Skip to Content

دڵۆپێک لە دەریای وشە وێرانکراوەکانی زمانی کوردیی.. نووسینی: شێمحەمەد باڵەک

دڵۆپێک لە دەریای وشە وێرانکراوەکانی زمانی کوردیی.. نووسینی: شێمحەمەد باڵەک

Closed
by حوزه‌یران 5, 2023 General, Opinion, زمان



ئەگەر ئەنفالی گەرمیان و شنگال و قوشتەپە و چەند ناوچەیێکی تری کوردستان پەیوەندییان بە چەند هۆز و ناوچەیێکی دیاریکراوەوە هەیە ئەوا ئەنفالی زمانی کوردیی پەیوەندیی بە سەرتاسەری کوردستان ٦٠- ٧٠ ملیۆن کوردەوە هەیە لە کوردستان و جیهاندا. سووکایەتی کردن بە زمان سووکایەتی کردنە بە ئاوڕوو و کەڕامەتی سەرلەبەری نەتەوەیێک و نیشتیمانەکەی.
ئەی هاوار ئەنجومەنی نائاساییش، نەتەوە یەکنەگرتوەکان، یەک خۆرەکان، مرۆڤ خۆرەکان، لە هاوارمان وەرن لەدەست ئەو نەمەچاتر و شەیاتینانە ڕزگارمانکەن و خۆتان بمانخۆن.
شاعیری گەورەمان کاک عەبدوڵڵا پەشێو غەدری لە ماکەر کرد کە لە کۆڕێکی شێعر خوێندنەوەدا لە شاری هەولێر وشەی (ماکەرسیتی) بەکارهێنان بەرامبەر وشەی (سیتی)کە وێرانکەرانی زمانی کوردی بۆ نێوی شار و کۆمەڵگای نیشتەجێبوون و گەڕەکانی بەکاردێنن. ئەم وشەیە بۆ زمانە ئەسڵیەکەی خۆی وشەیێکی پیرۆزە و ناشێ بە سووکی نێوی بهێندرێ بەڵام لە نێو زمانی کوردیدا وشەیێکی گڵاو و سووک و چرووکە گوناحە خۆی و خاوەنە کوردەکانی وە ماکەر بچوێندرێن. ماکەر هیچ کارێکی نایاسایی و بێ شەرعی نەکردووە و نایکات. کە منداڵی کوردیش دەسدرێژی دەکەنە سەر نامووسی ئەو بەستەزمانە هیچ گوناحێکی نییە و منداڵەکان زیناکەرن. ئەوانەی تەختەنووسی سەر سەردەرەی دووکان و میوانخانە و نووسینگە و شەریکە و شوێنە جۆراوجۆرەکانی نێو بازاڕ و نێوی کاڵا و نرخیان بە زمانی بێگانان دەنووسن؛ دەبێ نووسین و خاوەنەکانیان وە ماری ژەهراوی و داعش و تیمساح و دوژمنانی ئازادی و سەربەخۆیی کورد بچوێندرێن. هەروەها ئەوانەش کە ئەو هەموو زەویە کشتوکاڵیانە و حەردی شارەوانیان داگیرکردن و کردنیان بە سیتی و (پڕۆژەی وەبەرهێنان؟) و نێوی بە زمانی بێگانانیان لەسەر نووسین و بە خەڵکیان فرۆشتنەوە؛ دەبێ ئەوانەش لە لیستی ماری ژەهراوی و داعش و تیمساح و دوژمنانی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دابندرێن.
ئەو زمانە بە خوێنی ئەو سەتان هەزار شەهید و قوربانیانە ئازادیی بەکارهێنان و خزمەتکردنی پێدراوە کە ئێوە ئێستا بازرگانی بەو خوێنەوە دەکەن. لەسەر هەموو شتێک چاوپۆشیتان لێبکرێ ناکرێ لەسەر تێکدانی زمانی کوردیی چاوپۆشیتان لێبکرێ. دەبێ ڕۆژگارێک بەرتووش (جیل)ێک پەیدابێ بێتە سەر گۆڕەکانتان و لەنێو گۆڕدا دادگاییتان بکا و نەحلەتی مێژوو لەسەر کێلەکانتان بنووسێ.
سەیری ئەو کۆمەڵگا هوشیار و ڕۆشنبیرەکە لەسەر ئاو و کارەبا و سووتەمەنی و مووچە و (دەرماڵە؟) و جاری وا هەیە خۆشی نازانێ لەسەرچی دێتە سەر شەقام و خۆپێشاندان دەکا. کە ئەم گیروگرفت و قەیرانانە کاتین و هەر کاتێک چارەسەرکران شوێنەوار و کاریگەرییان بۆ دواڕۆژ نامێنێ. بەڵام لەسەر وێرانکردنی ئەو زمانەی کە چاککردنەوەی زۆر ئەستەم دەبێ لە دواڕۆژدا و وەکو خۆی لێنایێتەوە و پتر لە سەت ساڵە خوێنی بۆ دەڕێژرێ و خوێنی لەسەر دەڕژێ، خۆی بێدەنگ کردووە و وەک بڵێی هیچ پەیوەندیێکی بەوەوە نییە.
ئەگەر ئێستا چارەسەرێک بۆ ئەو وێرانکردنەی زمانە نەدۆزرێتەوە دوایی خەڵک دەق بەو زمانە شێواوە وەدەگرن و پێی ڕادێن و بەدەرسیش زمانە ڕاستەکەیان پێبگوترێ هەرسی ناکەن و پێی ڕازی نابن و دەڵێن ئەمەی خۆمان زمانی (زانکۆ)یە و زانستی و پێشکەوتووە. دەربارەی وشەی زانکۆ مامۆستا تۆفیق وەهبی لە گفتوگۆیێکی دوور و بەردرێژیدا کە ئەمیری حەسەن پوور دەگەڵی کردووە و لەسەر دەنگ وەرگر تۆمارکراوە، (زانکۆ بە نێوێکی ڕاست نازانێ). دیارە زانکۆ وەرگێڕدراوی (جامعە)ی عەڕەبیە، عەڕەبی و کوردیی هەر یەکەو تایبەتمەندی خۆیان هەیە و قاڵبەکانیان بۆ یەکدی دەستنادەن. من پێموایە بۆ ئەو مەبەستە (زانستگا) لەبارترە.
منداڵێکم پۆلی سێ یان چواری سەرەتایی بوو، خەریکی دەورکردنەوەی دەرسی زمانی عەڕەبی بوو، دەستی لەسەر وێنەی گاجووتێکی بەڵەک دانا لەنێو پەرتووکەکەیدا کە لەژێری نووسرابوو ثور (گاجووت)، گوتی ئەوە چێڵە (مانگا). گوتم بابە ئەو چێڵ نییە و گاجووتە. گوتی نا چێڵە. چەند جارێک بۆم دووبارە کردەوە ئەو هەر لەسەر قسەی خۆی ڕۆیی. ئەنگوستی منداڵەکەم گرت و لەسەر گونی گاجووتەکەم دانا گوتم ئەوە نییە گونی پێوەیە؟ ئەمجارەیان بە تووڕەییەوە گوتی تۆ لە مامۆستا چاکتر دەزانی؟ قسان قسە لێپەیدا دەبن؛ سەعات هەشتی نوێژی شێوان پەیامنێرێکی ڕووداو لە وەڵاتێکی ئەمریکای باشوور لە ئاهەنگێک بەشداربوو خەڵکەکەی گشتیان گونی ئاژەڵانیان دەبرژاندن، پەیامنێر نێوی گونی ئەو ئاژەڵانەی هێنا کە گونیانن برژابوو لەوانەش گونی مانگا. کاک (من شاهۆ ئەمینم)-یش بۆی ڕاستنەکردەوە بڵێ مانگای هەورامان گونی نییە و گوانی هەیە.
ئێستا ئەو نووسەر و دەزگایانەی ڕاگەیاندن بوو ون بە مامۆستا و بەلای خوێندکار و گەنجانەوە کەس لەوان چاکتر نازانێ. ئیدی گۆران و پیرەمێرد و شێخ محەمەدی خاڵ و ئیبڕاهیم ئەحمەد و هەژار و هێمن و عەبدوڵڵای حەسەن زادە و تۆفیق وەهبی و مەسعوود محەمەد و – ڕەنگە بەلاتانەوە سەیر بێ ئەگەر نێوی حەسەن زیرەکیش لەڕیزی کوردیزانەکاندا بنووسم – دەیان کوردی زانی تریش کە بێگومانم نێوی زۆرانم وەبیر نییە و نێوی زۆرانم هەر نەشبیستووە، با هەر بدەن بە تەوقی سەری خۆیاندا؛ ئەوان (لە مامۆستا چاکتر نازانن).
ئەو کوردیزانانەی نێوم هێنان و نێوم نەهێنان لە خوێندنگایان فێرە کوردیی نەبوون بۆیێ کوردییەکەیان چاک بوو. وەک مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەن زادە دەڵێ (لەپیرێژن و پیرەمێردی کورد فێرە کوردیی بووم). ئەوانی تریش هەر بەو جۆرە بوون. کوردیی خوێندنگا و زانستگایان لەژێر کارتێکردنی زمانی بێگاناندایە بەتایبەتی زمانی عەڕەبی. دەبێ نووسەرانی زمانی کوردیی خوێندوو خۆیان لەو شێوازە کوردییە ڕزگارکەن.
تۆ سەیری وشەگەلی ژیان کردن و بازاڕکردن و هاوردەکردن و هەناردەکردن و نازانم چی کردن بکە کە لە سەرەتاوە پێشکەوتن خوازەکانی دەزگاگەلی ڕاگەیاندن بەکاریان دەهێنان و ئێستا بوو ون بە مۆدە و خوێندکاران و نووسەران و مامۆستایانی زانکۆش بەکاریان دێنن. من کە تورکی نازانم زانیم ئەم بەکارهێنانە تورکییە و کوردیی نییە چونکە یەکەمجار لە ڕاگەیاندنی pkk وشەی ژیان کردنم بینی و بیستم دواتر لە برادەرەکەم میر ئال زیلانی وێکەتم کە کوردیزانێکی شارەزای زاراوەکانی باکووری کوردستان و زمانی تورکییە پرسیم ئەم جۆرە داڕشتنە تورکی نییە؟ گوتی با پشتڕاستی کردەوە کە ئەم داڕشتنە تورکییە و کوردیی نییە. ئێستا ئەگەر مامۆستا ئیبڕاهیم ئەحمەد زیندوو بێتەوە دێرە شێعری:
مەژی بۆ مردن بمرە بۆ ژیان
چۆن قازانج ئەکەی تا نەکەی زیان
دەبێ ئاوای لێبکا:
ژیان کردن مەکە بۆ مردن کردن مردن کردن بکە بۆ ژیان کردن
چۆن قازانج کردن ئەکەی تا نەکەی زیان کردن
دەبێ ڕیشی خۆشی وەکو زڕە فەیلەسووفان بەرداتەوە و هاوسەرەکەشی لێوەکانی بکا بە ئەنگوتکە هەویر.
لەم سەردەمەدا کە ڕۆژ نییە بەلای کەمی داهێنانێکی نوێ دانەهێنرێ کۆمەڵگاکەمان خەریکە دەبێ بە مەیموونێ چاوەشان هەر خەریکی لاسایی کردنەوە و چاو لێکەرییە و زەینی لەسەر هیچ شتێکی تر نییە.
ژنی سلێمانی ئەڵێ چووم بۆ بازاڕ گۆشت و گەڵا مێوم کڕی، ناڵێ چووم (بازاڕم کرد). کاورای گەرمیانی ئێژێ چووم بۆ بازیان برنجم هاورد ناڵێ (هاوردەم کرد). هاوردەکردن و هەناردەکردنیش هاوردن و هەناردن –ە. وێڕای ئەوەش (هێنان) و (ناردن)ی جاران چ خەوشێکیان هەبوو بۆ لاتان بردن؟.
با ئەوەش بڵێین کوردانی باکوور سەت ساڵە قسەکردنیشیان بە زمانی کوردی لێ قەدەغە کراوە ئەوان ناهەقیان نییە کەوا زوو بەزوو لەژێر کارتێکردنی زمانی تورکی نەیێنەدەر، بەڵام ئێمە بۆ؟ چ بیانوویێکمان بەدەستەوەیە بۆ لاسایی کردنەوەی زمانی بێگانان؟
ژەمی ڤاکسین: لە زمانی کوردیاد شتی وانییە. ژەم لێرەدا وەرگێڕانی وەجبە –ی عەڕەبییە. لە زمانی عەڕەبیدا وەجبە وشەیێکی گشتییە نێوی نەکیرە (نەناسراو)ە. بۆ هەموو شتێک دەبێ یەکێک لەو شتانە ژەم – ە بە نموونە: وەجبەی خواردن، وەجبەی پێشمەرگە، وەجبەی مریشکی پێگەییوو لە جووجەڵەخانەدا تاد… بەڵام لە زمانی کوردییدا ژەم تەنیا بۆ خواردنی سێ ژەمەیە لە ڕۆژدا. کە گوتت ژەمی ڤاکسین واتا یەکێک لە ژەمە خواردنەکانت نان و دەرزی دەستکوتانە. لەجیاتی ژەمی ڤاکسین دەکرێ بڵێین جاری دەسکوتان یان کەڕەتی دەستکوتان. کەڕەتی یەکەمی دەسکوتان. جاری دووەمی دەسکوتان. زمانی کوردی زمانێکی ڕستەییە – تاکو ئێستا – . تۆ بێی بۆ هەموو دەربڕینێک وەزارگراو (مصطلح)ێک بەکاربێنی دەبێ بۆ هەر شوێنێک بچی وەرگێڕێکت دەگەڵدابێ کوردیت بۆ بکاتەوە بە کوردیی. بڕوانە کە پەرتووکێکی ٣٠٠ لاپەڕەیی زمانی عەرەبی یان فارسی وەردەگێڕییە سەر زمانی کوردیی کوردیەکەی ٤٠٠ لاپەڕە یان پتر دەردەچێ. بەشێکی هی ئەوەیە کوردیی زمانێکی ڕستەییە، بەشەکەی تری دەگەڕێتەوە بۆ ڕێنووسی کوردی. ڕێنووسی کوردی ڕێنووسێکی پێشکەوتووە و تا ڕادەیێک بەشێوەیێکی زانستی داڕێژراوە و دەنگەکانی لێک جیاکراونەتەوە، ئیدی وێنەی وشان درێژ بووە. دکتۆرەکانمان ئەوەندە سەرقاڵن لێیان ناگیرێ کە کوردییان لەبیر چووبێتەوە. کارتی دکتۆرێکم لەلایە لێی نوسراوە: پزیشکی ددانی پسپۆڕ.
هەتایە: ئەم وشەیەش هەتا هەتایە – یە بە دووبارە کردنەوە نەبێ مانای نامێنێ. ئەم وشەیەشیان وێران کردووە.
پارچەکردن: ئەمەش پارچە پارچەکردن – ەو پارچە پارچەیان کردووە. دەست و قەڵەمیان وەکو ئەم وشەیەی لێبێ.
سەرم سوڕماوە ئەو نەخوێندەوارانە چ دوژمنایەتیێکیان دەگەڵ ئەم زمانە هەیە.
زاراوەگەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر ڕەوان و خۆشن بەتایبەتی زاراوەی موکریان بەڵام ئێستا گەنجانی ئەوێش لاسایی گەرمێنیان دەکەنەوە و (ماموەستایان چاکتر دەزانێ).
چەند نموونەیێکی دی لە وشە شێوێندراوەکان:
بەهەند وەرگرتن: کورد دەڵێ بەهەند یان بەهێند هەڵگرتن واتا بە قوڕسی هەڵگرتنی قسەی قسەکەری بەرامبەر یان بابەتێکی دیاری کراو و بایەخ پێدانی.
نۆژەن کردنەوە: کورد دەڵێ لە نۆژەن دەسپێکردنەوە نەک نۆژەنکردنەوە. بۆ نموونە: ١- خوێندکارێک لە قۆناغی دووەم وازی لە خوێندن هێناوە و دەچێ سەرلەنوێ لە قۆناغی یەکەم دەست بە خوێندن دەکاتەوە. ئەوە لە نۆژەن دەست بە خوێندن کردنەوەیە. سەرلەنوێ دەگوترێ و لە نۆژەنیش دەگوترێ ڕەنگە زۆر هاوتا وشەی تریشیان هەبن لە نێو زمانی کوردیدا. ٢- خانووی خەزووری بەرپرس – باوکی ژنی ئەم دواییەی – کەلاوەیە، بەرپرس دەچێ شۆفڵی لێدەدا و لە بناغەوە دەری دەهێنێ و شوێنەواری ناهێڵێ. لە نۆژەن خانوێکی خۆشی بۆ درووستدەکا و پاشماوەی خانووەکەش بە کەل و پەلەوە بە گەڵڵابان باردەکا و دەچێ لە شوێنێکی تەلان هەڵیاندەڕێژێ و بێژینگ و باگوردان (باگردێن) بەسەر ماڵە هەژاراندا تلۆر دەبنەوە. کەواتە نۆژەنکردنەوە نییە و (لەنۆژەن)ە. بۆ تەعمیرکردنەوەش بەکار نایێ وەکو نووسەران بەکاری دەهێنن بۆ سەرلەنوێ درووستکردنەوە بەکاردێ. تەعمیرکردن جودایە، خانووی نەخۆشخانەیێک کەموکورتی لێپەیدا دەبن خانووەکە هەر لە شوێنی خۆیەتی و بەپێوەیە، وەستا کەموکورتیەکان چاک دەکاتەوە ئەوە تەعمیرکردنە. نۆژەن وشەیێکی لێکدراوە نۆ (نوێ)، ژەن (زەن – لێدان) واتا لە نوێ لێدان. وشەیێکی کوردی و فارسی تێکەڵ و پێکەڵ کراوە و نۆژەنی لێدەرچووە. بەرامبەر وشەی تەعمیریش – تەعمیر بەمانا کوردییەکەی – من وشەیێکی گشتگیر پێنازانم کە گومانم نییە هەیە لە نێو زمانی کوردیدا و من پێی نازانم، بەڵام کۆمەڵە وشەیێک هەیە بەرامبەر وشەی تەعمیر بۆ شتی جیاجیا بەکاردێن بۆ هەندێک شت دەست پێداهێنان بۆ هەندێک شت پینەکردن بۆ هەندێک پینەوپەڕۆ بۆ پەرژین کەلێن گرتن بۆ کورتان هەڵاخنینەوە، تاد….
زریان: چەند جارێک باسی ئەم وشەیەم ڕوونکردۆتەوە و بڵاوکردۆتەوە هەستدەکەم بێتامم کردووە، بەڵام نالی فەرموودەنی (زۆرم گوت و کەس تێنەگەیی) زریان ئەو بایەیە کە لە سیبریاوە دێ لەو زنجیرە چیایەی دەدا کە لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژئاوای ئەوڕووپا درێژبۆتەوە بە تەڕی دێ و بەشی زۆری بەفر و بارانەکەی لەو زنجیرەیە و دەوروبەرەکەی بەجێدێڵێ ئەو بەشەش لە بەفر و باران کە پێیەوە دەمێنێ لە زنجیرە چیای تۆڕۆسی دەدا و لەوێ دەبارێ تا دەگاتە کوردستان یاخود باشوری کوردستان وشک دەبێ و تەڕایەتی پێوەنامێنێ – بڕوانە پەرتووکی جوغرافیە العامە للقارات، چاپی زانستگای سەڵاحەدین – . لە پەرتووکەکەدا باسی نێوی زریان نەهاتووە بەڵام باسی چۆنایەتی بایەکەی تێدایە لەوەوە دەردەکەوێ کە باسی زریانی خۆمانە، ئەو بایە لە کوردستان لە هەر وەرزێکدابێ وشکە، وەکو بای پانکە وایە مرۆڤ تەمبەڵ و خەواڵۆ دەکا. هاوینان گەرمە و زستانان ساردێکی نائاساییە تەنانەت لە هێندێک دێدا کراوە بە کینایەت بۆ مرۆڤی ڕەزا قوڕس و خوێن تاڵ. کاتی هاتنی بایەکە ئاسمان هەوری پێوە نامێنێ و ساف و جوان دەبێ و بەشەو ئەستێرە دەجریوێنەوە، قەت هیچ جۆرە بارینێکی دەگەڵدا نییە نە بەفر و باران و نە خۆڵبارین. بەگوێرەی ناوچە نێوی دەگۆڕێ لە سلێمانی و هێندێک شوێنی دی پێیدەڵێن ڕەشەبا. لە دەوروبەری هەولێریش نێوی هوڕەبا هەیە وابزانم مەبەست لە زریانە. ئەو ڕوونکردنەوەیەم بۆیە کرد ئێستا ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستان – کە من بڕوام بە وشەی باشوور نییە بۆ ئەم بەشەی کوردستان و بە ناوەندی کوردستانی دەزانم – ئەگەر لافاو لە ئەندەنووسیا هەڵبستێ نێوی زریانی لێدەنێن، کڕێوە لە ئەمریکا بێ پێی دەڵێن زریان. یەکەم زریان نێوێکی کوردستانییە و لە هەموو کوردستانیش بەکارنایێ و لە ناوچەیێکی سنوورداردا بەکاردێ و ناوچەییە، بۆیە نابێ ئەو نێوە بێجگە لەو بایە بۆ شتێکی تر بەکاربێنی. دووەم ئەو بایە یەکجار وشکە و چۆن کردتان بە لافاو و بەکڕێوە و شڵێوە؟ لێرەش نا لە ئەندەنووسیا و لە هیند و چین و لە ئەمریکا.
چیدی: ئێستا زۆر لە نووسەران بەتایبەتی لە سلێمانی لە جیاتی (ئیتر) چیدی بەکاردێنن (چیدی) لە هەموو شوێنێک بەرامبەر وشەی (ئیتر) ناوەستێ بۆ نموونە دەکرێ بڵێی: چیدی نایێم، چیدی ناڕۆم، چیدی ناخۆم، لێرەدا بەرامبەر ئیتر نایێم ئیتر ناڕۆم، ئیتر ناخۆم دەوەستێ. بەڵام ناکرێ بڵێی چیدی دێم، چیدی دەڕۆم، چیدی دەخۆم. لەکاتێکدا دەکرێ بڵێی: ئیتر دێم، ئیتر دەڕۆم، ئیتر دەخۆم. شەماڵ سائیب ناکرێ بڵێ: چەند جارم وت تۆم ناوێ، چیدی بەسیە و پێی ناوێ. ئەگەر وابڵێ گۆرانیەکەی بۆگەن دەبێ وەکوو نووسینی ئەو نووسەرانەی چیدی لەجیاتی ئیتر بەکاردێنن. وشەی (ئیتر) هیچ کەموکورتیێکی نییە بۆ لەناوی دەبەن؟ زاراوەی سلێمانی بۆتە بناغەی زمانی ڕەسمی کوردیی بناغەیێکی بە پتەویی داڕێژراوە و کەس ناتوانێ تێکیبدا. نووسەرانی (چیدی)یش لەجیاتی (ئیتر)؛ ئەگەر دەیانەوێ خۆیان بەوە هەڵبکێشن کە شارەزای زاراوە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردین با لە بەرامبەر وشەی (ئیتر) وشەی (ئیدی) بەکاربێنن. ئیتر و ئیدی لە هەموو شوێنێک یەک مانایان هەیە و هاوتا وشە(مرادف)ی یەکن.
کۆڕەک: چیای کوڕەکی بێ ٧ی ڕۆژئاوای ڕواندز هەیە کە بەهۆی جەنگە دژوارەکانی بزووتنەوەی ئەیلوولەوە ناوبانگی دەرکرد. نەمبیستووە شوێنێک لە کوردستان هەبێ بە نێوی کۆڕەک بە (ۆ)ی سەر بە حەوتەوە (٧). شەریکەی کۆڕەک شاخیش دەدزێ.
دا: ئێستا نووسەران فێربوو ون ئەو وشانەی دا –یان بەدواوەیە دایەکەی لێ دەقرتێنن وەک: بەدواداچوون دەکەن بە بەدواچوون، بەبێ هیچ پاساوێک وشەکە سەقەت دەکەن. ئەمە کوردیی تورکمانییە. لەجیاتی ئەوە هەستاون زڕە وشەی لە ئێستادایان داهێناوە کە من لە هیچ زاراوەیێکم نەبیستووە بڵێن لە ئێستادا، دەڵێن ئێستا. من نەمبیستووە جا ئەگەر لە ناوچەیێک وا بڵێن پێم خۆشە منیش بیزانم؟
بزنی نێر، مەڕی نێر، ئەسپی مێ: چەندان جار ئەم وشانەم خوێندوونەتەوە، جاری یەکەم بزنی نێرم لە حەفتە نامەی ڕووداودا خوێندەوە زۆر پێی قەڵس بووم و تەلەفۆنم بۆ بەڕێوەبەری دەزگای ڕووداو کرد، بەڵام دوای ئەوە بوو بە باو و لە شوێنگەلی تریش بینیم و دەگەڵی ڕاهاتم، قەزاو قەدەری خوایە و زۆر شوکر. هەر لەو نووسینەی بزنی نێرم تێدا دی (سێکسی زیندوو)شی تێدا نووسرابوو، دیارە سێکسی مردوو هی خەڵکی گۆڕستانە کە شەو داهات لەنێو گۆڕان دێنە دەر و لێک بڵند دەبن.
ئەو سێ ئاژەڵەی لە پێشەوە نێویان هات ئەگە بە کردەوەی پزیشکیش ڕەگەز یان بگۆڕدرێ نێوی پێشوویان پێوە نامێنێ. بزنی نێر دەبێ بە سابرێن، نێری، تەگە. مەڕی نێر دەبێ بە بەران، قۆچ(قۆچی قوربانم وەرە). ئەسپی مێ دەبێ بە مایین. بێگومانم نێوی دیشیان لەنێو زمانی کوردیدا هەن و من نایانزانم. جا ماوەتەوە سەر ئەوەی شوانی مێ و بێری نێریشیان بۆ درووستکەین. ئێستا کە ئەم نووسینە دەنووسم ٥/٤ی ساڵی ٢٠٢٣ی عیساییە، لەبەر سەرمای ناوەخت ساڵ وەپاشکەوت دەنا دەبوو شوان و بێری ڕەگەز گۆڕاو ئاژەڵە ڕەگەز گۆڕاوەکانیان بۆ بانەمەڕ دەرکردبان و قۆناغ بە قۆناغ بەرەو هاوینە هەواری کوێستانێ بزووتبان.
بوونی نییە: ئەم زڕە وشەیە لە (وجوود نەدارەد)ی فارسییەوە وەرگیراوە وەڵڵاهی لەنێو زمانی کوردیدا دەعبای وا وجود نەدارەد.
کاژێر: بەوخوایە کە گوێم لەو وشەیە دەبێ یان دەیخوێنمەوە دەڵێی گوللەم بە کاژێری سەریەوە دەنێن. بێویژدانیش بەو ئەندازەیە؟
گا، گاڕەش، ڕەشەوەڵاخ: لە هەندێک ناوچە بۆ نێر و مێ ڕەشەوەڵاخ گا یان گاڕەش بەکاردێنن بەڵام هەردوو نێوەکە کەموکورتیان تێدایە چونکە نێوی تایبەتی نێرینەن و ژن بەنێوی مێردییەوە تۆمارکراوە وەکو خانمی ئەندێرا گاندی – کە بۆمبای دەناردن بە کوردانیان دادەن –. ڕەشەوەڵاخ نێوێکی گشت گیرە بۆ نێرومێ و گەورە و بچووکی ئاژەڵی نێو هاتوو دەبێ.
