Skip to Content

چەند ترسناکە، پێکەنین.. ئەحمەد ڕەسوڵ

چەند ترسناکە، پێکەنین.. ئەحمەد ڕەسوڵ

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 24, 2022 General, Poems

لەم زەمینە پان و بەرینەدا،
کە هەمووی لەسەر ڕەوشتپاکیی ئێوە طاپۆ کراوە،
تەنیا ماڵۆچکەیەکیان بۆ مابووەوە،
لەوێش دەرتان کردن.
چەند سەیرە،
زەمینە پان و بەرینەکەی ڕەوشتپاکیی ئێوە،
تەحەممولی ماڵۆچکەیەک، تەنانەت ئەگەر بۆ بەدڕەوشتییش بێت، نەکات!
لە مەملەکەتە ئاکار بەرزەکەی ئێوەدا،
تەنیا ئەو کوخەیان هەبوو تێیدا لاواز و شکاو بژین،
کوخەکەتان بەسەردا ڕووخاندن.
چەند سەیرە،
لە مەملەکەتی ئاکاربەرزیی ئێوەدا،
کوخێک تەنانەت ئەگەر بۆ بەدئاکارییش بێت، جێی نەبێتەوە!
ئەو شەوە،
ئاه ئەو شەوە،
کە سەرۆکەکەتان بە ئاپۆڕای چەکدارەکانییەوە،
بە هەموو ڕەوشتپاکیی و ئاکاربەرزیی خۆیانەوە،
هەڵیانکوتایە سەر کوخەکانی بەد ڕەوشتیی،
بۆ ئەوەی ئەوانە تێکبشکێنن کە خۆیان لە بنەڕەتدا تێکشکاو بوون،
من گریام،
ئەو شەوە زۆر گریام.
گریام بۆ ئەو کچانەی کە کەوتنە سەر شەقامەکانی ئاکاربەرزیی ئێوە،
بۆ ئەو ژنانەی ڕوخساری خۆیان دەشاردەوە لە کامێرا بەڕەوشتەکانی ئێوە.
ئەو شەوە من چاوم ماندوو و بینینم تەڵخ بوو بوو.
بەڵام ڕوون دەمبینین، ئەوان دایک و خوشکی من و تۆ بوون،
خودایە، ئەی خودای بە ڕەوشتەکان، چەند شکاو و غەمگین بوون.
دایک و خوشکەکانمان، تۆش تەنانەت تۆش خۆت بۆ نەدەگیرا و دەگریای، ئەگەر بتبینیبان.
من بە ڕوونی دەمبینین، ئەوان کچ و هاوسەری من و تۆ بوون،
خودایە، ئەی خودای ئاکار بەرزەکان، چەند تەنیا و بێکەس بوون،
کچ و هاوسەرەکانمان، تۆش تەنانەت تۆش خۆت بۆ نەدەگیرا و دەتدا لە پڕمەی گریان، ئەگەر بتبینیبان.
ئەوان مەعشوقەکانی من و تۆ بوون،
ئەوان هاوڕێکانی زانکۆی من و تۆ بوون.

ئەوان ئاوارە و دەربەدەر بوون،
ئەو شەوە لە هەموو ژیانیان ئاوارەتر و دەربەدەرتر.
ئەوان ترساو، بێداڵدە و بێپەناگا بوون،
ئەو شەوە لە هەموو ژیانیان ترساوتر، بێداڵدەتر و بێپەناگاتر.
ئەو شەوە،
ئاه ئەو شەوە،
تۆم بینی پێدەکەنیت،
تۆم بینی وەکو جیهادییەک وەها بوویت بۆ یەکەم جار بە دەم تەکبیرەوە پێدەکەنیت،
تۆم بینی سەلەفییەک بوویت، دەستت بە ڕیشتدا دەهێنا و بە غرورەوە پێدەکەنیت،
تۆم بینی بانگخوازێک بوویت، دکتۆرێک بوویت چەپڵەتلێدەدا و پێدەکەنیت،
تۆم بینی نووسەرێک بوویت،
لەوێنەیەکدا بەدەستێکت قەڵەم و دەستەکەی ترت وەکو مشتەکۆڵە بەرزکردبوونەوە و پێدەکەنیت.
تۆم بینی خوێندکاری زانکۆ بوویت،
دەرچوویەکی بێکار بوویت،
گەنجێک بوویت،
گیرفان گەرم، پۆشتە و پەرداخ، مێشک بەتاڵ،
یان شڕۆڵە و گیرفان سارد و بە بێئومێدیی و بێخەیاڵ،
پێدەکەنیت.
تۆم بینی مامۆستای زانکۆ و پڕۆفیسۆر بوویت،
تۆم بینی سیاسیی لە پلە یەکەوە تا پلە دە بوویت،
چالاکوان و میدیاکار بوویت،
پێدەکەنیت.
لە تیڤی و ڕادیۆوە هەر قاقای پێکەنین بوو،
لەسۆشیاڵ میدیاوە هەر وێنە، ڤیدیۆ و ئیمۆجیی پێکەنین بوو،
خودایە چ پەتایەک بوو ئەو شەوە بڵاوبووەوە!
پەتای پێکەنین!
ئێوە هەموو پێکڕا بە دەم پێکەنینەوە هاوارتان دەکرد:
بژی ڕەوشتپاکیی و ئاکاربەرزیی.
بمرێ بەدڕەوشتیی و ئاکارنزمیی.
ئێوە بە هەموو ڕەوشتپاکیی و ئاکاربەرزیی خۆتانەوە،
هیستیرییانە پێدەکەنین.
ئەو شەوە بۆم دەرکەوت،
چ ئاپۆڕایەکە پێکەنین،
چەند تەڵخ و کوێرە پێکەنین،
چەند ترسناکە پێکەنین!

ئەحمەد ڕەسوڵ

Previous
Next
Kurdish