Skip to Content

زمانی نووسین/ زمانی حیکایەتکردن.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

زمانی نووسین/ زمانی حیکایەتکردن.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

Closed
by كانونی دووه‌م 18, 2025 General, Literature

بۆدریار: هەر مێژوویەک خۆی دووپات بکاتەوە دەبێتە کۆمیدیا، هەر کۆمیدیایەکیش خۆی دووپات بکـاتـەوە دەبێتە مێژوو.

رابردوو ماڵی ونبوونەكان و ئەفسانەكانمانە، ماڵی بەیەكداچوونی مردن و ژیان.. رابردوو، تەواوی سەركەوتنە مەزنەكانی خۆی لە تاقیچگەی تووندوتیژی و سۆزداریدا هەڵگرتووە، هەموو ئەو حیكایەتانەش لە كتێبێكی غەمگین تۆمار كراون.. پرسیار ئەوەیە: گەڕانەوە بۆ ئەو ماڵە، ئاگایی تۆخ دەكاتەوە؟ گێڕانەوەی رابردوو، واقیع دەوڵەمەند دەكات؟

شەڕی یادەوەری و فەرامۆشی
مێژوو كۆتایی هات. ئەو رستەیە پڕ لە ئیشكالییەتە بەدوای خۆیدا تەپوتۆزی زۆری جێهێشت، بەرزی و نزمی زۆری تێكەوێت. مێژوو كۆتایی هات. لەو رستەیەوە مرۆڤ بە هیچ پێوانە ناكرێت، مرۆڤ بەو داهێنان و كارە تەكنیكییانە پێوانە دەكرێت، كە خۆی بەرهەمی هێناون، بەو مانایەش سەردەمی داهێنان و داهێنانی دیجیتاڵی دەبێتە بەشێکی گەورەی ژیانمان.. سەردەمی پاراستنی جۆری مرۆڤ و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئەستێرەی زەوی.. بیركردنەوە لە داهاتووی مرۆڤایەتی كە ئاخۆ ڕادەی ژیریی مرۆڤی بۆ مانەوەی مرۆڤ دەستدەدات. یان ئیتر بۆ (مانەوە) پێویستمان بە جۆرێك لە مرۆڤی باڵایە، كە جێگا بەو مرۆڤەی ئێستا لێژ بكات؟!
لە ئێستای (ژیریی/ زیرەكیی) دەستكرد و داهێنانە زانستییەكاندا، گەڕانەوە بۆ مێژوو (مێژووخوازی) كۆنەپەرستانەیە و هەرگیز نەك ئاگایی نییە.. بەڵكو سۆزی گەڕانەوە بۆ رابردوو، لە نزیكترین مانادا گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوەیەكی ونبوو، لەدەستچوو، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، كە سەردەمی دیجیتاڵی، ماڵی رابردووی لە وزەكانی بەتاڵ كردۆتەوە.. رستەی (دوێنێ لە سینەمادا مێژوو، سەرچاوەی ونبووەكانمان و ئەفسانەكانمان بوو) لای (بۆدریار) بەو مانایە نییە، كە مێژوو وەك هەڵچوون و سەیرورە و راپەڕین، چیتر لەسەر شاشەكانەوە دەرناكەوێتەوە. چونكە لەنێوان مێژووی واقیع و واقیعی مێژوویی، مێژوو ئامادەیی لە واقیعدا هەیە، وەك لە سینەمادا دەیبینین! بەڵام وەك پەیوەندی بە واقیعی مێژووییەوە ئامادەیی نییە.. (ژان بۆدریار) لە رێگای تێگەیشتنی نێوان مێژووی واقیع و واقیعی مێژوویی، باسی سینەمای كۆنەخواز و نوێخواز دەكات. بڕوانە: جان بودریار كتێبی المصطنع والاصطناع، ت/ د. جوزیف عبدالله، ص 99، ط 2008.
لەلایەكی دیكە رستەیەكی (میلان كۆندێرا) لە رۆمانی “پێكەنین و فەرامۆشی”دا هەیە، دەڵێ.”ژیان شەڕێكی بەردەوامە لە دژی فەرامۆشی” ئەم رستەیە دەتوانێت لە ماڵی رابردوودا دوو تەماشاكردنی تەواو جیاواز بنوێنێ: یەكەم، فەرامۆشكردن. دووەم: بەیادهێنانانەوە. چەمكی (فەرامۆشكردن) بۆ ئەوەیە، لە ژیاندا بەردەوام بین و تووشی نسكۆ نەبین. چەمكی (بەیادهێنانەوە) بۆ ئەوەیە، ماناكانی ژیان نەدۆڕێنین.. بەڵام پێكەنین و فەرامۆشی لە ماڵە پڕ نیگەرانەكەی پۆست دیجیتاڵی، هێمنی و گەرمی و سۆزداری ناپارێزێت، بەڵكو خودی نیگەرانی دەبێتە بڕبڕەی پشتی ژیان. راستە لە (ماڵ) بە مانا تەقلیدییەكەی دێینە دەرەوە و ئینتەرنێت دەبێتە ماڵێكی تازە، ئینتەرنێت دەبێتە بەشێکی جیانەبووەوەی ژیان.. ماڵەکانمان هەمووی دەبێتە ماڵی زیرەکی جولاو.. قسەكەی كۆندێرا دەشێ لەو پرسیارەدا كۆ بكەینەوە و بڵێین: ئایا مرۆڤ قەرزاری ماڵی هێمنی مانایە، یان دالی جولاو؟ مرۆڤ دەكەوێتە كوێی سیستم و جیاوازی، رابردوو و داهاتوو، رووتی و پۆشین، دڵنیایی و نیگەرانی، زمانی حیكایەتكردن و زمانی نووسین…
زمان ماڵی بوونە، یان ماڵی نیگەرانییەكانی بوون.. لە ماڵی هێمن و گەرم و پڕ لە سۆزی دوێنێ سیستمی زمان شێوەیەکی رێکوپێک و گونجاوی (سوسێر)ی فەراهەم دەكرد، بەڵام لە ماڵی جولاو و پڕ لە نیگەرانییەكانی ئەمڕۆدا زمان بەردەوام لە وێرانەیی و گۆڕاندایە. زمانی وێرانەیی وەك (واڵتەر بنیامین) دەڵێ زمانێكە تەواوی بوون و بیركردنەوەكانی لەخۆدا هەڵگرتووە. ئەگەرچی لەبەرانبەر زمانی وێرانەیی و جیاوازدا، زمانی حیکایەتکردن شێوەیەکی زیاد لەخۆوە و نالۆژیکییە، بەڵام لە ناوەوە هەڵگری پیرۆزی رابردووە، پیرۆزی رابردوو جێگیرە، بەڵام زمانی وێرانەیی و جیاوازی لە هیچ ماڵێك جێگیر نابێت..

لەو لێكۆڵینەوەیەدا گۆڕان و نیگەرانییەكانی زمانی نووسین وەک داهێنان و داهێنانی بەردەوام، زمانی حیکایەتکردن و بیرهێنانەوە وەک رابردووی دوور و لەمێژینەی نەگۆڕ دەخوێنینەوە… رەنگە پرسیار ئەوە بێ ئایا زمان لە هەردوو باردا هەر زمان نییە؟ زمانی نووسین پەیوەندی بە داهێنان و خەیاڵکردنی داهێنەرانەوە دەکات، زمانی حیکایەتکردن پەیوەندی بە بیرهێنانەوەی لەخۆوە هەیە. زمانی نووسین و داهێنان دەکەوێتە نێو گۆڕانکارییە جیاوازییەکانی خەیاڵی سەردەمەوە، حیکایەتکردن دەکەوێتە نێو بیرهێنانەوە جێگیرەکانی ماڵی مێژووەوە. یەکەمیان پەیوەندی بە گۆڕانکاری و سەیرورەوە هەیە، دووەمیان بە لەخۆوەیی و پیرۆزی. جیاوازی نێوان سەیرورە و پیرۆزی، هەر جیاوازی نێوان گۆڕانی بەردەوام و جێگیری نییە. بەڵکو جیاوازی نێوان ئێستا و رابردووە.. جیاوازی نێوان هەڵوەشانەوە و یەکپارچەییە.. زمانی داهێنان لە نووسیندا سیستمی دال و مەدلول هەڵدەوەشێنێتەوە و بەرەو خەیاڵی نادیار هەنگاو دەنێت، ئەوەی لە داهێنانی بەردەوام دەمێنێتەوە نیشانەکانن. بەڵام زمانی حیکایەتکردن بۆی نییە، لە چوارچێوەی سۆزی مەدلوولە پیرۆزەکانییەوە دەربچێت، لە بەرزترین پلەی بەرەوپێشچوونی بیرکردنەوەدا بیر لە هاوگونجانی مەدلوولەکانی دوێنێ لەمڕۆدا دەکاتەوە، بەڵام هەرگیز بۆی نییە، پیرۆزی دالە جێگیرەکان تێپەڕێنێ.
داهێنان فەزای گریمانەیی نوێنەرایەتی دەكات، بەڵام مرۆڤ لە سیستمی هەڵبژاردن دانەبڕاوە، بەو مانایەش داهێنانی ئەدەبی و هونەری لە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد لە رێگای پۆلینكردنەوە، دەتوانێ خۆی لەگەڵ واقیعی گریمانەیی ئاماژەكان بگونجێنێ‌. هونەری نووسین هونەری وێناکردن و بەرهەمهێنانەوەی دالی بەردەوام و نادیارە، وەک رووە جیاوازەکانی حەقیقەتە. هونەری حیکایەتکردن، هونەری بەبیرهێنانەوەی مەدلوولە پیرۆز و جێگیرەکانی رابردووە، وەک حەقیقەتی چەسپاوە. کەواتە نووسین بەرهەمهێنانەوەی خەیاڵی نا-نواندنەوەیە. حیکایەتکردن بەرهەمهێنانەوەی پیرۆزی جێگیرە. لەنێوان پیرۆزی و نانواندنەوەدا.. خەیاڵی نانواندنەوە فرە رەهەندترە لەوەی پیرۆزی حەقیقەتی چەسپاو بەرگەی بگرێت. ئەسڵی حەقیقەتی حیکایەتەکانی رابردوو، لەنێو بەرەو پێشچوون و فرە رەهەندی خەیاڵی داهێنەرانەی نووسیندا وندەبێ. یان بە مانایەکی دیکە مەدلوولە چەسپاوەکان، لەنێو دالە گۆڕاوەکاندا بەردەوام کاڵتر دەبنەوە.

لە حیکایەتدا هیچ رووتییەک بوونی نییە، زمان و جیهان هیچ درزێکیان لەنێواندا نییە، زمان و پیرۆزی یەکپاچەن! حیکایەتکردن گوزارشت لە تەواوی زمان وەک پیرۆزی دەکات، پیرۆزی تەواو یەکپارچە خۆی داپۆشیووە. بەڵام لە نووسیندا زمان رووتە، بەو مانایەی کە گرژییەکی گەورە لەنێوان مەدلوول و دالەکاندا هەیە. لە نووسیندا رووتی نۆرمی باڵایە، باڵابوونی رووتی لە خەیاڵی زمانی داهێناندا بەردەوام خۆی دەگۆڕێت. بەتەعبیری (واڵتەر بنیامین) دوای رووداوی بورجی بابل، مرۆڤ و زمانی مرۆڤ بۆ هەمیشە کەوتۆتە بەردەم پەرتەوازەیی و ئاڵۆزی… بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە كتێبی یەكەم، كێشەی سوبێكت، چاپخانەی سەردەم، 2014، سلێمانی، ل33، پێشڕەو محەمەد.
حیکایەت ئەسڵی نیعمەتە، ئەسڵی نیعمەتی حیکایەت مەدلوولە پیرۆزەکانی رابردووە. نووسین ئەسڵی سرووشتە، ئەسڵی سرووشتی نووسین دەلالەتە گۆڕاوەکان و سەیرورەی خەیاڵی داهێنانە. لەنێوان زمانی نووسین و زمانی حیکایەتکردندا روونی و ئاڵۆزی وەستاوە، روونی گرەنتی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جیهان دەکات و هەر لێرەوە وەهمی پیرۆزی هەناسە دەدات، پیرۆزییەکان خۆیان رادەگەیەنن و خۆیان وەک بونیاد دەسەپێنن. بەشێکی گەورەی خۆسەپاندنی پیرۆزی لەوەدایە کە پیرۆزی نە بۆمان دەگیرێت و نە بۆمان پڕ دەکرێتەوە. لە دووەمیاندا زمان بەشێکی نەگوتراوی لەخۆدا هەڵگرتووە، بەردەوام بەرانبەر بە جڵەوکردن بەرهەڵستی دەکات. لێرەدا نەگوتراوی زمان نادیاری دەخاتەوە، نادیاری ئاڵۆزی لێدەكەوێتەوە.. بەشێكی گەورەی ئاڵۆزی داهێنان لەوەدایە، كە زمانی داهێنان رابەرێكی دیاریكراو پێشەوایەتی ناكات، چونکە هیچ جۆرە قسەکەرێکی نییە.. بوونی زمانی نەگوتراوەكان لەگەڵ زمانی قسەکەر یەکە! بە مانایەکی دیکە ئەوە زمانە قسە بە قسەکەر دەکات. واتە زمان ئامرازی گەیاندن نییە، زمان خۆی لە رێگای خۆیەوە دەردەبڕێت. بۆیە لەو حاڵەتەدا زمانی نووسین قەیرانێکی قووڵ رووبەڕووی زمانی حیکایەتکردن دەکاتەوە، کە تا ئەو کاتە جگە لە مانا شتێکی دیکەی بەرهەم نەهێناوە. هەمیشە زمانی حیکایەتکردن هەوڵدەدات ماناکان و دەلالەتەکان بەسەر وشە و چەمکەکاندا بسەپێنێ، دەیەوێت چەمکەکان بەردەوام لۆکاڵی بکاتەوە و بەرگی زمانی پەتی-ناوچەییان بەبەردا بکات. بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە: خولیای شیكردنەوە، عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا، چاپی وەزارەتی رۆشنبیری هەولێر 2022، چەمكی زمان ل9.
سەرەڕای ئەوەی زمانی حیکایەتکردن، هەوڵدەدات هیچ جۆرە گرژییەک لەگەڵ سیستمی بەمیرات بۆماوە روونەدات و رەوتی رووداوەکان بۆ هەمیشە بە نرخی دۆخی باڵادەست بپارێزێ.. بەڵام زمانی نووسین وەک جیاوازی، بەردەوام لەو دەسەڵات و پیرۆزییەی حیکایەتخوان دووردەکەوێتەوە، نموونەی زیندووش دوورکەوتنەوەكانی ئەمڕۆ لە چەمکەکانی رۆشنبیر، جەماوەر، شۆڕشگێر، شێخ، ئاغا.. ناپەیوەندی بە مەدلوولە داپۆشراو و پیرۆزەکانی رابردوو.. لێرەوە بە رووتی نووسراوە لە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد، لە فەزای ئەتۆمگەرایی و گریمانەیی سیمیۆلۆژیا.. فۆرم، جێگەی جەوهەری گرتۆتەوە.

یادەوەری
گەڕان بە دوای باوكدا

ئەفلاتوون بیرچوونەوە بە نەزانی دادەنێت.. بەڵام لای (پۆل ریكۆر) لەبیرچوونەوە نەزانی نییە و دوژمنی مەعریفە و بەبیرهێنانەوەش نییە، بەڵكو گوزارشت لە حاڵەتێكی درووست دەكات، كە بە شێوەیەكی گشتی مرۆڤەكان تووشی دەبن. ریكۆر لە تێزەكەیدا و لە كتێبی (یادەوەری، مێژوو، بیرچوونەوە) پێیوایە ئەوە مێژووە یادەوەری لە فەرامۆشكردن دەپارێزێت، مێژووش ململانێی نێوان مرۆڤ و بەبیرهێنانەوەیە. لەبیرچوونەوە هێزە و یادەوەری ئەركە، هەردووكیان بەشداری لە پێكهاتنی مێژوودا دەكەن.
كەواتە ویستی بیرچوونەوە، توانایەكە بۆ بیرهێنانەوە، یان لەبیرچوونەوە لە رێگای زمانەوە نوێنەرایەتی رابردوو دەكات، زمانیش چالاكییەكی لەخۆوەی نێوان بیرهێنانەوە بیرچوونەوەیە. ئەو گوتەیەی ریكۆر بە جۆرێك لە جۆرەكان دەبێتە پشتگیری بۆ كۆدە بەناوبانگەكەی (مرۆڤ فڕێدراوەتە نێو زمانەوە)ی ژاك لاكان.. چونكە وەك چۆن ناتوانین حوكم بەسەر زماندا بدەین، بە هەمان شێوەش ناتوانین حوكم بەسەر لەبیرچوونەوەدا بدەین. مرۆڤ لای لاكان وەك بەندەی ویستی زمان و لای ریكۆ وەك بەندەی ویستی بیرهێنانەوە دەمێنێتەوە.. بۆیە مرۆڤ پێویستە رێگا بۆ ویستی زمان و بیرچوونەوە واڵا بكات.. چونكە داهاتوو ملكەچی زمان و بەبیرهێنانەوە و لەبیرچوونەوەیە.. لەسەر ئەو بنەمایە ریكۆر لە كۆجیتۆكەیدا دەڵێت: من بیرم دێتەوە كەواتە من هەم، من بیرم دەچێ كەواتە من هەم. لەو كۆجیتۆیەوە جەخت لە پەیوەندی بەبیرهێنانەوە بە بوون و لەبیرچوونەوە بە بوون دەكات.. مۆركێكی بوونگەرایی بە بیرهێنانەوە و بیرچوونەوە دەبەخشێت.
لە تێزەكەی ریكۆردا زمانی گێڕانەوە، گێڕانەوەی رووداوەكانی رابردووە، بەڵام رابردوو وەك خۆی نا، بەڵكو گێڕانەوە دووبارە بەپێی كات و شوێنی جۆراوجۆر، بە دارشینەوەیەكی دیكە هەڵدەسێتەوە.. بێ ئەوەی یادەوەری و خەیاڵ لێكجیا بكاتەوە.. دەشێ خودی خەیاڵیش رابردوو بونیاد بنێت.. كەواتە ئەوە ویستی لەبیرچوونەوەیە، یادەوەری وەك پرۆژەیەك بۆ داهاتوو تەماشا دەكات.
لێرەوە پرسیارێكی وردی (سانت ئۆگستین) هەیە، ئەویش: چۆن دەشێ قسە لە بارەی لەبیرچوونەوە بكەیت، ئەگەر لەژێر سایەی بەیادهێنانەوەی لەبیرچوونەوە نەبێ، بەو مانایەش بیرچوونەوە ملكەچی ئاگایی تاكە، ئەگینا چۆن دەزانێ لەبیری چۆتەوە؟ هەڵبەتە میكانیزمی كاری مرۆڤەكان لە بەرانبەر ترسی لەبیرچوونەوەدا هەمیشە بە دوو شێوە تەماشا كراوە، یان ترسەكە بووەتە هۆی خولقاندنی بەرهەمێكی مەزن و گەورەی ئەدەبی و هونەری یان زانستی.. یان زۆر جار بە پێچەوانەوە بووەتە هۆی وێرانكاری و شەڕ و كوشتن..
بەڵام ئەمڕۆ لە سەردەمی دیجیتاڵیدا تەواوی وێنەكان، تەواوی دال و مەدلولەكان هەڵدەوەشێتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە ویستی بیرهێنانەوە نییە، بەڵكو تەنها نیشانەكان، دەلالەتەكانن.. لێرەدا دەلالەتەكان دەلالەتی بیرهێنانەوە نیین، بەڵكو نیشانەی زێدە واقیعین.. (ژان بۆدریار) دەڵێ زێدە واقیعی دۆخێکی نوێی کۆمەڵگایە کە ئاگایی بە بوونی خۆی بووە بە هەستکردنێکی نمایشكارانە، واقیع، واقیعی گۆڕیووە بۆ نمایش، هیچ کەلێنێکی بۆ رەخنە نەهێشتۆتەوە، واتە نیشانەکان نە هیچ شتێ دووبارە دەکەنەوە و نە بەرهەمی دەهێننەوە، جگە لەوەش هەر شتێ نەیەتە نێو نمایش وەک نەبوو وایە.

