Skip to Content

ده‌رده‌دڵی زه‌مانه‌! …. عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

ده‌رده‌دڵی زه‌مانه‌! …. عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

Closed
by ته‌مموز 9, 2018 General, Literature

بێكەس، تاكە شاعیری شۆڕشگێڕی كورد لە مێژوودا
لەمێژووی كورددا شۆڕشگێڕترین شاعیر، فایق بێكەس ی نەمرە كە لە ژیانیدا هەمیشە ڕووبەڕووی دوژمنانی كورد و داگیركەرانی كوردستان وەستاوەتەوە. بێكه‌س سەركردایەتیی چەندین خۆپیشاندانی كردووە و بریندار بووە و چەندین جار لە كونجی زیندان پەستراوە و ئازار و ئەشكەنجە دراوە. گرتن و تێهەڵدان و زیندان، باوەڕی پێ لەق نەكردووە:
سەدەی بیستەمە، كوردە غیرەتێ
لەخەو ڕاپەڕە، هەوڵێ، هیممەتێ
…… تاد

جگە لەوە چەندین شیعری تری بۆ كوردایەتی نووسیوە و بەردەوام هانی خەڵكیی داوە بۆ خۆشەویستیی كوردستان و وەستانەوە بەرانبەر دوژمنان و سەردانەنەواندن بۆ مەرامی پۆخڵیان. كە مامۆستاش بووە بەردەوام قوتابییانی بە گیانی نیشتمانپەروەری پەروەردە كردووە.
بێكەس تاكە شاعیری كوردە لەمێژوودا بەرانبەر دوژمن وەستاوە و لە ١٩٤٦، دوو ساڵ بەر لە مردنی، ڕووبەڕووی خودی ئێدمۆندز ی ڕاوێژكاری ئینگلیزی داگیركەر، پاڵەوانانە وەستاوە و نەترسانە بە دەنگە دلێرەكەی، شاكارەكەی (بیست و حەوت ساڵە)ی خوێندووەتەوە:
بیست و حەوت ساڵە من ئەڕەتێنی
بە فڕوفیشاڵ ئەمخەڵەتێنی
ڕۆژێ نەوعێكم هەڵئەپەڕێنی
بۆ مەرامی خۆت ملم ئەشكێنی
….. تاد

حوزنی و گیوی

سەیید حوسێن حوزنی موكریانیی مێژوونووس و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند لەگەڵ گیویی برا بچووكی كە ئەویش فەرهەنگنووس و ڕۆژنامەنووسێكی گەورە بوو، لە سەرەتای سەدەی بیستەم لەودیو ئاوابوون و هاتنە باشووری كوردستان و سەد و دوو ساڵ و نیو لەوەبەر (چاپخانەی كوردستان)یان لە حەلەب دامەزراند، پاشان چاپخانەكەیان هێنایە ڕواندز و دواتر لەوێشەوە هێنایانە هەولێر. ئەم دوو برا تێكۆشەر و كوردپەروەرە سەریان بەیەكەوە كردبوو و لەخۆبردووانە خزمەتی كوردستانیان كرد، كەچی بەشێكی زۆری كورد و تۆرانییەكانی هەولێر جۆرەها ناووناتۆرەیان بەدواوە خستن، ناوی حوزنییان بە فاسیق و بێدین و زەندیق و ناوی مام گیویشیان بە پیاوی ئینگلیز لە قەڵەم دەدا. كە لەژیاندا بوون هەموو خەڵكیان لێ كردبوونە دوژمن. ئەوان وەك حاجی قادری كۆیی لەڕووی عەقڵ و نیشتمانپەروەرییەوە بەپێش كۆمەڵگاكەی خۆیان كەوتبوون، بۆیە لەناو ڕەشەخەڵكە دواكەوتووەكە ڕقاوەر بوون، هەر وەخت بوو بەدەردی حاجی بچن و سەر هەڵگرنه‌وه‌، بەڵام كۆڵیان نەدا.
ئەوێ ڕۆژێ سەردانی گۆڕستانی ئیمام محەمەد م كرد و لەنێو چێورمەیەكدا گۆڕی هەردووكیانم بە تەنیشت یەكەوە بینی كە لەوێش هەر سەریان بە یەكەوە نابوو (مام گیو سی ساڵ دوای حوزنی مردووە) و پێدەچوو خەمی كورد و كوردستان هێشتا ژانەسەری پێ بەرنەدابن.
هەزار سڵاو لە ڕەوانی پاكیان كە زۆریان خزمەتی كورد و كوردستان كرد و خۆشییان نەدی.

پیرەمێرد و مەسعوود محەمەد

كاتی خۆی لە نیوەی یەكەمی سەدەی ڕابردوو، شاعیر و ڕۆناكبیری گەورەی كورد حاجی تۆفیقی پیرەمێرد ڕۆڵێكی گەورە و گرنگی لە بڵاوكردنەوەی هەستی نەتەوەیی و كوردایەتی و ئەدەب و ڕۆشنبیریی لە كوردستاندا بینی، پیرەمێرد نەك هەر ڕۆشنبیر و شاعیرێكی گەورەی سەردەمی خۆی بوو، بەڵكوو لە سەدەی بیستدا یەكەمین ڕۆژنامەنووسی كورد بووە دوای میقدادی بەدرخان كە بە كارە گەورەكانی بواری ڕۆژنامەنووسیی كوردی، خەبات و تێكۆشانێكی زۆری بۆ بڵاوكردنەوەی خوێندەواری و هۆشیاری و ڕۆشنبیریی، بۆ ساڵانێكی زۆر كرد، جگە لەوە لە بوارەكانی وەرگێڕانی ئەدەبی و فۆلكلۆر و پەندی پێشینان و مێژوو و كوردایەتی و یادە بەرزەكانی نەورۆز و گەلێك كاری مەزنی كردووە و بەمەش بووەتە ناوێكی گەورە و گرانی نێو دونیای ئەدەب و ڕۆشنبیریی كوردیمان كە تا دونیا دونیایە ناوی بە نەمری دەمێنێتەوە. پیرەمێرد لەناو كۆمەڵگاكەی خۆی بە ڕاددەیەك ناودار و خۆشەویست بووە،لەناو خەڵك بە (خاڵە) بانگ دەكرا، كە دەگوترا خاڵە، ئەوا هەموو خەڵكی سلێمانی دەیانزانی مەبەست پیرەمێردە. ساڵانی دوای مەرگی پیرەمێردی نەمر زۆر لە نووسەری كوردپەرست و سۆزدار بۆ هەستی پاكی كوردایەتی و سۆزی هاووڵاتیبوون و هاوشاریی خۆی، ناوی پیرەمێردی نەمریان بە فەیلەسووف لە بەرهەم و كتێب و نووسینەكانیاندا نێوزەد كرد، كە هەموومان دەزانین پیرەمێردی نەمر هیچ پێوەندییەكی پتەوی بە بوارە قووڵەكانی فەلسەفەوە نەبووە، تەنانەت وتارێك یان تیۆرێك یاخود كتێبێكی فەلسەفییشی نەبووە، بریا وابوواو بریا ئێمەش ئەرستۆیەك، شۆپنهاوەرێك، هیگلێك، دیكارتێك، كانتێك، بیكۆنێك، ماركسێك، ئەنگڵسێكمان دەبوو. ئێستاش لەم ساڵانەی دوایی كە دەكاتە نیوەی یەكەمی سەدەی پاشتر، زۆر لە نووسەر و ڕووناكبیرانمان، ناوی مامۆستای نەمر مەسعوود محەمەد بە فەیلەسووف دێنن.

