Skip to Content

بەرەو سیلەى هەموو ڕووگەکان.. ئاوات محەمەد ئەمین

بەرەو سیلەى هەموو ڕووگەکان.. ئاوات محەمەد ئەمین

Be First!
by كانونی یه‌كه‌م 27, 2025 General, Literature


لەبارەى ئەزموونى شیعریی (نەژاد عەزیز سورمێ) وە..

بەرایی
دەیەى هەشتاکانى سەدەى رابردوو هەڵگرى چەند خەسڵەتێکى تایبەت بوو پەیوەست بە شیعرى نوێى کوردییەوە(بەجیاوازى ناو وناونیشانەوە) چ لەڕووى ئینتیما بۆ رەوتێکى ئەدەبى جیاواز وچ لەڕووى قۆناغبەندىیەوە. لەگەڵ ئاوابوونى خۆرى (روانگە) لە کۆتایی دەیەى حەفتاکاندا، کە چەقى چالاکی وبرەوى کەوتبووەوە شارى سلێمانییەوە، هەولێر وەك شارێکى زیندوو و دەبێتە درێژەپێدەر و مەڵبەندى بوژاندنەوەى شیعر ونوێگەرى. بە بۆچوونى من دوو هۆکار لەپشت ئەو ئاڵوگۆڕ یا جێگۆڕکێیەوە بوون، یەکەمیان لەو فەزا ئەدەبییە تا رادەیەك سەربەخۆیەدا دەردەکەوت کە نووسەر وئەدیبى ئەو شارە خۆیان تیا نمایش دەکرد و دووەمیشیان ئەو هەلومەرجە سیاسى و ئابوورییەى لەدواى نسکۆى ساڵى ١٩٧٥ه‌وە هاتەپێش کە لەو ساڵانەدا، بزاوتى هونەرى وئەدەبى روو لە گەشەکردن بوو پێ بەپێ لەگەڵ دەرچوونى چەندین گۆڤارو رۆژنامەى ئەدەبى و هونەرى و بەچاپ گەیاندن وبڵاوکردنەوەى بەرهەمێکى زۆرى ئەدەبى.
ئەگەرچى دەیەى هەشتاکان پڕ کارەساترین وئاڵۆزترین ساڵانێك بوو لە مێژووى هاوچەرخى سیاسیماندا، لە هەمان کاتدا درەوشاوەترین سەردەمى دەرکەوتن وداهێنان بوو لەبوارە جیاجیاکانى بەرهەمى ئەدەبی و هونەریدا بەتایبەتى شیعر و چیرۆک و شانۆ. لەو ماوەیەدا و هەر لە شارى هەولێر، دوو رەوتى ئەدەبى دەرکەوتن، یەکەمیا بەناوى پێشەنگییەکان (طليعي) بە رابەرایەتى مەحمود زامدار و نووسەرانى وەک جەلال بەرزنجى وکەریم دەشتى وهاشم سەراج وسەلاح عومەر و محەمەد باوەکر و ئیسماعیل بەرزنجى و چەندانى تر. رەوتى دووەمیشیان لەژێر ناوى (رۆمانسی)یەکان بوو کە هەریە ك لە سەڵاح شوان ونەوزاد رفعەت و سەعدوڵا پەرۆش و چەندانى ترى لەخۆ گرتبوو.
لەم نێوەندەدا، شاعیرانى وەک نەژاد عەزیز سورمێ و عەباس عەبدوڵا یوسف و ئەنوەر مەسیفى لە دەرەوەى رەوت و دەستەگەرییانەدا وەك دەنگى ئازاد وسەربەخۆ درێژەیان بە چالاکى ئەدەبى و نووسین دا. ئه‌گەرچى ئەنوەر مەسیفى هەوڵى دا ستایلێکى تایبەت بە خۆى لە شیعردا بخاتەڕوو، بەتایبەتى لەدواى هەردوو کۆمەڵە شیعرى (خۆرباران) لەژێر ناوى (فۆرمى گران) ودواتریش تێکشاندنى بونیادى رێزمان، بەڵام ئەوە تەنیا لە چێوارچێوەى هەوڵێکدا مایەوە.
سەبارەت بە نەژاد عەزیز سورمێ، کە لە ناوەڕاستى حەفتاکانەوە زیاتر دەستى بە بڵاوکردنەوەى شیعر وبەرهەمى ئەدەبى کردووە، دەتوانم بڵێم؛ ئەگەر نەیتوانى بێت رچکەشکێنى یاخود تازەگەرییەك لە دونیاى شیعرى نەوەى خۆیدا بکات، بەڵام وەک ئەزموونێکى شیعریی بەردەوام بووە و لە فۆرم وستایلێکى جێگیر و باودا نەماوەتەوە. نەژاد لە پرۆسەیەکى بەردەوامى تازەگەریدا بووە لە روئیا ودونیابینى خۆیدا و سەرکەوتووانە لە شیعرەکانیدا تەوزیفى کردوون لەسەر هەموو ئاستەکان وەک فۆرم وزمان وئیستاتیك و مانا.
ئەم نووسینەى من هەوڵێکە بۆ ناساندن وخوێندنەوەیەکى گشتییە بۆ ئەزموونى شیعریى نەژاد لەدوو توێى کۆبەرهەمە شیعرییەکەى (بەو رێیانەدا تێپەڕیم) کە لە ساڵى ٢٠٢٣ لەلایەن (دەزگاى فام)ـەوە چاپکراوە.

