Skip to Content

پێشـەکیی تێـزی دکتـۆرایەکەم “وامزانی ڕادیـۆیـە!”.. فازیل شـەوڕۆ

پێشـەکیی تێـزی دکتـۆرایەکەم “وامزانی ڕادیـۆیـە!”.. فازیل شـەوڕۆ

Closed
by March 4, 2021 General


هەرچەندە دەزانم، ئێوە کە ئێستا لە هۆڵی گفتوگۆی تێزی دکتۆرایەکەم دانیشتوون، هەر وەک ئەو دە دوانزدە کوردەی دیکە، کە لە شارەکە ماون، بە زەحمەت لە زمانم حاڵی دەبن، من هەر بۆیەش بەو زمانە ، دکتۆرانامەکەم داڕشتووە، تا بزانن کە پێش (٤٠) ساڵ، زمانی کوردی چۆن بووە و کوردەکان چۆن مێژووی ئەو چاخەی خۆیان بەسەر یەکدییەوە کەڵەکەچن کردووە و بۆچی بەو ڕۆژگارە گەیشتن.

هەرچی ئەو ئامیر و ئامرازانەی کە ئێمڕۆ لەبەر دەستی ئێوەدایە و ئیش و کارەکانی خۆتانی پێ مەیسەر دەکەن، (٤٠) ساڵ پێش ئێستا، بە خەونیش، بە خەیاڵی کەس دا نەدەهات. لەو سەردەمدا، لە ڕێی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییەکان، بیربۆچوونیان دەردەبڕی و ڕووداوەکانیان دەگوازتەوە، (فێیسبووک و ڤابەر و وەتس ئەپ و ئینستگرام و توویتەر و توویج و تیکتۆک…تاد) لەبەر دەستی خەڵکەکە بوو ـ هەرچەندە ئەوانەش ، دوگمەی هەڵکردن و کوژاندنەوەیان لە ژووری تاریکیی پارتەکان دابوون و لە ژێرچاودێری ورد دابوون!

تێزی دکتۆرایەکەم، جگە لە پێشەکی، (٣) بەندە:
بەندی یەکەم: بوێری و جەرگسۆزیی کوردان پێش حوکمرانی خۆماڵی.
بەند دووەم: بیست دەقیقەی یەکەمی دوای ڕاپەڕین.
بەندی سێیەم: چۆن جەهالەت هەڵگەڕایەوە و وڵات وێران بوو؟

دەمەو عەسرێک، لە سیلەی کۆڵانەیەکی تەنگەبەرێ شارێک، تازە گەنجێکی چاوڕەشی ڕوخسار کوردانە، بە دەستی خاڵی و بە هەناوی خاڵی و بە باخەڵی خاڵی، لە ماڵ دەرچوو بوو، ئەو نەیدەزانی بەرەو کوێ دەچێ، یان بۆچی لە ماڵ دەرچووە، چونکە قورسترین ئیشی ئەو (بیکاری) بوو. لەنکاوڕا، مایکی پەیامنێریکی گەڕۆکی تیڤییەکی ئەو سەردەم، ڕێی پێدەگرێ و پێدەڵێ:”ببیــژە!”

لەچاوترووکانێکدا، بەرچاوی ئەو گەنجە ڕەش دادەگەڕێ و سەری بۆ ئاسمان هەڵدەبڕێ و هەناسەیەکی قوول قوول هەڵدەکێشێ… خێرا خێرا، بە خێرای تیشکی خۆر، مێژووی نەتەوەکەی، لە شێخ سەعیدی پیرانەوە، تا دەگاتە بەردەم ماڵەکانی تووز و لەیلان وشەنگالی، دێتەوە پێش چاو… بە خێرای تیشکی خۆر، فەلسەفەکانی ئیبنولڕشد و فارابێ تێکەك یەکدی دەکات و تێۆرییەکانی ژانگ ژانگ ڕۆسۆ و ئین خەلکان لێکدەداتەوەو شیکارییەکانی ونستۆن جەرجل و دادە میتڕان ئاوێتەی یەک دەکات و لە دڵی خۆێدا دەڵێ:
“ئەمڕۆ، دەنگی من و سەدای هاواری ئەم کۆڵانەیە، دەبێ بگەێنمە بەر گوێی بەر پرسە هەرە گەورەکان و بەیەکەوە شۆڕشێک بەرپاکەین و سەرکەوتنی سەرکەوتن پێکەوە بۆ ئەم نەتەوە مەزڵۆمە وەدەست بێنین…”

ئەوجا، بە زمانێکی شیریین، کە تژبوو لە بۆنبەرامەی ئارەقەی پاڵە و جووتێر و زەبوونەکان، بە کوردییەکی ڕەوان، کە دەتگوت سوختەی بەردەستی مام هەژار و هێمن و خاڵ و گۆران بووە، دەستی کرد بە کێشانی نەخشەیەکی ئیستراتیژیی دوورخایەنی بێ نەزیر، بەو هیوایەی بە هاوکاریی و پشتیوانیی خودا و بەرپرسان و هاووڵاتیان، ئایندەیەکی گەش بخولقێنن و ئەو تەم و تارمای و تاریکاییەی ئاسمانی وڵات بڕەوێننەوە…. .

بە خەیاڵێ حاجی قادر و ، بە خەونی مام هێمن و بە تووڕەیی خالید دڵێر و بە سەدای خاڵە سێوە، پەیامەکەی خۆی گوتەوە. ئەو ساتە وەختە، مەرگ، لەبەر پێ کەتبوو، زیندان دیوارو پەنجەرەکانی خۆی داڕوخاندبوو، ئەر چوار ئیقلیمی وڵاتی خەیاڵی ئەو (ماف) بوو، ماف بۆ خۆی و ماف بۆ خەڵک و ماف بۆ تەروتوارو دارو بەردەکان… .

زوو، بووە ئاگری ناو پۆشێ، گرتەی ئەو گەنجە ڕوخسار کوردە… .

ئەو شەوە، ئەو گەنجە ڕوخسار کوردە، مۆبایلەکەی لە لای بالیفەکەی داناو نەخەوت… هەر چاوەڕی بوو، زەنگی سەرکردەیەک… بانگی بەرپرسێک… هاواری خەمخۆرێک گازی بکات و دوای ماچ کردن، بەڵینی هێنانە دی خەونەکانی پێبدەن..

لێ، هەر دوای دوو ڕۆژ… دیسان لەنکاوڕا، مایکێک بە زۆر خۆی ڕەپێشکردە بەردەمی و پێگوت:’ ببێــژە!”

ئەو گەنجە روخسار کوردە، بە بەرچاویەوە، مەرگ لە ئاسمان بەرەو هەوکی دەهات… چرنووکەکان دەهاتن پێستی داماڵن… شفرە و کەلبەکان، وەک ئەو وا بوو چووبنە نێو سینگ و پەراسووەکانی… دونیا لەبەر چاوی ڕەش بوو… بە زمانێک کە هەر خودا تێیدەگەیی و بە ئاوازی فریشتەو بە نەر و نیانی پەپوولە گوتی:

“وامزانی ڕادیۆیە.”

هەموو میدیاو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، پێش (٤٠) ساڵ، بەو گەنجە ڕوخسار کوردە پێکەین.. زۆریش پێکەنین…
من چەندان مانگە یەکە یەکە کۆمێنت و نووسراوەکانی ئەو ڕووداوە دەپشکنمەوە.. سۆمایی چاوانم داهات… تەنها یەک کۆمێنتم دۆزیەوە، کە بوێرانەی بابەتەکەی لە چوارچیوە گرتبوو، نووسی بووی.

“ئەم دەستە واژەیە، سێدارەی ئایندەی نەتەوەیەکە، گەر تێبگەن؟”

پەیامەکەی یەکەمی ئەم گەنجە ڕوخسار کوردە هەر (٥٠) وشەیەک بوو، من لێرە بۆ هەر (تاکە وشەیەکی) پتر لە (١٠) لاپەڕە لێکدانەوەم بۆ کردووە.

لە ئاکامدا گەیشتمە ئەو ئەنجامە… کە ئەگەر…
سەرکردەی کوردی، ژیرانەوە بوێرانە، پەیامەکەی ئەو گەنجە ڕوخسار کوردەیان وەگربایەو بە جددی کاریان لەسەر بکردبایە.. ئەوا ئێوەش، نەدەگەیشتنە ئەم ڕۆژە!

دەزانم دەپرسن… (بۆچی سەرکردە کوردەکان گوێیان لەو گەنجە ڕوخسار کوردە ڕانەگرت؟)

دوێنێ، خوێندمەوە، کە دوو گەنجی کورد، گەرچی کوردی نازانن، نیازیانە لە گۆڕەپانێکی (ئەربەئیلۆ) بۆ ئەو گەنجە پەیکەرێک دروستکەن لە ئاگر… ئەویش تا ئێستا نازانن، دەبێ ئاگرەکە چ رەنگێک بێ…

دەڵێن، لە بەشی فەلسەفەی زانکۆی سۆربۆنیش، ئێستا بابەتی” وامزانی ڕادیۆیە” دەخوێندڕیت و بەردەوام توێژینەوەی لەسەر دەکرێ.

تێبینی: تکایە ئەگەر لە داڕشتنەکەم، باش تێناگەن، دەتوانی ئەو فەرهەنگانە بەکار بێنن، کە (٤٠) ساڵ پێش ئێستا هەبوون ، تا ڕاڤەی وشەکانتان بۆ بکەن.

Previous
Next