Skip to Content

(هۆشمەندەکان؛ پوختەیەک لە مێژووی مرۆڤ)م خوێندەوە!.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

(هۆشمەندەکان؛ پوختەیەک لە مێژووی مرۆڤ)م خوێندەوە!.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by حوزه‌یران 5, 2023 General, Opinion


کاتێک دەست دەکەین بە خوێندنەوەی کتێبی هۆشمەندەکان؛ پوختەیەک لە مێژووی مرۆڤ لەنووسینی بیرمەند یوڤاڵ نوح هەراری(*) سەرەتا ڕووبەڕووی دیاردەیەکی سەیر دەبینەوە. ئەویش شێوازی نووسینی کتێبەکەیە. یوڤاڵ ئەم کتێبەی بە ستایڵێکی زۆر سادە نووسیوە. ئەویش لەلایەکەوە لەبەر ئەوەی خوێنەرە ئاست جیاجیاکانی کۆمەڵگە تێی بگەن و لەلایەکی تریشەوە هەڵبژاردنی ئەو شێوازی نووسینە ئەو نووسەر و بیرمەندەی خستۆتە بەر دڵان. ئەم سادەییە لە نووسین وا دەکات خوێنەر تووشی بێزاربوون نەبێت و بەدوای زنجیرەی بیرۆکەکان بڕوات بێ پچران و پسانەوە. کتێبەکە بە قەبارەی ٦٣٠ لاپەڕەی پر لە زانیارییە، کە بە ڕاستی خوێنەر سەرسام دەبێت لەو زەخیرە ڕۆشنبیری و مەعریفییەی ئەو بیرمەندە و ئەو نووسەرە ئیسرائیلییە کە هێشتا تەمەنی نەگەیشتۆتە پەنجا ساڵ لە تەمەن؛ چلۆن توانیویەتی ئەو هەموو سەرچاوانە و ئەو هەموو زانیارییانە و ئەو هەموو لاپەