خزمەتکردن.. نەوزاد بەندی
کێشەی سەرەکی مرۆڤ و کۆمەڵگا و دەسەڵاتەکان، ئەوەیە چۆن کەمترین خزمەت بکەۆ و زۆرترین خزمەت بکرێن.. واتا مروڤ لەگەڵ کەسێک هاوڕێیه یان دوژمنە لەسەر بنچینەی خزمەتکردن، ئەگەر خزمەتێکی پێ بگەیەنێت، ئەبێتە هاوڕێیی..ئەگەر خزمەتی پێ نەگەیەنێت، ئەبێتە نەناسیاو و نامۆ..خۆ ئەگەر خزمەتێکی لێ قورخ بکات ئەوا ئەبێتە دوژمن.
ووڵاتانی زلهێز ئەیانەوێ ووڵاتەکانی تر لە خزمەتی ئەواندا بن، نەوت و هەموو کانزاکانیان..تەنانەت مرۆڤەکانیان ..ئایین و ڕەوشتە کۆمەڵگاکانیان ئەبێ له خزمەتی ئەواندا بن، ئینگڵیز کە هیندستانی داگیرکرد، بێجگە لەوەی ژمارەیەکی زۆری بە بێ تاوان لێ کوشتن، لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆریشی لێکردن بە سەرباز و ..ووڵاتانی تری وەک عێراقی پێ داگیرکردن ..
کاتێ ئەمەریکا هەڵئەکوتێتە سەر ووڵاتێکی وەک فەنزویلا و بە نیوە شەو سەرۆکەکەی ئەفڕێنێت و سیستمی سیاسیی ووڵاتەکە ئەگۆڕێت، مەبەستی لەوەیە فەنزویلا خزمەتی بکات، نەوتەکەی بداتێ، واتا نەوتەکەی فەنزویلا بۆ فەنزویلا نەبێت و بە خۆڕایی بیداتە ئەمەریکا و دۆناڵد تڕەمپ، چونکە عەقڵییەتی کۆڵۆنالیستەکان بەو جۆرەیه کە تەنها خۆیان مرۆڤن یان مرۆڤی باڵا و زێڕینن و ..ئەبێ تەواوی مرۆڤایەتیی خزمەتیان بکەن.
کاتێ فەڕەنسییەکان حەوت ملیۆن کەسی سیڤیل تەنها لە جەزائیردا کۆمەڵکوژ ئەکەن، ئەیانەوێ بەشێوەیەکی کرداریی بڵێن ئێوە مرۆڤ نین و جۆرێکن له جۆرەکانی مێرووی زیانبەخش و پێویستە ئێمەی مرۆڤ بتانکوژین ..
ئیتر دیاردەی سەیر و سەمەره لەم پڕۆسە ناشیرینەدا دێتە بوون، وەک ئەوەی له فەرمانڕەوای کوردی باشووردا و بە درێژایی نزیکەی دە ساڵ بە حیساب نەوتفرۆشتنی سەربەخۆ، لە جیاتی خۆشگوزەرانیی، قەرزار دەبن ..واتا نەوت ئەفرۆشن کەچی سی چل ملیار دۆلار قەرزار ئەبن، لە ڕاستیدا ئەوە نەوتفرۆشتن نییە، ئەوە نەوت بەخشینە بە زلهێزەکانی جیهان، چونکە ئەوان وا دەخوازن کە تەواوی نەوتی جیهان به خۆڕایی وەربگرن، بەڵام لێرەدا لەگەڵ بە خۆڕایی پێدانەکەیاندا پارەی بۆری و گواستنەوەیشیان لەسەر ئەژمار کردوون، هەربۆیە نەوت ئەفرۆشن و قەرزاریش ئەبن…
تۆ ئەبێ خزمەتم بکەیت ئەگینا لە ئاسانترین بژاردەدا هاوڕێیەتیت ناکەم، خۆ ئەگەر چەکدار و زلهێزیش بم، ئەوا ئەتکوژم و لەناوت ئەبەم.
تۆماری چەکدارانی دوور و نزیک، پڕپڕن لەو کوژراوانەی کە ڕازی نەبوون خزمەت به چەکدارەکان بکەن یان لە بنەڕەتدا دروستکردنی چەک بۆ ئەوەیە ئەوانەی توانای کڕینی چەکیان هەیه لەلایەن ئەوانەی توانای کڕینی چەکیان نییە، خزمەت بکرێن، ئەگینا خوێنیان حەڵاڵ کراوە.
ئەوەتا فایق بێکەس لە شیعری بیست و حەوت ساڵەدا، بە ئەدمۆنزی ئینگلیزی داگیرکەری خزمەتکراودا ئەڵێ :
بیست و حەوت ساڵە دڵم لێت پڕە
ئەحواڵم بە دەست تۆوە زۆر شڕە
سەد بەڵێن بدەی لەلای من تڕە
بەسیەتی ئیتر ئەم وڕەوڕە
نۆکەریت ناکەم ورگم هەڵدڕە
واتا دوو ڕێگا هەیە بۆ وازهێنان لە خزمەتی زلهێز و چەکدارەکان، یان ئەوەتا وورگت هەڵدڕن و کۆتایی بە ژیانت بێنن، چونکە ئەوان ڕازی نابن واز لە خزمەتکردنیان بهێنیت..یان ئەوەتا تۆیش چەک کۆبکەیتەوە و شانەی چەکداریی دروست بکەیت و لە هێزی داگیرکەری خزمەتکراوی چەکدار بدەیت، وەک چۆن عومەر موختاری پیرەمێرد، چەکی پەیدا کرد و دژی هێزی داگیرکەری خزمەتکراو جەنگی پارتیزانیی ڕاگەیاند.
پارتیزانیی زاراوەیەکە مەبەست لێی شەڕکردنی چەکدارانێکی لاوازی مافخوراوە بەرامبەر چەکدارانێکی بەهێزی داگیرکەری زاڵم. هەربۆیە ئەم شەڕە، شەڕێکی نهێنییە، واتا لاوازە مافخوراوەکان ناتوانن ڕوو بە ڕوو شەڕ بکەن چونکە ئەو توانایەیان نییە، بە ناچاری له پەنا و پاسار و تاریکی شەودا، به تاکتیک و فێڵ لە سوپا و چەکدارانی داگیرکەر ئەدەن.. وەک گرتنی گەرووی هورموز لە لایەن ئێرانەوە دوای ئەوەی نەیتوانی بەرامبەر چەک و سوپای پێشکەوتووی ئەمەریکا خۆی بگرێ، بەو پێیه گرتنی تەنگەی هورموز لەلایەن ئێرانییەکانەوە ئەچێتە قاڵبی خەباتی پارتیزانییەوە ..
بەڵێ .. مرۆڤ بە بێ خزمەتکردن ناتوانێ مرۆڤێکی تر بکاتە هاوڕێی .. کچێکی جوان سەد داواکاری هەیه، چونکە چێژبەخشترین خزمەت بە غەریزەی نێریینەکان ئەکات، لە هەمان کاتدا کچێکی ناشیرین داواکاری نییە، بۆیە ئەمیش ناچار پەنا بۆ دەستخستنی ماڵ و سامان و بڕوانامە و دەسەڵات ئەدات، بۆ ئەوەی نێرینەکان وەک خزمەتکار لای خۆی ڕابگرێت یان هاوسەرگیریی زۆره ملێیان پێ ئیمزا بکات..ئافرەتێکی حەفتا ساڵی دەوڵەمەند، پیاوێکی بیست ساڵی هەژار ناچار دەکات بێتە خزمەتیی و بەوپەڕیی سوپاسگوزارییەوە ئەڵقەی بوکێنیی بکاتە پەنجەی.
بەو شێوەیە پەیوەندیی دایک و مناڵەکان ..باوک و مناڵەکان، هەمووی لەسەر بنچینەی خزمەتکردنی یەکتری دروست بوون.. مناڵەکان لاوازن و پێویستیان بە پارە وماڵ و ڕێنمایی و پشت و پەنای باوک و دایکیانە، هەر بۆیە پەیوەندییەکەیان پییانەوە ناو نراوە پەیوەندیی ڕۆحیی و ئاینیی و پیرۆز، چونکە بە بێ ئەوان لەناو ئەچن ..لە هەمان کاتدا باوک و دایکەکان لەناخی خۆیاندا پێی بزانن یان پێی بزانن، هەستێک یان نەستی ئەوەیان هەیە کە لە داهاتوودا پیر ئەبن و پەککەوتە ئەبن، لەو کاتەدا تەنها مناڵەکانیان ئەتوانن خزمەتیان بکەن..یان ڕاستتر ئەو خزمەتە بێ شومارەی کە بێ بەرامبەر پێشکەش منالەکانیان کردووە بەڵکو ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بەشێک لەو خزمەتانەیان وەک قەرزێک لە قۆناغی پیریدا بدەنەوە، هەرچەندە ئەمەیان زۆر متمانە پێکراو نییە، چونکە بەشێک لە منداڵان کە گەورە ئەبن و پێویستیان بە دایک و باوکیان نامێنێ، بە جێیان دەهێڵن..دروستکردنی خانەکانی پیریی، بەڵگەی ئەوەیە کە هەندێک لە مناڵەکان قەرز کوێرن و یەک قرۆش قەرز به باوانیان نادەنەوە.
خزمەت بەرامبەر خزمەت بەردەوامیی هەیە، واتا پەیوەندی سود گۆڕینەوە یان کۆمێنسالیزم.
بەو پێیە دایک و باوک خزمەتی مناڵەکان ئەکەن بە هیوای ئەوەی مناڵەکانیش کاتێ گەورەبوون، خزمەتی ئەمان بکەن ..واتە خزمەتێکی ڕاستی بە هیوای خزمەتێکی وەهمیی و خەیاڵیی..کاتێ مناڵەکان گەورە ئەبن، ئەکەونە دۆخێکی قورسەوە، چونکە ئەبێ خزمەتی دایک و باوکێکی پیر و پەککەوتە بکەن کە نە ئەتوانن خزمەتەکەیان بکەنەوە، نە ئەتوانن تێچووی خزمەتەکەیان بدەنەوە، نەدایک و باوکیان چەکدار و دسەڵاتدارن بە زۆر بیانکەنە خزمەتکاری خۆیان، واتا ئەو خزمەتەی مناڵان بەرامبەر باوانیان ئەیکەن، خزمەتکردنێکی بێ بەرامبەرە، ئەمە لە زانستی فیزیادا بەو جۆرەیە، ئیتر مناڵەکان هەندێکیان ئەڵێن ڕاستە لە مناڵیدا خزمەتیان کردووین، بەڵام خۆ ئێمە عەریزەمان نەداوە یان داوامان نەکردووە خزمەتمان بکەن، یان ئەسڵەن نەمانویستووە بێینە ئەم ژیان و دنیا پڕ لە نەهامەتییەوە..ئێستایش هیچ ئامادە نین خزمەتی دوو پیر بکەین کە هۆکاری هاتنە ژیانێکی پڕ لە دەردەسەریی بوون بۆمان و تەنانەت لێرە و لەوێ داواکاریی دژی دایک و باوک بەرزکراوەتەوە کەچۆن بە بێ ئاگاداریی ئەمان، بڕیاریان داوە بیانهێننە دنیاوە!
لێرەدا ئیتر زاراوەی خزمەتی پیرۆز دێتە ناو فەرهەنگەکانەوە .. خزمەتی پیرۆز، ئەو خزمەتەیە کە بە بێ بەرامبەرە، نە داگیرکراویت، نە چەکت لەسەر سەر دانراوە، نە پێویستت بە هیچ خزمەتێکی بەرامبەرەکەتە، نە هیچ هیوا و ئاواتێکت پێی هەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا خزمەتی ئەکەیت..
خزمەتی پیرۆز لە ئاییندا بە دوور و درێژیی باس کراوە و داکۆکیی لێکراوە، به جۆرێک ئەبێ ئەو خزمەتە پیرۆزە نهێنیی بێ و دەستی ڕاست بە دەستی چەپ نەزانێت، بۆ ئەوەی تایبەت بێ بە ڕازامەندیی خودا، ئەو کاتە لە ژیانی داهاتوودا خودا سەد هێندە و زیاتر خزمەتەکەت پێشکەش ئەکاتەوە، واتا خزمەتی پیرۆزیش بە بێ بەرامبەر نییە یان ڕاستتر بە ئومێدی وەرگرتنەوەی هەزاران ئەوەندەی ئەو خزمەتەیه لە لایەن هێزێکی بێ پایانی بنیاتنەرەوە کە خودایه .. تەنانەت داوا دەکرێت لە مرۆڤەکان کە بازرگانییەکی گەورە ئەنجام بدەن، بە سەر و ماڵەوە بچنە خزمەتی حەق و ڕاستیی و داکۆکیی لەوانی تر بۆ ئەوەی گەورەترین پلە و خەڵات بە دەست بهێنن، ئەویش شەهید بوونە..
