ئه‌و پیاوه‌ی هه‌ر ناوهێنانی، (دیوانی نالی)مان بیردێنێته‌وه! به ته‌نیشت محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریمه‌وه
هێمن خورشید
ماوه‌یه‌ك بوو له شاری سلێمانی دوور بووم، هه‌لێك هاته پێش و سه‌رێكی ئه‌و شاره‌م دا، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ی له هه‌ولێره‌وه به‌ڕێ كه‌وتین، بیرم كرده‌وه ئه‌و دوو ڕۆژه‌ی له‌وێ ده‌بم، له‌په‌نای ئه‌نجامدانی كاره سه‌ره‌كییه‌كه‌مدا كه مه‌به‌ستی ڕۆیشتنم بوو، ده‌بێت سه‌ری یه‌ك دوو كه‌سایه‌تییه‌كیش بده‌م، یه‌كێك له‌وان به‌ڕێز محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم بوو.
له ڕێی حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵاوه ژماره‌یه‌كم ده‌ستكه‌وت و ته‌له‌فوونم بۆی كرد، كه وه‌ڵامی دایه‌وه له ده‌نگی ڕا وا دیار بوو پێشتر شتێكی له‌باره‌ی نیازه‌كه‌مه‌وه زانیوه، پێی گوتم ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی چاوپێكه‌وتنه بڕوا ناكه‌م شتێكی ئه‌وتۆت له باوكمه‌وه ده‌ستبكه‌وێت، چونكه دۆخی ته‌ندروستیی باش نییه و زۆر شتی بیرنایه‌ته‌وه، وه‌لێ ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆ سه‌ردانیكردنه، ئه‌وا به‌خێر بێیت و دوای بانگی عه‌سر ده‌توانن بێن.
ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه 13ی حوزه‌یرانی 2015 له‌سه‌ر واده و هاوڕێ له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێی پزیشكمدا به‌ڕێكه‌وتین، د.هه‌ڵكه‌وت كه من بۆ خۆشی پێی ده‌ڵێم ئینسایكلۆپیدیای بێده‌نگ، ئاخر سروشتی وایه زۆربه‌ی كات به‌ئارامی داده‌نیشێت و كه‌سێ ئه‌گه‌ر پێشتر نه‌یناسیبێت وا ده‌زانێت هیچ نازانێت، كه‌چی پرسیاری ده‌رباره‌ی هه‌رشتێ لێ ده‌كه‌یت، هێنده به‌وردی وه‌ڵام ده‌داته‌وه، پرسیاركه‌ر سه‌ری سوڕده‌مێنێت. د.زمناكۆیش كه هاوڕێ پزیشكه‌كانی وه‌ك ڕێز و خۆشه‌ویستییه‌ك زۆرجار به مامۆستا بانگی ده‌كه‌ن، من پێی ده‌ڵێم مامۆستای گه‌شتوگوزار، ئاخر ئه‌و هێنده حه‌زی له گه‌شتكردن و بینینی ناوچه‌ی دوورده‌ده‌ستی ئه‌م كوردستانه‌یه، ڕه‌نگه هاوتای كه‌م بێت، باسی هه‌ر ده‌ڤه‌رێكی بۆ بكه‌یت، دوو سبه‌ی كۆمه‌ڵێ هاوڕێی قایل ده‌كات و گه‌شتێكیان بۆ ڕێكده‌خات و پێكه‌وه خۆیانی پێ ده‌گه‌یه‌نن.
سواری ماشێن بووین و ته‌له‌فوونمان بۆ ژماره‌ی ماڵی مامۆستا محه‌مه‌د كرد، شیرین خانی هاوسه‌ری هه‌ڵیگرت و زۆر خانه‌دانانه و میواننه‌وازانه وه‌ڵامی داینه‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی ورد ناونیشانی داینێ.
وه‌ختێ گه‌یشتین شیرین خان فه‌رمووی لێ كردین و به‌ره‌و ژووری دانیشتن ڕێنمایی كردین. كه وه‌ژوور كه‌وتین كاك مه‌حه‌مه‌د له‌سه‌ر كورسییه‌ك دانیشتبوو، به‌ڕوویه‌كی خۆشه‌وه پێشوازیی لێ كردین. ماڵیان له‌و ماڵانه بوو كه له‌گه‌ڵ وه‌ژووركه‌وتندا دڵت ده‌كرێته‌وه و هه‌ست به غه‌ریبی ناكه‌یت تێیدا. ده‌گوترێت نان وه ڕووی خاوه‌ن ماڵه‌وه ده‌خورێت، ڕووخۆشی و گه‌رموگوڕییان وای كرد زوو بكرێێنه‌وه، وه‌ك ئه‌وه بوو ساڵانێك بێت ناسیاوی یه‌كدی بین و هاموشۆمان له‌نێواندا هه‌بێت.
حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم بۆ زۆربه‌ی خوێنه‌رانی كورد ناوێكی ئاشنایه و كه‌سێك ئه‌گه‌ر ته‌نیا دیوانه‌كانی نالی و مه‌حوییشی خوێندبێته‌وه، چاوی به ناوی وی و پێشه‌كینووسینی وی و په‌راوێز و لێكدانه‌وه‌كانی وی له‌سه‌ر ئه‌و دیوانانه كه‌وتووه.
تا چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر من ته‌نانه‌ت وێنه‌یه‌كی ڕوونیشیم نه‌دیبوو، بۆیه له زه‌ینمدا وێنه‌یه‌كی خه‌یاڵیم بۆی كێشابوو. لێ به‌م دوواییانه ده‌مبینی خه‌ڵكێك ده‌چوونه لای و وێنه‌كانیان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوده‌كرده‌وه، وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌یم دیت و وێنه زه‌ینییه‌كه‌ی پێشوه‌ختم تۆزێك له‌ق بوو، وه‌لێ ئه‌وه‌یش ته‌نیا عه‌ینه‌لیه‌قین بوو و هێشتا هه‌قه‌لیه‌قین نه‌مبینیبوو، كه له نزیكه‌وه دیتم زیاتر ناسیم و بۆم ده‌ركه‌وت پیاوێكی هه‌تا بڵێی خاكی و خۆمانه‌یه و به هه‌ق كوڕی مه‌لای موده‌ڕیسه. سه‌رچاوه زانستییه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن زۆر جار ده‌ستی بۆماوه و په‌روه‌رده‌ی قۆناغی مناڵی درێژتره له ده‌ستی ژینگه‌ی قۆناغه‌كانی دواتری ته‌مه‌نی مرۆڤ!
ئه‌و له‌سه‌ر كورسییه‌ك دانیشتبوو، ئه‌گه‌رچی توانای ڕێكردن و هه‌ستانه‌وه‌ی به‌باشی نه‌بوو، گه‌رچی پێشوه‌خت ده‌مزانی ته‌مه‌نی له سه‌رووی حه‌فتاوه‌یه، كه‌چی هێشتایش باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد له‌و ته‌مه‌نه‌دا بێت، ئاخر زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی كاڵی چه‌شنی خه‌نده‌ی تازه‌لاوی، به‌رده‌وام له ڕوخساریدا خۆی پیشان ده‌دات. نازانم مرۆڤ چییه و ئه‌و هه‌موو هونه‌ره چییه كه خودا له دروستكردنیدا به‌خه‌رجی داوه؟ ئه‌و ئه‌فسوونه چییه كه له ده‌موچاوی هه‌ندێكاندا هه‌یه و له هی هه‌ندێكی دی‌دا نابینرێت؟
كه سڵاومان كرد، به‌ر له‌وه‌ی بزانێت كێین و هه‌ڵسوكه‌وتمان چۆن ده‌بێت له‌گه‌ڵی، زۆر به‌گه‌رمی پێشوازیی لێ كردین، هه‌رسێكمان به‌رانبه‌ری دانیشتین. خاتوو شیرینی هاوسه‌ری دوای ئه‌وه‌ی به‌خێری هێناین، ژووره‌كه‌ی به‌جێهێشت. قه‌یرێك ئارامی ژووره‌كه‌ی داپۆشی، نه ئه‌و قسه‌ی كرد و نه ئێمه، دوو هاوڕێكه‌م جارجار به لاچاو ته‌ماشایه‌كی منیان ده‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێن ئه‌وه بۆ هیچ ناڵێیت؟ ورده‌ورده ده‌می ده‌ركه‌ی قسه كرایه‌وه.
له شوێن و پیشه‌مانی پرسی، كه من گوتم ده‌رونپزیشكی (تووببی نه‌فسی) ده‌خوێنم، دواتر دوكتۆر هه‌ڵكه‌وتیش گوتی: منیش هه‌مان شت ده‌خوێنم، بزه‌یه‌كی كرد و گوتی: چییه به طوبی نه‌فسییه‌وه گرتووتانه؟!
دواتر دوكتۆر زمناكۆ گوتی: من هه‌ناوی (باطنی) ده‌خوێنم، به‌پێكه‌نینه‌وه ئه‌و پرسی: ئه‌ی كه‌ستان زاهیری (ظاهيرى) ناخوێنن؟
حه‌زم ده‌كرد له‌باره‌ی زۆر كه‌س و ڕووداوه‌وه لێی بپرسم، وه‌لێ هه‌ستم كرد وه‌ك پێشتر له ته‌له‌فووندا كوڕه‌كه‌ی پێی گوتبووم، به‌باشی نه‌یده‌توانی وه‌ڵامی پرسیاره‌كان بداته‌وه، ئه‌گه‌رچی وه‌ك پێشتر باسم كرد، زه‌رده‌خه‌نه به‌رده‌وام له‌سه‌ر لێوی بوو و وای پیشانده‌دا وه‌ك زه‌مانی گه‌نجێتی به‌گوڕه، به‌س ته‌مه‌ن كاری لێی كردبوو و وا ده‌رده‌كه‌وت قیتاری له‌بیرچوونه‌وه نزیكی وێستگه‌ی ژیانی بووبێته‌وه. هه‌ر پرسیارێكمان لێی ده‌كرد، به‌كورتی وه‌ڵامی ده‌داینه‌وه و وه‌ڵامه‌كانیشی گشتی و دوور له ورده‌كاری بوون، له‌و ساته‌دا ڕێك ماڵی دوكتۆر كه‌مال مه‌زهه‌ر و سه‌ردانه‌كه‌ی چه‌ند مانگ له‌وه‌وبه‌ری خۆمانم بیركه‌وته‌وه، بۆیه بێ ویستی خۆم چوومه سه‌ر باسی ماڵی وان، هاوسه‌ره‌كه‌ی پرسی: ئه‌ی توخوا كه ڕۆیشتن بۆ لای، ته‌ندروستیی چۆن بوو؟ منیش گێڕامه‌وه كه تووشی له‌بیرچوونه‌وه بووبوو و نه‌یده‌توانی به‌باشی وه‌ڵام بداته‌وه. هه‌ر كه ئه‌مه‌م گوت، كاك محه‌مه‌د ده‌ستی به گریان كرد. خاتوو شیرین گوتی: “له‌گه‌ڵ دوكتۆر كه‌مالدا زۆر ڕه‌فیق بوون، د.كه‌مال زۆر به‌یانیان كه ده‌چوو بۆ ده‌وام، ماڵی ئێمه له‌سه‌ر ڕێگه‌یدا بوو، لای ده‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حه‌مه پێكه‌وه قسه بكه‌ن. زۆر یه‌كتریان خۆشده‌ویست”.
من ده‌مزانی به‌شێكی گریانه‌كه‌ی بۆ دوكتۆر كه‌ماله، لێ به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی بۆ حاڵی خۆی و بۆ گوزه‌ری زه‌مانه و بێبایه‌خیی دنیایه!
پرسی ژنتان هێناوه؟ بۆ خۆشكردنی ئاگری باسه‌كه، گوتم: ئه‌م دوو هاوڕێیه‌م نه‌یانهێناوه، پزیشك زۆربه‌یان دره‌نگ ژن ده‌هێنن، تۆ ئامۆژگاریی چی‌یان ده‌كه‌یت؟ بیهێنن یان نا؟
گوتی: كه بڕیاره ژن بهێنن، زوو بیهێنن باشتره، دره‌نگ ژنهێنان خۆش نییه.. دواتر زانیم خۆی له عومرێكی گه‌وره‌دا ژنی هێناوه.
هاوسه‌ره‌كه‌ی كه ته‌مه‌نی زۆر له ته‌مه‌نی خۆی گچكه‌تره، گوتی: “كاتێ شووم پێی كرد، زۆر كه‌س به لایانه‌وه سه‌یر بوو. من له خێزانێكی شیوعی بووم، ئاماده نه‌بووم شوو به هه‌موو كه‌سێ بكه‌م، ئه‌م زۆر باش بوو، كراوه‌بوو، باوه‌ڕی به ئازادیی ژن هه‌بوو، دڵی پیس نه‌بوو..”. ئینجا به پێكه‌نینه‌وه گوتی: “من له خۆشیی كتێبه‌كانیدا شووم پێی كرد، ئه‌و كات زۆر مناڵ بووم. ئه‌وسا و ئێستایش زۆر حه‌زم له خوێندنه‌وه‌یه”. پرسیم: ئه‌ی مامه‌ڵه‌ی له ماڵه‌وه چۆن بوو؟ ئێستا چۆنه؟ ئارام دیاره. پێكه‌نی و گوتی: “زوو تووڕه ده‌بێت، به‌تایبه‌تی وه‌ختێ به دوای شتێك‌دا بگه‌ڕێت و دیار نه‌بێت، به‌س دڵی هیچی تێدا نییه، زوو ئاشت ده‌بێته‌وه.
دواتر گوتی: “ئه‌م زۆربه‌ی كات هه‌ر خه‌ریكی خوێندنه‌وه و نووسین ده‌بوو، هه‌ر گه‌نجێك نووسینێكی بهێنایه بۆ لای بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ماشای بكات و پێیدا بچێته‌وه، دڵی نه‌ده‌شكاند و ده‌یگوت: گوناحن، گه‌نجن.. ئه‌وه‌نده كاری بۆ خه‌ڵك كردووه، بۆ خۆی نه‌یكردووه”. ئینجا گوتی: “زۆر كه‌ڕه‌ت كه میوانمان ده‌هاتن، خۆم به ده‌میانه‌وه ده‌بووم یان مناڵ داوای شتێكیان كردبا هه‌ر خۆم بۆم ئه‌نجام ده‌دان، له‌گه‌ڵ ماڵی براكه‌مدا ده‌یانمبرد بۆ گه‌شت، ده‌موت حه‌مه گوناحه با خه‌ریكی كاری خۆی بێت، ده‌مزانی حه‌زی له ئیشه‌كه‌یه‌تی”.
گوتم: هاوسه‌ره‌كه‌ی دوكتۆر كه‌مالیش وه‌ك به‌ڕێزت زۆر یارمه‌تیی مێرده‌كه‌ی ده‌دات، هه‌ردوویان خۆشبه‌به‌ختن. پێكه‌نی و هیچی نه‌گوت.
له‌باره‌ی مامۆستای موده‌ریسه‌وه پرسیارم كرد، مامه‌ڵه‌ی چۆن بوو؟ له كۆتایی عومریدا توانای مابوو یان نا؟ تووشی له‌بیرچوونه‌وه بووبوو یان نا؟ كه وه‌فاتی كرد هه‌ستت به چی كرد؟ هه‌ر وه‌ك پرسیاره‌كانی له‌وه‌و‌پێش، به‌كورتی وه‌ڵامی داینه‌وه، گوتی: من له زووه‌وه له‌گه‌ڵ باوكم و فاتیحی برامدا كارمان له‌سه‌ر ده‌ستنووس و دیوانی شاعیرانی كۆن ده‌كرد، تا كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌نیشی هه‌ر له‌گه‌ڵی بووم، به‌س كاتێ مرد له لای نه‌بووم. ڕاست بوو ته‌مه‌نی خۆی كردبوو، به‌ڵام پێم ناخۆش بوو مرد، حه‌زم ده‌كرد زیاتر بمایه..
شیرین خان گوتی: مامۆستا (مه‌به‌ستی مامۆستای موده‌ڕیس بوو) كه جارجار ده‌هات بۆ ماڵه‌وه، له‌به‌ر خۆیه‌وه گۆرانیی ده‌وت و بانگی مناڵه‌كانی ده‌كرد، هه‌نێ جاریش ڕاوی (ژیوار)ی ده‌نا، ئه‌ویش هار بوو خۆی له ده‌ستی ڕاده‌پسكاند، گوێی (به‌یانی) ده‌گرت وایده‌زانی ژیواره، ئه‌میش هاواری ده‌كرد باپیره من ژیوار نیم”!
له په‌یوه‌ندیی خۆی به هه‌ندێ له نووسه‌ره عێراقییه‌كانه‌وه پرسیارم كرد، گوتی: له‌گه‌ڵ عه‌لی وه‌ردی پێكه‌وه دانیشتووین، دۆستم بوو. كتێبمان پێشكه‌شی یه‌كتر ده‌كرد. پرسیم چۆن له كوردی ده‌ڕوانی؟ گوتی: بیرم نایه قه‌ت باسی كوردی كردبێت. گوتم ئه‌ی هادی عه‌له‌ویت ده‌ناسی؟ گوتی: زۆر ڕه‌فیقم بوو.
له‌باره‌ی هه‌ژار و هێمن و شوكر مسته‌فاوه پرسیارم لێی كرد، ده‌یگوت: له‌گه‌ڵ هه‌موویاندا دۆست بووم، پێكه‌وه داده‌نیشتین.. له‌باره‌ی شوكر مسته‌فاوه گوتی: كوردییه‌كی باشی ده‌زانی.
ده‌مزانی به ناوهێنانی ئه‌و دڵخۆش نییه، چونكه پێشتر له یه‌ك دوو دیداردا بینیومه خۆی له باسكردنی بواردووه، وه‌لێ گوتم با ڕووبه‌ڕوو له خۆی بیبیستم، پرسیم ده‌رباره‌ی مه‌سعوود محه‌ممه‌د چی ده‌ڵێیت؟ وه‌ك چاوه‌ڕێم ده‌كرد، كه‌مێك ده‌موچاوی دا به یه‌كدا. یه‌كڕاست گوتی: دژی ماركسیزم بوو. بۆ دژایه‌تی ماركسیزمی ده‌كرد؟ گوتم: ئه‌ی خۆ عه‌زیز محه‌مه‌د له‌گه‌ڵی دۆست بوو! سه‌رێكی با دا و گوتی: دۆستایه‌تی شتێكه و خۆشه‌ویستی شتێك! زانیم باش وایه دریژه‌ی پێ نه‌ده‌م، بۆیه چوومه سه‌ر پرسیارێكی تر.
پرسیم ئه‌ی ده‌رباره‌ی دوكتۆر زه‌ڵمی چی ده‌ڵێیت؟ گوتی: زۆر خوێنه‌واره. ده‌ستی بۆ سه‌ر مێزێكی ئه‌ولای درێژكرد و گوتی: ئه‌وه كتێبه‌كه‌یه‌تی بۆی ناردووین، نیوه‌یم خوێندووه‌ته‌وه، ئه‌و نیوه‌كه‌یشی ده‌خوێنمه‌وه. ته‌ماشام كرد ژیاننامه‌كه‌ی بوو. پرسیم: یه‌عنی تا ئێستایش ئاوها ده‌خوێنیته‌وه؟ گوتی: ده‌خوێنمه‌وه، به‌س چاوم یارمه‌تیم نادات.
له ناو و ژماره‌ی كتێبه‌كانیم پرسی، به‌باشی بیری نه‌مابوو. پرسیم: جاران ماركسی بوویت، ئێستا چۆن بیرده‌كه‌یته‌وه؟ گوتی: ئێستایش ماركسیم، زۆر موعجیبی ماركسم و به‌ڕاستی ده‌زانم. من و فاتیحی برام هه‌ردووكمان باوه‌ڕمان به ماركسیزم هه‌بوو.
گوتم: ئاخر كه‌سانێك هه‌بوون كاتی خۆی چه‌پ بوون، ئێستا به‌ره‌و سۆفیگه‌ری ڕۆیشتوون. له‌و كاته‌دا ناوی فه‌رهاد شاكه‌لیم به بیردا هات، وتم خۆ شاكه‌لی ده‌ناسی؟ گوتی: فه‌رهادم ده‌ناسی، كاتی خۆی گۆڤاری مامۆستای كوردی ده‌رده‌كرد، به‌س له زووه‌وه نه‌مدیوه، ئینجا گوتی: گه‌ڕانه‌وه له ماركسیزمه‌وه بۆ سۆفیگه‌ری شتێكی بێمانایه!
پرسیم: ساڵانێكه باسی دیوانی سالم ده‌كه‌یت، چی به‌سه‌ر هات؟ گوتی: كاتی خۆی له‌گه‌ڵ باوكم كارمان له‌سه‌ری ده‌ست پێ كرد، ئێستا كاره‌كانی ته‌واو بووه و بڕیاره چاپ بكرێت. –كتێبه‌كه دوای ئه‌و دیداره بڵاوبوویه‌وه-
له‌به‌ر گه‌رمیی ده‌مه‌ته‌قێكه و ڕووخۆشیی خاوه‌ن ماڵ، ئاگامان له كات بڕا و كاتێكمان زانی له خۆرئاوا نزیكبووینه‌ته‌وه. چه‌ند وێنه‌یه‌كمان گرت و ڕوخسه‌تی ماڵئاواییمان خواست.
له ژووری دانیشتن ده‌رچووین و هێشتا له‌ناو حه‌وشه‌دا بووین، گوێمان له ده‌نگی گۆرانییه‌كی هێواش بوو، هاوسه‌ره‌كه‌ی پێكه‌نی و گوتی: “ئه‌وه خۆیه‌تی، جارجار ئاوها له‌به‌ر خۆیه‌وه گۆرانی ده‌ڵێت”. هه‌مووان پێكه‌وه پێكه‌نین و له حه‌وشه ده‌رچووین.
محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم كوڕی مامۆستا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیسه، ساڵی 1933 له بیاره له‌دایكبووه، ته‌مه‌نێك له شاری به‌غدا ژیاوه، ساڵی 1988 ژنی هێناوه، دوو كوڕ و كچێكی هه‌یه، له شاری سلێمانی ده‌ژێت.
• ئه‌م نووسینه ساڵێك و سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر نووسراوه.
• ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 12ی ئاداری 2017 هه‌واڵی كۆچی دوایی له میدیاكانه‌وه بڵاوبوویه‌وه. ڕه‌وانی شاد بێت.