سەرەتاى ئاشنایەتیم لەگەڵ شیعرى نەژاددا
تا ساڵى یەکەمى خوێندنى زانکۆم کە هێشتا لە تەمەنى هەژدە ساڵیدا بووم، كةمتر تامەزرۆى شیعرى نوێ بووم وزیاتر هەڵوەداى شیعرى کلاسیکى کوردى بووم ئەگەرچى هەندێك شاعیرى نوێخوازى عەرەبم لا پەسەندبوون وەک سەیاب ونازك الملائکة وحسین مردان ومحمود درویش. تا ئەو ساڵە جگە لە کۆمەڵە شیعرێکى شێرکۆ بێکەس بەناوى (من تینوێتیم بەگڕ دەشکێ) و کۆمەڵە شیعرى (خواو شارە بچکۆلەکەمان)ى لەتیف هەڵمەت و(شەونامەى شاعیرێکى تینوو)ى عەبدوڵا پەشێو هیچ کتێبێکى لەو چەشنەم نەبوو.
هێشتا قوتابى خوێندنى ئامادەیی بووم، لە کتێبخانەیەکى شار چاوم بە کتێبێکى هۆنراوەى قەبارە بچووك کەوت بەناوى (ئەو شەوانەى خەوم نایێ) ی نەژاد عەزیز سورمێ. جگە لەوەى ناونیشانەکە سەرنجى راکێشام، نرخەکەشى لە تواناى گیرفانى مندا بوو، بۆیە دانەیەکم لێ کڕى. لەوێوە بۆ یەکەم جار ناوى نەژادم بیست. ئەو کۆمەڵە شیعرە نزیکەى بیست دەقى لەخۆگرتبوو کە زۆربەیان کورت بوون، بەڵام بەگشتى لە تەوەرى خۆشەویستى وئازارى غەریبى وخەمى نیشتماندا بوون. دیوێکى ترى ئەو کۆمەڵە شیعرە کە جێى سەرنجم بوو بریتى بوو لەو هەموو شوێنەى هۆنراوەکانی تیا نووسرابوون لە ماوەى تەنیا سێ ساڵدا (١٩٧٣-١٩٧٦) کە لە کوردستانى باشوورەوە (هەولێر، گەڵاڵە) دەپەڕێتەوە بۆ ئەودیوى سنوور (زێوە و مەرگەوەڕ و رەشت) تا لە باشوورى عیراق دەگیرسێتەوە لەشارەکانى نەجەف وکەربەلا و دواتریش بەغدا.
ئەم جێگۆڕکێیە لەشوێندا دەرەنجامى گەشت وسەفەر نەبووە بەڵکو لەژێر زەبرى رۆژگار و پەیوەستبوونى شاعیرەوە بووە بە شۆڕش وخەبات بۆ ئازادى تا لە کۆتاییدا وە ك هەزاران کوردى دواى نسکۆى ١٩٧٥ بۆ شارەکانى باشوورى عیراق دوور دەخرێتەوە لەکاتێکا هێشتا لە هەڕەتى لاویدا بووە. بۆیە لەڕووى دەلالەتى زەمەنییەوە شیعرەکان ناوەڕۆکى رەنگدانەوەى رووداوەکانى ئەو چەند ساڵە سەختەى ژیانى شاعیرن. ئەو دەقانەى لە ئاوارەیی و تاراوگەدا نووسراون لێوانلێون لە تاسەى دوورى وژانى غەریبى وتەنیایی لەکاتێکا زۆربەى ئەو دەقانەى لە باوەشى سرووشتى کوردستان وزێد وشارى خۆیدا نووسیویەتى رەنگڕێژن بە رۆمانسییەت وعەشق وجوانى. ئەگەرچى زۆربەى هۆنراوەکان لەڕووى فۆرم وداڕشتنەوە سادە وبێ گرێن، بەڵام بۆ کەسێك لە بوارى لێکۆڵینەوەى ئەدەبیدا بنووسێت پێویستە وەك سەرەتایەك بۆ ئەزموونى بەردەوامى شاعیر بۆ نیوە سەدەى دواتر و تا ئەمڕۆ سوودییان لێ ببینێت.
هەروە ك چۆن لە کۆمەڵە شیعرى دووەمیدا (تاڤگەى مەند – ١٩٨٧) بەڕوونى گۆڕانێکى بەرچاو دەبینرێت لە ئاستى هونەرى شیعریی و زمان وداڕشتن وبابەتەکاندا. ئەم خۆنوێکردنەوە وئەزموونگەرییە لە شیعرى نەژاد لە کۆمەڵە شیعرى (بەو رێیانەدا تێپەڕیم….لەو کانییانەم خوارەدەوە- ٢٠١٠) دەگاتە ئاستێك لە تواناى دەربڕین و قووڵى زمان وشارەزایی لە هونەرەکانى شیعر وئیستاتیك کە دەتوانم بڵێم لەوێوە نەژاد لەسەر ستایلێکى تایبەت بەخۆى دەگیرسێتەوە.

ئاشنایەتیم لەگەڵ شاعیردا
ئەو دەمەى من لە بەشى ئینگلیزى کۆلێژى ئەدەبیاتى زانکۆى بەغدا (١٩٨٠-١٩٨٤) دەمخوێند، نەژاد دواى دابڕانێکى زۆر لە هەمان کۆلێژ لە بەشى شوێنەوارناسى وەرگیرابوو. بەڕاستى بۆ من مایەى خۆشى بوو کە لە نزیکەوە ئەو شاعیرە بناسم کە پێش دوو سێ ساڵ کۆمەڵە شیعرییەکەیم خوێندبووەوە وتاڕادەیەك پێى سەرسام بووم. ئەو بەتەمەن لە من گەورەترە، بەڵام لە مامەڵەکردنى لەتەکەمدا قەت هەستم بەو جیاوازییە نەدەکرد چونکە ئەوەى کۆى دەکردینەوە دونیاى شیعر وئەدەب وکۆمەڵێك خەون وخەمى هاوبەش بوو. زۆرجار بەدەنگى خۆى دەقە شیعرییەکانى خۆى بۆ دەخوێندمەوە، دەنگێکى کەمێك گڕ بەڵام تۆنێکى نزم بەشێوەیەك وام هەست دەکرد وشە ودێرەکان لەگەڵ دووکەڵى جگەرەکەیدا لە سییەکانییەوە دەردەچن.
ئەڵبەت رەوتى ژیانى هەر کەسێك بەچەندین قۆناغ و پلە وپۆست وبەرزى و نزمیدا دەروات، بەڵام لە کۆتاییدا هەر کەس بەیەك وشە پێناسەدەکرێت، بەنیسبەت نەژادەوە ئەو لە کۆتاییدا هەر بە شاعیرى دەمێنێتەوە، چونکە وەك جەیمس جۆیس دەڵێت “….ئەو خۆى بۆ هونەرە باڵاکان تەرخان کرد”.
نەژاد لە هونەرى کۆلاژدا خاوەن بەهرە وسەلیقەیەکى جوانە. چەندین پێشانگاى لەوبوارەدا کردووەتەوە کە خۆم یەکێکیانم بینى بەناونیشانى (پاییزی چاوەکان) کە دواتر لە نامیلکەیەکدا چاپى کرد.
هەروەها لە بوارى وەرگێڕانى ئەدەبى و هونەریدا خاوەن قەڵەمێکى بەبڕشتە و چەندین بەرهەمى بەچاپ گەیاندووە کە بەلاى منەوە کتێبى (سەرەتایەک بۆ تێگەیشتنى هونەرى شێوه‌كاری) یەکێکە لە بەرهەمە ناوازەکان لە بوارى ئەو هونەرەدا.
کەسێکى هێمن، رێکپۆش وخوێنەوارێکى باش بە رادەى وەرگێڕانى چەندین دەق وبەرهەمى ئەدەبى لە هەردوو زمانى فارسى وعەرەبییەوە بۆ کوردى. هاوڕێیەتییەکى بەردەوام و دانەبڕاو کە رایەڵەکەى بریتییە لە باسى شیعر و کۆمەڵێك هیوا وخەمى هاوبەش. لەم رووەوە ئەو مافە بەخۆم ئەدەم کە بەپێى ئەو ئاشنایەتى وشارەزاییەى لەگەڵ نەژاد و بەرهەمە ئەدەبى وهونەرییەکانى هەمە (بەتایبەتى شیعر) قسە لەسەر ئەزموونى شیعریی ئەو بکەم.

رەهەند و مەوداکانى زمان لە شیعرى نەژاد دا

زمان وەک بونیادى سەرەکى لە پێکهاتەى دەقدا هەڵگرى چەندین رەهەند و مەودایە کە ناکرێت تەنیا لە داڕشتنى شێوەدا کورت بکرێتەوە هەروەك فۆرمگەراکان لە چوارچێوەى پەیوەندىیە ناوخۆییەکانى نێوان وشە و ئاماژە و ئاماژەپێکراو (الدال والمدلول) و وێنە شیعرییەکاندا پێناسەى دەکەن، بەڵکو دەپەڕێتەوە بۆ رەهەندى دوورتر و قووڵتر چ لەسەر ئاستى بونیادى سەرخانى دەق وچ لەسەر ئاستى ژێرخانى دەق کە لە مانا و دەلالەتە شاراوەکانى وشەدا دەردەکەون پەیوەست بە ئەندێشە وبیروەرى و یادگەى نووسەرەوە، بۆ نموونە رەهەندە دەلالییەکانى وشەى (لم) لاى کوێستانییەك هەمان ئەو دەلالەتە نییە کە لاى کەسێکى بیابانشین هەیە.
زمانى شیعریى نەژاد
لەتەک زمانى دایکەوە وەک ماکى بیرکردنەوە و ئاخاوتن، زمانێکى ترى تایبەت بە خود گەشە دەکات. زمانێک پێ بەپێى ئاستى هۆشیارى و زانین و تێرامان لەسەر هەردوو ئاستى ستوونى و ئاسۆیی گەشە دەکات. مەبەست لە ئاسۆیی شارەزاییە لە شێوەزار و ئاخاوتنە جیاجیاکانى زمانێکى دیاریکراو لەکاتێکا گەشەى ستوونى قووڵبونەوە و تایبەتمەندییە لە زمان وشێوەزارێکى تایبەتدا. بۆیە کە باس دێتەسەر نووسین بە کوردى، بەتایبەتى لە بوارى شیعردا، پرسەکە لەوێدا تەواو نابێت کە تا چەند پابەندبوون بە رێنووس و رێزمان و پاراوییەوە رەچاوکراوە، بەڵکو کۆمەڵێک رەگەزى تر هەن کە پەیوەندییان بە خودى بەرهەمهێنەرى دەقەوە هەیە وەک بەشێکى دیار لە ناساندن وشوناسى ئەو دەردەکەون، لەوانە میتافۆر و سیحرى وشە ومۆسیقاى ناوەکى و هارمۆنى لە دەنگ وشێوەىدا لە چوارچێوەى کۆنتێکستدا.
یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانى زمانى شیعرى نەژاد ئەو شارەزاییە فراوانەیە کە لە زمانى کوردیدا هەیەتى، ئەو دەسەڵاتە زمانەوانییەیە کە لە دەقەکانیدا رەنگ دەداتەوە. زمانێک کە رەگى لە رۆحى مێژوو و کلتوورى کوردەواریدا رۆچووە و بەپانتایی مەوداکانى دەربڕیندا ئازادانە دێت ودەچێت. لە زمانى ستانداردەوە تا وشە وزاراوە لۆکاڵییەکانى باڵەکایەتى تا موکریان وکرمانجی. لەهەمان کاتدا شارەزایی ئەو لە زمانەکانى عەرەبى وفارسى، فەرهەنگى وشەدانى ئەوى زیاتر دەوڵەمەند کردووە و لە زۆر جێگەى دەقەکانیدا بەجوانى نمایشى کردووە.

جێگۆڕکێى وشە لە خولگەکانى دەربڕیندا
ئاشکرایە کە هەر وشە و زاراوەیەک لەڕووى پۆلێنبەندییەوە دەچێتە فەرهەنگێکى تایبەتەوە، نموونەى فەرهەنگى سیاسى وراگەیاندن، زانست وتەکنەلۆجیا، مێژوو وئاسەوار…..هتد. بەو مانایەى هەر وشە وزاراوەیەک لە خولگەیەکى زماندایە (مدارات الکلمة). ئەوەى لە دەقە شیعرییەکانى نەژاددا دەبینرێت، بەکارهێنانێکى ئازادانەى وشەیە بەپێى ئەو جێگە وخولگەیەى بە حوکمى دەق بۆى دیاری دەکات. بۆ نموونە چۆن زاراوەیەکى دیپلۆماسى یا سەربازى لە خولگەیەکى شیعرییدا جێگیر دەکات ولە کۆنتێکستى دەقدا وێنەیەکى شیعریی جوانیان پێ درووست دەکات، نموونەى ئەم کۆپلە ودێڕانەى لاى خوارەوە؛
ناونیشانى یەکێک لە شیعرەکانى ناو کۆبەرهەمەکەى بریتییە لە (دەست لەکارکێشانەوەى ئەستێران) و لە کۆپلەیەکیدا دەڵێت:
ئەو ژنە حسابێک بۆ کەس ناکا
نە بۆ هێزى هاوپەیمانان،
نە ئەنجومەنى حوکم….
بە نیلۆفەرى چاوى
هەموو هۆیەکانى ژیانى لە شار بڕیوە…
ئەستێرەى لە ئاسمان خانەگومان کردووە
دەستى پێ لە کار کێشاونەتەوە…..
(کۆبەرهەم – ل ١٤٣)
تێبینى ئەکەین کە چەندین زاراوەى لە فەرهەنگى دیپلۆماسى و راگەیاندنەوە هێناوە و لە سیاقى رستەى شیعریدا ماناى نوێى پێ بەخشیون و تێکەڵ بە نەزم و وئیقاعى میوزیکى دەقەکەى کردووە. ئەڵبەت زۆر نموونەى ترى لەو جۆرە لە کۆبەرهەمەکەدا هەیە کە خوێنەر دەتوانێت بە ئاسانى دەرکیان پێ بکات.

بەکارهێنانە جیاواز و شاراوەکانى راناو
ئەوەى لە (من)ى نەژاددا دێتەگۆ دەنگى رۆحێکى سەراسیمە وسەرگەشتەیە، حزوورێکى نیگەرانە یا دەنگدانەوەى زەمەنێکى سەختە لە مێژووى شەخسییدا. لە هەندێک جێدا، جۆرێک لە دابران و دووانەکى لە گوتارى شاعیردا دەبینین، کاتێک خودێکى نادیار موخاتەبەى نەژاد دەکات بەشێوەیەک نازانین کامیان دەنگى شاعیرەکەیە.
نەژاد! خود لە بارێکدا نییە
رەهایی دەربڕێ….
ئیتر نەما،
دیدار ئاخر بوون، جێی سەرنج بێ….
بەسەرچوون
ئەو رۆژگارەى ماسک و رووبەند
هەر لە دوورڕا دەردەکەوتن.
(کۆبەرهەم- ل ١٧٠)

لە دەقێکى تردا دەڵێت؛
نەژاد سەیرکە!
دەفژەن
بە چ روانین وجیهانبینییەک
لە مەوداى کەشف و یەقیندا گیرساوەنه‌تەوە،
کە لە من و تۆ ونە!
(کۆبەرهەم- ل ١٨٤)
بەهەمان شێوە سەبارەت بە راناوى کەسى یەکەمى کۆ (ئێمە) کاتێک وەک دەنگى قسەکەرى سەرەکى نێو دەق دەردەکەوێت، لە یەک کاتدا زمانى ویژدانى دەستەجەمعى ودەربڕى ئینتیمایەکى قووڵى شاعیرە بۆ کۆمەڵەکەى. دەتوانم بڵێم لە زۆربەى ئەو دەقانەدا خەمێکى جڤاکى یا کۆجیتۆیەکى رەگ داکوتاو لە مێژووى کارەستبارى گەلێکدا هەست پێدەکەین. جۆرێک نیگەرانى و وێنەیەک لە بێهیوایی لە زۆربەى ئەو دەقانەدا بەدى دەکرێن کە تیایاندا بە زمانى کەسى یەکەمى کۆ دەنووسێت.
لە دەقى (چەند کۆتەڵێکى جەنازەیی) دا هاتووە؛
هەر چیمان کرد
بەشى ئارەزووى
شازادە تەنپەروەرەکانى نەکرد.
هەرچیمان کرد بۆ (سبەى)
(ئەمڕۆ) لەسەر شەقامە خوارەکانى سەدەى بیستەم
وەک چۆلەکەیەکى سڕ یارى پێدەکەن….
وەرە با پەیمانێک لەگەڵ ئەشکەوتە کوێرەکان مۆر بکەین
وەرە با لە کۆتەڵى بێ تاراى ئەبەدییەتدا بنووین.
(کۆبەرهەم- ل ٩٩)
دەقى (ئەوەى لە دواخوانى برایاندا نەگوترابوو) کە لە ٢١ پارچە شیعر پێکهاتووە زیاتر لە هەر دەقیکى تر سەرنجى راکێشام بەتایبەتى لەڕووى زمانى دەربڕین وئاخاوتنى دەق و بەکارهێنانى راناوەوە. هەروەها لەڕووى بونیاد یا داڕشتنەوە، کارى لەسەر کەرتکردنى رستە کردووە (تقطيع الجملة) لە کۆپلەى سەرەتاى هەر پارچە شیعرێکدا ئەوەش وەک هێمایەک بۆ هەڵبزرکاوى خەون ئاساى دیمەن ورستەکان.
/ بە/ دڵى/ بەدمەستم/گوت:/
/کە/ لە/ ئاهەنگى/ مەعشووقدا/ دەفڕى
/رووناهى/
/ هەمووى/ لە/ تۆدا/ هەڵدەبێ/
/ لێ/گەڕێ/ جێیەکمان/ لە/ کونجێکى/
/ خەراباتا/ بەرکەوێ./
(کۆبەرهەم- ل ٣٠٨)
لەم دەقەدا دەتوانم بڵێم کە زۆربەى راناوەکانى بەکارهێناوە. سەرەتا بەزمانى خودەوە وەک قسەکەر دەدوێت و روو لە (تۆ) دەکات، پاشان دەپەڕێتەوە بۆ کەسى یەکەمى کۆ و جارێکى تر خودى قسەکەر دەدوێت. دەقێک باس لە سرووتەکانى عەشق و ترس و نیگەرانییەکانى سەردەم دەکات. هەستێکى بێگەردى مرۆڤدۆستى، حەسرەتێکى قووڵ بۆ رۆژگارێکى لەدەست چوو.
لە دونیاى فانى ئێمەدا،
چەند هاتن، چەند چوون
تامى عەشقیان نەکرد…
چەند فرمێسک
لەڕێی مەیخانەدا رژان..
چەند بەژنى تاریک،
بە باڵاى نووردا بڕان..
تۆ وەرە گەورەم!
بڕوانە شارى عاشقان
بە بێى تۆ
چەند چۆل و وێرانە.
(کۆبەرهەم- ل ٣١٥)

جوانى لە وێنەى پارادۆکسدا
بەدەر لە بنەما جێگیر و بۆماوەییەکانى رێبازى کلاسیک کە لایەنە ئیستاتیکییەکانى شیعریان لەژێر ناونیشانى بەلاغە یا رەوانبێژیدا کۆکردووەتەوە، نەژاد وێنەیەکى زەینیمان بۆ دەکێشێت کە جوانى لە پەرادۆکسى پێناسەى شتەکاندا دەردەخات، بۆ نموونە لەکاتێکا دۆزەخ لە سزاى گوناهەکاندایە بەڵام دەرخستنى گوناهەکان بەشێوەیەکى جوان لەبەر رووناکى ئاگردا وەزیفەى دۆزەخ پەک دەخات؛ بەهەمان شێوە بۆ چەمکى بەهەشت کاتێ لەبەر تاریكیدا پاکیزەیی حەشاردەدات؛
تۆ لە یەک کاتدا نهێنى چۆلپەرستى و
دڵڕەقى شارستانییەتی..
تۆ..
چراى بەر ئاستانەى پەرستگاى
هەردەمەو لە دەستى کاهینێکداى
تۆ رووناکى دۆزەخى
گوناهەکان جوانتر دەردەخەى..
تۆ تاریکایی بەهەشتى
پاکیزەیی و باشییەکان حەشار ئەدەى….
(کۆبەرهەم – ل ٩٧)

