Skip to Content

قوتوو..: شیعر نارین ڕۆستەم

قوتوو..: شیعر نارین ڕۆستەم

Closed
by شوبات 22, 2021 General, Poems

قوتوویەکی بێسەرە ماڵەكەمان
ھەندێک جار شەکری تێ دەکرێت و
زۆر جاریش خوێ.

کە خوشکم چووە ناو جلی بووکێنییەوە،
ماڵمان شەکردان بوو.
«ناگەینە کۆتایی، شەکردانەکە بەشی خواردنەوەی پیاڵە چاییەکیشی تێدا نامێنێ».

ئەو ڕۆژەی بەلووعەی تانکی ئاوەکەم لە دەست پەڕی و
خوێن بە دەماری تانکییدا ھاتە خوارێ
قوتووەکە پڕ ببوو لە خوێ
دەرمانخانەکان لە جیاتی دەرمان، بلیتی یانەسیبیان دەفرۆشت.
بانگدەر (أکبر)ـەکەی (الله)ی قووت دایەوە.

لە ناوەڕاستی ئەم قوتووەدا،
ئاسمان پارچە ڕایەخێکی موتفەڕكە، ھەڵواسراوە
ھەر پەڵەھەورێکی چڵکنی بکەوێتە سەر،
دایکم بە گەسك لایدەبات.
«ئەوە دەشارمەوە کە دایکم بە قەرەوێلەیەکەوە نووساوە و پەڵەھەورە چڵکنەکان دەژمێرێ».

بە سواری گەسکەکە بەسەر قوتووەکەدا دەفڕم،
باوکم…
پێکێك عەرەق ھەڵدەدا و
فوو بە فانۆسەکەدا دەکات
من لە گەسکەکە بەردەبمەوە و
بەناو قاپی جاجیکدا دەکەوم،
تەباغەکە کوژاوەتەوە
بەشی ساڵێکی دیکە نەگبەتی کوڵاوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish