Skip to Content

نیشتمان لە دەرەوەی ئەنگێزەی ناسیۆنالیستی … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

نیشتمان لە دەرەوەی ئەنگێزەی ناسیۆنالیستی … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئازار 24, 2020 General, Opinion

هەرچەندە هەوڵ دەدەم، ناتوانم وەکوو
چۆن خۆم دەمەوێ، ئاوا، باسی وڵاتەکەم بکەم
رەسوڵ هەمزاتۆڤ

فەیلەسووفی هاوچەرخی ئەڵمانی “پیتەر سلۆتەردایک” لە ئینتەرڤیۆیەکی گۆڤاری “فۆکەس”دا لە بارەی بوونی ئاینەکانەوە کە ئەو نکۆڵی لە بوونیان دەکات، رستەیەکی سەرەتانی دەدرکێنێت بەوەی دەڵێت “چەمکی ئاین هەڵەیە و زیانبەخشە، هەروەها بەشێک لەکولتووری ئیمپریالیستی رۆژئاوایشی تێدایە”. سلۆتەرداریک نموونەی هیندییەکان دەخاتە بەرچاو، پێش ئەوەی لەلایەن ئاینناسە ئەوروپییەکانەوە بۆیان روون بکرێتەوە، دەرکیان بە هیندۆسیبوونی خۆیان نەکردووە، بەهەمان شێوە چینییەکان تاکو بە ئەمڕۆش دەگات هەستێکی وایان نییە. بە هەمان فۆرم، ئەوەی بۆ من گرنگە، پێش مودێرنێتە و هاتنە ئارای دەوڵەت نەتەوە “ناسیۆنالیزم” شوناسی نەتەوەیی نەناسرابوو، ئەوە ناسیۆنالیزم بوو خەڵکی پۆڵین کرد بەسەر نەتەوەی جیاجیادا، بەر لە ناسیۆنالیزم ئەو شوناسە لە جێگەیەکی نادیاردا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین هاشا لە دابەشبوونی مرۆڤ بکەین بەسەر ناسنامە جوداکاندا، هەر لە ناسنامەی نیشتمانی و رەگەزیی و ئاینییەوە بیگرە تا کۆی شوناسەکانی تر. ئەگەر لە پێشوودا ناسنامەی نیشتمانی تا ئەندازەیەکی زۆر جێگیر بووبێت، لە دنیای گلۆبالدا ئەم جێگیرییە لەبەردەم هەڕەشەدایە، تۆ چۆن دەتوانیت ناسنامەی کەسێک دیاری بکەیت دوو رەگی هەبێت “واتە باوک و دایکی سەر بە دوو نیشتمانی جودابن”؟. زۆرجاریش بیر لە منداڵەکانی خۆم دەکەمەوە، خاوەنی دوو نیشتمانن، وەک ئەوەی “ئەمین مەعلوف” لە کتێبی “ناسنامە بکوژەکان”دا دەیخاتە روو: “لە کەنارەکەی تری رووباری راین بیر لە حاڵی تورکێک دەکەمەوە، سی ساڵ بەر لە ئێستا لە نزیک فرانکفۆرت لە دایکبووە و هەمیشە لە ئەڵمانیا ژیاوە، لە باب و باپیرانیشی باشتر بە زمانەکەی قسە دەکات و دەنووسێت، کەچی لە چاوی ئەو کۆمەڵگەی پەنای داوە ئەڵمانی نییە، وەک چۆن لە دیدی کۆمەڵگەکای خۆیشیەوە تورکێکی راستەقینە نییە”؟!. ئەمە کێشەیەکە فیکری منیشی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
دۆزینەوەی نیشتمان لە مەنفا
ئەگەر لە ئەزموونی خۆمەوە دەست پێبکەم، هاوینی ساڵی 2000م وەک ئێستا لە یادە، لەناو ئەو کامیۆنەی پێی دەڕۆیشتین بە خاکی تورکیادا بە ئامانجی گەیشتن بە وڵاتی گریک، زۆر ئارەزووم دەکرد کاسێتێکی “مەزهەری خالیقی”م لەگەڵ خۆم هەڵگرتبا، تەنیا بە خاتری ئەو گۆرانییە ناودارەی “ئەگەڕێمەوە من بۆ وڵاتەکەم”. چەند کۆپلەیەکم لەو گۆرانییە لەبەربوو هەتا چووینە سەر دەریا هەر لەبەر خۆمەوە دەمووتەوە. بۆ کۆمۆنیستێکی رادیکاڵ و کۆسمۆپۆلیستی وەک من، ئەمە یەکەمین لەحزەی هەستکردنم بە پەیوەندیی قووڵم بە شوێنەوە، لەوێ شوێنێکی ترم دۆزییەوە، جێگەیەک ناوی نیشتمانە. لەوێدا رمەکەم دوورتر هەڵدا، لەو فاکتە دڵنیابوومەوە، ئەو مرۆڤە کوردەی هەمیشە لە نیشتمانەکەی را دەکات، لە هەمان ئەو ساتانەی هەنگاو بە هەنگاو لە وڵاتەکەی دوور دەکەوێتەوە، نایەوێت پەیوەندیی خۆی بە نیشتمانەکەیەوە ببچڕێنێت، لەوە زیاتریش داڵغەی گەڕانەوە، بۆ ئەو نیشتمانەی بە نەفرەتی کردووە زۆرتر لە هەر شتێکی تر مێشکی داگیر دەکات.
ئاخر مرۆڤی ئێمە چەندێک بیەوێت لە شوناسی خۆی، لە نیشتمانی خۆی هەڵبێت، دواجار ئەوە نیشتمانە دەستبەرداری ئەو نابێت، بەردەوام خەون و ترادیسیۆن و زمان وەک رایەڵێکی بەهێز دەمێننەوە لەنێوان کۆچبەر و نیشتماندا، گوریسێکی کولتووریی هەمیشە لە ئارادایە مرۆڤی پەناهەندە بە وڵاتەکەیەوە دەبەستێتەوە، تەنانەت کۆچبەر بەشێک لە کێشەکانی نیشتمان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتە وڵاتی خانەخوێ. وەک چۆن یەکەمین پرسیاریش لە تاراوگەکەیدا رووبەڕووی دەبێتە، پرسیاری شوناس و نیشتمانە،! ئەمە دەبێتە یەکەمین پێناسی مرۆڤی ئاوارە، ئەو پێی خۆش بێت یان نا، بۆ ساڵانێکی درێژتر تەنانەت دوای وەرگرتنی رەگەزنامەی وڵاتی خانەخوێ، شوناسە نیشتمانییەکە تاکە شتێکە ئەوی پێ دەناسرێتەوە. هەروەک ئەوەی نووسەری ئەڵمانی “تۆماس مان” دەیووت “تاراوگە دەردە، ژیانی بۆگەنیوی ئەڵمانیاش مەرگەسات، بەڵام هیچم نەدۆڕاندووە، لە هەر کوێیەک بم ئەڵمانیا لەوێیە، دەنگ و رەنگ و فەرهەنگی ئەڵمانی لە ناخمدایە”. ئەمە دروست قسەی دڵی زۆرینەی دیاسپۆرای کوردە کە وەک لە رۆمانی “جەمشید خانی مامم”دا وێناکراوە، هەمیشە “با”کان دەیبەن و دەیهێنن، هەر جارەی لەسەر زەمینێک و ناشوێنێک دەگیرسێتەوە. کەچی کەشتی کۆچەکەی لە هەر جێگەیەک لەنگەر بگرێت، بە ناسنامە کوردییەوە دادەبەزێت.
