Skip to Content

ئەو ڕۆمانە جوانەی، کەم خوێندرایەوە.. شوان حەسەن

ئەو ڕۆمانە جوانەی، کەم خوێندرایەوە.. شوان حەسەن

Closed
by ئایار 2, 2023 General, Literature


رۆمانی ” پیاوێکی بێچارەنووس” لە نووسینی ( ئیمرە کیرتێز) ە لە وەرگێڕانی( ڕووناک شوانی).


زۆر جار لە ڕێگەی ھەندێک وشەوە، دەڕوانمە ئاستی زانیاریی( مەعریفە) نووسەر، بەرپرسیاریەتیی و بوێرییەکەی، بەرانبەر چەند چەمک و دەستەواژەییەک بۆ من زۆر گرنگ و سەرنجڕاکێشن. چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، ناونیشانی ئەو کتێبە، سەرەتا وەک فیلم کەوتە بەرچاوم، بەدوای نووسەرەکەدا گەڕام و بەشێک لە چاوپێکەوتنەکانم خوێندەوە، لە نێوان فیلمەکە و چاوپێکەوتنەکان، نزیکبوونەوەیەکی زۆرم بۆ ئەو نووسەرە دروستبوو، زۆر دڵنییا نیم کە کتێبەکەم بە سویدی خوێندبێتەوە، چونکە کتێبی دیکەی ئەو نووسەرەم خوێندیتەوە. بەڵام ھیندەی پێمکرابێت چاوپێکەوتن، ئەو نووسینانەی لەسەری نووسراوە بخوێنمەوە. دڵخۆشم کە ئێستا بەزمانێکی جوان و دەوڵەمەندی کوردی ڕۆمانەکەی دەخوێنمەوە، ڕاستیەکەی ھەموو کتێبێک گرنگە، بەزمانێکی دەوڵەمەند وەربگێڕدرێت، ھەتا نزیکبوونەوە و ئاشنابوونێک دروست بێت، لە نێوان زارەوە و بنزاراوەکان، خۆشبەختانە ئەو کتێبە دڵخوازەی من ، ئەو شانسەی پێ بڕایە، بۆیە لە دڵەوە سوپاسی وەرگێڕ دەکەم.
بەگشتی لە سوید گرنگیەکی زۆر بە نووسینەکانی ( ئیمرە کیرتیز) دەدەرێت، باوەڕم وایە، تەنیا پەیوەندی بەوەوە نییە، کە “خەڵاتی نۆبڵ”ی وەرگرتووە، بەڵکو شاھێدێکی زیندوویی ھۆلۆکۆستیش بووە.
ئەو پێچەوانەی وتە بەناوبانگەکەی (تیودۆر ئەدۆرنۆ) کە دەڵێت” لە دوای ئاوشڤیتز ناتواندرێت چیتر شیعر بنووسرێت” ئیمرە کێرتیز دەڵێت ” نەخێر لەدوای ئاوشڤیتز تەنیا دەتواندرێت ئەدەب لەسەر ئاوشڤیتز بنووسرێت” خۆی ھەردووکیان گوزراشت لە گەورەیی پرۆسەی “کۆمڵکوژی جوولەکەکان” دەکەن، چونکە ئەوان ئەگەر لە ئامرازیش ھاوڕانەبن، ئەوە لە ئامانجە گەورەکە، قەت دژی یەکتر ناوەستنەوە، بۆیەش توانیان ئەو مێژووە بە زیندوویی بھێڵنەوە، نەک ھەر بۆ میللەتەکەی خۆیان، بەڵکو بۆ شەرمەزارکردنی ئەو میللەتانەش کە بەشداربوون لە کۆمەڵکوژیەکە، وەھەروەھا ئەوانەش کە بێدەنگیان ھەڵبژارد. بەڵام ئیمرە کیرتیز ووریایە، وەک خۆی دەڵێت:” ھەرگیز نەمویستووە ببم بە نووسەری گەل” لە شوێنێکیتر دەڵێت:” نامەوێت ھۆلۆکۆست بنووسمەوە، بەڵکو دەمەوێت ڕۆمان بنووسمەوە” نایەوێت دەقە ئەدەبیەکەی لەناو مێژوودا بتوێنێتەوە، بەڵکو ئەدەب بنووسێتەوە، بە بڕوای من ئاگایی نووسەر لەسەر ئەو جۆرە بابەتانە زۆر گرنگە، واتە کە لەسەر بابەتێک دەنووسی، بزانی چەند بۆ خۆت گرنگە، نەک گەرمی بازار.
