گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر بەیان سەلمان …. سازدانی / شاخه‌وان سدیق
به‌یان سه‌لمان:
له كۆنه‌وه تا ئه‌مڕۆ، گێرانه‌وه به‌شێكی ته‌واوكه‌ری گرنگی ژیانه
ژنه ڕۆژنامه‌نووس (به‌یان سه‌لمان) یه‌كێكه له ناوه‌دیارو ده‌نگه جدیه‌كانی ناو دونیای ئه‌ده‌بی كوردی و وه‌رگری خه‌ڵاتی ئه‌م ساڵی ئه‌ندێشه‌یه بۆ ڕۆمان له ئێستادا خاوه‌نی هه‌ریه‌كه له ڕۆمانه‌كانی (شه‌وانی ئاده‌م و به‌رزایی شوراكان و نه‌وه‌كانی مادائی) و له ئێستاشدا سه‌رقاڵی نوسینی ڕۆمانێكی نوێیه كه تایبه‌ته به شاری كه‌ركوك، بۆ زیاتر ئاگاداربوون له تێڕوانینی ئه‌و بۆ ئه‌ده‌ب، ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ سازدا.
پ1/ (كۆڵن وڵسن) له كۆندا وتویه‌تی ” كاریگه‌ری ڕۆمان له‌سه‌ر كلتوری مرۆڤایه‌تی له تێكڕای تێزه‌كانی (داروین و فرۆید‌و ماركس) زیاتر بووه. ئه‌مڕۆ به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیاو، به‌تایبه‌ت هاتنی ئینته‌رنێت، زۆرێك پێیان وایه، بایه‌خ و گرنگیی ڕۆمان له ئێستادا وه‌ك جاران نه‌ماوه، ئێوه پێتان وایه تا چه‌ند ئه‌م بۆچوونه ڕاسته؟
به‌یان سه‌لمان/ با له وته‌یه‌كی پۆل ڤالێری ده‌ست پێ بكه‌م كه له ساڵی 1937 وتویه‌تی ”كاتی كۆتای دنیا وا ده‌ست پێ ده‌كات.”. كه ڤالێری ئه‌وه‌ی گوتوه، ماوه‌ی دوای شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م و دوو ساڵ پێش ده‌سپێكی شه‌ڕی جیهانی دووهه‌مه. ئاساییه كه مرۆڤ ڕه‌شبین بێت. دیاره ڤالێری به‌و ڕسته‌یه، باس له ”به‌یه‌ك ره‌نگكردنی” دنیا ده‌كات. وه‌ك یه‌ك به‌رگ، هه‌موو كه‌سێك یه‌ك بۆچوونیان ده‌بێت و ده‌یانه‌وێت وه‌ك یه‌كیان لێ بێت و وه‌ك ئه‌ویان هه‌بێت. له كوردستانیش، ئه‌و ڕه‌شبینییه به بار‌و دۆخی ناوچه‌كه‌وه پابه‌نده. بێ گومان ئه‌وه كاریگه‌ریی له سه‌ر بۆچوونی ئه‌و كه‌سانه‌شه كه تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌یان نییه. ئه‌ده‌ب هه‌ر ده‌مێنێت. ڕۆمانیش وه‌ك به‌شێك له‌و، به تایبه‌تی به‌رگریی ده‌كات، جۆرێكه له ”ئه‌نتی بایۆتیكی” سروشتیی، كه دژ به ئایدیۆلۆژیا به‌رگرییت پێ ده‌كرێت. ساتێكیش دێته پێشێ، كه‌سه‌كه خۆی له ته‌وژمی ته‌كنه‌لۆجی بێ تاقه‌ت و وه‌ڕس ده‌بێت، ئه‌وجا ده‌ست به خۆ ڕیكخستنه‌وه ده‌كات. له جێیه‌كدا، ته‌كنه‌لۆجیاش ده‌بێته ئایدیۆلۆجی و ده‌سه‌ێندرێته سه‌ر تاكه‌كان. ده‌بێ تاك دژی ئه‌و سه‌پانده‌نه به‌رگریی بكات.