کێڵگەی نەوت: کاکە بۆ نانووسی چاڵە نەوت، چاڵە نەوتەکان، چاڵگەلی نەوت، چاڵێن نەفتێ، زۆر وشەی تریش. جووتیاری بەستەزمان لەنێو ئەو ئاگر و دووکەڵ و مەنجەنیقەدا جووتی دابەستن چما بە تەرەکتۆر و گاجووتەکانیانەوە نابرژێن و نابن بە کەباب.
کێڵگەی ماسی: ئاو چۆن بکێڵدرێ؟ بێنە پێش چاوی خۆت جووتیاری قوڕوەسەر دەناو گۆمی ماسیان – دا جووتی دابەستێ چ فیلمێک درووستدەبێ!
کێڵگەی پەلەوەر: بۆ (جووجەڵەخانە)نەبی؟ یان جوچکەخانە؟ مریشک حەرد ناکێڵێ پێکنە دەکا.
نەخۆشخانەی هەولێری کۆماری، نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاریی، نەخۆشخانەی ڕەسوڵی تایبەت، خوێندنگای (نازانم کوێی) دوا ناوەندیی: بەگوێرەی ئەوە دەبێ هەولێری مەلەکی و هەولێری فیدڕاڵی و کاڕەسوی گشتیش هەبن. کە نێوت لە نەخۆشخانەکە ناوە کۆماریی پێویست ناکا هەولێر بنووسی نەخۆش دەزانن کە ئەم شوێنە لە هەولێرە. بنووسە (نەخۆشخانەی کۆماریی) و تەواو. ئەگەر هەولێرەکەش هەر دەنووسی ئاوای بنووسە:
نەخۆشخانەی کۆماریی – هەولێر، نەخۆشخانەی ڕەسول – تایبەتی، خوێندنگای دوا ناوەندیی حەفرین. نەک حەفرینی دوا ناوەندیی. بۆ بەراواژوویان دەکەیەوە! خۆتۆ دەرسی زمانی عەرەبیمان پێناڵێی.
بەروبووم. ڕاستەکەی بەروبوو – وە، (م) ی پێوە نییە.
گێرمە و کێشمە: ڕاستەکەی گێرە و کێشە – یە کە ناخۆشترین کاری وەرزێرین. کاتی خۆی ڕەحمەتی محەمەدی مەلا کەریم ئەم دوو وشەی سەرەوەی ڕاستکردبوونەوە لە (جملە)ی زۆر وشەی شێوێندراوی تردا. بەڕاستی کارامەبوو لەو بوارەدا.
چرکاندن: ئێستا بۆتە باو بۆ وێنە گرتنی بەکاردێنن. مرۆڤی خوێندەوار ئەم جۆرە وشە بازاڕی و گەلایی (شەعبی)یانە بەکار ناهێنێ. لەم وڵاتەی خۆماندا مەرج نییە ئەوەی بڕوا نامەی هەبێ خوێندەواربێ. دکتۆر عەزیز گەردی یادی بەخێر پیاوێکی زۆر خوێندەوار بوو کوردیێکی باشیشی دەنووسی، گوتی چووم بۆ پێ پیرۆزانەی مامۆستایێکی زانستگا بەبۆنەی وەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆرای، چاوم گێڕان پەرتووکێکم لە مالەکەیدا نەدی، لێمپرسی پەرتووک خانەکەت لەکوێیە؟ گوتی وەڵامی دایەوە: تازە من بڕوانامەی خۆم وەرگرت کارم بە پەرتووکان نەما.
کۆچبەر: من نازانم ئەم وشەیە بەم شێوەیە لە زمانی کوردیدا هەیە یان نا و ڕەتی ناکەمەوە بەڵام دەزانم کە کۆچکردن هەیە و کۆچ بردن نییە، کۆچەریش نێوە بۆ پیشەی ڕەوەندایەتی. کۆچەر بە یەکجاری کۆچ ناکا، زستان و هاوینان دەچێتەوە هەواری ساڵانی پێشووی. بکەری وشەی کۆچکردن –یش دەبێتە کۆچکەر.
زەمەن: وشەی زەمان بە تێپەڕینی زەمان و لە ماوەی سەتان ساڵدا دەتوانین بڵێین بۆتە کوردی، ڕەنگە بەهۆی وشەی زەمانیشەوە زۆر وشەی هاومانای خۆی لە زمانی کوردیدا لەبیر چووبنەوە و لەناوچووبن، لەبەر بەکارنەهێنانیان. ئیدیی لەبەرچی وشەی زەمەن –یش بە تۆبزی و بەشەق بێنین بە زمانی کوردییەوە بلکێنین جێگە بە وشەیێکی تری ڕەسەنی زمانی کوردی چۆڵکا و خۆی جێگەی بگرێتەوە، مادام هیچ جیاوازیێکیشی لەگەڵ زەماندا نەبێ لەڕووی ماناوە؟ هەر بۆ ئەوەی بڵێین عەڕەبی دەزانین؟
کۆچی قوربانی: ئەو نووسەرانەی وای دەنووسن خۆشیان دە مانای قسەی خۆیان ناگەن. کۆچ نییە و قۆچ – ە، قۆچ لێرەدا بە مانای بەران دێ. بەرانی قوربانی. لە (کبش الفدا)ی چییرۆکی حەزرەتی ئیبڕاهیمەوە وەرگیراوە. دەنگە خۆشەکەی سەید عەلی ئەسغەڕی کوردستانی زیاتر ئەم دەستەواژەیەی بەنێو زمانی کوردیدا بڵاوکردەوە کە شێعرە ناسکەکەی تاهیر بەگی جافی کردووە بە گۆرانی:
(ڕۆژی جەژنە چاوەکەم موسیمی ئازادییە
بۆ بەڵا گەردانی باڵات قۆچی قوربانم وەرە).
کۆچاندن: لە گۆڤارێکدا ئەم وشەیان لەنێو نووسینێکی مندا دانابوو و لەسەر من حیساب بوو. زۆرم پێناخۆشبوو. چوارچێوەی قەواعیدی عەڕەبی بۆ ڕێزمانی کوردی دەستنادا و داناندرێ. شکاندن و شێواندن و پساندن و ڕەڤاندن و سووتاندن و چەماندن و ڕەتاندن و قەوماندن و تاد… لەوانەیە بەسەتان وشەی تر هەبن دەچنە نێو ئەم قاڵبەوە و هیچ گرفتێکیان نییە. بەڵام کۆچاندن لە نێو زمانی کوردیدا نییە و ناچێتە نێو ئەم قاڵبەوە. بۆ ئەو مەبەستە ڕاگواستن و دەرکردن هەیە کۆچ پێکردنیش بۆ ئەو مەبەستە دەستدەدا. ڕەنگە وشەی تریش هەبن. ناکرێ بەسەفەر پێکردن بڵێی سەفەراندن و بە بووک گواستنەوە بڵێی بووکاندن و بە نانکردن بڵێی ناناندن و بە شتن بڵێی ششتاندن و تاد…
سەردانی کردن: ئەم وشەیەش بەو جۆرە نییە کە حیزبگەل بەکاریدێنن. سەردان کردنە و (ی)یەکەی پێوە نییە و بە چەقبەستووییش نامێنێتەوە و لە هەر جێیەی بەجۆرێک بەکاردێ. ئەو قاڵبەی بۆی داندراوە بەرتەسکە و ناچێتە نێو قاڵبەکەوە کە قاڵبی (کردن)ە.
کورد دەڵێ: چووم بۆ سەردانی خزمان. چووم سەرم لە کارگەی ئاوە تەماتەدا. چووم بۆلای شوان کارەکەم مێگەلەکەممم بەسەرکردەوە. ئەرێ بۆ سەرێکمان لێنادەی؟ دە سەردانێکمان بکە.
لای چەپ و لای ڕاست: کە لەجیاتی باکوور و باشووریان بەکاردێنن ئەمە هیچ پەیوەندیێکیان بە زمانی کوردی و جوگڕافیای کوردستان و خەڵکی کوردەوە نییە و کورد لە مەبەستەکەیان تێناگا. لە زمانی کوردیدا کوێ کەوتە لای دەستە ڕاستت ئەوێ لای ڕاستە و کوێ کەوتە لای دەستی چەپت ئەوێ لای چەپە. ئەم تێکەڵوپێکەڵیە لە زمانی عەڕەبیەوە هاتۆتە نێو زمانی کوردیی. لە زمانی عەڕەبیدا وشەی شیمال مانای لای چەپیش دەگەیێنێ و مانای باکووریش دەگەیێنێ. ئیدی عەڕەب بۆ هەردوو مەبەستەکەی بەکاردێنێ. ئەو کاتەی کە بۆ مەبەستی باکووری بەکاردێنێ پێچەوانەکەی دەبێتە یەمین (لای ڕاست) واتا باشوور.
ساواک: ڕاستەکەی ساڤاک – ە. فارسەکانی ئێران (و) بە (ڤ) دەخوێننەوە. ئەم ئایەتەی قورئانی پیرۆز ئاوا دەخوێننەوە (لەم یەلید ڤەلەم یولەد ڤەلەمیەکون لەهو کوفو ڤەن ئەهەد). جا ئێستا زۆر لە خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زمانیان لێڕاهاتووە لە قسەکردندا (و) کوردییەکە دەکەن بە (ڤ)ی فارسی. زۆر لە نووسەرانیشیان (ڤ)ی فارسی بە (و)ی کوردی دەنووسن. کورد گوتەنی خمیان لێشێواوە. (لەو بوارەدا).
سۆپەر مارکێت: باشە بۆ فرۆشگا نەبێ؟ دوکانداری کورتاندار؟ تا پێت بڵێن ئینگلیسی دەزانی؛ چڵکن؟
کێشمەکێش: ڕاستیەکەی کێشەکێش – ە.
فرۆش: فرۆش کوردیی نییە و فرۆشتن کوردییە. لە زمانی کوردیدا دەبێ فرۆش تەواوکەرێکی دەگەڵدابێ وەک: گوڵفرۆش، فرۆشگا، فرۆشراو، تاد… ئەم فرۆش –ەش داهێنانی کوڕە لیو سوور و کچە لێو ئەستوورەکانی نێو تەلەفزیۆنانە.
بووڵتەنی هەواڵەکان: توخوا ئەوە ویژدانە وشەی وا ئێسک گران دێننە نێو زمانی کوردییەوە، دەڵێی دێوی نێو هەقایێتانە. بەکارهێنەر خۆشی نازانێ بووڵتەن چ جانەوەرێکە.
دەسبەسەر… : دەسبەسەرکردن خستنە نێو گرتووخانە نییە. سنووردارکردنی جوڵانەوەیە لەژێر چاودێریدا. بۆ نموونە یەکێک دەگرن و بۆ ماوەیێکی کاتی لەنێو بنکەی پۆلیسانی دادەنێن دەگەڵ ئەوان نان و چا دەخوا و دەخەوێ بەڵام بۆی نییە بەبێ پرسی ئەوان بۆ هیچ لایێک بڕوا. ئەمە دانیشتنی بەتۆبزیش دەگرێتەوە لە ماڵی خۆی یان لە شوێنێکی تر.
زیندان: لە زمانی فارسیدا زیندان گرتووخانەی ئاساییە بەڵام لە زمانی کوردیدا – لە هەقایێتاندا هاتووە باوەڕەکەش بە نێو مێشکی کورددا چەسپیوە – جۆرە گرتووخانەیێک بووە پاشا یان دێو لە ژێر زەویندا درووستی کردووە. بە پێ پلەکاناندا بۆی چوونەتە خوارەوە و ڕۆناکایی نەداوە. بەڵام لە ڕاستیشدا ئەم جۆرە زیندانانەی ژێر زەوین هەبوو ون لە ڕۆژگاری کۆندا. من خۆم یەکێکیانم دیوە لە شاری شوێنەواریی جەڕش لە ئەردەن شارەکە ڕۆمانییە و حەوتسەت ساڵی پێش لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا بە بوومەلەرزە وێران بووە. وەک لە تەختە نووسیی مێژووی شارەکەدا نووسراوە. شوێنەوارە سەرنج ڕاکێش و پەڕجوو ئاساییەکانی بابەتی ئەم نووسینە نین و لێرەدا جێیان نابێتەوە. زیندانەکە بەپێ پلەکاندا پێیدا دەچیە خوارەوە چەند پێ پلەکانەیێک بۆ خوارەوە دەرگایێکیان وێ خستووە، بەرینایی دەرگاکە نیو میتر یان تۆزێک زیاتر دەبێ و درێژاییش نزیکەی میترێک دەبێ و گاڵەدراوە.
بەدەر لە …: ئەم وشەیەش بەراوپشت کراوە و کورد دەڵێ لە …. بەدەر، (لەو دوو کەسە بەدەر کەسی تریان نەهات).
سەرچاوە دەگرێ: ئەمەش سەرچەشمە میگیرەد –ی فارسیە و لە زمانی کوردیدا شتی وانییە. کورد دەڵێ: بناوانی دەچێتەوە سەر… سەرچاوەی دەچێتەوە سەر….
زێ: ئەم وشەیە وەکو نێوێکی پەردەپۆش کورد بۆ ئەندامی زاوزێی ئاژەڵی مێیینەی دۆدەری بەکاردێنێ(مانگا و گامێش و بزن و مەڕ). بۆ هی مرۆڤ بەکار نایێ وەکو ئێستا بۆتە باو و ڕاگەیاندنی حیزبان و نووسەران و دکتۆران بەکاری دێنن. تەنانەت بێجگە لە ئاژەڵی دۆدەر بۆ ئاژەڵی نا دۆدەریش بەکارنایێ وەکو ئێک سم و سەگ و پشیلە و گورگ و ورچ و تاد… مرۆڤ و ئاژەڵانی نادۆدەر هەر یەکە و نێوی پەردەپۆشی تایبەتی بەخۆیان هەیە بۆ نێوی پەردەپۆشی ئەندامی زاوزێی نێرو مێی مرۆڤ شەرمگا و ئالەت و ناوگەڵ و تاد… بەکاردێنن یان بەکارهێنانی ئەندامی زاوزێ –ێش هەر لەجێی خۆیدایەو ڕاستە. بۆ هی نێرینەی مرۆڤ لەش و سیڕەت –یش بەکاردێ. بۆ ئەندامی زاوزێی مێینەی ئاژەڵانی دۆدەر زێ بەکاردێ. بۆ ئەندامی زاوزێی مێینەی وەڵاخی ئێکسم (بەرزە وەڵاخ و ئێستر و کەر) (ماڵ) بەکاردێ بۆ ئەندامی نێرینەی وەڵاخی ئێکسم نێوە ڕاستەقینەکەی دەگوترێ بەبێ پەردە. ئاژەڵە گۆشت خۆرەکان چ ماڵی بن چ کێوی بۆ ئەندامی زاوزێی نێر و مێیان نێوی ڕاستەقینەی ئەندامەکەیان دەگوترێ. جا ئەوە بڕیاری کۆتاییم نییە بۆ نێوەکان چونکە لەناوچەیێکەوە بۆ ناوچەیێکی تر و لە مەڵبەندێکەوە بۆ مەڵبەندێکی تر نێوەکان دەگۆڕێن و لەوانەیە ئەو نێوانەی من نووسینم چەندان هاوتا وشە (مڕادف)ی تریان هەبن. من ئەمانەم بیستوون کە نووسینم. بە کورتی زێ بۆ مرۆڤ بەکار نایێ و یەکێکە لە سەتان وشەی وێرانکراو و هەتککراو.
بانگهێشت: ڕاستەکەی بانگهێشتن –ە و تەنیا بۆ بانگکردن (دەعوەت)ی نان خواردن دەگوترێ. نەک وەکو ئێستا کە بۆ بانگکردن بۆ کۆبوونەوەی سیاسی و دیپلۆماسی و کاروباری نێودەوڵەتی و نێو حیزبی و کۆمەڵایەتی و تاد…. بەکاریدینن. بۆ ئەو مەبەستانەی لە پێشەوە نێویان هات وشەی (لێگێڕانەوە) هەیە، وەک: بۆ بووکێیان لێگێڕامەوە، بۆ مەولوودێیان لێگێرامەوە، بۆ مەسڵەت (پێکهێنانەوە)یان لێگێڕامەوە، بۆ خێر و شەڕ و تاد…
چەند حەوتوویێک بەر لە نووسینی ئەم دێرانەم گوێم لە گفتوگۆیێکی تەلەفزیۆنیی بەڕێز عەبدوڵڵای موهتەدی بوو بۆ ئەو مەبەستەی سەرەوە ئەویش وشەی لێگێڕانەوەی بەکارهێنا، کە گوێم لەم وشەیە بوو پتر زەینم خستە سەر قسەکانی پیاوێکی زۆر خوێندەوار و ڕۆشنبیر و کوردیزان و قسەڕەوان دیاربوو. بۆکان و دەوروبەرەکەشی بەناوبانگن لە زمان ڕەوانی و کوردییە خۆشەکەیان.
خاڵ، خاڵۆ: ئەم وشەیە جاران بۆ ئەوپەڕی ڕێزگرتن و خۆشەویستیی دەربڕین بەکاردەهات بەرامبەر یەکێکی لەخۆت بە تەمەنتر. بەڵام ئێستا بۆتە وشەی بەچاوی سووک تەماشاکردنی بەرامبەرەکەت. پیرەمێردێک کە ئەستۆبێنەی لە مل بەستووە و چاکەت و پانتۆڵی ئەوڕووپی ئوتووکراوی قەدنەشکاوی دەبەردان و قۆندرەی بریقەداری دەپێدایە، کە گەنجێکی شاڵوار لەپێی زەحمەتکێش دەدوێنێ بە خاڵە یان خاڵۆ نێوی دێنێ. لەوانەیە گەنجە دەمووچاو بەتۆزەکەش دە ئەوەندەی ئەفەندی دێمەکاریی ڕێشمە لەمل خوێندەوار و ژیر و ڕۆناکبیربێ و خاوەن کەسایەتی بەڕێز و گران و سەنگین بێ. هەر ئەم خۆ هەڵکێشانەی ئەفەندیی کارتۆنی نیشانەیە بۆ نەزانی و سووکی و ناکەس بەچەیی و هەتیو چەییەکەی. قۆناغی بۆرجوازیەتی وەڵاتان شۆڕشی ڕزگاریی نەتەوەیی و نیشتیمانی لێوەپاشکەوت، بەڵام قۆناغی بۆرجوازیەتی لای خۆمان بەرهەمەکەی شۆڕشی کەرانە.