لەم ماوەی دوایی، زانكۆی كۆیە بە هەستێكی هاوشارییانەوە یادی ئەم كەڵە نووسەرەی كوردیان وەك فەیلەسووف كردەوە. وێڕای دەستخۆشی بۆ ئەم زانكۆیە كە پێموایە تا ڕاددەیەك لە زانكۆكانی دیكەی كوردستان پێشكەوتووترە، بەڵام پێویستە ئەوە بزانرێ كە مەسعوود محەمەد ڕۆناكبیر و ئەدیب و زمانزانێكی یەكجار گەورە بوو، لە بوارەكانی تۆژینەوەی ئەدەبی كلاسیك و ناساندنی نالی و حاجی قادر و كەیفی و هیی تر و لێتۆژینەوە لە زمانی كوردی و زاراوەسازی و ڕێزمانی كوردی و سیاسەت و شیكردنەوە زانستییەكانی بواری زمان و ئەدەبی كوردی و زۆر بواری مەعریفیی تر، خزمەتێكی زۆری كردووە و ئەویش وەك پیرەمێرد تا دونیا ماوە خۆی و شاكارەكانی هەر بە نەمری دەمێننەوە, بەڵام كاتی ئەوە هاتووە كە بڵێین مەسعوود محەمەدی نەمر فەیلەسووف نەبووە. هەقوا نییە ئێمە بە سۆزی نەتەوەیی و ناوچەگەری و شارچێتی كار بكەین، بەتایبەت كاری زانستی، چجای زانكۆیەك بیكات!، چ ڕەوای هەقە وا لە مەنتیق و ڕاستی و ئەكادیمییەت دوور بین و لە سۆز و هەستبزوێنیی نائەكادیمی نزیك؟ ئێوەش خوێنەرانی ئازیز هەقی خۆتانە قسەیەكی لەبارەوە بكەن. كێ دەڵی من ناهەق نەدواوم؟
وای لەو ماڵوێرانییەی!
كورد لەوەتەی هەیە بە دەسەڵاتدار و خەڵكە ڕەشۆكەكەی و ڕۆشنبیرانیشیەوە، قەدر و قیمەتی ئاوەزمەندان و نووسەران و تواناكانی خۆی نەك هەر نەزانیوە و بێڕێزیی بەرانبەر كردوون، بەڵكوو ناووناتۆرەی قێزەون و مەترسیداریشی بەدواوە خستوون. پێشتر هه‌ر له‌م نووسینه‌مدا، باسم لە گەورەییی حوزنی و گیویی برای كرد كە چەند لەخۆبردووانە خزمەتی وشەی كوردی و گەلەكەی خۆیان كردووە و دواتر هەر خەڵكی هەولێر لە تۆرانییە دواكەوتووەكان و بەشێكی كوردیش چۆن دژایەتییان كردوون و بە پیاوی ئینگلیزیان داناون و وایان كردووە لەنێو كوردەوارییشدا بەچاوی پڕ لە گومانەوە تەماشا بكرێن.

لێرەوە دەمەوێ باس لە هەمان بابەت بەجۆرێكی دیكە بكەم و ڕەوشی لایەكی گوزەرانی یەكەم ڕۆژنامەنووسی كورد لەدوای میقدادی بەدرخان باس بكەم، ئەویش شاعیری گەورەمان حاجی تۆفیقی پیرەمێردی نەمرە، كە سەردەمانێك لە تافی لاوییدا دوای ئەوەی كۆلیجی حقووق لە ئیستانبوڵ تەواو دەكات، دەكەوێتە ژیانێكی پڕ لە داراییی خۆش و تەنانەت ماوەیەك دەبێتە قایمقامی دوڕگەی بیوگ ئەدە و خۆی باس لەوەش دەكات كە نەژاد ی كوڕی هەر لەوێ لە بیوگ ئەدە لەدایك بووە. دوای ساڵانێك غوربەت و دوورە وڵاتی و تووشبوون بە ئەلینەیشن(اغتراب)، ھەراسانی و خۆشەویستیی كوردستان ناچاری دەكات بگەڕێتەوە سلێمانی و دەست بە ڕۆژنامەنووسی بكات و خزمەتی وشە و ڕۆڵەكانی كورد بكات و دواتر خەڵك فێری خۆشەویستیی نەورۆز دەكات و كوردایەتی لەو شارە پەرە پێدەدات.

پیرەمێرد باس لە ڕۆژنامەكەی دەكات و دەڵێ: وەرن تێفكرن، ڕەنجەڕۆییم ببینن، خانووم لە ڕەھنی پارەی كاغەز و حرووفاتی مەتبەعەدایە و بەرگیشم كۆنە پۆشیی خێرەومەندانە! لەناو جەرگیشم بڕوانن بووە بە خومخانە! من ئەوەندە ساڵە ئیسپاتم كرد كە ڕۆژنامە بۆ پارە و مەنفەعەت دەرنایەنم و یەك نوسخەی لێ نافرۆشم و ھەموویم كردووە بە كۆللێكسیۆن و ئابوونەش كەم دەكەمەوە، ھەیە تا ئێستا یەك فلسی بۆ نەناردووین و لەگەڵ ئەوەشدا بە پیاوخراپمان ئەزانن. پیرەمێردی نەمر لەسەر ئەو نەھامەتی و ماندوویییەی لەلایەن زۆر لە خەڵكی سلێمانی تا ڕاددەیەك دژایەتیی كراوە و ناتۆرەی خراوەتە پاڵ و گەورە ڕۆشنبیرانی وەك برایم ئەحمەد یش ڕكابەرییان كردووە و وەك دكتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ لە دوا ژمارەی گۆڤاری ڕامان باسی لەوە كردووە كە چۆن مامۆستا برایم ئەحمەد ویستوویەتی ڕێوڕەسمی یادی نەورۆزی لێ وەربگرێتەوە.

