پدوو ئاوساو … شاڵاو عەبدوڵا مستەفا
كه‌نیشكه بوو له ماڵه باوانی هه‌ڵبڕا، هێشتا نه‌یده‌زانی ڕه‌سین چییه؟ یاخوود به بتوونی دركی نه‌كردبوو ئه‌و خوێنه‌ی له به‌ری ده‌ڕوا و ئه‌و ئازاره‌ی هاوكاتییهتی له سه‌رینایی چیه‌وه‌یه؟ واته به قۆناغێكدا تێده‌په‌ڕیی وه‌لێ هه‌رگیز له‌و كاته‌دا نایزانی چییه، ڕه‌نگه دواتر كنه بكه‌ی و دركی بكه‌ی، ڕه‌نگه هێشتاش وێ نه‌یزانێ. وێ پدووی هه‌ڵمساوه، تاقه ددانێكی ساغی تێدا نه‌ماوه، خواردنی پێناجوێندرێ، هه‌ر شۆڕاو و شۆرباو ههڵدهقۆڕێ. جارجاره‌ش پێ له خۆ ده‌نێ ئه‌و شێوانه‌ی تر ده‌خوا كه بۆ ئه‌و ناشێن، یاخود پێیان گوتوه بۆ تۆ ناشێن. شتی له نێو ده‌م و لچی ده‌رده‌چێ، منداڵه‌كانی زۆر له خۆیان ده‌كه‌ن، پێنه‌كه‌نن. ده‌ستیان ده‌خه‌نه سه‌ر ده‌میان، وه‌لێ دواتر ده‌ده‌نه قاقای پێكه‌نین، ته‌وس و پلاریش له‌ولاتر، به كوردی و كورمانجی پێی ڕاده‌بوێرن.
وێ زار هه‌ڵدێنێ؛ ” هه‌ری جه‌رگم خه‌رابی، له سه‌ن گۆما بار كه‌تییه، درانما داناینه، ئا پێشما پێكه‌نن، چهقهتهینه؟”
وێ، كفت و كهوهڕێ له پاڵ دیواره‌كه ههڵایژاوه، یاخود پشتی به باڵنجهكهوه ناوه. ئێستا ته‌نێ به قاوقوون جووڵه ده‌كا. كراسێكی كوردی شینی تۆخ لێ ڕه‌نگپه‌ڕیوو، كهوێیهكی ڕه‌شی تۆزاوی، چارۆگه‌یه‌ك كه پرچی بهفرئاماڵی داپۆشیووه، لچی كارسهكهی شۆقده‌داته‌وه له‌به‌ر توێژهقڕێژ. پێستی گرنج گرنج و ڕه‌شداگه‌ڕاوه یان هه‌ر خۆی ئه‌سمه‌ره، گۆنا شۆڕ و لێوانی به‌نێو ده‌میدا ڕۆچوونه، چاوێكی ڕه‌ش به حاسته‌م له‌ژێر پێڵوانی ده‌رده‌كه‌وێ. له په‌نجه‌ره‌كه ده‌نۆڕێ؛ شه‌وه، مانگ خه‌رمانه‌ی داوه، ساماڵه، به‌س له پڕ ساردی كردووه، ده‌شته دیانا كه‌مجار ئاوهه‌وایه‌كی مامناوه‌ندی هه‌یه؛ یان ته‌واو سارده یان ته‌واو گه‌رم.
وێ هێشتا له په‌نجه‌ره‌كه ده‌نواڕێ؛ ژێوانی وه‌ك چه‌قۆیه‌كی ههسانكراو و بڕنده جه‌رگی شیتاڵ شیتاڵ ده‌كا. به منگه‌منگه‌وه یان له‌به‌ر خۆیه‌وه دهگۆیێ؛ هه‌نووكه كێ قه‌ره‌بووی ئه‌و پدووه ئاوساوانهی ده‌كا؟ ئه‌رای تێری زگی زراسكان ئه‌و به‌ڵایه‌ی وه‌سه‌ر خۆی هێناوه، له‌سه‌ر ساغی ئه‌وان وای لێهات. بێمفایه ڵاڵانه‌وه، هه‌ر گاڵتهپێكردنی پتر و پتری منداڵه‌كانی به‌دوا دادێ. كێ وه‌ك ئه‌و ناوده‌می خوێناوڵ ده‌بێ، شیرینی خوێنی خۆی تامدهكا؟ وێ فامدهكا به‌رپرسیاره له‌و قوربانیه‌ی داویه‌تی به سۆمای چاوی منداڵه‌كانی. ئه‌رێ به‌رپرسیاره و ده‌ری ده‌با، یان وه‌ها ده‌ریده‌خا دهریدهبا، ئاخر هه‌ر بۆ پارووی قوڕگی ئه‌وان بوو.
وه‌لێ به‌رگه‌ی بزه‌ی تیزئامێزیان ناگرێ؛ ڕێگه‌كان وهتۆن، گرینگ نییه كیهه‌یان هه‌ڵده‌بژێری، تۆ هه‌ر پێملی په‌شیمانی و ته‌ماشاكردنه دواوه‌ی. غایلهكان ڕاوی ده‌كه‌ن، پرسیاره‌كان دێن و ده‌چن؛ ئاخر چ شتێك هه‌یه له‌وه ناخۆشتر بێت نه‌توانی ترشی ده‌نكه هه‌نار تامبكهی، ده‌نێو ددانان بیپروێنی، ترشاییهكهی پێڵووی چاوانت بترووكێنێ؟ به‌ده‌ست وێ نییه، هه‌ر هه‌نار ده‌بینێ ئاو ده‌زێته ده‌مانی، ئه‌م به‌ڵا ناگه‌هانه‌ی و ناچارهكیهی بیرده‌چێته‌وه، خۆبه‌خۆ پڕی پێدا ده‌كا، به نازونوزه‌وه شه‌قار شه‌قاری ده‌كا، لێناگه‌ڕێ یه‌ك ده‌نكه هه‌نار چییه به خه‌سار بڕوا، وه‌لێ هه‌ر له زاركی ده‌می نزیك ده‌خاته‌وه؛ فرمێسك له قه‌راغ چاوه‌كانی زهنه ده‌كا، كسپه له جه‌رگی دێنێ، ئاگری وه هناوا ده‌كه‌وی. هه‌ر مكوڕه ده‌نكه هانارا بخاته نێوزاری، تێ‌یان داده‌ڵێ، ئه‌وانیش وه‌ك كه‌روێشكی ڕاپسكیو له نێو ده‌می ده‌رده‌په‌ڕن.
چیڕۆكهكهتان یان چیرۆكه‌كه‌مان ده‌خوازێ بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ره‌تای هاوینی ساڵی 1993، هه‌ڕه‌تی ئابڵۆقه‌ی ئابووری، شوێن ده‌شته دیانایه، ئه‌وه‌ی ڕژێمی به‌عس ناوی نابوو(قضاء صديق)، هه‌نووكه‌ش به (سۆران) ناوده‌برێ. ناو ئه‌و ناوه كه له‌سه‌ر زارانه؛ له هه‌ر شوێنێك، لای هه‌ر كه‌سێك باسی (سۆران) بكه‌یت، بێ هیچ ئه‌مڵاو و ئهوڵایهك لێتده‌پرسێ:”دیانا؟”. ده‌شته دیانای وان ده‌مان ده‌شتێكی كاكی به‌كاكی بوو. له كۆتا ساڵه‌كانی ده‌یه‌ی هه‌شتای سه‌ده‌ی ڕابردوو ڕژێم دوو كۆمه‌ڵگه‌ی لێ دروستكردن؛ كۆمه‌ڵگه‌ی گه‌ڵاڵیان، كه له گوندی(گه‌ڵاڵێ)ی چۆمانه‌وه ڕاگوێزرابوونه‌وه ئێره. كۆمه‌ڵگه‌ی دیانا، (مهاجر، ساتی، سه‌ید، ڕۆستایی، گه‌زنه‌یی، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم ڕه‌نگه دۆسكیش) لێ كۆوهكرابوون. دیانای كۆنیش به دانیشتوان و شكۆ و مێژووه كریستیانیهكهی هه‌ر له‌وێدا هه‌بووه، هه‌یه.
له نێو ئه‌م ده‌شته‌دا، ڕێگایه‌ك له گه‌لیه‌وه ژۆردا ده‌هات، له چه‌قی ده‌شته‌كه لێكجوودا ده‌بوه‌وه: ڕێگایه‌ك به‌ره‌و ده‌ڤه‌ری سیده‌كان، ڕێگایه‌كی تریش به‌ره‌و ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی. بێ سۆ ئه‌م چیرۆكه بوارمان نادا بێكۆتا باس له شه‌قڵ و دڵگیرییهكانی ئه‌م شاره تازه ڕۆنراوه بكه‌ین، بۆیه هاوێنه‌ی ڕوانینمان ده‌خه‌ینه سه‌ر ماڵێك له ماڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی گه‌ڵاڵیان، خانووه‌كانی هه‌مووان له‌سه‌ر هه‌مان نه‌خشه ڕۆنرابوون، به جوداوازییهكی كه‌مه‌وه. خانووی وێ، له ده‌رگا ده‌چوویته ژووره‌وه حه‌سارێك، ده‌رگای خانووه‌كه‌ت ده‌كرده‌وه؛ سێ ژوور هه‌بوون(ناوه‌ڕاست، ده‌سته چه‌پ، ده‌سته‌ڕاست)، له ژووری ده‌سته‌ڕاست نهردهوانێك ده‌چووه نێو بهیتوونهكه، له‌ناوه‌ڕاستدا هۆڵه‌كه ده‌بووه دووبه‌ش؛به‌شی پێشه‌وه ژووری دانیشتن، به‌شی پشته‌وه سهرشۆرك.