كەواتە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد، هەر تەنها راڤەكردنێكی نوێ‌ نییە، بۆ یادەوەری و لەبیرچوونەوە.. بەڵكو زمانی یادەوەری لە سۆزی گەڕانەوە بۆ (دایوباب) شیدەكاتەوە.. لە سۆزی گەڕانەوە بۆ ئارەزووكردنی دەسەڵاتدا دەیبینێت. بەو مانایەش ئامانجی یادەوەری بەدەستهێنانی ئارەزووی دەسەڵاتی (دایوباب)ە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە وەك بابەتی ئارەزوو لەگەڵ (دایوباب) یەکبگرێتەوە (وەک لە قۆناغە یەکەمەکانی منداڵی..). لێرەوە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد تەنها فیكری نوێی بەرهەم نەهێناوە، بەڵكو بونیادی خودی بیركردنەوەی گۆڕیووە.. لەبری سرووشتی نیشانەكان و چۆنیەتی راڤەكردن، خودی نیشانەكانی گۆڕیووە. كەواتە لەنێوان زمانی نووسین و زمانی بەبیرهێنانەوە و لەبیرچوونەوە گومانی هاوڕابوون هەیە! دەبێ زۆر لێی نەچینە پێشەوە، بەڵكو دەبێ‌ راستی ئەو مەسافەیە بپارێزین. وەك ئەوەیە بڵێین: لە سۆزە گەرمەكانت دەترسێم، زۆر لێم نزیك نەبیتەوە!. ئەوەی پەیوەندی نێوان زمانی نووسین و زمانی یادەوەری، زمانی نووسین و زمانی حیكایەتكردن، یان تەكنۆلۆژیا و زمان بەگشتی بەڕێوە دەبات، گومانی هاوڕابوونی شیعری بێ‌ شیعرییەت، یادەوەری بێ لەبیرچوونەوە، گێڕانەوەی بێ‌ خەیاڵ…
(ژیل دۆلۆز) نائاگایی بە شانۆی نمایشكردنی دراما ئۆدیبییەكان دادەنێت و بە تووندی قسان لەبارەی نووسین وەك گەڕانەوە بۆ یادەوەرییە كەسییەكان دەكات، پێیوایە نووسین ئەوە نییە، كە باسی یادەوەری و سەفەر و سەرگەرمی و نەخۆشی و خەم و خەون و خەیاڵەكان دەكات. زمانی نووسینی داهێنەرانە ئەوە نییە، كە بۆ ژێر هەژموونی دەسەڵات، دەسەڵاتی رابردوو دەگەڕێتەوە، یان بە خەیاڵداهاتنی نیازخوازانە و سەپێنەرانەی رابردوو نییە، وەك چۆن زمانی نووسینی داهێنەرانە ئەوە نییە، كە بە واقیعدا هەڵدەڵێت.. لێرە ئەوەی لە هەردوو باردا بە تۆخی ئامادەیە، دەسەڵاتی چیڕۆكی دایە و بابەیە! بەو مانایە دەشێ بڵێین بیرهێنانەوە و بیرچوونەوە بونیادێكی ئۆدیبی (واتە مەیلی گەڕانەوەی كچ بۆ باوك و كوڕ بۆ دایك) هەیە، كە بۆ نووسینی حیكایەتكردنی یادەوەری، نووسەر بە واقیعی پێیهەڵدەسێت، یان لە خەیاڵی كۆنەخوازانەدا دەیچێنیت. لە كۆتاییدا ئەو شێوەیە لە بیركردنەوە بەرەوە گەڕان بە دوای باوك و دایكدا دەتبات، وەك چۆن لە خەونە (ئۆدیبیەكانت) دەیبینیت، ئەوەش پەیوەندی بەوە هەیە، كە لە رێگای دایك و باوكەوە دەتەوێت منداڵی خۆت بدۆزیتەوە، بۆیە لە پێناو دایە و بابە دەنووسیت. بۆزێتر شارەزایی بڕوانە: المجلة -العدد 1964 دیسمبر/ كانون الاول 2024، الكتابة والنسيان، عبد السلام بنعبد العالي.

پرسیار ئەوەیە ئایا زمانی نووسینی داهێنەرانە دەتوانێت بەسەر زمانی حیكایەتكردندا زاڵ بێت و هۆشیاریی مرۆڤەكان لە گرێی ئۆدیبەوە بگۆڕێت بۆ سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد؟ نووسین هۆشیاریی خەڵك دەگۆڕێت! پاشان ئەو خەڵکانەی گۆڕاون، ئەو جیهانە دەگۆڕن کە تێیدا دەژین.. چۆن گرێی ئۆدیب ژیانی تایبەتی خۆی هەبوو. ئایا ژیانی سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد، بڕوای بە تێگەیشتنی ژیانی تایبەت هەیە.. زمانی نووسین رووبەرووی ژیان و كەسەكان دەبێتەوە، بۆ ئەوەی خەیاڵی داهێنەرانەی خۆی بسەلمێنێ و نكۆڵی لە هەموو شتە كەسییەكان بكات.. ئایا بۆ ئەوەی رووبەرووی ژیانی تایبەتی بێتەوە، دەچێتە خەیاڵی داهێنەرانەی خۆیەوە؟.
زمان بۆیە دەژی تا شتێ لە خەیاڵ بە ناویدا تێپەڕێت. بەڵام هەرگیز زمان، ژیان ئەرشیف ناكات، بەڵگەنامەی ژیان بۆ خۆی ژیانە، بەڵگەنامەی زمانیش خەیاڵی زمانە. ئەركی ژیان نییە لە خۆی بكۆڵێتەوە، ئەركی زمان نییە، لە بەڵگەنامەكانی خۆی بكۆڵێتەوە. نووسین بەڵگەنامەی خەیاڵی ژیانە و ژیان لە پێناو ژیاندایە، ژیان لە پێناو پێشكەوتنەكانی ژیاندایە. نووسین تەقاندنەوەی خەیاڵی زمان و رەتكردنەوەی ئەو سیستەمەیە، كە دەستی بەسەر ئازادی خەیاڵدا گرتووە. وەك چۆن پێویستە ژیان وەك دەستبەسەرداگرتن فەرامۆش بكەین! پێویستە زمانیش وەك تەقاندنەوەی خەیاڵ خۆی درێژ بكاتەوە!

ژیان و نووسین بۆ گەیاندنی پەیامەكانیان گرەو لەسەر فەرامۆشی و بیرهێنانەوە دەكەن. بەڵام بۆ ئەوەی ژیان پەیامەکەی بگەیەنێت، دەبێ یارمەتی لە زمان وەرگرێت، نەك بیرهێنانەوە و بیرچوونەوە، نەك مێژوو و رابردوو.. چونكە زمانی نووسین بەرجەستەکەرێکی سەیری خەیاڵی خۆیەتی، بەرجەستەکەری خودی ژیان نییە. بەرجەستەكردنی خەیاڵی خودی زمان وەك خەیاڵی جولاو و سەیرورەی بەردەوام رێز لێگیراوە.. ژیان لەبەردەم داهێنانی خەیاڵی زمان بەردەوام چەماوەتەوە.. زمانی داهێنان چاوەڕێی یارمەتی لە ژیان ناكات، لە سەربەخۆیی و ئازادیدا ڕەگ و ڕیشەی درێژ دەبێتەوە. ژیانیش ئەوەندەی توانای دوورکەوتنەوەی لە رابردوو هەیە، توانای ئامادەبوون و زیندووکردنەوەی رابردووی نییە، چونكە حەقیقەتی ژیان حەقیقەتی پاش سەردەمی حەقیقەتە. وەك چۆن خەیاڵی زمانی نووسینی داهێنەرانە رەنگدانەوەی بەخەیاڵداهاتنی رابردووی نییە، ئامادەیی خەیاڵی زمانی داهێنان لە تەقینەوەی بەردەوامدایە. تەقینەوەی خەیاڵی زمانی داهێنان لە دوو روودا دەردەکەوێت، وەک ئەوەی بەردەوام بۆشایی بخاتە زمانی رابردووەوە، وەک ئەوەی بەردەوام زمانێ لەنێو زماندا دابهێنێ.

هەولێر 17/12/2024
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress