
پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هەڵوەشاندنەوەی PKK، یان دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی خەبات؟.. مهسعود مهموزینی
لەدوای پەیامی ئۆجەلان، لەلایەن خەڵكانێكەوە ڕەخنەی زۆری لێگیراو لە هەندێك حاڵەتدا تاوانباریش كرا، بەڵام من پێم وایە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، هەڵەتێگەیشتنێکی زۆر بۆ ئەو پەیامە هەبووە. بۆیە لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم ڕوونکردنەوەیەك لەسەر ئەو پەیامە بنووسم و تەوەرە سەرەکییەکانی شیبکەمەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی PKK، لە پەیامەکەی دا بابەتێکی هەستیار و جێگای پرسیار دەوروژێنێت، بەڵام ئایا کاتی هەڵوەشاندنەوەی PKK هاتووە؟ ئەو لەم پەیامەدا، لە لایەکەوە باس لە زەمینەی دامەزراندنی PKK دەکات و لەلایەکی تر، گۆڕانکاری و هەڵومەرجی نوێ، وەک هۆکارێک بۆ کۆتایی ڕۆڵی PKK دەبینێت. ئایا ئەم بانگەوازە بۆ هەڵوەشاندنەوە، بڕیارێکی ستراتیژی و تاکتیکییە، یان لەژێر فشارەوە بووە؟ و لەوەش گرنگتر، ئایا ئەمە کۆتایی ڕاستەقینەی PKK دەبێت؟
PKK بۆچی دروست بوو؟
لە سەرەتای پەیامەکەدا، ئۆجەلان هۆكارەكانی دروستبوونی PKK باس دەکات. ئەو دەڵێت کە ئەم ڕێکخراوە وەک وەڵامێک لەبەرامبەر نكۆلیكردن لە ناسنامەی کورد و قەدەغەكردنی ئازادی بیركردنەوە لە تورکیا دروست بووە.
دەوڵەتی تورکیا نەک تەنها مافە کولتووری و سیاسییەکانی کوردی قەدەغەكرد، بەڵکو هەر وشەی كورد و كورد بوون، ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و بەهێزەوە وەڵام دەدرایەوە.
بەڵام خاڵێک کە ئۆجەلان بەرجەستەی دەکات، هەڵوەشانەوەی سۆسیالیزمی بنیاتنراو بە هۆكاری ناوخۆیی، شكستی نكۆڵیكردن لە ناسنامە لە وڵاتەكە و پێشكەوتنی ئازادی بیركردنەوە، وایكرد پەكەكە واتای خۆی لەدەست بدات و پێویستی بە خۆهەڵوەشاندنەوە هەبێت.
بۆیە پەكەكە كە وەكو ئامرازێك بۆ قۆناغێكی دیاریكراو ئەركەكەی كۆتایی دێت. لەهەمانكاتدا ئەو ئەفكارەش ڕووبەڕووی شكست بۆتەوە كە پەكەكەی لەسەر بنیاتنراوە، كەواتە لێرەدا قۆناغێكی نوێیە، پێویستی بە ئەفكار و ستراتیژییەتێكی نوێیە لە قۆناغێكی نوێی خەبات لەپێناو كۆمەڵگایەكی دیموكراسی.
پەیوەندی مێژوویی كورد و تورك
پەیوەندییەكانی كورد و تورك؛ لە مێژووی هەزاران ساڵەدا تورك و كورد بۆ مانەوەی خۆیان و خۆپاراستن بەرامبەر هێزە هەژموونگەراكان، هەردەم بە پێویستیان زانیوە لەنێو هاوپەیمانییەكی دڵخوازانەدا بن.
هەرچەندە لێرەدا، وەكو مێژوو هەمیشە كورد ڕووبەڕووی ستەم بووە لەبەرامبەر تورك، بەڵام ئۆجەڵان لەوانەیە وەكو نیازپاكییەك ئەو باسەی وروژاندبێت بۆ ئەوەی مێژوویەكی نوێ دەست پێكەن لەگەڵ تورك و دووبارە هاوپەیمانییەكی دڵخوازانە بۆ كورد و تورك بەپێویست دەزانێت بۆ مانەوە لەبەرامبەر دونیای دەرەوەدا، كە ئەمڕۆ ناوچەكە لەبەردەم هەڕەشەدایە.
