Skip to Content

فلاشباک/ لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-34.. ستیڤان شەمزینی

فلاشباک/ لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-34.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 28, 2022 General, Opinion


بەشی سی و چوار

ئەمڕۆ هەواڵی تیرۆرکردنی “فرانسۆ حەریری” پارێزگاری شاری هەولێر بڵاوبووەوە. ئەو تیرۆریزمەی ئێمە زووتر تارماییەکەیمان ئەبینی و لە نووسەر و چالاکە بەرهەڵستکارانەوە دەستیپێکرد، ئەمڕۆ گەیشتۆتە قوچەکی دەسەڵاتداران. هەندێ ئەیانەوێ پێشوەختە یەکێتی تاوانبار بکەن، هەندێکی تر تاوانەکە ئەدەنە پەنا دەزگای هەواڵگریی بەعس، بەڵام هەردوو ئەگەرەکە زۆر لاوازن، پێموایە ئیسلامییەکان لە پشتی ئەو کردەوەیەن چوونکە هەولێر بە ئیزنی پارتی بووە بە ئەفغانستانێکی تر. دیاردەی ریش و سیواک و شەرواڵی کورت لە هەموو شتێک زیاتر سیمای هەولێری ناشرین کردووە، لە بەرانبەردا چەند جار ئاگر بەردرا لە بازاڕی لەنگە کە پۆشاکی لەنگەی ئەوروپی تیا ئەفرۆشرێ؟ چەند ژن قاچ و دەستیان تێزابڕژێن کرا؟ چەند دوکانی مەی فرۆشی و ئارایشتگای ژنان تەقێنرانەوە؟ چەندانی وەک شاپور و قابیل لە ناو جەرگی شار و بە رۆژی رووناک تیرۆر کران؟.
سێ ساڵێک بەر لە ئەمڕۆ لە کاتی ئامادەکاریی مەراسیمی یەکی ئایار لە شاری هەولێر بووم، لەو ساتانەی لای شێخەڵا سەرقاڵی پۆستەر هەڵواسین بووین، لە هەموو لایەکەوە کەوتینە بەر پەلاماری ریشدارەکان بێ ئەوەی یەک پۆلیس دەنگ هەڵبڕێ، ئێمە چوار کەس بووین، من و هاوڕێ کوێستان، کە لە سلێمانییەوە هاتبووین بێدەنگ نەبووین و کەوتینە دیفاع، بەڵام ئەوان لەشکرێک بوون دەرەقەتیان نەهاتین، بۆیە داوامان کرد پۆلیس بە هانامانەوە بێ کەچی نەهاتن. هەرچی چۆن بوو بە شەڕەبۆکز و دوای فەلاقەکردنمان بە زیندوویی دەربازمان بوو. کەچی ئەبینم هاوڕێ “کاروخ” ئەڵێ خۆ من دەمانچەیەکی سمسم پێیە!! وتم دیارە تۆش وەک کابرا خەنجەرەکەت هەڵگرتووە بۆ رۆژی تەنگانە، ئیتر لەو ساتەوە نازناوی ئەو هاوڕێیە بووە بە “کاروخی سمس”.
دواتر بۆ وەرگرتنی مۆڵەت کە لە باخچەی گڵکەند مەراسیمی یەکی ئایار بکەین، چووین بۆ بینای پارێزگای هەولێر، منیش لەگەڵ وەفدەکە بووم، چوونکە باوکم و فرانسۆ حەریری لە هەفتاکانەوە ئاشنای یەکتر ببوون. سەرەتا گلەیی ئەوەمان کرد جڵەویان بۆ ئیسلامییەکان شل کردووە، هەڵبەتە ئەویش وەک مەسیحییەک نیگەران بوو، بەڵام زانیمان سیاسەتی حزبەکەیەتی. وتمان ئەمانەوێ مۆڵەت وەربگرین بۆ مەراسیمی یەکی ئایار، بە پێچەوانەی هەموو بەرپرسانی ترەوە، وتی بڕۆن ئازاد بن چی دەکەن و چی دەڵێن!!. یەک قسەی خۆشیشی کرد وتی “جەماعەتی رەوتی کۆمۆنیست، بە خودای بەو دەمە قەرەباڵغەتان ئەتوانن هەموو دنیا بکەنە کۆمۆنیست، بەڵام بە گۆڕی بارزانی ئەبێ ئەم هەولێرە بە تۆپ و ئاربیجی بگرن”. مەبەستی لەوە بوو کەلتووری مەزهەبی و ئاینی ریشەیەکی کۆمەڵایەتی و دێرینی هەیە لە هەست و ویژدانی خەڵکی هەولێردا.
بەهەرحاڵ هێشتا چەند سەعاتێکە فرانسۆ حەریری تیرۆر کراوە، بەڵام بە رای من ئەم کارە لەژێر سەری گروپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکاندایە، بۆ ئەوان ئاسان نییە شارەکەیان بە دەستی مەسیحییەکەوە بێ، کە وەک هەندێ لە مەلا توندڕەوەکانیان ئەڵێن “فرانسۆ حەریری ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و بنەماڵەی بارزانییە”.! ئیسلامی توندڕەو چەندانی وەک “دکتۆر فەرەج فۆدە”یان تیرۆر کرد، بەتایبەت کە ئەو بە ئاشکرا باوەڕی خۆی بە ئاینی ئیسلام رادەگەیاند، یان چەندانی وەک “نەسر حامید ئەبوزەید” دەربەدەرکران و ئەزهەریش وتی ئەگەر “دکتۆرە ئیبتهال یونس”ی هاوسەری ئەبوزەید جیابوونەوە رانەگەیەنێت ئەوە بە زیناکار حسابی بۆ ئەکرێ چوونکە بە پێی یاساکانی شەریعەت، دکتۆر ئەبوزەید تەلاقی کەوتووە. ئینجا نموونەکەشیان رژێمی تاڵیبانە لە ئەفغانستان.
وەنەبێ لە سلێمانی، یەکێتی نیشتمانی لە پارتی باشتر هەڵسوکەوت بکا، بەڵکو بەپێی رێکەوتنی تاران هەموو هەورامان و شارەزوور خراوەتە ژێر رکێفی ئیسلامییەکانەوە، هاوزەمان لە حکوومەتەکەی یەکێتی وەزیر و وەزارەتیان هەیە، هەر دوێنێ بوو کە یەکێ لەو توندڕەوانە بە تەکبیر و ئەڵاهوئەکبەرەوە لە فلکەی نالی سلێمانی دەستڕێژی کرد بە ناو خەڵکی سڤیلدا کە چەندان قوربانی لێکەوتەوە لە کوژراو و بریندار. لەولاشەوە بۆ شاباشێکی ئێران، یەکێتی کۆمۆنیستەکانی قەتڵوعام کرد بە رۆژی رووناک لە ناوەڕاستی شاری سلێمانیدا. کە رۆژنامەی “کەیهان”ی زمانحاڵی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ستایشەوە سوپاسی قەتڵوعامی کۆمۆنیستەکانی لە یەکێتی و ئاغای نەوشیروانی کرد.


18-2-2001
تورکیا

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 114-118 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.

Previous
Next
Kurdish