Skip to Content

میوانە ئاقڵەکانی پارتی….شاهۆ تۆفیق

میوانە ئاقڵەکانی پارتی….شاهۆ تۆفیق

Closed
by شوبات 15, 2017 General, Opinion

” هەموو تێکدانێک لە گەڵ ماڵباتی بارزانیدا، بە زیانی کورد تەواو دەبێت ”
ئەمەی سەرەوە، قسەی مام جەلالە. پارتییەکان پێیان وایە (وەسفە) بەڵام لە ڕاستیدا ( زەمە).
ڕاڤەکردن و ڕامان لەم قسەیە، با بۆ وردبینیی و سەلیقەی خوێنەر جێبهێڵین.
ئەوەی (پارتی)ی کردووەتە فەرمانڕەوا و بڕیاردەری یەکەم؛ فاکتەری چالاکیی و ئاستی خۆشەویستیی جەماوەریی ئەو حیزبە نییە. ئەفسوونەکە لەوەدا نییە ئەم حیزبە تا چەند توانیوەیەتی لە ئاستی سیاسیی و جەماوەرییەوە شتی گەورە بکات، بەڵکو تەلیسمەکە لەو قسەیەی مام جەلالدایە، کە ئایا بۆ هەموو تێکدانێک لەگەڵ ماڵباتی بارزانیدا بە زیانی هەمووان تەواو دەبێت؟
مام جەلال لە هەموو کەس زیاتر ئەزموونی ژیانی تەبایی و ناتەبایی لە گەڵیاندا هەبووە و لە هەمووانیش زیاتر دەستی لە گەورەکردنیاندا هەبووە، هەر بۆیە گشتاندنی ئەو دیدەی ئەو، ڕۆڵێکی نێگەتیڤی لە ژیانی سیاسی و پرۆسەی ململانێی دیموکراسیدا وازیکرد.

هەمووان لای پارتی میوانن!
ئەم تێڕووانینە، وێنایەک نییە پەیوەندیی نێوان میوان و خانەخوێ بەرجەستە بکات. بەڵکو بڕووایەکی بەهێزە و یەک بەیەکی ئەندامانی ئەو حیزبە دەیسەلمێنن.
لە ڕاستیدا دەبێ ئەو هەڵەیەش چاک بکرێتەوە کە پارتی وەک حیزب، بە خانەخوێ پێشان بدرێ، چونکە پارتی، تەنها ڕوکەشێکە بۆ ئۆرگانیزەکردنی کاری کەسانێک، کە خۆیان پێ لە حیزب گەورەترە. ئەمەش گاڵتەپێکردن و کەمکردنەوەی بەها نییە، بەڵکو شانازییەکە، هەم خۆیان وەک ماڵبات قبوڵیانە و هەم ئەندامانی حیزبیش بە سنگفراوانییەوە پێی ڕازیین. ئەم بڕوایەش هی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو لە مێژە ڕەگی لە ئەندێشەکاندا داکوتاوە و پێیان وایە هەمووان میوانی ماڵ و سفرەی ئەوانن و، بەو پێیەش؛ میوان دەبێ بە ویست و ئارەزووی خانەخوێ بجوڵێتەوە و ئەو، شوێن و کات و جۆری خواردن و ئیسراحەتی بۆ دیاریبکات.

میوانە ئاقڵەکان،
ئەوەی هەمووان میوانن، لای پارتی بڕاوەتەوە، بەڵام ئەوەی کێ میوانێکی لاسارە و کێ میوانێکی ئاقڵ؛ ئەوە ئەوانی تر بڕیار دەدەن. بەو مانایەی، ئەوانەی لاساریی دەکەن و بە کەللەڕەقییان، پراکتیزەی ئەو تێرووانینە ناکەن؛ دەکرێ لە هەر ساتێکدا بەر ڕەشەبای نیگەرانییەکانی خانەخوێ بکەون و وەک میوانێکی نەخوازراو بنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە و نانبڕاویش بکرێن.

ئەوانەش کە شەنی خۆیان لە گەڵ بای خانەخوێدا دەکەن و بە ئاقڵیی، خۆیان وابەستەی فەلسەفەکەی سەرەوەی مام جەلال دەکەن؛ لە جێی باش و کورسیی نەرم دادەنیشن و لە خوانیی گەرم نۆش دەکەن و وەک سێبەر و کارگوزار دەبن بە پاسەوانی خەونەکان.

ئەوەی ڕەخنە لە ماڵباتی بارزانی و پارتی و خەونەکانیان بگرین؛ جێی خۆیەتی، چونکە ئەوان بڕیاردەری یەکەمن. بەڵام ئەوەی ڕەخنە لەزۆربەی حیزب و پاڵەوانە سیاسی و عەسکەریەکانی تر بگرین، کە بوونەتە میوانی ئاقڵی (سفرە) و (سفر)ی ژمارەی حسابەکان؛ هەم جێی نیگەرانیی و هەم پێکەنینە.
حەمدی ساحێبقڕان، جوانی فەرموو:
( لە دنیادا سەری موو غەم نەماوە
لە دەورەم گردە، بۆیە میسلی کێوم.)

شاهۆ تۆفیق

Previous
Next
Kurdish