Skip to Content

لە یادی 45 ــەمین ساڵرۆژی بوونی دەوڵەتی ئێران بە کۆماری ئیسلامی ئێران.. ئاوات ئەسعەدی

لە یادی 45 ــەمین ساڵرۆژی بوونی دەوڵەتی ئێران بە کۆماری ئیسلامی ئێران.. ئاوات ئەسعەدی

Closed
by ئازار 31, 2024 General


پاش هەڵاتنی شای ئێران بە ماوەیەک و، لە 30 و 31 ئازاری ساڵی 1979، ئایەتوڵڵا خومەینی و دەسەڵاتدارانی تازەی ئێران ڕیفرەندومێکیان بۆ شێوەی حوکمڕانی وڵاتەکە ئەنجامدا. مەبەست لەم هەنگاوەیان ئەوەبوو، ئەو سیستەمە تازەیەی پاش روخانی شا دایانمەزراندبوو بە ناوی “دەوڵەتی کاتیی شۆڕشی ئیسلامی”، بەو رێفرەندومە شەرعیەتی بۆ مسۆگەر بکەن.
کاغەزەکانی دەنگدان دوان بوون: یەکێکیان رەنگەکەی سەوزبوو بۆ “بەڵێ”، ئەوی تریان زەرد بوو بۆ “نەخێر”. لە هەردووکیشیان نوسرابوو بۆ “گۆڕینی رژێمی رابوردوو بە کۆماری ئیسلامی”. ئاکامی ئەم دەنگدانە “روون بوو”. بە پێی هەواڵە رەسمیەکان رێژەی دەنگدەران بۆ “بەڵێ” پتر لە 98٪ بوو. رێژەی دەنگدەرانی “نە”یش زۆر لە خوار لە 1٪ ەوە بوو. تێکڕا 20.147.855 کەس دەنگیان بە کۆماری ئیسلامی دا، بەرامبەر بە تەنیا 140.996 دژەدەنگ.
دەنگدانەکە “نهێنی” نەبوو، کە ئەمەش کۆڵەکەیەکەی پرۆسەی دەنگدانی ئازادە. لایەنگرانی ئایەتوڵڵا خومەینی، کە پتر لە هەر لایەنێکی دیکە خاوەنی دەسەڵات بوون، ئەیانزانی، کێ بە “بەڵێ” و کێ بە “نە” دەنگ ئەدات.
بەهەرحاڵ، لەو رۆژگارەدا، کە گەلانی ئێران مەستی روخانی دیکتاتۆریەتی محەمەد رەزا شا بوون، وایاندەزانی، دەگەنە سیسەتەمێکی سیاسی ئیسلامی نوێ، کە “بەختەوەری”ــان بۆ بێنێت. جا لەبەر ئەوەی زۆرینەی خەڵکەکە موسڵمانبون و موسڵمانن، ئەبوو ئەم چەمکی ئیسلامیە زۆر پەسەند بووبێت لایان.
ئەمجا ئەگەر وشەی “کۆمار” ی چەمکێکی باش بووبێت لە ئاستی رژێمی دیکتاتۆریەتی شادا، ئەوا وا پێئەچێت، کە ئەو دەمە بیر لە ئاکامە درێژخایەنەکانی چەمکی “ئیسلامی” نەکرابێتەوە. تەنانەت لە یادی سیەمین ساڵرۆژی ئەو ریفرەندومەدا، ئەبولحەسەن بەنی سەدر، کە یەکەم سەرۆک کۆماری ئێران بوو و، هاوکارێکی نزیکی خومەینی بوو لە پاریس و، کاری وەرگێڕانی لەکاتی گفتوگۆکان لەگەڵ میدیاکاندا بۆ ئەکرد، بە BBC ی ووت، کە تا ڕۆژی ڕیفرەندومەکەش هیچ کەسێک بچوکترین بیرۆکەی نەبوو، لەوەی، کە خومەینی مەبەستی لەو دەستەواژەی “کۆماری ئیسلامی” چی بووە.
ئەگەر وابێت، ئەوا زۆرینەی گەلانی ئێران لەوە تێ نەئەگەیشتن، کە دەسەڵاتی ئیسلامی رێبازێکی سەرتاپای سیاسەتی دیکتاتۆریەتە و زەوتکردنی بڕێکی زۆری شێوە ئازادیەکانی مرۆڤ لە خۆ ئەگرێت.
بێگومان زۆر دەمێکە ئەو بەختەوەریەی گەلانی ئێران چاوەروانی بوون، بەتەواوی لە گۆڕنراوە.
بۆ نموونە: لە رووی ئابووریەوە پارەی ئەو وڵاتە لە هەفتاکانی سەدەی رابوردوو زۆر بە نرخ بوو. هەر دۆلارێکی ئەمریکی بایی 70 ریالی ئێرانی بوو. ئەمڕۆ هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر 42.047,50 ریالی ئێرانیە. ئەم داشکانەی پارەی ئێرانی لەوەیە گەورەترین شکستی پارە بێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
گەورەترین گورزیش لە ئازادیە سەرەتاییەکانی ژنان و کچان درا، کاتێ کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، مافی راستەقینەی “مرۆڤبوون”ـیان لێ سەنرایەوە. بە پێی قانونی ئیسلامی دەنگی شایەتیدانی ئافرەتی ئەو وڵاتە لە دادگاکاندا، کرا بە نیو دەنگ. لەمەش بترازێت بە زۆر و بە توندو تیژی “حجابی ئیسلامی” کرایە قانون بەسەریاندا.
بڕێکی ئافرەتانی ئێران لەسەرەتاوە کەوتنە خۆیان و ڕژانە سەر شەقامەکان لەگەڵ ئازادیخوازوهاوبیرەکانیان، بۆ گێڕانەوەی ئازادیە سەرەتاییەکانیان، کە لە قانوونی ئیسلامیدا لەڕوانگەی ئەوانەوە پێشێلکرابوو. بەڵام کار لەکار ترازابوو و، ولایەتی فەقێ هی ئەوە نەبوو، گوێ بۆ داواکانی “نیومرۆڤەکان” شل بکات. نەک ئەمەش، بەڵکو کەوتە وێزەیان بە بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ سەرکوتکردنی داواکانیان.
ئەوەی شوێنی سەرنجە، کە خۆپیشاندانەکانی پێراری گەلانی ئێران دژی سیستەمی ولایەتی فەقێ، پاش کوشتنی ژینا مەهسا ئەمینی لە 16 ی ئەیلوولی 2022، نەک هەر سەرکوتکرا، بەڵکو لەلایەن گەلانی دیکەی ناوچەکەوە بە هیچ شێوەیەک ئاوڕی لێ نەدرایەوە و پشتیوانی لێ نەکرا. هۆکاری ئەم فەرامۆش کردنە راستیەکی تفت و تاڵە: هێشتا زۆرینەی گەلانی موسڵمانی ناوچەکە، نە لە مەترسی کۆماری ئیسلامی حاڵی بوونە، نە لەوە تێگەیشتونە، کە ئەو سیستەمە ئیسلامیەی ئێران، کە واپێ ئەچێت بەشێکی زۆری گەلانی موسڵمان خەونی پێوە بینین، زۆرینەی گەلانی ئێران 45 ساڵە بە دەستیەوە ئەناڵێنن.
راستە، کە بە پێی ویستی زۆرینەی خەڵک دەکرێت و دەتوانرێت کۆمارێکی ئیسلامی لە هەر وڵاتێکا، کە زۆرینەی موسڵمان بێت، ڕابگەیەندرێت. بەڵام مەحاڵە “دیموکراسیەتی ئیسلامی” مەبەستی دابینکردنی مافی گشتی مرۆڤ بێت. هەر بۆیەش مەحاڵە ئەو شێوە سیستەمە سوودمەند بێت بۆ تێکڕای ئەندامانی کۆمەڵگا.
لەهەمان کاتدا ئەم پرسیارەش دێتە پێشەوە: ئایا ئەبێت هەمیشەو بۆ تاهەتایی ئەنجامی دەنگدانێکی نەوەکانی پێشوو لە پرۆسیەکی سیاسیدا بەسەر نەوە تازەکانیشدا و بەبەکارهێنانی توندو تیژی بسەپێندرێت؟
ولایەتی فەقێ زۆر دەمێکە وەڵامی ئەم پرسیارەی بە “بەڵێ” داوەتەوە.

ئاوات ئەسعەدی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish