Skip to Content

سەرۆکی حکومەت، لەکێ و لەکوێ قەرزتکرد؟ .. تاهیرعیسا

سەرۆکی حکومەت، لەکێ و لەکوێ قەرزتکرد؟ .. تاهیرعیسا

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 3, 2020 General

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا رایگەیاند لە سبە ینێوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکرێت.
بۆ؟ چونکە بەقسەی خۆی کورتهێنانەکەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی قەرزکردووە!
لەکێ ولەکوێی قەرز کردووە؟ سەرچاوەکەی دیاریی نەکرد!
ئەی بۆ پێشتر قەرزی نەکردوو، هێشتی، موچەخۆران ئەم هەموو مەعاناتە لەدەست هات ونەهاتی ۳۲۰ ملیاردینارەکەی بەغدا بچێژن؟
چونکە وەک بنەماڵەی میری سۆران دەیانگوت، فەقیر بۆ فەقیرە باهەر برنج بەشیر بخوات!
مەسرور بارزانیش، لەکۆشکەکانی مەسیف وسەری ڕەش وبلەو بارزانەوە ئاستەمە، لەژیانی چەرمەسەریانەی خەڵکی هەژارو نەدار تێبگات!
یان، مەسەلەی قەرزکردنەکەیان، کە خەڵکی کوردستان چاک دەزانێت درۆیەکی زلی جەنابیانە و پارەکە هەر هی خەڵک و موچەخۆرانەو لای خۆیان گلیان داوەتەوە و ئێستا بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان خەریکە بە ئاستێک دەگات، کە لەوەدەچێت مەترسیی ئەم هەل ومەرجەی ئێستایان بەگوێچەکەی سەرانی بنەماڵەدا چرپاندبێت و لەوە تێگەیشتبن کە خەڵکی چیتر تەحەمولی سێبەریی مافیایانەو چەتەگەریانەیان بەسەر خۆیەوە ناکات. بۆیە باشترین ڕێگا بۆمەسرور، ئەگەرچی پیلانەکەیان کەشفە و ئەو قەسپەی دەیخۆن ناوکەکەی لەگیرفانی خەڵکیدایە، ، بەڵام چاریان ناچاریکردوون، دەستی بۆبەرن و وەک منەتێکیش بۆکپکردنەوەی توڕەیی خەڵک بەناوی قەرزەوە بەموچەخۆرانی بفرۆشنەوە!
ئەوەی سەرنج بداتە لێدوانەکانیان، دەتوانێت سیاسەتی ڕیاکارانەو چەواشەکارانەیان، بەڕۆشنی هەست پێبکات!
مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند: (لەم روژانەدا بەردەوام لە سەر هێڵ بووین لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بەڵێنیانداوە بابەتی ناردنی مووچە لە چەند رۆژی داهاتوودا چارەسەر بکەن).
هەروەها دیقەت وسەرنجی لێدوانەکانی بدەن، مەسرور بارزانی، سەبارەت بە ئەگەری نەناردنی 320 ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان وتی : (ئەگەر لە بەر هەر هۆیەک لە کاتی خۆیدا مووچەی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە نەگەیشت)….واتە هەتا ئێرەش مەسرور بارزانیی، لە ناردنی ۳۲۰ ملیار دینارەکە دڵنیایی نادات و دەڵێت، (حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کورتهێنانە بە قەرزدابین دەکات تا بڕە مووچەی تەرخانکراو لە بەغدا دەگات) …..واتە لەلایەک دڵنیا نییە لەهاتنی پارەی بەغداو لەلایەکیش بڕەکەی قەرز دەکات و دواتر یش دەڵێت:( پارەکەی بەغدا لە بری قەرزەکە دەدرێتەوە).” دەشڵێت “بۆیە لە بەیانییەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت!
ئەم هەڵوێستەی ئەمڕۆی حکومەتی بنەماڵەی بارزانی، لەهەمبەر موچە و دابینکردنی لەڕێگای سیناریۆی بەناو قەرزەوە، بێشک سەرچاوەی لە هەل ومەرجی تازەی چونە پێشەوەو پەرەگرتنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکان و توڕەیی جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستاندایە، لە ئاست دەوری تاڵانچیانەو چەتەگەریانەی ئەم بنەماڵەیەو هاوشەریکەکانیان لە کوردستاندا، کە نزیکەی سێ دەیەیە بوونەتە مۆتەکەو بەڵا بەسەر سەری خەڵکەوە و خەریکن پەتی تەحەمولیان بەتەواوەتی دەپچڕێت و کەواتە، ئەوە کوتەکە دەزانێت قۆناغ لەکوێیە!

تاهیر عیسا /2.12.2020

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish