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە، دهۆک. یان کەرکوک و شوینەکانی دیکەشی لەگەڵە. سەرەڕای بڕیاری بارزانی کە ڕیفراندۆم ئەو ناوچانەش دەگەرێتەوە، بەلام هەرگیز ئەوە ڕوون نیە تا ئێستا ڕیفراندۆم لە کەرکوک و خانەقین و دوز…. ئەو ناوچانە لە هەمانکاتدا بکرێت. وە من پێم وایە لەو ناوچانەدا ناکرێت. گریمانە ئەوەیە کە بارزانی ئەم ڕیفراندۆمە دوا دەخات بۆ ماوەیەکی دیکە یان نادیار. بەجیا لەوانە ئەی کێشەکانی ئاوو ڕیژەی ئاو کە هەرئێستا کۆسپێکە لە نێوان ووڵاتانی ناوچەکەدا… مەبەستم ئەوەیە باسێکی لەو چەشنە کە گوایا دوای دەوڵەتی کوردی” کێشەی نەتەوەیی” نامێنێت لە خەیالیش کەمترە.

بەجیا لەوەی کە لەو ناوچانە دەکرێت یان نا. بارزانی بۆ ڕاگەیاندنی مەملەکەتەکەی دانوسان دەکات لە گەڵ ئەمریکا و روسیا و ئۆردوگان و خامنەئی و بەغداو …. کەواتە کێشەکە ماوە. ئەگەر ئەو ووڵاتانە ووتیان نا؟! کە ووتویانە، ئەو کات چی دەبێت؟!. کۆمۆنیستەکان وەڵامیان چی دەبێت؟! چۆن وەلام بە خەڵک دەدەنەوە لە پرسیاری دەنگەکانمان چی لێهات؟!. کەواتە، نەک هەر کێشەکە ماوە بەڵکو دەگاتە لوتکەی بەرزبوونەوەی کێشەی نەتەوەیی و قوڵبوونەوەی هەستی نەتەوەیی. ئەوکات ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک هێز بەرەوڕووین، کەتەنها زمانی گفتوگۆ و شارستانی نازانن: حەشدی شەعبی، پێشمەرگە، حەشدی عەشائیری ، سوپای عێراق، هێزە‌کانی دژە تیرۆری هەردوولا، ئەمە جگە لە سوپای تورکیا و حەرەسی سەوری ئیران و بەرژەوەندیی یە جیاجیاکانی روسیا و ئەمریکا. ئەمە ئەگەر واز لەوە بهێنین کە کاک مەسعود ئەو دەنگانەی ڕیفراندۆمی بۆچی بوو؟ لە بەشی یەکەمی ئەم باسەدا باسی ئەمەمان کردووە. بەڕۆشنی وتومانە کە ڕیفراندۆم لە میکانیزمێکەوە گۆراوە بۆ سیاسەت، واتە خۆی سیاسەتە.

بە جیا لەوانە وەک واقعیەتێکی کۆمەڵایەتی و گەورە. گریمان ئەوەش نابێت. بارزانی بە قودرەتی قادر ئەو کێشانە چارەسەر دەکات و بێ دەردی سەر دەوڵەت ڕادەگەیەنێت و دڵی ئەو ووڵاتانە ڕازی دەکات. بەڵام کەی وە لەکوێ دەوڵەت و سەربەخۆیی ئەم کێشەیەی چارەسەر کردوەو؟! دەیان کێشە لە دونیای ئەمرۆدا لە نێوان دەوڵەتەکاندا ماوە لەسەر سنور و ئەم پارچە زەوی و ئەو لەتە شاخ و ئەم شاخە بەفرینە و ئەو چاڵە نەوت و گازە، ئەو کانی ئەلماس و یۆرانیوم و… سعودیە لەگەڵ هەموو ووڵاتانی دەوروبەریدا کێشەی هەیە، تازە لەم ماوەیەدا، کێشەی دوو جەزیرەیان (تیران و صەنافیر) لەگەڵ میسردا تاوتۆێکردووە. عێراق و ئێران، ئێران و ئیمارات، روسیاو ئێران لە دەریای قەزوین، تورکیا و سوریا و تورکیا و عیراق، ئوکرانیا و ڕوسیا، ئازرباینجان و ئەرمینیا، ئەرجەنتین و بەریتانیا، سودان و باشوری سودان کە نمونەیەکی زۆر تازەیە و کێشەکان گەورەتر بوون، ئێستاش ختوکەی مێرکل و ماکرون بدەیت لە سەر سنوری فەرەنسا وئەلمانیا دەیکەنەوە بە هەرا… سنوری نیشتمان هەمیشە سنوری دەسەڵات بووە، بەپێی توانا و دەسەلاتی زیاتری دەوڵەتی نەتەوەیەک سنورەکەی زیاتر دەبێت. سەرنج لە ئیسڕائیل و ئەو سنورە بدەن کە دیاریکراوە بە پێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتوەکان. تەنها وە تەنها سۆشیالیزم ئەویش لە قۆناغە گەشەسەندوەکانیدا کۆتایی بەم کێشانە دەهێنیت. بەشێکی سەرەکی ئەمکارە، کاڵکردنەوە و بە ناکام هێشتنەوەی کاریگەری ڕوانگە و جیهانبینی “نەتەوەیە” وەک یەک جەستەی موقەدەس. خود بە خود وەلانان و ڕووخاندنی دەسەڵاتە نەتەوەییەکان ئەمکارە فەراهەم ناکات، ئەگەرچی کاریگەری گەورەی هەیە لە بەئەنجام گەیاندنی ئەم ئاراستە و ئامانجەدا.

بۆیە بەو گریمانەیە، ئەوکات دوای ئەوەی کە بارزانی دەوڵەتەکەی ڕادەگەیەنێت ، ئەوکات کێشەی کەرکوک و خانەقین و شەنگال و جەلەولا و دەوربەری تکریت وەکو شارەکانی توز خورماتوو داقوق، کێشەی ڕێڕەوی بۆری یە نەوت و گازەکان سەرهەڵئەدا… کە کۆتایی نایەت و لەو نێوەشدا جەنگ لە سەر پای نەعرەتە و ڕق و کینەی نەتەوەیی حەتمیە. لەسەر سنوری کوردوستان و عێراقی عەرەبستان، شەڕ و کێشە نەتەوەییەکان بەردەوامە.

دامەزراندنی دەوڵەت و نەمانی میلیشیا یان نەمانی زۆنی سەوزو زەرد

دەوڵەت وەک هەر دیاردەو فۆنکسیونیکی کۆمەڵایەتی دیکەی مێژوو گۆڕانی بەسەردا هاتووە. دەوڵەتی ئەمرۆ دەولەتی جاران نەماوە. بەسادەیی دەوڵەت لەم قۆناغەدا ناتوانێ سنورەکانی دابخات لەبەرامبەر وەبەرهێنانی سەرمایەی دەرەوەدا. ناتوانێت گوێڕایەڵی ڕێنوێنی و ئەوامری بانکی جیهانی نەکات….. باسی دەوڵەت و سنوری دەسەڵاتی دەوڵەتێک لەم قۆناغەدا جیاوازییەکی فراوانی هەیە لەگەڵ سەردەمی جەنگی سارددا. سنوری دەسەڵات و بواری بە پراتیک دەرهێنانی دەسەلاتی دەوڵەتیک و خودی دەوڵەتەکە لەم هەلومەرجە دیاریکراوەدا” ئینتقالی” پەیوەندی هەیە بە ململانێی سیاسی توندی نێوان جەمسەرە گەورەکانی سەرمایەوە لە ئاستی جیهانیدا. ئەمڕۆ ئاراستەی سەرمایە لە پێشەوە سیاسەت دەیبڕینێتەوە و لە مەیدانی جەنگدا دیاریدەکرێت، بۆ ئەوەی دواتر سەرمایەی ئەو جەمسەرە سودی خۆی ببینێت.
دەوڵەتی کوردی ئەگەر پێک بێت لەم قۆناغە دیاریکراوەدا بە ڕابەری بارزانی، بڕیار نیە هیچ کێشەیەک چارەسەر بکات بۆ خەڵکی کوردستان وە عێراق، بە پێجەوانەوە کێشەکان قوڵتر وە توندتر دەکاتەوە، ئەوە نیە بارزانی بە ئاشکرا دەلێت” خەلكی کوردوستان ئامادەن لەم پێناوەدا لە برسا بمرن” ئەمە تەنها لایەنێکی ئەو کۆسپانەیە و لە ئیستاوە ڕێگا خۆش دەکات بۆ یاسایکردنی هەژاری و بڕینی موچە و بێکاری لە دەوڵەتەکەی دا. لەسەر ئەم ڕاگەیاندنەی بارزانی حزبی ئێمە بەیانێکی نەبوو لە کوردوستان، کە تەنها ئەوە کافیە بۆ ئەوەی لە پرۆسەیەکی ئاوهادا بەشداری نەکەین. پێدەچێت وەک لینین و مەنسورو مارکس لەم مەیدانەدا بیر نەکرێتەوە، سەربەخۆیی لە هەموو مافێک گرینگتر بێت، هەم تاکتیک و هەم ئیستراتیژ بێ. وادیارە سەربەخۆیی بەشێوەیەک بەری چاوی کۆمۆنیستەکانی گرتووە، کە “لە برسا مردنی خەڵک” بۆیان نابێتە مەسەلە لە چاو تەقدیسی سەربەخۆیی بارزانی دا.
گریمان دەوڵەت پێکهات و ئێمە لە نێو دەوڵەتی کوردی دا دەژین!. ئایا ئەم دەوڵەتە، کێشەی مانەوەی میلیشیا چارەسەر دەکات؟! ئایا هێزەکانی خۆیان یەکگرتوو دەکەن؟ ئایا ئەوکات خەڵکی کوردوستان لە بەرانبەر سوپایەکی دەوڵەتی دا دەبێت؟! وە ئایا زۆنی سەوز و زەرد نامێنێت و سنورەکەی دەسڕدرێتەوە؟! ئایا بە گشتی دەوڵەتێکی کوردی کە لەم سەردەمەدا پێک بێت ئەمە سیاسەت و پراتیکیەتی؟! وەڵامی هەمویان نەفی یە. چونکە لەم هەلومەرجەدا پێکهێنانی دەوڵەت پەیوەندی بەو بابەتانەوە نیە. خۆ ئەگەر پەیوەندیشی هەبێت ، تۆ بلێی یەکگرتووی سوپاو یەکێتی هێزەکانی بورژوایی بوبێتە خواستێکی کۆمۆنیستی؟!!

دەوڵەت بڕیار نیە ئەو کۆسپانەی بەردەم بورژوای کورد چارەسەر بکات. دەڵێم کۆسپی بورژوای کورد، چونکە بە تەجروبە لەماوەی ٢٧ ساڵی دەسەڵاتدارێتی ناسیونالێزمی کورد دا بەڕۆشنی دەرکەوتووە کە یەکگرتووبوون و یەک حکومەتی ئەوان یان کێشە و شەڕی ئەوان، هەر دووکیان نەهامەتیە بۆ خەڵکی کوردوستان. تێگەیشتن لەمە زۆر سادەیە بیر کردنەوەیەکی ناوێت. پاشان دەوڵەتی ئەم سەردەمە، سەردەمی گلۆبالی سەرمایەداری کوا ئەو ئەرکانە دەکاتە ئەرکی دەوڵەت، واتە ئەو دەوڵەتانەی کە تازە پێکهاتوون یان پێکدێن. سەیری لوبنان بکەن کە چەندین دەیەیە دەوڵەتە لەوێ هێشتا ملیشیای حزب اللە چەند جار لە سوپای دەوڵەتەکەی بەهێزترە. لە سۆمال بەهەمان شێوە، لە لیبیا، لە سوریا لە یەمەن، لە ئەفغانستان، لە ئۆکرانیا، لە نێو خودی ئێراندا، کە سەدان ساڵە دەوڵەتە و خاوەنی مێژوویەکی دێرینە لە دەوڵەتداری… بە پێچەوانەوە ئەمرۆ وە لەم قۆناغەو سەردەمەی سەرمایەدا لە ووڵاتانێک کە پێکدێت مانەوەی میلیشاکان و تەنانەت پێکهێنانی میلیشای تازە لە کەناری سوپاوە بۆتە مۆدێلیکی باو. ئەوەی کە دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی شیعەی لە عێراق ڕزگار کرد و ئەوەی زیاتر ڕۆلی هەبوو لە پاکردنەوەی تا ئێستای داعش هێزەکانی حەشدی شەعبی بوو. “سوپای نیشتمان” ی وەک چەمکێک بە حوکمی گەشەی سەرمایە هەروەک لەسەرەوە بە کورتی باسکراوە، ڕۆلی جارانی نەماوە و پێگەی گۆڕاوە، سنوری نیشتمانێک کە موقەدەس نەبێت، سەرمایە ئیتر بە پێویستی نەزانێ کە موقەدەس بێت. وە هەموو ڕۆژێک لە لایەن سەرمایەی جیهانی یەوە، ئەتک بکرێت و ببەزێنرێت، ئیتر سوپا ڕۆڵی جارانی نامێنێت. بەتایبەت خودی سوپا ئەمرۆ لەم هەلومەرجەدا و لەم سەردەمەدا کە دەمێکە دەستی پێکردووە، وردە وردە پریڤایتی دەکەنەوە. سەرمایەداری وە سیستەمێک بەو ئاستەی کە دەسەڵاتی چڕ دەبێتەوە لە دەستی چەند میلیاردێرێکدا و بواری یاریکردنی دیموکراسیەکەی کەم دەبێتەوە، زیاتر ئاڕاستەی پریڤایتی سوپا وەردەگرێت. سەرنج بدەینە سوپاکەی “ئیرک دین برنس” کە وەک ملیاردێریکی ئەمریکی بەرێوەبەری سوپایەکی گەورەی وەک ” بلاک ۆتەر” بوو زۆر لایەنمان بۆ ڕۆشن دەبێتەوە. لە کوردوستان هەر لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کارکردنی کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجەدا، ‌پاراستنی ئەمنیەکەی سپێردرا بە هێزی پریڤایت نەک ‌هێزە ئەمنیەکانی یەکێتی و پارتی. باسی ئەم پڕۆسیسە بۆ بورژوای گەورەی دونیا مەسەلەیەکی گرینگە، بەڵام باسی ناوەکەی نیە، بەلكو باسی عەقیدەی سوپایە. سوپای ئەمریکی یان عێراقی یان کوردوستانی هەر هەمان ناوی دەبێت بەلام پەیوەندی نامێنێت بە عەقیدەی “نیشتمانی یەکگرتووەوە”. ئەم باسە باسێکی تایبەتە، لێرەدا ‌هێندە بەسە و بەشێکی وەک تەجروبە دەرکەوتوە.