(شوێن) لە نێوان ئینتیما و نامۆییدا
چەمکى شوێن، بەهەردوو مانا و رەهەندى گشتى وتایبەتییەوە، لە زۆربەى دەقەکاندا وەک هەڵگرى چەندین ئاماژە و هێما دەردەکەون. مامەڵەکردن لەگەڵ شوێن لاى نەژاد لە سرووشتەوە دەستپیدەکات لە روانینێکى رۆمانتیكی شاعیرانەوە تا سەرلەنوێ پێناسەکردنى دیمەن ودیاردەکان، لە گوێسوانەى دیوارێکى گڵەوە بۆ نیشتمانێکى هەڵکێشراو لە قەیران ومەترسى بەردەوام تا دەگاتە جیهانى جەنجاڵ و بێ ئامانى سیستمى وەحشیگەرایی و دەسەڵاتى سایبەر و زیرەکى دەستکرد.
سەرەتا لە دەقى (ئاواییە خەمبارەکەم) ـەوە دەست پێدەکات وەك بچووکترین سنوورى ژیانى بەکۆمەڵ کە تیایدا هەستى غەریبى ودەلالەتى کارەساتبارى ئەو شوێنە دەردەخات کە زێدى خۆیەتى، ئەڵبەت ئەم شیعرە لە شارى نەجەف نووسراوە ئەو دەمەى وەك دوورخراوەیەك لەوێ دەژیا؛
ئەى ئاواییە خەمبارەکەم!
من غەریب نیم؟
یا تۆ نەفرەت لە غەریب دەکەى؟!!
من عاشق نیم؟
یا تۆ عاشق لە باوەشى خۆت ناگری؟
من چۆلەکەى باڵکراو نیم؟
یا هێلانەى ژێر سواندەى مزگەوتەکەت
پەڕەندەى بێ باڵ داڵدە نادا؟
ئاواییە خەمبارەکەم؟!
(کۆ بەرهەم – ل ١٣)
پاشان شار دەبێتە رووگەى ئەندێشە وسەرلەنوێ داڕشتنەوەى ئەفسانەى نامۆیی کاتێک جیاوازییەکانى نێوان دوو زەمەن کاڵ دەبنەوە. زەمەنى ژێردەستى وترس وقڕکردن و زەمەنى ئازادى وبانگەشەى ئاوەدانى.
لە نووسینەوەى مێژووى شاردا
هەمیشە گەڕەکەکانى مەرگ
کووچە وکۆڵانەکانى لەبیردەکرێن و
نایەنەوە بەرچاو..
ئەدى (خۆر)تان چى لێکرد؟
کە بە ڕووتى
وەک شێتێکى راوەدوونراو
بەناو شاردا را دەکا؟
(کۆبەرهەم – ل ٢٢٦)
وێناکردنى نیشتمان لە دەقە شیعرییەکانى نەژاددا رەهەندێکى وجودى هەیە، بەو مانایەى وەک بەشێکى دانەبڕاو وزیندوو لە بوونى خود وێنەى دەکات. لە کاتێدا زێد وسەرچاوەى مانەوە وبەردەوامى ژیانە لە هەمان کاتدا لە چەندین وێنەى زەینى ومەجازیدا دەردەکەوێت جارێک وەک دایکێکى بەسۆز وجارێک وەک خۆشەویستێک وهەندیک جاریش رەهەندێکى ئەفسانەیی پێ دەبەخشێت کە مەوداکانى بە پانتایی مێژوو و جوگرافیایەکدا دەکشێن لە کۆێستانە دوورەکانى باکوورەوە تا پێدەشتەکانى ئوور لە باشوور. یاخود ئەو دەمەى نیشتمان دەبێتە بەشێک لە برینێکى کۆن لە رۆحى شاعیردا بەڵام بۆ نیشنتنەوەى ئازارەکانى هەر رووى تێدەکات.
ئاى نیشتمان
وتى شاراوە
هەکەوتەى دیوارى لەرزۆک و
بڵێسەى کوژاوە…
ئاى نیشتمان
نەغمەى گۆشەگیرى
رووبارى لە هاژە کەوتوو
باڵات سێبەرى پێوە نەماوە
لێم گەڕێ لە حەرەمى نهێنییەکانت
سەرخەوێ بشکێنم…
(کۆبەرهەم- ل ٤٣٣)
ئەوەى تێبینیم کردبێت لە زۆربەى دەقەکانى دواى ساڵى ٢٠٠٣وە، پێ بەپێ لەگەڵ رووداوە گەورە و وکاریگەرەکانى قۆناغى دواى رووخانى دیکتاتۆرییەت لە عیراق و ئاڵوگۆڕە خێراکان لەسەر ئاستى جیهان بەگشتى، بەتایبەتى ئەوەى پەیوەندى بە شێوازى ژیان وبیرکرنەوە و ئایندەى مرۆڤەکانەوە هەیە، دونیابینى نەژادیش دەچێتە بازنەیەکى فراوانتر ودیدگایەکى دوور مەوداوە. سیما دیارەکانى ئەو دونیابینییە لە دەقە شیعرییەکانیدا لەو نیگەرانییە قووڵ وپرسیارە بێ وەڵامەکانیدا دەردەکەون بەزمانێک کە هەڵگرى چەندین وشە و زاراوە و دەستەواژەى جیهانى ئەمڕۆى تەکنەلۆجیا و نەزمى بەناو نوێی جیهانن بۆ گوزراشتکردن لە تراژیدیا بەردەوامەکانى کۆمەڵگەى مرۆیی.
ئێمەى ئادەمزاد،
چ دەکەین لێرە
لەسەر ئەم زەمینە،
کە هەر دڕکى تیا دەناسین؟
لەژێر ئاسمانى پێکەوەلکاودا،
ئێمە تا دێ
لە رۆحى سەردەم دوور دەکەوینەوە..
لە سەدەى ئەفسانەکان لەدایک بووین
خوێنى تەکنۆلۆژیامان تیا دەگەڕێ!
(کۆبەرهەم- ل ٣٦٦)

تەوزیفکردنى مێژوو لە دەقدا
بەوپێیەى نەژاد خۆێندنى ئەکادیمى لە بەشى شوێنەوارناسى کۆلێژى ئەدەبییات لە زانکۆى بەغداد تەواوکردووە، زانین وشارەزاییەکى باشى لەو بوارەدا پەیداکردووە. ئەو لە بنەڕتدا خوێنەرێکى ئاسایی نەبووە و ئاشنایەتى لەگەڵ فەرهەنگ وئەدەبى زیاتر لە زمانێک هەبووە، بۆیە زانستى شوێنەوارناسى وەک بەشێک لە مێژوو ئاسۆى مەعریفى ومەوداى بیرکردنەوەى قووڵتر وفراوانتر کردووە. بەوپێیەش کە شیعر خولیا وجێ بایەخى یەکەمى بووە، بۆیە لە چەندین دەقدا سوودى لە ناو وهێما ودەلالەتە مێژوویەکان بینیوە بەتایەبتى لە میزۆپۆتەیمیا (وڵاتى نێوان دوو رووبار) بەڵام زیاتر ئاماژەى بۆ هێماکانى سەرزەمینى سۆمەر کردووە، بەزانینى ئەو راستییەى کە سۆمەرییەکان گەلێکى غەیرە سامى یا وردتر وەک هەندێک لە مێژووناسان پێیان وایە کە لە هۆزە کۆچکردووەکانى چیاکانى زاگرۆسەوە بەرەو پێدەشتەکانى ناوەڕاست وخوارووى عیراقى ئەمڕۆ هاتوون.

لە گۆڕستانى (ئوور) ڕا چیام خۆشویستن
ئه‌گەر ئازاى.
مرۆڤ لە بەرامبەر مرۆڤ بوەستین
لە بیرت نەچێ،
هەور هەمیشە روویان لە چیایە.
(کۆبەرهەم- ل ٢١٦)
ئەنکیدۆ
هێشتا لە جەنگەڵستانە…
تەخت هەڵنەنراوە
گەلگامشى لەسەر دانیشێ..
مەیخانە ئاوا نەکراون
لە کونجە تارەکانیاندا
بچێتە خەڵوەتى ئارەزووەکانی،
لە ناو شکارتە هەڵچووەکان
رێ لە پاکیزان دەگرێ..
(کۆبەرهەم- ل ٤٠٦)
لە رۆژهەڵاتەوە
بۆ رۆژهەڵات…
سۆمەرییە سەرڕەشەکان
لە دونیاى شەودا
خاکى رەنگینیان
لە ناخى خۆیاندا دەدى..
ئایندەیان دەخوێندەوە
پێشبینى کەش وهەوایان دەکرد و
لە زەماوەندى،
شەپۆل و رووبارەکان بەشدار دەبوون.
(کۆبەرهەم- ل ٣٠٥)

عەشق، رووگەى هەمیشە داگیرساوى شاعیر
زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم چەندین جار ئەو پرسیارەم لا درووست بووە؛ کە ئاخۆ نەژاد شاعیرێکى عاشقە یان عاشقێکى شاعیرە، بەڵام ئەوەى لێى دڵنیام چ لەڕێگەى بەرهەمە شیعرى وهونەرییەکانى و چ لە رێگەى هاوڕێیەتییەوە، ئەوەیە کە عەشق لاى ئەو هەمیشە حزوورێکى باڵاى هەیە. جۆرێکە لە تەجەللاى جوانى وپاکیزەیی و رووناکى کە هەر جارەو لە بەرگ و شێوە و ئیحساسێکدا خۆى نمایش دەکات. لە کرۆنۆلۆجى دەقەکانى نەژاددا، ئەو پەیوەندییە ئینسانییە سەرەتا لە شێوەى دڵدارییەکى تافى لاویدا دەردەکەوێت سەرشار لە کەف وکوڵى حەز وتاسەى دڵیکى بێ ئۆقرەوە دەست پێدەکات؛
لێت نابمەوە..
چەندە دوور بم..
……………….
بم بە سپێدە،
لە باوەشى ساماڵى تۆ ئارام دەگرم..
بم بە سێبەر
حۆم بە بنارەکانى تۆدا هەڵدەواسم..
……….
لێت نابمەوە ….
من هەر بۆ لاى تۆ دێمەوە…

سەبارەت بەو بابەتە، ئەوەى تێبینیم کرد، زۆربەى دەقە شیعرییە سەرەتاکان لە ناوەڕۆکدا دەربڕین وداڕشتنەوەى هەمان ئیحساس وهەڵچوونى دەروونی وتاسەن کە دەرخەرى ئەزموونێکى سۆزداریى بەئاکام نەگەیشتوون.
لەگەڵ تێپەڕبوونى ساڵەکان وچوونەناو تەمەن و کاڵ بوونەوەى بەشێک لە یادەوەرییەکانى رۆژگارى لاوى، ماکى ئەو ئیحساس ودەروونە پڕ لە جۆش و شەوقە زیندووتر لە جاران خۆى نمایش دەکات. کاتێک خودى چەمکى عەشق یا خۆشەویستى فەزایەکى فراوانتر و قووڵتر لە ناخى شاعیردا داگیردەکات. فەزایەک بە چەندین مەوداوە کە رەهایی و رەگەزەکانى جوانى و سرووشت وئیحساس تێکەڵ بە حاڵەتێک لە مرۆڤدۆستى ویەکانەگى دەبن لە بۆتەى عەشقدا.

خەمى تۆ زرێبارێکە
لەچاوى لە خەو تۆراوى هەژارانە..
چیاى سەختى خۆشەویستى
مێژووى نهێنى وحیکمەتى داگیرسانە…
تۆ لە دڵى ئەو دنیایەى کە ناویان ناوە هۆنراوە
چیرۆکێکى تەواو نەبووى…
تەواو نابى..
…………..
باران لە کوێوە دەبارێ؟
گوڵ لە کوێدا چرۆ دەکا؟
خۆشەویستى ئێمە نەبێ
چیا لەسەر چى خۆى رادەگرێ
رووبار بەسەر چیدا دەروا؟
(کۆبەرهەم؛- ل ٣٦)
یەکێک لەو دەقە شیعرییانەى کە پێم وایە نەژاد تیایدا گەیشتووەتە ئاستێک لە زمانى دەربڕین و وێنەسازى شیعریی و نزیکبوونەوە لە کورتکردنەوەى مێژووی کارەسات وخۆشنوودی بریتییه‌ لە دەقی (ئایندەى پاییز). بێ دوودڵى دەتوانم بڵێم ئەگەر وەک ئیستیعارەیەك لە فەرهەنگى شیعرى کلاسیکیمانەوە تەماشاى بکەین، ئەوا کەس وەك نەژاد وشەى (حوسن)ى لە دەقێکى ئازاددا بەو شیوە فرە مەودایە تەوزیف نەکرددوە. (کەمالى) شاعیر لە هۆنراوەیەکیدا دەڵێت:
لە دنیادا هەموو شت قابیلى تەغییر و گۆڕانە
بەتەنیا حوسنى تۆ و عەشقى منە نەیدیوە تەغییرێ
نەژادیش لەو دەقەدا حوسن وجوانى وەک تەجەللاى نوورێک دەردەخات کە هەڵگرى چەندین مانا و پەیامە؛
چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبووە
وێنەى رێژنەى گریانى جودایی…
وەک خەمى نیشتمان دوور…
سێبەرى کز.. .مۆسیقاى ناخ
بێدارى هەمیشە بێدار
دەڵێى سێوە دێرینەکانى باپیرمن
بەسەر کەلارى مێژوودا،
بەو تاڵە قژانە نووساون
بە شەوبا دەلەرێنەوە…
…………
چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبووە
خەم نزیک و نیشتمان دوور…
تەم لە دڵاوایى رێگا
بەرەو دۆزەخى تاریکى،
یا فیردەوسى نوور بچێ؟
(کۆبەرهەم- ل ١٢٦)
بەشى دوایی کۆبەرهەم – وەرگێڕان
هەر لە دووتوێى کۆبەرهەمى نەژاد عەزیز سورمێ دا کە لە دوو بەش پێک هاتووە، بەشى دووەمى تەرخان کراوە بۆ ئەو دەقە شیعرییانەى لە نێوان ساڵانى (١٩٩٥-٢٠٠٦) بە زمانى عەرەبى بڵاوى کردوونەتەوە، کە بریتین لە ١٠٩ دەق و لەلایەن رەوانشاد نەجات حەمیدەوە کراون بە کوردى. لەڕاستیدا من نەمویست لەبارەى ئەو دەقانەوە بدوێم چونکە لە بنەڕتدا بە عەرەبى نووسراوون و لە وەرگێڕاندا بۆ کوردى زۆر لە جێ پەنجە و شێواز و تایبەتمەندى سەلیقە وستایلى دەربڕینى شاعیر نامێنن یا دەگۆڕێن، بۆیە بە پێویستم نه‌زانی لەم نووسینەمدا لەسەریان رابوەستم.
لە کۆتاییدا دەڵێم، چ وەک مێژووى ئەدەبى و چ وەک بنەماکانى هونەرى شیعر، ئێمەى کورد لە ئەحمەدى خانى ومەلاى جزیرى و نالییەوە تا ئەمڕۆی شیعرى کوردیمان، هیچمان لە گەلانى تر کەمتر نییە. فەرهەنگى زمان و ئەدەبیمان تا بڵێى دەوڵەمەندە و رەوتى کاروانى ئەدەبیمان هەمیشە بەردەوام ومایەى شانازیمان بووە. ئەگەر ئەدەبى کلاسیکمان گەواهى بۆ باڵایی ودەوڵمەندى هونەرى شیعرییمان بدات، ئەوا بێ دوودڵى دەڵێم کە ئەمڕۆى شیعرى کوردیمان هیچى لە پێشوو کەمتر نییە. چەندین دەنگ و ئەزموونى شیعرییمان هەیە کە لەسەر ئاستى جیهان هیچیان کەمتر نیە لە شاعیرانى بەناوبانگ هێما ئەدەبییەکانى نەتەوەکانى تر. لێرەدا نامەویت ناوى کەس بهێنم بەڵام لاى من نەژاد یەکێکە لەو دەنگانە.

ئاوات محەمەد ئەمین

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next

Leave a Reply