Skip to Content

وێنەی پیاوێکى زمان شکاو.. سمکو محەمەد

وێنەی پیاوێکى زمان شکاو.. سمکو محەمەد

Closed
by ئه‌یلول 28, 2021 General, Poems


مۆنۆلۆگەکە خەریکە تەواو دەبێت
ژیان بۆتە کاغەز کاغەزێن بەدەست قورمارچییەکانەوە
پیاوێکى ترساو
وەک ئەوەى بەزەردە برینى مەسیحەوە موژدەى پێ بێ
چەند یاردەیەک لەولاى تاریکییەوە راوەستاوە و
بۆ ئاسۆیەکى روناک دەڕوانێ و
دەڵێ هەموو نهێنییەکان سبەى لە سەربانەوە دەیبیستن.
من ئەم قسەیەم لەمێژە بیستووە
لەوەدەچێ مانیفێستێکى نوێ هاتبێ بۆ ژیان
مانیفێستێک بەماسکەوە
سنوورى سوورى ژیان ماڵە
سنوورى سوورى هەناسە بوتڵى بەتاڵە
سنوورى سوورى ژیان گەمەى منداڵە
وادیارە بانگى ئاشکرا هێشتا شکۆفەى نەکردووە
ئەمە ماناى شاراوەی ئەوەیە
هەر روخسارێک دڕکێکى پێداچوو بێت
ئەسرینى هەر دڕکێک بەخونچەیەکدا چەقیبێت
چرچو لۆچى دەخاتە سەر لێوى خەندەیەک کە مۆنۆلۆگى ژیانى بڕیوە
پێدەچێ
لەسەرەتاوە بۆمان نووسرابێ خەڵک دەبێ لەیەکترى توڕەبن
لەقینى یەکتر
تف لەسێبەرى کێلە قەبرى داهاتووشیان بکەن
ئەو قەبرانەى بەبچووکى لەسەریان نووسراوە
(خۆتان لەگەڵ خۆتان ئاشت بکەنەوە)
بەسەرێکیش ناهەقیان نییە
تەنها شتێک لەپاش مەرگ خۆش بێ. (لاواندنەوەیە)
هەستم راگرتووە
ئەمە کۆتایى دیمەنە کۆنەکانى مێژووە
دووبارە بوونەوەى تاعون و مالاریایە
ئاماژەکان نوزەیان لێبڕاوە و پیاوەکانیش زمانیان
زەین بدە
هەر ستوونەکانى شار نیین دەبن بەقامیش
هەر کڵاوى قیتى چیاکان نیین دەبن بەقەلەڕەش
هەر سینگى وشکى ئەم زەوییە نییە دەبنە مەیدانى جەنگ
هەر دەریاکان نیین دەبنە جۆگەلەى بۆگەن
زایەڵدارەکانیش بە گوێى خۆیاندا دەنگدەدەنەوە و جنێو بەخۆیان دەدەن
وادیارە ئێرە پێشتر دوورگەى قیسارە بووە
دوورگەى لاماسۆ و عەشتار و پشیلە
بۆیە زمانیش وێناى ناکات
چوون من بیستومە
قیسارە حەزى لە ژێیەکانى خۆیەتى بەتەنها بلەرێتەوە
ئێرە شوێنى زەنگ لێدانى ئێوارە خوانێکى بێدەنگە
بۆ خانەدانەکان
لاماسۆ بەئاسمانى باخۆسییەکاندا دەفڕێ
عەشتار چیرۆکى ئاوارەبوونى ئەرمەن دەگێڕێتەوە
پشیلە بۆ ئەهرامە داگیرکراوەکان دەمیاوێنێ
قومارچییەکان ئاگایان لەوە نییە
هاکا بیستمان
ئەفسەرێکى توڕە ئاسمانى دوکەڵاوى کردووە و ژیان راوەستا
ئەوان لەبرى ئەوەى بە مۆزیک مردن پوچەڵ بکەنەوە
بیللییەک فڕێدەدەنە سەر مێز و جگەرەى بێئومێدى دادەگیرسێنن
دەڵێن هەمووى
خەتاى خەتابارێک بوو کە نەیهێشت لەسەر زەوى گرەو بکەین
لێرە هیچ رەوتێک لەسەر رێگەى خۆى ناڕوات
هیچ هۆشیارییەک ناتوانێ رۆژگار بژمێرێت
هیچ هەڵمێک دڵۆپە ئاوێک وێنا ناکات
هیچ وەرزێکى نوێ لەسەر رۆخى ئەم تابلۆ تێکشکاوانە نانووسێ