سوپاس، شوکر، تەشەکور: ئەم سێ وشەیە هەرسێکیان هی زمانی بێگانانن هاتوونەتە نێو زمانی کوردییەوە. لە سەردەمی بزووتنەوەی ئەیلوولدا شەوێکیان گوێمان لە ڕادیۆی ئیزگەی دەنگی کوردستان ڕاگرتبوو، بێژەری نێو ڕادیۆیەکە لە نێو قسەکانیدا گوتی (سوپاس بۆ خوا) پیرەمێردێکی زمان شڕ بە کابرای نێو ڕادیۆکەی گوت دایکت (والێبکەم) خوا سوپاسی بۆچییە؟ ژوورەکە دیواخان بوو و مەجلیسێکی قەڵەباڵغ بوو. هێندێک پشتگیری قسەی پیرەمێردی زمان شڕیان کرد و هێندێکیش پێی پێکەنین و گاڵتەیان بە جنێوەکەی کرد. منیش یەکێک بووم لەوانەی پێی پێکەنیم و دە دڵی خۆمدا پیرەمێردم بە نەزان و دواکەوتوو دایە قەڵەم. بەڵام دوای ساڵەهای ساڵ بۆم دەرکەوت کە تێبینی پیرەمێردەکە لەجێی خۆیدا بوو و من تێینەگەییشتبووم. وشە هەیە تەنیا دنیاییە، وشە هەیە تەنیا دینییە، وشە هەیە دینی و دنیاییە. ئەوە لەنێو زمانی کوردیدا وایە نازانم لە نێو زمانەکانی دیدا چۆنە. سوپاس وشەیێکی دنیاییە بەرامبەر مرۆڤان بەکاردێ کە بۆ خوا –شی بەکاربێنی وەکو ئەوە وایە خوا بێنیە ئاستی مرۆڤان. کورد وشەی شوکر تەنیا بۆ خوا بەکار دێنن و لەنێو زمانی کوردیدا بووە بە وشەیێکی دینی. تەشەکور بەرامبەر سوپاس دەوەستێ بەڵام بۆ لایەنی دینیش دەستدەدا.
پشکی شێر: ئەم وشە لێکدراوە تەنیا بۆ مەبەستی ئیجابی بەکاردێ و بۆ مەبەستی سەلبی بەکار نایێ، ناگوترێ لە زیان و ماڵوێرانی پشکی شێری بەرکەوتووە. دەگوترێ لە قازانج پشکی شیری بەرکەوتووە. چەندان جار دیومە و بیستوومە پەیامنێری تەلەفزیۆنان و بێژەران بۆ زیان دەڵێن پشکی شێری بەرکەوتووە. ئەوەی جێگەی سەرنجە هێندێک لە خاوەن دکتۆرایان و مامۆستایانی زانستگاش لاسایی پەیامنێر و ڕۆژنامەنووسان دەکەنەوە لە بەهەڵە بەکارهێنانی ئەم جۆرە وشانە. ئەم لاقەدی (کینایەت)ە لەسەرە دوولکەیێک وەرگیراوە – ئەگەر بەهەڵە نەچووبم وابزانم ئەسڵەکەی فارسییە – : شێر و گورگ و ڕێوی نێچیرێک ڕاودەکەن. شێر بە گورگ دەڵێ دابەشی بکە. گورگ بەشی هەرە زۆری بۆ شێر دیاری دەکا و بەشی ناوەندیی بۆخۆی و بەشی هەرەکەمی بۆ ڕێوی. شێر چەپەڵۆکێک لە گورگ دەدا و تێکی دەشکێنێ و دەیکوژێ. ئەم جار بە ڕێوی دەڵێ تۆ دابەشی کە، مام ڕێوی دەڵێ: لای پێشەوە بۆ ژەمی چێشتت (نانی بەیانی)، ناوەڕاستەکەی بۆ فراوین (ژەمی نیوەڕۆ)، ڕانەکانی بۆ ژەمی شێوانت. شێر ئافەرینی لێدەکا و پێی دەڵێ ئەم دادگەرییە لەکێ فێربووی مام ڕێوی؟ مام ڕێوی دەڵێ: لە گورگ فێربووم. تێبینی: یەکەم جار ئەم سەرە دوولکەیەم لە عەونی یوسف گوێ لێبوو خوا لێی خۆشبێ. ساڵی ١٩٦٦ هاتبوو بۆ سەردانی بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی (هەمەدانیەکان) کە لەو دێیەی ئێمە دەسبەسەر کرابوون، شەو بوو بە میوانی ئێمە، جار جارەش لە قسەکردن زمانی دەگیرا، ڕێک ئەو ڕۆژەبوو کە عەبدوسەلام عارف لە فڕۆکەدا سووتا. جا نازانم ئێستا سەرە دوولکەکەی عەونی یوسف کۆن بووە یان هەر بە نوێیی ماوەتەوە و تا چ ڕۆژگارێک بە نوێی دەمێنێتەوە؟
شایێر: نووسینی خاوەن دوکتۆرایێکی بواری فەلسەفەم دیوە لە لێکۆڵینەوەیێکی فەلسەفیدا نێوی شاعیرانی بە شایێر نووسیبوو. با بزانین تاخۆ شایێر چییە؟ شایێر ئەو گۆرانی بێژەیە کە گۆرانی بۆ شایی دەڵێ و هەڵیدە سووڕێنێ، لەو ماوە دوور و بەردرێژەدا لە چێشتەنگاوەوە تا دەمی ماڵ خەوتنان دەبوو هەرگوتبای – جاران – جا زەمانی جاران کە ڕەنگە تا ساڵی ١٩٥٨ درێژەی هەبووبێ شایی وا هەبووە حەوت شەو و حەوت ڕۆژان گەڕاوە، دواتر ماوە هەرە درێژەکەی بوو بوو بە سێ شەو و سێ ڕۆژ ئەوەی من وەبیرم بێ. شایێری وام دیوە لە ئەنجامی زەماوەندەکە بە تەواوەتی دەنگی نووساوە و خەڵک لە غەڵدەغەڵدەکەی تێنەگەییوە و بە ئاماژە قسەی کردوون. جا تۆ بێنە پێش چاوی خۆت لەو ماوە دوور و بەردرێژەدا بەو ماندوێتیەو بێ پسانەوە شایێر ئەگەر هەر ژمارە بژمێرێ یەک دوو سێ تا هەزار و ملیۆن و ملیار چەند هەڵە و پەڵەی تێدا دەکا و چەند شتی بێ سەروبەر دەڵێ: لە بەندی شایێرانم سادەتر و بێ سەروبەرتر و گەلایی (شەعبی)تر نەدیون. کاتی خۆی بەرهەڵستکاران نێوی شایێری دەرباریان لە یەکێک لە شاعیران نابوو و وەکو جنێو بەکاریان دەهێنا.
دەوەرە کاکی فەیلەسووف تۆ نالی و جزیری و مەولەوی و گۆرانت دەگەڵ شایێران لێ تێکەڵ بن و نەزانی کامیان کامەیە.
نێوی مانگان: ئایا درووستە لە نێو زمانی کوردیدا نێوی مانگان بنووسرێ؟ نەخێر. لە هەموو پارچەکانی کوردستان نێوی مانگەکانی ساڵی عیسایی و ساڵی نەتەوەی داگیرکەر جودان – بێجگە لە ساڵی کۆچی مانگی – ئەو کوردانەی لە دەرەوەی کوردستانیش دەژین نێوی مانگی ئەو وەڵاتانە بەکار دێنن کە تێیدا دەژین. ئەو نێوی مانگانەی لە پارچەیێکی کوردستان بەکاردێن لە پارچەکانی تر خەڵک تێیناگەن. بۆ نێوی مانگە کوردییەکانیش هەر پارچەی نێوی خۆی جودان تەنانەت لە یەک پارچەی کوردستانیشدا هەر مانگەی پتر لە نێوێکی هەیە. جا ئەو سەر لێشێواندنەی پێناوێ لە جیاتی بنووسی ١ی نیسان/ ئپریل، بنووسە ١/٤ هەموو خوێندەوارێک تێیدەگا.