ئایا کاتی هەڵوەشاندنەوەی PKK هاتووە؟
بەشێکی زۆر گرنگی پەیامی ئۆجەلان، بانگەوازکردنە بۆ هەڵوەشاندنەوەی PKK و لابردنی چەکەکانیەتی. ئەو بەرامبەر ئەندامەکانی ئەم ڕێکخراوە دەڵێت: “تا وەك ئەو كۆمەڵگە و پارتە هاوچەرخانەی بەزۆرەملێ كۆتاییان پێ نەهێنراوە، ئێوەش دڵخوازانە كۆنگرەیەك ببەستن و بڕیار بدەن؛ پێویستە هەمووتان كۆببنەوە و چەكەكانتان دابنێن و پەكەكە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.”
لەم وتانە دەتوانین دوو دەرئەنجامی سەرەکی وەربگرین:
بانگەواز بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئارەزوومەندانە: ئۆجەلان دەڵێت کە ئەندامەکانی PKK پێویستە خۆیان و بە ویستی خۆیان ڕێکخراوەکە هەڵبوەشێننەوە. كە ئەمە لەلایەكەوە بۆ كڕینی كاتە، بۆ ئەوەی پێش هەڵوەشاندنەوە، چاوەڕوانی هەنگاوەكانی دواتری توركیا بن. هەروەها ئامادەكاری بۆ هەنگاوی دوای هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە بكرێت.
هۆشداری: لە هەمان کاتدا، ئەو هۆشداری دەدات کە ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، لەوانەیە ڕووبەڕووی كۆتایی پێهێنانی زۆرەمڵی ببنەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دەیەوێت ئەندامەکانی PKK بە تەواوی لە گرنگی ئەم بڕیارە ئاگادار بن و بە ئامادەباشی ڕووبەڕووی ئەنجامەکانی ئەم گۆڕانکارییە ببنەوە.
لێرەدا ئەوە دەردەكەوێت کە ئەم بڕیارە تەنها هەڵبژاردن نییە، بەڵکو ناچارییەکیشە، چونكە ئەركەكەی PKK لەم قۆناغەدا كۆتایی هاتووە، بەڵام بەستنی كۆنگرە و هەڵوەشاندنەوەی ئارەزوومەندانە، دەرفەتێكی زۆر بە پەكەكە دەدات، بۆ ئەوەی بە دیراسە و هەڵسەنگاندنێكی ورد، شێوازی خەباتەكەی بگۆڕێت، بە ستراتیژییەكی نوێ و هێزێكی نوێ و گونجاو لەگەڵ كۆمەڵگای دیموكراسی كە لەگەڵ ئەم قۆناغە گونجاوبێت. لەهەمانكاتدا ئەمە كاتێكی زیاتر بە پەكەكە دەدات لەگەڵ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە، بەپێی هەنگاوەكانی توركیا بێتە پێشەوە. كەواتە پەكەكەی نەخستۆتە بەردەم بڕیارێكی كتوپڕ، بەڵكو پێش خۆهەڵوەشاندنەوە و چەكدانان، پێویستە ستراتیژییەتی قۆناغی داهاتوو دیاری بكرێت.
هۆشدارییەك بۆ توركیا
سەدەی دووەمی كۆمار، تەنها ئەوكاتەی دیموكراتیزە دەكرێت، دەتوانێت ببێتە خاوەنی یەكێتی و مانەوەیەكی هەمیشەیی. جگە لە دیموكراسی، هیچ ڕێگەیەكی تر ڕێی تێناچێت.
بۆیە لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، هاوكات ئۆجەلان پەیامێکی ڕوون و یەکلاکەرەوە بۆ تورکیا دەنێرێت، کە دەڵێت داهاتووی کۆماری تورکیا پەیوەستە بە دیموکراتیزەکردنەوە. ئەگەر توركیا ئەوەنەكات ڕووبەڕووی پارچەبوون و گرفتی گەورە لەبەردەم مانەوەی خۆی دەبێتەوە.
ئۆجەلان ئاماژە بەوەدەكات کە تورکیا لە سەدەی دووەمی کۆماری خۆیدا، تەنها لە کاتێکدا دەتوانێت یەکپارچەیی و مانەوەیەکی جێگیر بەدەست بهێنێت کە بەرەو كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی ڕاستەقینە هەنگاوبنێت. ئەم ڕستەیە لە ڕاستیدا هۆشدارییەكە، ئەگەر تورکیا دیموكراسییەت هەڵنەبژێرێت، ڕووبەڕووی کێشە و قەیرانی گەورە دەبێتەوە و لەوانەیە یەکپارچەییەکەی بكەوێتە مەترسییەوە.
“جگە لە دیموکراسی، هیچ ڕێگەیەکی تر ڕێی تێناچێت”
لێرەدا ئۆجەلان هێڵی سوور دیاری دەکات: كە دەڵێت کە چەوساندنەوە، شەڕ، نەتەوەپەرستی توندڕەو، و سیاسەتەكانی ئەمنی ڕێگەچارە نین.
تورکیا لەوانەیە تا ئێستا توانیبێت بە هێز و چەوساندنەوە پرسی کوردەکان سەركوت بكات، بەڵام ئەم ڕێگەیە چیتر كاریگەر نییە. تەنها ڕێگای ڕاستەقینە دیموکراسییە.
کەواتە ئۆجەلان چ پەیامێک بۆ تورکیا دەنێرێت؟
ئەگەر تورکیا بیەوێت وەک وڵاتێکی جێگیر بمێنێتەوە، ناچارە کێشەی کوردەکان لە ڕێگەی دیموکراسییەوە چارەسەر بکات. ئەم پەیامە دەتوانرێت وەک جۆرێک لە ئۆڵتیماتۆمی نەرم و ئاگادارییەکی ستراتیژی دابنرێت.
PKK لەناو دەچێت؟ یان شێوازی دەگۆڕێت؟
لە پەیامی ئۆجەلاندا، هیچ باسێکی ڕاستەوخۆ نییە لەسەر ئەوەی ئەگەر تورکیا لە سیاسەتە چەوسێنەرەکانی بەردەوام بێت، PKK دووبارە دەردەکەوێت. بەڵام بە شیکردنەوەی پەیامەکە، دەتوانرێت ئەم ئەگەرە لێکبدرێتەوە.
ئەگەر بمانەوێت پەیامەکە بە پێی لۆژیکی خۆی شیکردنەوەی بۆ بکەین، ئەنجامەکەی بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
- PKK وەک وەڵامێک بۆ چەوساندنەوە و نەهێشتنی ناسنامەی کوردی و ئازادی بیركردنەوە دروست بوو.
- ئۆجەلان پێی وایە کە ئەم بارودۆخانە بەشێوەیەک گۆڕاون، بۆیە پێویستە PKK هەڵبوەشێتەوە.
- بەڵام ئەگەر ئەم بارودۆخانە دووبارە بگەڕێنەوە، ئایا PKK یان ڕێکخراوێکی تر جێگەی دەگرێتەوە؟
ئەم پرسیارە ئەوەیە کە ئۆجەلان بە ڕاستەوخۆ وەڵامی نەداوەتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە پەیامەکەدا هەستی پێدەکرێت.
کۆتایی بۆ قۆناغێک و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ؟
پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان، زیاتر لە بانگەوازێک بۆ هەڵوەشاندنەوە، هۆشدارییەکی نھێنییە دەربارەی داهاتوو. ئەو دەڵێت کە بارودۆخەکان گۆڕاون و پێویستە PKK هەڵوەشێتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەو دەزانێت کە ئەگەر کێشە بنەڕەتییەکان چارەسەرنەکرێن، کۆتایی PKK بە مانای کۆتایی ناڕەزایی و بەرگری نابێت.
ئەم پەیامە دەتوانرێت وەک بانگەوازێک بۆ ئاشتی لێکبدرێتەوە، لەهەمانكاتدا وەک هەڕەشەیەک بۆ گەڕانەوەی پەكەكە ئەگەر توركیا بەرەو كۆمەڵگای دیموكراسی هەنگاو نەنێت.
ئایا تورکیا لەم هەلە سوود دەگرێت بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کوردی؟
یان بە بەردەوامبوونی لەسیاسەتی چەوساندنەوە، پەكەكە بەهێزتر دەردەكەوێتەوە؟
ئەم پرسیارە تەنها داهاتوو وەڵامی دەداتەوە.