هیچ شتێک جارێکى تر بریسکە ناداتەوە
هیچ تاقمێکى نائومێدیش پێکەوە کۆچ ناکەن
هیچ پیاوێکى تێکشکاو نابینى
چیرۆکى پاڵەوانێتى خۆى نەنووسێتەوە و نەیکات بەمنەت بەسەر خەڵکەوە
یان پەیڤێک نەدرکێنێ وەکو پەندى پێشینان
نەستەق
لەنەستەقیا … فەلسەفەش ناشیرین بکات
دەمەوێ ئەم مانیفێستە بدڕێنم و ئیمانێکى تر بخوڵقێنم
شەوو رۆژ تەماشاى خوارەوەى ئەم زەمینە دەکەم و منەى بۆشاییەک دەکەم کە خەیاڵە
تەماشاى چاو بەستراوەکان
دومبەڵى ژێر هەنگڵى خوێندکاران
پەیکەرى لوتشکاوى سەر شەقامەکان
قسەى نەبیستراوى لاڵە پەتەکان
بزەى سەر لێوى کوێرەکان
تەماشاى حەوشەى ژنە بێ حەیاکان دەکەم
پۆلیسێک زمانى لە کەلەپچەیا وێناکردووە
سەرى بۆ کێشە دەخورێنێ
کێشەى شارێک هێشتا گەشتیار سەفەریان بۆ نەکردووە و
بانگى سەربەخۆیى تیا نەدراوە
لێرە لەم بێهودەییە هیچ نادۆزمەوە
ئەم زمانە بۆیە شکا
چوون هەرگیز پێم عەیب نەبووە بەپێچەوانەى خەڵک بڕۆم
هەستم بەژان نەکردووە خوێ بکەمە سەر برینەکانى خۆم
هەمیشە شەڵاڵى عارەق بووم
ئاگام لەسەگە بەڕەڵاکانیش بووە
چاوم لەو پشیلانەش بووە
بەبێ تاوان لەسەر شەقامەکان بەسکى برسى دەکوژران
ئەو پشیلانەى پیرێژنیش بەردیان تێدەگرن
من هیچ چارەسەرێکم پێ نییە
بەناچار ئەو دەرگایانە رەسم دەکەم
کەس ناچێتە بەر سێبەرەکەى
ئەو ئەستێرانە دەژمێرم کە ناویان نییە
لەو شەقامانەى ژێرەوەى زێرابەکان
هەموو ئەمانە بەقەد شقارتەیەک ترسى نەبووە کە بەدەست بەدکارێکەوەیە
ئەوەش دەزانم کە بەکراسێکى شینەوە
لەشکرى گوندى ناڕوخێ و ناتوێتەوە
لەبەر خۆمەوە بیر لە بیرەوەرییەوەکانم دەکەمەوە
دەزانم کە ئەوان دەمترسێنن
هەرکەسێک پاکانەى کردبێ گرینگ نەبووە
پاکانە بۆ ئەو کەسە کەمانەیە کە لاپەڕەیەک و شاهیدێکیان نییە لە ژیان
نەزان هەقیەتى نەزانێ ئەم زەمەنە بەرەو کوێ دەڕوات
من لەقینى هەموو خەمەکانى تر
خەمى ئەوەمە بۆچى خێزان ناوێرن پێکەوە قاوڵتییەک بخۆن
سنوور لێرە کۆتایى نایات
رێگەى رۆژهەڵات وشکە و رۆژئاواش شێدار
رێبوارەکان بەدرۆ شەوڕۆیان لەپێ کردووە و لەهیچ دەرگەیەکیان نەداوە
ئەوانەى هەمیشە ئێواران هەڵگژاون بەسەر شاخدا و
درەنگ وەختیش تەماشاى خۆرەتاویان کردووە
رەوتى ژیان ناناسنەوە
چون ئەمجارەیان کە خۆرئاوا بوو کەسیان
بەو رێگەیەدا ناچنەوە بانە
ئەمجارەیان دەچنەوە گەرمیان
ئەمجارەیان رۆژئاوا درەنگ لەخەو هەڵدەسێ
باکوریش بۆ نان خواردنى بەیانى خۆشە و نانى شێوانیشى سوێر
من لەکتێبە کۆنەکاندا خوێندوومەتەوە
زمان ناتوانێ باسى نەخوێنەوارەکان نەکات
رەنگە کچێکى نەخوێندەوار ئازادتر بێت
لەو پیاوانەى لەسەردەمى شۆڕشدا بانگەوازیان بۆ ئازادى دەکرد
لاتەریکى خەڵکى ئێرە لەدەستوورى ناوەندى کە لەنیگایاندا دیارە
لەو نهێنى یە دەچێ کە کەس نایزانێ
لەو خێوە دەچێ کە خەڵک لەخۆڕا لێى ترساون
لەمەوە تێدەگەى
ئەبڵەق بوون لەبۆنى ناخۆش و لەنەخۆشى گرانەتاى عەقڵ خراپترە
سەرسام بوونى منداڵێتی لەخێوەتى قەرەجەکان و لەنیشتیمانێکى بێ شوێن دەچێ
وەسوەسەى کەسێک لە بۆ کڕوزى قژى داغبووى کچێکى شەڕڤانى نەشارەزا لەشەڕ
باشترە لەدزێک کە ناوى جەنگاوەرە
ئەم رستانەم بۆ شیناکرێتەوە
موعجیزەى زەریا ئەوەیە کە لەسەهۆڵ سارد ترە
ترسى دارێکى وشکیش قومارێکە لەنێوان خۆى و کلکە تەورێکدا
شەویش ئەوەندەى کە ترسى لەتیشکى خۆرە
ئەوەندە ترسى لە هەور نییە
من هەمیشە دڵەڕاوکێمە و پرسیارى بێ وەڵام دەکەم
کاتێک لەترسان خەوم دەزڕێت
ئەوکاتەى دەبینم خەڵک نووستوون
سەیرو سەمەرەى دایک و باوکیشم
هەر ئەوەبوو کە دەمارییان ئاوسا بوو لە ژیان
ئەوان لەداخى ئەبڵەق بوونى منداڵ و لە ماکینەیەک کە کارى ئەتککردنى هەرزەکاریی بوو
لەداخى بانگەوازى حکومەت لەدواى نوێژى شێوانى زستان
هەڵاتن بۆ ژێر زەوى دەبینم
خەڵک هێشتا رێگایەکیان نەبڕیوە درەنگتر بیانگەێنێتە جێ
عەمبارێکى چۆڵیان نەبینیوە بەسکى برسى
هێشتا نەیانزانیوە گۆڕینەوەى گوندێک بەژورێکى شار چەند زەرەرە
هێشتا گوێیان لەجیڕەى دەرگایەک نەبووە
وەختێک پۆلیس پاڵیان پێوەدەنێ و جنێوى پیس بەنامووسیان دەدەن
هێشتا تەلەزگەیەکیان نەدیوە جلکیان بگرێت و
نەهێڵێ لەسنوورەوە رابکەن بۆ سنوورێکى تر
هێشتا دەمانچەیەکیان نەبینیوە لەسەر پێ بێ
هێشتا نەیانزانیوە پانتۆڵى کورت مۆدێلى قاچاخچییەکانە
یان خۆ پارێزییە لە گۆشتخۆرەکان ى بازاڕ
ئەوان کە ساڵەهایە سەردانى بازاڕدەکەن
هێشتا نەیانزانیوە گمەگمى کۆتر لە چ مانگێکدایە
غەڵبەغەڵبى فێرگەکان و تەنگەنەفەسى دانیشتوانى شار
بەتێروپڕ هەنسک و گریانەوە
لە چ مانگێکى ساڵدا دەبنەوە بە کەیسێکى لێکچوو و توڕەبوونى خەڵک
کەچى لە کتێبێکى کۆندا نووسرابوو
لەتەنیشت پەنجەرەیەکەوە نامەیەک بەدزییەوە وەکو نوشتە هەڵواسن
دەیان جار کۆڵانەکان بگەڕێن بۆ تەنها جارێک بینینى یار
ئازارى ددانتان لەبیر بکەن کە بەمێخەک و رۆنى ماشین و عارەق دادەمرکایەوە
لەپێناو وەرگرتنى کاغەزێکى یاساغ کە پیاوێکى بەتەمەن بەمەئمورییەت پێتانى دەسپێرێ
رۆژانى هەینى.. لەترسا بخەون و
شەمموانیش لەبەردەم مزگەوتەکان
خەریکى نۆ ریزکێن بن لەگەڵ بێکاران
لاپەڕەیەکى کراوە باشترە لە کتێبێکى داخراو
زمانم شکاوە
من ئەو پیاوەم کە زمانم شکاوە
هەر ئەوەندەم بۆ دەنووسرێ
وێنەى ئەو پیاوانەم بەچاوى خۆم بینیوە

Previous
Next
Kurdish