بۆ بورژوای کورد مەسەلەکە ئەوەنیە کە هێزەکانی پێشمەرگە یەکگرتوو بێت لە سوپایەکی نیشتمانی کوردوستانی دا، بەڵکو باسی هێزێکی ملیشاییە کە سەرمایەی سەرمایەداران بپارێزێت، سەرمایەدارانی دەرەوە و ناوخۆ، و پاسەوانی سیستەمی خاوەندارێتی بورژوایی کورد بکات نەک لە ‌هێرشی دەرەکی بەڵکو لە خەڵکی کوردوستان. وە تاکو ناوی پێشمەرگە بمێنێت، مانای ئەوەیە میلیشیاکان ماون. لە کوردوستان سیستەمی پریڤایتی سوپا و چڕبوونەوەی سەرمایە لەدەستی سەرمایەدارانی خاوەن دەسەڵاتدا زۆر زیاتر پێش ئەمریکا کەوتووە، لیبرالیزمی کوردی، وە تەنها لە مەیدانی بازاڕدا لیبڕالێکی چالاکە، و لەسەر دەستی بارزانی هەنگاوی هێجگار گەورەی بڕیوە کە ووڵاتانی دیکە بە چەندی ساڵی دیکە نایگەنێ. لەمبارەوە و لە باسی یاساییەکەیەوە، سەرنج بدەنە یاسای وەبەرهێنانی هەرێم. هەر دەسەڵاتدارێکی ملیاردیر”کە بەناوی خۆیانەوە نیە” سوپایەک پارێزگاری دەکات! باخەکانیان بۆ حەوانەوەی خۆیان و خێزانەکانیان دەیان دۆنم زەوی یە و باشترین دار و ئاژەڵەکانی دونیایان بۆ هێناوە، ئەمە بە تەنها بە گەندەڵی ناکرێت ئەمە شێوازی بەڕێوەبردنی سەرمایەیە لە کوردوستانی عێراقدا. بۆ کوردوستان دەبێت ئەوەش لە بەرچاو بگرین کە سوپا ناتوانێت سنورەکەی بپارێزێت لەبەرانبەر ئێران یان تورکیا و عێراق، بۆیە هەر پێویستی نیە و گریمانەی سەرەکی ئەوەیە کە سوپای ئەمریکی بەکرێ دەگرێت بۆ پارێزگاری چاڵە نەوت و غازەکان. “بنکە ئەمریکیەکان” کە تا ئێستا 17 دانەیە ئەمکارە دەکەن وە هەر ئیستا کاری وا دەکەن، جگە لە کارەکانی دیکەیان. ئەوەنیە ئەمریکا دوو دەیە زیاترە، سعودیە و کوەیت و قەتەر و بەحرەین دەپارێزێت.

بۆیە مەسەلەی بورژوایی کورد و دەسەڵاتەکەی، لە مەڕ یەکگرتنەوەی هێزەکانی هەفتاو هەشتای یەکێتی وپارتی یان یەکگرتنەوەی ‌هێزەکانی پێشمەرگە جگە لە وڕکردن و چەپاندن و گێژکردنی خەڵک هیچی دیکە نیە، ئەگەر نا یەکگرتنەوەی دوو ‌هێز 12 ساڵی بۆچییە؟!!. دوای دەوڵەتیش بەهەمان شێوە ئەوە ئەرکی “سوپای کوردی نیە” کە سوپا نابێت، دەوڵەتەکەی بارزانی بپارێزێت بەڵکو ئەوە هێزەکانی ئەمریکایە و بە گریمانەی گەورە هێزی پریڤایتی ئەمریکی دەبێت ئەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ.
زۆنی سەوز و زەرد، سنوری یەکێتی و پارتی، لە ڕاستی دا نەماوە، ئەوە نیە، یەکێتی و پارتی نەوت وغازی کوردوستان وەک برا دەخۆن و نیوە زیاتری سەرکردایەتی خۆشیان ئاگاداری ئەملاولاکەی نین، بۆیە زۆنی سەوز و زەرد لە خولیای سایکۆلۆژی خەڵکدا ڕاگیراوە و میدیای ئازادی “نا ئازادی” کوردوستان ئەم خولیا و مانەوەیە دەمەزەرد و تازە دەکاتەوە. ئەگەر نا نەوتی کەرکوک و تەقەتەق و کانی شۆک و گەرمیان و… کە هەمووی سنوری دەسەڵاتی یەکێتی یە چۆن دەڕواتە تورکیا و چۆ پارتی دەیفرۆشێت؟!!مەسەلەی مانەوەی ئەم دوو زۆنە، وەک گرێیەکی سایکۆلۆجی کە ئەنجامی شەڕی ناوخۆیە، ماوەتەوە. مانەوەی ” کە نەماوە” کراوەتە خواستێک و هەرگیز لای ئەم دەسەڵاتەوە وەڵام وەرناگرێتەوە.

ئاڵوگۆڕە گەورەکان لەم سەردەمەدا

مەنسور حیکمەت کە باسەکەی دەنوسێ، بەڕاستی جیهانێکی دیکە بوو. جیهانێک کە تازە “کۆمۆنیزم” نێژرا بوو. ئەمریکا دەسەڵاتی یەکەم و بێ بەرابەری دونیا بوو. نەک هەر ئەوە بەڵکو هیچ ووڵاتێک ئیدعای نەبوو کە شان بدات لە شانی ئەمریکا. ووڵاتی چین دەستی بە هەنگاوەکانی کردبوو، بەڵام نە ئیدعایەکی هەبوو، وە نە توانای ئابوری لە ئاستی هێزی یەکەم و دووەمدا بوو. ووڵاتی چین لەسەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە دێتە ناو زلهیزە ئابورییەکانەوە و ساڵی 2003 دەگاتە ‌هێزی‌ شەشەمی ئابوری بە پێوانەی کۆی گشتی بەرهەمی نێوخۆیی . ڕوسیا ئەوکات غەرقی شەڕ و گەندەڵی و داڕوخان بوو لە هەموو بوارەکاندا، لیبرالیزمی نوێی ئەمریکی بەتەواوی کلۆری کردبوو، لە ڕاستیدا هەر قاوغ بوو.

لە هەموو ئەوانە گرینگتر بۆ ئەم باسە، بوونی حکومەتی بەعس بوو وەک حکومەت و دەوڵەتێکی ناسیونالیزمی عەرەب، وەک یاسا و دەستورێکی قەومی عەرەبی شۆڤێنی. ئەم حکومەت و دەوڵەتە ١٥ ساڵە ڕووخاوە. ئەمریکا ئێستا خۆشی ئیدعا و کبریائی ساڵی 1995 ی نەماوە و چەندین هێز لە بەرانبەریدا سەریان بەرزکردۆتەوە. لە چینی ئابوری گەورەوە بگرە تا دەگاتە ڕوسیای ئەتۆمی و ساروخی و ئەلمانیای تەکنۆلۆجی و ڕابەری ئەوروپا، لایەنی کەم ئەم سێ هێزە بەرجەستە ودیارن، لەو لای دیکەشەوە لە بەرانبەر هەموو دەستەکەوتە جیهانیەکانی ئەمریکا و رۆژئاوادا بەرانبەری تازە پێکهاتوون لە بریکسەوە تاکو سندوقی گەشەپێدانی ئابورییەکەی، کەچین ڕابەری دەکات و لە بەرانبەر بانکی جیهانی ڕؤژئاوادایە.. لە سوریا و عیراق و یەمەن و لیبیا و میسر و جەزائیر و فەنزویل او ئۆکرانیا و کۆریا …. ڕوسیا ئامادەییەکی گەورەی هەیە لە بەرانبەر ئەمریکادا. ئەوکات ئێرانی ساروخی و ئەتۆمیمان نەبوو. ئەوکات ئێرانمان نەبوو کە وەک ئەختەبوت پەلی هاویشتبێتە نێو هەموو ووڵاتانی ناوچەکەوە. ئاڵوگۆرەکان هێجگار فراوانن و بەوەندە واز دەهێنین.

