Skip to Content

یەکی ئایاری خوێناویی, قەتڵوعامی شیوعییەکان لە پشتئاشان.. بەدواداچوون: ستیڤان شەمزینی

یەکی ئایاری خوێناویی, قەتڵوعامی شیوعییەکان لە پشتئاشان.. بەدواداچوون: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئایار 4, 2023 General, Opinion


پشتئاشان گوندێکی چەپەک و دوورەدەستی بنای قەندیلە، تا ئەو ساتەی لە یەکی ئایاری 1983 نەبووە جێگەی شەڕێکی خوێناویی کە بە کوژرانی 82 کەس لە ئەندامانی حزبی شیوعی کۆتایی هات هیچ ناوبانگێکی نەبووە بە تایبەت ناوبانگی سیاسیی. تەنانەت هەروەک قادر رەشید “ئەبو شوان” لە کتێبەکەیدا “پشتئاشان لەنێوان ئازار و بێدەنگیدا” باسی دەکات تا ساڵی 1982 کەس بیری لەوە نەکردبووە، ئەو گوندە بکاتە بنکەی سەربازیی یان سەرەکی خۆی، کاتێک حزبی شیوعی ئەم گوندەی هەڵبژارد، وەک پەناگەیەکی ئارام دڵی پێخوش کردبوو، بەڵام هەرگیز بە خەیاڵیاندا نەدەهات، دوای کەمتر لە ساڵێک پشتئاشان بۆ شیوعییەکان دەبێتە گۆڕستانێکی گەورە.

یەکی ئایاری خوێناویی

تا ساڵی 1983، حزبی شیوعی کە ئەندامێکی بەرەی جووت بوو، لە شەڕی شاخی براکاندا بێلایەن وەستابوو، بەڵام لە کۆتاییەکانی نیسانی ساڵی 1983 گرژییەکی زۆر لە نێوان شیوعی و یەکێتی دروستببوو، یەکێتی تا دەهات لە نزیکی بارەگا سەرەکییەکانی حزبی شیوعی لە بناری قەندیل هێزی کۆدەکردەوە، بەڵام حزبی شیوعی بە بیریاندا نەدەهات هێرشە زەبروەشێنەکەی یەکێتی پشتئاشان بکاتە ئامانج، چوونکە پێیانوابوو ئەوانەی لە پشتئاشانن زیاتر ژن و منداڵن.
رۆژی یەکی ئایاری ساڵی 1983 کە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی جیهانی کرێکاران، یەکێتی بە بەشداریی سەدان پێشمەرگە بە سەرکردایەتی “نەوشیروان مستەفا” پەلاماری بارەگانی شیوعی و پاسۆک و حسک لە پشتئاشان، قەڕناقا، بۆڵێ، ئاشقۆڵکە و رەزگە، دەدەن، پاش بەرگرییەکی کەم هێزەکانی یەکێتی دەتوانن پشتئاشان و تەواوی ئەو گوندانە بگرن کە هێزەکانی حزبی شیوعیان تێدابوو، تەنانەت توانیان بەشێک لە سەرکردەکانی حزبی شیوعی وەک “کەریم ئەحمەد، ئەبو سەرباز، قادر رەشید” بە دیلی بگرن.
بەیانی رۆژی یەکی ئایار، ئێستگەی دەنگی شۆڕشی عێراق، کە رادیۆی فەرمی یەکێتی بوو، بەمشێوەیە سەرکەوتنەکەیانی لە پشتئاشان و قەرناقا بڵاوکردەوە “ئاشبەتاڵە، ئاشبەتاڵە. تۆڵە بە سەبرە، ئەمما بەزەبرە، بەڵێ بە زەبر بوو. مارکس گۆڕ هەڵتەکێنە، بزانە چۆن تەحریفییەکانی ئاخر زەمان، بە قاعیدە و قیادەوە بەرەو دیوی ئێران هەڵهاتن. بیانکوژن، بیانبڕن ئەوانەی دەیانەوێ کێوەکانی کوردستان تەعریب بکەن. حسک و شیوعی و قیادە مەوقەتە رەنجی کورد بە با دەدەن. کوردستان لە قاعیدە و قیادەی تەحریفییەکان پاککرایەوە”.
قادر رەشید لە کتێبەکەیدا “پشتئاشان لەنێوان ئازار و بێدەنگیدا” نووسیویەتی “هێزەکانی یەکێتی بە سەرکردایەتی نەوشیروان مستەفا لە بەهاری 1983 هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی حزبی شیوعی و پاسۆک و حسک لە گوندەکانی پشتئاشان، قەڕناقا، بۆڵێ، ئاشقۆڵکە و رەزگە. نزیکەی 90 کەس بە دڕندەترین شێوە دەکوژرێن و چەندین کەس بریندار دەکرێن. ئەوەی جێگای سەرنجە شێوەی هەڵسوکەووتی نەوشیروان و هێزەکەیەتی لە شەڕەکەدا. نەوشیروانییەکان پەنجەی کچێکیان بەناوی “ئەحلام” بڕیوە بۆ ئەوەی ئەڵقەکەی لێ ببەن، تەرمی پێشمەرگەیەک بە ناوی عەلی حوسێن لە ژێر خاک دەردێنن بۆ گەڕان بە دوای چەکەکەیدا و تەرمەکەشی لە رۆخی رووبارەکە بە جێدێڵن، کەسێک بە ناوی ئەبو مەکسیم کە خاوەنی 7 منداڵ دەبێت بە بێ ئەوەی دەست بکاتەوە دەدرێتە بەر رێژنەی گوللە و دەکوژرێت، ئەو دیلانەی پارەیان پێبووە رووتدەکرانەوە و دەکوژران”.

رۆڵی نەوشیروان مستەفا

قادر رەشید “ئەبو شوان” لە دیمانەیەکدا کە رۆژنامەنووس “ستیڤان شەمزینی” لە کۆتایی ساڵی 2009 لەگەڵیدا ئەنجامداوە دەربارەی رۆڵی نەوشیروان مستەفا دەڵێت “لەبەرئەوەی نەوشیروان مستەفا بڕیادەر و ئەندازیاری راستەوخۆی خوێنڕشتنەکەیە، لە رادیۆکەیانەوە هاواری دەکرد من دیلم ناوێت! پەرێزتان پاک بێت! تۆڵە بەسەبرە ئەمما بەزەبرە! نەوشیروان دەیتوانی ئەو دیلانە نەکوژێت! لەچیرۆکی (‌زەماوەن ئەگێڕین)دا، فازیل کەریم ئەحمەد (جەعفەر) کادری پێشکەوتووی راگەیاندنی یەکێتی، دەیگێڕێتەوە نەوشیروان بە‌ دەستی خۆی دیلەکانی کوشتووە! ‌هەربۆیە راستەوخۆ هەموو ئەر‌کێکی حزبی بەجێدەهێڵێت ‌و روو دەکاتە سوریا، قارەمانی چیرۆکەکە نەوشیروانە و ناوی لێناوە شێرۆ!”.
پێشمەرگەیەکی بەشداربووی حزبی شیوعی لە شەڕی پشتئاشان کە دواتر بە دیلی دەکەوێتە دەست یەکێتی لە دیمانەیەکدا کە رەحمان غەریب لە ساڵی 2008 ئەنجامیداوە، دەڵێت “ئێمە چەند دیلێک بووین، لە پڕ لەو دیوی زیندانەکەوە گوێمان لە هاوار بوو، کە سەرنجماندا دەبینین، نەوشیروان مستەفایە، لە مەفرەزەیەک پێشمەرگە تووڕە دەبوو کە بۆچی دیلیان بۆ هێناوە، ئێوە رێککەوتنەکان شکاند”.
ئەبو شوان سەرکردەی ئەوسای حزبی شیوعی پێیوایە سەرکردایەتی یەکێتی هەموویان بەرپرسن لەو تاوانە، بەڵام بەشی شێری بەر نەوشیروان مستەفا دەکەوێت. بۆیە دەڵێت “هەموو سەرکردەکانی یەکێتی بڕیاردەری رووداوەکەی پشتئاشانن، بەڵام پشکی شێر بەر نەوشیروان مستەفا و تەواوی ئەوانەی راستەوخۆ بەشداریی شەڕەکە بوون، دەکەوێت. حزبی بەعس تاوانبارە لە داڕشتنی نەخشەی لێدانی پشتئاشان. کۆمەڵەی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرپرسیارن لەو خوێنڕشتنە”.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکانیش نەوشیروان مستەفا سەرکردەی مەیدانی هەموو هێرشە سەربازییەکانی یەکێتی بووە بۆ سەر تەواوی حزب و لایەنە کوردستانییەکان. تەنانەت پشکۆ نەجمەدین لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا “ئەزموون و یاد” ئەوە بە بیر دەهێنێتەوە کاتێک دیل بووە لای یەکێتی، نەوشیروان مستەفا پێی وتووە “حزب نەماوە لە کوردستان سەرکردەیان لێ نەکوشتبێت، بۆیە تۆش دەکوژین و لە تۆڵەکردنەوە ناترسین”.

رۆڵی حکوومەتی بەعس

ئەبو شوان، لە چاوپێکەوتنێک کە لە دیسەمبەری 2009 کە لەلایەن رۆژنامەنووس “رزگار چوچانی” لەگەڵیدا ئەنجامدراوە دەڵێت “خدر مەعسوم لە چاوپێکەوتنێکدا، بە ئاشکرا دەڵێت (پەلاماردانی پشتئاشان بە بڕیاری سەرکردەکانی یەکێتی بووە). ئەوە راستییەکی مێژووییە و چووە لاپەڕە رەشەکانی مێژووی یەکێتییەوە، بەڵام دەبووایە خدر ئەوەشی بووتایە ئەو هێرشە بۆ سەر پشتئاشان، بڕیار و هاوکاریی بەعسیشی تیادا بوو”.
سەید کاکە، کە ئەوسا سەرکردەیەکی دیاری سۆسیالیست بوو، هاوکات یەکێکە لە بەشدارانی شەڕی پشتئاشان پێیوایە کارەساتی پشتئاشان بە بڕیاری بەعس بووە و دەڵێت “یەکێتی لەگەڵ حکوومەت رێککەوتبوو، رۆژی پێشتر حکوومەت 500 تۆپی لێداین، کە یەکێـتی هجومیان کرد شکان، ئێوارە بوو، من لەبەردەمیان بووم، فیشەکمان نەما، ناردم فیشەک بێت، گوتیان فیشەک نییە، کە فیشەک نەبێت سبەی هجوم بکات چی دەکەی؟ گوتم سەحب بکەن، بە شیوعییەکانیشم گوت لێرە ئاوا دەبین دەچینە قەندیل، هەمووتان سەحب بکەن”.
قادر رەشید باس لەوە دەکات چەند رۆژێک بەر لە کارەساتە خوێناوییەکەی پشتئاشان کاتێک نوێنەری ئاشتی نێوان پارتی و یەکێتی بووە، چەند گەورە بەرپرسێکی عێراقی بینیوە لە بارەگای سەرکردایەتی یەکێتی بوونە، بەڵام یەکێتی وەک فەلەستینی پێیان ناساندوون. بەبڕوای قادر رەشید ئەم وەفدەی حکوومەت لەگەڵ یەکێتی تاوتوێی لێدانی شیوعییەکانیان کردووە.

تێبینی: ئەم بەدواداچوونە لە ژمارە “20”ی گۆڤاری “شەپۆل” لە رۆژی 1-5-2013 بەناوێکی خواستراوەوە بڵاوکرابووەوە. بە پێویستم زانی لە چل ساڵەی ئەو کارەساتەدا دووبارە بیخەمەوە بەر دیدی خوێنەران.

بە دواداچوون: ستیڤان شەمزینی

Previous
Next
Kurdish