كێشه‌ش له خودی ته‌كنه‌لۆجیادا نییه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ شێوه‌ی به‌كارهێنانێتی، له چاولێكردن له به‌كارهێنانی، وه‌ك له ناوه‌ڕۆكی رسته‌كه‌ی ڤالێری تێ ده‌گه‌ین. كه بزانین: بۆ، كه‌ی، له كوێ، به‌كاری ده‌هێنین، هیچ گرفتێك دروست ناكات و ناتوانێت وه‌ك ئامرازێك تۆ به‌كار بهێنێت، به‌ڵكو تۆ، ده‌سه‌ڵاتت به‌سه‌ر ئه‌و ئامرازه‌دا ده‌شكێت و سوودی لێ وه‌ر ده‌گریت. ته‌كنه‌لۆجیا له‌گه‌ڵ داهێنانیدا، له‌سه‌ره‌تاوه، تاكو گه‌شه‌ی كۆمپیوته‌ر له ئه‌مڕۆدا، ئه‌گه‌رچی زۆر ئالۆزیی جیهانی ئه‌مڕۆ و تاكێتیی و دووركه‌وتنه‌وه وبگره چوونه كه‌نار به ویستی تاك خۆی، به‌رجه‌سته ده‌كات، هاوكات به‌شێكیشه له گه‌شه‌ی ژیان. بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت ئاسانكاریی داهێناوه، كه‌سایه‌تی تاكه‌كان و ته‌نانه‌ت چه‌رخی فیكریشی گۆڕیوه. وێرای ئه‌وه‌ش، ئێمه چیتر ناتوانین پشتگوێی بخه‌ین، به‌ڵام ده‌كرێت، زۆر به چاكیی خۆمانی له‌گه‌ڵ بگونجێنین، به باشیی كاری پێ ئه‌نجام بده‌ین، بێ ئه‌وه‌ی له داهێنان و هه‌وڵی تاكێتمان كه‌م بكاته‌وه. به تایبه‌تی نابێت له دنیای ناوه‌وه‌ی خۆمان دامان ببڕێت. كێشه له‌و دابڕانه‌یه له‌گه‌ڵ خود، ئه‌گه‌ر زۆر سه‌ر بكه‌ینه سه‌ر به‌كارهێنانیان. بێجگه له‌وه‌ی، بۆچوون و نووسین ده‌بنه ده‌ستكرد و به‌هایان نامێنێت، وه‌ك نووسینی خێرای لاپه‌ڕه‌یه‌كی فه‌یسبووكی لێ دێت. كه كه‌س به ڕاستیی و به قوڵیی نایان خوینێته‌وه و به ”لایكێكی” ڕێزلێنان كۆتاییان پێ دێت!
با سه‌یری ئه‌و لایه‌نه‌ی ته‌كنه‌لۆجیاش بكه‌ین، كه له جێی خۆمانه‌وه، هه‌زاران ڕۆمان له ناو به‌رزترین ره‌فه‌ی كتێبخانه گه‌وره‌كانه‌وه ده‌هێنیننه سه‌ر شاشه‌یه‌ك و ده‌یان خوێنینه‌وه. ئه‌وه له ساییه‌ی گه‌شه‌ی كۆمپیوته‌رو هاتنی ئینته‌رنێت هاتۆته دی. گرنگه كه‌سانی ”ساغ” ئه‌ندام كه‌مێك بیر له ”كه‌م” ئه‌ندامێكیش بكه‌نه‌وه. ئه‌وه‌ی نابینا و ته‌نانه‌ت نه‌خه‌وێنده‌واریشه، ئه‌مڕۆ ده‌توانێت به ئاسانیی گوێ له هه‌زاران كتێب بگریت. له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌یان ڕۆمان و كتێب له‌گه‌ڵ خۆتدا بۆ سه‌فه‌ر به‌ریت، كلیلێكی (ی‌و ئیس بی) و تابلێتێك سه‌دان كتێبت بۆ ده‌گوازێته‌وه. به ڕاستیی له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره ڕه‌شبیینیانه نیم كه به‌زۆر پێمانی ده‌فڕۆشن. به كورتیی، كه‌وتۆته سه‌ر ئه‌وه‌ی، چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. دواجار، خوێندنه‌وه به‌شێكه له هه‌وڵی تاك خۆی، خۆشه‌ویستییه، په‌یوه‌ندی مرۆڤ به خوێندنه‌وه و كتێب، په‌یوه‌ندییه‌كی ئیشقی ئه‌زه‌لیی سه‌یره.
پ2/ مرۆڤ به‌درێژای مێژوو له ڕێگه‌ی (ئه‌فسانه‌و حیكایه‌ت و چیرۆك)ه‌وه ده‌ماوده‌م شتی گێڕاوه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی (عه‌تا محه‌مه‌د)یش ده‌ڵێت “ئه‌وه‌ی مرۆڤی دروستكرد گێڕانه‌وه بوو”، مه‌به‌ستمه بپرسم، تۆ له نوسیندا ده‌ته‌وێت چی بگێڕیته‌وه، یان مرۆڤ بۆ هه‌میشه خه‌میه‌تی بگێڕێته‌وه؟
به‌یان سه‌لمان/ له كۆنه‌وه بۆ ئه‌مڕۆ، گێرانه‌وه به‌شێكی ته‌واوكه‌ری ژیانه. ئه‌و به‌شه‌یه كه پێویسته تێیدا به ورده‌كاریی ڕۆژانه‌دا بچینه‌وه. ژیان بریتییه له هێماو نهێنی، تێكه‌ڵه‌یه‌كه له سه‌یروسه‌مه‌ره، پڕه له بوونه‌وه‌ر، له شوێن، له ڕووداو، له توندوتیژیی و له جوانییش. له هه‌موو چركه ساتێك‌دا پێویسته باسیان بكرێت. ئیتر ئه‌و كه‌سه‌ی چیرۆك ده‌گێڕیته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵێك كۆد له ده‌وروبه‌ری بێت و ئه‌و به گێڕانه‌وه یه‌ك به یه‌كی جفره‌كانی بكاته‌وه.له‌لام، ئه‌وه مڕۆڤه كه زادی فه‌یله‌سووف و ڕۆماننووس دابین ده‌كات، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه. له میتۆلۆژیادا، ڕچه‌ڵه‌كی گه‌ردوون سه‌ره‌تا به دروستكردنی ئاسمان و زه‌وی و بوونه‌وه‌ره‌كانی تر بوو، له كۆتاییدا مرۆڤ. بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ هه‌موو ئه‌وانه له ڕێگای پرسیاركردن بگێڕێته‌وه؛ هه‌ر خودی میتۆلۆژیا كه مرۆڤ دایهێناوه، ئه‌و پرسیاركردنه ده‌سه‌لمێنێت. ئه‌وه مرۆڤه له‌بری سروشت و سه‌رجه‌می بوونه‌وره‌كان و گیان له‌به‌ره‌كان قسه ده‌كات، پرسیار له وجودی خۆی ده‌كات و ده‌یگێرێته‌وه. گێڕانه‌وه، گه‌ڕانه به دوای شتی نادیار تا بیكه‌ینه دیار. هه‌ندێك جار، شتی زۆر ساده و ئاساییه، به‌ڵام نه‌بیندراون. ده‌توانم بڵێم، ئه‌و به‌هه‌شته‌یه كه هه‌موومان به دوایدا ده‌گه‌ڕێین، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه، ناشڵێم پێی ده‌گات، تا ڕاده‌یه‌ك ده‌ستی ده‌چێته ناو نادیار و زمانه‌كه‌ی وه‌ر ده‌گێڕێت و دووباره به زمانێكی تایبه‌ت كه خۆی دای ده‌هێنێت، شته‌كانی پێ ده‌گێڕێته‌وه. له‌بیرشمان نه‌چێت، كه خودی زمان، ئامرازێكی هاوپه‌یوه‌ندییه، كه به نێوه‌ندی ئاماژه ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌وه كه سه‌ر له شته نادیاره‌كان هه‌ڵ ده‌داته‌وه.
پ3/ به‌درێژای مێژووی نوسین جگه له وه‌زیفه‌ی گێڕانه‌وه، چیرۆك و ڕۆمان، به‌پێی قۆناغه جیاوازه‌كان ئه‌ركی جۆراو جۆریشیان هه‌بووه. وه‌ك ئه‌وه‌ی (باختین) ده‌ڵێت” ئه‌وه‌ی كه دوێنێ ئه‌ركی ڕۆماننووس بوو، ئه‌مڕۆ ئه‌ركی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی ڕۆمانه” مه‌به‌ستمه بپرسم، ئه‌ركی سه‌ره‌كی ڕۆمان پاش گێڕانه‌وه چییه؟ تا چه‌ند نووسه‌ر له ڕێگه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانیه‌وه، دیوی شاراوه‌ی واقیع ده‌گوازێته‌وه؟
به‌یان سه‌لمان/ با له‌وه‌وه ده‌ست پێ بكه‌م كه باختین ده‌ڵێت ”ڕۆمان جه‌نده‌رێكه كه له پرۆسه‌ی به بوونه” به‌م واتایه، هه‌میشه له گۆڕاندایه. ئه‌مه‌ش ئه‌و ئازادییه بێ سنووره‌ی ڕۆمان ده‌سه‌لمێنێت كه به‌رده‌وام له هه‌ڵسه‌نگاندنه. له داهاتوودا فه‌لسه‌فه له ڕۆمان زیاتر، هه‌ڵسه‌نگاندن به‌خۆیه‌وه ده‌بینیت. ئه‌وه یاسای ئاڵۆزیی دنیاییه، كه جه‌غه‌ت ده‌كاته سه‌ر فیكر و هه‌ڵسه‌نگاندنی. من وشه‌ی ”كارئه‌كته‌ر” caractère به‌كار نابه‌م، ئه‌وه بۆ خه‌سڵه‌ته‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كی ناو شانۆیه، وشه‌ی ”كه‌سایه‌تی” personnage ڕاستره، هه‌ر بۆیه له تیۆری ئه‌ده‌بیی فه‌ره‌نسیدا له‌گه‌ڵ ”كه‌سێك” personne جیایان كردۆته‌وه. لێره‌وه، ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی ده‌خرێته ناو كارێكی ئه‌ده‌بیی، هه‌ڵگری بۆچوون و ڕوانینێكه له باره‌ی مرۆڤ و دنیا. بێ گومان هه‌رچی ده‌یزانێت، یاخود پێی هه‌ڵ ده‌سێت و به نیازه بیكات، له ڕێگای گێڕانه‌وه ئێمه پێی ئاشنا ده‌بین و دیزانین. ئیدی ئه‌مه له‌سه‌ر نووسه‌ر كه‌وتووه، چۆن چیرۆك و ڕووداوه‌كان ده‌خاته به‌ر چاو خوێنه‌ر. كه باس له ڕاستیش ده‌كه‌ین ”واقع”، ئه‌وه ڕاستی ژیان ده‌گوازینه‌وه، به‌ڵام به نێوه‌ندی داهێنانێكی خه‌یاڵیی. له‌وانه‌یه ئه‌و ”دیوه شاراوه‌یه‌ش” كه له‌لای تۆ پرسیاره، وه‌ها شاراوه نه‌بێت، به‌ڵام كه‌سایه‌تییه‌كی ده‌ستنیشانكراو ئامانجی ئه‌وه‌ی له دوایه ببێته زمان حاڵی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی تێیدا ده‌ژی، یاخود ببێته هه‌ڵگری هه‌ستی كه‌سێك، بۆچوونی، تێگه‌یشتنی بۆ شته‌كان، مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ كێشه و ڕووداو و ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی ده‌وروبه‌ره‌كه‌یشی.
پ4/ ئه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كانی تۆ بخوێنێته‌وه زوو له‌وه تێده‌گات كه ڕه‌گێكی گه‌وره‌ی كاركردنی تۆ له‌ناو مێژوو دایه‌و ده‌ته‌وێت هه‌میشه مێژوو وه‌ك تێمایه‌كی سه‌ره‌كی له‌ناو كاره‌كانتا وجودی هه‌بێت، قسه‌ك هه‌یه ده‌ڵێت “مێژوونووس مێژووی كۆمه‌ڵ ده‌نوسێته‌وه نه‌ك مێژووی مرۆڤ، به‌س ڕۆمان مێژووی مرۆڤ ده‌نوسێته‌وه. تۆ ده‌ته‌وێت كامیان بنوسیته‌وه مێژوو بۆ بۆتۆ گرنگه؟
به‌یان سه‌لمان/ مێژوونووس ئیشی نووسینه‌وه‌ی مێژووی مرۆڤیشه! مێژووی شارستانییه‌تێك بۆ نموونه، مێژووی مرۆڤه‌كانیشه. هیچ كۆمه‌ڵێك، شارستانییه‌تێك بێ مێژووی مرۆڤه‌كانی به‌های نییه. كه باس له شارستانییه‌تی میزۆپۆتامیا و گرێك ده‌كه‌ین، ئه‌و مێژووه، بێ مرۆڤه‌كانی كه له‌و سه‌رده‌مه‌ی ژیاون و ئه‌وانن كه خودی شارستانییه‌ته‌كه‌یان دروست كردووه، بوونی نییه! له ڕۆمانه‌كانمدا، دیوێكی مێژووم نووسیوه‌ته‌وه، نه‌ك هه‌موو مێژوو. تێڕامانم له مێژوویه‌ك، ڕوانگه‌م له ئاستی ڕووداوی ئه‌و مێژوودا هێناوه‌ته‌وه. مێژووی ڕاستی سه‌رده‌مێكم ده‌قاودق زیندو نه‌كردۆته‌وه. وه‌ك ڕۆماننووسێك، ئه‌مه ئیشی من نییه. جاری وه‌هاشه، ده‌بیستم، ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژنه ڕۆماننووسم، پێم ده‌ڵین، هه‌موو ده‌قه‌كانی له‌سه‌ر ژنن. ڕۆمانه‌كانم باسی هه‌موو مرۆڤێك ده‌كات. پیاو وه‌ك ژن جێی خۆیان هه‌یه. پاشان ئه‌وه پێویستیی ڕووداوه‌كانه كه كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ره‌كی ژن بێت یان پیاو، یان منداڵ. خۆ شاڕڵ دیكنز كه ” ئۆلیڤه‌ر تویستی” نووسیوه، منداڵ نه‌بووه، پیاوه! ژاك له‌ندن ”دان چه‌رمۆ”ی نووسیوه، كه باس له ئاژه‌ڵێكی نیوچه سه‌گ و نیوچه گورگ ده‌كات!
پانتایی ڕۆمان بریتی نییه له‌وه‌ی ته‌نها پیاو، یان ژنی تێدا به‌كار ببرێت. نووسه‌ر باس له پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵێك، یاخود شارستانییه‌تێك ده‌كات، كه گرنگه هه‌موو ڕه‌گه‌زی مرۆڤ و بوونه‌وه‌رێكیشی تێدا بێت. له ”به‌سه‌رهاته‌كانی خه‌زنه مه‌ملووك” بۆچوونێكم له‌باره‌ی مێژویه‌كی كۆیلایتییه‌وه هێناوه‌ته‌وه و كه‌سایه‌تی سه‌ركیش پیاوه، خودی گێڕانه‌وه‌كه‌ش به زمانی پیاوه. له ”شه‌وانی ئاده‌م” كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی ئاده‌م و مه‌ردۆخ و ژینۆ و سه‌كینه و بێڤه‌ره، كه‌سایه‌تییه‌كی نێره‌مووكیشی تێدایه. له نه‌وه‌كانی مادایی كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێكن، ژن و پیاو و منداڵ. به‌ده‌ر له‌وه‌ی، ئه‌مانه ڕێگه‌ر نین له لێكدانه‌وه‌ی هه‌ندێك كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و وجودیی و فیكریی، كه پێویستیان به چوونه‌وه سه‌ر مێژووییه‌كی تایبه‌تی خه‌ڵكانێك، شوێنێك، هه‌یه و له‌و ڕوانگه‌یه‌وه لێكی بده‌ینه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ”له به‌رزایی شوراكان”دا هاتووه. ئه‌و جۆره كاركردنه پێوستییه، ده‌ستكرد نییه.
پ5/ له ساتی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی هه‌ردوو ڕۆمانی (خه‌زنه مه‌ملوك و به‌رزایی شوراكان)دا زۆر به وردیی كار له‌سه‌ر كێشه به‌رده‌وامه‌كانی ئینسانی ئێمه ده‌كه‌یت. پێت وایه مرۆڤی ئێمه به‌رده‌وام گیرۆده‌ی كۆمه‌ڵێك گرێی ده‌روونی تایبه‌ته، كه خۆشی شه‌رم له باسكردنیان ده‌كات؟ لێره‌شه‌وه‌یه كه تاكی ئێمه خاوه‌نی زیاتر له ده‌موچاوێك و كه‌سێتیه‌كه‌و به‌رده‌وام به چه‌ندین ماسك ڕوخساری داشارێته‌وه. ده‌مه‌وێت بپرسم، تۆ ده‌ته‌وێت چۆن له‌م بابه‌ته بڕوانی؟ تا چه‌ند ڕۆمان ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ كێشه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی مرۆڤدا نه‌رم ده‌كات؟
به‌یان سه‌لمان/ مرۆڤ له هه‌موو جێیه‌ك دروستكه‌ری ژیانه. ڕووی ئه‌ودیوی خودی ژیانه. كه ده‌ڵێین ژیان پڕ له نێهنی و هێما و كۆده، واته مرۆڤ ڕوویی ئه‌ودیوێتی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌قڵ و بیركردنه‌وه و زمانی ده‌ربڕینی پێیه. واته، بوونه‌وه‌رێكی ئاڵۆزه، خاكیترین تاك، بێ ئاڵۆزیی نییه. له‌لای خۆمان و له هه‌موو شوێنێكی دنیاش، مرۆڤ سه‌دان كێشه‌ی ده‌روونیی هه‌یه. جیاوازیی له نێوان ئێره و ئه‌وێ، له جۆری شاردنه‌وه‌یه‌تی. چونكه كه‌سی نه‌خۆش هه‌وڵ ده‌دات كێشه ده‌روونییه‌كانی بشارێته‌وه، ئه‌وه ئه‌گه‌ر هۆشی پێیان هه‌بێت. ئه‌و ده‌مامكانه‌ی ئاماژه‌شی پێ ده‌كه‌یت، له‌و ڕاستییه‌وه هاتوون، كه ماده‌م مرۆڤ زمانی ده‌ربڕینی هه‌یه، كه‌واته پێویستی به ماسكه و به‌كاریان ده‌بات، ده‌نا نا‌توانیت ژیانی رۆژانه‌ی به‌سه‌ر به‌رێت. بگره بێ ماسك له دۆزه‌خدا ده‌ژی. بێگومان ده‌مامكه‌كان به ڕووی ئیجابی و سه‌لبی جودان. خه‌زنه ده‌مامكی شه‌رم و نه‌خوێنده‌واریی به‌كار ده‌بات، تاكو له ده‌سه‌ڵاتی زۆرداران خۆی رزگار بكات. خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌مامكی چوونه مزگه‌وت به‌كار ده‌بات، تاكو بازرگانه‌تێكه‌ی هه‌ر له گه‌شه‌دا بێت. له ”به‌رزایی شوراكان” ئه‌و كه‌سانه‌ی لاقه‌ی زه‌كیه ده‌كه‌ن، گشتیان، رۆژانه ماسكیان هه‌ڵگرتووه و دواییش ئاسایی بۆ سه‌ر ئیشی خۆیان ده‌چن. له ”شه‌وانی ئاده‌م” پیاوه‌كانی ناو كۆشك گشتیان ماسكه‌كانیان لاداوه، بۆیه چیتر ناتوانن له ناو كۆمه‌ڵ بژین و له چۆله‌وانییدا جێی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وه كۆمه‌ڵه كه ماسكی هه‌مه جۆر ده‌سه‌پێنێته سه‌ر خه‌ڵك. ڕۆمان ئیشیش له‌ناو ئه‌و دوو فاقه‌ی ئاڵۆزیی كه‌سایه‌تییانه ده‌كات، كه كۆمه‌ڵێك پێك ده‌هێنن، یاخود تاكێكی لێ به‌رهه‌م هاتووه.
پ6/ زۆر جار باس له‌وه ده‌كرێت، كۆتای ڕۆمانه‌كانت كۆتای كراوه‌ن و هه‌میشه كه‌متر خۆت له چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانت ده‌ده‌یت، به‌جۆرێك كۆتاییه‌كان بۆ خوێنه‌ره‌كانت جێدێڵیت، تا چه‌ند ئه‌م بۆچونه ڕاسته؟ ئه‌مه به مه‌به‌ست ده‌كه‌یت یان نا، ئه‌وه ته‌نها بۆچونی خوێنه‌ره‌و كاری ڕێكه‌وته؟
به‌یان سه‌لمان/ من دیسان دێمه سه‌ر ژیان. ده‌ڵێم به‌رابه‌ر به مردن كه دۆخێكی داخراوه، ژیان ته‌واو كراوه‌یه. ئیتر به‌و شێوه‌یه ئیش له ڕۆمانه‌كانم ده‌كه‌م. تا ئه‌و جێیه‌ی كه ”كۆتاییه‌كانی”، هه‌ر وه‌ك له ژیانی ڕاستیدا، كراوه بێت و له شوێنێكدا، كه ئێمه نازانین به‌ره‌و كوێیه، ناشزانین له كه‌یه، واته كاتیشی نازانین، ئه‌وه مرۆڤه‌كان بڕیاری خۆیان ده‌ده‌ن، هه‌ر وه‌ك ڕاستیی له ژیاندا. ئێمه ناچین بڕیار بۆ كه‌سێك بده‌ین چی بكات. ڕۆمان چیرۆكی كۆن نییه، تاكو زه‌مانی شازاده و كچه پاشا بگێڕێته‌وه، كه كۆتاییه‌كه‌ی به ”هه‌پی ئێند” ته‌واو ده‌بێت و ”هه‌موو به یه‌ك شاد ده‌بنه‌وه”! ڕۆمان خودی پێناسه‌ی ژیانه، ڕۆماننووسیش به زمانێكی تایبه‌ت ڕووداوه‌كانی ده‌گێڕیته‌وه. ئه‌وه له‌گه‌ڵ بۆچوونی خوێنه‌ری هه‌مه‌جۆریش ده‌گونجێت. له‌وانه‌یه خواستی خوێنه‌ری زۆر ساده نه‌پێكێ، كه هه‌میشه به‌دوای چاره‌سه‌ر ده‌گڕێت. ده بپرسین: كێ چاره‌سه‌ری ڕاستیی له‌لایه؟ چاره‌سه‌ر خۆی بریتیه له چی؟ ئه‌وه‌ی كه‌سێك به چاره‌سه‌ر دای ده‌نات، یه‌كێكی دیكه به سه‌رچاوه‌ی كێشه سه‌یری ده‌كات. واته ئێمه لێره، له به‌رامبه‌ر دۆخێكی ڕێژه‌یین ”نسبی”.