بەلام ئەم ئاڵوگۆڕانە کە گەورەترن لە ئاڵوگۆرەکانی دوای ساڵی ١٩٩٠، پەیوەندیان چیە بە باسەکەمانەوە؟ بە جیا لە باسی سەرەوە لە پەیوەند بە بزووتنەوەی خۆمان و بوونی ئامادەیی یەکی سیاسی بەرچاو سەرەڕای ئەوەی کە ‌هێزێکی سیاسی نەبووین” وەک ‌هێزی سێهەم یان وەک ‌هێزێکی فشاری دیار و بەرچاو. بەجیا لەم باسە. ئەوکات ئەمریکا بکوژو ببڕی دونیا خۆی بوو، بۆ هەنگاو و پیادەکردنی سیاسەتەکانی لەو کاتانەدا پێویست نەبوو دڵی ووڵاتانی دیکە ڕازی بکات. دەوڵەتی کوردی بارزانی لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکی ناتوانێت دەرچێت. بۆیە ئەوکات ئاسانتر ئەم کارە دەچووە سەر، واتە پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی. ئەوکات تورکیا بەتەواوی لە ژێر ڕکێفی ئەمریکی دا بوو وە یەدەپەی سوریا نەبوو. ئەوکات ئێران تازە لە جەنگی عێراق هاتبووە دەرەوە و توانای ئابوری و سەربازی و ساروخی و پێگەی لە ئاستی ناوچەکەدا هێجگار لاوازبوو، حزباللە ‌هیج نەبوو لە چاو ئێستادا و حەشدی شەعبی و حۆسیەکان نەبوون و… ئەگەر چی مەنسور باسی ئەم پۆینتەی بەم شێوەیە نەکردووە لە باسەکەیدا، بەڵام ئەم لێکدانەوەیە لە باسەکەیدا ڕۆشنە. بەڵام ئەم باسە ڕێگری و کۆسپەکانی بورژوازی لە بەردەم دەوڵەتدا ڕۆشن دەکاتەوە، ئایا پەیوەندی هەیە بە باسی ئێمەوە؟!. پەیوەندییەکەی ئەوەیە کە سنوری گرفت و کۆسپەکانی بەردەم پێکهێنانی دەوڵەتمان بۆ ڕۆشن دەکاتەوە.

لە ڕووی بابەتیەوە و لەچوارچێوەی بوار و کەلێنی نێوان وولاتانی زلهێزو کێشەکانیاندا، ئەمڕۆ ڕێگرییەکان لە بەردەم پێکهینانی دەوڵەت لە کوردوستان هێجگار گەورەتر و فراوانترن لە چاو ساڵی 1995دا. بەتایبەت کە باس لە قۆناغی ئینتقالی دەکەین، قۆناغێک کە شەڕە لە سەر دووبارە دابەشکردنەوەی دونیا و ناوچەکە و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەم نێوەدا پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی کە لە لایەن بورژوای کوردەوە ڕابەری دەکرێت ڕاستەوخۆ لە چوارچێوەی بەرنامەی ئەمریکادا بوو، وە هەیە. لە بەرنامەی ئەمریکادا بوو کە لە پاڵ دەوڵەتێکی داعشی سوننی دا، دەوڵەتێکی کوردی بوونی هەبێت. دەوڵەتێکی سوننی کە سنوری عێراق ببەزێنێت و تێکەڵ بە سوریای بکات. ئەمە ناوەرۆکی پڕۆژەی داعش بوو. ئەمریکا ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەسەر ئەم سیاسەتەی ماوە و هەوڵی بۆ دەدات، لە ڕوانگەی منەوە شکست خواردووە. وە دوای “ڕوخاندن و کاولکردنی موسڵ و رزگار بونی داعش” تیایدا، بڕیارە دووبارە نەخشەی سیاسی عێراق و ناوچەکە پێناسە بکرێتەوە.

ئەم سیاسەتەی بارزانی و ڕیفراندۆمەکەی لەم چوارچێوەیەدا قابیلی تێگەیشتنە. وە لەم چوارچێوەیەدا بارزانی دەیەوێت دەوڵەتەکەی پێکبهێنێت، کە وەک پایەیەکی سیاسی و سەربازی و وزەی ئەمریکی لە ناوچەکەدا پێناسە بکرێت. بەتایبەت ئەمریکا جگە لە ئیسڕائیل هاوپەیمانێک و بنکەی بەهێزی لە ناوچەکەدا نەماوە. بەمانایەکی دیکە لەم هەلومەرجەدا سیاسەتی پێکهێنانی دەوڵەت بڕیارە لە چوارچێوەی دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکەدا بەڕابەری ئەمریکا پێک بێت. بەڵام لە بەرانبەر ئەم سیاسەتەدا، جەمسەرەکانی دیکەو هێزە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی دیکە سەریان بەرزکردۆتەوە و لە بەرانبەریدا وەستاون. هەموو جەمسەرەکان بورژوای کۆنەپەرستن و شەڕیانە لەسەر بەشی خۆیان. کۆمۆنیزم ناتوانێت لایەنگری جەمسەرێک بکات یان سیاسەتی یەکێک لەم جەمسەرانە پیادە بکات یان ببێت بەهۆی بەهێز بوونی لایەنێکیان.

پەیوەندی نێوان هێزەکانی ناسیونالیزم و”نەتەوە” یان خەڵکی کوردوستان

دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد، بە کورتی یەکێتی و پارتی لەماوەی 27 ساڵی دەسەڵاتدارێتیاندا، چ دەسەڵاتی یەکگرتویان وە چ دەسەلاتی زۆنەکانیان، دەسەڵاتێکی تا سەر ئێسک دژ بە ویست و خواست و هیوا و ئامانجەکانی خەڵکی کوردوستان بووە. پاش 27 ساڵ کارەبا نیە، پاش ناردنە دەرەوەی نەوتی کوردی و هاتنی چەندین کۆمپانیای وزەی جیهانی بۆ وەبەرهێنان، موچەیان بڕی. دابینکردنی کار لەلایەن حکومەتەوە هەر نەماوە و بازاڕ ئازادە. سەرکوتی لە ڕادەبەدەری ناڕازیان لە زۆنی زەرد بە تایبەت. شەری ناوخۆ و کوشتن و برینداربونی هەزارەها و وونبونی سەدانی دیکە. دزینی ئاشکرای سەرەوەت و سامانی کۆمەڵگا بەلۆری و بە تڕێلە و بە فڕۆکە. هەژاربوونی زۆربەی زۆری خەڵک و هەڵئاوسانی سەرمایەدارانێکی ملیاردێر. فراوان بوونەوەی هەژاری و بێکاری. قووڵبوونەوە و فراوانبوونەوەی دامێنی جیاوازی چینایەتی. هێنانی حوکومەتەکانی بەعس و تورکیا و ئیران بۆ نیو خۆی کوردوستان لە شەڕی ناوخۆدا. زەمینە خۆشکردن بۆ پەلامارەکانی داعش لە سالێ 2014دا.
لەبەرانبەردا خەڵک بێدەنگ نەبوون و ناڕازی بوون. لەماوەی 6 ساڵی ڕابووردوودا هەموو ناڕەزایەتیەکان ڕووی لە دەسەڵاتی هەرێم و بەتایبەت پارتی بووە. لەبەرانبەر موچەدا، بۆ کارەبا، بۆ دابینکردنی کار، بو ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین،… کەس ڕووی لە بەغدا نەبووە و کەس باوەڕی بە دەسەڵاتداران نەکردووە کە بەغدا هۆی بێ موچەیی بێت. تەنانەت 17ی شوبات کە بزووتنەوەیەکی بورژوای بوو لە باری ئاسۆ و ئامانج و پراتیک و رێخستن و ڕابەرییەوە، بەتەواوی رووی لە پارتی بوو ، دواتر یەکێتی. وە هەموو دروشم و خواستەکان دژ بە بارزانی و پارتی بوون وپاشان یەکێتی.

هەموو ئەمانە پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد “یەکێتی و پارتی” لەگەڵ خەلكی کوردوستان، لەگەڵ کرێکار و زەحمەتکێش و کەم دەرامەتەکەیدا، توشی گرفت و بێ باوەڕی کردووە. ئەمڕۆ بە شکستی پڕۆژەی گۆڕان کەش و هەواو گاپێکی گەورەی بێ بەدیلی هەیە. ئەم پۆینتە گرینگە بۆ کۆمۆنیزم، بۆ ڕێکخراوبوون، بۆ هێنانە پێشی نەوەیەکی نوێی کۆمۆنیستی کە ڕاستەوخۆ لە بەرانبەر سەرمایە و سەرمایەداری دا گەشە بکات و ڕووی لەدەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد بێت، لە سەرەتاوە، خۆی لە نەتەوە و نەتەوەسازی و هەستی نەتەوەی داماڵیبێت.
بونی ئەم پۆینتە وای کردووە کە مەسەلەی ڕیفراندۆم لە نێو خەڵکدا گەرم نەبێت، کەمتر باس بکرێت. لە شارێکی وەک کەرکوک، خەڵک دەڵین بەس نیە ئێمە کارەبا و موچەمان هەیە. ئەمە مەسەلەیەکی هێجگار گرینگە بۆ کۆمۆنیزم. وە بۆ ئەوانەی کە خواستی جیابوونەوە و سەربەخۆیی لە نان و بێکاری و موچەی خەڵک بە گرینگ تر دەزانن. ئەوە کۆمۆنیزمی قەومیە، پەیوەندی نیە نە بە مارکسەوە نە لینین وە نە مەنسور. پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد، هێجگار لاوازبووە، هێجگار شەق و شڕە و بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت لەگەڵ ساڵی 1995دا کە شەڕی ناوخۆش بوو.
ناڕەزایەتی توند و ڕق و بێزاری لە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی قوڵپ دەدات. بەڵام “نەتەوە” و “هەستی کوردبوون” هێجگار بەهێزە. لەسە ئەم بناغەیە و سوودبینین لەم واقعیەتی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکان کە لەسەرەوە باسکران، پارتی دەیەوێت بە مەسەلەی سەربەخۆیی، مێژوویەکی تازە بۆ خۆی و بۆ بارزانی دروست بکات. ناکرێت کۆمۆنیستەکان ئەم ئاراستەو سیاسەتە بەهێز بکەن. کارێکی کوشندەی سیاسی یە.

سەربەخۆیی لەم قۆناغەدا دژ بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردوستانە!

لە ئێستاوە خەڵکی کەرکوک، لە جیاتی خۆشحال بن بەوەی بچنەوە سەر هەرێمی کوردوستان، کە لایەنی کەم ئەمنیەتی باشترو ئاوەدانترە، بەڵام ترسیان لێنیشتوە کە موچەکەیان ببڕێت، و کارەبایان خراپتر بێت، ئەمە مۆتەکەیەکە دەترسن لێی. واقعیەتێک کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە نان و هەژاری و سفرەی خەڵکەوە هەیە. خەڵکی کەرکوک ئەگەر دەنگدان بێت لەو ناوچانەدا، بەپێی لۆجیکی بیرکردنەوەی ئێستایان دەنگ نادەن بە جیابوونەوە. بەڵام هەر خەڵكی نێو شاری کەرکوک نیە، چەندین شارۆچکەی دیکە دەگرێتەوە. باسی ڕیفراندۆم لە هیچ ناوچەیەکی کوردوستان تائێستا گەرم نیە. لە ناوچەی سلێمانی و دەورووبەری خەڵک باوەڕیان پێناکات، لە کاتێکدا کە دوومانگ و چەند ڕۆژیکی ماوە بۆ دەنگدان. نەک هەر ئەوەندە لە سلێمانی ریفراندۆم بووە بە جێگای گاڵتە پێکردن و نوکتە بازی پێی دەلێن” ڕیفە”. نوسەری تەنزلێدەرو کاریکاتیرستی ناسراو. دکتۆر شیرکۆ عەبدوللە دەنوسێ “پرسیار: كەمپین كردن بۆ ڕاپرسییەكە حەڵاڵە یان حەرام؟ . وەڵام: ئەگەر بۆ گەوجاندنی جەماوەربێ‌ جیهادی عەینییە، بەڵام ئەگەر هەقیقەتی مەبەست بێ‌ ئەوا لە (زیناكردن) بەم مانگی رەمەزانە حەرامترە.(ڕاپرسی و میدیا/ پێگەی میدیای یەکێتی نیشتمانی کوردوستان.)
بێ باوەڕی بە پارتی لەئاستی هەرە فراوانیدایە و ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆیان. خەڵکی کوردوستان، بەتایبەت شارو گوندە سەرسنورییەکان، لە حاجی هۆمەرانەوە بگرە تا قەلادزەو ڕانیەوە پێنجوین و خانەقین… ترسێکی گەورەیان لێنیشتووە لە بەرپاکردنی شەڕو هێرشی ئێران…
باسی ئەوەی کە ئەم سیاسەتە لەم هەلومەرجەدا دژ بە هیوای خەڵکی کوردوستانە، لە واقعیەتی نێو خۆی کوردوستان گەورەترە. بەڵام نەهامەتی و کێشەو گرفتەکان ڕووی لە خەڵکی کوردوستان و عێراقە.
مەسەلە سەرەکیەکان ئەوانەن:
یەکەم: کیشە نەتەوەیی و بەرژەوەندی یە جیاوازە نەتەوەییەکان نەک هەر دەمێنێت بەڵکو چەند بار زیاد دەکات بەتایبەت لەم هەلومەرجە ئینتقالیەدا. هەلومەرجێکی ناجێگیر و ئاڵوگۆر بەخش بەشێوەی خێرا و تاو ناتاو و کتوپڕ. لەمبارەوە نموونە هێجگار فراوانە لە هاتنی داعشەوە بگرە تا دەگاتە کیشەی نێوان قەتەر و ووڵاتانی کەندا و میسر. مەسەلەکە ئەوەیە کە بە گریمانی بەدیهاتنی سەربەخۆیی و پیادەکردنی ڕیفراندۆم زۆر بابەتی جێناکۆک لە شوێنی خۆی دەمێنیت. ناوچە کورد نشینەکان یان ئەوەی پێی دەڵێن جێناکۆکەکان. خۆ ئەگەر زۆر گەشبینیبن بە بارزانی و پارتی ئەگەر کەرکوکیش چارەسەر بکرێت وگریمان ناوشاری کەرکوک، دێتە سەر کوردوستان و موچە بڕاو دەبن. ئەوکات دیسان دەیان ناوچەی دیکە ماوەتەوە و جێگای کێشەیە. کەواتە هۆکارەکانی پڕوپاگەندە و ژەهراویکردنی بیر و ڕای خەڵک و هەڵخەلەتاندن و بەڵارێدا بردنیان لە شوێنی خۆی دەمێنێت. ئەوکات بە شێوەیەکی توندتر وە فرانتر لەڕێگای سەپۆرتی جەمسەرێکی زلهێزی جیهانیەوە، ئەمکارە زیاتر پەرەدەستێنێت. بەم مانایە خەڵکی کوردوستان، هەموو ڕۆژێک لەبەردەم دەمەزەرکردنەوەی کێشە نەتەوەییەکاندا دەبن، هەموو رۆژێک دەکرێنە قوربانی بەرژەوەندییە جیاوازەکانی ناسیونالیزمی کوردو عەرەب.

بەم مانایە لەم هەلومەرجەدا هەروەک لینین باسی دەکات:” چینی کرێکار سەپۆرتی بورژوایی ناکات تەنها لە بەرژەوەندی ئاشتەوانی نەتەوەیی نەبێت”(لینین / مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان/ سەرچاوەی پێشوو/ لا١٦٣).لە هەموو باسەکەماندا، وە تەنانەت گوێگرتن لە هەواڵەکان ئەوەمان بۆ ڕۆشن دەکاتەوە کە ئەم هەولەی بورژوایی کورد بە ڕابەری پارتی ، نەک ” ئاشتەوانی نەتەوەیی” بەدیناهێنێت بەڵکو، کێشەکان زۆر توندتر دەکاتەوەو “ئاشتەوانی نەتەوەیی” لە عێراق و ناوچەکەدا زۆر دەباتە دواوە.
دووەم: جیابونەوەی کوردوستان لەم هەلومەرجەدا، هەروەک باسکراوە، لەچوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکی دا مەیسەر دەبێت و بەگشتی ئەم ڕەوت و ڕێبازە سیاسی یە شاراوە نیە و ڕۆشنە و ناسیونالیزمی کورد شانازی پێوە دەکات. بەم مانایە خەڵکی کوردوستان هوشیار بن بۆ مەسەلەیەکی ئاوا یان نا، ئەوا چارەنوسی داهاتویان لە سایەی سیاسەتی ئەمریکی دا مۆر دەکرێت. دەکەونە بەرەیەکەوە کە ڕاستەوخۆ بۆتە هۆی پتەوکردنی پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. وەک ئیسڕائیل هەمیشە دەبێتە دەوڵەت و سنورێک کە لەخۆی و دەوڵەتەکەی بترسێت. هەروها سەربەخۆیی لەم هەلومەرجەدا دەکەوێتە بەردەم هێرشی جەمسەری بەرانبەر. مەگەر لە سایەی ڕیکەوتنی تازەی جیهانیدا بێت، لە نێوان زلهێزانی دونیادا. کە بە بڕوای ئامانجی ئاوەها بۆ بورژوای هێجگار دوورە، ڕێگای جێبەجێبونی هێجگار کەمە. هەروەها دەکەویتە بەردەم ناڕازی بونی خەڵکی ناوچەکەوە. بەکورتی بۆ ئەمریکا پاش فەشەلی پڕۆژەی داعش، مەسەلەی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ “کوردەکان” مەسەلەیەکی گەورەو جدییە. ئایا لەم هەوڵەدا کۆمۆنیستەکان بەشدار دەبن؟!. ئەمریکا ناچارە ئەمکارە بکات، باسی سەرکەوتنی ئەمکارە مەسەلەیەکی دیکەیە و لە ڕوانگەی منەوە فاشلە. ئەمریکا ناچارە، بۆ ئابلوقەدانی ڕوسیاو ئێران، ڕیگای زۆر بە دەستەوە نەماوە. بەتایبەت کە ئێستا سوریا وەک پێگەیەکی گەورەو گرینگی گاز لە دونیادا باس دەکرێت و پاشان ناردنی نەوت و گاز بۆ دونیاو بەتایبەت بۆ ئەوروپا، مەسەلەیەکی گەورەیە بۆ ئەمریکا دەیەوێت ڕێڕەوی وزە لە سایەی کۆنترۆڵی خۆیدا بێت.
سێهەم: بەئاشکرا بارزانی ڕایگەیاندوە، ” کە ئامادەین لە برسا بمرین” لەوەش زیاتر لە ووتەکەی دا لە پەرلەمانی ئەوروپا لە بروکسل دەلێت ” جەنگی خوێناوی بە دور نازانم”… تۆ بلێی خەڵکی کوردوستان لە برسا مردنی پێ باشتر بێت وەک لەوەی کە لەگەڵ عێراقدا بمێنێتەوە. پاشان ئەگەر بۆ ئەم کارە و بۆ دوای ڕیفراندۆم خەڵک دەرگیر بێت لەگەڵ جەنگی خوێناوی دا کە نزیک 40 ساڵە خەڵکی کوردوستان لە جەنگی جۆراوجۆردا دەژین، ئیتر خەڵک جیابونەوە و ڕیفراندۆمی بۆچیە؟! ئایا بەرژەوەندی خەڵکی کوردوستان لە برسا مردن و لە جەنگی خوێناویدایە دوای ڕیفراندۆم.؟! ئەم ڕاگەیاندنانە پێویستە لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە، وەڵامێکی مارکسیستی وەرگرێتەوە. بێدەنگ بوونی کۆمۆنیزم لەبەرانبەر ئەم بابەتانەدا لە کوردوستان دەیکات بە پاشکۆی نەک تەنها ناسیۆنالیزم بەڵکو بە دیاریکراوی پاشکۆی بارزانی و پارتی.
چوارهەم: لایەنگرانی ڕیفراندۆم دەلێن “جیابونەوەی کوردوستان دەبێتە هۆی شەفاف بوون و ئاوەڵابونی زیاتری خەباتی چینایەتی”!!. لەمبارەوە یەک ووشە ناڵێن جگە لە تێزە هەرە کۆنەکان لەسەر دەوڵەت و دەوڵەتداری. هەر ڕاگەیاندنەکانی بارزانی بەسە بۆ ئەوەی کەسێک یان هێزێک بڵێ ئەو تێزە کۆنە و باوی نەماوە. ئەگەر ئێمە لە برسا بمرین و بکەوینە جەنگەوە، وە ئەگەر کێشەی نەتەوەیی لە شوێنی خۆی بمێنێت “وەک لەسەرەوە” باسمان کرد، خەباتی چینایەتی لەم هەلومەرجەدا بە دیاریکراوی لێڵتر و تاریک تر دەکات. وە هەستی نەتەوەیی و تەنانەت جێگا و ڕێگای ناسیونالێزم و پارتی زیاتر دەباتە سەرەوە بەتایبەت کە، کۆمۆنیزم وهێزی چینایەتی کرێکار لەم هەلومەرجەدا لاوازە.

بە جیا لەوانە هەروەک لەسەرەوە باسمان کردوە، دەوڵەتێک کە ئەمڕۆ پێک دێت، چ پەیوەندی بەوەوە ماوە، کە خەباتی چینایەتی ڕۆشن بکاتەوە یان نا، مەگەر بازاری ناوخۆ ماوە، مەگەر کریکاری لۆکەڵی ماوە. بۆیە ئەم جۆرە لێکدانەوانە هێجگار کۆنەو پەیوەندی بە سەرمایەداری ئەمرۆوە نەماوە. دەوڵەتێک کە لەسەر بناغەی هەلومەرجێکی پێشکەتوی خەباتی چینایەتی نەهاتبێتە کایەوە “باسی هەلومەرجی شۆرشگێرانە ناکەم” … دەوڵەتێک کە هەموو رۆژێک ئەتکی سنورەکەی بکرێت لەلایەن ڕێکخراوە جیهانیەکانی وەک بانک و سندوقی پولی نێونەتەوەیی، دەوڵەتێک کە ئێستا پێک نەهاتووە 17 بنکەی ئەمریکای تێدا بێت، دەوڵەتێک کە چەندین کێشە و بابەتی چارەسەر نەکراوی ماوە وە دەمێنێت لەگەل ووڵاتی عێراقدا… بەکام پێوانە خەباتی چینایەتی ئاوەڵاو روشن و شەفاف تر دەکاتەوە؟! مەگەر ئەم دەوڵەتە و بارزانی بێئاگان و گێژن. باسی پێکهێنانی دەوڵەت لە هەلومەرجی ئەمرۆی دونیادا هیچ پەیوەندییەکی بەم مەسەلەیەوە نیە. لە کۆسۆڤۆ مەگەر خەباتی چینایەتی گەشەی کردوە یان داعش؟!لە جنوبی سودان خەباتی چینایەتی گەشەی کردوە یان ڕق و کینە دۆزی زیاتر؟! دونیای ئەمڕۆ بە جۆرێکی دیکە دەچەرخێت.
پێنجەم: سەربەخۆیی و جیابونەوە لەم هەلومەرجە ئینتقالیەدا بە زەرەری بەرژەوەندی چینایەتی کرێکارە لە ئاستی ناوچەکە و جیهانیدا. بە سادەیی لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی بەهێزبوون و پتەوبوونەوەی پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. لە کاتێکدا کە پێگەی ئەم زلهێزە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لاواز بوون دەڕوات. ئەمە لایەنێکی مەسەلەکەیە. لایەنێکی دیکە ئەوەیە، کە ڕابەری ئەم سیاسەتە ناسیونالیزمە و پارتی دیموکراتە، بە جیا لەوەی وەک هەر هێزێک مافی پێشنیازی ڕیفراندۆمی هەیە، بەڵام ناسیونالیزم بوونی ئەم هێزە و سیاسەتەکانی دەیان ساڵی ڕابووردوی، ڕیگا نادات بە هاو سۆزی و هاوپشتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخوازان لە ناوچەکە و ئاستی جیهاندا. بۆ خەڵکی دونیا ڕۆشن بۆتەوە کە ئەم هێزە دژ بە ویست و خواستی کرێکارو خەڵکی کوردوستانە و سیاسەتەکانی بە توندی بە جەمسەری ئیسڕائیل –ئەمریکاوە بەستراوە لە ناوچەکەدا. بە جیا لەوەی دەوڵەتێک کە لەم پڕۆسەیەدا دێتە دەرەوە دەوڵەتی پارتی و مەملەکەتی بارزانیە.

خاڵیکی تر لەم بەشەدا پیویستە ئاماژەی پێبکەین، ئەوەیە: کە بۆچونێک لە نێو بزووتنەوەی ئێمەدا نەک ماوە، بەڵکو پێدەچیت بەهێز بێت، ئەویش ئەوەیە لەم ڕێگایەوە، لێرەدا و لەم باسەدا لە ڕیگای ئەم ڕیفراندۆمەوە حزب وە کۆمۆنیزم بە هێز دەبێت. ئەوە خەیالێکی ورودە بورژوایی بێ تەجروبەیە. بۆچونێکە کە دیاردە و بابەتە کۆمەڵایەتیە گەورەکان لە چوارچێوەی لێکدانەوەی چینایەتی دەردەکێشێت. لەم ڕوانگەیەوە ڕیفراندۆم لەسەرو چینەکانەوەیە، پارتی بیکات، حسک یان ئیسلامیەکان یان کۆمۆنیزم یا حزب اللە بیکات بۆ ئەم ڕوانگەیە جیاوازی نیە. چونکە بەشداری دەکات و دەیەوێت لەم ڕێگایەوە کاریگەری لەسەر دابنێت. چونکە ڕیفراندۆمە و پەیوەندی بە چینەکانەوە نیە و بە قودرەتی قادر ئەم دیاردە و میکانیزمە لە سەرمایەداری ئەمڕۆدا ماوە کە پەیوەندی بە چینەکان و خەباتی چینایەتیەوە نیە!!. خۆ ئەگەر ڕەخنەگری بیت و بەرانبەری بوەستی ئەوە ئەنتی پارتیت و لە دونیا نەگەیشتویت. ئەم بۆچونە کە تا ئێستا برەوی هەیە، بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و هێزە سیاسیەکانیان ناناسێت و درک ناکات، کە هەر بزووتنەوە و جووڵانەوە و کردارێکی سیاسی، خاوەنی هەیە و ڕابەری هەیە و شێوازی بەڕێوەبردنی خۆی هەیە، لە پشتیەوە بەرژەوەندی چینێک هەیە. ولە ڕیگای بزووتنەوەیەکی سیاسی و دواجار لە لایەن هێزێکەوە ڕابەری دەکرێت. بەتایبەت ئەگەر دوو سەدە لە حوکمی بورژوای و ئاڕاستەی ئەمڕۆی سەرمایە بۆ ئەم باسە زیاد بکەین ڕؤشن دەبێتەوە، کە بۆچونێکی لەم چەشنە کۆمۆنیزم دەکاتە پاشکۆی بزووتنەوە و هێزەکانی دیکە و لێرەدا ناسیونالیزمی کورد. ڕابەری ئەم بزووتنەوەیە بێ ڕکابەر پارتی و بارزانیە، خالێ بەهێزی ئەم ڕیفراندۆمە بارزانی یە، بەبێ بارزانی هیچ کەس وە لەوانە کۆمۆنیستەکان ئەم باسەیان نەدەهێنایەوە پێش. لەسەرەتای هاتنە پێشەوەی ئەم باسەدا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردوستان لە بەیاننامەی “ریفراندۆم، پڕۆژە و هەوڵێکە بۆ جڵەوکردنی ناڕەزایەتی جەماوەری کوردستان! بە دروست دژ بە ڕیفراندۆمی پارتی دەوەستێتەوە، دوای ئەوە کەمتر لە دوو مانگ تەواوی هاوکێشەکان لای حزب دەگۆڕێت لە دژەوە دەبێت بە بەشێک لەم پڕۆژەیە. حزب دەبێت بە خەڵک بڵێت لەکام هەلوێستیاندا ڕاستە و لەکامیاندا هەڵەیە.

هەوڵدان بۆ بەهیزکردنی کۆمۆنیزم لەڕێگای ڕیفراندۆمێکەوە کە پارتی دەیکات لەم هەلومەرجەدا وەک بەشداریکردن وایە لە بزووتنەوەی “هخا” و “سەوز” لە ئێران یان “سەدر” لە عێراق. وە ئەوەی کە ئامانج ئەوە بێت کە دواتر فشار دەخەیتە سەر ئەم هێزانە و بەقازانجی خەڵک تەواوی دەکەیت، خۆشباوەڕی یە. بەڵام خۆشباوەری لێرەدا سیاسەتە، وە سیاسەت لێرەدا ناسیونالیستی یە.
سیاسەتی حزبمان لە کوردوستان ناسیونالیستی یە
سەرەڕای ئەوەی کە بەدرێژایی ئەم باسە ڕۆشن بۆتەوە بەڵام لێرەدا، جێگای خۆیەتی وەک چەند بڕگەی جیاجیا بەیانی بکەینەوە:

یەکەم: دواکەوتن و پاشکۆبوونی پڕۆژەیەکی سیاسی هێزێکی بورژوای کوردە کە ڕاستەوخۆ نەک دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئەم هێزە لۆکەلیە بەتەنها بەڵکو لەوە نابەجێ تر، دەبێتە لایەنگری جەمسەری ئەمریکی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ناوچەکە.
دووەم: زەربەیەکی گەورە دەدات لە بزووتنەوەی چینایەتی کرێکار لە هەر سێ ئاستی جیهانی و لۆکەلی و ناوچەییدا.
سێهەم: پێدانی پەڕەیەکی سپی واژۆ کراوە لە لایەن هێزێکی کۆمۆنیستی یەوە بە هێزێکی بورژوایی بۆ جێبەجێکردنی کاری جیابونەوەی کوردوستان. ئەمکارە لە سەردەمی لینین و مارکسیشدا کە دونیایەکی تەواو جیاواز بوو، وە بورژوازی لە زۆر شوێنی دونیا هێشتا نەفەسی شۆرشگێرێتی تێدا بوو، کۆمۆنیستەکان سیاسەتی لەم چەشنەیان پیادە نەکردووە. کاتێک کە لێکدانەوەی کۆنکرێت لە هەلومەرجی دیاریکراودا لە دەست دەدرێت، کە وەک پرەنسیپ و مێتۆدێک بۆ لێکدانەوەی کۆمۆنیستی هەمیشە بناغە بووە، ئەوکات دەرگیر دەبین لەگەڵ پەڕەی سپی واژۆکراوی کۆمۆنیستی بۆ بورژوازی. حزبی ئێمە ئیمزای کردووە بۆ کاک مەسعود کە فەرموو ڕیفراندوم بکە. بەڵام هیچ کاتێکی دیاری نەکردووە کەی دەوڵەت ڕاگەیەنێت، وە تەنانەت ئەمەی نەکردۆتە مەرجێک بۆ بەشداری لە ڕیفراندۆمدا. وەک ئەوەی باوەڕێکی گەورەی بە پارتی بێت. هیچ هێزێکی کۆمۆنیستی کاری وای نەکردووە. رۆشنە بارزانی لەمبارەوە چی دەڵێت و بەیان نووسین سودێکی نیە لەم مەسەلەیەدا.

