Skip to Content

دەبێ چ شتێک لە کەلتوری ڕەخنەدا بگۆڕین؟… ئاسۆ کمال

دەبێ چ شتێک لە کەلتوری ڕەخنەدا بگۆڕین؟… ئاسۆ کمال

Closed
by حوزه‌یران 19, 2022 General, Opinion


” فکری کەسانی تر بەفکر نەبێ تێناگەین” هیگڵ


لەو دایەلۆگەکانی دوو کۆبونەوەی گشتیدا کە سەبارەت بە کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ”* کراوە، ئەوەی گرنگ بوە بەلامەوە ئەوە بوو کە کەسانی تر کە ئەم کتێبەیان خوێندۆتەوە چۆن لەم کتێبە و بۆچونەکانی نوسەر تێدەگەن؟
ئەوەی بەلامەوە گرنگ بو ئەوە بوو کە بزانم ئایا کەلتوری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە چۆن لەم کۆڕانەدا پیادە دەکرێ؟
لە کۆڕی یەکەمیاندا لە لەندەن گوێم هەڵخست بۆ بەراوردکردنی ڕەخنەکان بە ڕەخنەی زانستی و بەدواداچوون بۆ ئەوەی ڕەخنەگرەکان لە چ گۆشەنیگایەکی خۆیانەوە ڕەخنە دەگرن و بەڵگەکانیان چیە؟
بەڵام لە کۆڕەکەی سلێمانیدا سەرنجم دا پرسیارەکانی ناو کتێبەکە لەڕێگای شیکردنەوەکەمەوە لە سەرەتای کۆڕەکەدا زیاتر گوێگرانی جوڵاند. تەنانەت لە بەرامبەر بە ڕەخنەیەکی هاوڕێ “نەجمەدین فارس”دا کە لە بابەتە سەرەکیەکانی کتێبەکە بوو، وەک تێروانین بۆ سۆشیالیزم و حزب چین؟، لەسەر ئەمانە لە کتێبەکەدا قسەی دەکرد، زۆربەی قسەی بەشداربوەکان چونە سەر گرنگی دان بە پرسیارەکانی کتێبەکە نەک جەدەل لەسەر باسە پۆزەتیڤەکان.
ئەم جۆرە لە هەڵوێستی گوێگرەکان سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشام کە لەم کۆڕەدا بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی کتێبەکە جوڵەیەکی زیاتر لە بەشداربواندا دروست دەکا وەک لە باسە بڕاوەکان و ئەنجامگیریەکانی لێکۆڵینەوەکە.
ئەمە خاڵی جەوهەریە لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەدا کە پرسیار و گومان لەسەر وەڵامەکان زیاتر بکەیت، وەک لەوەی وەڵامی پێشتر ئامادەکراو بە پرسیارێک بدەیتەوە کە لە ژێر نەشتەرگەریدایە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە هەموو کتێبەکەیان نەخوێندۆتەوە.
پرسیاری ئەوەی “بۆچی کۆمۆنیستەکان و گروپ و بزوتنەوەکەیان لاواز و پەرژوبڵاو و حاشیەییە، لە کاتێکدا کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بەفراوانی لە مەیدانی ناڕەایەتیەکاندان و یەکگرتوونانە ڕوبەڕوی دەوڵەت و سیستمی سەرمایەداری دەبنەوە ؟”، ئەم پرسیارە مەسەلەیەکی سەرەکی ئەم کتێبەیە.
کاتێک گوێم لە قسەکەرەکان دەبوو ئەم پرسیارەیان بە گرنگ و میحوەری دەزانی، تێگەیشتم کە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بەم ڕێچکەیەدا دەچێتە پێش کە سەرەتا هاوکارانی پرسیارەکە پەیدا ببێ. گرنگ نیە کە لەو کاتە کەمەدا لەسەر ئەنجام و وەڵامی پرسیارێک کە تەمەنی سەدەیەکە چۆن بە دەست و دیاریەکی گەورە و دڵخۆشکەرانەوە لە کۆڕەکە دەردەچن و دوای چەند ساتێک دڵخۆشیەکە بە هەوادا دەچێ. بەڵکو گرنگە کە بیری کەسانێک بەم پرسیارانەی ناو کتێبەکەوە داگیربکرێ.
سەرەتای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، پرسیارکردنە لەوەی تا ئێستا بە ڕاوەستاو و بەڵگەنەویستی دەزانین. دەبێ لە خۆمان بپرسین کە بۆچی لە دۆخێكی چەق بەستوشدا خۆمان و بزوتنەوەکەمان گیری کردوە و بەبێ ئەوەی ئەو بنەما و بیرکردنەوە و گروپ و ڕیکخراوانەی هەمانە یارمەتیدەری دەرچوون لەم بنبەستە سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ڕیکخراوە سێکتاریستیانە بدات؟! ئەمە جۆرێک لە خۆپارێزی و کۆنسەرڤاتیزمی فکری و کەلتوریە کە ڕەنگدانەوەی دابەش بونە سێکتاریستیەکانی ئێستای بزوتنەوەکەمانە.
پرسیار دەتوانێ و پێویستە ڕەخنەگرانە بێت تاکو بەدوای لاوازی و کێشەکانماندا بچێت. ئەمە واتە ڕوانگەیەکی نەگەتیڤانە سەبارەت بەوەی ئێستا باوەڕمان پێیەتی و دژایەتی هۆکاری مانەوەمانە لە قاڵبی نەگۆڕ و سێکتاریستی و پاسیڤدا. ئەمە پرۆسەی ئیڤۆلۆشن و گۆڕانکاری و گەشەی فکری و سیاسیە.
لە کەلتوری ئێمەدا ئەم جۆرە لە ڕەخنەگری دەبێتە مایەی دڵەڕاوکێ و ترسی نوسەر و گروپ و حزب و ئایدیایەکە لە بەرامبەرەکان و بەشداربوانی ڕەخنەگر لەکۆڕەکەدا، نیگەرانی و هەڵچون لەو کەسانەی کە بۆچونەکانی بەرامبەر دەهێننە ژێرپرسیار دروست دەکا. لە جیاتی ئەوەی ئەمە ئەو زەمینەیە بێت کە ڕاستی لە ململانێی مەنتیقیدا خۆی دەربخا و وەڵامی پرسیارەکان بەپێی زانست و لۆژیک بدرێتەوە. ئەم جۆرە وەرگرتنی ڕەخنەیە خۆی ڕەهەندێکی ترسی بێ باوەڕی بە بۆچونەکانمان هەڵدەگرێ و پێمان وایە بە کەوتنە ژێر ڕەخنەی بۆچونەکانمانەوە هەموو ئیگۆی ئێمە و بنەما و دۆگماکانمان دادەڕمێ.
لە کاتێکدا کۆڕو چونە ناو خەڵک بۆ ئەوە گرنگە کە ڕەخنەکان لە ناو کۆمەڵدا بتوانێ بەشێوەیەکی زانستی بخرێتە ڕوو و بە پێوەری زانستی بۆچونەکانمان جەدەل لەگەڵ ناسەلماندنی خۆی بکا کە بە ئینگلیزی پێی دەڵێن Disapprove
ئەمە شیوازێکی سەلماندن و فێربونی زانستیە کە جیاوازە لە شێوازی تەقدیسی دینی و دۆگمایی بۆ فکر و فێربون، کە بیروباوەڕی وشکەڵاتوو و دواکەتو لە ڕۆژگاری ئێستا بەرهەم دەهێنێ. فێربون بریتیە لە پرۆسەی بەکارهێنانەوەی فکر بۆ تێگەیشتن لە فکری کەسانی تر ،وەک هیگڵ دەڵێ” فکری کەسانی تر بەفکر نەبێ تێناگەین”.
لەبەشەکانی تردا لەسەر ئەو پرسیارانەی جێگای جەدەلن و لەو کۆڕەوە وەرم گرتوە قسە دەکەم.
لێرەدا بەلامەوە گرنگ بوو کە لەسەر چەمکی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لەو کۆڕانەدا قسە بکەم. وە بڵێین بۆ دەبێ لە کۆڕ و گفتوگۆ و ڕەخنەکانماندا شێوازی بیرکردنەوە و مامەڵە لەگەڵ ڕەخنەدا بگۆڕین و ڕەخنە وەک ناکۆکی بۆ گەیشتن بەڕاستی تێبگەین، نەک ململانێی شەخسی و بەزاندنی تاکەکەسی و گروپی. ئەمە دەرگایەک بەڕووی گوێگرتن لەیەکتر و فێربوون لەیەکتر و هاوکاری کردنی یەکتر دەکاتەوە تا ئامانجی کار و گفتوگۆ و بەدواداچون و هەوڵە فکری و سیاسیەکان خستنەڕووی ڕاستی و ڕێگای زانستی و زەمینە سازکردن بۆ یەکگرتوویی بێت. ئەمە شێوازێکی هەرەوەزیانەی فکری و تیۆریە کە لە زانستدا بوەتە مایەی سەرکەوتنە گەورەکان و لە خەباتی چینایەتیشدا دەبێتە مایەی دەرچوون لەم دۆخە چەق بەستو و سێکتاریستیەی ئێستا و گەشەپێدانی فکری و سیاسی بزوتنەوەی کرێکاری.
ئەم میتۆدی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیە لە پرۆسەیەکی کردەیی دایەلۆگ و کارکردندا جێگای خۆی دەکاتەوە و دەبێتە ئامڕازێکی گرنگی خەباتی تیۆری و فکریمان. پێویستە لێکدانەوەی زیاتر لەسەر ئەم کێشەی نەبونی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە یان ترس لە ڕەخنە لە کەلتوری فکریمان و تیۆری زانینماندا بکەین و گرنگی زیاتری پێ بدەین.
بەڵێ ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە شێوازی بیرکردنەوە و مامەڵە لەگەڵ ڕەخنەدا بگۆڕین.

                                                                     ئاسۆ کمال
Previous
Next
Kurdish