پ7/ باس له‌وه ده‌كرێت له ئێستاداو دوای بڵاو بونه‌وه‌ی ڕۆمانی (شه‌وانی ئاده‌م) كار له‌سه‌ر ڕۆمانێكی نوێ ده‌كه‌یت. ده‌كرێت هه‌ندێك زانیاری گرنگ ده‌رباره‌ی ڕۆمانه‌كه‌و بیرۆكه‌كه‌ی به خوێنه‌ران بده‌یت؟
به‌یان سه‌لمان
هه‌ڵقوڵانی نه‌وت له سه‌ده‌ی ڕابردوو، له گونده‌كانی سه‌ر به كه‌ركووك، ده‌ركردنی خاوه‌ن عه‌رده‌كان، شیرازه‌ی بنه‌ماڵه‌ی باجه و مێژووی كوردیش له ناوچه‌كه، به‌ره به‌ره هه‌ڵ ده‌وه‌شێته‌وه. له‌و ڕۆمانه‌دا، تا قوڵایی بنچینه‌ی شار و پێكهاته‌كانی ده‌چین. چۆن سه‌یری به‌رده‌وامبوون له شوێندا ده‌كرێت؟ خودی شار موڵكی كێیه؟ مرۆڤی هۆشمه‌ند ئه‌وه‌یه كه پله‌یه‌كی به‌رزی خوێنده‌واریی هه‌یه، یاخود كه‌سێكی ئه‌قڵانییه؟ له‌هه‌ناوی ئه‌و مێژووه پڕ ئازاره، له ڕێگای چاره‌نووسی (باجه گه‌وره)، بێ ئه‌وه‌ی زۆر جێ گۆڕگێ بكات، چه‌رخی ڕووداوه‌كان ده‌سوڕێت. ئه‌و گه‌وره-كچه نه‌خوێنده‌واره، باش ده‌زانێت، له هه‌ر قۆناغێكی ژیانی، كه به هه‌ڵسه‌نگاندنی مێژوویی و سیاسیی و فیكری كه‌سایه‌تییه‌كان گرێ دراوه، جڵه‌وی كه‌سایه‌تی خۆی و ئه‌وانه‌ی به ده‌وریشییه‌وه‌ن، بگرێته ده‌ست. كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی زۆر له ده‌وری (باجه)ن. ئیشكه‌ره‌كانی ماڵه‌كه، (سپارده)، (ده‌وڵه‌ت) كه له هه‌رزه‌كارییه‌وه له‌و ماڵه‌یه و جێی متمانه‌یه‌تی، خزم و كه‌سه‌كانی، هاتوچۆكه‌رانی دیوه‌خانه‌كه‌ی. ئه‌گه‌ر دیوه‌خانه‌كه‌ی به پێی سه‌رده‌م هه‌ر له شوێن خۆیه‌تی، ئه‌وه دۆخی كه‌سه‌كان و ڕووداوه‌كان نییه، كه هه‌میشه له گۆڕاندان. كاتی خۆی، چوار كچ ده‌چنه لای باجه؛ له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاش، چوار كچی جیاواز كه پڕ په‌نهانیین و جێی گومانن ده‌چنه لای. له هه‌ردوو سه‌رده‌مدا، ئه‌و كچانه چی‌یان له‌بن سه‌ره؟ ڕۆژێكیان، داستان، خوشكه‌زای باجه، بۆ وڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌و هاتنه‌وه‌یه ڕووداوی زیاد له نیو سه‌ده زیندوو ده‌كاته‌وه. داستان به‌دوای خۆشه‌ویسته‌كه‌ی (سپارده) وێڵه. نه‌بوونی هیچ هه‌واڵێكی، نهێنیی چی شاردۆته‌وه؟ قین و خۆشه‌ویستی، چ ئاكامێكیان لێ ده‌كه‌وێته‌وه؟ له ڕێگای باجه، چاره‌نووسی هه‌موو كه‌ركووك، له ناو ئه‌و ڕۆمانه نوێییه. چاره‌نووسێك، كه هه‌تا بڵێی لایه‌نی به‌هێزیی ده‌ره‌خات، هاوكات ناسكییشیی، واته هه‌میشه جێی گره‌وه.