Skip to Content

گفتوگۆی کامەران حاجی ئەلیاس لەگەڵ نووسەر و توێژەر “شوکر سلێمان حەمەد”

گفتوگۆی کامەران حاجی ئەلیاس لەگەڵ نووسەر و توێژەر “شوکر سلێمان حەمەد”

Closed
by تشرینی دووه‌م 5, 2023 General, Literature

شوکر سلێمان: ئەوە مرۆڤەکانن رەوڕەوەی مێژوو ئاراستە دەکەن
شوکر سلێمان: مرۆڤ چەقی رووداوەکان و مێژووە

نووسەر و توێژەر “شوکر سلێمان حەمەد” لە ساڵی 1969لە شاری هەولێر لەدایک بووە دەرچووی بەشی کۆمەڵزانی/ کۆلیژی ئاداب/ زانکۆی سەڵاحەدین. ئەو لە ساڵی 1993 هاتۆتە ناو جیهانی نووسینەوە شارەزاییەکی باشی لە رێنووسی کوردی هەیە ماوەیەکی زۆر لە چەندین گۆڤارو رۆژنامەکان کاری هەڵەچنی کردوە،هەرلەوساتەوە دەستی بەکاری نووسین کردوە،بابەتەکانی لە گۆڤارو ڕۆژنامەکان بڵاوکردۆتەوە، لە ئێستاد خاوەنی حەوت کتێبە لە بواری مێژوو و فەلسەفە و دەروونزانی، وە چەندین کتێبی تری ئامادە بۆ چاپکردن. بە چەند پرسیارێک ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵیدا ئەنجام دا

هەڤپەیڤین – کامەران حاجی ئەلیاس

  • دنیابینی نووسینی تۆ لە چییەوە سەرچاوەی گرت؟
  • من هەر لە منداڵی کە قوتابی پۆلی شەشی سەرەتایی بووم لە گوند، یەکەم پەرتووکم کە خوێندەوە، هەستێکی ئەدەبی لەناخمدا چەکەرەی کرد، ئەوکات حەزم لە هۆنراوە و لە چیرۆکی بەرئاگردان و ئەو سەربردانە بوو کە گەورەکان دەیانگێڕایەوە، لە بەختی منیش هەرچیم گوێ لە لێ دەبوو لە گۆرانی و حەیران و چیرۆک و ئەو هەقایەتانە، هەرهەموویم بەبێ کەم و زیاد لەبەردەکرد و بۆ خوشک و براکانم دەگێڕایەوە، ئەو کات گوێیەکی مۆسیقیم هەبوو، هەستم بەو ئەودەقانە دەخرۆشا، بەرە بەرە کەوتمە نێو دنیای خوێندنەوە، هەر ئەوەش وای کرد لە تەمەنێکی زوو دەست بکەم بە هۆنینەوەی هەندێ وشە کەخۆم ناوم نابوو شیعر، بەڵام دواتر و دوای چوونە زانکۆ، بەتایبەتی کە من لە بەشی کوردی لە زانکۆکانی عیراق و کوردستان بێهیوابووم و لە بەشی کۆمەڵزانی وەرگیرام، ئیتر خووم دایە دنیای پسپۆڕی خۆم، بەڵام ئەوە بەو واتایە نەبوو کە دەست هەڵبگرم لە دنیای ئەدەبی، من نزیکەی چل لێکۆڵینەوەم لەسەر شیعر و چیرۆک و رۆمانی کوردی لە گۆڤاری رامان و کاروان بڵاوکردووەتەوە، دەیان خوێندنەوەم بۆ رۆمانی کوردی کردووە، ئێستاش چوار کتێبم لەسەر رەخنەی ئەدەبی ئامادەیە بۆ چاپ، بەڵام لێت ناشارمەوە دنیای کۆمەڵزانی بۆمن لەپێشترە، لەو بوارەدا کارێکی باشم کردووە، چ لە بواری وەرگێڕان چ لە بواری نووسین، چەند کتێبێکم ئامادەیە بۆ چاپ.
  • هەمەلایەنەی نووسینی تۆ بۆچی دەگەڕێتەوە؟باشتر نییە نووسەر لەیەک بوار بنووسێت؟
  • رێک وایە نووسەر لە مەیدانێک ئەسپی خۆی تاوبدات زۆر باشترە، بەڵام من شەنسم لەمەدا نەبوو، خۆم لە سەرەتادا خوولیایەکی زۆرم بۆ دنیای ئەدەبی هەبوو، ئەم خووە ئێستاش لەگەڵم ماوەتەوە و بەرۆکی بەرنەداوم، نایشارمەوە هەندێ لە نووسین و کتێبەچاپرکراوەکانم بە راسپاردن و راساندن بووە، ئەمەش وای کردووە زیاتر من پەرت ببم و هەندێ جار خۆشم ناناسمەوە کە سەر بە چ بوارێکم.
    *کارکردن لەنێو دنیای مێژوو کارێکی ئاسان نییە، ئێوە چەند کتبێکتان لەسەر مێژوو هەیە، چی تۆی خستە نێو ئەو بوارەوە؟
  • زۆر راستە، وەکو دەڵین مێژوو خوێی زانستە، هەموو کایەو بەش و بوارێکی نووسین بەبێ مێژوو باری لەنگە، من لەرێگەی وەرگێڕانی سێ پەرتووک ئەویش بە راسپاردن بوو، تەواوێک کەوتمە نێو دنیای مێژوو، بەڵام خۆم لە قەرەی نووسینی مێژوو نەداوە، بەڵام لەو بوارەش بێ ئەرەزش نەبوومە و سێ کتابی چاپکراوم هەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەند کاتابێکی دیکەشم ماوە چاپیان بکەم، هەندێکی بە راسپاردن بووە و هەندێکیش بەرهەمی خۆمە.
  • بەبۆچوونی ئێوە کێ مێژوو دەنووسێتەوە، سەرکەوتوو یان دۆڕاو؟
  • نامەوێ فاڵ بگرمەوە، هەموو کەسێکیش بەهانەی هەیە بۆ سەرکەوتن و دۆڕانەکانی، بەڵام لەو بارەیەوە تەنیا قسەیەکی دکتۆر کەمال مەزهەر دەهێنمەوە کە جارێکیان لە چاوپێکەوتنێک گوتی: ((هەواڵیان بۆ ناپلیۆن هێنا کە یەکێک لە ژەنەراڵەکانی بەرەی جەنگی فەرنسا کوژراوە، ئەویش گوتی ژەنەراڵ پێش ئەوەی بمرێ چی گوت، گوتیان گەورەم تا مرد بەدەم برینەکەیەوە دەیناڵاند، ناپلیۆن بە مێژوونووسەکەی خۆی گوت بنووسە ژەنەراڵ تا مرد گوتی بژی ناپلیۆن پۆناپارت، بەڵام مێژوو لە کۆتاییدا راستی ئەو قسەیەی یەکلایی کردەوە.))

