گرنگی ئەدەبی هەجوو.. نووسینی: هاوڕێ خالید
کاتێک دەتەوێت هەندێ تابۆ و بابەتی پیرۆزکراو و یاساغ و بڤە کراوی بە قسە لەسەرکردن، کە پەیوەندیدارن بە کەشی گشتی و هاوکات بەهایەکی نزمی ئاکاری و مرۆڤی و فەرهەرهەنگییان هەیە، ڕەخنە بکەیت، کاریگەرترین و خێراترین کەناڵ، سەکۆی ئەدەبە کە شێوازێکی کاریگەری چێژبەخشی خاتر گیراوی هەیە، بۆیە زۆرترین جار فەزای ئەدەب باشترین و گونجاوترین پەناگەیە. لە کۆنتێکستی دەقدا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، لەڕێگەی شاردنەوە له نێو زمان و بەکارهێنانی ڕەمزی ئەدەبی و بارگاویکردن بە تەنز و توانج و تەوسەوە، تاکو چۆنایەتی و فوڕم و ئیستاتیکای ئەدەبی بەرز بکرێتەوە، ئاستی ئەدەبی و چێژوو کاریگەرییەکەی بەهێزتر دەبێت. وە بۆ ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت، دەبێت تا ئاستی تابۆکە هەڵکشێت، بەڵکو بەرەو ژوورتریش و تاوەکو گەیشتنە سەر تۆقی سەری و لەوێوە هەڵیوەشێنی. دەبێت کاریگەریی دەڕبڕینەکە هێندە بەهێز و چێژ بەخش بێت، ڕماندن و لەبار یەک دەرهێنانی تابۆکە لە خۆیا ون بکات. ڕێژەی چەندایەتی چێژەکەی بگاتە سەرووی چێژە تابۆییەکان و جارجار ببێتە شوێگرەوەشی… وەکو چۆن شکسپیر کردوویەتی لە بازرگانەکەی ڤینسیا بۆ پیشاندانی عەقڵی پەتی ئابوری جووەکان، وەک دانتی لە کۆمیدیای خواوەند کردوویەتی، ئۆرێل لە مەزرای ئاژەڵاندا،
بەو پێیەی ئەدەب هەوادارێکی پان و پۆڕو بنکەیەکی فروانی جەماوەری هەیە، ئەوا زۆر گونجاو و دەستدریژە بۆ ئەم کارانە، چونکە سەری ئەدەب لوسترین و ناسکترین زمان و هاوکات قبوڵکراوترینیشی هەیە، وەکو کێژۆڵەیەکی چواردە ساڵان، حەشاماتێک بە دەوری مەکرەکانییەوە وەستاون.
دەتوانین ئەدەب بکەینە نوێنەر و زمانحاڵی هەموو بار و دۆخێک، له سەدەی بیست پابلۆ نێرۆدای شیلی، توانی لە ڕێگەی شیعرەوە زیاتر لە نیوەی گەنجەکانی شیلی چەکدار بکات.
قانیع و بێکەس، بۆ یاخی بوون لە سیستەمی سیاسی و نەریتی سوننەتی و سواو، ناڕەزاییان دەربڕیووە و ئەدەبیان کردۆتە زمانحاڵی هەڵوێستەکانیان. یاخود شێخ ڕەزا، کە لە کۆتایدا وەک نمونەیەکی دیار لەسەری دەوەستم، یاخود محەمەد ماغوت، توانج لە عادات و نەریتە خێڵەکییە عەرەبییە قەبەلییەکان دەدات، لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر کۆی جنس و نەژادی عەرەب و بەکارهێنانی وشەی زبر و کەرستە و وشەی سێکسی. یان چارلس بۆکۆڤسکی و زۆرانی تریش….
فەزای ئەدەب، هێندە پان و پۆڕ و کراوەیە، لەڕێگەی لێزانی و شارەزابوونی تەکنیکەکانییەوە، بچوکترین منداڵ دەتوانێت نوزەنوز و گازاندەکانی خۆی بکات بە گەورەترین شاکاری ئەدەبی جیهانی. نەتەوە یەکرتووەکانمان لێ بەدەنگ بێنێ یاخود ئەنجلینا جولییەکانمان لێ بێنێتە سەر خەت!
وە هاوکات دیووە نێگەتیڤەکەی ئەدەب ئەوەیە، ئامرازێکی ترسناکیشە بۆ چەواشەکردن و چاوبەست کردنی خەڵکی عەوام و لە دروستکردنی مەعریفەی هەستەکی و ناخەکی ناڕاست، کە ئەمە دیدە ئەفڵاتۆنییەکەیە. هاوکات زۆرترین جارەکانیش سەکۆیەکە بۆ دەربڕینی هەڵوێست و دنیابییەکان بەرامبەر بە وجود و بەرامبەر بە ئەوانیتر.
لەم نێوەندەدا شێوازی داشۆرین یان هەجوو، شێوازێکە لە شێوازەکان، کە تیایدا ئەدیب گوزاشت لە توڕەیی و هەڵوێستە هەستەکی و نەستەکی و ناوەکیەکانی خۆی دەکات، سەبارەت بە دیاردەیەک و هەڵوێست وەردەگرێت، بەشێوازێکی گاڵتە ئامێزانە ڕەخنەی دەکات و لە ڕێگەی (خوازە)ی ئەدەبی و بەکارهێنانی وشە و گوزارەی سێکسی و ئیرۆتیکی وروژێنەر، کە وەزیفەیەیەکی تریان پێدەدات هەڵوێستەکەی دەگەیەنێە لوتکە. وەک دەڵێن(هەر بە پاوە بزگوڕی لەبەرا ناهێڵێت) وەکو تازە زاوایەکی سوێ بووەوەی کوێرایی داهاتوو، بابەتەکە لاقە دەکات، بە ئامانجی پیشاندانی قێزەوەنییەکانی دەکەوێتە لێدان و داشۆڕینی.
لە ڕاستیدا شێوازی هەجوو شێوازێکی بێ (بەد) ئەدەبانە، یان بەد ئەخلاقانە نییە، مادام شاعیر ئەو کەسەیە، دەتوانێت پەی بە دیووە شاراوەکانی شتەکان ببات، کەواتە شعور و درکێکی وردو قوڵی هەیە، ئەوا سنووری نێوان بەد ئەدەبی و بە ئەدەبی باشتر دەناسێت. لە سادەترین دەربڕیندا، دەتوانین بڵێین هەڵویستێکی توندە هاوکات هەزەلیانە و کاریگەر، وەک پەرچەکدار لە فۆڕمێکی ئەدەبیدا دادەڕێژرێت، کە گوزارشتە لە کاردانەوەی شعوری ناوەکی، نووسەر کە بەر هەستەوەرییەکانی دەکەون.
یەکێک لە دیارترین نمونەکان کە نمایندەی ئەم فۆڕم و ستایلە لە ئەدەبی/شیعری کوردی دەکات دەکات، شێخ ڕەزای تاڵەبانییە. بێگومان هەبوونی ئەم ستایلە، لە ئەدەبدا، گرنگ و پێویستە، لە گریمانەی نەبوونیدا، بۆشایی و کەلێنێکی گەورە لە ئەدەبی کوردی دروستدەکات، چونکە ئەم ستایلە مۆرکێکی نێونەتەوەیی و جیهانی هەیە، لەلای هەموو میللەتان دەبیندرێ. سەبارەت بە شێخ ڕەزا بۆ ئێمەی کورد، وێڕای ئەوەی شاعیرێکە، دیاردەیەکی ئەدەبیشە، لە هەمانکاتدا. مرۆڤ ناتوانێت سەرسام نەبێت بەوەی، کە چۆن توانیوویەتی و وێراوە ئەو هەموو خەسڵەت و ئەدەبیاتە دژ بەیەکانە کۆبکاتەوە، و ئەدەبی پێ بنوسێت! گومان لەوەدانییە کە بۆ شێخ و شێخ زادە، یا مەلایەک ئابڕووبەرانەیە لە چاوی عەوامی نەخوێندەواردا، هەر خۆی دەبێتە بابەتی توانج، هاوکات ستایشکراو و بەرزە بەهایە، لە نێو کۆڕ و دیوانی ئەدەبیاتی کوردی و جیهانیشدا بەوەی کە توانیویەتی لە ڕێگەی نەرێ ((نفی))کردنی نەریت و نۆرمە قیزەونە خێڵەکییەکان و بەها نزمە گەردوونییەکان، کاڵفامی مرۆڤی کورد لە ئاستێکی بەرزی ئەدەبیدا، توانج و تەشەر بدات و ڕەخنەبارانی بکات.
شایەنی باسە لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە، زمانی توانج و تەوس و بەکارهێنانی وشە و گوزارەی سێکسی و ئیرۆتیکی، توانای کاریگەرییەکی قوڵتر و دوور مەوداتری هەیە، بە هۆکاری ئەوەی وشەکانی هەڵقوڵاوی ناو ژیانی ڕۆژانە و بازاڕە، بەڵام وەزیفەیکی نوێی پێدەدرێت. ئەوا هەموو کات لە زهنی خەڵک ئامادەگیی هەیە، خەڵک هەموو کات دێرەکانیان لەسەر زارە و دەیڵێنەوە، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش، دیووی شاراوەی ئەم جۆرە ستایلە پڕە لە تەکنیک و ڕموز و کۆدی ئەدەبی و پەیام و بەهای بەرزی گەردوونی، ئەدیب هەروا هەڕەمەکی و بێ سەروپا وشە خەرج ناکرێت و بەکارنابرێت.
نووسینی : هاوڕێ خالید