پاشان ناندینێك، حه‌وشه‌یه‌ك، له سووچێكی پشته‌وه‌ی خانووه‌كه ئاوده‌ست هه‌بوو. بانی خانووه‌كه‌ش به‌قیڕ سواغدرابوو. ئه‌و ساڵه قڕانی بوو، یان ئابڵۆقه‌ی ئابووری، لێ ئه‌وه له گوندان با، سهرهوڵساتێكی هه‌با، یان زه‌ویه‌كی به ئیجاره‌ت دهسكهوتبا كاری ته‌مام بوو. تومه‌ز له‌و ساڵه‌دا (سمایل)ی مێردی (ئایشێ) زه‌وییه‌كی به ئیجاره‌ت له (گوانیا) وه‌رگرتبوو، خۆی و منداڵه‌كانی گه‌نمیان داچاندبوو، دروێنه‌یان كرد؛ خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت، چوار هه‌زار دینارێكی خڕكرده‌وه. هێشتا وێ وه‌ك ئێستا كه‌نه‌فت نه‌بوو، به‌س هه‌رچی ددانه له‌ناو ده‌می نه‌مابوون و كه‌وتبوون. شه‌و و ڕۆژ ئێشێكی رۆحسێنیان هه‌بوو، ده‌بوا وێ توند سه‌ری له نێو پانایی ده‌ستی ڕاگیربكا، تاكو به‌رگه‌ی ئازاره‌كه بگرێ.
-“ئایشێ، خۆههڵده بچینه ڕواندزێ” وی به بزه و فه‌رمانێكی نێرینانه به‌وێی گوت، له‌وێ ده‌مێدا تاقه نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا نه‌خۆشخانه‌كه‌ی ڕواندزێ بوو. (دكتۆر عه‌دنان) ددانه‌كانی وێ ده‌پشكنێ، پاش ئێستێك به ڕوخساره شێلگیر، سه‌ری كه‌چه‌ڵ، چاویلكه ههراوهكهی، لێیڕادهمێنێ، ده‌ڵێ:”ددانت نه‌ماینه، ده‌بی تاخمه ددانهكی دانێی ” (سمایل) له‌ڕو ڵاواز، درێژ، جه‌مه‌دانی ڕه‌ش به بزه‌یه‌كی بێگه‌رد له دكتۆره‌كه ده‌پرسێ؛
-” دختۆر چه‌ندی تێچی؟”
– ” سێ هه‌زار دینار”
به حه‌په‌ساویه‌وه وی و وێ دهبهیهكدی ههرماینه، خوزی قوتدهدهنهوه. دێنه‌ده‌ره‌وه، له‌پێش نه‌خۆشخانه‌كه وی به هێوری و نه‌زاكه‌ته‌وه، وێ به بێده‌نگی و بێمهیلیهكی ژنانه وه‌ستاون:
-” وه‌ختێ هندێ نیه سێ هه‌زاری له تاخمه درانا ده‌ین، با هه‌ره وه‌بن. ئه‌دی مندارا چ لێكه‌ین؟”
وێ، به پێچهقێنیهوه ئه‌م چه‌ند وشه‌یه دێنه‌ر سه‌رزاری، ڕه‌نگه بنزاری زۆری دیكه‌ی بۆ گوتن هه‌بوو بێت. پاش تێپه‌ڕینی ساڵان، هاتنی ساڵانی خۆشی، پاره‌ڕژان له‌دوای ساڵی 2003. وێ ئیستانهكینێ بوویته پیڕهژنهكی هوڕ، ویش له مێژ ساڵه چوویته بنگۆڕێ. وه‌گه‌ل كوڕه نۆبه‌ره‌ی ده‌كه‌وی، به مه‌به‌ستی دانانی تاخمه ددانهك بۆ وێ، به په‌رۆشی و چاوه‌ڕوانییه‌كی له‌مێژ ساڵه‌وه ده‌چێته به‌رده‌می دكتۆر، پاش پشكنین و ته‌ماشاكردنێكی وردی ددانه‌كانی وێ. دكتۆر به ساردی و بێباكیه‌وه، ده‌ڵێت.
-“پدووت ئاوساون، تاخمه ددانیش به كه‌ڵكی نایه‌ت”
25/1/2018