Skip to Content

شیعر- ئێوارانە ٣٤.. سەردار جاف

شیعر- ئێوارانە ٣٤.. سەردار جاف

Closed
by ئایار 28, 2023 General, Poems

ئەم ئێوارە و دوێ ئێوارە لە يەک دەچن
قاوەکانی ڤۆڵتێرس بە تاڵييەوە شيرين بوون
چاوەکان رێی سۆراغيان بەر نەدابوو
ماڵی پوورە مەنيج
دوو ژووريان چۆڵ و حۆڵ بوو
هەنگاوەکان کارمامز مينا دەرپەڕين
پشوو لە فايخن دەدەن
ناڤيگاسيۆنەکە بە هەڵەی دەبا
چاو لە گۆمی لوونسە نابڕێ
ئیوارەيەک
خەمەکان مەحوو دەبنەوە
پوورە مەنيج لەو ديو پەنجەرەکەوە
بانگ و سەڵای غەريبانی بوو
ئارەقەی بە ژوورە تەنهاييەکانی هووخيرد هەڵواسراو
باران و لوونسە
شنەی ئێوارانيان بە گۆنا و سەر و شان و مل دەسپارد
کەشتييەکە تەڕتەڕ ببوو
رۆخی دەرياکە بێ سەوڵ جوانتر بوو
چارۆکەی بەلەمەکە
فرمێسکەکانی بەر لە زەردەپەڕيان دەسڕی
شەرابێکی سوورسوور خۆی بەوديوی پەنجەرەکەدا کرد
شەو و بەفر تابلۆيەکی کلاسيکی بوون
لە يەک نەدەبوونەوە
تا دەهات گەرمتر و ساردتر دەبوونەوە
ناو بە ناو
ئەم تابلۆ رەش و سپييە دەبوونەوە فريشتە
دەبوونەوە پەلکەزێڕينە و
لە شەوا هەڵدەکران
گەڵا سەوزەکانی سەر شەقام
لە ئاسمانا ئامێزيان بۆ يەک دەکردەوە
لاسایی ئێمەيان دەکرد
بۆ دەم شنە بای لوونسە دەبران
کە خۆر هەڵهات
کليلەکان بوونە بزە و قاقا
لاڵ بوون ديسان هاتە گۆڕێ
پاڕانەوە خەمێ تر بوو
لەنجەی زمانيان دەکرد
ئەمجارەيان من وتم بێکەسم
ئەويش وتی :
خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم

١٢ / ٥ / ٢٠٢٣

Previous
Next
Kurdish