خەتەری ئەم پۆینتە لەوەدایە کە حزبی ئێمە ئاڵوگۆڕەکانی نەبینیوە، وە کاریگەری ئەم ئالوگۆڕانە لەسەر جیابوونەوە یان پێکەوە ژیان لەگەڵ عێراقدا نابینێت. سوێندی خواردووە هەر جیادەبێتەوە، بۆیە پەڕەی سپی واژۆ کردووە. ئەم لێکدانەوەیە زۆر دورە لە لێکدانەوەی کۆمۆنیستی یەوە. ئەم پۆینتە ڕاستەوخۆ حزب دەکاتە پاشکۆی پارتی لە ڕوانگەی گشتی خەڵكەوە. سەیر لەوەدایە کە5 دانە پرنسیب لە بەیانی حزبدا هاتووە، بەڵام هەر لە بەیانەکەدا ڕؤشنە کە بە زیادە نوسراوە و خودی حزب هیچ ڕێزێک بۆ پرەنسیپەکانی خۆی دانانێت. ئەگەر نا پێویست بوو هەر لەو بەیانەدا بوترایە ئەگەر ئەم پرەنسیپانە جێبەجێنەکرێن ئێمە بەشداری پڕۆژەی وا ناکەین. کە لایەنی کەم سودی دەبوو بۆ کاتێک کە حزب هەڵوێستی خۆی بگۆڕیایە. بەڵام پێدەچێت “سەربەخۆخوازێکی” شێلگیر بین!!!

ڕێگا چارەیەک
ئایا ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان وەک چەند حزب ولایەنێکی کۆمۆنیستی، ڕێگایەک هەیە کە لەم ئاڕاستەیە ڕزگارمان بکات. پێم وایە پێویستە کارێکی وا ئەنجام بدەین و ڕێگای گونجاومان لە بەردەمدایە. خاڵی یەکەمی ڕەخنەیەکی دروستکەری مارکسستی یە، لەو سیاسەتەی گیراوەتە بەر، وە خالی دووەمی: ڕاگەیاندنەکانی بارزانی هەریەکەیان بگرە بەسە بۆ ئەوەی نەک کۆمۆنیستەکان بەڵکو هێزێکی “خەمخۆری” خەڵک لەو پرۆژە سیاسی یە بێتە دەرەوە و ئاڕاستەی خۆی بگۆرێت. ئایا دەرگیرکردنی خەڵكی کوردوستان لەگەل جەنگی خوێناوی دا یان “ئامادەین لە برسا بمرین” بەس نیە بۆ ئەوەی ئاڕاستەیەکی شۆرشگێرانە و ڕەخنەیەکی پراتیکی گونجاو بنێین. خۆ ئەگەر ئەمانە بەس نین و ناتوانین ڕەخنەیەکی شۆڕشگێرانە لە خۆمان بگرین، دیسان ڕێگایەک هەیە ئەویش چاوەڕی بوونە بۆ ڕاگەیاندنێکی دیکەی بارزانی یان پارتی. کە ئەمەی دواییان ئەزعەفولئیمانە و درەنگە، بەڵام حەتمەن هەنگاوێکی بەسود و باشتر دەبێت، لەو سیاسەتەی ئێستا.

سیاسەتی کۆمۆنیستی
لەم هەلومەرجە دیاریکراوەدا، لەهەلومەرجی ئینتقالی ئەمڕۆی دونیادا، وە لە کوردوستانی عێراقدا، تاکە ڕێگایەک کە کۆمۆنیستی بێت و ببێتە هۆی بەهێزبوونی بزووتنەوەی چینایەتی کرێکارو بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کەمدەرامەت و زەحمەتكیش، ژنان و لاوان مسۆگەر و دابین بکات، تەنها لە ڕێگای هێزێکی کۆمۆنیستیەوە مەیسەر دەبێت. ڕیفراندۆمێک وە هەوڵدان بۆ بەرپاکردنی ڕیفراندۆمیک کە ئەنجامەکەی بە قازانجی خەڵک بشکێتەوە لە ڕیگای ڕابەریکردنی هێزێکی کۆمۆنیستیەوە مەیسەر دەبێت…. ئەگەر نا هەر هەوڵ و تێکۆشانێکی هێزەکانی بورژوای کورد لەم قۆناغەدا، ڕاستەوخۆ بەزەرەری خەڵک و کرێکار و توندبوونەوەی کێشە و شەری نێوان نەتەوەکان کۆتایی دێت.
لەبەرانبەر ئەم سیاسەتە و ئەم ڕیفراندۆمەی پارتی لەم هەلومەرجەدا ئەگەر پیادەبکرێت. کە بە گریمانەی زۆر دوادەکەوێت. پێویستە لە ئێستاوە ئەم سیاسەتە و ناوەرۆکەکەی ئاشکرا بکرێت وەکو بەیانەکەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردوستان لە ئەپریلی ئەمساڵدا و لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردووە. وە پێ بەپێی ڕاگەیاندنی بارزانی و پارتی و حزبەکانی دیکە، وەلامی دروست بدرێنەوە. لە هەمانکاتدا بانگەوازی خەڵک بکرێت بۆ بەشداریکردن و دەنگدان بە ” نا” یەکی گەورە بۆ ئەم جیابونەوەیەی پارتی و بارزانی. خەڵکی کوردوستان پێویستە خەباتی خۆی دژ بە نەدانی موچە و دژ بە برسێتی و بێکاری و دانەمەزاندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان، لە پێناو ئازادی ڕادەربڕین وڕۆژنامەگەریدا… هەرچی زیاتر بەهێزتر و ڕێکخراوتر بکات و بێتە مەیدان و وەڵامێكی شۆرشگێڕانە بە بارزانی و ڕیفراندۆمەکەی بدەنەوە.
خەڵک و کرێکاران لە کوردوستان ئەگەر دەیانەوێت ڕیفراندۆم بکەن و دەوڵەتێک پێکبێت لە کوردوستان، دەتوانن بە خەباتی یەکگرتووی خۆیان ئەم خواستە بسەپێنن بەسەر نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، دەتوانن لە ڕێگای بەهێزکردنی هاوپشتی و هاوسۆزی چینایەتیەوە لەگەڵ کرێکارانی عەرەب زمان و نەتەوەکانی دیکە پەیوەندی و هاوپشتیەکی چینایەتی تۆکمە بە وجودبهێنن. دەوڵەتێک لەم ڕاستایەدا پێک بێت ناتوانێت خواست و داواکارییەکانی خەڵک چارەسەر نەکات و لە بەرژەوەندی ئەواندا نەبێت، وە ناسیونالێزم و نەتەوەو هەستی نەتەوەی لاواز ئەکات.

١٧.٧.٢٠١٧

Saman.karim5@gmail.com

Previous
Next
Kurdish