هەموو ئەمانەی كە لە كوردستان ڕوویانداوە و ڕوودەدەن، بەڵگەی دواكەوتوویی دەسەڵاتدارانی كورد و میللەتەكەمانە كە بەداخەوە لە مێژوودا قەت بۆ تۆزقاڵێكیش نەمانتوانیوە پەند لە ژیان و لە ڕابردوو و لە ھەڵە و تاوان و خیانەتكارییەكانمان وەربگرین. جەهالەتمان وایكردووە نەھامەتی بەدوای نەھامەتی ببینیین و تەڕ و وشكمان بەیەكەوە بسۆتی.
وای لەو ماڵوێرانییەی وای.

كچێ لەیلێ زەمان گۆڕاوە!

ئەگەر ئەو لێدان و كوتانەی دەوری خوێندنی مەكتەبمان بە منداڵی نەبووایە، لەوانەبوو زۆرێك لە منداڵی كورد خوێندنی بەرزی تەواو بكردایە و توانای گەورەترمان لێ دەركەوتبا، بە لێدە و بكوتە و دار حەیزەرانی مامۆستای غەددار بە ترس و لەرزەوە داشنەبڕاین، زۆر سەیرە ئەم ھەموو لێدانە بۆ؟ ئێستا سەردەمێكە مامۆستا لێیدەدرێ، لە كەس نادا، ئینجا قوتابی بە ناز و نیعمەت، كەچی ژمارەی تەنبەڵ یەكجار زۆرترە لەجاران. سەت ساڵ لەوەبەر شاعیر و ڕۆژنامەنووسی گەورەمان پیرەمێردی نەمر (كە كۆلیجی حقووقی تەواو كردووە)، باس لەوە دەكا كە منداڵ بووە لە حوجرەی خوێندن دار فەلاقە ھەبووە و گەر مامۆستا ئەمری فەرمووبا فەلاقە، ئەوا پەلاماری قوتابی دەدرا وەك ئەوەی قەڵای دمدم بگرن، قوتابییان لەسەر پشت ڕادەخست و ھەردوو لاقیان ھەڵدەبڕی و دەیانخستە پەتی فەلاقەوە و تا شل دەبوون لێیان دەدان، ڕۆژانە بێ ھۆ یەكێ قامچیمان لە پشت دەدرا و وایان ڕاھێنابووین كە جێگەداری مامۆستا بە ئاگری جەھەننەم ناسووتێ.

كچێ لەیلێ زەمان چەند گۆڕاوە!
لە (ئەحمەدی خانی)یەوە تا (عەبدوڵڵا پەشێو)

لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، یەکەمین شاعیر، ئەحمەدی خانی بووە کە ڕەخنەگر و بیرمەندی کۆمەڵی کوردەواریی سەردەمی خۆی بووە و بانگی سەربەخۆیی بۆ کوردستان داوە و لەسەر ئەوەش لەلایەن دەسەڵاتدارانی ھاوزمانی خۆی ژەھرخوارد کراوە و ژیانی خۆی لەپێناو ھەڵوێستی کوردانەی داناوە، دوای خانیی، شاعیری گەورە حاجی قادری کۆیی، خەمی گەورەی لە دواکەوتوویی کورد خواردووە و بە شاکاری جوانی بانگی ڕزگاریی کوردستانی داوە و ھەوڵی بەردەوامی ھۆشیارکردنەوەی خەڵکی داوە و لە پێناو ھەڵوێستەکانیشی، بەھۆی دواکەوتوویی دەسەڵاتدارانی ئەوکاتەی کۆیە و بیری دواکەوتووی سەردەست لە شارەکە، مەترسی لەسەر ژیانی دروست بوو و کوردستانی بۆ یەکجاری بەجێھێشت و لە غەریبی و لە ئەستەنبۆڵ سەری نایەوە و سەربەخۆیی کوردستانی نەبینی، غوربەت ئەوەندە حاجیی ئازار داوە، بۆیە گوتوویەتی: “ئەوەی لەبەری دەگریام، ئێستاکە بۆی دەگریێم”. حاجی قادر بە خانیی دووەم ناوزەد دەکرێت. دوای حاجی قادر، شاعیری گەورە فایق بێکەس بە شاکاری جوان و نیشتمانپەروەرانەی ھەوڵی ھۆشیاریی خەڵکی دا و بانگی سەربەخۆیی ڕادێراوە و بە شیعرەکانی، شۆڕشگێڕانە ڕووبەڕووی دوژمنان وەستاوەتەوە و بەشداریی خۆپیشاندانی دژی داگیرکەرانی کوردستان کردووە و لەم پێناوەشدا بریندار کراوە و خراوەتە زیندان. دوای بێکەس کە بە خانیی سێیەم دادەنرێت، عەبدوڵڵا پەشێو، خانیی چوارەمە.

ھەموویان گەورەن، یەکجار گەورە.
ھەرکەس بەکەیفی خۆی دەنووسێ

تا زمانێکی نووسینی ستانداردمان نەبێ، زمانی کوردی بەردەوام لە مەترسیی زیاتر لاوازبوون و لەناوچووندا دەبێت، نابێ ھەرکەسە بە شێوەزار و بنزاری شار و شارۆچکە و کوچە و کۆڵانی خۆی بنووسێ، با جارجارەش تێرم و زاراوەی ئەملاوئەولاش تێکەڵی نووسینەکانمان بکەین، بەڵام نابێ بە بەردەوام لۆکاڵی بنووسین، ئێستا تا ڕاددەیەک شێوە نووسینێک ھەیە کە زۆربەی کورد پێی دەنووسێ، دەبێ بایەخ بەو ڕێچکە نووسینە باوە بدرێت کە زۆربە پێی ئاشنان. دەیان ساڵە بانگی ئەوە دەدەین کەچی ھاوارمان بەھیچ ناگات. ڕۆژنامەنووس و شاعیری گەورەمان پیرەمێردی نەمر سەد و چوار ساڵ لەوەبەر بانگەوازی یەکنووسی و ستانداردی دا و لە ١٩١٣دا لە جولەمێرگەوە بە نووسینێکی داوای لە جەمعییەتی کورد کرد لە ئەستەنبوڵ کە لە ھەر شارێکی کوردستانەوە زمانزانێک بانگکەنە پایتەخت تا زمانێکی عموومی بۆ کورد ھەڵبژێرن و بیکەنە فەرھەنگ و دەستوور، پیرەمێرد دەڵێ کەس گوێی نەدامێ و ئێستا ھەرکەس بە کەیفی خۆی دەنووسێ، وایان شێواندووە.
زۆر سەیرە، بانگەوازەکەی پیرەمێرد ھەر دەڵێی بۆ ئەمڕۆ نووسراوە، ئەی ئێستاش ئەوە نییە ھەرکەس بەکەیفی خۆی دەنووسێ!

بێئومێدی

ئەمڕۆ سەردانی یەکێک لە مامۆستا دێرینەکانی خۆمم کرد کە نەخۆشی و تەمەنی درێژ خستوویەتیە ماڵەوە، کە چاوی بەمن کەوت کۆڵێ دڵی کرایەوە و دوای ئەوەی دەستەکانیم ماچ کرد، قسە و باسێکی زۆر ھاتنەگۆڕێ، تەماشایەکی کتێبخانە جوانەکەیم کرد کە کتێبی زۆر باشی تێدابوو، بەداخەوە ھەستم کرد مامۆستاکەم بێئومێد بووە لە ژیان و داوای لێ کردم ھەرچی کتێبی دەمەوێ، بۆخۆمی ببەم، پێی گوتم ئەوەی دێتە لام و دەزانم ئاشنای کتێب و خوێندنەوەیە، داوای لێ دەکەم کام لە کتێبەکانی دەیھەوێ با دەریبێنێ و بۆخۆی بیبات. لەمەوە گەیشتمە ئەو قەناعەتە کە بێئومێدی مرۆڤ دادەڕوخێنێ و بڕستی لەبەر دەبڕێ، بۆیێ داواکارم قەت نائومێد نەبن. من خۆم چەند ساڵێک لەوەبەر کە تووشی کوشندەترین نەخۆشیش ھاتم ئاشنای بێئومێدی نەبووم و لێرەش لە فێ بێ لە نووسین دانەبڕام و ورە و بڕستی خۆمم بەھێز و پڕ وزەتر کرد و قەتیش ئامادە نەبووم و نیم ھیچ کتێبێکی خۆم ببەخشم. بێئومێدی وزەبڕ و کوشندەیە و ھیوادارم کەستان نەگرێتەوە.

Previous
Next
Kurdish