كتێبێكی تایبەت بە خەرەندی ڕواندز چاپ و بڵاو دەكرێتەوە.. سەدیق سەعید ڕواندزی
()
كتێبێكی دیكەی سەدیق سەعید ڕواندزی، بە ناوی (خەرەندی ڕواندز هێمای ڕامان و جوانی) بە پشتیوانی خودا، لە ئاییندەیەكی نزیكدا، چاپ و بڵاو دەكرێتەوە. ناوەڕۆكی ئەم كتێبە، لە چوار بەشی سەرەكی پێكهاتووە و هەر بەشێكیش لە چەند تەوەرێك و تیایدا نووسەر لە بارەی هەڵكەوتەی سرووشتی خەرەندی ڕواندز، چۆنیەتی دروستبوونی، مانای وشەی خەرەند دواوە. لە بەشێكی دیكەدا، پەیوەندی خەرەند بە عشق و مەرگ بە گشتی و مەرگی خۆشەویستان، ئەوانەی لە پێناو خۆشەویستی خۆیان لە خەرەند فڕێ دەدەن بە تایبەتی باسكراوە و نووسەر ئەو بۆچوونانەی ڕەتكردۆتەوە، كە خەرەندی ڕواندز بە هێمای مەرگ دەزانن كە ئەمە بۆ ڕواندزییەكان مایەی نیگەرانییە و كەمكردنەوەیە، لەو جوانییە سرووشتییەی لە شاردا هەیە. لە بەشێكی دیكەی كتێبەكەدا، نووسەر پڕۆژە پێشنیارێك، لە بارەی پاراستنی لێوارەكانی خەرەند و بە گەشتوگوزاركردنی دەخاتە ڕوو، كە چۆن بتوانرێن خەرەند وەك ناوچەیەكی جوان و سەرنجڕاكێش بكرێتە پڕۆژەی گەشتوگوزاریی و خزمەت بە داهاتی شارەكە بكات. ئەوەی هانیدام بۆ نووسینی ئەم كتێبە ئەوە بوو، كە خەرەند بە شێكە لە بوون و سرووشتی ڕوحیانەی خەڵكی ڕواندز، هەم ناوی شوێنەكە تایبەتە و لە هیچ جێگەیەك وشەی خەرەند بۆ ئەو هەڵكەوتە سرووشتیانە بەكار نایەت، هەمیش خەرەند تەنها لە ڕواندز هەیە و لە هیچ شارێكی دیكە بوونی نییە. من كاتێ ئێوارن لە سەر لێوارەكانی خەرەند دەوەستام و سەیری قوڵایی خەرەندم دەكرد، چەندین ڕامان و پرسیارم لا دروست دەبوون، بەوەی ئەمە چۆن دروست بووە؟ ئەی وشەی خەرەند مانای چییە؟ بۆچی دەبێ هێمای مەرگ بێت؟ لە كتێبەكەدا، ئەم باسانە ڕوونكرانەتەوە. شایەنی باسە، بەرگی كتێبەكە لەلایەن مامۆستای شێوەكار (هێڕش مەغدید باشە) كراوەو خوا یار بێت، لە ئاییندەدا كتێبەكە چاپ دەكرێت.