دار یان درەخت: یەکێک لە سەرکردەکانی حیزبێک لە دەهۆک کۆڕێکی دەگێڕا، ئەو برادەرە پیاوێکی قسەزان و زۆر بەزاروکارە زۆر خوێندەوار و ڕۆناکبیریشە. (ڕۆشنگەر)یشە. من پەرتووکێکی ئەوم خوێندۆتەوە کوردیێکی ڕەوانیش دەنووسێ. بەڵام دەست بۆ هێندێک کون و کەلێنی زمان دەبا پێم وایە دەبێ بە پارێزەوە ئەو کارە بکا و بەبێ باکی نەیکا. دیاربوو لەکاتی گفتوگۆیدا لەگەڵ خەڵکەکە کەسێک قسەی دەگەڵ دەکردن و وشەی (دار)ی بە دەمدا هات. برادەری سەرکردە گوتی (دار هەڵەیە ڕاستەکەی درەختە، بەوە دەڵێن دار ئەوەی بۆ سووتان بەکاریدێنن). یەکەم: لە باکووری زێی بچوکەوە یاخود زێی دوکانەوە تا دەگاتە قاڕس و ئەسکەندەروونە کورد هەمووی یان زۆربەی هەرە زۆری وشەی دار بەکاردێنێ بۆ داری ڕواو و داری سوتان یاخود داری زیندوو و مردوو، بە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە. دووەم: دار ئەوەی من ئاگاداربم تەنیا ماڵی زمانی کوردییە. نەمزانیوە بەشی هیچ زمانێکی تری پێوەبێ ئەگەر شتێکی واش هەبێ من ئاگادار نیم. لە زمانی فارسیدا وشەی دار تەنیا بە داری سێدارە و بەو دارانە دەڵێن کە بۆ پشتەبانی خانوو بەکاریان دێنن. بە داری سووتانیش ناڵێن دار. (بڕوانە فەرهەنگی فارسی – عەمید لاپەڕە ٦٥٣ ستوونی یەکەم). ڕەنگە فارسیش داری سێدارە و دارەڕایان لە زمانی کوردی وەرگرتبێ، چونکە فارس لە فەرهەنگەکانیاندا ئاماژە بۆ وشەی هەموو ئەو زمانانە دەکەن کە وشەکەیان لێوەرگرتوون تەنیا ئاماژە بۆ زمانی کوردیی ناکەن، چونکە بە تۆبزی دەڵێن دەبێ زمانی کوردی زاراوەیێکی زمانی فارسی بێ. فەرهەنگە عەڕەبیەکانیش لەژێر ئەو وشە کوردییانە دەنووسن فارسی کە فارس هەر نەشی بیستوون. سێیەم: وشەی درەخت هاوبەشە لەنێوان زمانی فارسی و کوریدا و بەشی فارسی پتر پێوەیە کەواتە دار کوردیترە لە درەخت. چوارەم: ئەو بەڕێزە سی ساڵ زیاترە لە سلێمانی دەژی چۆن جارێک (داری ئازادی بەخوێن ئاو نەدرێ)ی فایەق بێکەس و (داری بەردار بۆ لق و دار)ی پیرەمێردی بەرچاو نەکەوتن و گوێی لە سروودی ئەو شێعرەی گۆران نەبوو کە دەڵێ: (دارستانانی زەبەند و چڕت بەهەشتی سەر زەمینن هێلانەی خۆشی ژینن)؟ ئەدی گوێی لەنێوی دارەبەن و داربەڕوو و دارگوێز و دارسێو و هەموو جۆرە دارەکان نەبووە؟
جاش: ڕوونکردنەوەیێک دەربارەی وشەی جاش.
لە شوینی تریش دەربارەی ئەم وشەیە دواوم. زۆر کەس لە کوردستان و جەماعەتی حیزبی کەران و کەرکراوان و کەر مەزەبان ڕەخنە لە وشەی جاش دەگرن، تەنانەت بیستوومە ڕۆژنامەنووسی ڕۆژئاواییش هەبووە کە هاتۆتە کوردستان ئەو ڕەخنەیەی گرتووە کەوا خائینان وەبەچکەی ئەو گیانەوەرە دڵسۆزە خزمەتگوزارە نیشتیمانپەروەرە چەوساوەیە دەچوێنن. بەڵام پێویست دەکا ڕوونی بکەینەوە کە جاش بەچکەی کەر نییە بەڵکو ئێستری بەچکەیە، ناشێ بشگوترێ بەچکە ئێستر چونکە ئێستر نازێ و بەچکەی نابێ دەبێ بگوترێ ئێستری بەچکە یان ئێستری جاش یان هەر جاش بەتەنێ. بەچکەی کەر پێی دەگوترێ جاشک یان جاشەکەر نەک جاش. تازە لەدایک بووەکانیش پێیان دەگوترێ جاشوولە، منداڵیش بۆ خۆشەویستی پێیدەڵێن حاشوولە. جاشک یاخود جاشەکەری یەک ساڵە پێیدەڵێن یەکبڕ، دووساڵە دووبڕ، سێ ساڵە بەرپشت، واتا لە ڕووی تەمەنەوە ئامادەیە بۆ پشتکردن، بارکردن، بارخستنە سەر پشتی. دیارە بەگوێرەی زاراوە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردیش ڕەنگە زۆر نێو وەزارگراو(مصطلح)ی تریش هەبن بۆ ئەو نێو و وەزارگراوانەی کە من نووسینم.
دەمێنێتەوە سەر ئەوەی بۆچی جاشی کورد وە ئێستری جاش دەچوێنن. ئێستر دایک و باوکی لە دوو نەتەوەی جیاوازن. جووتبوونی دایک و باوکیشی بەشێوەیێکی ناسرووشتی و ناشەرعی و زینایە. مرۆڤ بە تۆبزی ماینە بەستەزمان و بێگوناح و بێدەستەڵاتەکە دێنن بۆ نێرەکەری هەوەسبازی ڕادەگرن و مرۆڤەکان نێرەکەرەکە وەکو ئامراز بەکاردێنن بۆ دەسدرێژی کردنە سەر نامووسی ئەو مااینە بەستەزمانە. ئیدی ئاوس دەبێ و زۆڵە جاشی بیژمۆتی حەرامزادەی لێوەپاشدەکەوێ. لەکاتی کا و ئالیک پێدانیان لەقەو جووتە لەدایک و خوشک و برا و خاڵ و مام و پوور و خاڵۆزا و ئامۆزا و پورزاکانی خۆی دەدا و ئێستری شەمووس یان چەمووش بەناوبانگە لە دڕی و مەترسیداریی.
دیاسپۆرا: لەوەتەی کورد هەیە هەر لە دەربەدەری و کۆچ و ڕەو و نیشتەجێبوون و دەربەدەربوونەوە و ڕەوتێکەوتنەوە و نیشتەجێبوونەوەدایە. بۆ دەبێ وشەی وا لە زمانەکەیدا درووست نەبووبن کە بۆ ئەم حاڵەتانەی دەستبدەن؟ من بە وردی مانا و مەبەستی وشەی دیاسپۆرا نازانم تا بەدوای وشەیێکدا بگەڕێم لە زمانی کوردیدا و لەجێگەی ئەوی دابنێم، بەڵام دەزانم پەیوەندی بەوانەوە هەیە کە کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وەڵات. دەشزانم کە ئەم جۆرە وشە ناپێویستانە زمانی کوردییان پێ بێ هێز دەبێ و جێگە بە وشەی ڕەسەنی کوردیی چۆڵ دەکەن و خۆیان جێگەی دەگرنەوە. بۆچی عەڕەب زمانی خۆیان بەم جۆرە وشانە ناشێوێنن و پیس ناکەن؟
پارساڵ: بۆچی پار –ی کوردیی بەکار ناهێنی و بۆچی پارسالی فارسی بەکاردێنی؟ پاساوت چییە؟ چونکە چەند پارسالێک لەنێو فارسان خەباتت کرد؟ وشەیێک یان وەزارگراوێک کە لە زمانی کوردیدا وەدەستنەکەوێ کێشە نییە کە لە فارسی وەریانبگرین چونکە بڕوا وایە ئەو دوو زمانە ڕۆژگارێک یەک زمان بوون و لێک جودا بوونەتەوە. بەڵام بە هیچ شێوەیێک درووست نییە دەستووری زمانی فارسی بەسەر زمانی کوردیدا بسەپێنین. وشە وەرگرتنیش لە زمانی بێگانان دەبێ زانا و پسپۆڕانی زمان وەریانبگرن نەک کۆلکە خوێندەوارێکی وەکو من و تۆ بچین لەنێو جامی تەلەفزیۆن خۆی پێهەڵکێشین و دەرسی کەرایەتی بە خەڵکی بڵێین و مێشکی کۆمەڵگای پێ بۆگەن کەین.
تۆ سەیری ئەو وشە ناقۆڵاو ئێسک قوڕسانە بکە بەبێ ئەوەی زمانی کوردیی هیچ پێویستیێکی بەوان هەبێ بەزۆر دەناو زمانەکەیان ئاخنیون: ئەکتیڤ، پاسیڤ، ئۆپۆزیسیۆن، غورفەی عەمەلیات، شەفافییەت، سیاسەتمەدار، هەماهەنگی، هوشداریی، ئامادەباشی و دەیانی تر.
نۆژدار: نۆژدارەکەی بادینان زۆر حاجباتییە، دەڵێی تەجاڵە شالوشاپکی خەتخەت و دەلینگ بەرینی دەبەرکردوون و بە سواری کەرەکەی دە ئاوەدانیەکانی بادینان دەگەڕێ و نەخۆشانیان بۆ چارەسەر دەکا.
دەزانن نۆژدار چییە؟ لە ئەفسانەی ئێرانیدا هاتووە کەیکاوس – ی شای ئێران دەرمانێکی هەبووە بە نێوی نوشداروو. ئەو دەرمانە تەنانەت لەکاتی گیانەڵادا بە نەخۆش و بریندار درابا چاکدەبۆوە و یەک بەڵای لێنەدەما. ڕۆستەم کە فەرماندەی لەشکری کەیکاوس بووە زۆراب (سوهراب)ی کوڕی خۆی نەناسی و بەدەستی خۆی برینداری کرد. داوای لە شاکرد دەرمانی نووشدارووی بۆ بنێرێ بۆ بڕینی زۆرابی کوڕی. کەیکاوس بێنمەکی کرد و نووشدارووی بۆ نەنارد و زۆرابی پاڵەوان مرد – ئەمە کورتەیێکی سەربردەکەیە – دکتۆر نافیع ئاکرەییش خوا لێی خۆشبێ هەستا دەرمانی نووشدارووەکەی کردە مرۆڤ و گیانی وەبەرهێنا و کۆلێجی پزیشکیشی پێ تەواوکرد و بوو بە دکتۆر ئێستا نۆژدار لە بادینان دوختۆرە. یاخود دوختۆری بادینان نۆژدارە. (بڕوانە داستانی ئەفسانەیی ڕۆستەم و زۆراب بە شێعر وەرگەڕاوەتە سەر زمانی کوردیی).
مزگەوتی چوار خولەفا: مزگەوتێک لە پیرمام هەیە ئەم ناوەی سەرەوەی لەسەر سەردەرەکەی نووسراوە. لێرەدا مەلا لێیان ناگیرێ چونکە تەنیا ٢٥ ساڵ دەرسی سەرف و نەحوی عەڕەبی دەخوێنن. کە چوارت نووسی نابێ بنووسی خولەفا، دەبێ بنووسی خەلیفە. کە خولەفات نووسی نابێ چوارەکەی دەگەڵدابێ دەنا خەلیفە ئەوەندە زۆر دەبن لە مزگەوتەکەدا جێگەیان نابێتەوە دەبێ بچن بۆ سەری ڕەش.
خوێندن لە زانکۆیان بکرێ بە ئینگلیسی: ئێستا باسی ئەوە لە گۆڕێیە. بەوە حکومەتی هەرێم یاخود ئەوانەی ئەو پێشنیازەیان کردووە دەیانەوێ ئیسپاتی بکەن لەسەر نەخشەیێک دەڕۆن کە بۆ لەناوبردنی زمانی کوردیی ئامادەکراوە. بۆ ئەوەی کورد بڕوای بەخۆی نەمێنێ کە نەتەوەیێکی سەربەخۆیە چونکە زمانەکەی گەواهییە لەسەر نەتەوەبوونی.
هۆڵ و مۆڵ: داوای لێبوردنم هەیە لە سەرمایەدارە خاوەن هۆڵ و مۆڵەکان بەخوا ئەم دوو وشەیە لە زمانی کوردیدا هەردووکیان شوێنی ئاژەڵن. زمانی کوردیش من درووستم نەکردووە تا خەتای ئاژەڵ تێکردنیان بخەنە سەر ملی من. شارەزایانی زمانی کوردیش دەتوانن نێوی بەرامبەر بۆ هەردووکیان پەیداکەن. زمانی کوردی لە وشەدا ئەوەندە دۆڵەمەندە – لە هەندێک بواردا – بەهۆی جۆراوجۆریی زاراوەکانییەوە وشەیێک لە کوردی ناوەڕاستدا دەستنەکەوێ بۆی بگەڕێ بەشێوەیێکی بیاژ (حەتمی) لە یەکێک لە زاراوەکانی لوڕ و گۆران و کوردانی قەفقاس و خوڕاسان و ئەفغانستان هەر دەستدەکەوێ. ئەنتەرنێت و مۆبایلیش هەیە و پەیوەندیی کردن ئاسان بووە.
با عایدی من بێ: ئەم دەستەواژەیە سادە و بازاڕییە کاریگەریی لەسەر زمانی نووسین نییە. بەڵام کاریگەریی لەسەر نەفسییەت و سووککردنی کەسایەتی کۆمەڵگا و درووستکردنی کەسایەتی تەزویر و ساختە هەیە. فارس کە دەتەوێ پارەی هەقی خۆی بدەییێ هی شت لێکرین یان هەقی سەیارە یان هەر شتێکی تر دەڵێ قابیل نەدارەد واتا شایانی ئەوە نییە بمدەییێ یاخو مەیدە، بەڵام ئەگەر تمەنێکی کەمتر بدەیێ دەیکا بە شەڕ لەگەڵت. ئەم وشەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە بە (قابیلی نییە) ئەوانیش وەکو فارسان ئەگەر نەیاندەییێ دەگەڵت بەشەڕدێن. لەوێشڕا هاتۆتە خوارێ بۆ گەرمێنێ. لێرە بووە بە (با عایدی من بێ). لێرەش هەر بەو جۆرەیە ئەگەر نەیدەیێ دەیکا بە شەڕ. ئەمە هەرچەند قسەیە بەڵام هەر لەو کاتەدا بەکردەوە ئەو کەسەی ئەم دەستەواژەیە بەکاردێنێ دەبێ بە کەسێکی دووڕوو و گفتار پێچەوانەی ڕەفتار و قوللابی و ساختەچی. بۆ نموونە ئەو ئایەت و نزایانەی لە نوێژدا دەیانخوێنیەوە ئەگەر دە مانایان بگەی و بە تەواوەتی بڕوات پێیان هەبێ سەت لە سەت کار دە کردەوەکانی ڕۆژانەت دەکەن. چونکە هەموویان تەڵقینن. با عایدی من بێ –ش تەڵقینە بەڵام تەڵقینێکی سەلبی.
بارەگای یەکەتی نووسەران: جاری وا هەیە و نووسەری وا هەیە لە حەوتوویێکدا بۆی ڕێکناکەوێ حەوت قسان بکا. دەگەڵ قەڵەم و قاقەزەکانی خۆی لە گفتوگۆدایە لە ژووری تاکەکەسیدا و لە گرتووخانەی خۆکردیدا دەژی، خوا خوایەتی مانگی جارێک هاو سەلیقە و هاوبیر و هاوپیشەیێکی مەعنەوی خۆی ببینی و چەند سەعاتێک پێکەوە گفتوگۆ دەربارەی ئەو بابەتانە بکەن کە حەزیان لێیە و جێگەی بایەخیانن. جارێکیان بەڕێککەوت ڕێگەم کەوتە بارەگای یەکەتی نووسەران، وەبیرم نەماوە چ کارێکم هەبوو. بینیم لایێکی کراوە بە مەیخانە و لایێکی کراوە بە یاریخانە، ناڵێم قومارخانە چونکە پێموایە نووسەر ئەگەر پارەداریش بێ قومار لەسەر پارە و مادە ناکا. بێجگە لەوەش قومارخانە نێوێکی سووکە و من ڕێگە بەخۆم نادەم بۆ ئەو شوێنە بەکاری بێنم. بەڵام کات بەفیڕۆدان لە پارە بەفیڕۆدان بە زیانترە بەتایبەتی بۆ نووسەران و بیرکەرەوان. وێڕای ئەوە تۆ کە بە مانگ و ساڵ سەر بە سەر پەرتووک و پەڕاواندا شۆڕ دەکەیەوە لەش ساغیت وا دەخوازێ کە جاروبار سەرت قیت ڕابگری و گونجەکانی سەر ڕوخسار و چاو و برۆیانت کەمێک تەخت و لێک بڵاوبن و گوێ لە قسە و باس و گۆرانی و مۆسیقای دڵخوازی خۆت ڕابگری. تۆ کە لەسەر پەرتووک و پەڕاوان هەستای یەکسەر بچییە سەر کاغەزێنە و نەردێن و تاوڵە و نازانم چی و چی ڕێگە بەخۆت نادەی هەناسەیێکی بە ئارامی و خۆشی هەڵبکێشی. وەرزش بە مێشکت بکەی و وزەی پێبدەیەوە و دووبارە ئامادەی بکەیەوە بۆ بەکارهێنان. دەبێ ئەوەش بزانی ئەو دەزگایەی ئەو شوێنەی بەو شێوەیە بۆ درووستکردووی ئەوە بە مەبەست وایکردووە و بۆ هەڵفریواندنی تۆیە. مەبەستیەتی سڕ و سەرقاڵت بکا و زەینت لەسەر پۆخڵەواتەکانی نەبێ. هەروەها بەرمنەتی خۆت بکا و هەوڵێکە بۆ ئەوەی بتکا بە دارەدەستی خۆی یان بەلای کەمی بێدەنگت کا و لە کردەوە ئاوڕووبەرەکانی وەدەنگ نەیەی. لە چەکی تۆ دەترسێ کە قەڵەمەکەتە، چونکە قەڵەم لە توانایدا هەیە چەکدار درووستبکا بەڵام ملیۆنان چەکدار قەڵەم بەدەستێکیان بۆ درووست نابێ. مەبەستیشم ئەوە نییە نووسەران خەڵک بۆ کاری تووندوتیژی و وێرانکاریی هانبدەن چونکە ئەو کارە تاڵان و بڕۆ و ماڵوێرانی گەل و هەژارتربووونی هەژارانی لێوەپاشدەکەوێ و بەرەڵڵا و ڕووتە و تاڵانکەر و پاتاڵخۆران دەرفەتەکە دەقۆزنەوە و بەسەر پردی پشتی ئەواندا تاقمە بازرگانێکی تری خوێن دێتە سەرکار.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish