Skip to Content

تەکنەلۆژیا و کەمبوونەوەی کتێب و گۆڤاری منداڵان.. ڕۆستەم خامۆش

تەکنەلۆژیا و کەمبوونەوەی کتێب و گۆڤاری منداڵان.. ڕۆستەم خامۆش

Closed
by ئازار 5, 2021 General, Kids Literature

وەکو هەموومان دەزانین لەم سەردەمەی ئێستای مرۆڤایەتی تێیدا دەژی، دەبینین پێشکەوتن لە گشت بوارەکان هاتووەتە ئاراوە، کە داهێنانی گەورە ئەنجامدراوە و پێشکەوتنی زانست، هەمووانی دڵخۆش کردووە.
نکۆڵی لەوەش ناکرێ کە تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی زانستی سەردەم، لایەنی باشەی بێ ئەژمار زۆرەو سوودێکی گەورەو فراوانی بە مرۆڤایەتی بەخشیوە، لێرەدا ئێمە ناتوانین بڵێین نابێ کەس بەکاریان بێنێ، چونکە ئەو پێشکەوتنە بەرهەمی بیرکردنەوە و ژیریی و هەوڵ و تێکۆشانی مرۆڤە و سوودەکەشی بە پلەی یەکەم هەر بۆ مرۆڤە، بەڵام ئەوەی من دەمەوێ باسی بکەم و کە لای هەمووان گرنگە بیزانین و خەمی بۆ بخۆین، ئەویش داهێنانی ئامێرە زیرەکەکان و بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانن لەلایەن هەموو تەمەنە جیاوازەکانەوە، وە توانیویانە چەند ملیار مرۆڤ هۆگری خۆیان بکەن و کاتی بەنرخیان لێبستێنن، وە کاریگەرییەکی زۆریشیان کردووەتە سەر خوێنەران و دۆستانی کتێب، کە ئەوانیشیان بۆ لای خۆیان ڕاکێش کردووە و تا ڕادەیەک لە کتێبی کاغەز دووریان خستوونەتەوە و بەخۆیانیانەوە سەرقاڵ کردوون. بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین خەڵکانێک زیاد لە پێویست خوویان گرتووە بە بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کە ئەوەش بۆ داهاتوویان دەرئەنجامی باشی نابێ.

وەکو گوتمان مادام ئەو پێشکەوتنە بۆ سوودگەیاند بە مرۆڤ داهێنراوە، کەواتە پێویستیشە مرۆڤ پێی ئاشنا بێ و بۆ کەڵک وەرگرتن بەکاریان بێنێ، بەڵام تا ئەو کاتە بەکاریان بێنێ کە سوودی لێ وەردەگرێ، نەک زیاد لە پێویست کاتی بۆ تەرخان بکات، کە پاشان چەندین زیانی دەبێ، لەوانە: کاتێکی زۆر لە تەمەن بە فیڕۆ دەڕوات و کە هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە، بە وتەی شارەزایان: زیانی بۆ تەندروستییش هەیە، کە چاو و مێشک ماندوو دەکەن و نائارامیی دەروونیی و حاڵەتی خەمۆکیش دروست دەبێ.

خاڵی سەرەکی نووسینەکەی ئێمە ئەوەیە، کە زۆربەی منداڵان ئاشنای ئامێرە زیرەکەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانن و لە ئێستادا بە ئاسانی بەکاریان دەهێنن و بێ چاودێری دایکان و باوکانیان، یان وەک پێویست ڕێنمایی ناکرێن، کە چۆن بەکاریان بهێنن و تەماشای چی بکەن و چی بخوێننەوە، گەڕان بەدوای بابەتێکی سوودبەخش و پەروەردەیی و فێرکاریی لە نێو تۆڕی فراوانی ئینتەرنێتدا، ڕەنگە بتوانن زۆر بابەتی باش و بە کەڵک بدۆزنەوە، بەڵام لە ئەنجامی گەڕان بە دوای شتێکی بەسوود، چەندین بابەت و وێنە و ڤیدیۆی نەشیاو و خراپ دەکەونە بەر چاوانیان، کە دواجار زیانمەند دەبن لێی، وە ڕێگەی ڕووناک و ڕاستەقینەیی ژیانیان و ئاکارە بەرز و باشەکانیان لێ ون دەبێ و تووشی سەرگەردانی و بە فیڕۆدانی کات و تەمەنیان دەبن، وە گرنگی خوێندنی قوتابخانەیان لا کەمتر دەبێتەوە و ئاستی زانستییان دادەبەزێ و کەمتر ئومێدی ئایندەیان لەسەر هەڵدەچنرێ و دواتر دەبنە سەر ئێشە بۆ خانەوادە و کۆمەڵگە، وەلێ مەخابن دایکان و باوکانیش بۆ ڕازی کردنی دڵی منداڵەکانیان ئامێرەکانیان بۆ دەستەبەر کردوون و بە ئاسانی خراونەتە بەردەستیان.

وە گرنگیدان بە کتێب و گۆڤاری تایبەت بە منداڵان، بە شێوەی کاغەز زۆر کەمبۆتەوە، کە ئەوەش جێیگەی داخە، چونکە منداڵان بێ بەش دەبن لەو هەموو ژانرە ئەدەبیانەی، وەک: (شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت… هتد). کە خوێندنەوەی ئەو بابەتە ئەدەبیانە زۆر چێژ بەخش و هەم سوود بەخشن بۆ منداڵان، وە حەز و ئارەزووی خوێندنەوەیان زیاد دەکات و کە تەمەنیشیان هەڵکشا، ئەوان هەمیشە دۆستی کتێب دەبن و خوێندنەوەی کتێب دەبێتە بەشێک لە ژیانیان، بەڵام لە ئێستادا هەم لایەنی تایبەت بەو بابەتە، وە هەم دایکان و باوکانیش کەم تەرخەمن لە دابین کردنی نامیلکەو گۆڤاری تایبەت بە منداڵان، هەر چەندە بە شێوەی ئەلیکترۆنی، یان لە ڕێی ماڵپەڕەکانەوە زۆر بابەتی سودبەخش دەستدەکەون، بەڵام ناگەنە ئاستی کتێب و گۆڤاری کاغەز، چونکە بە شێوەی کاغەز، زۆر به‌ جوانی بابەتەکانیان بۆ منداڵان داناون، کە لە ڕووی تەندروستیشەوە باشترن.

بۆیە پێویستە دایکان و باوکان، هەوڵبدەن لە ماڵدا کتێبخانەیەک بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دابین بکەن، خۆیان ئەو کتێبانە بخوێننەوە کە ئارەزووی لێدەکەن و چێژی لێ وەردەگرن، بەڵام باشتر وایە ئەو کتێبانە بخوێننەوە کە زیاتر باسی (منداڵناسیی و پەروەردەیی و فێرکاریی و دەروونناسیی و مافی منداڵ)دەکەن.
چونکە لە ئەنجامی خوێندنەوەی ئەو جۆرە کتێبانەدا سوودمەند دەبن و زانیارییان زیاتر دەبێ بۆ ناسینی منداڵەکانیان و شێوازی پەروەردەکردنیان.
بەڵام زۆر بەداخەوە، کە منداڵانیش وەک پێویست کتێب و گۆڤاری تایبەت بە خۆیان نەبێ، یان کەم بێ و بە ئاسانی دەستنەکەون، ئەوا منداڵانیش کاتەکانی ژیانیان بە زۆر شتی بێ بایەخ و زیانبەخش و بێسوود پڕ دەکەنەوە، کە لە داهاتوودا زیانەکان زیاتر دەردەکەون.

ڕۆستەم خامۆش – هه‌ولێر

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish