Skip to Content

وێناكردن لە بۆشایی.. هونەرمەند سەردار سنجاوی خەیاڵی بۆشاییەكان دەگرێ.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

وێناكردن لە بۆشایی.. هونەرمەند سەردار سنجاوی خەیاڵی بۆشاییەكان دەگرێ.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

Closed
by ئایار 12, 2024 General

مارسیل دۆشامپ دەڵێ هیچ شتێك خاوەندارێتی ناكرێ و رەسەن نییە، هیچ شتێكیش ناكرێ بدزرێ.
(1)
پڕ كێشەترین چەمك، چەمكی بۆشاییە! چونكە لە بۆشاییدا چییەتی دیار نییە، لە بۆشاییدا جیهان هیچ بوونێكی تایبەت بەخۆوە نابینێ، جگە لە ئاژاوە و سپێتی و شوێنی ماتەوزەی خەیاڵی و بیركردنەوەی نەدیتراو.
هونەری پڕكردنەوەی بۆشاییەكان چارەنووسی نێوانەكانە، نە ڕابردووی هەیە و نە داهاتوو، چارەنووسی بێ یادەوەرییە. بەو مانایەش خەیاڵكردنی هونەری بۆشاییەكان و بینین لەو تێگەیشتنەوە دێ، كە بۆشایی شوێنێكە بۆ هەڵبژاردنی تاقیكردنەوەكان.
لە هونەری خەیاڵكردنی بۆشایی گۆشەیەكی بەتاڵ هەیە، پاشان بە فیزیكیكردنی خەیاڵ، بینینی خەیاڵكراو! بێ ئەوەی پەیوەندییەكی دیاریكراو لەنێوانیاندا درووست بێت.
(2)
لە هونەری وێنەكردن لە بۆشایی، مرۆڤ نقومی سەیركردنی بابەت نییە. بە دوای ئەوەدا ناگەڕێ، كە جیهانی پێوەسف بكاتەوە! بەڵكو خەیاڵی خۆی لە سەیرورە و بەرهەمهێنانەوەی بینراودا تاقی دەكاتەوە. هونەرمەند سەردار سنجاوی هەوڵدەدات لە رێگای كردەی رووخێنەرانەوە لە وەسفكردنی بابەت، لە باوەڕی هاوبەش رابكات! نایەوێ قبوڵكراو بێ، شانازی بە خودێكەوە ناكات، كە سیستم تەواو بە خواستی خۆی لە قالبی داوە، هەمیشە لە هەوڵی بەرهەمهێنانەوەی بۆشاییە!
گۆرٍینی سیستم لە گۆڕینی پەیوەندی مرۆڤ بە خۆیەوە دەستپێدەكات، خوێندنەوەی خودە بە پێوەری خود، لەسەر ئەو بنەمایەوە هونەرمەند سەردار سنجاوی ماتەوزەكانی خەیاڵی بینراو بە فیزیكی دەكات، نەك نەخشەی لەبەرگیراو، جوگرافیا دەكێشێ نەك مێژوو، گەشت و كۆچ، نەك مانەوە و نیشتەجێبوون.
لە هونەری خەیاڵكردن لە بۆشایی و بەرهەمهێنانەوەی بینراو وامان لێدەكات لەنێوان شتەكاندا بیر لە شتەكان بكەینەوە. وەرگر لە هونەری خەیاڵكردن لە بۆشاییەكاندا لە هەر پنتێكەوە تەماشا بكات و بە هەر ئاڕاستەیەكدا بڕوات دەڕژێتە سنووری بیركردنەوە و پەیوەندییەكانی جوانی و تێگەیشتنەوە. بە كورتی هونەری خەیاڵكردن لە بۆشایی، مێژووی بێدەنگیی (هونەری تابلۆكێشان) دەخاتە ئەرشیفەوە و بەرەو نواندنی رووداوی دیتراوی جوولاو هەنگاو دەنێت.
پرسیار ئەوەیە، چ شتێك بۆشاییەكان لە مەودای بینراودا پێكەوە دەبەستێتەوە، كە هیچ پەیوەندییەكی دیاریكراویان لەنێواندا نییە؟
لە ڕاستیدا پێویستی جوانكاری و خەیاڵی هونەری بۆشایی و تێگەیشتن لە خەیاڵی بینراو، بیركردنەوەیە لە مەودا وردەكان، پارچە بچووك و لێكدابڕاوەكان، كە پەیوەندییەكی دیاریكراویان بە یەكترەوە نییە، كەچی بەیەكتریشەوە بەندن، ئەوە پێویستی ژیانە، مەودایەكە بۆ هەناسەدان، بۆ زیندوو مانەوە لە ژیاندا.
(3)
وەكچۆن بۆدلێری شاعیر بە زیندووكەرەوەی چەمكی خەیاڵ دادەنرێ. هونەری بۆشایی زیندووكەرەوەی بینینی خەیاڵ و تێگەیشتن و بەرهەمهێنانەوەیە. ئیتر جیهان ملكەچی دەلالەت و مانا نابێت، ملكەچی ڕێكخستن و پۆلێنكردن نابێت. هونەری خەیاڵكردن لە بۆشاییدا دەستبەرداری هەموو سیستەمێكە، كە تێیدا بە گوێرەی “یەك” و “فرە” تەماشای بوونەوەرەكان دەكات! چونكە نە فرەیە نە تاك، نە سەرەتای هەیە و نە كۆتایی، نە ئەسڵی هەیە و نە ئامانج، دژ بە دامەزراندن و ڕەگدانانە، دژ بە جوولەی گەشەسەندن و ئامانجەكەیەتی!. سنووری خۆی لە پڕكردنەوەی خەیاڵی بۆشایی، بەرهەمهێنانەوەی خەیاڵكردن لە بۆشاییدا دەكێشێ و جیهانێك دیاری دەكات، تێێدا حەقیقەتی هونەر دەخرێتە نێو پەیوەندی بۆشاییەكانەوە، حەقیقەتی هونەر دەخرێتە نێوانەكانەوە، كە سەر بە پێكهێنەرەكانی نین. لێرەوە داهێنەر بۆ چێژ و خۆشی كار لە (مەودای جووڵە) و (خەیاڵكردن لە بۆشایی) ناكات، بەڵكو بەرهەمهێنانەوەی بۆشایی پێداویستییەكی زیندەگییە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

Previous
Next
Kurdish