 
	ئیتر بەو جۆرە … نەوزاد بەندی
ئەمەوێ بڵێم
تاقەتی زۆر شتم نەماوە ..
وەک دووبارە کردنەوەی دوێنێ و ..
ئیستینساخکردنی سبەینێ لەسەر ئەمڕۆ ..
وەک  تەماشاکردنی سەفەرە خۆشەکان و 
قات و بۆینباخە جوانەکانی سەرۆک ..
وەک کۆچە خەمگینەکانی لاوان و .. قڵپ بوونەوەی یەختەکانیان و
خنکانیان بە جوملە ..
وەک  سەیرکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان و
نەڕە نەڕی  ئەندام  پەرلەمانێکی مناڵ و
قیژە قیژی سەرۆک پەرلەمانێکی پیرەژن ..
ئەمەوێ بڵێم 
تاقەتی زۆر شتم نەماوە ،
وەک ئەوەی بە کەسێ بڵێم چۆنی  و ..
دڵنیایش بم ئەو ئەڵێ زۆر باشم و ..
زۆر خراپیشە ..
وەک ئەوەی بچیتە بازاڕ و
کۆمەڵێ شت بکڕیت ، کە دڵت پێی  خۆش نییە و 
ھەروەک عادەت و تەقالیدێ
بۆ ئەوەی پێت بڵێن کەڵەشێری ماڵە ،
بیانکڕی ..
تاقەتم نەماوە 
لەم شەقام و خانووە سەقەتانەی 
کە  بەکاری ژیانکردن نەماون ..
لەو ھەموو تەنەکە خۆڵانەی
کەوەک گەدە و ڕیخۆڵەی خەڵکەکە ،
پڕ بوون
ترشاون
لێیان ئەڕژێ ..
تاقەتم نەماوە
لە تیڤیدا تەماشای  بۆینباخلەملێک بکەم
لەگەڵ گۆرانی کۆچی کوردانی عەدنان کەریم
یان فلوتەکەی قالە مەڕە ،
چاوپێکەوتن لەگەڵ کۆمەڵێ ڕەش و ڕووتا بکا و
بڵێن : بە زاتی  خوا دوو صەو پەنجا دینار شک نابەم 
تاقەتم نەماوە و 
ڕۆژەکان وەک جەلاد
بە دوای خۆیانا ڕامدەکێشن ..
وەک ئەوەی  پێم بڵێن
جارێ ماوتە کۆمەڵێ عەزاب
تا ئەگەیتە ئەو گوزەرەی
کە تیایدا ڕۆحت ئەکێشن ..
وەک ڕووداوەکانی ھات و چۆی
خەتی سلێمانی — کەلار ..
وەک کوژانەوەی  کارەبا
وەک لە دەرگادانی دوو کچی شۆخ
یان دوو   کوڕی لاو و
داوا کردنی پارەی خاشاکی  سێ مانگ
— ن . بەندی —


 
			 
			 
			