دەچینە لای ناونیشانەکە و لە ڕێگەی وشەی ” چارەنووس” خوێندنەوەیەک بۆ دنیابینی نووسەر دەکەین.
با سەرەتا ئەوە بڵێم، لە مێژە بۆم یەکلابۆتەوە، کە سەرچاوەی ئەو وشەیە لە میتۆلۆژیاوە پەڕیوەتە ناو ھەندێک لە داستان ، ھۆنراوە، ئاینە ئیبراھیمیەکان و …
چارەنووس بەکوردییەکی پڕ بە پێستی وشەی قەدەرە.کە بەھۆی کاریگەری ئاینی ئیسلامەوە، پەڕیتەوە ناو زمانی کوردی و بووە بە وشەیەکی کوردی.
بۆ تێگەیشتن لە چارەنووس، دەکرێت بگەڕێینەوە سەر حیکمەتی چیرۆکە ئەفسانەکەی ” گرێی ئۆدیب” لە یۆنان، کە ئامانج تێیدا ئەوەیە، ئەوەی لەچارەت نووسرابێت ھەر ئەوەیە، ئەگەر کۆتاییەکەی بە کووشتنی باوکت و ھاوسەرگیری لەگەڵ دایکشت کۆتایی بێت، ناتوانی لەوەی بۆت نووسراوە ڕزگارت بێت.
بەڵام جوانیەکەی ئەو ڕۆمانە لەوەدا دەست پێدەکات، نووسەرێک زۆر بە ووریایی مامەڵە لەگەڵ ئەو چەمکە دەکات و بەسەر ڕابردوودا پازدەدات و لە زەمەنێکی مۆدێرن دەنشێتەوە، ڕاستگۆیانەترە ئەگەر ناونیشانەکەی بڵێم کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەو بازنەیەی کە کافکا لە ” دادگایی” بۆی دیارکردووین، لەوێ پێمان دەڵێت لەژێر سایەی دەسەڵاتێکی ستەمکار، تۆ خاوەنی خۆت نیت، بەڵکو دەسەڵات چارەنووست دەنووسێتەوە، واتە قەدەرێک لە دەرەوەی دەسەڵاتە غەیبیەکەی ناو ئەفسانە و ئاینەکان، بوونی ھەیە. بەھەڵە خوێندنەوەی بۆ مەکە؟ نووسەر لە چاوپێکەوتنێک دەڵێت” باوەڕم بە ئاین و دەوڵەت نییە” بەڵام ئەوەمان لە بیرنەچێت لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، ھاوڵاتی خاوەنی شکۆ، لە ئێستا و داھاتووێکی نادیاردا دەژی . ھەر بۆ بە بیرھێنانەوە( ئوریانا فالاچی) لە چاوپێکەوتنێک لە قەزافی دەپرسێت” تۆ باوەڕەت بە خودا ھەیە؟
معەممەر قەزافی: روون و ئاشکرایە. بەڵێ بە دڵنیاییەوە! بۆچی ئەم پرسیارە دەپرسیت؟
ئۆریانا فالاچی: لە بەر ئەوەی لام وابوو تۆ خۆت خودایت!
ئۆریانا باش دەزانێت، ئەو جۆرە دەسەڵاتدارانە، پەیڕەوی دەسەڵاتی خوایی دەکەن و، چارەنووسی ھاوڵاتیەکانیان خستۆتە ژێر دەستەڵاتی خۆیان.
پاڵەوانە بچکۆلانەکەمان دەڵێت” چما نایانەوێت ئەمە حالی ببن. گەر چارەنووس ھەبێت ئەوە ئازادی شیاو نییە…بە پێچەوانەوە گەر ئازادی ھەبێت ئەوا ھیچ چارەنووسێک نییە”
ڕێگە چارەیەکترمان نییە، جگە لەوەی پێکەوەگەشتێک، بەناو ئەو ڕۆمانەدا بکەین، بزانین کێ چارەنووسی کارەکتەرەکان دەنووسێتەوە؟ ئایە چارەنووسێکی پارچە پارچەکراوی مرۆڤێک، یەکدەگرێتەوە؟ گریمان بەچارەسەرییە دەروونیەکان لێک نزیکیش بکرێتەوە، بەڵام ئایە ھێزێک ھەیە، ئەو زەمەنەت بۆ بگەڕێنتەوە؟
نووسەر بۆ زەمەنێکمان دەگێڕتەوە، کە تەمەنی چواردە ساڵە، بە ھۆکارێک زیندانی دەکرێت، کە بەلای ئەو قەت بابەت نەبووە، ئەویش “جوولەکەبوونیەتی” کە بۆ ئەو تادەشمرێت واتایەکی نییە، بەڵام ئەو کاتە بۆ دەسەڵاتێکی نازی کە ( ھەنگاریا) داگیردەکات زۆر گرینگە، لەڕوانگەی نازییەکان لەبەر ئەوەی ئەو جوولەکەیە کەواتە مافی ژیانی نییە، ڕاپێچیی دەکەن بەرەو تاقیگەکانیان، ئیمرە لە چاوپێکەوتنێک دەڵێت:” ئاوشوێتز منی کرد بەجوولەکە” لەوێوە بێچارەنووسی کارەکتەرەکەمان دەست پێدەکات، بەڕێککەوت ھێزی سۆڤیەت ئەو ڕزگاردەکەن و دەگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگەکەی خۆی، کە لێی دەپرسن” کە گەڕایتەوە ناویان ھەستت بەچی کرد؟” دەڵێت” ڕق” ئەوەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکات، دەیەوێت ھۆکاری ڕقەکە بزانێت، نووسەر دەڵێت” پێیان ناخۆش بوو، کە ڕزگارم بوو، دیاربوو بۆ ھەنگارییەکان دەرفەتێکی باشبوو، ئێمە نەھێڵن” تۆ سەیربکە، ئەوە ڕەوشتی کۆمەڵگەیەک بێت تۆ لە نێوایانیاندا گەورەبووببیت و ڕەگت لەو نیشتیماندا ڕۆچۆوبێت، ئایەچۆن دەتوانی ژیان لە نێویاندا بکەیت؟ لە کاتێکدا دۆست و دراوسێیەکانی دوێنێت، دەستی دوژمن بگرن و ماڵە و ماڵی پێبکەن، ھەتا ژیان و ماڵ و موڵکت لێ بستێنن، ئەوە چ چارەننووسێکە؟ ئیمرە کیرتێز ھەر ئەوە دەخاتە سەر ناسنامەکەی” نەخۆم بە جوولەکە دەزانم نە بە ھەنگاری”
بۆمن زۆر خۆشبوو، کە لە دەمی پاڵەوانەکە ئەو ھەستەم خوێندەوە، کەپێشوتر کرێتیز لە چاوپێکەوتنێک باسیکردبوو، ئاخر ھەندێک ئازار وەک کووتانی خاڵ وان، لەوانەیە گونجاوتربێت بڵێم، وەک ژمارە کوتراوەکانی دەستی جوولەکەکانی، زیندانی دەستی نازییەکان وابێت” گەرەکی بوو بزانێت- چ ھەستێکم ھەبوو کاتێک بۆ وڵات گەڕامەوە و ئەو شارەم بینیەوە کە جێم ھێشتبوو؟- ،،گوتم، “ڕک” بڕێک بێدەنگ بوو… بگرە باش دەزانێت ڕکم لە کێیە، گوتم،” گشتیان”دیسانەوە بێدەنگ بوو”بێ گومان ھەمووتان دەزانن پاش ئەوەی نازییەکان دەردەکرێن، سۆڤیەتیەکان دێن، ئەوجارە چارەنووسی ” ئیمری ” دەکەوێتە دەست سۆڤیەتیەکان، ئەوە چ نەھامەتیەکە، لە نیشتیمانێک بژیت حەز لە زمان و خەڵکەکەی نەکەی؟ نەشتوانی بەجێی بھێڵی وەک خۆی باسی دەکات .سۆڤیەتیشی سەرەتا وەک ڕزگارکەرێک و پاشان وەک داگیرکەرێک سنووری ژیان و ھزرت بۆ دیاری بکەن؟ئەوە چارەنووسە یا داھاتووێکە بۆ خۆت دیاری دەکەیت؟ پاش ماوەیەک کێشەی لەگەڵ ئەوانیش بۆ دروست دەبێت، حەز لەوانیشی ناکات،.ئاخر ئیمرە کیرتێز دەڵێت:” نووسین ناسنامەی منە” کەواتە زۆر زەحمەتە نیشتیمانێکی دادپەروەر بۆ زمان بدۆزێتەوە، ھەتا ئیسرائیلی مەملەکەتی جوولەکانیش نابێت بە ماڵێک بۆ ئەو.
لە چاوپێکەوتنێک باسی ئەوە دەکات کە حەزناکات منداڵ بنێتەوە( بێ گومان ئەو پەیوەندی بە یەکێک لەو دەرئەنجامانەوە ھەیە، کە لە پاش خوێندنەوەیەک وورد، لەسەر کۆمەڵکوژییەکە دەیگاتێ)بەڵام خۆشبەختانە ھۆکار نییە، بۆ ( ماگدا)ی ھاوژینی ، چونکە ئەو چوار منداڵی لە پیاوەکەی پێشوتر ھەیە، بەڵام دەڵێت” کتێبەکانم دەمھێڵنەوە” خاڵێکی جوانە کە باوەڕی بە بەردەوامبوون ھەیە، لە ڕێگەی کتێبەکانیەوە.وەک گوتم ئەوە چارەنووسی نووسەرەکەی ئێمەیە.لە چاوپێکەوتنێک زۆر بە خراپی باسی مێژووی کۆن و ئێستای ئەوروپا دەکات، ھۆکاری ھۆلۆکۆستیش بۆ مێژووە دڕندانەکەیان دەگەڕێنیتەوە و ھەنووکەی ئەوروپاش بە پاسیڤ و لە دەرەوەی مێژوو وەسفدەکات، بەکورتیەکەی دەڵێت” ئەوروپا کاریگەری ئەرێنی لەسەر دەرەوەی خۆی نەمایە” ئەو باوەڕی وایە ” ڕک” ھەر بەردەوامە بەڵام ناسیۆنالیستە ئەوروپیەکان ، ناوەکەیان لە” جوولەکە” کردووە بە” موسلمان”، مەبەستی ئیسلامیەکان نییە، چونکە جیاوازییەکە باش دەزانێت. بەداخەوە مێژوو پێمان دەڵێت” ڕق بەرانبەر بەگروپێک، ھەمیشە ھەبووە، ھەتا ئێستاش ھەر بەردەوامە” .
پاش ئەوەیە کەمێک نووسەرە دڵخوازەکەی منتان ناسی، ئایە مرۆڤ چارەننووسی بەدەستە خۆیەتی یان نا؟
ڕۆمانی ” مرۆڤێکی بێ چارەنووس” ھێندە جوان و ڕاستگۆییانە نووسراوەتەوە، لەھەندێک شوێن وەک خوێنەر ئارامییەکەی پاڵەوانەکەمان ماندووت دەکات، بەڵام کە بە ببیرت دێتەوە پاڵەوانەکەمان منداڵێکە، دیسان بەردەوام دەبیت لە خوێندنەوەی. ئەو ڕۆمانە، وێنەیەکی تەواو جیاوازت دەداتێ لەسەر ( ئاوشفێتز- بۆشڤەڵد) ئەوانەی کە بۆ خۆی دیتیتی، وەک منداڵێکی چواردەساڵ، چۆن ھەستی پێکردووە، لەشوێنێک ئەوھا باسی سەربازە ئەڵمانەکان دەکات” دەبێت دان بەوەشدا بنێم، کە بە بڕوای من یەکزەڕە ترسناک نەبوون، بەڕەوتێکی ئارام دەھاتن و دەچوون، پاسەوانی ڕیزەکانیان دەکرد، وەڵامی پرسیاریان دەدایەوە، سەریان دەلەقاند، تەنانەت دۆستانە بەسەر شان و پشتی ھەندێکمانیان دەدا” کۆمەڵناسەکان ئەوەیان یەکلاکردۆتەوە کە منداڵ بەگشتی لە ئێستادا دەژیت، ڕەھا نییە، چونکە منداڵیش جیاوازیان تێدایە،بەڵام پاڵەوانە گچکەکەی ئێمە زیاتر لەزۆرینەی منداڵەکان دەچێت.بۆیە وەک منداڵێک چی دیتەوە ئەوە دەگێڕتەوە، لەو کاتەی لە بڵندگۆکەی ھەواڵی ئازادبوونیان بە کۆمەڵێک زمان دەگوترێتەوە، دەڵێت:” ئەمیش دروست وەکوو ئەوانی پێش خۆی، لە ئازادی بەولاوە باسی ھیچ شتێکی دیکە ناکات، تەنانەت بە وشەیەک، نە بە ئاماژەیەک باسی ئەو شۆربایە ناکات، کە وەختە سوێمان بۆی بێتەوە و بۆمان نەھاتووە” لە شوێنێکیتر وەک بڵێیت شتێکی نوێی ئاشکراکردبێت دەڵێت” بە بوێرییەوە دەڵێم، نەمبیستووە لە ھیچ شوێنێکی دیکەی جیھاندا ھێندەی نێو گرتووان باسی ئازادی بکرێت”وەک گوتم ئەوە نیشاندانی خەیاڵی منداڵێکە کە لە ئێستادا دەژی و ئەوەی پێویستی پێی ھەیە لە ھەموو شتێکی دیکەی پێ گرنگترە، برسیەتی کەواتە خواردنی دەوێت” ھەروەھا سەرتاشەکانیشی لێ بووە و سابوونیان دراونەتێ، پاشان ئەوانیش چوونەتە گەرماوەکە و لەوێدا – وەکوو بیستم- ھەمان بەلوعە و دووشی ئاوی لێ بووە، لێ لەوێدا لە جیاتیی ئاو، گازیان بەسەردا پژاندوون” بێ گومان ئەوە یەکلابۆتەوە کە گازیان بەسەر جوولەکەکاندا پژاندوو، بەڵام پاڵەوانە بچکۆلانەکەی ئێمە ئەو ڕاستیە نازانێت، بۆیە دەڵێت” وەکوو بیستم” ئەوە گرنگی گێڕانەوەیە، چی دەبینیت و چی دەبیستیت لێک جیابکەیتەوە. ” ئەمە ئەو شوێنەیە، کە لە ئاوشفتزدا باسیان لێوە دەکرد، شیر و کەرە دەرخواردی دەدرێن تاوەکوو – بۆ نموونە- ھەموو ئەندامەکانی ناوسکیان بۆ لێکۆڵینەوە و کەلکی زانستی دەر دەھێنن. لێ دیارە ئەمە تەنێ بۆ چوونێکە” وەک گوتم نووسەر لە زۆر کەس ڕاستیەکان باشتر دەزانێت بەڵام ئەو دەیەوێت ئەو کاتمان بۆ بگوازێتەوە کە بەخۆی دیتیتی و بیستیتی، بۆیە زۆر بەڕاستگۆیانە دەڵێت:” تەنێ بۆچوونێکە” بە بڕوای من ئەو جۆرە ڕاستگۆییە پێگەی نووسەر و نووسین بەرزتر دەکاتەوە، چونکە منداڵێک کە کۆمەڵێک لێکدانەوە ببینێت، نایەت یەکێک ھەڵبژێرێت و بیکات بە یەقین، ئەگەر بەڵگەی بە ھێزی نەبێت، بۆیە گرنگە وەک بۆچوونێک ئاماژەی پێ بکات و خۆی ناکات بەشارەزا.
ئەو ڕۆمانە، ھەموو ئەو تێڕوانینە کەم زانیارییانەی بەشێک لە ڕەخنەگرانی کوردی ھەڵدەوەشێنتەوە، کە بۆ کەمکردنەوەی کتێبێک وشەی “ژیاننامەی نووسەر” بەکار دەھێنن، ئیمرە لە چاوپێکەوتنێک دەڵێت” دوای چەندان ساڵ، لەخەیاڵی نووسینیبووم ، ھەتا ڕۆژێک ڕۆمانی ” نامۆ”ی ( ئەلبێرت کامۆ) دەرگایی خەیاڵیکردمەوە، سێزدە ساڵی پێچوو تا لەو ڕۆمانە تەواو بووم” بەدڵنییایەوە ئەو تەکنیکە بەرزە، پێویستی بە کاتێکی زۆرە، ئەمن تێبینم کردیە، بەشێک لە خوێنەر و ڕەخنەگرەکانمان نووسینەوەی ھەقیقەت و ژیاننامە لێک جیاناکەنەوە.
جارێک لە کۆڕێکی ( susanna alakoski ) بووم، گوتی:” زۆریان نووسی و گوت کە ڕۆمانەکەم ژیاننامەی خۆمە، ھیچم نەگوت، تا ڕۆژێک بێتاقەتبووم بە ڕۆژنانەمەنووسێکم گوت” تێگەیشتم، بەڵام ئایە ڕۆمانە یاخود نا؟” بە بەڵێ وەڵامی داوە، گوتم ئێ تەواو” وەک گوتم ھێندەی بەدوای ئەوەن بە وشەیەک یا بە ڕێنووسێک نووسینەکە بکوژن، ئەوە بەدوای ئەوەنین بزانن نووسەرەکە چی پێبەخشیوون، بێگومان ئەوەش پاشماوەی مالوێرانی شەڕە ئایدلۆژییەکانە، وەک ئەو، بەزەوقی ئەو نەنووسیت، کەواتە نووسینەکەت باش نییە و لە تەکنیکی ھونەری ڕۆماننووسی نازانیت.ڕاستە ڕۆمانی ” پیاوێکی بێچارەنووس” ژیاننامەی ( ئیمرە کیرتێز) ە بەڵام کتێبێک نییە، نووسەر بە چەند دەمژمێرێک کۆتایی پێ ھێنابێت. بەلای منەوە گرنگی ئەو ڕۆمانە لەوەدایە، دەروونی منداڵێکت بۆ شیدەکاتەوە کە لەژیر کاریگەری جەنگ و زینداندا ژیاوە. ڕۆمانێکە بە ووردی باسی شێوازی بیرکردنەوەی جووەکانت بۆ دەکات” گرنگ ئەوەیە نائومێد نەبین، چوون شتەکان بە شێوازێک بەسەر دەچن” بوونی ئەو ھیوا و ئومێدە بناغەیەکی گرنگی کەسایەتی جوولەکە دروستدەکات، بۆیە( سیگمۆند باومان) کە یەکێکە لە کۆمەڵناس و بیرمەندە گەورەکانە، خەڵک بەگشتی بۆ ئەو خاڵە ھاندەدات و دەڵێت:” لە ھۆلۆکۆستیش خەڵک بێ ھیوا نەببوو” بێ گومان پاڵەوانی ئەو ڕۆمانەش لەگەڵ گواستنەوەی ئازارەکان ئەو ھیوا و ئومێدەمان بۆ دەگوازێتەوە” خۆکوژەکان، ئەمانیش دەگمەن بوون” دەسەڵاتی ستەمکار لەو ھیوا و ئومێدە زۆر دەترسێت، بڵاوبوونەوەی بێ متمانەیی و ڕەشبینی گەورەترین سەرکەوتنە بۆ ئەو، بۆیە وەک ( داڤید بنگۆرین) گوتەنی:” ئەگەر چووی بۆ لای یەکێک وشەی موستەحیلی بەکارھێنا، بەجێی بێڵەو بڕۆ لای یەکێکتر” ئەگەر لێرە شوێنیشی نەبێتەوە، ئەو ڕستەیە دەڵێم، بەداخەوە بەشێکی زۆر لەو نووسەرانەی دژە دەسەڵات، بێ ئومێدی بڵاودەکەنەوە، بۆیە کاتیان ھاتووە، بۆ وەرگرتنەوەی کۆمەڵێک وەڵام پشتیان لێ بکەین و بچینە لای کەسانیتر، چونکە ھیچیان پێ نەماوە.
زۆر حەزدەکەم زیاتر باسی ئەو ڕۆمانە جوانە بکەم، ڕاستیەکەی وەرگێڕانی کتێب ڕادەی و زیرەکی وەرگێڕ نیشاندەدات، بۆیە زۆر سوپاسی بەڕێز( ڕووناک شوانی) دەکەم.کارێکی زۆر گرنگی کردووە.وەرگێڕ لە بەراییەکە دەنووسێت” ڕەنگە ھاندەرم بۆ وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە، جگە لە ناوەڕۆکە ئینسانییەکەی، ئەوە بێت، کە لە نێو دێڕەکانیدا پڕۆسەی قڕکردنی کورد( ئەنفال) م لە لا بەرجەستە دەکات” ھاوڕای وەرگێڕم، لە نێوان دێرەکان، بۆ ئەوەی لە ئازارەکان بگەین، دەبێت لە ھونەری گێڕانەوە لێھاتووبین، جوولەکەکان جگە لەوەی خاوەن سەدان کاری گرنگن لەسەر کۆمەڵکوژییەکەیان، ئەوە ھەتا ئێستا پێنج کەسیشیان لە ڕزگاربووانی ھۆلۆکۆست خەڵاتی نۆبلیان وەرگرتووە.

Previous
Next
Kurdish