له مۆڵه‌تی مێژوودا كتێبێك بۆ ڕه‌خنه‌كردنی كۆمه‌ڵگه.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
بێگومان هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مرۆڤایه‌تی نییه، له سه‌ره‌تای دروست بوون و سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه، وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو ژیاریی و برێفێكت،دروست ببێت.ته‌نانه‌ت مرۆڤایه‌تی له كۆمۆنه‌ی سه‌ره‌تاییه‌وه تا كو سه‌رمایه‌داری، به‌چه‌ندین قۆناغی ژیاری و زانستیی تێپه‌ڕیوه، تا به دنیای ئه‌مڕۆمان كه به دنیای گلۆبالیزم و ته‌كنه‌لۆژیا و مۆدێرنه‌بوونی ژیان ده‌ناسرێت ده‌گات. بۆیه سرووشتی دینامیكییانه‌ی ژیانه، كه گۆڕانكاریی و پێشكه‌وتن و داهێنانه ژیاریی و زانستییه‌كان، ده‌بنه به‌شێك له كۆمه‌ڵگه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه ئه‌وه‌یه، كه هه‌موو ئه‌و ژیارییبوونه‌ی كۆمه‌لگه، ده‌ره‌نجامی چ دیدگایه‌ك و كامه تێڕوانینه؟ ئایا ڕوانینی نا ئه‌قڵانی و سۆزدارییانه، ده‌توانێت كۆمه‌ڵگه به‌ره و كرانه‌وه و پێشكه‌وتن به‌رێت؟ئایا له نه‌بوونی دیدگایه‌كی ئه‌قڵانیدا، ده‌كرێ بڵێین كۆمه‌ڵگه ده‌توانێت پێش بكه‌وێت و له دۆگمابوون و نه‌ریت پارێزیی و سوونه‌تی ده‌ربچێت؟ بۆیه هه‌موو پێشكه‌وتنێك له هه‌ر ڕووێكی ژیانه‌وه بێت، بزوێنه‌رێكی له پشته، كه ئه‌ویش دیدی ئه‌قڵانی و خوێندنه‌وه‌ی مه‌عریفی و ڕه‌خنه‌ییانه‌ی بوون و ژیانه به ئاراسته‌ی جیاواز، به ئامانجی ڕیفۆرمكردن و ڕه‌خنه كردنی هه‌موو ئه‌و تێڕوانین و دید و ئه‌قڵه دۆگما و ناڕۆشنانه‌ی كه به‌ربه‌ستن له به‌رده‌م پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌دا.
مرۆڤایه‌تی، كه زۆرجار ئه‌وروپا به نموونه‌ی پێشكه‌وتن و ژیاریبوونی ژیان ده‌ناسێنێت، سه‌رده‌مانێك سه‌ری گالیلۆیان ده‌بڕی، سوقراتیان ژه‌هر خوارد كرد، وه‌لێ به ڕێنسانس و شۆڕشی پیشه‌سازیی و ڕۆشنگه‌ریی و جیاكردنه‌وه‌ی ئاین له كۆمه‌ڵگه و له سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه، به بوونی دیدێكی ڕه‌خنه‌ییانه‌ی ئه‌قڵگه‌را، توانیان پێشبكه‌ون و ئێستا وه‌ك نموونه‌یه‌ك له دابڕانی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و زانستی و ژیاری، له گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵات ده‌ناسرێت. له كاتێكدا میراتی فه‌رهه‌نگییانه‌ی ڕۆژهه‌لات،له ڕووی مێژوویی و بنه‌مای فیكرییه‌وه،له مێژووی فه‌رهه‌نگی ئه‌وروپا ده‌وڵه‌مه‌ندتره. ته‌نانه‌ت خانی چوارد سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و دوو سه‌د ساڵ پێش ئه‌وروپییه‌كان،باسی بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی و دیدگای ڕه‌خنه‌یی ده‌كات. وه‌لێ ئێستا ئێمه له‌و په‌ڕی دواكه‌وتوویی و په‌راوێزی ئه‌و وڵاتانه داینه. بێگومان ئه‌مه‌ش هه‌مووی ده‌ره‌نجامی نه‌بوونی دیدگایه‌كی ئه‌قڵییه.له‌و سۆنگه‌یه‌وه كتێبی (له مۆڵه‌تی مێژوودا) یه‌كێكه له‌و كتێبانه‌ی كه له په‌راوێزی نه‌بوونی ئه‌و دیده ئه‌قڵگه‌راییه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، ڕه‌خنه‌ی تاك و كۆمه‌ڵگه ده‌كات و ده‌ره‌نجام و لێكه‌وته نه‌رێنییه‌كانی به سه‌ر كۆی كایه‌كانی ژیان باس ده‌كات.ئه‌م كتێبه،له كۆمه‌ڵه وتارێكی جیاواز پێكهاتووه،كه خوێندنه‌وه‌یه‌كه بۆ دیارده و خاسیه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و سایكۆلۆژییه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگه له هه‌رێمی كوردستاندا.
نووسه‌ری كتێبه‌كه، وه‌ك سۆسیۆلۆژستێك و به دیدگایه‌كی ڕه‌خنه‌ییانه‌ی ئه‌قڵییه‌وه، ڕه‌خنه له‌و نه‌ریت و نۆڕم و شێوه ژیانه‌ی ئێمه ده‌گرێت، كه‌له چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕووبه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه دایه، كه پێی ده‌گوترێت كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی. واتا په‌یوه‌ندی مرۆڤی كورد به گشتی و به‌و ژینگه و دوروبه‌ره‌ی تیایدا ده‌ژیت و ته‌نانه‌ت كه‌سایه‌تییانه‌ی خۆشی، له په‌راوێزی هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه ده‌ر ده‌خات. یه‌كێك له دیارترین ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌م كتێبه‌داو له كۆی وتاره‌كان نووسه‌ر به وردی له سه‌ری ده‌وه‌ستێت و شڕۆڤه‌ی ده‌كات(غیابی ئه‌قڵییه) لای تاكه‌كان. بێگومان ئه‌مه به‌و مانایه نییه، كه مرۆڤه‌كان هۆش و تێگه‌یشتنییان به فۆڕمه میللییه‌كه نه‌بێت. به‌ڵكو به‌ومانایه‌ی نه‌بوونی هیچ دیدێكی ئه‌قڵگه‌رایانه‌یه، بۆ خوێندنه‌وه‌ی ژیان و ده‌وروبه‌رو ڕامان و تێهزرین.
به بڕوای نووسه‌ر، تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به‌گشتی، هێنده‌ی خه‌می (سك و به‌رسكیانه) وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر نووسیویه‌تی، هێنده عه‌وداڵی مه‌عریفه و زانین و تێگه‌یشتنی ئه‌قڵی و فیكرییانه نین بۆ بوون و ژیان. له هه‌ر شوێنێكیش جله‌وی مرۆڤ له بری ئه‌قڵ كه‌وته ده‌ست سۆز، ئیدی بزێنه‌ری ژیانی تاكه‌كان بێگومان ئه‌قڵ نییه، به‌ڵًكو جۆرێكه له خرۆشانی كاتی و هوتافی و سۆزاوی. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، نووسه‌ر باس له چه‌مكی (به‌هاری عه‌ره‌بی) ده‌كات و ئه‌و هۆكارانه ده‌خاته ڕوو، كه بۆچی نه‌بوونه زامنی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و شۆڕشانه و له بری گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی، هه‌مان شانۆی سیاسی پێشوو به‌رده‌وامی هه‌یه. نووسه‌ر نه‌بوونی ئه‌م گۆڕانكارییانه ده‌به‌ستێته‌وه به نه‌بوونی، دیدگایه‌كی ئه‌قڵانی بۆشۆڕش وگۆڕانكاریی. چونكه به‌هاری عه‌ره‌بی، ته‌نها خرۆشانێكی جه‌ماوه‌ریی میللییانه و هه‌ڕه‌مه‌كییانه‌ی كاتی بوو، هه‌ر گۆڕانكارییه‌كیش به‌رمه‌بنای ئه‌قڵ نه‌بێت، ئه‌وا ناتوانێت هیچ واقیعێكی تازه له ژیانی كۆمه‌ڵگه بێنێته ئاراوه. چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه‌ی ده‌گۆڕدرێت كه‌تواره سیاسییه‌كه‌یه نه‌ك دیدگا‌و پاشخانه هزرییه‌كه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه بۆ عێراقیش هه‌ر ڕاسته.لێره‌وه‌ش ده‌بینین كه دوای ده ساڵ له ڕاپه‌ڕین و به‌هاری عه‌ره‌بی، دۆخی ئه‌و وڵاتانه‌ی ڕاپه‌ڕینیان تیادا كرا نه‌ك هیچ گۆڕانكاریه‌كی به سه‌ردا نه‌هات، بگره خۆزگه به سه‌رده‌می پێشووش ده‌خوازن.
باسێكی دیكه‌ی نێو ئه‌و كتێبه، له باره‌ی دیارده‌ی كۆچكردنه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا. هه‌ڵبه‌ته كۆچ به‌شێك بووه له سرووشتی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی تاكی كورد كه ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه بووه، كه به درێژایی مێژوو كورد تیایدا ژیاوه. له‌و سۆنگه‌یه‌وه، لێشاوی كۆچكردن بۆ ده‌ره‌وه تاكو ئێستاش به‌رده‌وامه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئه‌و كۆچكردنه چی له ژیانی ئه‌وان گۆڕیوه؟ تاكی كورد كه ده‌چێته هه‌نده‌ران، به گشتی چ گۆڕانكارییه‌كی به سه‌ر هزرو دنیابینی دادێت؟ به بڕوای نووسه‌ر، تاكی كورد ته‌نها جوگرافییا جێدێڵێت نه‌ك كولتوور و هزر و دنیابینی ڕۆژهه‌ڵاتیانه‌ی خۆی. به‌ركه‌وتنی ئه‌و به خۆرئاوا، به‌ركه‌وتنێكی باسیڤه و ناتوانێت، له په‌راوێزی ئه‌و هه‌موو داهێنانه زانستی و ژیارییانه، پێشكه‌وتن و گۆڕانكارییه مێژوویه‌كانی خۆرئاوا سوود ببینێت و دواجاریش ببێته كاره‌كته‌رێكی ئه‌كتیڤ و خه‌رمانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ڕۆشنبیریی و زانستی و فه‌رهه‌نگی بونیاد بنێت و دواتریش ڕێنوێنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆی پێ بكات. بۆیه ده‌بینین لاوازترین و بێ هێزترین لۆبی جیهانی، لۆبی كوردییه له سه‌ر ئاستی دنیادا، وێرای هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو نوێنه‌رایه‌تی و په‌یوه‌ندییه دبلۆماسیه‌ی حكومه‌تیش له‌گه‌ڵ وڵاتان هه‌یه‌تی. له كاتێكدا ده‌كرێ ئه‌و كۆچكردنه به دیوێكی ئه‌رێنی و له پێناو یه‌كخستنی توانا و داهێنانه ئه‌قڵی و زانستی و ژیارییه‌كانی تاكی كورد، به ئامانجی خزمه‌تكردنی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان سوودی لێ ببینرابایه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه‌یه. باسێكی دیكه‌ی نێو ئه‌و كتێبه، كه نووسه‌ربه (ئایدزی كولتووری ) ناوی ده‌بێت، له باره‌ی كولتووری كورد به‌گشتی و ماكه‌كانی نامۆبوونی تاكی كورده به‌و كولتوور و فه‌رهه‌نگه‌ی خۆی.
هه‌میشه له ڕابردوودا، نه‌یارانی كورد هه‌وڵیانداوه، ڕوحیه‌تێك له ناخی مرۆڤی كورد دروست بكه‌ن، كه كولتوور‌و فه‌رهه‌نگی خۆی به‌لاوه گرنگ نه‌بێت و له په‌راوێزی فه‌رهه‌نگ و سه‌رخانی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ته‌وه‌كانی تردابێت.ئه‌مه‌ش به ڕوونی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له سه‌ر ژیانی تایبه‌تی و كه‌سی مرۆڤی كورد هه‌بووه. به گشتی كتێبه‌كه چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی گرنگیشی تێدایه. به‌رله كۆتایی ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بده‌م كه زمانی نووسینی ئه‌و كتێبه، زمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی ساده و ساكاره. ته‌نانه‌ت خوێنه‌ر به‌رچه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌كی میللی ده‌كه‌وێت وه‌ك:(سك و به‌رسك، له‌وه‌ڕاندن، گاڕان، بارگه و بالیف) دیاره لێره‌دا نووسه‌ر مه‌به‌ستی بووه به هه‌مان ئه‌و زمانه‌ی تاكه‌كان خۆیان بیاندوێنێت. ئه‌مه‌ش له پێناو ڕوونكردنه‌وه و تێگه‌یشتنی زیاتر، یاخود به شێوه‌یه‌ك كه بگونجێت له گه‌ڵ هه‌ڵسه‌نگاندنی میللییانه و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی. چونكه زۆر گرنگه به هه‌مان زمانی هزری ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه، خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی بۆ تاكه‌كان بكرێت. ڕه‌هه‌ندییه‌كان كه نه‌یانتوانی هیچ گۆڕانكارییه‌ك له كۆمه‌لگه‌ی كوردی بێننه ئاراوه، له ڕاستیدا زمانی دواندنی ئه‌و كۆمه‌لگه‌یه‌یان نه‌ده‌زانی و به زمانی فه‌یله‌سوفانی ئه‌وروپا ده‌دوان، كه ئه‌مه‌ش كه‌لێنێكی گه‌وره‌یه له نێوان تاكی ساده‌ی كورد و زمانی هزر و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌لگه‌یه. بۆیه خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه، كۆمه‌كی خوێنه‌ر ده‌كات له باره‌ی زۆر پرس و بابه‌ته‌وه كه گرنگه بیخوێننه‌وه و بیزانن.
- ناوی كتێب: له مۆڵه‌تی مێژوودا، نووسینی: محمه‌د ته‌ها حوسێن، بڵاوكراوه‌ی: ده‌زگای ڕۆسا_2016 هه‌ولێر.