ئەگەر دیقەت لە لێکۆڵینەوە ئەنترۆپۆلۆژییەکان بدەین، بە روونی ئەو پەیوەندییە بە تینەی مرۆڤمان بە شوێنەوە بۆ ئاشکرا دەبێت، ئەمەش پەیوەندییەکی خۆڕسک و غەریزییە نەک دروستکراو، چون شوێن یان بە مانایەکی تر نیشتمان موڵکی هەمووانە، ئەمەش رێک پێچەوانەی ناسیۆنالیزمە کە ئایدۆلۆژیایەکی دەستکردە، مرۆڤ ئەگەر “ئەرنست رینان” بخوێنێتەوە تێدەگات ناسیۆنالیزم ئایدۆلۆژیایەکی چەند درەنگ داهێنراوی دەستی مرۆڤە. وەک وتم و جەختیشی لەسەر دەکەمەوە گرێدرانی هەستی مرۆیی بە شوێنەوە غەریزییە، سەرنج بدەن خەڵکانی ئەسکیمۆ لەو نیشتمانە بەفرینە ناتوانن دەستبەرداری ئەو شوێنە سەهۆڵییە ببن، لەهەر کوێ بن خۆیان بەغەریب دەزانن، بە هەمان شێوە دانیشتوانی هێڵی ئیستوا ئەو نیشتمانە سووتێنەرەیان زۆر لە کوێستانەکانی ئالب لەلا دڵگیرترە!. مرۆڤ کاتێک کتێبی “داغستانی من”ی هەمزاتۆڤ دەخوێنێتەوە ئەو هەستەی بۆ دروست دەبێت باسی بەهەشتێکی پانوپۆڕ دەکات نەک نیشتمانێک بەقەدپاڵی چیا و کەژە سەختەکانەوە. هەر ئەم سیحرەیە وا لە مرۆڤی تاراوگەنشین دەکات، هەندەران بە تابووتی خەون و نوستالیژیاکانی لە قەڵەم بدات، یان بەو بەهەشتە وێرانە تێیبگات دوولەتی کردووە، هەمیشە چاوی لەسەر ئەو لەتەی خۆی بێت لە شوێنی یەکەم جێیهێشتووە.

وەک خۆم لام ئاساییە، مرۆڤ نیشتمان جێبهێڵێت، ئەو جێهێشتنە پرۆسەی خۆ تەواوکردنی کەسێتییە. ئەگەرچی شۆڕشی دووەمی تەکنۆلۆژیا دنیای یەک رەنگتر و بچووکتر کردۆتەوە، چیدیکەش ناکرێت غوربەت هەمان غوربەتەکەی نالی یان پیرەمێرد بێت، بەڵام مرۆڤ کە وەک کۆچبەر رووی کردە نیشتمانێک هیچ نوستالیژیایەکی ئەوی تێدا نییە، ون دەبێت، پرۆسەی خۆدۆزینەوەش دەبێتە کردەی زەحمەت، گەڕانەوەی “شێرزاد حەسەن” پەیوەندیی بەم نوستالیژیا و ونبوونەوە هەیە تاوەکو جارێکی تر خۆی لەو نیشتمانەدا بدۆزێتەوە زۆرترین رەخنەی لە کولتوورەکەی هەیە، بەڵام دواجار نیشتمانی غرور و یادگارەکانێتی. هەرواش ژەنەراڵی پایز “حەمەعومەر عوسمان” هەرچەند ناوی تاکە دیوانەکەشی “لەغوربەتا” بێت، کەچی وەک ئەوەی قەڵەمی قەدەر نوسیبێتی رەفاهترین دەوڵەتی باکووری زەوی جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نیشتمانەی خۆی تێدا هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.! ئەوان گەڕانەوە تاکو خۆیان لە نیشتماندا دووبارە بدۆزنەوە، لەملاوە ژمارەیەکی کۆچبەری تر هەن، نیشتمان لە مەنفا دەدۆزنەوە، ئەم گروپە نوستالیژیا کەسییەکانیان بۆ رووداو و یادگارییەکانیان دەگۆڕن بۆ پڕۆژەیەکی فیکریی و مەعریفی، لە تاراوگە نیشتمانێک دەدۆزنەوە، هیچ کات نەیانتوانیوە ئەو جۆرە لە نیشتمان لەو کاتانەشی لەناو خودی نیشتماندا ژیاون کەشف بکەن. ئەمەش لە ئەزموونی حاجی قادری کۆییەوە دەستپێدەکات تا بە رۆژی ئەمڕۆمان دەگات. ئەگەر زێدەگۆیی نەبێت دەتوانم باشترین فۆرمی دۆزینەوەی نیشتمان ئەو فۆرمەیە کۆچبەر لە دەرەوەی جوگرافیای نیشتمانەکەی دەیدۆزێتەوە.

کۆچ بەرەو هەندەران
ناشوێن و راسیزم*

لێکۆڵینەوە ئەنترۆپۆلۆژییەکان ئەوەیان سەلماندووە مرۆڤ بە سروشتی خۆی کائینێکی کۆچەرە. لەوەتی مرۆڤ هەیە کۆچ لە ئارادایە ئەگەر لە جوگرافیایەکی بەرتەسکیشدا بووبێت. خەسڵەتی مرۆڤ ئەوەیە هەمیشە لە هەموو جێگەیەک بەدوای ژیانێکی شایستەدا دەگەڕێت، کۆچ لە ئەشکەوتەکانەوە بەرەو دەشت و نشێوییەکان، لە گوندەوە بەرەو شارەکان، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر، لە بازنە هەرە بچووکەکەیدا لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی تر، هەموو یەک واتا بەدەستەوە دەدەن: مرۆڤ شوێنی خۆی بە دوای ژیانێکی شکۆمەندانەدا جێهێشتووە. ئەگەر مێژووی کورد بەسەر بکەینەوە، دەبینین پێکهاتەی میللیی کورد جۆرێک لە یەکێتی نێوان خێڵەکانە، ئەمانیش هەمیشە وەک جەنگاوەری پارتیزان و هۆزی رەوەند خۆیان نواندووە، وەک لە گەشتنامەکانەوە بەو مێژووە ئاشنا دەبین، هەر لە خاتیراتی گەزنەفۆن و مارکۆ پۆلۆوە بیگرە تاکو سیاحەتنامەی ئەولیا چەلەبی و کلۆد ریچ، لەو فاکتە دڵنیا دەبینەوە کورد وەک کۆنفیدراسیۆنێکی تێکچڕژاوی نێوان هۆزەکان، هەمیشە لە دۆخێکی ناجێگیر و کۆچڕەویدا بووە، دواتریش ئەم کۆچە چوارچێوەی سیاسیی و ئابووری و نەتەوەیی وەرگرتووە.
رەنگە راگواستن بەشێکی دانەبڕاو بێت لە کۆچی کورد هەر لەناو نیشتمانەکەی خۆیدا، ئەویش هەر لە زەمانی عوسمانییەکانەوە تاوی ستاندووە بەوەی هۆزێکی وەک باجەڵان لە “ئامەد”ەوە بۆ خانەقین راگوێزراون، کە تاکو ئەم چرکەساتە شاڵاوی “تەرحیل” بە مەبەستی گۆڕینی دیموگرافی لە رۆژئاوای کوردستان و شاری کەرکوکی باشوور و بەشێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەر بەردەوامە.

ئەوەی ئێمە مەبەستمانە روویەکی تری کۆچە، ئەویش کۆچکردنە بەرەو دەرەوەی نیشتمان. لەم رووەوە دەبێت ئاوڕ لە دوو جۆر کۆچ بدەینەوە، یەکەمیان ئارەزوومەندانە و ئەویتریان بەتۆپزیی. لەوانەیە لە کارەکتەری “مەولانا خالیدی نەقشبەندی”دا هەردوو جۆرە کۆچەکە چاو بکەین، بەوەی سەفەرە زانستییەکەی تاکو هیندستان کۆچێکی ئارەزوومەندانە بووە، هەرچی جێ پێلێژکردن و دەرپەڕاندنێتی لە شاری “سلێمانی”ەوە بەرەو شام فۆرمە تۆپزییەکەی کۆچە، بۆی هەیە مەولانا یەکەمین پەنابەری سلێمانی بێت لەسەر کەیسی بیرکردنەوە و ئازادیی بیروڕا، رێی هاتونەهاتی تاراوگەی هەڵبژاردبێت و لە مەنفاکەیدا سەری نابێتەوە. وەک ئەمە لە ئەزموونی شێخ عوبەیدوڵای شەمزینیشدا بەرجەستە بووە، تاکە جیاوازیی نێوان ئەو دوو شێخەی نەقشبەندییدا تەنێ ئەوەیە یەکەمیان بە دەستی کورد و ئەویتریان بە دەستی بێگانە ناچار بە ژیان و مردن کراون لە مەهجەردا.
لە دنیای تازەدا چەمکەکانی تاراوگە و غوربەت، وەک خۆیان نەماونەتەوە، گلوبالیزم هەموومانی پەلکێش کردووە بۆ سەر یەک خوان، تا هەموو مەکدۆناڵس بخۆین، بە زمانی ئیدیاڵی ئینگلیزیی بدوێین، لەم دنیا نوێیەدا غوربەت و تاراوگە لە لێواری نەماندان رەنگە تەنیا راسیزم بە بیرمان بێنێتەوە هێشتا دنیا یەک رەنگ نییە، ئەمەش بۆ خۆی مایەی گریانە. وەک وتم سەرمایەداریی تەنیا بەوە ناوەستێ جیهان بکاتە یەک بازاڕی هاوبەش، بەڵکو هەڕەشەی سڕینەوەی ناسنامە و کولتوور و زمانە جیاوازەکان دەکات، هەموویان لە یەک بۆتەی دڵخوازی خۆیدا کۆدەکاتەوە، بۆ منێک کە لایەنگریی جیاوازیی و هەمەڕەنگی کولتوور و ئایدێنیتییم، ئەوە مایەی قبوڵ نییە، خەریکە هەموو وەک “دیوگینس”ی سیمای دیاری فەلسەفەی سەگییەکان دەدوێین کە لە دوا دواییەکانی دەوڵەت شاری گریکی و سەرەتای هاتنە ئارای ئیمپراتۆرییەتە جیهانداگرەکاندا، وتی “من خەڵکی جیهانم”. بەوەی چیتر مرۆڤ لە ئاستێکی لۆکاڵیدا بەند ناکرێت، بەڵکو دەبێتە کائینێکی گەردوونی.
هەرچەند پێشتر رەخنە لە کۆمۆنیزم دەگیرا بەوەی سنوورەکان دەسڕێتەوە و فرەڕەنگی لەناو دەبات، ئێستا سەرمایەداریی خۆی ئەم کارە دەکات، ئاخر کۆمۆنیزم جیهان دەکاتە یەکەیەک بۆ تاقیکردنەوەی ئابووری سۆسیالیستی نەک دەست ببات بۆ سڕینەوەی شوناسە جیاوازەکان.

هەرچەند “رێبوار سیوەیلی” لە کتێبی “دیاردەگەرایی تاراوگە”دا کە بەرهەمی ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانە دەنووسێت “تاراوگە چیدی وەک سەردەمەکانی رابردوو بارودۆخی تاکە کەسێک نییە دوور لە نیشتمان و زێد و کولتووری خۆی دەژیا و بە بەهۆی چەمکی (شاعیری ئاوارە) و (سیاسیی دوورخراوە) و (دیپلۆماتی هەڵاتوو) دەناسرایەوە، لە ژیانی هاوچەرخدا تاراوگە دیاردەیەکە خاوەنی خەسڵەت و تایبەتمەندیی قوڵی خۆیەتی.. دیاردەیەکە نەک هەر سنوورە جوگرافییەکانی ژیانی پەنابەر هەڵدەگێڕێتەوە، بەڵکو گۆڕانێکی بنەمایش لە کەسێتییەکەیدا دەکات”. لەمە زیاتر “چەمکی غوربەت”یش هەمان دەلالەتی پێشووتری خۆی نییە، وەک ئەوەی “نالی” لە دێڕە شیعرێکدا دەڵێ “لەم شەرحی دەردی غوربەتە.. لەم سۆزی هیجرەتە.. دڵ رەنگە ببێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبور”. بەڵکو خودی تاراوگەش نەک هەمان ئەو تاراوگەیەی ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی پێشوو نییە، لە بنەوانەوە گۆڕانێکی سیحریی بەسەردا هاتووە. سەردەمی کۆچی ئێستا و ژیانکردن لە تاراوگە سەردەمێکی تازەیە کە رێورەسمی خۆی هەیە و نەزعەی راسیستانە هاووڵاتیانی خانەخوێ هەڕەشەیەکن بەسەر سەریەوە، هەر ئەوەی بەم دواییانە “ژیژەک” وتی “ئەوروپا لەبەردەم رەشەبادایە” بەوەی لێشاوێکی تری پەنابەر بەرەو ئەم کیشوەرە بەڕێوەن، هەموو زەنگەکانی مەترسی لێدراون، چوون هیچ کات هێندەی نهۆ میدیا و راسیزم بەم بەربڵاوییە وێنای کۆچبەریان ناشرین و دزێو نەکردووە، ئەمەش رەگێکی دەچێتەوە سەر ئەو نەزعەیەی بە ئۆرۆ سێنترالیزم دەناسرێتەوە.

چیتر راسیزم بە پەنهانی نەماوەتەوە، لەناو زەردەخەنە درۆینەکاندا دانەپۆشراوە، بەڵکو لەو فۆرمە شاراوەیە دەرچووە کار لەسەر هەراسانکردنی تاکی پەنابەر بکات بگرە لە ئێستادا لەسەر هەموو ئاستەکان وەڕسی و بێزاریی ئاشکرا دروست دەکات، تا ئەو ئەندازەیەی لەم دوو سێ ساڵەی رابردوودا هەوڵی لەناوبردنی فیزیکیشمان لە چەند شوێن و شارێکی وڵاتانی ئەوروپایی بینیی، بە تایبەت ئەو ژمارەگەلە دەستدرێژیی و کوشتوبڕەی لە وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیادا بەرامبەر بە بیانییەکان “ئاوسلەندەر” روویانداوە. ئالێرەدا خەونەکانی کۆچبەر پووچ دەبنەوە، رێگەیەکی تری لەبەردەمدا نامێنێت جگە لە خۆگرێدانەوە بە نیشتمان. جگە لە پڕبوونی هەگبەی خەونەکان بە گەڕانەوە بۆ زێد، بۆ ماڵی یەکەم و دواهەمینی ژمارەیەکی بێشوومار لەوانەی هەست بە دڵنیایی ناکەن، ئاخر نیشتمان و ماڵ هەریەک واتایان هەیە لە زۆربەی زمانەکانی دنیادا، وشەی ماڵ لە رەگە گریکییەکەی خۆیدا Komi جیاواز لە مانای دڵنیایی، بە واتای زادگە و نیشتمانیش بەکارهاتووە.
ئەم شەپۆلە نوێیەی راسیزم، رەنگە نەتوانێت ببێتە لەمپەر لەبەردەم لێشاوی کۆچبەردا، چوون لە ئەندێشەی کۆچبەردا، ئەم ڕەوە پەڕینەوەیە بۆ پارادیس، گەیشتنە بەو ناشوێنەی لە مێشکیدا سکێجی کردووە. ناشوێن “یۆتۆپیا”ی رۆژئاوا وێنایەکی ساختەی داهێنراوی هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەیانەوێت بگەنە ژیانێکی شایستە. لەم کاتەدا هەمان تێزەکەی “ئیدوارد سەعید”م بیرکەوتەوە لە کتێبی “رۆژهەڵاتناسی”دا گەڵاڵە کردووە، کە ئەو پێیوایە خۆرهەڵاتناسی تێرمی بیرکردنەوە و روانینی لێڵی مرۆڤی رۆژئاواییە سەبارەت بە خۆرهەڵات، بەوەی سەرزەمینی سوڵتان و کەنیزەک و سێکس و ئیباحیەتە، لەکاتێکدا ئەمە وێنایەکی تەواو ئایرۆنییە و بارگاوییە بە رۆحی ئیمپریالیستی خۆرئاواییەکان. ئەمە هەمان وێنای خۆرهەڵاتییەکانیشە بۆ خۆرئاوا، لە زیهنی هەر کۆچبەرێکدا ئەوروپا پوفێکی گەورە و سەرزەمینی رەفاهیەت و ئازادییە، هەر بۆیە قەدەری خۆیان دەدەنە دەست ریسکەکانی رێگە و هەموو خەونە گەنجەکانیان بە کۆڵیانەوە دەهێننە کیشوەری شێداری پیرەکان. دەگەڕێمەوە سەر ئەزموونی خۆم لە ساڵی 2000 هەر یەکێک لە ئێمە وڵاتێکمان دەستنیشانکردبوو بۆی بچین، بێئەوەی بچووکترین زانیارییمان هەبێت لەسەر ئەو وڵاتە، ئەم کۆچە نائاگایی مرۆڤی ئێمە دەردەخات بێ هیچ بەرچاو روونییەک زێد بەرەو ناشوێن مل دەنێت، لەگەڵ بەتاڵبوونەوەی یۆتۆپیاکە و بەرکەوتن بە گیروگرفتەکانی ژیان لە مەنفا و لەمسی راسیزم و بێ ویژدانی بازاڕی کار، هەست بە بوونی نیشتمان دەکات.
لەم نێوەندەدا لە دنیای بچوککراوەی دەستی گلوبالیزمدا هەست بە لەخۆبێگانە بوون تێیدا سەرهەڵدەدات و نوستالیژیاکانی وەک بورکان دەتەقنەوە. بەختیار عەلی، لە کتێبی “ناشوێن”دا دەنووسێت “غەریبی ئێمە هێندەی بیری نیشتمان دەکات، بیر لە نیشتمان ناکاتەوە”. بەڵام وایدەبینم هەموو ئەوانەشی بیر لە نیشتمان دەکەنەوە، بە هەستی غوبن و غەریبیدا تێپەڕیوون، لە چرکەساتی یەکەمەوە بیری نیشتمانیان کردووە، دواتر ئەو وابەستەبوونە رۆحییە وەرچەرخاوە بۆ پڕۆژەی بیرکردنەوە لە نیشتمان. لەراستیدا ئەگەر مرۆڤی تاراوگەنشین تاسەر لەناو گێژاوی هەستکردن بە غەریبیدا بمێنێتەوە و دەسخەڕۆکراو سەیری خۆی بکات، ناتوانێت بە هیج کوێ بگات جگە لە نەخۆشخانەی دەروونی.

*ناشوێن “یۆتۆپیا”: لە رووی زاراوەسازییەوە ریشەی لەهەردوو وشەی لێکدراوی Ou واتە هیچ و Topia واتە شوێن هەڵهێنجراوە. دەکرێت ناشوێن بەو سەرزەمینە خەیاڵکردە میسالییە پێناسە بکەین هەموو شتێک تێیدا پێرفێکتە.
11-3-2020
ستۆکهۆڵم

Previous
Next
Kurdish