Skip to Content

(٨)ی مارسی ٢٠٢٤، چالێنجەکان و ئاسۆکانی خەباتی ڕزگاریخوازی ژنان لە ناوچەکەدا.. شیرین عەبدوڵڵا

(٨)ی مارسی ٢٠٢٤، چالێنجەکان و ئاسۆکانی خەباتی ڕزگاریخوازی ژنان لە ناوچەکەدا.. شیرین عەبدوڵڵا

Closed
by ئازار 31, 2024 General, Opinion, Women



سیستەمی سەرمایەداری لە ئێستادا بە یەکێک لە گەورەترین و قووڵترین قەیرانە مێژووییەکانیدا تێدەپەڕێت. پێدەچێت لە ئێستادا یەکێک لە سەنتەرەکانی ئەم قەیرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا چڕبوبێتەوە و ژنان زۆرترین پشکی لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە لە ئەستۆ دەگرن.
ئێمە شاهیدی یەکێک لە وەحشیترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووین، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەبەردەم چاو و گوێی مرۆڤایەتیدا دەگوزەرێت، کە بریتیە لە پێنج مانگ شەڕی جینۆسایدی غەززە. تاوانی ترسناک و دڕندەیی و دەستدرێژی بەکۆمەڵ لە سودان ڕوودەدات بە پەردەپۆشی تەواوەتی میدیاکان. هەروەها ناتوانین چاوپۆشی بکەین لەوەی کە لە ناوچە ناکۆکەکانی دەوروبەر لە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا ڕوودەدەن.
پێویستمان بە تێڕوانینێکی زۆر ورد نیـیە بۆ ئەوەی بزانین کە شەڕ و برسێتی و پەتا و لافاو و پیسبوونی ژینگە بوونەتە بەشێک لە دیاردەکانی ژیانی ئاسایی زۆرینەی ڕەهای خەڵک، ئەمانە هەمووی نیشانەکانی ئەم قەیرانە خنکێنەرەن لە ژێر سایەی سەرمایەداری و میلیتاریزمەکەی و سیاسەتە ئابوورییە نیولیبراڵییەکانی کە هیچ چارەسەرێک پێشکەش ناکەن جگە لە سەپاندنی هەژاری زیاتر، نایەکسانی، بێکاری، و تێچووی زۆری ژیان و لەناوبردنی ژینگە بۆ دەستەبەرکردنی قازانجەکانی. ئەمە دیمەن و باکگراوندی (٨)ی مارس (ئازار)ی ئەمساڵە.
ئەمانە، لەگەڵ زاڵبوونی دەسەڵاتە ئیستبدادی و سەرکوتگەر و پیاوسالارە دژ بە ژنانەکان لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا.
سەرمایەداری بارگرانی قەیرانەکانی دەخاتە سەر شانی ژنان و پەنابەران و باقی گروپە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگا، کە دەستیان لە دروستکردنی ئەم قەیرانانەدا نیـیە، بە ئیستغلالکردنیان وەک سوپای یەدەک (احتیاط) و سەرچاوەی کاری هەرزان و سەخت و ناجێگیر هەر کاتێک کە بازاڕ پێویستی پێیان بێت، و پاشان دەرکردنیان لە کار لە کاتی قەیرانەکاندا و هەرکاتێک پێویستی بازاڕ کۆتایی هات.
لە کاتی قەیرانەکانی سەرمایەداریدا، چینی دەسەڵاتدار و نوێنەرانی دەرفەتەکە دەقۆزنەوە بۆ لێسەندنەوەی ئەو دەستکەوت و مافانەی کە توێژە چەوساوەکان، لە ڕێگەی خەباتی سەخت و خوێناوی خۆیانەوە بە درێژایی دەیان ساڵ بەدەستیان هێناوە، بە بیانووی “بەرژەوەندی ووڵات”، “ئاسایشی نەتەوەیی” و “دوژمنی دەرەکی” هتد.. بە کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتیەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، گواستنەوە و نیشتەجێبوون، بۆیە بێکاری زیاد دەکات، بۆ ژنان ئەستەم دەبێت بتوانن کێبڕکێ لەسەر ئەو کارە کەمانە بکەن کە لە بازاڕی کاردا بەردەستن، و ناچارن ڕازی بن بە بارودۆخی کارکردن و کرێی نزمتر، یان بەتەواوی بازاڕی کار بەجێبهێڵن و لە ماڵەوە بمێنێتەوە بۆ بەخێوکردنی منداڵ و بەساڵاچووان و خاوەن پێداویستیەکانی ناو خێزان کە بەهۆی بڕینی خزمەتگوزارییەکانەوە لەلایەن دەوڵەتەوە پشتگوێ خراون.
قەیرانەکان زۆر لەسەر دۆخی تەندروستی (جەستەیی و دەروونی) ژناندا ڕەنگدەداتەوە، بەو پێیەی پیاوانی خێزان لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا ئەولەویەتیان هەیە لەسەردانی پزیشک و تێچووی چارەسەرکردن و خۆراک و پەروەردە… هتد وە گەورەترین پشکیان لە داهاتی کەمی خێزانەکە بەردەکەوێت. زۆرجار لێکۆڵینەوە دەخوێنینەوە و دەبیستین کە ئاماژە بەوە دەکەن کە ژنان بە ڕێژەیەکی زیاتر لە پیاوان تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبن، بەڵام زۆرینەی ئەم توێژینەوانە ڕۆڵی ئەو کۆمەڵگە پیاوسالارە پشتگوێ دەخەن کە تێیدا ئەم بارودۆخانە لەنێو ئەو ژنانەدا سەرهەڵدەدەن کە جگە لە هەژاری و پەراوێزخستن، بەدەست هەڵاواردن و توندوتیژی سێکسی و خێزانیەوە دەناڵێنن. سەرەڕای گرنگی دەستنیشانکردنی دەروونی لە حاڵەتە تاکەکاندا، پێویستە فراوانتر بیر بکەینەوە و ئەو سیستەمە ستەمکاریانە هەڵبوەشێنینەوە کە هەموومان نەخۆش دەخەن.
بیرۆکەی بەکۆیلەکردنی ژنان لە داهێنانی سەرمایەداری نەبووە، ئەو شکستە مێژووییەی ژن کە ئەنگڵس باسی دەکات، زۆر پێش سەرمایەداری ڕوویداوە و دیاردەیەکی خۆبەخۆ بووە لە ئەنجامی دابەشکردنی خۆبەخۆیی کار و خاوەندارێتی ئامرازەکانی بژێوی لە خێزاندا، بەڵام سەرمایەداری داهێنەریی لە بەرهەمهێنانەوەی و شارەزابوون لە بە کاڵاکردنی ژندا بووە، بە خستنەگەڕی ماشێنێکی میدیایی و سیستمێکی فیکری و کۆمەڵایەتی کۆنەپەرست و پیاوسالارەوە، وەک یاساکانی هاوسەرگیری، تەڵاق، صیغە، میرات، لەباربردنی منداڵ.. سەرمایەداری هەموو لایەنەکانی ژیان دەقۆزێتەوە بۆ دۆزینەوەی بازاڕێک بۆ کاڵاکانی و بەدەستهێنانی قازانج، تەنانەت هونەر و ئەدەب و هەستی مرۆڤی وەک ڕۆژی دایک و ڤالانتاین و ئارەزووی منداڵبوون و زۆر شتی تر، هەموویان لە ناوەڕۆکی ئینسانی خۆیان بەتاڵ دەکرێنەوە و دەکرێن بە کاڵا و بەکاردێن بۆ پڕکردنەوەی حسابی بانکی سەرمایەدارەکان.
هەموو ئەم دیاردانە لەم ساڵانەدا لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەخێرایی تەشەنە دەکەن، وەک دەبینین بوژانەوەی کەرتی تایبەت و سەدان قوتابخانە و نەخۆشخانەی ئەهلی کە زۆربەی زۆری خەڵک دەرەقەتی تێچوەکانی نایەت، لەسەر حیسابی بڕینی بودجەی کەرتی گشتی و تێکچوونی خزمەتگوزارییەکان تیاییاندا، و سەدان کلینیکی جوانکاری و ڕیکلام بۆ “بەرهەمەکانیان” و هاندانی ژنانی گەنج (هەروەها کوڕانیش) بۆ تێکدانی جەستەیان و نەشتەرگەری جۆراوجۆر. هەموو بۆنە و جەژنە باوەکان دەبنە فشارێکی ئابووری گەورە لەسەر ملیۆنەها کرێکار و زەحمەتکێش کە لە ژێر فشاری کۆمپانیاکانی ڕیکلام و میدیادا ناچارن بەشێکی بەرچاو لەو داهاتەیان کە لە بنەڕەتدا کەمیشە، بۆ دیاری بۆ ئازیزانیان خەرج بکەن، و دەرگیری بارێکی قورستر دەبن لەوەی کە لە توانایاندابێت. گەورەترین سوودمەند سەرمایەداران و بانکە نێودەوڵەتییەکانە.
لە هەمان کاتدا کە بارودۆخی توێژە چەوساوەکان، و لە سەروشیانەوە ژنان، بەرەو خراپتر دەچێت، سامانی سەرمایەدارەکان زیاتر دەبێت و سەروەت و سامان زیاتر و زیاتر لە دەستی گروپێکی بچووکدا دەمێنێتەوە کە سود لە دۆخە قەیراناویەکان و نەهامەتی ملیۆنان کەس دەبینن لە پێناو قازانج لە ڕێگەی بازرگانی چەک و دەرمان و کەرەستەی پزیشکی و خۆراک و باقی پێداویستیەکانی کۆمەڵگا، بە پشتیوانی تەواوی دەوڵەتان و ڕژێمە بۆرژوازییە دەسەڵاتدارەکان. سەرمایەداری لە هەر شوێنێک بێت، دەرفەتێک دەدۆزێتەوە بۆ چنینەوەی قازانجی زیاتر بە هەر شێوەیەک بێت، وە گرنگی بەوە نادات ملیۆنەها کەس تووشی داهاتوویەکی نادیار ببێت، لەپێناو ڕزگارکردنی بانک و ملیاردێرەکان.
ئەوەش زانراوە کە سیستەمی سەرمایەداری هەموو قەیرانەکانی دەقۆزێتەوە بۆ داسەپاندنی پاشەکشەی ماددی و مەعنەوی بەسەر زۆربەی جەماوەردا و هەرچەند قەیرانەکە توندتر بێت، هێرشی کۆنەپەرستانە بەهێزتر و توندتر دەبێت، پشکی ژنانیش زیاتر دەبێت.
ئەوەی ژنان لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمە پیاو سالار و ئیستبدادیەکانی وڵاتانی ناوچەکە پێش ئەم شەڕ و ململانێیانە دەیان ناڵاند بەدەستیەوە، ئێستا چەندین جار زیادی کردووە. ئەوەی بەسەر ژنانی غەززە و سوداندا دێت، تاوانە و قابیلی بێدەنگی نیـیە، بەڵام ئەوەی لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بەتایبەت لە دوای شکستی شۆڕشەکانی ساڵی (٢٠١١) لە میسر و تونس، زەنگی مەترسی پاشەکشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەدەن، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەم قەیرانە و ئەم هێرشە دوژمنکارانەیە، توانای شۆڕشگێڕانە و نیشانەکانی بەرەنگاربوونەوەی ژنانی ئازادیخواز و تەحەدای ئەم هەلومەرجە نەهامەتبارە لە گەشەکردندایە.
کەمپەینەکانی حیجابکردنی کچانی گەنج لە بەناو “فێستیڤاڵی تاجی زێڕین”ی ساڵانە و لەم بابەتە، کە بە توندی لەلایەن دەسەڵاتەکانی ئیسلامی سیاسی ناوچەکەوە پشتیوانی مالی (تەمویل) دەکرێن، شتێک نیـیە جگە لە دیاردەکانی ئەم هێرشە لە دژی ژنان به ئامانجی مسۆگەرکردنی تەسلیمی فیکری و جەستەیی نەوەکانی داهاتوو و ئامادەکردنیان بۆ قبوڵکردنی هەژموونی پیاو و ئایدۆلۆژیای دژە ژن و بەم شێوەیە بەکۆیلە کردنیان.
ئازارەکانی ژنانی ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی نیزامە پیاوسالارییە کۆنەپەرستەکاندا، و باڵادەستی و زیندووکردنەوەی یاسا و نەریتە پاتریارکی و خێڵەکیەکان، ئەو زەمینانەن کە تاوانەکانی کوشتن و توندوتیژی و بازرگانیکردن و هاوسەرگیریی منداڵان و فرەژنی و بێبەشکردن لە مافەکانی جیابوونەوە، میرات و چاودێری منداڵ.. ڕۆژانە ئەنجام دەدرێن.
لە ناوجەرگەی ئەم سیناریۆیە و دیمەنە تاریکەدا و سەرەڕای هێرشی توندی سەرمایەداری و سیستمە کۆنەپەرستەکانی بۆ سەر ژنان و چینی کرێکار، ناتوانین دەرکەوتەکانی ڕەخنە و بێدەنگ نەبوون لە بەرامبەر هەموو ئەوەی کە کۆنەپەرست و سەدەی ناوەڕاستییە پشتگوێ بخەین، و هەستێکی گەشەسەندوو بۆ بەرەوپێشچوونی نیشانەکانی بزووتنەوەیەکی یاخیبوونی ژنانی فراوان لە ئاسۆدایە، بە تایبەت لە نێو ژنانی گەنجدا.
چەڵێنج (تەحەدا) و هاوپشتی نێودەوڵەتی و ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ڕوو لە زیادبوونن، بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان لە دەیەی ڕابردوودا بووژانەوەیەکی بەخۆیەوە بینی، لە ڕێگەی بزووتنەوەکانی وەک (می توو- منیش) (٢٠١٧) کە تیشکی خستە سەر پرسی هەراسانکردن و زیادبوونی هۆشیاری کۆمەڵایەتی بە دەرکەوتەکانی ئازاردانی سێکسی و پێشێلکاری لەلایەن خاوەن دەسەڵات و سەلمێندرا لە دوای ئەمڕۆوە ناکرێت ئەم کردەوانە وەک “ناچار” قبوڵ بکرێن، ململانێکان بۆ مافی زاوزێ و لەباربردنی منداڵ لە زۆر ووڵاتانی جیهان بەردەوامە.
هەروەها وەک ئاشکرایە، کوشتنی (ژینا /مەهسا ئەمینی) لەسەر دەستی پۆلیسی ئەخلاق لە ئێران لە ئەیلوولی (٢٠٢٢ دا) بووە هۆی ئەو ڕاپەڕینە بەرفراوانەی کە زۆربەی شار شارۆچکەکانی ئێرانی گرتەوە، و بە هاوپشتیـیەکی نێونەتەوایەتی فراوانەوە. ئەم ڕاپەڕینەی کە بە دژی ستەم لە سەر ژنان و حیجابی زۆرەملێ سەری هەڵدا، بە خێرایی بووە ڕاپەڕینێکی سیاسی و جەماوەری بە دژی هەژاری و بێکاری و سەرکوتی سیاسی و فەرهەنگی سیستەمی سەرمایەداری و ڕژێمە سیاسیە ئیسلامیەکەی لە ئێراندا.
ئەم بزووتنەوانە لە ماوەیەکی کورتدا ڕەهەندی جیهانییان وەرگرت و بە بڕوای من گرنگیدان بە هاوپشتی نێونەتەوایەتی لە نێوان ژنان و بە تایبەت ژنانی چینی کرێکار و خەڵکی هەژار، یەکێکە لە بابەتە جەوهەریەکانی خەباتی ئێمە لەم قۆناغەدا.
پەتای کۆرۆنا هۆشیارییەکی لەزیاد بووندای دروستکردووە سەبارەت بە نایەکسانی و جۆرە جیاوازەکانی و چۆن نەخۆشی و تەندروستی پلەبەندییەکی کۆمەڵایەتی پەیڕەو دەکەن: تا باری کۆمەڵایەتی و ئابووری نزمتر بێت، باری تەندروستی و میانگینی (موعەدەلی) تەمەن خراپتر دەبێت.
ڕەنگە بڵێین بارودۆخی ژنان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ماف و ئازادییەکانیان زۆر باشترە لە وڵاتانی ناوچەکە وەک عێراق و سوریا و سعودیە و پاکستان و ئێران و ئەوانی تر و ئەمەش بەتەواوی ڕاستە، بەڵام ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان لەم وڵاتانەدا بەدەستیانهێناوە بەردەوام نین و هەمیشە هەڕەشەی لێسەندنەوەیان لەسەرە، هەر وەک چۆن بینیمنان لە کەیسی (ڕۆ- دژی واید) لە ئەمریکا کاتێک دادگای باڵا بڕیاریدا یاسای منداڵ لەباربردنی کە بۆ ماوەی (٥٠) ساڵ بەکار بوو، لە هاوینی (٢٠٢٢) دا هەڵبوەشێنێتەوە.
بزووتنەوەی کرێکاری و ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکان بەبێ ڕۆڵگێڕانی کاریگەر و چالاکانەی بزووتنەوەی ژنانی ئازادیخوازی ڕادیکاڵ ناتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن. ماوەیەکی یەکجار زۆرە ژنان لە کاریگەری چالاکانە لە سیاسەت و بڕیاردان لە جیهانی پیاوسالاری سیاسەتدا دوور خراونەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە ئەم هاوکێشەیە بگۆڕدرێت و ژنان گوتاری (خیطابی) ڕزگاریخوازانەی خۆیان بەرز بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەو هێزە گەورە شارراوەیەی کە لە بزووتنەوەی ژناندا هەیە، ئازاد بکرێت لەپێناو گۆڕانکاری ڕیشەیی و هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەموو شێوازە پیاوسالاری و کۆنەپەرستانەیەی چەندین سەدەیەی بۆمان ماوەتەوە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو دەتوانێ سەرەتایەک بێت بۆ ڕزگارکردنی هەموو کۆمەڵگە لە هەموو جۆرەکانی ئیستغلال و هەڵاواردن.


٢-٣-٢٠٢٣

شیرین عەبدوڵڵا

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish