دیدی باو له وتاری دژه باوه‌كان له شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
بێگومان لێكۆڵینه‌وه له هه‌ر قۆناغێكی شیعری كوردی و ده‌رخستنی ئه‌دگاره هونه‌ریی و ئه‌ده‌بییه‌كانی، پێویستی به ڕامان و هه‌ڵوه‌سته كردنێكی وردوو ئاگایه‌كی زۆری مێژوویی و ئه‌ده‌بی هه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵه‌ر نه‌كه‌وێته هه‌ڵه‌وه.كاتێ چه‌مكێك یاخود شوناسێك، له ئه‌زموونی شیعری كوردیدا، ده‌ده‌ینه پاڵ شاعیرێك، ئه‌وا ده‌بێ له په‌راوێزی لێكۆڵینه‌وه له شیعره‌كانی و به‌راوردكردنی به ئه‌زموونی شاعیرانی تر،به ئه‌رگۆمێنت ئه‌و شوناسه ده‌ربخه‌ین و بیخه‌ینه ڕوو.بۆنموونه:كاتێ باس له دژه باوی شاعیرێك ده‌كه‌ین، ده‌بێ ماكه‌كانی ئه‌و دژه باوییه بسه‌لمێنین، نه‌ك له په‌راوێزی چه‌ند شڕۆڤه‌یه‌كی ساده‌ی دێڕه شیعرییه‌كانییه‌وه، نموونه‌یه‌كی ساده و باو بێنینه‌وه و بۆچوونیشمان وابێت كه ئه‌وانه دژه باون. ئه‌گه‌ر دژه باوی له نێو واقیعی باودا، وه‌ك خۆی مایه‌وه و هیچ پرسیار‌و تێڕوانینێكی جیاوازی دروست نه‌كرد، مانای وایه جیاواز نییه. دژه باوی له نێو واقیعێكی باو و داسه‌پاودا، نه‌ك هه‌ر ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه، به‌ڵكو به توندی ده‌كه‌وێته به‌ریه‌ككه‌وتنی هزریی و فه‌رهه‌نگیش.دژه باویی شوناسێكی ئاسان و ساده نییه، تاكو بیده‌ینه پاڵ شاعیرێك به بێ ئه‌وه‌ی به ئه‌رگۆمێنت ساغی بكه‌ینه‌وه كه له كوێ ئه‌و شاعیره دژه باوه.دژه باوی واتا ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و نۆڕمه كۆمه‌ڵایه‌تی و هزریی و ئایینی و ئایدۆلۆژییانه‌ی، ڕه‌نگڕیژی سه‌رده‌مێك ده‌كه‌ن و بوونه‌ته نه‌ریتێكی باو له كۆمه‌ڵگه‌دا.ئه‌زموونی شیعری كوردی، قۆناعی جیاوازی بڕیوه، له كلاسیزمه‌وه بۆ ڕۆمانسییه‌ت و ڕوانگه و دوای ڕاپه‌ڕین وتاكو به ئێستاش ده‌گات، به‌ڵام زۆر به‌ده‌گمه‌ن له‌و قۆناغانه‌دا، ئه‌زموونی جیاوازی شیعریی جگه له(نالی وگۆران) ده‌بینـیت، یاخود شاعیرێكی دژه باو ده‌بینین كه له ده‌ره‌وه‌ی تێڕوانینی گشتی بیر بكاته‌وه و شیعر بنووسێت.
بگره له هه‌ندێ سه‌رده‌مدا، شیعری كوردی له ڕووی گوتار‌و دنیابینی و فۆڕم و ناوه‌ڕۆكدا، ئه‌وه‌نده له یه‌كتری نزیك ده‌بێته‌وه، كه هه‌موویان دواجار هه‌ڵگریی یه‌ك گوتاری شیعرین. بۆنموونه: ئه‌زموونی شیعری له دوای نسكۆی شۆڕش وناوه‌ڕاستی هه‌فتاكاندا، ئه‌زموونێكه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه سیاسی و سته‌مه نه ته‌وه‌یه‌یه كه له كورد ده‌كرێت. ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی شیعری كوردی له‌و سه‌رده‌مه‌دا، شیعریی به‌رگریی و شۆڕشگێڕییه، كه ده‌چێته خانه‌ی جۆشدان و بزوێنه‌ری هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی مرۆڤی كورد، كه به ڕوونی ئه‌مه به گوتاری شیعری هه‌فتاكانه‌وه دیاره. واتا شیعر ده‌بێته بابه‌تێك بۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵومه‌رجی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی كورد، كه هه‌ڵومه‌رجێكی سه‌خت و دژواربووه و تاكی كورد جۆرێك له نائومێدیی و ڕه‌شبینی دایده‌گرێت.به‌ڵام دوای ڕاپه‌ڕین، قۆناغی ئازادیی و ڕزگاری نه‌ته‌وه‌ی دێته ئاراوه، ئیدی ئه‌زموونی شیعری كوردی له‌و قۆناغه‌دا، به گشتی ده‌بێته ئه‌زموونێكی خودیی و چیتر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و قۆناغه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه نابێت، كه به‌ر له ڕاپه‌ڕین ده‌بینرا. كه واتا به گشتی هه‌موو ئه‌زموونێكی شیعریی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی قۆناغێكی دیاریكراوه. ئیدی ئه‌زموونی نوێ و گوتاری نوێ دێته ئاراوه. ئه‌و شاعیرانه‌ی له هه‌فتاكاندا، وه‌ك هاوچه‌رخێك ده‌رده‌كه‌ون، به هیچ پێوه‌رێك ئه‌زموونی ئه‌وكاتییان بۆ ئێستا، ناچێته خانه‌ی نوێوه. بۆیه هه‌موو ده‌ركه‌وته و سیمایه‌كی نوێ، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی قۆناغه‌كه‌یه.بێگومان ئه‌زموونی شیعریش له‌مه به‌ده‌ر نییه. بۆیه كاتێ(وتاری دژه باوه‌كان له شیعری هاوچه‌رخی كوردی)*م خوێنده‌وه، وه‌ك خوێنه‌رێكی ئاسایی شیعر، دركم به‌وه كرد كه نووسه‌ری ئه‌و وتاره، زۆر به هه‌ڵه له دژه باوی گه‌یشتووه. به‌رله هه‌موو شتێك، ده‌بوو نووسه‌ری ئه‌و وتاره دیاری بكات كه مه‌به‌ستی له شیعری دژه باو، كام قۆناغی شیعرییه. چونكه گرنگه له خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر قۆناغێكی شیعریدا، پۆلێنبه‌ندی زه‌مه‌نی و مێژوویی بكه‌ین. شیعری كوردی، به گه‌لێك قۆناغدا تێپه‌ڕیوه، بۆیه ده‌بوو نووسه‌ری ئه‌و وتاره، قۆناغه شیعرییه‌كه‌ی دیار كردبایه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه نووسه‌ری ئه‌م وتاره، زۆر سه‌ر پێی و ڕاگوزه‌ر وه‌سفی دژه باوی ده‌كات و ده‌یبه‌ستێته‌وه به هه‌ندێك ده‌ركه‌وته و خه‌سڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕووكه‌ش، به‌بێ ئه‌وه‌ی له ئاستی هزریی و پاشخانی ڕۆشنبیریی و فه‌رهه‌نگیدا، له مانا قووڵه‌كانی دژه باوی گه‌یشتبێت.ئه‌و له پێناسه‌ی دژه باویدا ده‌ڵێت:_ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت پێناسه‌ی دژه باوی بكه‌ین ئه‌وا:((هه‌موو قسه وهه‌ڵسوكه‌وت و داب و نه‌ریت و یاسا‌و ڕێسا گه‌لێك له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا هه‌بن و خه‌ڵكه‌كه په‌یڕه‌وی لێ بكه‌ن، ئه‌وه شته باوه‌كانن،هه‌ر كه‌سێكیش دژی ئه‌مانه بێت و په‌یڕه‌وی نه‌كات ئه‌وانه دژه باون)).
لێره‌وه زۆر به ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت، كه نووسه‌ری وتاره‌كه، چه‌ند به ساده‌یی له ماهییه‌تی دژه باوی گه‌یشتووه، ئایا هه‌ر كه‌سێك دژی نه‌ریتێك، خاسیه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، دیاره‌دیه‌كی گشتی و میللی وه‌ستایه‌وه دژه باوه؟ له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، هه‌زاران كه‌س په‌یڕه‌وی ئایین ناكه‌ن و نوێژ ناكه‌ن، ئایا ئه‌وانه دژه باون؟ هه‌زاران كه‌س پۆشاكی كوردی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ناپۆشن و لاسایی ڕۆژئاوا ده‌كه‌نه‌وه و په‌یڕه‌وه‌ی نوێترین مۆدێلی شێوه و جه‌سته ده‌كه‌ن، ئایا ئه‌مانه دژه باون؟ هه‌زاران كه‌س یاسا جێبه‌جێ ناكه‌ن، له گڵۆپی سوور ده‌ده‌ن، ئایا ئه‌مانه دژه باون؟ئه‌گه‌ر دژه باوی له‌و خاسیه‌ته بچووكانه كورت بكه‌ینه‌وه، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه نیوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه دژه باو ده‌رده‌چێت كه له ڕاستیدا وانییه. دواتر ئایا دژه باوی له شیعردا، هه‌مان ئه‌و دژه باوییه ده‌گه‌یه‌نێت كه له ڕووبه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و میللی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا هه‌یه؟له ڕاستیدا، دژه باوه‌كان هه‌رگیز شوێن و جێگه‌یان له نێو كۆمه‌ڵگه نابێته‌وه. دژه باوه‌كان وه‌ك ته‌نێكی نامۆ، كه باوه‌كان به هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیان ودنیابینی خۆیان ده‌یانبینن،دژایه‌تی ده‌كرێن،ڕه‌ت ده‌كرێنه‌وه، فڕێ ده‌درێنه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ژیان و بوونه گشتییه‌كه.هه‌ر كاتێك دژه باوێك سه‌ریهه‌ڵدا، زۆر به توندی به‌گژی دادێنه‌وه، تا هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌مانیش. كاتێ (عه‌بدولخالق مه‌عروف) كتێبێك ده‌نووسێت له باره‌ی كۆمه‌ڵی كورده‌وارییه‌وه، چونكه بۆ چوونه‌كانی دژه باو بوون و له‌گه‌ڵ باوه‌كانی كۆمه‌ڵگه یه‌كینه‌گرته‌وه، سه‌ره‌نجام به ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی شه‌هید كرا.دژه باوی جیاواز كه‌وتنه‌وه‌یه له بیركردنه‌وه.هیچ دژه باوێك سه‌رهه‌ڵنادات،ئه‌گه‌ر مرۆڤ له ڕوانین و بیر كردنه‌وه‌دا به كردار دژه باو نه‌بێت.
دژه باوی جیاواز كه‌وتنه‌وه‌ی سیما‌و ڕواله‌ت و نماییشی جه‌سته‌یی نییه،به‌ڵكو بڕوابوون و پره‌نسیپی هزرییه. دژه باوی ته‌نها دروشم نییه، به‌ڵكو شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی بیر كردنه‌وه و ڕوانینه. مه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، خانمه شاعیرێك ئیدیعای ئه‌وه‌ی ناكرد كه دژه باوترین ژنه، كه‌چی ده‌ركه‌وت باوترین و كلاسیكیترین و میللیترین ژنی نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه؟. ئه‌و شاعیرانه‌ی نووسه‌ر له وتاره‌كه‌ی خۆیدا به نموونه هێناویه‌ته‌وه(جگه له سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) هه‌موویان شیعریان له نێو ئێمه‌دا خوێندراوه‌ته‌وه و هه‌زاران خوێنه‌ر به شیعره‌كانییان له كاتی خۆیدا سه‌رسام بوونه. له كاتێكدا شاعیری دژه باو، هه‌رگیزنابێته به‌شێك له ئه‌قڵی گشتی و میللی كۆمه‌ڵگه. سه‌رنج بده‌ن، سه‌باح ڕه‌نجده‌ر وه‌ك شاعیرێكی جیاواز نه‌ك دژه باو، ئه‌زموونی شیعری چه‌ند له په‌راوێز دایه، چه‌ند دژایه‌تی ده‌كرێت، چه‌ند ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه، چونكه له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه و ڕوانینی گشتی هاو كۆك نابێت.مه‌حاڵه شوێنی دژه باوێك له نێو بیركردنه‌وه و ڕوانین و ڕێسای باودا ببێته‌وه.ئیدی من نازانم ئه‌و شاعیرانه له كوێدا دژایه‌تی كران و ڕه‌ت كرانه‌وه؟ ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستێك به‌رامبه‌ر ئه‌و شاعیرانه وه‌رگیرابێت،ئه‌وا له دوا كه‌وتوویی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه بووه له‌وكاتدا، نه‌ك له ئه‌زموونی شیعری ناباو. مه‌گه‌ر ئێستا له‌تیف هه‌ڵمه‌ت وه‌كو هه‌فتاكان و هه‌شتاكان ده‌خوێنرێته‌وه؟ئه‌م شاعیرانه له كوێدا شتێكی جیاوازیان نووسی، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌قلی باوی كۆمه‌لگه بێت؟به پێچه‌وانه‌وه جگه له ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر كه ئێستاش به‌رده‌وامه، هه‌ریه‌ك له جه‌لالی میرزا كه‌ریم و شاكه‌لی و هه‌ڵمه‌ت،وه‌ك هه‌ر شاعیرێكی دیكه‌ی كورد، شیعر‌و دنیابینیان له چوارچێوه‌ی هه‌مان ئه‌و ئه‌زموونه شیعرییه‌دایه به‌ڵام به ڕوانینی جیاوازكه له دوای گۆرانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و درێژ ده‌بێته‌وه تا ناوه‌ڕاستی هه‌فتاكان.بگره فه‌رهاد شاكه‌لی و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، هه‌ردووكییان زاده‌ی یه‌ك قۆناغ و زه‌مه‌ن و شوێن و ئه‌زموونی شیعرین،دواجاریش سۆفیگه‌ری ده‌بێته به‌شێك له گوتاری شیعری‌یان. ته‌نانه‌ت بۆ چوونه‌كانیشیان زۆر له یه‌كتریه‌وه نزیكه و خۆشیان به ئه‌زموونێكی جیاواز له ڕوانگه داده‌نێن.
ئه‌گه‌ر ده‌نگی نوێش بن بۆ قۆناغ و سه‌رده‌می خۆیان نوێ بوونه. یه‌كێك له گرفته‌كانی ئه‌و نووسینه ئه‌وه‌یه، كه وێرای ئه‌وه‌ی به زمانێكی ساده‌و ساكار، له ده‌ره‌وه‌ی زمانی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی نووسراوه، هاوكات به‌ر بۆچوونی سه‌یرو نالۆژیكیش ده‌كه‌وین، به بێ ئه‌وه‌ی نووسه‌ری وتاره‌كه توانیبێتی له ڕووی ئه‌رگۆمۆنتییه‌وه بۆچوونه‌كانی بچه‌سپێنێت یان ساغ بكاته‌وه. له‌گه‌لێك شوێنی وتاره‌كه‌ی، بۆچوونه‌كانی پارادۆكسی گه‌وره‌یان تێدایه. ئه‌گه‌ر ئه‌و شیعرانه‌ی ئه‌و نووسه‌ره له‌و وتاره درێژه‌ی خۆیدا، به نموونه هێناویه‌تییه‌وه وه‌ك شیعری دژه باو بناسێنین، ئه‌وا جگه له بێ ئاگایه‌كی گه‌وره‌ی نووسه‌ری ئه‌و وتاره، له ئه‌زموونی شیعری كوردی و دنیابینی شاعیرانی كورد، هیچی تر ناگه‌یه‌نێت.چونكه به‌شێك له شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ی ئه‌وبه نموونه هێناویه‌تییه‌وه، له شیعری شاعیرانی پێشووتریش ده‌بینرێن. ئه‌گه‌ر شیعره‌كانی جه‌لالی میرزا كه‌ریم كه بۆ شۆڕشی چوارده‌ی ته‌ممووزی نووسیوه، یاخود ئه‌و دیده ئه‌نته‌رناسیۆناڵییه به نوێ و دژه باو بزانین كه له به‌شێكی شیعری ئه‌و شاعیره داهێنه‌ره هه‌یه، ئه‌وا ده‌بێ گومان بكه‌ین كه خالید عه‌بدل، له مێژووی شیعری كوردی به ئاگا بێت. له به‌ر ئه‌وه‌ی گۆران، زۆر پێشی جه‌لالی میرزا كه‌ریم، شیعری بۆ شۆڕشی چوارده‌ی ته‌ممووزو چه‌پ و ئازادیخوزانی دنیا نووسیوه. ئیدی نازانم دژه باو چییه و چۆنه؟ئه‌گه‌ر گوتارێكی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی، چه‌ندین جار له ئه‌زموونی شیعریدا، به دنیابینی جیاواز ببینرێت، ئیدی مانای وایه تیمه‌یه‌كی باوه نه‌ك نا باو. ئه‌و شیعرانه‌ی نووسه‌ری ئه‌و وتاره، وه‌ك نموونه‌یه‌ك بۆ دژه باوی له شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا، به تێگه‌یشتنی خۆی هێناویه‌تییه‌وه، نه‌ك شیعری دژه باو نین، به‌ڵكو له ئه‌زموونی شیعری كوردیدا، نموونه‌ی له‌و شێوه‌یه زۆره.ده‌بوو نووسه‌ر، وردتر و به نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌یی زیاتر، ئه‌و تێزه‌ی خۆی ڕوونبكردایه‌وه كه دژه باوی چییه و ئه‌و شاعیرانه چۆن سه‌رقافڵه‌ی شیعری دژه باون. نه‌ك به چه‌ند ڕاڤه‌كردنێكی ساده و ساكار‌و چه‌ند بۆ چوونێكی دژ به یه‌ك،باسی ئه‌و شاعیرانه بكات. چونكه نووسه‌ر به ته‌نها باسی ئه‌و شاعیرانه‌ی كردووه.ئه‌و ده‌ڵێت:((هه‌ریه‌ك له‌و چوار شاعیره، شیعره‌كانییان تۆزێك له ده‌قه‌كانی پێش خۆیان گرانتروكه‌مێكیش ئاڵۆزبوونه)).
ئه‌گه‌ر دژه باوی په‌یڕه‌نه‌كردنی ڕێسا گشتییه‌كان بێت، وه‌ك ئه‌و له پێناسه‌ی دژه باوی ده‌ینووسێت، مانای وایه، خۆی بۆچوونه‌كانی خۆی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه. چونكه مانای چییه، شیعره‌كان كه‌مێك ئاڵۆزتر‌و تۆزێكیش گرانترن له شیعره‌كانی پێش خۆیان؟. ئه‌گه‌ر وابێت، ئه‌م شاعیرانه هیچ دابڕان و مه‌ودایه‌كییان له ڕووی شیعرییه‌وه، له نێوان خۆیان و شاعیرانی پێش خۆیان نییه.ئه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:_((ئه‌م شاعیرانه نه‌یانهێشتووه ئاگری كوده‌تا دژه باوییه‌كه‌یان بكوژێته‌وه و به‌رده‌وام دیوه‌خانی شیعری خۆیان گه‌رم كردووه)). شیعر، قسه‌ی نه‌سته‌ق و حیكایه‌ت و گێڕانه‌وه‌ی به‌رئاگردان نییه، تاكو دیوه‌خانی پێ گه‌رم بكرێت.شیعر‌و دیوه‌خان، ئاسمان و ڕێسمان دوور‌و دژبه یه‌كترین. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه دیوه‌خانی شیعری‌یان به‌رده‌وام جمه‌ی هاتبێت، مانای وایه باوترین شاعیرانی سه‌رده‌من.به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن ئه‌وانه‌ی له شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌رده‌گه‌ن، ئیدی نازانم نووسه‌ر چۆنی بوێری ئه‌وه‌ی هه‌یه بۆچوونی له‌و شێوه‌یه ده‌رببڕێت. لێره‌دا وه‌ك خوێنه‌رێكی ئاسایی شیعر، له باره‌ی ئه‌و شاعیرانه‌وه بیر‌و بۆچوون و ڕوانینه‌كانی نووسه‌رده‌رباره‌یان، چه‌ند سه‌رنجێك ده‌خه‌ینه ڕوو و به‌راوردی یه‌كترییان ده‌كه‌ین، به مه‌به‌ستی ده‌رخستنی هه‌ڵه و تێڕوانینی نابابه‌تی بۆ ئه‌زموونی شیعر‌و ئه‌و شاعیرانه‌ش.
جه‌لالی میرزا كه‌ریم
بێگومان ئه‌گه‌ر به‌وردی له سه‌ر وتاره‌كه‌ی خالید عه‌بدل بوه‌ستین،ده‌بینین كه‌له دووتوێی ئه‌و نووسینه‌دا،هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی بابه‌تی و ئۆرگانیكی له نێوان ڕسته و ده‌ربڕینه‌كان نییه، ئه‌و بۆ چوونێك ده‌رده‌بڕێت،كه‌چی دوای چه‌ند دێڕێك دژی ئه‌و بۆچوونه‌ی خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه.ئه‌م نووسینه له ئاستی ماناوگوتاردا، نووسینێكی تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵه و له زۆر شوێندا پارادۆكسی گه‌وره، بۆچوونی ناواقیعی و نالۆژیكی ده‌بینین كه ده‌لاله‌ته له‌وه‌ی ناوبراو بێ ئاگایه له مێژووی شیعری كوردی كه سه‌ره‌تایترین بنه‌مایه بۆ شڕۆڤه‌كردنی ئه‌زموونی شیعری شاعیران و قۆناغه‌كانی شیعری كوردی. ئه‌و هه‌وڵده‌دات به هه‌ندێك بۆچوونی ساده و ده‌ربڕینی په‌خشانییه‌وه، ئه‌وه بسه‌لمێنێت كه باسی دژه باوی له شیعری هاوچه‌رخ ده‌كات، كه له ڕاستیدا ئامانجه‌كه‌ی نه‌پێكاوه. نووسه‌ر له‌باره‌ی (جه‌لالی میرزا كه‌ریم)ه‌وه ده‌نووسێت:((له‌ناو دژه باوه‌كاندا جه‌لالی میرزا كه‌ریم پێشه‌نگه،یه‌كه‌م كه‌س بووه شیعری له‌و جۆره‌ی نووسیوه،مۆركی خه‌سڵه‌تی قۆناغی شیعری پاراستووه)). ده‌پرسین، ئه‌گه‌ر شاعیرێك مۆركه گشتیی و خه‌سڵه‌ته‌كانی قۆناغێكی دیاریكراوی شیعر بپارێزێت و شیعره‌كانی وه‌ك شاعیرانی تر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی قۆناغه‌كه بێت، ده‌كرێ بڵێن شاعیرێكی دژه باوه؟ له كاتێكدا وه‌ك باسمان كرد دژه باوه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی باون؟گومانم هه‌یه ئه‌و نووسه‌ره به وردی خه‌رمانه‌ی شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ی خوێندبێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر شاره‌زا بووایه قسه‌ی له‌و شێوه‌ی نه‌ده‌كرد. بۆنموونه ده‌نووسێت:((شیعری سه‌رده‌می پاشایه‌تی زیاتر به‌ره‌و خوازه چووه)).یه‌كه‌م جاره وه‌ك خوێنه‌رێكی شیعر، گوێبیستی ده‌سته‌واژه‌ی ((شیعری سه‌رده‌می پاشایه‌تی)) ده‌بم، كه دیاره مه‌به‌ستی ئه‌و شیعرانه‌ن كه ده‌چنه ئه‌و سه‌رده‌مه سیاسی و مێژووییه‌وه.
به‌ڵام ئایا شیعری سه‌رده‌می پاشایه‌تی، یه‌ك قۆناغ و یه‌ك جۆر شیعره؟سه‌رده‌می پاشایه‌تی له ساڵی 1921ده‌ست پێ ده‌كات تاكو 1958.به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه، شاعیرانی وه‌ك:((پیره‌مێرد،بێكه‌س، گۆران، شێخ نوری، ئه‌حمه‌د موختار جاف، دڵدار، دڵزار،كامه‌ران موكری)) و زۆری تریش ده‌رده‌كه‌ون و به‌رهه‌می ئه‌و قۆناغه‌ن و شیعریان نووسیوه.دواتر ده‌كرێ بڵێین ئه‌مه چ په‌یوه‌ندی به جه‌لالی میرزا كه‌ریمه‌وه هه‌یه كه خۆی ده‌ڵێت، یه‌كه‌م شاعیری دژه باوه كه له ساڵی 1958 بۆ یه‌كه‌م جار شیعری نووسیوه.ئه‌مه له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تره‌وه، ئه‌و نموونه شیعرییانه‌ی خالید عه‌بدل وه‌ك ده‌قێك بۆ ڕاڤه‌كردنی شیعری ئه‌و شاعیره ده‌یانهێنێته‌وه، شتێكی ئه‌وتۆی دژه باویان تێدانییه.
شیعره‌كانی ئه‌و شاعیره‌ش، له ڕووی فۆڕمی شیعرییه‌وه ده‌توانم بڵێم درێژكراوه‌ی ئه‌و فۆڕمه شیعریه‌یه كه گۆران داهێنه‌ریه‌تی.به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه ئه‌م شاعیره، شاعیرێكی نوێ نییه. جه‌لالی میرزا كه‌ریم، یه‌كێكه له شاعیره به توانا‌و هاوكات گومناوه‌كانی شیعری كوردی. ئه‌م شاعیره كه له دامه‌زرێنه‌رانی گرووپی ڕوانگه‌یه، له هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، ده‌نگێكی دیاری شیعری كوردی بووه، به‌ڵام به داخه‌وه له‌باره‌ی ئه‌و شاعیره‌وه هیچی ئه‌وتۆ نه‌نووسراوه جگه له هه‌وڵه جوان و به‌رچاوه‌كانی هه‌ردوو نووسه‌ران( عه‌تا قه‌ره‌داغی و سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) كه ئه‌مه‌ی دوایان كۆمه‌ڵه شیعره‌كه‌شی سه‌رله‌نوێ به پێشه‌كییه‌كی جوانه‌وه چاپ كردۆته‌وه. من نامه‌وێت له‌م وتاره‌دا له سه‌ر ئه‌و شاعیره بوه‌ستم، چونكه نیازمانه به سه‌ربه‌خۆیی له نووسینێكی تایبه‌تدا تیشكی بخه‌ینه سه‌ر.شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره، له باره‌ی نه‌ته‌وه و نیشتمان وخه‌می مرۆڤ به‌گشتییه، وشه و ده‌سته‌واژه‌ی شیعری ناسك و جوان له شیعری ئه‌و شاعیره ده‌بینین. په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵ له نێوان زمان و باری ده‌روونی شاعیر هه‌یه و ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له سه‌ر زمانی ده‌ربڕینی شیعره‌كان هه‌بووه. ئه‌م شاعیره كه یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌رانی ڕوانگه، ده‌نگێكی دیاری هه‌فتاكانه، دوای ئه‌وه‌ی ئاواره ده‌بێت و له ئه‌مه‌ریكا ده‌گیرسێته‌وه، ئه‌زموونی شیعری ڕووی له كزی ده‌كات و پاش ڕاپه‌ڕین كه دێته‌وه كوردستان، به داخه‌وه مه‌رگ مه‌ودای نادات و دووساڵێك دوای ڕاپه‌ڕین ده‌مرێت.شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره‌ش،به‌شێكی زۆریان هاوشێوه‌ی شاعیرانی ئه‌وكات، ده‌چنه خانه‌ی شیعریی سیاسی و به‌رگریی و خه‌مه گه‌وره‌كه‌ی نیشتمان. بۆیه له گه‌لێك له شیعره‌كانیدا، ده‌نگی تووڕه‌یی و هاتنه‌وه به گژ سته‌می نه‌ته‌وه‌یی تێدایه. خالید عه‌بدل له وتاره‌كه‌یدا، له باره‌ی ئه‌م شاعیره‌وه، هه‌ندێك بۆچوونی هه‌ڵه ده‌رئه‌بڕێت، كه پێویستییان به ڕاستكردنه‌وه‌یه. له‌م باره‌یه‌وه ده‌نووسێت:((جه‌لالی میرزا كه‌ریم پێشه‌نگی شاعیره دژه باوه‌كانه، یه‌كه‌م جار له ساڵی 1958 شیعری نووسیوه، كه پێشتر به‌و ته‌كنیكه نه‌نووسراوه، ئه‌و له شیعری (دووچاوی) كه به‌بۆنه‌ی چوارده‌ی ته‌ممووزه‌وه نووسراوه ده‌ڵێت:_
ڕۆژی تازه له خاك هه‌ڵهات
له كوختی پیاوی چه‌وساوه،
له تاریكی ڕه‌شی زیندان
له‌و دایكه ڕۆڵه كوژراوه
به‌یانی نوێ
خۆری هه‌ڵهات
بنووسی وتاره‌كه له باره‌ی شیعری دووچاوی ئه‌م شاعیره به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت:((خۆر له‌و دایكانه هه‌ڵهات كه ڕۆڵه‌كانیان به ده‌ستی دیكتاتۆر كوژرابوون،ببوونه مه‌شخه‌ڵی ئه‌و ڕۆژه.شاعیر له شه‌فافیه‌تی شیعره‌كی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه،كه هه‌تا ئه‌و كاته هیچ شاعیرێكی كورد به‌و شێوازه شیعری نه‌نووسیوه،دووره له شێوازه شیعرییه باوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه،شێوازه‌كه‌ی ئه‌م نه‌عه‌روزه نه جووت سه‌روایه به‌ڵكو ئازاده)).هه‌رته‌نها ئه‌و چه‌ند په‌ڕه‌گرافه كه ئێمه له نووسینه‌كه‌ی ئه‌م نووسه‌ره‌مان وه‌ك نموونه هێناوه‌ته‌وه، ده‌ریده‌خات كه ئه‌م به‌ڕێزه چ بێ گایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه له شیعر‌و ئه‌زموونی شیعری كوردی. ئێستا، نه‌ریتێكی خراپ له نێو به‌شێكی زۆری نووسه‌رانی ئێمه هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه واده‌زانن مه‌لای دوانزه عیلمن و له هه‌موو شتێك ده‌زانن، كه له ڕاستیدا وانییه.بنووسی ئه‌م وتاره، له ساڵی 1958 وه باسی دیكتاتۆریه‌ت ده‌كات. به بڕوای ئه‌و، ئه‌و شیعره له دژی دیكتاتۆریه‌ت بووه. به‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه ناوبراو بێ ئاگایه له مێژووی سیاسی عێراق و كه چی قسه‌شی له باره‌وه ده‌كات. له ساڵی 1921 تاكو 1958 عێراق پاشاپه‌تی بووه،مێژووی دیكتاتۆریه‌ت له عێراق، له‌گه‌ڵ ده‌ست به‌كاربوونی به‌عس و سه‌دامی خوێن‌ڕێژ له ته‌ممووزی 1979 ه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات. ئه‌مه مێژووه و ده‌بێ بیزانێت. ئیدی نازانم مه‌به‌ستی خالید عه‌بدل كامه دیكتاتۆره؟ بۆچی ناوی نه‌هێناوه؟. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌گه‌ر نووسینی شیعر بۆ چوارده‌ی ته‌مووز به دژه باوی بزانین، ئه‌وا گۆرانیش شیعری بۆ ئه‌و شۆڕشه نووسیوه‌و ته‌نانه‌ت شیعرێكی هه‌یه كه له هه‌مان ڕۆژدا نووسراوه. گۆران له‌و شیعره‌یدا ده‌ڵێت:
ده‌نگێكی دوور
دوور..ئێجگار دوور
به ئاسته‌مێك ئه‌گاته ژوور
ئه‌ی ده‌نگی دوور…به ئه‌سته‌مێك ئه‌گه‌یته ژوور.
ئاخۆ سپیت یان ڕه‌ش یان سوور؟
(دیوانی گۆرانلا 206) بۆنه‌ی چوارده‌ی ته‌مووز، كه كۆتایی به ڕژێمی پاشایه‌تی و كۆنه‌په‌رستی هێنا، بۆنه‌یه‌ك نییه دژه باوبێت، گه‌لێك له شاعیرانی ئێمه به‌و بۆنه‌وه شیعریان نووسیوه، جه‌لالی میرزا كه‌ریمیش وه‌ك هه‌ر شاعیرێكی دیكه، كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ریه‌تی ئه‌و ڕووداوه و ئه‌م شیعره‌ی نووسیوه. دواتر یه‌كێك له هه‌ڵه هه‌ره زه‌ق و دیاره‌كانی ئه‌م نووسه‌ره ئه‌وه‌یه كه بڕوای وایه تا ئه‌و كات، واتا 1958هیچ شاعیرێك به فۆڕمی ئازاد شیعری نه‌نووسیوه، به‌ڵكو به عه‌روزو كێش و سه‌روا شیعر نووسراوه، به‌ڵام شیعری دووچاوی جه‌لال، شتێكی نوێیه. هه‌ركه‌سێك ئه‌لف وبێیه‌كی سه‌ره‌تای له باره‌ی شیعر‌و ئه‌زموونی شیعرییه‌وه بزانێت، هه‌ڵه‌ی وه‌ها ناكات. لای خالید عه‌بدل، شیعری ئازاد له جه‌لالی میرزا كه‌ریمه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات نه‌ك گۆران،كه ئه‌مه‌ش داهێنانێكی تازه‌یه له شیعری كوردیدا. ئه‌م نووسه‌ره، ئه‌گه‌ر كه‌مێك ئه‌رك بكێشێت وبگه‌ڕێته‌وه سه‌ر دیوانه‌كه‌ی گۆران، ئه‌وكات ده‌زانێت كه چۆن له ساڵانی بیست و سییه‌كان گۆران شیعری به‌و فۆڕمه ئازاده‌وه نووسیوه وخۆشی داهێنه‌ری شیعری ئازاده له مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی.دیوانی گۆران، له ڕووی فۆڕمی شیعرییه‌وه پڕن له نموونه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی كه خالید عه‌بدل وه‌ك ئه‌رگۆمێنتێك بۆ سه‌لماندنی بۆچوونه‌كانی له باره‌ی شیعری دژه باوی كوردی نووسیویه‌تی. شیعری ئازاد له گۆرانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه، ئیدی نازانم چۆن ئه‌و باوه‌ڕی وایه كه جه‌لالی میرزا كه‌ریم، داهێنه‌ری فۆڕمی شیعری ئازاده.ناوه‌ڕۆكی هه‌ردوو شیعره‌كه‌ی گۆران و جه‌لال، گوزارشت له هه‌ڵهاتنی خۆری نوێی شۆڕشی چوارده‌ی ته‌ممووز و واقیعێكی تازه‌ی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق ده‌كه‌ن.ئه‌مه‌ش به بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك شتێكی ئاساییه. چونكه شیعری ئه‌و قۆناغانه به گشتی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵومه‌رجی بابه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه بووه.ئه‌مه نه دژه باوییه نه جیاوازی. هه‌ر له درێژه‌ی گوایه ڕاڤه‌كردنی شیعری دووچاوی ئه‌م شاعیره، نووسه‌ری وتاره‌كه جله‌وی بۆ خه‌یاڵه‌كانی شل كردووه و ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:((جوانی ئه‌م شیعره له‌وه دایه،كه هیچ به شێكی به‌سه‌ر به‌شه‌كه‌ی تری‌دا زاڵ نییه)). سه‌رنج له‌وگوزارشتكردنه بده‌ن،زاڵبوونی به‌شه‌كانی شیعر چ مانایه‌كی هه‌یه؟ به‌ڵام بابڵێین تا ئێره ئاساییه، چه‌ند دێڕێك دواتر ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت: ((شاعیر سوودێكی زۆری له به‌یه‌كه‌وه گرێدان وه‌رگرتووه،یه‌كێتی بابه‌ت له شیعره‌كه‌دا هه‌یه و بوونی خۆی سه‌لماندووه)).بێگومان یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته سه‌ره‌تاییه‌كانی نووسین، ته‌واوكردنی مانا‌و گه‌یاندنی ئاماژه‌یه، وه‌ك چۆن ڕسته له كۆمه‌ڵه وشه‌یه‌ك پێكدێت، كه هه‌موویان واتایه‌ك به سه‌ر یه‌كه‌وه ده‌به‌خشن، نووسینیش هه‌مان شێوه‌یه. مانای چییه شیعرێك كۆپڵه‌كانی له یه‌كتری جیاون و یه‌كێتی بابه‌تیشی تێدایه؟شیعری نوێ، چیڕۆك و ڕۆمان نییه، تاكو له سه‌ر یه‌ك هێڵی گێڕانه‌وه بڕوات، شیعری نوێ، شیعری كلاسیك و چوارینه و غه‌زه‌ل نییه، كێش و سه‌روای هه‌بێت و دێڕێك ئه‌وی تر ته‌واو بكات،شیعری ئازاد له زۆر كاتدا، ده‌كرێ وه‌ك بونیادێكی به‌سه‌ریه‌كه‌وه بخوێنرێته‌وه و هاوكات هه‌روێنه‌یه‌كیش به جیاواز. ئه‌زموونی شێركۆ بێكه‌س، پڕه له نموونه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی كه له یه‌ك كاتدا له ڕووی كۆپڵه‌ییه‌وه و له ڕووی كۆی بینای هونه‌ری ده‌قه‌كه‌شه‌وه،به جیاواز له یه‌كتری بخوێنرێته‌وه و ماناش به ده‌سته‌وه بدات.
ئه‌مه سیمایێكی شیعری هاوچه‌رخه. خاڵێكی دیكه هه‌ر په‌یوه‌ست به ناوه‌ڕۆكی ئه‌م وتاره‌وه به بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و شیعرانه‌ی ئه‌م نووسه‌ره وه‌ك نموونه‌ی دژه باوی له شیعری جه‌لالی میرزا كه‌ریم هێناویه‌تییه‌وه، به هه‌موو لێكدانه‌وه‌یه‌ك ده‌قێكی ئاسایین و هیچ ڕه‌هه‌ندێكی دژه باویان تێدا نییه، به‌گشتی شیعره‌كانی جه‌لالی میرزا كه‌ریم، شیعری نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ندێكیشیان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هزری مرۆڤدۆستی و نێو نه‌ته‌وه‌یی و چه‌پ و بیری چه‌پخوازیی و یه‌كسانین. ئه‌گه‌ر نووسینی شیعر، له پێناو بیری چه‌پ و خه‌م و كێشه‌كانی مرۆڤدا به دژه باوی بزانین، ئه‌وا گۆران ده‌بێته دژه باوه. به‌شێك له شیعره‌كانی فایه‌ق بێكه‌س له سه‌رده‌می خۆیاندا، دژ به ئه‌قڵی دواكه‌وتوویی و دینی و لاهوتییه، كه‌سیش ناڵێت بێكه‌س دژه باو بووه. گوتاری شیعری جه‌لالی میرزا كه‌ریم،درێژ ده‌بێته‌وه تاكۆتا شیعری به‌ڵام به تێڕوانینی جیاواز. ده‌نا له ئاستی فه‌زا گشتییه‌كه‌ی شیعر، ده‌توانین بڵێین شیعری ئه‌و شاعیره، یه‌كه‌یه‌كی نه‌پچراوه به یه‌كتری.شیعره‌كان به‌شێكی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیعێكی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕین. هه‌ر له ده‌قی ((ڕوانینه‌كانی چاوی شه‌قام، تاكو شیعری یادو یاقووت و شیعری وه‌رزه‌كان و پاشان شیعری ڕاپه‌رین و خه‌مێكی بێ كۆتایی)) هه‌ست به‌و درێژبوونه‌وه‌ی تیمه‌ی شیعری ئه‌و شاعیره ده‌كه‌ین، كه دواجار ئه‌ویش ده‌چێته‌وه نێو فه‌زای شیعری هه‌فتاكان، كه به كۆمه‌ڵێك ئه‌دگاریی سیاسی و بابه‌تی و ئه‌ده‌بی ده‌ناسرێته‌وه، كه هه‌ره دیارترینییان به سیاسیكردنی شیعر‌و نووسینی شیعره له پێناو دۆزه سیاسی و نه‌ته‌وه‌یه‌كه،كه به‌رجه‌سته كردنی گیانی نه‌ته‌وه‌یی و جۆشدانی هه‌ستی شۆڕشگێریی و كوردایه‌تی، به گشتی ناوه‌ڕۆك و گوتاری شیعری ئه‌و سه‌رده‌مه پێكدێنن.خالید عه‌بدل، له كۆی وتاره‌كه‌ی له باره‌ی ئه‌و شاعیره‌وه، ته‌نها دووشیعر ده‌كاته نموونه‌ی دژه باوی له شیعره‌كانیدا و دواتر هه‌ر خۆشی له میانه‌ی باسكردن له‌و شیعرانه، ئه‌و بۆچوونه‌ی خۆی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه. ئه‌و له باره‌ی شیعره‌كانی جه‌لالی میرزا كه‌ریمه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:((شیعره‌كانی باسی شۆڕش و خه‌بات و سه‌ربه‌ستی ده‌كه‌ن، ئاوێنه‌ی سه‌رده‌می خۆیانن)).سه‌ره‌تا ده‌بێ ئه‌و نووسه‌ره بزانێت هه‌ر شیعرێك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سه‌رده‌می خۆی بوو، واتا شیعرێكه له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی گشتی و به ئاراسته‌ی ڕوانین و بیركردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر بوو، مانای وایه دژ باو نییه و درێژكراوه‌ی ئه‌وئه‌قڵیه‌ته گشتی و بینینه گشتییه‌یه، كه له كۆمه‌ڵگه‌دا بوونی هه‌یه. شیعری دژه باو، واتا شیعرێك له ده‌ره‌وه‌ی ڕوانینی گشتی. بێگومان مه‌به‌ست لێره‌دا ئه‌وه‌نییه كه شیعرێك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئازار‌و مه‌ینه‌تییه‌كانی گه‌له‌كه‌ی بێت، ئیدی به‌های شیعری نییه، به‌ڵكو به‌و مانایه‌یه كه شیعری دژه باو، واته پێچه‌وانه‌ی باوی سه‌رده‌م. ئه‌گه‌ر شیعرێك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاوێنه‌ی سه‌رده‌می خۆی بێت، مانای وایه گوزارشت له سه‌رده‌مه گشتییه‌كه ده‌كات. هاوكات ده‌بێ بزانین، باسكردن له سه‌ربه‌ستی وشۆڕش و خه‌بات، بابه‌تی نوێ و ناباو نین له شیعری كوردی. به‌ڵكو چه‌مكێكه له شیعره‌كانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و به تایبه‌تیش له شیعره‌كانی قانح و بێكه‌س ده‌بینرێن، كه باسی سه‌ربه‌ستی و پێشكه‌وتن و ئازادبوون له كۆت و به‌ندی زیندان ده‌كه‌ن.كێشه‌ی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه، كه نه‌یتوانیوه به ئه‌رگۆمێنت دژه باوی له شیعری ئه‌و شاعیرانه ڕوونبكاته‌وه. به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و هه‌ندێك پرس و بابه‌تی دیكه به شیعری ئه‌و شاعیرانه ده‌به‌ستێته‌وه،كه پێشتر له شیعری كوردی بوونییان هه‌بووه، كه ئه‌مه‌ش پووچه‌ڵی ئه‌و تێزه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه.به نموونه گیانی یاخیبوون، چه‌مكێك نییه له‌گه‌ڵ ئه‌و شاعیرانه هاتبێته نێو ڕووبه‌ری شیعری كوردی. بڕوام وایه شیعری قانح كه باسی ئازادی و زیندان ونه‌فره‌ت له نۆكه‌ری بێگانه ده‌كات، پڕه له گیانی یاخیبوون و داكۆكیكردن له خود و ناسنامه‌ی خود وه‌ك تاكێك.ئه‌م تیمانه، له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كانی شیعری كوردی، به‌رده‌وام ده‌بن و ده‌بنه بابه‌تی شیعریی. به‌شێكی زۆری شیعره‌كانی جه‌لالی میرزا كه‌ریم، باسی خه‌مه‌كانی مرۆڤ و چه‌وسانه‌وه و ئازادی و شۆڕش و خه‌بات ده‌كه‌ن. واتا دواجار ئه‌زموونی ئه‌ویش وه‌كو شاعیرێك، ده‌چێته نێو ڕووبه‌ری شیعری كوردی له قۆناغێكی دیاریكراودا، كه شیعری سه‌ره‌تای هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه.ئه‌م گوتاره درێژ ده‌بێته‌وه تاكو ڕاپه‌ڕین.شیعری كوردی، له زۆربه‌ی قۆناغه‌كانیدا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاوێنه‌ی سه‌رده‌می خۆی بووه و گوزارشتی له واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی كردووه. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه، ناچنه خانه‌ی سیمای دژه باوییه‌وه كه سه‌ره‌تا باسمان كرد، كه هه‌موو دژه باوییه‌ك ده‌كه‌وێته به‌رهێڕشی باوه‌كانه‌وه.نووسه‌ر له‌وتاره‌كه‌یدا،نموونه‌ی ئه‌و شیعره‌ی جه‌لالی میرزا كه‌ریم دێنێته‌وه، كه باسی كاره‌ساتی ڕۆژی شه‌شی ئه‌یلوول ده‌كات، كه ته‌نانه‌ت ساڵه‌كه‌شی به هه‌ڵه نووسیوه كه(1936)ی نووسیوه، له كاتێكدا ڕووداوه‌كه له ساڵی(1930)بوو.ئه‌گه‌ر ئه‌و شیعره به نموونه‌ی دژه باوی بزانین، ئه‌وا ده‌بێ گۆران دژه باوتر بێت، چونكه گۆران له ساڵی 1932 وبیست وشه‌ش ساڵ به‌رله جه‌لالی میرزا كه‌ریم، شیعری بۆ كاره‌ساتی شه‌شی ئه‌یلوول نووسیوه. به‌گشتی چه‌مكی ڕووداو، پانتایه‌كی گه‌وره‌ی له شیعری كوردی گرتووه و ڕووداوه سیاسی و كاره‌ساته نه‌ته‌وه‌یی و تراژیدییه‌كان، هه‌میشه له گه‌لێك قۆناغی دیاریكراودا، به‌شێك بوونه له شیعری كورد.ئه‌مه له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تره‌وه نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م شاعیره له سه‌رده‌مێكدا، ستایشی شۆڕشی چوارده‌ی ته‌ممووز و بیری چه‌پخوازی كردبێت، ئه‌وا دواجار له شیعری(ڕۆژژمێرو ڕاپه‌ڕین و خه‌می بێ كۆتایی)ئه‌وا شوناسی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی عێراق، به‌شوناسێكی قه‌حپه دائه‌نێت.كه ئه‌مه‌ش ئه‌و په‌ڕی تووڕه‌بوون و حاشاكردنه له ده‌وڵه‌تێك كه ناوی عێراقه. جه‌لالی میرزا كه‌ریم له‌و شیعره‌یدا، پانۆڕمای سته‌م و ئازاری نه‌ته‌وه و نیشتمان به‌رجه‌سته ده‌كات و تا ئه‌و په‌ڕی، داكۆكی له كوردبوون ده‌كات.به بڕوای من شیعری ئه‌م شاعیره، له سه‌ر ئاستی زمان و ده‌ربڕینی وشه‌ی شیعری، شیعری نوێن و ئستاتیكایه‌ك له زمانی ئه‌و شاعیره هه‌یه، كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و زمانه ڕووت و واقیعی و ئایدۆلۆژییه نییه، كه له شیعری هه‌فتاكاندا ده‌بینرێت. له زمانی شیعری ئه‌و شاعیره‌دا، ده‌یان ده‌ربڕین و ده‌سته‌واژه‌ی شیعری جوان ده‌بینرێن، كه خالید عه‌بدل خۆی لێ بواردووه. جه‌لالی میرزا كه‌ریم، به بڕوای من به‌وه دا نابێته دژه باوی سه‌رده‌می خۆی كه شیعری بۆ حزبی شیوعی و چوارده‌ی ته‌ممووزو كاره‌ساتی شه‌شی ئه‌یلوول نووسیوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ری وتاره‌كه تێی گه‌یشتووه، به‌ڵكو به‌و جوانكارییه‌ی زمان و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان زمانی شیعریی وقۆناغه‌كه‌دا هه‌یه، نوێگه‌رێكی سه‌رده‌می خۆی بووه. له شیعری ئه‌م شاعیره‌دا، چه‌ندین وشه‌ی شیعری جوان ده‌بینرێت، كه تا ئێستا له شیعری نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕینم نه‌بینیوه، زمانی شیعری جه‌لالی میرزا كه‌ریم، له سه‌د لاوه جوانتر‌و پڕماناترو سه‌رنج ڕاكێشتره، له شیعری زۆربه‌ی شاعیره گه‌نح وبه‌ناو نه‌وه‌ی نوێی ئه‌وسه‌رده‌مه مۆدێرنه‌یه و ته‌نانه‌ت شاعیره هاوچه‌رخه‌كانی خۆشی. بۆ نموونه ئه‌م شاعیره له هه‌فتاكان، ئه‌م وشه شیعرییانه‌ی به‌كار هێناوه:_(لكاوی دیواری هۆش/گه‌رووی زام/ژه‌نگی تاوان/چرپه‌ی تفت/سیپاره‌ی چلك/سنگی خه‌زان/كێڵگه‌ی زام/ ده‌وڵه‌تی قه‌حپه/ئۆردووگای دڵ/ساڵنامه‌ی زوڵم/كیشوه‌ری مردن/شڵپه‌ی خوێن/قردێله‌ی گوڵه گه‌نم/سه‌وڵی پرچ/نمه‌ی چاو) ئه‌مانه و گه‌لێك وشه‌ی تر كه ئستاتیكایه‌كییان به شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره داوه، وێرای ئه‌و په‌یوه‌ندییه سایكۆلۆژییه‌ی له نێوان زمانی شیعری و ده‌روونی شاعیر هه‌یه. ئێمه نامانه‌وێت، له‌وه زیاتر له باره‌ی ئه‌م شاعیره‌وه بدوێین، كه خوا یار بێت پڕۆژه‌ی نووسێنێكی داهاتوومانه. له كۆتاییدا ئه‌وه ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌ردو ژانی میلله‌ته‌كه‌ی بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر له ده‌ره‌نجام نووسیویه‌تی، ئه‌وا بێگومان شاعیرێكی دژه باو نییه، چونكه شیعری شاعیرانی هه‌فتا به گشتی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئازاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ن.
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت
خالید عه‌بدل، له باره‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ته‌وه ده‌نووسێت:(( ئه‌و به كرده‌وه‌ش دژه باو بوو، پرچی جیاواز داده‌هێناو ڕیشی جیاواز ده‌تاشی)). لێره‌دا، ده‌رده‌كه‌وێت كه نووسه‌ر دژه باوی به ڕواله‌تی و ڕووی ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ تێگه‌یشتووه، نه‌ك هزرو دنیابینی. ئه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت:((شیعره‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت،جۆره په‌یام و گوتارێكن،تایبتمه‌ندی خۆیان هه‌یه و به ئاسانی له شیعری یه‌كێكی تر جیا ده‌كرێته‌وه، هه‌روه‌ك خۆشی ده‌ڵێت مه‌به‌ستی(له‌تیف هه‌ڵمه‌ت)ه ناكرێت ئێمه شیعرێك بنووسین، لاسایی نالی و ئه‌حمه‌دی خانی ومه‌لای جزیری بكه‌ینه‌وه)). با له‌وه گه‌ڕێین كه نه‌ك له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، به‌ڵكو هیچ شاعیرێكی كورد، نه‌ك ناتوانێت وه‌ك ئه‌حمه‌دی خانی بنووسێت، به‌ڵكو له گوتاری شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ش ناگات. چوار سه‌د سالچ زیاتره، ئه‌حمه‌دی خانی وه‌ك شاعیرێك و بناغه‌دانه‌رێكی ئه‌قڵی ناسیۆنالیستی كوردی، ده‌خوێنرێته‌وه و ماوه‌ته‌وه.له كاتێكدا ده‌یان شاعیری هه‌فتاكان و هه‌شتاكان و ته‌نانه‌ت دوای ڕاپه‌ڕینیش، له هزری خوێنه‌ری كورد كاڵبوونه‌ته‌وه و كه‌وتوونه‌ته په‌راوێزی مێژوو. ئیدی نازانم له‌تیف هه‌ڵمه‌ت چۆن بوێری ئه‌وه‌ی هه‌یه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكات كه نایه‌وێت لاسایی مه‌حوی ونالی و خانی بكاته‌وه؟ كه له ڕاستیدا ناتوانێت نه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌یه‌وێت. چونكه چ شاعیرێكی كورد هه‌یه، ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی نه‌بێت، وه‌ك خانی و نالی بنووسێت و بناسرێت؟ئه‌مه له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌كرێ بپرسین، كامانه‌ن ئه‌و تایبتمه‌ندییانه‌ی شیعری ئه‌و شاعیره، به ئاسانی له شیعره‌كانی تر جیا ده‌كه‌نه‌وه؟ ئه‌و تایتمه‌ندییانه چین؟ سیماهونه‌رییه‌كانی كامانه‌ن؟ئه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت له باسكردنی شیعری ئه‌و شاعیره و ده‌نووسێت:((له‌تیف هه‌ر له هه‌نگاوی یه‌كه‌مییه‌وه هه‌وڵی بۆ دۆزینه‌وه‌ی شتی نوێ بووه، شتگه‌لێك كه داهێنانه‌كانی ئه‌ویان زیاتر‌و جوانتر كردووه و هه‌موو كه‌سێك نایاندۆزێته‌وه)). مه‌به‌ستی نووسه‌ری وتاره‌كه ئه‌وه‌یه، كه له‌تیف هه‌ڵمه‌ت هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به شیعری جیاواز ده‌ستی پێ كردووه، كه كه‌سانی به‌رله ئه‌و نه‌یاندۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا، دژه باوییه وه‌ك خالید عه‌بدل وه‌سفی ده‌كات. به بڕوای من، ئه‌م نووسه‌ره كه من پێشتر وتارم نه‌بینیوه و ناوم نه‌بیستووه، یان ئاگادارییه‌كی كه‌می له شیعری كوردی و قۆناغه‌كانی هه‌یه، یاخود هه‌ر لێی بێ ئاگایه. چونكه ئه‌گه‌ر كه‌مێك پێشی ئه‌زموونی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، سه‌یری ئه‌زموونی شاعیرانی تری بكردایه، قسه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ی نه‌ده‌كرد.لێره‌دا ئێمه نموونه‌یه‌ك له شیعرێكی سه‌ره‌تای ئه‌زموونی شیعری ئه‌و شاعیره دێنینه‌وه، كه به‌رهه‌می كۆتایی شه‌سته‌كانه، وه‌ك خۆی له كۆی به‌رهه‌مه شیعرییه‌كانی ئاماژه‌ی پێداوه، تاكو بزانین ئه‌و تایبتمه‌ندییانه‌ی تێدایه كه خالید عه‌بدل پێی وایه له‌تیف هه‌ڵمه‌ت داهێنه‌ریتیان و باسییان ده‌كات؟ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له شیعرێكیدا ده‌ڵێت:
من له به‌هاری هه‌موو جیهانا،
ته‌نها گوڵێكی زیوین ئه‌بینم
من له ئاسمانی ساماڵی جوانا
ئه‌ستێره‌یه‌كی شیرین ئه‌بینم
من له ته‌مه‌نی هه‌موو ژیانا
هه‌ر یادگارییه‌كی دێرین ئه‌بینم
(لا334_كۆی به‌رهه‌مه شیعرییه‌كانی)
ئه‌مه، نموونه‌یه‌كه له شیعری ئه‌و شاعیره، كه خۆی وته‌نی به‌رهه‌می كۆتایی شه‌سته‌كانه. ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج له ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كه بده‌ین، ئاخۆ چ تایبتمه‌ندییه‌ك ده‌بینین، له ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكه‌وه، كه وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ناسینه‌وه‌ی ناوی ئه‌و شاعیره له شیعری كوردیدا ببینرێت؟ئه‌و وشه و وێنه و ده‌ربڕینه شیعرییانه‌ی له‌و شیعره‌دا هاتوون، نوێ و تازه و پێشتر له شیعردا نه‌بوونه؟ چ جیاوازییه‌ك له ڕووی فۆڕمی ئه‌و شیعره‌و فۆڕمی شیعرێكی گۆران هه‌یه؟گریمان ئه‌گه‌ر ناوی له تی‌ف هه‌ڵمه‌ت به سه‌ر ئه‌و شیعره‌وه نه‌بووایه، هیچ خوێنه‌رێك ده‌یزانی ئه‌مه شیعری ئه‌وه؟ گومان ده‌كه‌م خودی خالید عه‌بدل خۆشی بیزانیایه. وه‌لێ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكات كه شتێكی جیاوزتری نووسیوه، له باره‌ی ئه‌زموونی ئه‌و شاعیرانه‌وه، ئیدی قسه‌ی گه‌وره‌ی بێ ناوه‌ڕۆك ده‌كات. وشه‌كانی(( ئاسمانئه‌ستێره‌ته‌مه‌نیادگارییزیوین)) نه‌ك وشه و ده‌سته‌واژه‌ی نوێ نین، به‌ڵكو له شیعری چل و په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووش ده‌بینرێن.شیعره‌كانی گۆرانی داهێنه‌رو نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی،ته‌ژین له‌و جۆره ده‌ربڕینانه. ئه‌م وشانه له ڕووی فه‌رهه‌نگی شیعرییه‌وه نه نوێن، نه له‌تیف هه‌ڵمه‌تیش داهێنه‌ریانه، به‌ڵكو له‌دوای قۆناغی شیعری كلاسیكییه‌وه، ئه‌و وشانه ده‌بنه به‌شێك له گوتار‌و فه‌رهه‌نگی شیعری شاعیرانی ئێمه. بۆ نموونه: گۆران له شیعرێكیدا ده‌ڵێت:_
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم له په‌رده‌ی بیرم..
نیگارێ هه‌ڵكه‌نم شێوه‌ی لێت بچێ
تا هه‌ر چه‌ن گازی گرت له‌له‌ش زنجیرم
ئازارم سووكتر كا خه‌یاڵی كچێ.
كه شۆخه و قژ زه‌رده و باڵا ڕێك و به‌رزه
خه‌مخواری نه ناسه وه‌ك فریشته‌ی عه‌رز
(دیوانی گۆرانلا164) ئه‌م شیعره‌ی گۆران، له ڕووی فۆرمی شیعرییه‌وه، هاوشێوه‌ی ئه‌و شیعره‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ته، كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێداوه. له‌م كۆپله شیعرییه‌دا، چه‌ند وێنه‌یه‌كی شیعری كه به زمان گوزارشتییان لێكراوه، به به‌راود له گه‌ڵ وشه شیعرییه‌كانی شیعری له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، كه‌خالید عه‌بدل پێی وایه هه‌ر به نوێ و جیاواز له پێش خۆی ده‌ستی به شیعر كردووه،ئستاتیكی تر‌و سه‌رنج ڕاكێشترن. به‌شێكی زۆری شیعری گۆران، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێكییان وشه‌ی عه‌ره‌بیان تێدایه، به‌ڵام له ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆك و ڕیتم ومۆسیقای شیعرییه‌وه، ئه‌گه‌ر له پێشه‌وه‌ی به‌شێكی ئه‌زموونی شیعری هه‌فتاكان نه‌بێت،ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه هاوته‌ریبی ئه‌وانه.گۆران له چه‌ندین ده‌قی خۆی وشه‌ی(ئه‌ستێره و به‌هارو ته‌مه‌ن و یادگاریی) به‌كار هێناوه، ئیدی نازانم ده‌سپێكی ئه‌و وشه نوێیانه، بۆچی نوێن و تازه‌ن له شیعری هه‌فتاكاندا. نووسه‌ر هه‌ر له میانه‌ی وتاره‌كه‌یدا ده‌نووسێت:(( ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، بریتین له شانازیی/پێشكه‌وتن/ نه‌سره‌وتن/ ئاوات و ئامانج، ئه‌و بۆ نووسینی شیعر شێوازێكی هه‌ڵبژارد و شیعری پێ نووسی كه به ئاڵۆزیی به خه‌ڵكی نه‌فرۆشته‌وه،به‌ڵكو به ساده و ساكاری داویه به گوێیان)). ئه‌مه خۆی له خۆیدا،ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی بۆچوونی خۆیه‌تی له باره‌ی دژه باویه‌وه.چونكه ئه‌گه‌ر شاعیرێك به ساده و ئاسایی شیعری نووسی وشیعری كرده به‌شێك له ڕوانینی میللی و جه‌ماوه‌رییانه‌ی خه‌ڵك، ئیدی دژه باویه‌كه‌ی له كوێدایه؟له كاتێكدا وه‌ك باسمان كرد،دژه باوه‌كان له هیچ شوێنێكی باودا جێگه‌یان نابێته‌وه و ڕه‌ت ده‌كرێنه‌وه. ئه‌گه‌ر شاعیرێك به ڕوانینی گشتی شیعری نووسی، له ڕاستیدا ده‌بێ نیگه‌ران بێت و به ئه‌زموونه‌كه‌ی دابچێته‌وه، چونكه مانای وایه، له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی باودایه. شیعر تۆپانێ نییه، تاكو جمهورێكی زۆری هه‌بێت.
هه‌ر شیعرێك ساده و ئاسان و بێ ئاڵۆزی خه‌ڵك تێی گه‌یشت، مانای وایه گه‌ردێك دژه باو نییه. لێره‌دا مه‌به‌ستی ئێمه دژه باویه‌كه‌یه، نه‌ك پێوه‌ری شیعر‌و خوێنه‌ر. چونكه شیعریش دواجار به‌شێكه له ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵومه‌رجی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌ریی كۆمه‌ڵگه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر شیعره‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، وه‌ك خالید عه‌بدل ده‌ڵێت، بێ ئاڵۆزی بگه‌نه خه‌ڵك، مانای وایه دژه باو نییه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌گه‌ر به پێوه‌ری ئه‌و بابه‌تانه بێت، كه له ناوه‌ڕۆكی شیعری ئه‌و شاعیره‌دا هه‌یه،ئه‌وا دیسانه‌وه شیعری ئه‌و شاعیره، درێژكراوه‌ی ئه‌زموونی شیعری پێشووتره. ئه‌و بابه‌تانه‌ی ئه‌و باسی ده‌كات، له شیعری سی و چله‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌بینرێت. مه‌گه‌ر چ شاعیرێك هێنده‌ی قانح، باس له مرۆڤ و شكۆمه‌ندی مرۆڤ ده‌كات له شیعره‌كانی؟ كێ ئه‌وه‌نده‌ی بێكه‌س باسی پێشكه‌وتن و ته‌مێ كردنی پاپا و ده‌ست دانه عیلم و فه‌ن ده‌كات؟ كێ ئه‌وه‌نده‌ی زێوه‌ر هه‌وڵ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خوێنده‌وار ده‌دات له شیعره‌كانی؟ئه‌م بابه‌تانه له به‌شێكی زۆری گوتاری شیعری نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌بینرێت. ئه‌گه‌ر وابێت،ئه‌وا ده‌بێ بڵێین له‌تیف هه‌ڵمه‌ت شاعیرێكی دژه باو نییه.چونكه دژه باوی، لادانه له واقیعی باو، هێنانه ئارای بابه‌تی تازه و دنیابینی تازه‌یه.بێگومان له دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول و نیوه‌ی دووه‌می هه‌فتاكان،نائومێدی ده‌بێته به‌شێك له سایكۆلۆژیه‌تی مرۆڤی كورد.ئه‌و قۆناغه كه قۆناغی ڕه‌شبینی و خامۆشییه، كاریگه‌ریه‌كی قووڵ له سه‌ر باری ده‌روونی مرۆڤی كورد جێدێڵێت. شیعری كوردی له‌و قۆناعه‌دا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌یه. بۆیه گوتاری شیعری كوردی، ده‌بێته گوتاری به‌رگریی و جۆشدانی كوانووی شۆِرش و ئه‌م گوتاره درێژ ده‌بێته‌وه تاكو ڕاپه‌ڕین، به‌ڵام به ناوه‌ڕۆك و گوزارشتكردنی جیاواز. شیعری له تی‌ف هه‌ڵمه‌تیش، ده‌بێته به‌شێك له‌و گوتاره. به تایبه‌تی كه ئه‌و خۆشی(ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم)ده‌بێته پێشمه‌رگه. ئه‌زموونی ئه‌و شاعیره، له به‌شێكی زۆری شیعره‌كانی، ده‌بێته به‌شێك له گوتاری باوی شیعری ئه‌و سه‌رده‌مه.بۆ نموونه له شیعرێكدا ده‌ڵێت:_
ئه‌ڕۆمه‌وه بۆ شاره‌كه‌م..
به‌س نییه له‌شم تێكه‌ڵی خاك و خۆڵی كوردستان ده‌بێ..
بۆ هه‌ر كوێم په‌لكێشم كه‌ن
دڵم دڵۆپه بارانێكه و لووتكه‌ی هه‌ڵگۆرد ده‌دۆزێته‌وه.
(دیوانی له تی‌ف هه‌ڵمه‌تل_124) هه‌روه‌ها له شیعرێكی تردا ده‌ڵێت:
ئه‌ی دایكه‌كان..ده‌سته‌كانتان ماچ ده‌كه‌م..
مناڵه‌كان فێری خۆشه‌ویستی بكه‌ن..
خۆشه‌ویستی نیشتمان..نیشتمان
ئه‌ی دایكه‌كان.
(دیوانی له‌تیف هه‌ڵمه‌تل_365) ئه‌م دوو شیعره، دوونموونه‌ن له شیعری ناوه‌ڕاست و كۆتایی هه‌فتاكانی سه‌دی ڕابردوو. گوتاری هه‌ردوو شیعره‌كه ڕوون و دیاره. بابه‌تی خۆشویستنی خاك و نیشتمان و گۆشكردنی ڕۆڵه‌كانمان به خۆشه‌ویستی خاك، تیمه‌ی سه‌ره‌كی شیعره‌كانه. هه‌ردوو شیعره‌كه ده‌لاله‌ت له خۆشویستن و په‌یوه‌ستبوونی شاعیر به خاك و خۆڵی نیشتمان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، ده‌بینین هه‌ردوو ده‌قه‌كه و به‌شێكی زۆری شیعره‌كانی دیكه‌ی ئه‌و شاعیره‌ش، هیچ دژه باویه‌كییان تێدا نییه. ئه‌گه‌ر له‌تیف هه‌ڵمه‌ت به دژه باویی و ڕێچكه‌ی نوێی شیعری ده‌ستی پێ كردبێت وه‌ك خالید عه‌بدل ده‌ڵێت،ئه‌وا بۆچی شیعری ئه‌ویش له ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكه‌وه، ده‌چێته‌وه نێو ڕووبه‌ری شیعری هه‌فتاكان و بۆچی نه‌یتوانی ئه‌م دژه باوییه درێژه پێ بدات و شیعرێكی جیاوازتر له شاعیرانی ئه‌و سه‌رده‌م، له ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكه‌وه بنووسێت؟ئه‌مه به‌و مانایه نییه، كه نووسینی شیعری نیشتمانی و به‌رگریی،گرنگی خۆی نه‌بووبێت، به تایبه‌تش له‌و قۆناغه‌دا، كه قۆناغی نائومێدیی و ڕه‌شبینی و هه‌ڵسانه‌وه‌یه، به‌ڵكو به‌و مانایه‌یه، كه شیعری كوردی له‌و قۆناغه‌دا، هه‌ڵگری یه‌ك گوتار‌و یه‌ك ئامانجه، به‌ڵام به دنیابینی جیاواز، نه‌ك به فۆڕم و ناوه‌ڕۆكی جیاوازه.چونكه هه‌ڵومه‌رجه سیاسییه‌كه، واقیعێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دێنێته ئاراوه، كه شیعر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه ڕه‌شبینی و نا ئومێدییه بێت. ئه‌م گوتاره له شیعری له‌تیف هه‌ڵمه‌ت درێژده‌بێته‌وه، تاكو زه‌مه‌نی دوای ڕاپه‌ڕین، كه شیعره‌كانی ده‌بنه هه‌ڵگری جۆرێك له گوتاری سۆفیزم. ئه‌م شاعیره له ئێستادا، نایشارێته‌وه كه ڕووی له سۆفیزم كردووه، ته‌نانه‌ت هه‌رخۆی له‌م وتاره‌دا داواده‌كات كه(خودا له لاسارییه‌كان گه‌نجی ببوورێت). ئه‌مه‌ش مانای جۆرێك له پاشگه‌زبوونه‌وه له هزرو ڕوانین و ئه‌و دژه باویه ده‌گه‌یه‌نێت، كه خالید عه‌بدل پێی وایه ئه‌م شاعیره ڕچه‌شكێنی بووه. هه‌موو شیعره‌كانی نێو دیوانی له تی‌ف هه‌ڵمه‌ت، هه‌ر له شیعری یه‌كه‌مییه‌وه، تا دوا شیعری دیوانه‌كه، هه‌ڵگری یه‌ك فۆرم و ناوه‌ڕۆكن، به دنیابینی جیاواز,بگره له كۆتایی دیوانه‌كه‌یدا، هه‌ندێك كورته شیعر ده‌بینین نه‌ك هه‌ر ساده و ساكارن، بگره سواوترین و باوترین شیعری كوردین و ئه‌زموونی به‌شێك له شاعیره تازه نووس و بێ به‌هره‌كانمان پڕن له‌و جۆره شیعرانه. نازانم ئه‌گه‌ر شاعیرێك به دژه باوی ده‌ستی پێ كردبێت، چۆن دواجار پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دژه باویه‌ی خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه.له‌تیف له شیعرێكیدا به‌ناوی(عه‌شقنامه‌ی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك)ده‌ڵێت: عه‌شق لای من تێكه‌ڵاوبوونی دوو جه‌سته‌یه.. عه‌شق لای من.. نه‌تدیوه‌چۆن له ناو كووره‌ی ئاسنگه‌ردا كلپه و ئاسن باوه‌ش به‌یه‌كدا ده‌كه‌ن و تێكه‌ڵ ده‌بن، (دیوانی له‌تیفلا 1390)
ئایا عشق تێكه‌ڵاوببونی دووجه‌سته و توانه‌وه‌یه له نێو یه‌كتری یان تێكه‌ڵاوبوونی دوو ڕوحه؟ ئه‌وانه عشق له جه‌سته‌دا كۆده‌كه‌نه‌وه و ده‌بینن، ئه‌وانه‌ن كه جه‌سته‌ی ژن وه‌ك موڵكی پیاو ده‌بینن و ته‌نها مه‌به‌ستییانه شتێكییان له‌و جه‌سته‌یه، له ڕووی چێژ‌و غه‌ریزه‌وه ده‌ست بكه‌وێت. به بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك، ئه‌وه‌ی له‌و كۆپڵه شیعرییه‌دا ده‌یبینین، ده‌ربڕینێكی ئاسایه، كه ڕه‌نگه ڕۆژانه به به‌ر ده‌یان وێنه‌ی له‌و شێوه‌یه بكه‌وین له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا. ئه‌م شیعره، كه كۆتا شیعره له دیوانی له تی‌ف هه‌ڵمه‌ت و خۆی ده‌ڵێت، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بوونی زین و مه‌مێكه له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، هاوشێوه‌ی ئه‌و شیعره‌یه كه ئه‌و شاعیره له سه‌ره‌تای ئه‌زموونی شیعرییه‌وه، له ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆك ده‌ستی داوه‌تێ.هه‌ر دژه باوییه‌ك دواجار نه‌بووه ڕێگه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی شیعریی و له ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكه‌وه جیاواز نه‌كه‌وته‌وه، مانای وایه دژه باو نییه. نموونه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی باسی خۆشه‌ویستی و دایك و منداڵ و نیشتمان په‌روه‌ره‌ی ده‌كه‌ن،له شیعری قۆناغی هه‌فتاكاندا، بێ شومارن.ئه‌مانه نه نموونه‌ی دژه باوین نه‌گوتنێكی جیاوازیشن. ئه‌گه‌ر خالید عه‌بدل پێی وابێت شیعری ئه‌و كوله‌كانه ده‌شكێنم، نموونه‌ی شیعری دژه باوییه و یه‌كه‌م ده‌قی له‌و شێوه‌یه، ئه‌وا هیوادارم بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و شیعریه‌ی گۆران كه‌ده‌ڵێت:_
بتم شكان..
دووبته‌وان..كوژران نه‌مان
چنگ له‌سه‌ر شان له نیشتمان
ئێستا به‌ڕاست بت په‌رست نیم..
سه‌ربه‌ست ئازاد ئازا ئه‌ژیم..
گۆران ئه‌م شیعره‌ی، له ته‌مموزی 1958 نووسیوه، ئه‌و به ئاشكرا، هه‌وڵی تێكشكاندنی بیری بت په‌رستی و یاخیبوون و سه‌ربه‌ستی ژیان ده‌دات. هه‌ر له‌درێژه‌ی وتاره‌كه‌یداو له باره‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ته‌وه، نووسه‌ر ده‌نووسێت:((له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، یه‌كه‌م ده‌قی كراوه‌ی نووسیوه‌كه ده‌قی ئه‌و كوله‌كانه ده‌شكێنم، له ده‌قی كراوه‌دا شاعیر سه‌ربه‌سته له گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌ی)). له ڕاستیدا، گومان ده‌كه‌م ئه‌م نووسه‌ره، بزانێت ده‌قی كراوه یانی چی.خه‌سڵه‌ته‌كانی چین. ده‌قی كراوه، چۆن له ده‌قی داخراو جیا ده‌كرێته‌وه؟ بێگومان، هیچ ژانرێك وه‌ك شیعر، خه‌یاڵسازیی و دنیابینی سه‌ربه‌ستانه‌ی نییه. نه‌ك ته‌نها له شیعری كراوه‌دا، به‌ڵكو له شیعری كورت و شیعری ئاساییش، شاعیر تا ئه‌و په‌ڕی بێ سنووری، سه‌ربه‌سته له ده‌ربڕین و به‌رجه‌سته كردنی وێنه‌ی شیعری. شیعر چیڕۆك و ڕۆمان و حیكایه‌ت نییه، له سه‌ره‌داوێكه‌وه ده‌ست پێ بكات و بگاته كۆتایی ڕووداوه‌كان.به پێچه‌وانه‌وه، له شیعردا ئه‌و په‌ڕی سه‌ربه‌ستی هه‌یه، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و پێی وابێت سه‌ربه‌ستی شاعیر مانای ده‌قی كراوه‌یه، ئه‌وا به‌هه‌ڵه تێگه‌یشتووه. دیارترین سیمای ده‌قی كراوه ئه‌وه‌یه، كه زۆرتر له خوێندنه‌وه‌یه‌ك و ڕاڤه‌كردنێك له خۆ ده‌گرێت.
مانا له ده‌قی كراوه‌دا، به كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه. ده‌قی كراوه، خوێنه‌ر له‌به‌رده‌م پرسیار‌و ڕامان وزۆرتر له بینینێك ڕاده‌گرێت. بۆیه ئه‌و ده‌قه شیعرییه‌ی ئه‌و به نموونه هێناویه‌تییه‌وه، نه‌ك ده‌قێكی كراوه نییه، به‌ڵكو وه‌ك هه‌ر ده‌قێكی ئاسایی شیعری شاعیرێكی دیكه، مانا ته‌واو ده‌كات و له كۆتایی شیعره‌كه‌دا، فه‌زای ده‌قه‌كه داده‌خرێت، هه‌رخوێنه‌رێكیش به وردی شیعری ئه‌و كوله‌كانه ده‌شكێنم بخوێنێته‌وه، هه‌ست به‌مه ده‌كات. به‌شێك له‌و تایبتمه‌ندییانه‌ی ئه‌م نووسه‌ره داویه‌ته پاڵ شیعری له تی‌ف هه‌ڵمه‌ت و ناویشی لێ ده‌نێت دژه باو، به هیچ شێوه‌یه‌ك نموونه و ئاماژه‌ی دژه باوی نین و به‌ڵكو هی شاعیرانی دیكه‌شن.بۆنموونه ده‌نووسێت:(( له‌تیف هه‌ڵمه‌ت وه‌ك ئه‌ندازیارێكی به توانا،وشه له جێی شیاوی خۆی دا ئه‌نێت)). دژه باوی، ئه‌وه نییه شاعیرێك وشه له شوێنی شیاوی خۆی دابنێت، چونكه ئه‌لف و بێ نووسینی سه‌ره‌تایی، كه منداڵ له قوتابخانه فێری ده‌بێت، دانانی وشه‌یه له سیاقی ڕسته و گه‌یاندنی مانای بابه‌تییه له میانه‌ی ده‌ربڕیندا. مانای چییه شاعیرێك بۆیه دژه باوه، چونكه ده‌زانێت وشه له جێی خۆی دابنێت؟!. مه‌گه‌رمرۆڤ نه‌ك ته‌نها له شیعردا، به‌ڵكو له زمانی میللی و ڕۆژانه وئاسایی ده‌ربڕینیشدا، هه‌وڵی ئه‌وه نادات وشه به گونجاوترین و ڕێكترین شێوه، له شوێنی شیاوی خۆی دابنێت؟ قوتابییه‌ك كه داڕشتن ئه‌نووسێت، مه‌لایه‌ك كه خوتبه ده‌دات، فه‌قێیه‌ك كه ده‌یه‌وێت فێر ببێت، هه‌مووان هه‌وڵی ئه‌وه ناده‌ن، به جوانترین و ڕێزمانیترین شێوه، وشه له شوێنی شیاوی خۆی دابنێن؟ ئه‌م لێكدانه‌وانه، لێكدانه‌وه‌ی نا بابه‌تین و گوزارشت له نا شاره‌زایی نووسه‌ر ده‌كه‌ن، له باره‌ی نووسینی ئه‌ده‌بییه‌وه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، من نازانم ئه‌گه‌ر نووسه‌رێك(ڕه‌مز)و(ئه‌فسانه)و(كه‌له‌پوور)و(فۆلكلۆر) له یه‌كتری جیانه‌كاته‌وه، چۆن بوێری ئه‌وه‌ی هه‌یه، لێكۆڵینه‌وه‌ی درێژی ئه‌ده‌بی بنووسێت؟!.سه‌رنج بده‌ن هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌م شاعیره‌وه چی ده‌نووسێت:((له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، له به‌كارهێنانی ڕه‌مزو ئه‌فسانه‌كاندا سه‌ركه‌وتوو بووه و له بیری نه‌كردوون،زۆر ڕه‌مزو ئه‌فسانه‌ی وه‌ك مزگه‌وت و ئاده‌م و كلێسه و په‌رستگا وزه‌رده‌شت و عیسای به‌كاربردوون)). به ڕاست مزگه‌وت وكلێسه ئه‌فسانه‌ن؟!! حه‌وا و ئاده‌م و حه‌زره‌تی عیسا، ڕه‌مزن؟! كلێسای مه‌سیحییه‌كان ئه‌فسانه‌یه؟ مه‌گه‌ر دنیا پڕ نییه له ده‌یه‌ها هه‌زار كلێسه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه به ناوی ڕاسته قینه‌ی خۆیان ناوبهێنرێن و بناسرێنه‌وه، ئیدی نازانم ڕه‌مزیه‌تییان له كوێ دایه؟ئه‌گه‌ر به‌كارهێنانی ئه‌م وشانه له شیعردا به دژه باویی و دنیابینی فراوانی شیعری بزانین، ده‌بێ بڵێین كه فایه‌ق بێكه‌س، سی ساَل زیاتر به‌رله له‌تیف هه‌ڵمه‌ت دژه باوبووه. چونكه فایه‌ق بێكه‌س له سییه‌كانه‌وه، باسی ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌وروپا پاپای ته‌مێ كردووه و ده‌ستی داوه‌ته عیلم و فه‌ن،ده‌بێ ئێمه‌ش چاو له‌وان بكه‌ین.ئه‌و له سییه‌كانه‌وه شیعرێك ده‌نووسێت، كه بنه‌مای ڕۆشنگه‌ریی و بینینی دنیا له سه‌ر ئه‌قلگه‌رایی ده‌كاته پێوه‌ر.شیعری كوردی به‌ده‌ر نه‌بووه له‌و واقیعه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا بوونی هه‌بووه. بۆیه له زۆركاتدا، ده‌بێته ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بنه‌ماكانی ئه‌و واقیعه. ئه‌مه‌ش نه‌داهێنانه نه دژه باویی.خاڵێكی دیكه، كه نووسه‌ر له وتاره‌كه‌یدا، ده‌یكاته پێوه‌رێك بۆ دژه باویه‌تی له تی‌ف هه‌ڵمه‌ت ئه‌وه‌یه، كه شاعیر له شیعره‌كانیدا، چه‌ند وشه‌یه‌ك له‌سه‌ر یه‌كتری دووباره ده‌كاته‌وه، كه ئه‌مه‌ش هوشیارییه‌كی شیعری گه‌وره‌یه.له‌وباره‌یه‌وه نموونه‌ی ئه‌و شیعره‌ی له‌تیف دێنێته‌وه:
من هه‌ر زیندووم
تاسه‌ر زیندووم
مه‌رگ ئه‌كوژم من هه‌ر زیندووم
دووباره كردنه‌وه‌ی چه‌ند وشه‌یه‌ك له سه‌ر یه‌كتریی، سیمایه‌كی هونه‌ریی و ئاسایی ده‌قی شیعرییه. ئه‌م دووپاتكردنه‌وه‌یه، یان ڕه‌هه‌ندێكی زمانه‌وانی هه‌یه، یاخود ڕه‌هه‌ندێكی بابه‌تی، له هه‌ردوو ڕووه‌كه‌شه‌وه به‌شێكه له بینای هونه‌ری ده‌قی شیعری.ئه‌گه‌ر دووپاتكردنه‌وه‌ی وشه، به داهێنان و دژه باویی و بلیمه‌تی بزانین،ئه‌وا ده‌بێ بڵێین گۆران له هه‌مووان دژه باوتره. چونكه ئه‌و له ساڵی 1958، شیعرێكی نووسیوه، كه دووباره‌كردنه‌وه‌ی وشه‌ی تێدایه. كاتێ ده‌نووسێت:_
ده‌نگێكی دوور
دوور ئێجگار دوور
به ئه‌سته‌مێك ئه‌گاته ژوور.
ئه‌ی ده‌نگی دوور
(دیوانی گۆرانلا206) بۆیه گرنگه، له خستنه‌ڕووی هه‌ر بۆچوونێكی ئه‌ده‌بی، به‌رپرسیاریه‌تی فه‌رهه‌نگیی و مێژوویی هه‌ڵبگرین.توێژینه‌وه له شیعری شاعیرێك، ئه‌م شاعیره ناكاته دژه باو، ئه‌گه‌ر بنچینه‌كانی دژه باوی له ده‌قی شیعره‌كانی نه‌بێت. ئه‌گه‌ر گۆرانی شاعیر، دوو ده‌یه به‌رله له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، یان هه‌ر شاعیرێكی كورد،شیعرێكی له‌و شێوه‌یه‌ی نووسیبێت، ئیدی نازانم دژه باوی ئه‌و شاعیرانه له‌كوێ دایه و چییه؟!دواجاریش ده‌ڵێت:((له‌تیف هه‌ڵمه‌ت هه‌ڵوێستێكی ئایدۆلۆژی جێگیری هه‌بووه)). ئه‌گه‌ر شاعیرێك هه‌ڵوێستی جێگیری هه‌بێت و شیعر وه‌ك به‌شێك له ئایدۆلۆژییا ببینێت، ئه‌وا شاعیرێكی دژه باوه، یان ئاسایی؟!.
فه‌رهاد شاكه‌لی..
به‌گشتی چه‌ند سیمایه‌كی هونه‌ری له شیعری كۆتایی شه‌سته‌كان و هه‌فتاكانی قۆناغی شیعری كوردی هه‌ن، كه هاوبه‌شن و له ئه‌زموونی زۆربه‌ی شاعیران ده‌بینرێت و ڕه‌نگییان داوه‌ته‌وه. كه هه‌ره دیارترینیان، بیری نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕیی و گوزارشتكردنه له مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌كی چه‌وساوه و ژێر ده‌ست,ئه‌م گوتاره له شیعری كوردیدا، درێژ ده‌بێته‌وه تا كۆتایی نه‌وه‌ده‌كان و ڕاپه‌ڕین، به‌ڵام به دنیابینی جیاوازه‌وه.بۆنموونه:له شیعری هه‌شتاكاندا، به تایبه‌تی ئه‌و شیعرانه‌ی له شار ده‌نووسرێن و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی گیانی به‌رگریی و شۆڕشگێڕیی و نه‌ته‌وه‌یین، سیمبول ده‌بێته به‌شێكی سه‌ره‌كی له زمان.چونكه به هۆی نه‌بوونی ئازادیی و سته‌می به‌عس له‌و قۆناغه‌دا،شاعیرانی كورد په‌نا ده‌به‌نه به‌رسیمبول، به تایبه‌تیش كه ئه‌و قۆناغه به قۆناغی ڕه‌شبینی و نا ئومێدی ده‌ناسرێته‌وه. شیعری كوردی كه ده‌بێته به‌شێك له شیعری به‌رگریی و نه‌ته‌وه‌یی، له‌و قۆناغه‌دا به ئه‌ندازه‌یه‌ك له یه‌كتری نزیك ده‌بنه‌وه، كه ڕه‌نگه به ئه‌سته‌م خه‌سڵه‌تێكی شیعری جیاواز، شیعری ئه‌و شاعیرانه له یه‌كتری جیابكاته‌وه، به پێچه‌وانه به‌ڵكو هه‌ستانه‌وه و چاوه‌ڕوانی،ئومێد و هه‌ڵاتنی خۆری ئازادی، ده‌بێته تیمه‌ی سه‌ره‌كی شیعری كوردی ئه‌و قۆناغه به گشتی.بۆیه شاكه‌لی ئه‌گه‌ر له پڕۆژه‌ی كوده‌تایه‌كی نهێنی به دژه باویی و نوێگه‌رانه‌ش ده‌ستی پێ كردبێت، ئه‌وا دواجار شیعری ئه‌ویش بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌بێته به‌شێك له فۆڕمی شیعری هه‌فتاكان كه شیعری سیاسی و به‌رگریی و یاخیبوونه. بۆنموونه: شاكه‌لی له دیوانی پڕۆژه‌ی كوده‌تایه‌كی نهێنی ده‌ڵێت:_
له ناكاو
كوره‌ی ئاگركۆشك و دیوار وێران ئه‌كا
گلێنه‌ی چاو دیمه‌نی ژیان ئه‌خواته‌وه
(پكن،چاپ دووه‌م 2000لا27)
كوره‌ی ئاگر، هێمایه بۆ تووڕه‌بوون و ته‌قینه‌وه‌ی ڕقی جه‌ماوه‌رو دیوار‌و كۆشك، ئاماژه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵات و سته‌م و بێدادی به‌رامبه‌ر به مرۆڤی چه‌وساوه‌و هه‌ژار. چونكه كۆشك ،ده‌لاله‌ت له پێگه‌ی ژیانی ئه‌رستۆكرات و زه‌نگینه‌كان ده‌كات.كاتێ چاویش دیمه‌نی ژیان ئه‌خواته‌وه، مانای وایه سه‌رله نوێ ژیانێكی دیكه دێته ئاراوه و ژیانی كۆن نامێنێت.ئه‌م ده‌ربڕینانه، له ئاستی زمان و دنیابینی شیعریدا، به بڕوای من به‌شێكه له دنیابینیی شیعری هه‌فتاكان به گشتی. بۆیه ئه‌م گوتاره، لای شاكه‌لیشی هه‌یه و ئه‌ویش هاوشێوه‌ی شاعیرانی ئه‌م قۆتاغه كه‌وتۆته‌ژێر كاریگه‌ریه‌تی ڕووداوكانی ئه‌و سه‌رده‌مه.ئه‌م كاریگه‌ریه‌تییه، به وردی له دوو ساڵی دوای نسكۆ دیاره. شاكه‌لی له شیعرێكی دیكه‌یدا، كه له شوباتی 1975و چه‌ند مانگێك دوای نسكۆی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول نووسیویه‌تی، ده‌ڵێت:_
له شه‌وێكی تاریكه‌دا..جوانووی ئه‌وین هه‌ڵمده‌گرێ..
ڕووه و جێژوانی شین ده‌مبات..
ڕووه و كێلگه‌ی ئه‌وین ده‌مبات..
ده‌ڵێن كه‌ركووك پێناكه‌نێ..ساوای بچووك پێناكه‌نێ..
ده‌ڵێن وڵات بێ ڕووباره.. هه‌تاو برینداره..
كێ ده‌ڵێ كوردستانی په‌ژاره و زام..بسكی هه‌تاو داناهێنێ..
له دوای شه‌وی تاریك و ڕه‌ش..ڕۆژی زێڕین هه‌ڵدێته‌وه..
به‌هاری شین دێته‌وه..ڕه‌وه تفه‌نگ بۆ هێلانه‌ی گه‌رمی سه‌نگه‌ردێته‌وه.
ئه‌م شیعره‌ی شاعیر،كه ئێمه چه‌ندكۆپڵه‌یه‌كمان لێ نووسیوه‌ته‌وه، یه‌كێكه له شیعره‌كانی نیوه‌ی دووه‌می هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو.
ئه‌گه‌ر له ئاستی ناوه‌ڕۆكدا بڕوانینه ئه‌وده‌قه‌ی شاكه‌لی،ده‌بینین ڕه‌نگدانه‌وه‌ی قۆناغێكی سیاسی دیاریكراوه، كه تیایدا خامۆشی هه‌موو شتێكی گرتۆته‌وه.شاعیرله نێو ئه‌و هه‌موو شكست ونسكۆ و نائومێدییه‌دا، موژده‌ی هه‌ڵهاتنی خۆرێكی تازه و قۆناغێكی تازه ده‌دات. شاعیربه ئاشكرا به‌گژ ئه‌و واقیعه دادێته‌وه وبڕوای وایه ڕه‌وه تفه‌نگ سه‌نگه‌رچۆڵ ناكات.په‌یامی ئه‌وشیعره په‌یامێكی سیاسی،شۆڕشگێڕیی ونه‌ته‌وه‌ییه. وێرای ئه‌وه‌ی په‌یامی هه‌ڵسانه‌وه‌یه و ئومێد ده‌به‌خشێته مرۆڤه‌كان.شیعرله‌وكاتدا،چه‌كێكی دیكه‌ی ده‌ستی پێشمه‌رگه‌بوو. شاعیران به شیعره‌كانییان، هانی تۆخكڕدنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رزكردنه‌وه‌ی گیانی نه‌ته‌وه‌یی ونیشتمانی مرۆڤی كوردی‌یان ده‌دا.شاعیرله نێو نائومێدییه‌كی گه‌وره‌دا، موژده‌ی هاتنه‌وه‌ی ڕه‌وه تفه‌نگ بۆ سه‌نگه‌ره‌كان ده‌دات.كه دواتریش هاتنه‌وه و گه‌لی كورد خۆری ئازادی لێ هه‌ڵهات و ڕاپه‌ڕین، ده‌روازه‌ی ژیانێكی نوێی بۆ كورد كرده‌وه. ئه‌م فۆڕم و ناوه‌ڕۆكه له شیعری كوردی، به گشتی گوتاری شیعری نیوه‌ی دووه‌می هه‌فتاكان پێكدێنێت، كه شیعر ده‌بێته هه‌ڵگری په‌یامێكی سیاسی و شۆڕشگێڕی. شاكه‌لیش وه‌ك هه‌ر شاعیرێكی دیكه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه، كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ریه‌تی ڕووداوه سیاسییه‌كانی ئه‌و كات و له شیعره‌كانیدا ڕه‌نگییان داوه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت له شیعرێكیدا باسی ئه‌ستێره‌ی سووریش ده‌كات، كه هێمابوو، بۆ ڕێكخراوێكی سیاسی ئه‌وكات. ئه‌م گوتاره له شیعری شاكه‌لی زۆر ناخایه‌نێت.ئه‌مه‌شه جیاوازی ئه‌م شاعیره، له‌گه‌ڵ شاعیره هاوسه‌رده‌م و هاو قۆناغه‌كانی خۆی.شاكه‌لی دوای ئه‌وه‌ی ده‌چێته شام و دواتریش ئاواره‌ی سوێد ده‌بێت و له‌وێ ده‌گیرسێته‌وه، ده‌توانم بڵێم گوتاری شیعری سه‌د و هه‌شتا پله ده‌گۆڕێت. شیعری ئه‌و،چیتر شیعرێكی سیاسی و ئایدۆلۆژی نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له شیعری شاعیرانی تر ده‌بینرێت. ئه‌م گۆڕانكارییه له شیعری شاكه‌لی، ده‌ره‌نجامی جێهێشتنی و دووركه‌وتنه‌وه‌یه له خاك و نیشتمان و جێهێشتنی كوردستان. گوتاری شیعری شاكه‌لی، ئیدی ده‌بێت گوتارێك،ته‌ژی له هه‌ستی غه‌ریبی و دووركه‌وتنه‌وه له نیشتمان.شیعری ئه‌م شاعیره،ده‌بێته هه‌ڵگری گوتارێكی دیكه،كه ئه‌ویش ئه‌زموونی مه‌نفا و نوستالۆژیای گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ نیشتمان. ئه‌گه‌ر سه‌رنج له مێژووی نووسینی شیعره‌كان بده‌ین، ئه‌و كات د‌رك به كاریگه‌ریه‌تی مه‌نفا له سه‌ر ژیان و شیعر‌و دنیابینی شاكه‌لی به قووڵی و له ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی زۆر كورتدا ده‌كه‌ین.شاكه‌لی، ته‌نها دوای دووساڵ له جێهێشتنی نیشتمان، غه‌ریبیه‌كی گه‌وره ڕووی تێ ده‌كات و له شیعرێكیدا كه له ئایاری 1978نووسیویه‌تی، زۆر به جوانی هه‌ست به‌و غه‌ریبوونه‌ی شاعیر ده‌كه‌ین. ئه‌و له شیعره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:_
كچه زازایی گوڵهه‌نار..
بۆنی دارستان پێیه..
بۆنی شار‌و گوندی كوردستانت پێیه
بۆنی زۆزان بۆنی گه‌رمیان بۆنی بارانت پێیه
(ك-شبڵاچه‌یه‌ك درز ده‌خاته -لا59) له‌م شیعره‌دا، ده‌رده‌كه‌وێت كه شاكه‌لی چۆن بیری له بۆنی خاكی كوردستانه و به تاسه‌ی ئه‌و بۆنه‌وه كچه زازایه‌ك ده‌دوێنێ. ئه‌م كچه له یه‌ك كاتدا، هێمایه بۆ خۆی و بۆ خاكێكیش كه ئه‌ویش كوردستانه. ئه‌م گوتاره شیعرییه له ئه‌زموونی شاكه‌لی، به درێژایی ژیانی له مه‌نفادا، له وێنه‌ی شیعری جیاواز و هه‌ناسه‌ی شیعری جیاواز، بوونی هه‌یه‌و ده‌مێنێته‌وه، تاكو دوایین شیعری كه له ئابی ساڵی 1990 و چه‌ند مانگێك به‌رله ڕاپه‌ڕین نووسیویه‌تی. شاكه‌لی له‌و شیعره‌یدا ده‌ڵێت:
له‌گه‌ڵ زه‌رده په‌ڕی گشت ساڵێكدا
كه كێوی سه‌ربه ته‌می ته‌مه‌نم تریفه باران ده‌كا..
ڕوو له ڕۆژهه‌ڵات راده‌وه‌ستم..
چاوه‌ڕێی په‌یكی خۆرهه‌ڵاتێكی ترم
(هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوولا214) ڕۆژهه‌ڵاتی یه‌كه‌م، ئاماژه‌یه به‌و ڕۆژهه‌ڵاتنه فیزیكی و گه‌ردوونییه‌ی هه‌موو به‌یانییه‌ك وه‌ك كردارێكی گه‌ردوونی ده‌ست پێ ده‌كات و هه‌موو ڕۆژێك دووباره ده‌بێته‌وه.ئه‌و ڕۆژهه‌ڵاته،به مانای ئه‌و ڕۆژهه‌ڵاتییه‌ی به‌یانییانه كه شاكه‌لی له سوێد ده‌یبینێت.به‌ڵام ڕۆژهه‌ڵاته‌كه‌ی دیكه، ئاماژه‌یه بۆ كوردستان و ده‌نگ و باسی وڵاتی خۆی كه له چوارچێوه‌ی جوگرافیایه‌ك دایه كه ناوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته.چونكه شاعیر بۆ ماوه‌ی سیانزه ساڵ دووره له كوردستان و نیشتمانی خۆی، ئیدی هه‌موو به‌یانییه‌ك له چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێكی كوردستان دایه. له دوای ئه‌م شیعره‌وه وكه ڕاپه‌ڕین ده‌ست پێ ده‌كات و كوردستان ئازاد ده‌بێت، ئه‌مجاره‌یان شیعری ئه‌و شاعیره به‌ره و دنیای جوانی ڕۆماسیه‌ت و شیعری دڵداری و دواتریش سۆفیگه‌ری و پاشانیش نووسینی چه‌ندین په‌خشانی جوان ده‌چێت.كه تاكو ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه. شیعره‌كانی شاكه‌لی،زمانێكی ئه‌ده‌بییانه‌ی یه‌كجار جوان و سه‌رنجڕاكێشیان هه‌یه، كه خوێنه‌ر به شێوه‌یه‌ك به ده‌قه‌كانه‌وه گرێده‌دات، كه ناتوانێت ده‌ستبه‌رداریان بێت. ئه‌مه به كورتی به‌شێك بوو له خستنه ڕووی ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره.ئێستا دێینه سه‌ر بۆچوونه‌كانی خالید عه‌بدل، له باره‌ی دژه باوی شیعری شاكه‌لی، تاكو بزانین چی ده‌ڵێت و چۆن سه‌رنجه‌كانی ده‌خاته ڕوو.نووسه‌ر ده‌نووسێت:((فه‌رهاد شاكه‌لی له شیعره‌كانیدا،شته ناشرین و قێزه‌وه‌نه‌كان باس ده‌كات، كه ئه‌ویش كرداره نامرۆڤه‌كانی ڕژێمه دژ به گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌ی.شته جوانه‌كان و شته ناشرینه‌كان پیشانی خه‌ڵك ده‌دات،تاكو خه‌ڵك قینی له شته قێزه‌وه‌نه‌كان و دزێوه‌كان ببێته‌وه)).ئه‌م نووسه‌ره بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكات،خۆی بۆچوونه‌كانی خۆی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه. ئه‌گه‌ر شاكه‌لی شاعیرێكی دژه باو بووه و به‌و سه‌ره‌تایه‌وه‌ش ده‌ستی به شیعرنووسین كردووه،چۆن هه‌مان ئه‌و ڕوانین و دنیابینیه‌ی شاعیرانی دیكه‌ی هه‌بووه،كه دژ به كرداری نامرۆڤه‌نه‌ی ڕژێم شیعری‌یان نووسیوه؟ ئه‌مه مانای وایه، شیعری ئه‌ویش له بازنه‌ی ئه‌و شیعره باوانه‌ی ئه‌و كات و سه‌رده‌م ده‌رنه‌چووه. ئه‌مه خۆی له خۆیدا، پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی ئێمه‌یه،كه ده‌ڵێین شیعری هه‌فتاكان،هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك ئه‌دگاری هونه‌ریی و ئه‌ده‌بییه و به گشتی شاعیران تا ڕاده‌یه‌كی زۆر دنیابینیان له یه‌كتری نزیكه.یاخود گوتاری شیعره‌كانییان هاوشێوه‌ی یه‌كترییه. ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه سیاسی و شۆڕشگێڕیه‌یه كه گه‌لی كورد له‌و قۆناغه‌دا، تیایدا ژیاوه. قۆناغێك كه پڕه له ڕه‌شبینی و نائومێدی و چاوه‌ڕوانی. قۆناغێك، كه كوردستان به خامۆشییه‌كی كوشنده‌دا گوزه‌ر ده‌كات و ڕژێمێك فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كات، كه بێ به‌هاترین و بێ نرخترین شت لای مرۆڤه. ئه‌گه‌ر به وردیش له شیعری ئه‌و قۆناغه‌ی شاعیرانی كورد بڕوانین د‌رك به‌و ڕاستییه ده‌كه‌ین.ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌ركی شاكه‌لی و شیعره‌كانی، ئامۆژگاریكردنی خه‌ڵك و وه‌عزدان بێت،كه واتا نه‌ك شاعیرێكی دژه باو نییه، بگره شاعیرێكی زۆر ئاساییش بووه. شاعیر واعیز نییه تاكوئامۆژگاری خه‌ڵك بكات و شته قێزه‌وه‌ن و ناشرینه‌كانییان پیشان بدات. ئه‌م تایتمه‌ندییه، زۆر به ئاسانی له شیعری ساڵانی سی و چله‌كان و له شیعری قانح و بێكه‌س و پیره‌مێرد ده‌بینرێت.كاتێ شیعر ڕۆڵێكی هاوشێوه‌ی په‌یام و هوشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینێت.
چونكه بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیاریی ئه‌وكاتی كۆمه‌ڵَگه‌ی كوردی پێشكه‌وتوو نه‌بووه.به‌ڵام له شیعری هه‌فتاكاندا، شیعری كوردی چیتر ئه‌و ڕۆڵه‌ی نییه.ئیدی نازانم كامانه‌ن شیعره ئامۆژگارییه‌كانی شاكه‌لی،كه نووسه‌ر پێی وایه خه‌ڵكی لێ ئاگادارده‌كاته‌وه.خالیدعه‌بدل،هه‌رله باره‌ی شاكه‌لییه‌وه ده‌نووسێت:((هه‌تا ئه‌و ڕۆژگاره، هیچ شاعیرێكی كورد،جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بووه ناوی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی به تاكه پیتێكیش بنووسێت،به‌ڵام فه‌رهاد دژه باوییه‌كه‌ی له‌وه دایه،كه ناوی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی به ئاشكرا بنووسێت كه ناوی ئه‌مه‌ل بووه)).به‌داخه‌وه،دیسانه‌وه ده‌بی بڵێین كه ئه‌وبه‌ڕێزه،هیچ ئاگای له مێژووی شیعری كوردی نییه،ده‌نا بۆچوونێكی ڕه‌های له‌و شێوه‌یه‌ی ده‌رنه‌ده‌بڕی.ئایا تا ئه‌و كات هیچ شاعیرێك، ناوی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی نه‌هێناوه؟مه‌گه‌ر نالی ناوی(حه‌بیبه)و وه‌لی ناوی(شه‌م) و مه‌وله‌وی ناوی(سه‌لممه)و په‌شێوناوی(كوردستان)ی نه‌هێناوه؟ با له‌وانه‌ش گه‌ڕێین،هه‌ر بۆنموونه شێركۆبێكه‌س له ساڵی 1967دا،شیعرێكی به ناوی(دیاری ئه‌مجاره)نووسیوه و پێشكه‌شی كردووه به(ن). ئیدی نازانم ئه‌و نووسه‌ره ئاگاداری ئه‌و مێژووه‌یه یاخود نا؟!. بڕوام وایه خودی شاكه‌لیش، له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه نا بابه‌تی و سه‌یرانه‌ی ئه‌و نووسه‌ره دانییه.چونكه شیعری ئه‌و شاعیرانه،ده‌كرێ له زۆر لایه‌نی دیكه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه بخوێنرێنه‌وه،كه شوناسه‌كه‌یان زۆرله شوناسی دژه باوییه‌كه‌ی خالید عه‌بدل دیاترو به‌هادارتره. هه‌ر بۆنموونه: شیعری شاكه‌لی شیعری هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانه،شیعری هه‌موو زه‌مه‌نه‌كانه،ده‌كرێ له هه‌ركاتێك خوێنه‌ر بگه‌ڕێته‌وه سه‌رئه‌م شیعرانه و چێژی لێ وه‌ربگرێت.زمانی شاكه‌لی زمانێكی تایبه‌ته، ده‌كرێ له چه‌ندین ڕه‌هه‌نده‌وه بخوێنرێته‌وه. ئه‌و هێمنی و ئارامییه‌ی له زمانی شیعری شاكه‌لیدا هه‌یه تایبه‌ته.
ئه‌مه وێرای ئه‌و هه‌موو جوانییه‌ی له وشه و ده‌ربڕین و په‌تییه‌ی له زمانی ئه‌و شاعیره جواننووسه‌دا هه‌یه.هه‌موو شیعری شاكه‌لی بخوێنیته‌وه،هه‌ست به تووڕه‌بوونێك،گرژییه‌ك،تووندییه‌ك ناكه‌ی، ئیدی نازانم چۆن شته ناشرین و قێزه‌وه‌نه‌كان له شیعری شاكه‌لیدا جێیان ده‌بێته‌وه؟.ئه‌و ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی شیعره به‌رگرییه‌كانی بێت،ئه‌وا ئه‌م شاعیره له‌و جۆره شیعرانه‌شیدا، به هێمنی ده‌سووتێت و به ئارامی دوژمنان ڕیسوا ده‌كات.به بێده‌نگی دیمه‌نی سووتماكی خاك و نیشتمانه‌كه‌ی ده‌گوازێته‌وه نێو شیعر‌و گوزارشتی لێ ده‌كات. هێدی هێدی غه‌ریبی مه‌نفا ڕوحی ده‌خوات ئه‌و هه‌سته‌ش لای ئه‌و ده‌بنه هه‌وێنی جوانترین شیعر.كه بۆ زانیاری زیاتر خوێنه‌ران ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه ،سه‌ر كۆمه‌ڵه شیعری (بڵاچه‌یه‌ك درزده‌خاته تاریكه شه‌وی ته‌مه‌نمه‌وه)و شیعره‌كان بخوێننه‌وه. له ڕاستیدا، ڕوونكردنه‌وه‌ی چه‌مك و بابه‌ته‌كانی نێو ئه‌و نووسینه،له‌لایه‌ن نووسه‌ری وتاره‌كه‌وه، هێنده نالۆژیكی و نامه‌عریفین، كه خوێنه‌ر سه‌یری پێ دێت ئه‌و چه‌مكانه، له زمانی لێكۆلینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیدا هه‌بن. به داخه‌وه به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی ده‌نووسن،جیاوازی له نێوان ڕه‌هه‌نده‌كانی زمان له نووسیندا ناكه‌ن.به زمانی كشتوكاڵ،باسی ئه‌ده‌ب ده‌كه‌ن، به زمانی بارزگانی باسی چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌كان ده‌كه‌ن.هه‌ربۆنموونه جارێكییان نووسه‌رێك نووسیبووی(ئه‌ده‌بیاتی هاورده) كه گوایه ئه‌م نووسه‌ره، یه‌كێكیشه له‌وانه‌ی زۆر ستاییش ده‌كرێت، به‌ڵام واده‌زانێت ئه‌ده‌بیات (كوله‌كه‌یه) تاهاورده بكرێت.خالید عه‌بدلیش له نووسینه‌كه‌یدا،هێندێك چه‌مك شیده‌كاته‌وه، كه خوێنه‌ر شۆك ده‌بێت. سه‌رنج بده‌ن هه‌ر له باره‌ی شیكردنه‌وه‌ی دێڕه شیعرێكی شاكه‌لیدا چی نووسیوه:((وشه‌ی بیردوو مانای هه‌یه، یه‌كه‌مییان: بۆ بیرۆكه‌یه، دووه‌مییان: واتا بیری ئاو،بیری نه‌وت،بیری كانزاكان)).تاكو ئێستا كه هه‌زاره‌ها لاپه‌ڕه‌م له بواری ڕه‌خنه و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی خوێندۆته‌وه، بۆچوونی كۆمیدی له‌و شێوه‌یه‌م نه‌بینیوه. كه نووسه‌رێك بیر‌و هزر، له‌گه‌ڵ بیری ئاو و بیری نه‌وت،به یه‌كه‌وه بناسێنێت.
لێره‌وه ئه‌و بۆچوونه‌ی ئێمه ده‌رده‌كه‌وێت كه كه‌سانێك چۆن به زمانی پیشه‌سازیی و كشتوكاڵ و ئاودێری، باسی ئه‌ده‌ب ده‌كه‌ن. كه‌سێك كه‌مێك ئاگایی ئه‌ده‌بی هه‌بێت، پێناسه‌ی له‌و شێوه‌یه ناكات.چونكه وشه‌كان هه‌ردووكییان له ڕووی نووسینه‌وه وه‌ك یه‌كن،ئیدی خالید عه‌بدل وا ده‌زانێت ده‌كرێ به‌یه‌كه‌وه‌ش شیبكرێنه‌وه.بێگومان(بیر)كه شتێكی نا به‌رجه‌سته‌ییه،هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به(بیر)ی ئاوه‌وه نییه‌كه شتێكی به‌رجه‌سته‌یه و ده‌بینرێت و ده‌ناسرێت. به‌ڵام بیری نێو مێشكی مرۆڤ، شتێكی نابه‌رجه‌سته‌یه،نه ده‌بینرێت، نه وێنا ده‌كرێت.ته‌نانه‌ت له زمانی ئینگلیزیشدا،ئه‌م دوو وشه‌یه ماناكه‌یان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به یه‌كتره‌وه نییه. له زمانی ئینگلیزی‌دا، به بیری نێو مێشك ده‌گوترێت(idea) و به بیری ئاو و كانزا و نه‌وتیش ده‌گوترێت(well).واتا ماناكانییان له ڕووی بابه‌تی و نێوه‌ڕۆكه‌وه ئه‌وه‌نده له یه‌كتری دووه، كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به یه‌كترییه‌وه نه‌بێت. ئه‌م جۆره پێناسه و ڕاڤه‌كردنانه، نیشانه‌ی هه‌ژاری هزریی و زمانی نووسین و گوزارشتكردنه له دنیای شیعر‌و ئه‌ده‌ب به گشتی.هه‌ر له باره‌ی شاكه‌لییه‌وه ئه‌م نووسه‌ره به‌ڕێزه ده‌نووسێت:((فه‌رهاد شاكه‌لی نه‌یویستووه بۆ تێگه‌یشتن له شیعره‌كانی خوێنه‌ره‌كانی ماندوو بكات،به زمانه ساده‌كه‌ی په‌یامی قووڵ ده‌رده‌بڕێت)).ئه‌گه‌ر شاعیرێك له ڕێی زمانێكی ساده‌وه، هه‌وڵبدات خوێنه‌ره‌كانی ڕازی بكات بێ تێگه‌یشتنی قووڵ و بیركردنه‌وه و ڕامان له شیعر،ده‌كرێ بڵێین له بازنه‌ی شاعیره‌كانی تر دایه یان دژه باو؟ ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره بێت، ده‌بێ هه‌موو كه‌سێك له شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره بگات و ئه‌مه‌ش مانای وایه، شاعیرێكی بژارده و دژه باو نییه.چونكه وه‌ك گوتمان، دژه باوی له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو جۆره ڕوانینێكی باوه.له ڕاستیدا،پێناسه‌ی ئه‌م نووسه‌ره بۆ چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌كان، هێنده سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ن، كه‌له مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی و جیهانیشدا، وێنه‌یان نییه.سه‌رنج بده‌ن چۆن پێناسه‌ی ڕه‌مز ده‌كات.ده‌نووسێت:((ڕه‌مزبه كاربردنی وشه‌یه‌كه شتێك كه هه‌یه،ڕسته‌یه‌ك له باره‌ی بوونه‌وه‌رێكه‌وه)).ئایا ڕه‌مز بوونه‌وه‌رێكه؟!له شیعری كوردیدا و له ئه‌زموونی هه‌موو شاعیران، شاخ ڕه‌مزێكه بۆ خۆڕاگریی و نه‌وای شۆڕش. ناكرێت كه‌سێك ئه‌مه تێگه‌یشتنی بێت بۆ ئه‌ده‌ب، كه چی بوێری ئه‌وه بكات،نووسینی درێژ به ناوی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی بنووسێت. ئایا شاخ بوونه‌وه‌ره؟ شتێك ئه‌گه‌ر له واقیعدا هه‌بێت وببینرێت، ئایا ده‌بێته ڕه‌مز؟ ئه‌گه‌ر وابێت ئێستا شتێك نه‌ده‌بوو به ناوی ڕه‌مز.!!
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
له‌م نووسینه درێژه‌ی خالید عه‌بدل، دنیایه‌یك هه‌ڵه‌ی زه‌قی بابه‌تی و مێژوویی و ئه‌ده‌بی هه‌ن، به‌ڵام هیچ كامییان بۆمن وه‌ك خوێنه‌رێكی ئاسایی شیعر، به قه‌د ئه‌وهه‌ڵه‌یه مایه‌ی له سه‌ر وه‌ستان و هه‌ڵوه‌سته‌كردن نه‌بوو، ئه‌ویش كاتێ ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، ده‌به‌ستێته‌وه به ئه‌زموونی سێ شاعیره‌كه‌ی تر.له ڕاستیدا، نه له ڕووی ته‌مه‌ن و ئه‌زموونی شیعریی و نه‌وه‌ی شیعرییدا،نه له ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆك و گوتاری شیعرییه‌وه، بچووكترین ڕایه‌ڵیش نادۆزینه‌وه كه شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، له هه‌ر سه‌رێكه‌وه بێت، بباته‌وه نێو ئه‌زموونی ئه‌و سێ شاعیره.كه ڕه‌نجده‌ر له دایك بووه ئه‌م سێ شاعیره شیعری‌یان نووسیوه‌و دیوانییان بڵاوكردۆته‌وه، ئیدی نازانم خالید عه‌بدل، چۆن بوێری ئه‌وه ده‌كات بنووسێت:_ (ئه‌م سێ شاعیره ڕێیان بۆ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر خۆشكرد)).ئه‌زموونی شیعری سه‌باح، ئه‌زموونێكی تایبه‌ته، كه تێگه‌یشتن له دنیای شیعری ئه‌ودا، مه‌عریفه‌یه‌كی زۆری ده‌وێت. له دوای زێوانه‌وه، وه‌ك یه‌كه‌م به‌رهه‌می شیعری ئه‌و شاعیره، تاكو دواین به‌رهه‌می كه سه‌ره‌تا وشه بوو، ئه‌و ئه‌زموونه به كه‌می ده‌خوێنرێته‌وه، لێی ده‌درێت،دژایه‌تی ده‌كرێت، هه‌وڵی نادیده‌گرتنی ده‌درێت، له پای ئه‌وه‌ی كه شیعره‌كانی ئه‌و له‌و جۆره شیعرانه نین كه خوێنه‌ری كورد به گشتی پێیه‌وه ڕاهاتووه. ئه‌گه‌ربڕیار بێت، دژه باوه‌كان دیار بكه‌ین، ئه‌وا به بڕوای من سه‌باح ڕه‌نجده‌ر وه‌ك ئه‌زموونێكی تایبه‌تی شیعر، (نه‌ك دژه باو) تاكه شاعیره له كۆی سێ شاعیره‌كه‌ی تر، كه شیعره‌كانی ناچنه نێو بیركردنه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی باو. بۆیه گه‌لێك جار ده‌بینین، كه‌سانێك شیعره‌كانی ئه‌و، به‌لادان له ڕه‌وتی شیعری كوردی ئه‌زانن. چونكه له بنه‌ڕه‌تدا له گه‌ڵ دنیابینی و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌واندا یه‌كناگرێته‌وه. هه‌ر ئه‌زموونێكی شیعری، هه‌ر نوێگه‌ریی و دیارده‌یه‌ك، به ئاسانی له نێو بازنه‌ی باودا شوێنی بۆوه و پێگه‌یه‌كی گرت، ده‌بێ بزانین كه بچوكترین مۆركی دژه باوی تێدا نییه. چونكه دژه باوی، به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌ی جیاواز‌و ڕوانینی جیاوازه، كه دواجار له دنیابینی شاعیر ڕه‌نگده‌داته‌وه. خالید عه‌بدل له باره‌ی ئه‌م شاعیره‌وه ده‌نووسێت:((هه‌رچه‌نده دژه باو گه‌لێك پێش ئه‌م هه‌بوون وڕێیان بۆ خۆش كردبوو)). ئه‌گه‌ر به‌م ڕوانینه بێت، ئه‌وا ده‌بێ بڵێین كه ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر درێژكراوه‌ی ئه‌زموونی سێ شاعیره‌كه‌ی تره، یاخود دژه باویه‌كه‌ی ئه‌م درێژه پێ ده‌ری دژه باوی شاعیرانی تره. هه‌ڵبه‌ته، كه به‌شێك له‌و شاعیرانه كه شیعری‌یان نووسیوه، ڕه‌نجده‌ر هێشتا له دایك نه‌بووه، له ناوه‌ڕاستی هه‌فتاكانیشدا، كه ئه‌زموونی ئه‌و سێ شاعیره، شوناسێكی ناسراو وه‌رده‌گرن، ڕه‌نجده‌ر ته‌مه‌نی نزیكه‌ی ده ساڵێكه.
ئیدی نازانم چ په‌یوه‌ندییه‌كی شیعری، زه‌مه‌نی، مێژوویی، له نێوان سه‌باح ڕه‌نجده‌ر و ئه‌م سێ شاعیره هه‌یه؟ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره، له هیچ ڕووێكه‌وه ناچێته‌وه سه‌ر ئه‌زموونی سێ شاعیره‌كه‌ی تر. به تایبه‌تیش له ڕووی زمانه‌وه. زمانی شیعری ڕه‌نجده‌ر، زمانێكی سڕك و ئاڵۆزه و له فۆڕم و ده‌ربڕیندا به ئاسانی ناخوێنرێته‌وه. له كاتێكدا زمانی سێ شاعیره‌كه‌ی تر، زمانێكی ئاساییه و ده‌شێ له ڕێگه‌یه‌وه به ئاسانی به مانا بگه‌ین. له ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ردا، مانا ونه، ئه‌و ون بوونه، به‌شێكه له هه‌وڵدانی بۆ گرێدانه‌وه‌ی خوێنه‌ر به ده‌ق و ڕامان و قووڵبوونه‌وه. كه بێگومان ئه‌ویش پێویستی به پاشخانێكی گه‌وره‌ی ڕۆشنبیری هه‌یه. لێره‌وه‌ش سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، ده‌بێته شاعیرێكی بژارده.
بژارده به‌و مانایه‌ی، كه‌من ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی له شیعری ئه‌و بگه‌ن. واتا زمان له شیعری ئه‌و شاعیره‌دا، ده‌روازه‌یه‌كه بۆ گه‌یشتن به مانایه‌كی قووڵ.له شیعری ئه‌م شاعیره‌دا، مه‌عریفه‌یه‌كی گه‌وره له بواری ئایینی، ئه‌فسانه‌یی، مێژوویی هه‌یه. هه‌ر خوێنه‌رێك شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره بخوێنێته‌وه، ده‌زانێت كه ڕه‌نجده‌ر، یه‌كێكه له‌و شاعیرانه‌ی، كه پاشخانێكی گه‌وره‌ی ڕۆشنبیریی هه‌یه. كه‌م شیعری ئه‌و هه‌یه، له په‌راوێزییه‌وه ئه‌فسانه و ئایین وداله شیعرییه‌كان نه‌بینین. ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر، ئه‌زموونی چێژ نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ی خوێنه‌ری كورد، ده‌روازه‌یه‌كه بۆ چوونه نێو دنیای شیعر. به‌ڵكو ئه‌زموونی مانایه به فه‌لسه‌فه‌یه‌كی زمانی قووڵ. له ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌دا. زمان زۆرتر له ڕه‌هه‌ندێك و مانا زۆرتر له سنوورێكی هه‌یه. هه‌ر خوێنه‌رێك شیعری ڕه‌نجده‌ربه هه‌مان میتۆدی خوێندنه‌وه‌ی شاعیرانی دیكه بخوێنێته‌وه، ئه‌وا له شیعری ئه‌و شاعیره نه‌گه‌یشتووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی خالید عه‌بدل كردوویه‌تی. لای سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، وشه‌ی خۆی به‌شێكه له مانایه‌كی سه‌ربه‌خۆ. به بڕوای من هه‌رگیز شیعری ڕه‌نجده‌ر، به‌و تێگه‌یشتنه ماناییه ناخوێنرێته‌وه، كه ئه‌م نووسه‌ره شیعری سێ شاعیره‌كه‌ی تری پێ خوێندۆته‌وه. چونكه له ئه‌زموونی ئه‌ودا، مانا شاراوه‌یه، زۆرتر له ڕه‌هه‌ندێكی هه‌یه. ئه‌و كه باسی گوند ده‌كات، خۆ مه‌به‌ستی ئه‌و گونده جوگرافی و دیمۆگرافی و سرووشتییه نییه كه خالید عه‌بدل باسی ده‌كات، به‌ڵكو مه‌به‌ستی گوندی نێو دنیابینی شیعری خۆیه‌تی. ده‌ی بزانم كامه‌مان ده‌زانین، كه مه‌به‌ست له‌و گونده چییه.
هه‌ڵه‌یه وابزانین وشه‌ی شیعری لای سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، هه‌مان ئه‌و مانا ئه‌پستراكت و دیاریكراوه‌ی هه‌یه، كه زمان پێی ده‌ناسرێته‌وه. ئه‌گه‌ر به‌م ڕوانینه بێت، ئێستا هه‌مووان له شیعری ئه‌و شاعیره ده‌گه‌یشتن. كه له ڕاستیدا به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن ئه‌وانه‌ی له شیعری ڕه‌نجده‌ر ده‌گه‌ن. هه‌ر وشه‌یه‌ك له شیعری ڕه‌نجده‌ردا، مانایه‌كی دیكه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی مانای دیاریكراوی خۆی هه‌یه.سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، ئه‌زموونێكی شیعری تایبه‌ته و له زێوانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، تا سه‌ره‌تا وشه بوو به‌رده‌وامی هه‌یه. ئه‌م به‌رده‌وامیییه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و زمان و دنیابینی و جیهانبینییه شیعرییه تایبه‌ته‌یه،كه ئه‌م شاعیره هه‌یه‌تی و تا ئه‌و جیهانبینییه‌ش به‌م ڕوانینیه جیاوازه به‌رده‌وام بێت، ئه‌م ئه‌زموونه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت. ئێستا دێینه سه‌ر لێكدانه‌وه‌كانی خالید عه‌بدل، له باره‌ی ئه‌م شاعیره‌وه. نووسه‌ر ده‌نووسێت:(( هاتنه كایه‌ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر پێویست بوو به تایبه‌تی بۆ خاسییه‌تی ڕۆمانه شیعر)). به بڕوای من، زێوان ڕۆمانه شیعر نییه، به‌ڵكو قه‌سیده‌یه‌كی درێژه، كه له به‌رای هه‌مووشتێكدا، گوزارشت له هه‌ناسه وپشوو درێژیی ئه‌م شاعیره له نووسینی شیعردا ده‌كات. ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه شاعیری تر هه‌بوونه، له شیعره‌كانییاندا، به‌ر له ڕه‌نجده‌ر،خاسییه‌تی ڕۆمانه شیعر له شیعره‌كانییاندا هه‌بێت. بۆ نموونه:_ ((دوو سروودی كێوی شێركۆبێكه‌س)) كه له ناوه‌ڕاستی هه‌فتاكاندا نووسراون.نووسه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌نووسێت:((شاعیر به به‌راورد له‌گه‌ڵ هاوسه‌رده‌مه‌كانی، ناونیشانێكی ئاسایی له هه‌موو ڕووێكه‌وه ئاسایی بۆ شیعره‌كه‌ی هه‌ڵبژاردووه)). مه‌به‌ستی لێره‌دا(زێوان)ه كه ناوی یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه شیعری ئه‌م شاعیره‌یه.
زێوان، نه‌ك هه‌ر ناونیشانێكی ئاسایی نییه، بگڕه زۆر ئاڵۆزیشه. ئێستاش به هه‌زاران كه‌س، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌ی شیعریش ده‌نووسن،نازانن وشه‌ی زێوان مانای چییه؟ ئیدی نازانم ئه‌م ناونیشانه چۆن ئاساییه؟ ده‌كرێ نووسه‌ری وتاره‌كه بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ناونیشانی شیعری شاعیرانی كورد له قۆناعی هه‌فتاكان و پێشووتر و دواتریش،ئه‌و كات بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌م ناونیشانه چه‌ند به مه‌به‌ستدارو شاراوه، بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵه شیعره دانراوه. به گشتی ناونیشان، له شیعری شاعیرانی ئه‌وكاتدا، ناونیشانی ساده و ڕۆمانسی بوونه، كه هه‌موو خوێنه‌رێك تێبی بگات.بۆنموونه به‌شێك له ناونیشانه شیعرییه‌كانی شیعری كوردی ئه‌مانه‌ن:(( تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ست/فرمێسك و زام/ شه‌وانی ته‌نیایی/ ژووانی دابڕان/پشكۆكان ئه‌گه‌شێنه‌وه/سه‌مای به‌فری ئێواران/ دووكه‌ڵ/شیبای ئه‌وین/زریان/پڕۆژه‌ی كوده‌تایه‌كی نهێنی/قژی ئه‌م كچه ڕه‌شماڵی گه‌رمییان و كوێستانمه/ڕۆژان ئه‌ڕواو تۆ هه‌ر خۆشه‌ویستی منی) ئه‌مانه و زۆری تر ناونیشانی دیكه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ن.
ئایا زێوان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و ناونیشانه دیار‌و ڕوونانه، ئاساییه؟. نووسه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له باره‌ی ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌وه و هه‌وڵده‌دات له په‌راوێزی ڕاڤه‌كردنی چه‌ند كۆپڵه شیعرێك، دنیابینی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر بخاته ڕوو. به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی بیزانێت كه‌وتۆته هه‌ڵه‌وه. ئه‌و له باره‌ی ئه‌و شیعره‌ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ره‌وه ده‌نووسێت:((گونده‌كه‌یان دووجار له شه‌ست و سێ و هه‌فتاو پێنچ ڕاگوێزراوه، كه ئه‌مه‌ش دوو ڕووداوی زه‌قن له مێژووی ژیانی شاعیر بۆیه هه‌ر به‌زیندوویی له یادگه‌ی ماونه‌ته‌وه)).ناكرێت نووسه‌ر زانیاریی له باره‌ی شتێكه‌وه نه‌بێت، به‌ڵام قسه‌ی له باره‌وه بكات. به تایبه‌تیش له لێكۆڵینه‌وه و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا، كه دنیایه‌ك زانیاریی له هه‌موو ڕووێكه‌وه ده‌وێت. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، دووساڵ دوای ڕووداوی حه‌ڕه‌س قه‌ومییه‌كان، واتا ساڵی 1965 له‌دایك بووه.ئیدی نازانم چۆن ئه‌و ڕووداوه، له مێژووی ژیانی شاعیر بینراوه و كاری لێ كردووه؟!. هاوكات له هه‌فتاو پێنجیش، ئه‌و ته‌نها ته‌مه‌نی ده ساڵ بووه. ئه‌مه ده‌ریده‌خات، كه خوێندنه‌وه‌ی شیعری ڕه‌نجده‌ر، به هه‌مان ئه‌و میتۆده‌ی شیعری شاعیرانی تر، ده‌مانخاته چ هه‌ڵه و بێ ئاگایه‌كی گه‌وره‌وه. شاعیر باسی مێژووی ژیانی خۆی ناكات، به‌ڵكو باسی مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌ك و خاكێك ده‌كات،كه ده‌یان جار سووتماك كراوه .ئه‌م جۆره خوێندنه‌وه‌ی شاعیر، وایكردووه كه نووسه‌ر، له چه‌ندین شوێنی وتاره‌كه‌یدا، به هه‌ڵه له شیعری ئه‌و شاعیره بگات. بۆنموونه: سه‌باح ڕه‌نجده‌ر ده‌ڵێت:
منداڵیم له ڕاوه ماسی
وكۆلاره هه‌ڵدان و
هێلكه شكاندن داماڵدرا..
خالید عه‌بدل، له ڕاڤه‌ی ئه‌م وێنه شیعریه‌دا ده‌نووسێت:((شاعیریش لاساریی كردووه و هێلكه‌ی شكاندووه، چونكه منداڵ ڕه‌وایه‌تی به هه‌موو شتێك ده‌دات)).به هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌به‌ستی ڕه‌نجده‌ر له‌و وێنه شیعرییه‌دا، ئه‌وه‌نییه كه نووسه‌ر تێی گه‌یشتووه. به‌ڵكو مه‌به‌ست له بێ به‌ش بوونییه‌تی له دنیای منداڵی و هه‌موو ئه‌و جوانییانه‌ی له‌و ته‌مه‌نه‌دا، مرۆڤ به‌ریده‌كه‌وێت. داماڵدرا، واتا وه‌ك هه‌ر منداڵێكی دیكه نه‌یتوانیوه چێژ‌و خۆشی له دنیای منداڵی خۆی ببینێت جا به هه‌ر هۆكارێكه‌وه بێت. داماڵین، كردارێكه له ده‌ره‌وه‌ی ویست و خواستی مرۆڤ خۆی، وه‌ك ئه‌وه‌ی ژیان به ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌ی جیا له ئاره‌زووی ئه‌و بچێت.هه‌رگیز له شیعری ئه‌ودا، وشه هه‌مان ئه‌و مانایه‌ی نییه، كه له ڕه‌هه‌ندی واتایی خۆی دایه. باوك له شیعری ئه‌ودا، هێما نییه بۆ باوكی فیزیكی، لای ئه‌و شاعیره وشه بارگاوی ده‌كرێ به ده‌یان مانای دیكه، كه له ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌یشتنی من و خالید عه‌بدولیش دایه.خاڵێكی دیكه هه‌ر له‌باره‌ی شیعری ئه‌و شاعیره‌وه بۆمن جێی سه‌رنج بوو ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كاتێ خالید عه‌بدل ده‌نووسێت:(( زمانی شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ر زمانێكی ناسك و جوانه)). بێگومان ئه‌م بۆچوونه‌ی بۆ هه‌ر سێ شاعیره‌كه‌ی تر دروسته و بابه‌تییه، به‌ڵام بۆ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، تێ نه‌گه‌یشتنه له شیعری ئه‌و. هیچ شاعیرێكی كورد، له سه‌رده‌می گۆرانه‌وه تاكو ئێستا، وه‌ك ئه‌م شاعیره، زمانی شیعری ئاڵۆز و كۆد ئامێز‌و پڕ له مه‌دلولی شاراوه نییه. زمانی شیعری ئه‌م شاعیره، نه‌ك ناسك وڕۆمانسی نییه، به‌ڵكو زمانێكی مه‌عریفی و بابه‌تی قووڵه و ڕه‌گه‌كانی ده‌چنه‌وه نێو ئایین و فه‌لسه‌فه و ڕوحیانییه‌ت و چه‌ندین ئاماژه‌ی تر، كه هه‌موویان له شیعری ئه‌ودا هه‌ن.ئه‌گه‌ر زمان له شیعری ئه‌ودا ئاسان بووایه، ئێستا ئه‌ویش ده‌بووه شاعیرێكی باوی ئه‌و سه‌رده‌مه،له كاتێكدا به پێچه‌وانه‌وه‌یه. ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر،ئه‌زموونێك نییه تیایدا وه‌ك خالید عه‌بدل ده‌ڵێت خوێنه‌ره‌كانی ماندوو نه‌كات و به‌زمانێكی ساده په‌یامه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێت. شیعر لای ڕه‌نجده‌ر،جۆرێكه له مه‌عریفه، به‌رله‌وه‌ی بۆ ئستاتیكاو چێژ بێت.
ئه‌م شاعیره، بۆ چێژ‌و جوانی شیعر نانووسێت، به‌ڵكو شیعر وه‌ك ژانرێكی دیكه‌ی فیكر‌و مه‌عریفه ده‌بینێت و له هه‌مووشی گرنگتر،شیعری گه‌ردوونییه كه له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو سنوورێكی جوگرافی و فیكری بازنه‌یه‌كی دیاریكراو دابێت. بۆیه‌شه ده‌بینین، به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن ئه‌وانه‌ی له شیعری ئه‌م شاعیره ده‌گه‌ن.به درێژایی مێژووی شیعر،له نێو ئێمه‌دا تێگه‌یشتنێكی جێگیر‌و دیاریكراو بۆ شیعر هه‌یه، كه ده‌بێ سه‌دان هه‌زار خوێنه‌رو بینه‌ری هه‌بێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی یاری زۆرانبازیی بێت.ئه‌م ڕوانینه،بۆ هه‌موو قۆناغه‌كان گونجاو و بابه‌تی بێت، بۆ شیعری ئێستا كه شیعری دوای مۆدێرنه‌شه، گونجاو نییه. چونكه شیعر له ئێستادا ئه‌زموونێكی خودییه له‌وه‌ی بابه‌تی بێت.له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر ئه‌زموونێكی تایبه‌ته. به بڕوای من ئه‌م ئه‌زموونه،ته‌نها شوناسی ئه‌زموونێكی تایبه‌ت هه‌ڵده‌گرێت كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زمانی تایبه‌تی و دنیابینی تایبه‌تی و به شیعركردنی هه‌موو شته‌كانی نێو گه‌ردوونه.به شیعركردنێك كه مانا تیایدا ئه‌وه‌نده قووڵه كه به خوێنه‌وه‌یه‌ك و بگره چه‌ندین ساڵیش، خوێنه‌ر نه‌توانێت بگاته خاڵی كۆتایی.
ئه‌مه‌شه ماهییه‌تی شیعری ڕاسته‌قینه كه زه‌مه‌ن و شوێن نا ناسێت. چونكه هه‌ر شیعرێك بووه به‌شێك له زه‌مه‌ن و واقیعێكی دیاریكراوی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئایدۆلۆژیی،ئیدی به كۆتایی هاتنی ئه‌م واقیعه،ئه‌زموونه شیعرییه‌كه‌ش باوی نامێنێت و له په‌یام و مانا ده‌كه‌وێت. به‌ڵام ئه‌زموونی تایبه‌تی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، له‌زێوانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و تا سه‌ره‌تا وشه بوو، به‌رده‌وامی هه‌یه. ته‌نانه‌ت هه‌ر خوێنه‌رێك به‌وردی سه‌رنجی له‌و ئه‌زموونه دابێت، ده‌یناسێته‌وه و ده‌زانێت كێ لاسایی ده‌كاته‌وه. ئیدی نازانم نووسه‌ر چۆن بوێری ئه‌وه‌ی هه‌بووه كه ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره،له چوارچێوه‌ی ئه‌زموونه شیعرییه‌كانی سێ شاعیره‌كه‌ی تر، پۆلێن بكات، كه ئاسمان و ڕێسمان جیان له یه‌كتری.دواجاریش نووسه‌ر ده‌نووسێت:_(( ڕۆمان بریتییه له كۆمه‌ڵه چیڕۆكێك)).ته‌نها ئه‌و پرسیاره ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر ڕۆمان له كۆمه‌ڵه چیڕۆكێك پێكهاتبیت، ئه‌وا ڕۆمانه یان كۆمه‌ڵه چیڕۆك؟
به‌رله‌وه‌ی كۆتایی به‌وتاره بێنم، ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بده‌م، كه هێشتا سه‌دان هه‌ڵه‌ی زمان و ده‌ربڕین له نووسینه‌كه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه‌دا هه‌ن. كه ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بوواینه له ده‌رخستنییان،ئه‌وا وتاره‌كه‌مان یه‌كجار یه‌كجار درێژ ده‌بووه‌وه. به داخه‌وه نووسه‌ر به‌م وتاره‌ی، نه‌ك هه‌ر شتێكی نوێی نه‌خسته سه‌ر ئه‌زموونی شیعری ئه‌م چوار شاعیره، به‌ڵكو به جۆرێك له جۆره‌كان له ئه‌زموونه‌كه‌شی دان.به‌تایبه‌تیش ئه‌زموونی(شاكه‌لی و ڕه‌نجده‌ر)كه پێگه‌یه‌كییان له شیعری كوردیدا هه‌یه. هیوادارم، ئه‌مه یه‌كه‌م و دوا بابه‌تی بێت، له باره‌ی لێكۆڵینه‌وه له شیعری كوردی، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته هه‌ڵه‌ی زیاتر له داهاتوودا…
*تێبینی:
دژه باوه‌كان له شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا،وتارێكی(خالید عه‌بدل)ه‌و ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و به‌ر له ماڵپه‌ڕی ئه‌ده‌بی ده‌نگه‌كان بڵاوكرایه‌وه…