*(دەستەواژەی مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە) ئایا مێژوو رووداوەکان دووبارە دەکاتەوە، یان مرۆڤەکان یان هەردووکیان بەیەکەوە؟

  • دەبێ ئێمە ئەو راستییە بزانین کە مێژوو و هەموو کایەکانی دیکە لە رێگەی مرۆڤەکانەوە ئاراستەدەکرێن، گەر مرۆڤ نەبێ، دواجار هەموو ئەو شتانە شتانێک نین شایەنی باس بێت، بۆیە مرۆڤ چەقی رووداوەکان و مێژووە، ئەوە مرۆڤەکانن رەوڕەوەی مێژوو ئاراستە دەکەن، هەر ئەوانیشن رووداوەکان دووبارە دەکەنەوە، بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت مرۆڤ لە دوو بەش پێکهاتووە، ماددە و واتا، ئەگەر لایەنە ماددیەکە چەندە کاریگەری هەبووبێت، ناکرێ لایەنی واتایی پشتگوێ بخەین لە ئاراستەکردنی رووداوەکان.

*بوارەکانی دنیای نووسینی تۆ رەنگاو رەنگە، دەکرێ ئاماژە بە نووسین و چاپکراوەکانت بکەیت؟

  • من سێ کتێبی مێژووییم بە چاپ گەیاندووە بە ناونیشانی (مێژووی ئەوروپا لە شۆڕشی فەرنسییەوە تا ساڵی 1950) هەروەها (کورد و کوردستان لە دیدی گەڕیدە و ولاتناسە موسڵمانەکان) هەروەها (رۆژگارەکانی فلیپی لە عیراق).)
    لە بواری دەروونزانی کۆمەڵایەتی کتابێکم بە چاپگەیاندووە بە ناونیشانی (بووژانەوەی سایکۆلۆژییەتت لە ژیاندا).
    لە بواری فەلسەفە کتابی (فەلەسەفە بە زمانی ساکار)م چاپکردووە.
    لە بواری ئەدەبی نۆڤلێتێکم چاپکردووە بە ناونیشانی (ئێوارەی چاوەڕوانی).
  • وەکو نووسین پرۆژەی داهاتووتان چین؟
  • ئەوەی راستی بێت لە ئێستادا چەندین کتێبم ئامادەیە بۆ چاپ بەو هیواییەی دەزگایەکی چاپ هاوکارمان بێت بۆئەوەی بیخینە بەردیدەی خوێنەران کتێبەکانیش بریتین لە :
  • لەبارەی رەخنەی ئەدەبییەوە… وەرگێران و ئامادەکردن: چوار بەرگ ئامادەیە بۆ چاپ.
  • کوردی قەیموری، نووسینی: جوتیار تەمەر سەدیق، وەرگێڕان.
  • سەرقەڵەمێک لەبارەی توێژینەوەی زانستییەوە، ئامادەکردن.
  • چۆن باشتر بژین: کتێبێک لەبارەی گەشەپێدانی مرۆییەوە، ئامادەکردن.
    . – چەندان لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و مێژوویی

Previous
Next
Kurdish