
مێژووی گریان بێ مێژووی گریان!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
بێگومان هیچ مرۆڤێك نییه به جۆرێك له جۆره‌كان و بۆ ساتێك له ژیانیدا، به هۆی ڕووداو و كاره‌ساتێكی دڵته‌زێنه‌وه نه‌گریابێت. گریان، به‌شێكه له سرووشتی سایكۆلۆژی و بایۆلۆژییانه‌ی هه‌موو مرۆڤێك و مرۆڤیش بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه و پێكهاته‌یه‌كه له هه‌ست و سۆز و ئاوه‌ز و ماكه‌كان، بۆیه زۆر ئاسایه بگری، ئه‌گه‌رچی له كۆمه‌لگه‌ی ئێمه‌دا، گریانی پیاو وه‌ك جۆرێك له شووره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینرێت. گریان هه‌ر ته‌نها خاڵی كردنه‌وه‌ی كه‌ف و كوڵێكی ناخی نییه، به‌ڵكو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ڕوحی و كه‌سی و ده‌رونیه‌یه، كه مرۆڤ هه‌یه‌تی و له به‌ریه‌ككه‌وتن دابووه له گه‌ڵ ڕووداوێك یان كاره‌ساتێك. دیاره لێره‌دا مه‌به‌ستمان ئه‌و گریانه نییه، كه به هۆی دڵخۆشی و سه‌ركه‌وتنه‌وه ده‌بینرێت و ڕووده‌دات، چونكه به بڕوای من، هه‌موو ڕه‌هه‌ند و ده‌لاله‌ته‌كانی گریان، له‌و كه‌شه غه‌مگینییه دایه كه مرۆڤ تێی ده‌كه‌وێت و هه‌رگیزاو هه‌رگیز، گریانی سه‌ركه‌وتن و خۆشی، به‌راورد ناكرێت به گریانی دڵته‌نگی و هه‌بوونی خه‌مێكی گه‌وره و قووڵ. گریان له كه‌یه‌وه دروست بووه؟ یه‌كه‌م مرۆڤ كێ بووه گریاوه؟ ئه‌مانه ئه‌و پرسیاره ئه‌نتۆلۆژیانه‌ن، كه ڕه‌نگه تا ئێستاش بێ وه‌ڵام مابنه‌وه. دیاریكردنی مێژووێك بۆ گریان، ساغكردنه‌وه‌ی مێژوویی و ئه‌نتۆلۆژی و بگره سرووتیشی ده‌وێت، چونكه گریان وابه‌سته‌ی هه‌ر یه‌ك له‌و ڕووانه‌ی ژیانه. كتێبی (مێژووی گریان)، كتێبێكه له باره‌ی دیارده‌ی سرووشتییانه‌ی گریان و په‌یوه‌ندی مرۆڤ به گریان و هه‌موو ئه‌و فاكتانه‌ی ده‌بنه هۆكاری دروستبوونی گریان لای مرۆڤ. كتێبه‌كه، گه‌رچی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی درێژ و چڕه، به‌ڵام له ڕوانگه‌ی من وه‌ك خوێنه‌رێك، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ته‌واوكاری نییه، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له باره‌ی مێژووی گریان. ناونیشانی كتێبه‌كه مێژووی گریانه، بێگومان هه‌مووشمان ده‌زانین كه مێژووی هه‌ر ڕووداو كاره‌سات و دیارده‌یه‌ك، ده‌بێ له ڕوانگه‌یه‌كی زانستی و ئه‌ریكۆلۆژی، ساغبكرێته‌وه. مێژوو، به تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له ڕه‌هه‌ندێكی زانستییه‌وه لێی بدوێین، ده‌بێ به ئه‌رگۆمێنت، به‌ڵگه‌كانی بخرێنه ڕوو. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه گه‌رچی ئه‌و كتێبه ناوی (مێژووی گریانه) به‌ڵام نووسه‌ری كتێبه‌كه، نه‌یتوانیوه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره مێژووییه بداته‌وه، كه گریان كه‌ی دروست بووه. ته‌نانه‌ت خۆی له‌و پرسیاره ده‌دزێته‌وه و به هه‌ندێك بۆچوونی ساده و نا بڕواهێنه‌ر، خۆی له‌و بابه‌ته لاده‌دات. ئه‌و له باره‌ی مێژووی گریانه‌وه ده‌نووسێت:( یه‌كه‌مین مرۆڤ كێ بووه گریاوه، یه‌كه‌مین هۆكار چی بووه بۆ گریان، وا باشه خۆمان نه‌خه‌ینه نێو ئه‌م پرسیاره قووڵانه‌وه، ئه‌گه‌ر خۆشمان تێخست، به ئاسانی لێی ده‌رنایه‌ین. لا 83) لێره‌دا ده‌كرێ بپرسین، ئه‌گه‌ر نووسه‌ری كتێبه‌كه نه‌توانێت مێژووێك بۆ گریانی مرۆڤ دیاری بكات، كه‌واتا ناونانی كتێبه‌كه‌ی به مێژووی گریان ، نووسه‌ر ناخاته ژێر پرسیاری خوێنه‌رانه‌وه؟ مێژووی گریان وه‌ك ئه‌وه‌ی له ناونیشانه‌كه هاتووه، ئاخۆ به مانای ئه‌وه نایه‌ت، كه نووسه‌ر سه‌ره‌تا مێژووییه‌كانی گریان باس ده‌كات؟ كه‌ی و چۆن و كێ یه‌كه‌م كه‌س بووه گریاوه؟ گریمان ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسیارانه، پرسیاری فیكری ئاڵۆز و بێ وه‌ڵام و مێژووێكی دیاریكراو بن، كه‌واتا ناونانی كتێبه‌كه به مێژووی گریان، ده‌سپێكێكی هه‌ڵه‌یه. بۆیه ده‌بوو ناونیشانی كتێبه‌كه، به جۆرێكی دیكه بووایه. چونكه ناكرێت بانگه‌شه‌ی مێژووی گریان بكه‌یت و نه‌شتوانیت به به‌ڵگه‌ی مێژوویی ئه‌و مێژووه ساغبكه‌یته‌وه و ده‌ریبخه‌یت و ته‌نانه‌ت خۆشت له باسه‌كه بدزییه‌وه. ئه‌مه یه‌كه‌م ئیشكالییه‌تی به‌ركه‌وتنی خوێنه‌ره به‌و كتێبه. چونكه ئه‌و به‌ر بابه‌تێك ده‌كه‌وێت، كه هیچ سه‌ره‌داوێكی مێژوویی تێدا نیییه و ڕوانگه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ش، وه‌ك ڕوانگه‌ی هه‌موو ئه‌وانیتره، كه نازانن گریان كه‌ی سه‌ریهه‌ڵداوه. ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه، له درێژه‌ی باسه‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی مێژووی گریان، نووسه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی خۆی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و ئه‌مجاره‌یان گریان ده‌به‌ستێته‌وه به چه‌ند دیارده‌یه‌كی سرووشتی و مرۆیی و ئه‌نتۆلۆژی و مێژووێكی بۆ دیاری ده‌كات، كه من بڕوام وایه ئه‌میش خۆی له خۆیدا هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌یه.
نووسه‌ر ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:( له ده‌ستدانی وڵات و نیشتمان و هاوڕێ و تووڕه‌بوونی خواكان، یه‌كه‌م سه‌رچاوه بووه بۆ گریانی مرۆڤ و وروژاندنی هه‌ستی گریان و فرمێسك ڕشتن. لا 193) ئه‌گه‌ر له په‌راوێزی ئه‌و بۆچوونه‌وه بڕوانینه سه‌ره‌تاكانی ده‌ركه‌وتنی گریان، ئه‌وا نووسه‌ر ئه‌مجاره‌یان مێژووێك بۆ گریان به تێگه‌یشتنی خۆی دیاری ده‌كات، به‌ڵام بێگومان دیسانه‌وه ئه‌و بۆچوونه و ئه‌و مێژووه، بۆچوونێكی نالۆژیكی و نا مێژووییه. ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م گریانی مرۆڤ بۆ هاوڕێ و له ده‌ستدانی خاك و نیشتمان بێت، ئێمه ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره ده‌بینه‌وه، كه ئایا مرۆڤ له سه‌ره‌تادا هاوڕێ و نیشتمانی هه‌بووه؟ به ده‌ربڕینێكی تر، هه‌موو سه‌رچاوه ئه‌ریكۆلۆژیی و شوێنه‌واریی و مێژووییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه مرۆڤ سه‌ره‌تا به شێوه‌یه‌كی ساكار و به ته‌نها له ئه‌شكه‌وته‌كاندا ژیاوه و ژیانی به ڕاوكردن گوزه‌راندووه و پاشانیش ئاگری دۆزیوه‌ته‌وه و له شاخاكانه‌وه هاتۆته نێو ده‌شته‌كان و كشتوكاڵی كردووه. له ده‌ره‌نجامی ئه‌و گردبوونه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تی و تێكه‌ڵاوییه خێڵه‌كی و گشتییه‌وه، ئیدی زمان و ژیانی به كۆمه‌ڵ و پێداویستییه‌كانی دیكه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه و ده‌سته‌به‌ر كردووه. كه‌واتا مرۆڤ له سه‌ره‌تادا نه هاوڕێ، نه نیشتمانی هه‌بووه، نه خوداشی ناسیوه. ئیدی نازانم نووسه‌ری كتێبه‌كه به پشت به‌ستن به كام به‌ڵگه‌ی زانستی و مێژوویی و ئه‌ریكۆلۆژی، باس له‌وه ده‌كات كه یه‌كه‌م جار مرۆڤ بۆ هاوڕێكانی گریاوه؟ بێگومان ئه‌و بۆچوونه، بۆ چوونێكه ناتوانرێت له ڕووی مێژووی و فه‌لسه‌فی و بوونیشه‌وه، پشتی پێ ببه‌سترێت و بكرێته سه‌رچاوه، به‌ڵكو هه‌ر ته‌نها ڕایه‌كی كه‌سی و تایبه‌تی و قسه‌یه‌كی ئاسایی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌یه. مێژوو، ساغكردنه‌وه و خستنه‌ڕووی به‌ڵگه‌ی باوه‌ڕپێكراوه. به تایبه‌تیش مێژووێك كه په‌یوه‌ندی به ژیانی مرۆڤ، وه‌ك بوونه‌ورێكه‌وه هه‌بێت. بۆ نموونه: له ئه‌شكه‌وتی نیاندرتاڵ یان شانه‌دره، ئێسك و پرووسكی مرۆڤ دۆزراوه‌ته‌وه، كه مێّژووه‌كه‌یان بۆ ملیۆنان ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه و سه‌لمێندراویشه. بۆیه هه‌ر كه‌سێك له ئێمه، ده‌توانێ مێژووێكی زاره‌كی و بێ ئه‌رگۆمێنت، بداته پاڵ گریان، یان هه‌ر داهێنراوێكی دیكه‌ی مێژوویی و زانستی و ئه‌و بۆ چوونه‌ی نووسه‌ر، به‌هایه‌كی زانستی و مه‌عریفی نییه. هه‌ر له درێژه‌ی باسه‌كه‌یدا له باره‌ی گریانه‌وه، نووسه‌ر ده‌نووسێت:_(هیچ كه‌سێك و هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ك نییه بتوانێت، به ته‌واویی ده‌ست نیشانی ساته‌كانی گریان لای مرۆڤێك بكات و ساتێك بۆ وروژاندنی هه‌سته‌كانی دابنێت. لا 53).
به بڕوای من، زۆر به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه ڕه‌هایه‌ی نووسه‌ره‌وه، مرۆڤ زۆر به ئاسانی ده‌توانێت، هه‌سته‌كانی بوروژێنێت و ته‌نانه‌ت ب ه‌ڕێگه‌یه‌كی زۆر سه‌ره‌تاییش، هه‌ستی به‌رامبه‌ره‌كه‌شی بوروژێنێت. زه‌حمه‌تییه‌كی زۆری ناوێت، تا مرۆڤێك بگریێت و هه‌سته‌كانی بوروژێت. مه‌گه‌ر مرۆڤ، كه دیمه‌نێكی تراژیدی ده‌بینێت، فرمێسك ناڕێژێت؟ كه گوێبیستی هه‌واڵێكی دڵته‌زێن، كه په‌یوه‌ندی به ڕووداوێكی تراژیدیه‌وه هه‌یه ده‌بێت، زۆر به ئاسانی ناگری و ناوروژێت؟ ساته ناخۆشه‌كانی مرۆڤ، به تایبه‌تیش له كۆمه‌ڵگایه‌كی وه‌ك ئێمه‌دا، ئه‌وه‌نده زۆرن و ئه‌وه‌نده كاره‌سات و ڕووداوی تراژیدی هه‌ن ڕوویانداوه و به ئێستاشه‌وه ڕووده‌ده‌ن، كه زۆر به سانایی مرۆڤ ده‌گریێنن و كاری لێ ده‌كه‌ن. كاتێ هه‌واڵی شه‌هیدبوونی پێشمه‌رگه‌یه‌ك، ده‌درێته دایكی، چه‌ند به خێرایی و به زوویی ده‌وروژێت و شین و لاوانه‌وه ده‌كات. بۆیه ئه‌وه نییه نه‌توانیین ده‌ست نیشانی سه‌رچاوه‌ی هه‌سته‌كانی مرۆڤ و گریان بكه‌ین. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌واڵێكی ناخۆش به هه‌ڵه و ته‌نها بۆ گاڵته‌ش بێت، به به‌رامبه‌ره‌كه‌تی بگه‌یه‌نی، ده‌وروژێت و ده‌كه‌وێته په‌شۆكان و دوودڵییه‌وه. به پێچه‌وانه‌وه مرۆڤ سرووشتێكی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی هێنده سه‌یر و ئاڵۆزی هه‌یه، كه ته‌نانه‌ت به یه‌ك قسه و كۆمێنت و گاڵته پێكردنێك، ئه‌تمۆسفیری تووڕه‌یی ده‌فرێت و كورد گوته‌نی دۆ و دۆشاو تێكه‌ڵ ده‌كات. وروژاندنی هه‌سته‌كانی مرۆڤی به‌رامبه‌رمان، به دیوێكی خۆشی یان ناخۆشی بێت، ئاسانترین كارێكه ئه‌گه‌ر مه‌بستمان بێت، بیكه‌ین. بۆیه ئه‌وه نییه كه‌س نه‌توانێت به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بوروژێنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه نووسیویه‌تی. دواجار ده‌لێم ئه‌م كتێبه گه‌رچی گه‌لێك باسی له باره‌ی گریانه‌وه تێدایه، به‌ڵام گه‌لێك له بابه‌ته‌كانیش، بۆ خوێنه‌ر مایه‌ی گومان و پرسیاركردنن، كه له كتێبه‌كه‌دا بێ وه‌ڵامن.
——————————————————
- په‌راوێز: مێژووی گریان، نووسینی: سه‌ڵاح حه‌سه‌ن پاڵه‌وان، بڵاوكراوه‌ی: وه‌شانخانه‌ی مادیار _ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات_2020.
*ئه‌م بابه‌ته له ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ژماره (3479) ڕۆژی 8/6/2021بڵاوكراوه‌ته‌وه.