
په‌پووله‌كانی شه‌و .. به‌ختیار محه‌مه‌د
هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه بێده‌نگ و له‌بیركراون: به‌م شه‌وه (ده‌مژمێر هه‌شت و نیو)، منداڵێكم بینی له‌سه‌ر شۆسته‌ی شه‌قامێك دانیشتبوو، سینیه‌كی له‌سه‌ر هه‌ردوو ئه‌ژنۆی بوو، خۆی گرژ كردبۆوه و قه‌مسه‌له‌كه‌ی وه‌ك چه‌تر به‌سه‌ر سه‌ری خۆی دادابوو. من یه‌كه‌م جار نه‌متوانی بۆی ڕاگرم (چونكه دیمه‌نه‌كه گه‌له‌ك سه‌رنجی ڕاكێشام)، كه‌مێك له‌ولاتر وه‌ستام، ویستم بگه‌ڕێمه‌وه دواوه، به‌ڵام له‌به‌ر ئۆتۆمبێل، چونكه شوێنی پێچكردنه‌وه بوو، نه‌متوانی به‌گ بگه‌ڕێمه‌وه. فزولیه‌ت و په‌رۆشی وایان لێكردم، كه بڕۆم و له شوێنێكی دوورتر پێچ بكه‌مه‌وه و بگه‌ڕێمه‌وه بۆ لای. ئۆتۆمبێله‌كه‌م (هه‌ر بارانیش ده‌باری) 100 – 150 مه‌ترێك دوورتر ڕاگرت و دابه‌زیم و چوومه لای. وه‌ك په‌یكه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و شۆسته‌یه دانیشتبوو. سینیه گه‌وره‌كه له‌سه‌ر چۆكی و قه‌مسه‌له‌كه‌ی كردبووه چه‌تر و سه‌روسیمای به ته‌واویی ون بوو. منیش ده‌ستێكم بۆ شانی برد و كه‌مێكم ڕاته‌كاند و با‌نگم كرد، هیچ وه‌ڵامی نه‌بوو، دڵم خورپه‌ی كرد. دوو سێ جاری دیكه با‌نگم كرد و ڕامته‌كاند، ئه‌مجاره زۆر به‌هێواشی كڵاوی قه‌مسه‌له‌كه‌ی لابرد و به چاوی خه‌واڵووه‌وه به كزی وه‌ڵامی دامه‌وه: ((ها!)). من گوتم: (ئه‌وه چ ده‌كه‌ی لێره به‌م شه‌وه و به‌م بارانه؟). گوتی: ((نانه‌قه‌یسی ده‌فرۆشم)). له‌سه‌ر نانه‌قه‌یسییه‌كه پێنج هه‌زارییه‌ك و دوو دانه هه‌زارییش هه‌بوو، كه بارانه‌كه ته‌ڕی كردبوون و ڕه‌نگی په‌مبه‌یی تۆخی نانه‌قه‌یسیه‌كه‌یان گرتبوو. گوتم: (به‌م شه‌وه بۆ ناچیته‌وه؟ كوا كێ به‌م وه‌خته نانه‌قه‌یسی ده‌كڕێ؟)… گوتم: (ماڵتان له كوێیه؟)، گوتی: ((له گڵكه‌نده)). (ئێ باشه كوو ده‌چیه‌وه؟)، ((ته‌كسی ده‌گرم)). ئینجا گوتی: ((با كه‌مێكی دیكه ئیش بكه‌م، ده‌چمه‌وه. ئێمه كرێچین، كرێیه‌كه‌مان 300 هه‌زاره، دوو سه‌د و په‌نجا هه‌زارمان خڕ كردیته‌وه، په‌نجا هه‌زاری ماوه… داكم گۆتی ئه‌گه‌ر زیاتر ئیش بكه‌ی، بایسكیله‌كت له‌بۆ ده‌كڕم {به‌م قسانه ئاگر له جه‌رگم به‌ربوو}…)). منیش ڕاستییه‌كه‌ی پێم گوت: (ئه‌گه‌ر ماڵت نزیك بوایه ده‌مبردیه‌وه). گوتی: ((نا، دوایێ به ته‌كسی ده‌چمه‌وه)). گوتم: (دایك و باوكت ماون؟)، گوتی: ((ئا)). گوتم: (خوشك و برات هه‌ن؟)، گوتی: ((ئا، چوار خوشك و سێ براین)). گوتم: (تۆ له هه‌موویان گه‌وره‌تری؟)، گوتی: ((نا، من له هه‌موویان بچووكترم)). منیش پاش ئه‌م گفتوگۆیه هیچی ترم نه‌گوت، پێنچ هه‌زارییه‌كم خسته سه‌ر سینییه‌كه و به‌جێم هێشت، ئه‌ویش یه‌كسه‌ر، وه‌ك پیاوێكی به ته‌مه‌ن گوتی: ((زۆر سوپاس، ڕه‌حمه‌ت له داك و بابت)).
به‌ختیار محه‌مه‌د