شەهید بوون بەرزترین و بە هەیبەتترین ووشەیە لە تەواوی زمانەکاندا، بریتییە لە گەورەترین خزمەتی پیرۆز، مرۆڤەکان بە مرۆڤایەتیی کردبێتیان بە بێ بەرامبەر لە دنیادا ..بە ئومێدی چونە بەهەشت، لە ژیانەکەی تردا.
لێرەدا ئیتر کلاسیفیکەیشنێکی زۆر قورس و چڕ و ئاڵۆز له مرۆڤەکان و باری سەرنجیان و تێرمی ژیانیاندا ئەبینین کە هەمووی لەسەر بنچینەی خزمەتکراو و خزمەتکاردا بنیاتنراون.. تۆ لەڕۆژێکدا لە چەند شوێنێکەوە خزمەت ئەکەیت و لە چەند شوێنێکی ترەوە خزمەت ئەکرێیت..
ئەوانەیشی سەرقاڵی خزمەتی پیرۆزن، ئەوانەن لە پێناوی خاکی داگیر کراو و مافی زەوتکراودا، چەک ئەکەنە شانیان و شەڕ ئەکەن و شەهید ئەبن ..زیندان و ئەشکەنجە و جۆرەها ئازار قبوڵ ئەکەن چونکە بڕوایەکی پتەویان بە خزمەتی پیرۆز و شەهید بوون هەیە ..یان لە بواری زانستیی و ئەدەبیی و هونەرییدا ژیانی خۆیان تەرخان ئەکەن بۆ داهێنانەکان بە هیوای خزمەتکردنی تەواوی مرۆڤەکان و کاربۆئاسانکردنیان و خۆشگوزەرانکردنیاندا..ئەو هەموو ئامێر و کەرەستە و کاڵایانەی لەبەر دەستماندان و ژیانیان ئاسان و چێژبەخش کردووە، زانا و داناگەلێک هەموو ژیانیان لەو پێناوەدا بەسەر بردووە.
بە دیوەکەی تریشدا، کۆمپانیاکانی داگیرکەران چەندەها ئامێری ئەشکەنجەدانیان بەرهەم هێناوە و بەرهەم دەهێنن لە پێناوی نوچدان و پەشیمانکردنەوەی ئەوانەی خۆیان بۆ خزمەتی پیرۆز تەرخان کردووە ..ئەم شەڕ و کێبڕکێیەیش درێژە ئەکێشی و بەردەوامە .. کۆمەڵکوژیی و ڕاگواستن و برسیکردن و ئاوارە کردن و ڕاگەیاندنەکان تێکڕا بەشێکن لەو هێرشە نامرۆڤانەیە بۆ سەر ئەو کەس و گەل و نیشتمانانەی کە سەرقاڵی خزمەتی پیرۆزن و .. ئامادە نین بچنە ژێر باری داگیرکەر و خزمەتکردنی ملهوڕەکانەوە هەر بۆیه فایق بێکەس بە دەنگێکی زوڵاڵ به ئەدمۆنز کەلە تەنیشت خزمەتکارە خزمەتکراوەکانی شاردا لێی دانیشتووە، ئەڵێ :
نۆکەریت ناکەم وورگم هەڵدڕە ..
بەو جۆره مێژووی مرۆڤایەتیی پڕ پڕە لەو ناوانەی لە پێناوی خزمەتیی پیرۆزدا، خۆیان بەختکردووە، لە زانست و سیاسەت و کۆمەڵایەتیی و پارتیزانیی و بوارەکانی تردا.
لە هەمان کاتدا مێژووی مرۆڤایەتیی سیخناخە لەو ناوە قێزەونە داگیرکەرانەی کە بەسەر لاشەی ملیۆنان مرۆڤدا هەڵکشاون و شانازییان بەوەوە کردووە زۆرترین مرۆڤ و نیشتمانی ئەوانی تریان ملکەچ و کۆیله کردووە بۆ خزمەتی خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیان.
