Skip to Content

ئایدیای پێشکەوتن وەک دواکەتن.. ستیڤان شەمزینی

ئایدیای پێشکەوتن وەک دواکەتن.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 23, 2024 General, Opinion

خاڵی ھەرە بەھێزی سرووشتی مرۆیی کە لە کۆی ئاژەڵەکانی تر جودای کردووەتەوە توانای تێپەڕاندنی دۆخی خۆیەتی، تێپەڕاندنی ھەر دۆخێکیش کۆمەڵێک لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرھەنگیی بە دوای خۆیدا ھێناوە، بۆ وێنە لەگەڵ سەرھەڵدان و دەستپێکی شۆڕشی کشتوکاڵیدا مرۆڤ لە باری کۆچەرییەوە بەرە نیشتەجێبوون رۆشت، ئەمەش ژیانی گوندنشینی لێکەوتەوە، لەگەڵیدا مرۆڤ لە رووی ژیار و ژیانەوە تەکانێکی گەورەی بەرەوپێشەوە دا و خۆی لە زۆر جەبری سرووشتکرد راپسکاند، وردە وردەش شارستانی و نووسین و نۆرمێک لە پەرستگا و ئاینی پێشکەووتر لە تەومپەرستی و دەوڵەت شاری دامەزراند کە زۆرێک لەوانە لە دوماھیدا بوون بە ئیمپراتۆریا مەزنەکانی نێو دیرۆک لە چەشنی ئەو ئیمپراتۆریا پانوپۆڕ و ھەژموونخوازانەی بە رۆخەکانی میزۆپۆتامیا و دۆڵی نیل لە ھەزاران ساڵ پێش زایینەوە ھاتنە ئارا. لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازیشدا مرۆڤ توانی تەکانێکی زۆر گەورەتر بدات بۆ پێشەوە ئەویش بە پێشخستنی ئامێر و داھێنانە زانستییە یەک لە دوای یەکەکانی لە ماوەیەکی پێوانەیی و زۆر کورتدا، مارکس لە کتێبی “ھەژاریی فەلسەفە”دا نووسیوویەتی: (ئاشی ھەوایی کۆمەڵگەی فیوداڵی بەرھەمھێنا، ئاشی ھەڵمیش کۆمەڵگەی سەرمایەداریی پیشەسازیی بەرھەم دەھێنێت). ئەم جارە لێکەوتەکانی ئەم پێڤاژۆ دیرۆکییە بە ئەندازەی پێشکەوتنەکان فراوانتر بوون، مرۆی لە دەستە و گروپی کۆمەڵایەتییەوە بەسەر تاک کەسدا دابەشکرد لە فۆرمی پڕۆلیتاریادا، ھاوکات سەردەمی ژیان لە میترۆپۆڵەکاندا بوو بە دیاردەیەکی ھەمەکی.
ھەموو ئەو پێشکەوتنانەش لە سایەی ئاوەزی مرۆییەوە بەرھەم ھاتن. ئەمەش وایکرد بە تایبەت لە دیکارت بە دواوە ئاوەزسەنتەریی ببێتە جێگرەوەی ھەر شتێک. لەم نێوەندەدا لەگەڵ سەردەمی رۆشنگەرییدا (بەناولێنانی کانت) ئایدیای پێشکەوتن کە بەرھەمی (بوێریی بەکارھێنانی عەقڵ)ە، بوو بە تێڕوانینی زاڵ بەسەر کۆی ھزری مرۆییدا لانیکەم لە ژیاری خۆرئاوادا. ئیدی بە پێی روانگەی ئەم ئایدیایە تاکو زانست و زانیاریی بەرەو پێشەوە بڕۆن مەوداکانی ئازادیی و خۆشگوزەرانی بەرفرەتر دەبن، فەیلەسووفە رۆشنگەرەکان زۆرترین جەختیان لەوە دەکردەوە بە پێشکەوتنی زانست مرۆڤایەتی دەگاتە ئاستێکی بەرز لە ئازادیی و خۆشبەختی!. بە شێوەیەک لە شێوەکان رزگاربوون لە ھەر بەربەست و نادادییەک بەسترایەوە بە راددەی پێشکەوتنی زانست و زانیارییەوە، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان بەزین و کورتھێنانی ئەم ئایدیا زاڵە دەبینین. تەنانەت ئەو ئازادییە فەراھەمکراوەی ئەمڕۆکە ھەیە و لە ئارادایە جێگەی رەخنەی توندە، چوونکە دژی رۆح و بەھا مرۆییەکان وەستاوەتەوە، ژان بۆدریاری فەیلەسووفی فەڕەنسی باس لەوە دەکات سەردەمی مودێرنی ھەنووکە سەردەمی پۆست ئازادییە و مرۆڤ تا دوا توانستی خۆی بەشێوەیەکی زێدەڕۆییانە دەستی بە ئازادیی گەشتووە، وەک بڵێی ئەم ئیمکانە بەرزەی ئازادیی ئاوس بێت بە نائازادیی.
رەنگە ھەڵە نەبێت ئێمەش ئەم قۆناغە کە پۆست مرۆڤایەتییە بە نامرۆڤایەتی ناوەزەد بکەین. سەرنج بدەن پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بە جێگەیەک گەشتووە کۆتایی بە مرۆڤ ھێناوە، ئێستا من ناتوانم بڵێم ئەمە باش یان خراپ، تەنێ ئەوە دەزانم ئەم توانستە زانستیی و تەکنۆلۆژییە بەرفراوانەی مرۆڤ تەنانەت لە رەھەندی بیۆلۆژییەوە پەرەی پێداوە، خودی مرۆڤ دەپەڕێنێتەوە بۆ بوونەوەرێکی تر، جا نازانم ئەو بوونەوەرە مەیمونی برۆبۆسیسە یان دەبێتە ئەو خودایەی HOMO DEUS لە ھەنووکەوە یوڤاڵ نوح ھەراری مزگێنی پێداوین. من دژی پێشەوەچوونی زانست و تەکنۆلۆژیا نیم، بەڵام ناکرێت پرسیار نەکەین سەرئەنجامی ئەو ھەموو پێشکەوتنە ئامێرییە کە مرۆڤ بەرەو بوونەوەرێکی سایبۆرگی دەبات (تێکەڵاوکردن و ئاوێتەکردنی مرۆڤ وەک ئۆرگانیکێک لەگەڵ ئامێر وەک دروستکراوێکی بێ گیان) بەرەو کوێمان دەبات؟. ئاخر مرۆڤی لەم تیپە نوێیەدا Homosapien ئەوەندە تەماعکارە ھێشتا دەیەوێت ژیرتر بێت وەک لەوەی ئێستا ھەیە، بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە خەریکە جیھان بەسەر خۆیدا دەڕوخێنێت لە رێگەی بەکارھێنانی ئەو ئاستە بەرزەی ئاوەزەوە بەدەستی ھێناوە و ھەر بەردەوامیشە لە بەدەستھێنانی ژیریی زێدەتر. فەیلەسووفی ئەڵمانی (مارتین ھایدگەر): جەختی لەوە دەکردەوە زانست بیر ناکاتەوە، ئەمە ئەگەر فاکتێک بووبێت بۆ سەرەتای سەدەی بیست، ھەڵە نییە ئەگەر ئێمە لە چارەگی یەکەمی ئەم سەدەیەدا بڵێین چیتر زانست بیر دەکاتەوە و دەزانێت چۆن چۆنیش خۆی پەرە پێبدات. زانست چیتر کوێر نییە، چاوساغی جیھانێکی خاڵی کراوەیە لە مرۆڤ و بەھاکانی، سەرکردایەتی شۆڕشی ئامێرەکان دەکات دژ بە مرۆڤایەتی. ئەگەر لە سەدەی رابردوودا ئەنجامی پێشکەوتنی تەکنیک و بۆمبی ئەتۆمی چیتر بوو نەووبێت جگە لە ھۆلۆکۆست و ھێرۆشیما و ھەڵەبجە؟ بێ دوودڵی لەم سەدەیەدا بەرئەنجامی تەکنۆلۆژیا و شۆڕشی ھۆشمەندیی دەستکرد لە مرۆڤخستنی مرۆڤە، ئەو پێشکەوتنە مەزنەی مرۆڤ لە ژیاندا پێی گەیشتووە، ھێشتا ھیچ نییە، تەکنۆلۆژیا نەخشەی پێیە بۆ گەیشتن بۆ سەر ئەستێرانی دیکە، بەڵام ھێشتا کلیلی خۆشبەختی دانەھێناوە کە لای من خۆشبەختی بنچینەیە نەک پێشکەوتن، خۆشبەختی ئامانجە و داھێنانەکان ئامڕاز.
ئایدیای پێشکەوتن و نوێکاریی کە لانیکەم لە فەلسەفەی گریکییەوە ئامانج بووە و مرۆڤی بۆ ھاندراوە، پاشتر دروشمی بۆ پێشەوە، بێ ئاوڕدانەوە ھەر بۆ پێشەوە، ھەمیشە بۆ پێشەوە. بوو بە ستوونی فەلسەفەی رۆشنگەریی لە دیکارتەوە تا ئێستا. لە دۆخی کوردیشدا لەگەڵ دەسپێکی سەدەی بیستەم وەک ئایدیایەکی رۆمانسیی بە بێ ھیچ خستنە ژێر پرسیار و گومانکردنێکەوە دەبێتە ئایدیایەکی زاڵی جڤاتی کوردیی، ئەمە ئەو کۆنتێکستەیە گووتاری رۆشنبیریی (شیعر) و رۆژنامەوانی کوردیی لە دەوری ئامانجێکی سەرەکی دەخولێتەوە کە بریتیین لە پێشکەوتن و تازەگەریی (دیارە لە فۆرمە کوردییەکەیدا)، لە ناو ئەم دیسکۆرسەدا، کەسانی وەک شێخ نوری شێخ ساڵح پەیدابوون، وەک دیاریشە شێخ لە پەنا (گۆران)دا بە نوێکەرەوەکانی شیعری کوردیی دادەندرێن، چاوی ھیوای بڕیوەتە نەوەی نوێ، ئەو نەوەیەی بەر تیشکی پێشکەوتن کەوتووە و ژیان دادەمەزرێنن، لێرەدا بە قووڵی دیقەت لە ناواخنی ئەم دێڕە شیعرە بدەن: (سوبحەینێ ئەم تەجەددودە بۆ تۆیە ئەی شەباب.. بۆ تۆیە ئەی ئومێدی وەتەن خادیمی حەیات), خۆ ئەگەر دیقەت بدەین زۆرینەی بڵاوکراوە و رۆژنامە و کۆوارەکانی ئەو سەردەمە دوو وشەی لێکدراون و دووەمیان نوێ یان تازەیە. لە نموونەی بڵاوکراوەکانی دەنگی گێتی تازە، گۆڤاری رۆژی نوێ و رۆشنبیری نوێ و نووسەری نوێ، رۆژنامەی کوردستانی نوێ و پێشکەوتن و بۆپێشەوە ھتد.. تا ئەوەی مێجەرسۆن کاتێک لە ساڵی ١٩١٩دا یەکەمین چاپخانە لە سلێمانیدا دادەمەزرێنێت، ئەم رووداوە ناکرێت وەک پێشکەوتنێک بیری لێ نەکرێتەوە، ھەر لەم سۆنگەوە ھەمان ساڵ لە ھەمان چاپخانە رۆژنامەیەک بە ناوی (پێشکەوتن) دەردەکات.
جیا لەمەش ھەندێک ناوی میتافیزیکی چەشنی رۆژنامەی تێگەیشتنی راستی کە ئینگلیز دەریکردووە (مودێرنە عەقڵانییەت و راستیی بە یەک چەمک سەیر دەکات) یان بڵاوکراوەی رۆژ (خۆر) یاخۆ گۆڤاری رووناھی کە پێچەوانەی تاریکییە، بەڵام ئایا بە رەھایی تاریکیی خراپە؟ کاتی وەڵامەکەیە: بێگوومان نەخێر. ئەم ئایدیایە لە رۆشنگەرییەوە ھاتبوو،ھەر شتێک نوێ بوو یان ھەر جۆرە پێشکەوتنێک لە خۆیدا ئەرێنییە، ئەم دیدگایە زیانێکی گەورەی بە کورد گەیاند چوونکە پشتی کردە شتە کۆنەکانی خۆی کە نیوەیان بە کەڵکی ئێستاش دێن، ھاوکات بە سینگێکی کراوەوە پێشوازیی لە ھەر دیاردە و تەکنیک و ستایلێکی تازە کرد بە ھەموو لایەنە نەرێنییەکانەوە. دەبێت بەم روانگە کاڵەی خۆماندا بچینەوە، مەرج نییە ئەوەی نوێ بوو بە پێداویست سەر بە باشە بێت، یان ئەوەی کۆن بوو چیتر سوودی نەمێنێت، ئەمە مامەڵەیەکی مەسرەفگەرایی و کاڵاپەرستییە دەرھەق بە کولتوور. تەنانەت نەوەی نوێ ھیچ مانایەکی پۆزەتیڤی نییە، لەوانەیە ئەم نەوە نوێیە پەیامھێنی ستەمکارییەکی نوێ و دڵڕەقانەتر بێت، وەک لە نموونەی حزبی بەعس و ئەزموونی کوردستانی باشووردا بینیمان. ئەدۆنیس لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی بۆ لینین پۆشکین بەھای زیاتر بوو لە شاعیری شۆڕش مایاکۆیفسکی؟ دەڵێت: لینین لە ھونەردا لایەنگری کۆنەکان بوو، بەڵام لە دیدگا و تیۆرییدا لایەنگری تازەکان. من نامەوێت باز بدەم لەسەر بناغەیەکی بۆش، زۆرتر لەسەر بابەتێک دەوەستم، نامەوێت پێ بە پێ لەگەڵ بیر و فەلسەفەی رۆژئاواییدا بڕۆم، ھاوچەرخێتی کۆپیکردن نییە، ئەوەیە تێبگەیت پێویستییەکانی کۆمەڵگەکەت چییە کە ھێشتا مودێرنێتە بە تەواویی نەھاتووەتە ناوییەوە، تا مشتومڕی پۆست مودێرنە بکەین، بە کورتی بیبرمەوە ئەگەر پۆست مودێرنە رەخنەی ریشەی مودێرنە بێت، پۆست مودێرنە کەوتووەتە کوێی کۆمەڵگەی ئێمەوە؟. لایەنگری نەریت نیم، چوونکە بۆ تێپەڕاندنی نەریت دەبێت سەرەتا مودێرنە قەبوڵ بکەین.
تەنانەت خودی خۆم چەپێک کە سەرەتای بیرکردنەوەی سیاسیی و ئایدۆلۆژیم لە کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە دەستم پێکرد، ئەوسا و ئێستاش دژی ئەو تێز و بیرکردنەوەیە بووم کە کۆمۆنیزمی کارگەریی زیاتر خۆی وەک نوێنەری شارستانی خۆرئاوا لە خۆرھەڵاتدا پێناسە دەکرد. دیقەت بدەن مەنسور حیکمەت وا بیری لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی دەکردەوە پارتێکی رۆژئاواییە و کۆمۆنیزمە کۆنەکە نییە، تەنانەت لە وتارێکی زارەکیدا کە دواتر بەناونیشانی (ئایا دەکرێت کۆمۆنیزم لە ئێران سەربکەوێت؟)، لە لاپەڕە ٥٠٧-٥٤٠ پاشکۆی یەکەمی (بەرھەمە ھەڵبژێردراوەکانی مەنسور حیکمەت)دا بڵاوکراوەتەوە و کاوە عومەر وەریگێڕاوە بۆ کوردیی، بە روونی باس لەوە دەکات حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لە ناو ریشە ھزریی و فەرھەنگییەکانی رۆژئاواوە ھەڵقووڵاوە و دەڵێت: (لە ئێراندا بە سەرکەوتنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی شارستانێتی رۆژئاوا سەردەکەوێت). منیش لە کتێبی شارستانی کۆلاپسدا بەشێکی سەرەکیم تەرخانکردووە بۆ کەوتن و کۆتایی شارستانێتی خۆرئاوایی، ئەگەرچی دیسکۆرسی نازیزم و فاشیزم لەسەر بنچینەی رەتکردنەوە و شکستی شارستانی خۆرئاوا خۆی رۆنابوو، بەڵام لە خۆیدا پەیدابوونی نازیزم و فاشیزم بەڵگەیەک بوو بۆ ئەو کەوتنە نەک بە پێچەوانەوە، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا فەیلەسووفانی قوتابخانەی فرانکفۆرت لە پێش ھەموویانەوە ڤاڵتێر بنیامین باسیان لە شکستی پڕۆژەی رۆشنگەریی و مودێرنێتەی خۆرئاوایی کرد، ئەوان تێبینییان کردبوو شارستانێتی رۆژئاوایی پێچی کردووەتەوە بە لای فاشیزم و نازیزمدا، چەند ساڵ پێشتر و بەدیاریکراویی لە ساڵی ١٩١٨دا لەگەڵ کۆتایی جەنگی یەکەمی جیھانی، فەیلەسووفی ئەڵمانی ئۆسڤالد شپێنگلەر لە کتێبێکی دوو بەرگیدا بە ناوی (داڕمانی رۆژئاوا- Der Untergang des Abendlandes) جەختی لەسەر ئاوابوونی ژیاریی و کولتووری رۆژئاوا دەکردەوە.
ھەروەک چۆن فەیلەسووفی ھاوچەرخ میشێڵ ئۆنڤرێ لە کتێبی (داڕووخان- Decadence) بەشێوەیەکی کۆنکرێتی ھەرەسی شارستانێتی خۆرئاوایی بونیادنراو لەسەر میراتی بایبڵ و یۆنانییەکان دەخاتە ڕوو، ئەو لە کتێبەکەیدا تیۆریزەی نەزۆکی ئەو ژیارە و پیربوونی رادەگەیەنێت کە لە ھیچتر ناچێت جگە لە پڵنگێکی کاغەزیی. جیا لەوەش کێشەی ئێران ھێنانی شارستانێتی رۆژئاوایی نییە و سەرکەوتنی ژیاری رۆژئاوایش بە ھیچ کلۆجێک ھاومانای سەرکەوتنی پڕۆلیتاریا نییە بەشێوە فرەڕەھەندەکەی. ئێمە تا دەمێکی نزیک پڕۆژەمان زۆرتر بە رۆژئاواییکردنی کۆمەڵگە بوو بۆیە نەمانتوانی ھەنگاوی سەرکەوتووانە بنێین چوونکە ھیچ خوێندنەوەیەکمان بۆ کۆنتێکستی کوردیی نەبوو. کێشەکە ئەوەیە دیموکراسی لیبراڵیزمی خۆرئاوا بکەینە قەرەوێڵەکەی پرۆکرەست و قاڵبێکی ئایدۆلۆژیی و ھەموو شتێک لەو روانگەوە ھەڵبسەنگێنین، بە پوختەکراویی پڕۆژەی پێشکەوتنی فەرھەنگی و زانیاریی بریتیبوو لە ئەوروپایزەکردن کە ئەمەش ناکۆکی جەوھەریی لەگەڵ خواستی کۆڵۆنیالیزمدا نەبوو، گریمان سیستمێکی فەرمانڕەوایی زۆر باش و ھارمۆنی لە رۆژھەڵاتی ئاسیا یان لە ناوەڕاستی ئەفەریکا دروستکرا، بەڵام لە رووی فۆرمەوە لە دیموکراسی رۆژئاوایی نەچوو، ناکرێت بڵێین ئەزموونێکی خراپە، با ھاووڵاتیانیش لێی رازی بن. دیموکراسی و بەھا رۆژئاواییەکان ئەزەلی نین و بە پێچەوانەی تێڕوانینی فۆکۆیاماوە مێژوو قوفڵ ناکەن، ئەوەی روونە دیموکراسی و لیبرالیزم لەناو پرۆسەیەکی مێژووییدا ھاتوونەتە ئارا، مێژووکردن نەک خۆڕسک، ھەر کەسی تر دەتوانێت بەھای باشتر دابھێنێت بە تایبەت لەو کاتەی بەھاکانی رۆژئاوا نوزەیەکی کەمیان تێدا ماوە بۆ مرۆڤایەتی، خۆ ئەگەر تا کۆتایی سەدەی بیستەم سیستمی خۆرئاوایی باشترین بووبێت ئێستاکە وا نییە، ناڵێم ئەڵتەرناتیڤ ھەیە، بەڵام ئەگەر دروست نەکرێت سەردەمی دیستۆپیاکان دێن، من ئیسلامگەرام ناوێت تەنانەت کۆمۆنیزمی باو و ئەزموونکراویش رەتدەکەمەوە، پێویستمان بە تێپەڕاندنی ئەم سیستمەیە نەک بە خراپتر یان کەمێک باشتر بەڵکو بۆ باشترین.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر تەوەری سەرەکیی باسەکەمان، ئەوا ئایدیای پێشکەوتن، ئامانجگەراییانە لە بزاڤی مێژووی دەڕوانی، بەوەی ھەر پێشکەوتنێک خراپەیەک لە ناودەبات، (قوتابخانەیەک بکەنەوە، زیندانێک دادەخرێت!)، لەم ناوکۆییەشدا بیرۆکەی ئەوەی تاوانکاریی لە نەزانییەوە دێت، ناوەڕۆکێکی گرنگ بوو لە فەلسەفەدا بە تایبەت لە سەردەمی رۆشنگەرییدا، بەڵام فەلسەفی ھاوچەرخ سەرنجی داوە تاوانکارییە نوێیەکان لەوپەڕی زانینەوە دێن، بۆ نموونە نازیزم و کەمپەکانی خنکاندنی ھۆلۆکۆست کە دوا توانستی زانین و زانستیان تێدا بەکاردەھات، ئاوشڤێتس بە روونترین شێوەی نیشانداین زانست چیتر نییە جگە لە چەکێکی ئایدۆلۆژیی بۆ سەرکووت و خەساندن و حۆلاندان و دیسپۆتیزم. ئەوەی تۆ پێتوابێت فیسار سەرۆک لە نەزانییەوە کارەکانی باش راناپەڕێنێت، ئەم ئایدیایە دەچێتە راژەی ستەمکارییەوە، وەک بڵێی ئەگەر بیزانیبا ئەوەی نەدەکرد، بەڵام ئاشکرایە ئەو بە ھۆشیارییەوە تۆ سەرکووت دەکات. لە دیمەنی ئۆپۆزیسیۆنی کوردییدا ئەم دیسکۆرسە زۆر بەھێزە و بە نەیارەکانیان دەڵێن نەزان و نەخوێندەوار، بەپێی ئەم لۆژیکە بێت ئەگەر زانا و خوێندەوار بوونایە سیستمەکەیان بە باشی بەڕێوە دەبرد، وا دەکەن فرمێسک بڕژین و بڵێن زۆر گوناھن نازانن چی دەکەن، ھەمان ئەو دیمەنەی عیسای مەسیح کە وتی خودایە لێیان خۆشبە نازانن. بە پێی میتافیزیکیای زانین، رەوتی بەرەو پێشەوەچوونی مێژوو لە یەک کاتدا رەوتی پێشکەوتن و بەختەوەرییە بەیەکەوە، ھەر ئەم روانینە میتافیزیکییە ئەو ئایدیایەی پێ بەخشین، جیھانی پێشوو لە ھەموو بارێکەوە لە ئێستا خراپتر بووە وەک چۆن ئەو جیھانەی لەسەر رێی داھاتوو وەستاوە لە ئەمڕۆ باشتر دەبێت وەک بڵێی پارادیسێک یان ناشوێنێک ھەبێت جیھان بەرەو ئەوێ پاڵ پێوەبنێین کە ئەوە ھەردەم وا نەبووە، بەڵکو ئەم ئایدیالیزمە لە دامێنی مودێرنێتە و رۆشنگەرییەوە بەربووەتەوە. ئەوەشی لەسەر سەکۆی جیھانی تازەدا دەیبنێن نەزانیی وەک سێگۆشەی بەرمۆدا زانین ھەڵدەلووشێت. لێرەدا بە روونی رۆڵی ئاین لە پشت ئایدیاکەوە دیارە کە وا سەرنج دەدرا ھەموو شتێک بە گوێرەی رێسا دیالەکتیکییەکان و لەسەر باڵی مینێرڤا (خودای زانینی رۆمانی) بەرەو باشتر دەڕوات.
لە ھیگڵەوە تا مارکس و پاشتریش وا دادەنرا تا مێژوو و زانین بچنە پێشەوە ئەوەندەش خۆشبەختی و ئازادیی مرۆڤ دەڕواتە پێشەوە، بەو مانایەی پێشکەوتن و مێژوو یەک ئامانجی ھاوبەشییان ھەیە، ئەویش رزگارکردنی تەواوەتی مرۆڤە، بەڵام پێشکەوتن بەو شێوە ئامانجگەراییە نەچووە پێشەوە، بەڵکو کورت بووەوە بۆ پێشکەوتنی زانستیی پەتی و پۆژەتیڤیزم و بە ئامێرکردنی پانتایی ژیان، ئەمەیان لە بەرامبەر ئایندا دەوەستێتەوە. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، فەیلەسووفانی خۆرئاوایی ھەستیان بە مەترسییەکانی کوێخایەتی زانست کرد، لە پێش ھەمووانەوە ماتریالیستەکان لە کوشتنی خودا لەلایەن زانستەوە نیگەران بوون، سارتەر ترسی ئەوەی لێ نیشتبوو، ئەم جیھانە خاڵی کراوەتە لە روحانییەت و خۆی داوەتە دەست زانستی ئەبستراکت تا ژیانی وەک ماشینەیەکی بێ ھەست و گیان بەڕێوە ببات. بە درێژایی سەدەی بیستەمیش کەس لە بێرتراند رەسڵ زۆرتر بە گژ ئایندا نەچووەوە، کەسیش ھێندەی وی سزای ئەم بەگژاچوونەوەی وەرنەگرتەوە و لێ نەگەڕان تۆڵەلێکردنەوەی بکەوێتە پاش مردنی، سەرباری بڕوای پتەوی بەوەی زانست یارمەتیمان دەدات بۆ رزگاربوونی مرۆڤ لە دەست ئاریشە و تەنگژەکان، ھێشتا رەسڵ بە سەرکەوتنەکانی زانست و پێشکەوتنی تەکنیکی دڵخۆش نەبوو، پێیوابوو زانست بەرەو بێ ئامانجی لە ژیاندا ئاڕاستەمان دەکات، پێشنیاری ئەوەشی کرد لەو کاتەی زانست جلوبەرگی مانا لەبەری ژیان دادەکەنێت، (دەبێت بۆ لەمەودوا ئایدیاڵ و بەھاکانمان نیشتمانێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە).
ئەگەرچی زانست تا راددەیەک سەرکەوتووبوو لە داماڵینی ھزری خورافی و میتۆلۆژیی لە ئەندێشەی مرۆڤ، بەڵام بە رەھایی نەیتوانی مێشکەکان لە ئەفسانەگەرایی پاک بکاتەوە، بەڵکو لەگەڵ خۆیدا جیا لە میتۆسە دێرین و باوەکان، رستێک ئەفسانەی مودێرنی ھێنایە سەر سەکۆی جیھان، کە ھەریەک لەو میتۆلۆژیا سەردەمییانە خوێنێکی زۆریان لە پێناوی ھیچدا بۆ رێژرا. ئێوە تەماشای ئەو دەرئەنجامە بکەن لە تیۆری ئیڤولەیشنی داروین کەوتەوە، بە دەرکێشانی تەرزێکی نوێ لە داروینیزمی کۆمەڵایەتی لە ھەناوی داروینیزمی بایۆلۆژیی کە لە خۆیدا زانستێکی سەربەخۆ و پەتی بوو. زێدەڕۆیی ناکەین ئەگەر بڵێین ئامانجی زانست بێ ئامانجییە، چوونکە زانست بە دوای ئامانجی ھیچ شتێکدا ناگەڕێت، ھێندەی لە ھۆکار و چییەتی شتەکان دەکۆڵێتەوە، ئامانجی عەقڵانییەت لە دیکارتەوە بۆ کانت و لەویشەوە بۆ ئێمە، بریتییە لە ناعەقڵانییەت!، ئەو ئیمکانە بەرزەی ئاوەزگەرایی، ئاوسە بە شێتیی، ئەو شێتییەی جیھانی ئەمڕۆ ھەڵدەسووڕێنێت. ئەم لە ئامانج و مانا داماڵینەی جیھان بووەتە فاکتۆری ئەو نێھیلیزمەی ئەمڕۆ دنیای داپۆشیوە کە تێیدا بەرگەگرتنی ژیانێکی رووتکراوە لە مانا زۆر لە ئەستەم ئەستەمترە، پێموایە ئەو بزاوتە ئاینییانەی بە روحی (ئامانجگەرایی)یەوە دەگەڕێنەوە، دەتوانن لە ماوەیەکی پێوانەییدا باڵابن و زۆر زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا بەھێز ببن، چوونکە مرۆڤ ھەرچەند مودێرن و زانستگەراش بێت، نایەوێت بەوە قایل بێت ژیانی ھیچ مانا و ئامانجێکی تێدا نەبێت. لە کۆتاییدا ھەر ئەوەندە دەتوانم بڵێم جەخت لەسەر روانگە ناباوەکە دەکەمەوە، نەک مەرج نییە ئایدیای پێشکەوتن بە ھەموو تانوپۆی خۆیەوە مانای بەرەوپێشەوە چوون بەدەستەوە بدات، بەڵکو نمایشی چارەکی یەکەمی ئەم سەدەیە بە روونی پێی گوتین ئەم پێشکەوتنە لە خۆیدا جۆرێک بوو لە پاشکەوتن، دەبێت جارێکی تر بە روانگەکانماندا لە ھەمبەر چەمکی پێشکەوتندا بچینەوە.

٢٣-٣-٢٠٢٣
ستۆکھۆڵم- تێبی

تێبینی: ئەم وتارە لەگەڵ دوو وتاری تردا لە مانگی مارت و ئاپریلی ٢٠٢٣دا نووسراون، بەڵام بەھۆکاری پەرەسەندنی نەخۆشی شێرپەنجەی نووسەر بڵاوکردنەوەیان بۆ ئێستا دواکەوت، ئەم وتارەش ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار لە ماڵپەڕی (دەنگەکان) بڵاودەکرێتەوە.

Previous
Next
Kurdish