«پەرتەو» غەریبەکەی نێو ماڵی خۆی.. د.شەماڵ ئیسماعیل پوور
بە هاتنە سەرکاری حکومەتی پەهلەوی یەکەم و دروست بوونی حکوومەتێکی مۆدێڕن لە ئێراندا، کۆمەڵگای سوننەتی ئێران ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی بەسەردا هات. جیا لە چەندین لایەنی پۆزتیڤی بەرچاو و ڕۆشنبیرانە، بەداخەوە بۆ گەلانی نافارسی ئێرانی کۆمەڵێک ئاریشە و کێشەی تایبەتی زمانی و کلتووری بەدیاری هێنا. لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٢٠ی زایینیدا حکوومەت سیستمێکی سەقامگیری هەمەلایەنەی پەروەردەی بە زمانی فارسی دامەزراند و پەرەی زمانی بە فارسی دا و کەڵک وەرگرتن لە زمانەکانی تری بە یاساغ لە قەڵەم دا. بۆ باش بەڕێوە چوونی ئەم سیاسەتە کۆمەڵێک کاری تایبەتیان کرد کە ڕۆشنبیرانی ئەوکات لایان وابوو بەم کارانە دەتوانن یەکییەتی نەتەوەیی و یەکپارچەیی سیاسی وڵات دەستەبەر بکەن. بۆ لابردنی هەموو جیاوازییەکانی زمانی و کلتووری قۆڵیان لێهەڵماڵی و دامودەزگایەکی مەعریفی تایبەتیان دامەزراند و مامۆستای ناخۆ جێیی و فارسی زمانیان کردە مامۆستای قوتابیانی غەیرە فارس. بۆ دروستکردنی مەعریفەی نوێ کەسانێکی وەکوو” ڕەشیدیاسمی” یان کردە پێشەنگی ڕۆشنبێری و گۆڕانکاری، تا بتوانن بە پواز داری بە هێزی زمان بقەڵەشێنن و بە سانایی زمانی فارسی بکەنە تاقە زمانی سیستمی پەروەردە و هەموو ئاخاوتن و نووسینە فەرمییەکان. هەر لەو ساڵانەدا پەرە پێدانی زمانی فارسی لە کرماشان حاڵەتێکی سیستماتیکی بە خۆیەوە گرت و دواتر بە دامەزراندنی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و سینەما ئەو زمانە بە سەر خەڵکی ناوچەکەدا سەپێندرا. ئەو داسەپانی زمانی یە، زمانێکی سەیر و سەمەرەی بە ناوی زمانی فارسی کرماشانی لێکەوتەوە. زمانێک وەکوو چێشتی مجێور و تێکەڵێک لە یاسا زمانییەکانی هەردوو زمانی کوردی و فارسی. ئەم زمانە دەسکردە لە ڕاستیدا نە کوردی یە و نە فارسی. بەم کارە کرماشانی لانەکەی ئەساتیر و پاڵەوان و مەڵبەندی چاونەترسی و کەڵەنووسەران و گەورەشاری کوردان زمان غەریب دەکەوێ و هەمووشتێک دەبێتە فارسی. دەردی سەرباری دەردان، کرماشان پڕ دەبێ لە بازرگانی ناکورد و زمانی کار و بازاڕ و بازرگانیش بە کوردی نامێنێ . ئەمە لە حاڵەتێکدایە کە کرماشان پڕە لە یارسان و جوولەکە و فەلە و سوننە و شیعە و هەروەها لە باری زمانی و زاراوەییەوە ، ناوەندێکە بۆ زاراوە کوردییەکانی گۆرانی و لەکی و کەلهوڕی و …
یە کێک لە سیاسەتەکانی حکوومەتی پاشایەتی جیاوازی دروستکردن و ئاژاوە نانەوە لە نێوان دانیشتوانی کرماشان و دەوروبەریدا دەبێت. لەم بارودۆخە ناسک و هەستیارەدا شاعیری مەزنی کورد پەرتەو کرماشانی لە دایک دەبێت و بەم ئازارانەوە بای باڵ ئەدات و لە نیو چینی خەڵکانی دژ بە سیاسەتی حکوومەتی پەهلەویدا پێدەگات و بە بەربەرەکانی خەڵکانی دەروەست و ئاوەژووکاری سیاسەتەکە، کۆمەڵێک شاعیر و نووسەر و هونەرمەند پێدەگەن و شۆڕشێکی هزری و ئەدەبی و هونەری لە کرماشاندا وەڕێدەخەن و پەرتەویش یەکێک لەم شۆڕەسوارانە دەبێت. خەباتی ئەم کەسانە بۆ زیندووڕاگرتنی زمانی کوردی بە هۆی چەند هۆکاری گەورەوە زۆر دژوار دەبێت کە ئاماژە بە چەندین خاڵیان دەکەین:
یەکەم، بە هۆی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و ئێراقەوە نائەمنی دروست دەبێت و ناهومێدی و ترس وشەڕ و بۆمب و توپباران مەودای کار و چالاکی بە دڵسۆزان نادات و تەنانەت وێژەی زاڵی ناوچەکەش دەبێتە وێژەی بەرگری و شەڕ و حیماسەی بەرەوانی .
دووهەم ، دروست بوونی ئاڵۆژی ئایینزایی ڕۆشنبیران و نووسەران و خەمخۆران بە خۆیەوە خەریک دەکات و بە داخەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەپڕژێنە سەرکاری زمانی و کلتووری و….
سێهەم : خەمساردی ناسیونالیزمی کورد لە عاست کرماشان هۆیەکی تری ئاڵۆزی و بێ برنامە بوون و خەمسارد بوون لە بەرانبەر زمان و کلتووری کوردیدا بوو تاڕادەیەک کە کەسانێکی بەڕەواڵەت ئاکادێمیکی کورد ڕەوتەکەی ڕەشیدیاسمی یان دووپات کردەوە و بە کەیفی خۆیان تابووتیان بۆ زمانی کوردی دروست کرد و بە هیوا بوون ئاخر بزمارەکانی لێدەن و زمانی فارسی کرماشانییان زەق کردەوە و بە ئاشکرا گوتیان، تەنیا لادێ نشینەکان کوردن و خەڵکانی ئەسڵە شاری لە کرماشان خاوەنی ئەم فارسییەن. هەر ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە خەڵکانی ئەسڵە شاری پێیان شوورەیی بێت بە زمانی دایک و بابیان بدوێن و لە کوردی دوور بکەونەوە.
بەم پێودانگە پەرتەو کرماشانی دەبێتە هێمای مانەوەی زمانی کوردی بە زاراوەکانی گۆرانی و کەلهوڕی. پەرتەو بە ڕواڵەت و بە پێی فوڕمی شێعری کلاسیک نووسە. بەڵام لە ڕاستیدا شێعرەکانی سەردەمیانە و تەواو نوێن و داڵغەی ئەمڕۆی کۆمەڵگایان بە کۆڵەوە ناوە. پەرتەو بە بێ ئەوەی سەر بە هیچ ڕەوتێکی کۆمەڵگا بێت، شارەزای هەمووشتێکی کۆمەڵگایە. بە پێی ئەو شارەزاییە و دەرکی ساتەوەختی هەستیاری کرماشان، شێعری کوردی دەنووسێ و شوناسێکی دووربارە بە شاعیرانی کرماشان دەداتەوە. پێش بە پەرەسەندنی ئەو سیخورمە گورچووبڕە دەگرێ کە نووسەرانی کوردی فارسی نووسی کرماشان لە گورچووی زمان و کلتووری کوردییان دا. ئەو کەسانەی کە فۆلکلۆری کوردی و گێڕانەوەی کوردییان کردە فارسی و بە زمانی فارسی دەرخواردی خەڵکی خۆیان داوە. پەرتەو بە دڵنیاییەوە لە گەڵ زمانی کوردی تێکەڵ بووە و هەرئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە بتوانێ ئاوا جوان و بێگرێ و کوردانە بنووسێ.
نووسین و شێعری پەرتەو ڕەسەنە، چونکە خاوەنی پاشخانێکی دەوڵەمەندی کوردییە. خاوەنی ئەندێشەیەکی ساحێب جەسارەتە و وەکوو کێو لە بەرانبەر ئەندێشەی زاڵدا ڕادەوەستێ و بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێ. یەکێک لە شاکارەکانی پەرتەو شێعری ئەرمەنییە. مەی و ئەرمەنی دوو هێمای تایبەتن کە پەرتەو شارەزایانە لەو شێعرەدا گونجاندوونی. بە شارەزایی خۆی سەر بە هیچ دینێک نیشان نادا و دەیەوێ بڵێ کرماشان گەورە شارێکی فرە دین و فرە ئاینیزایە و دەبێ هەموان بە ئاشتی و خۆشەویستیەوە پێکەوە بژین. لەم شێعرەدا ئەرمەنی هێمای کەسێکی شادیهێنەرە و شاعیر بۆ دەربازبوون لە خەمە قورسەکانی پەنای بۆ دەبا.ئەرمەنی دەبێتە کەسێکی بێ لایەنی نیشتمان خۆشەویست کە هەموو بیر و بۆچوونەکان دەخاتە بن چەتری خۆیەوە . شاعیرلەم شێعرەدا بە وردی کۆمەڵگای کرماشان وێنا دەکات.کۆمەڵگایەکی لەسەر باڕووت خەوتوو ، ئەگەر یەکتری نەناسن و بەحورمەتەوە لە هەمبەر یەکدا نەجووڵێنەوە ، گڕکانێک شارەکە و ناوچەکە دەکاتە کۆڵوو. بەراشکاوی باس لە نائومێدییەکانی دەکات و ڕۆژ و شەوی وەکوو دوودانە دوالیزمی بەرچاوی کۆمەڵگای کوردی، وەکوو یەکە و بۆ پسانی جەرگی شەو پەنا بۆ مەی و ئەرمەنی دەبات. لە ماڵی خۆیدا خۆی بە بێخانمان دەزانێ و دژ بوونی خۆی لە هەمبەر زمانفرۆشان و بێ شۆناسان نیشان دەدات. بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە سەر زاڵکردنی زمانی نەخوازراو بەسەر خەڵکی زمانپاراوی شارەکەیدا ئەم دێڕە شێعرە دەنووسێ و بەئاشکرا دەڵێ : ئەگەر لە ماڵی خۆمدا و لەشاری خۆمدا بە زمانی خۆم نەدوێم ، غەریب و غەوارە و بێخانمانم. لە کۆتاییدا بڕوایەکی قووڵی بە کاری هونەری هەیە و دەچێتەوە خەڵوەتی خۆی و درێژە بە کارەکانی دەدات. کۆتا قسەم ئەوەیە کە پەرتەو تا زیندوو بوو پاڵەوانی پاراستنی زمانەکەی بوو و بە مردنیشی ئەدەبی کرماشان زیندوو بۆوە و جارێکی تر شوناسی ڕاستەقینەی خۆی پێناسە کردەوە. شێعرەکانی لە دووتوێی کتێبی«کوچە باغی ها» دا بە هیمەتی دوکتور موحەمەد عەلی سوڵتانی چاپ کراون و چاو و دڵی خوێنەری کوردی پێ ڕوون بۆتەوە. با لە گەڵ دەست خۆشی کردن لە دکتور سوڵتانی ئەم گلەییەشی لە خزمەتدا بکەین کە لە نووسینەوە و چاپی شێعرەکاندا ڕێنووسی کوردی ڕەچاو نەکردووە.
د.شەماڵ ئیسماعیل پوور_سەقز
—————————
سەرچاوەکان:
١- نەوبەتی – عەلی ئەشرەف – کوچە باغی ها – تاران – سۆها ( ١٣٨٩)
٢- وتاری( سیاست های زبانی پهلوی اول در کردستان و پیامدهای آن)- نووسەران حسەین ڕەسووڵی- ڕەزا دێهقانی- عەلی رەزا کەریمی – گۆڤاری اطلاعات تاریخ فرهنگی، زستانی ۱۳۹۵- ژماره ۳۰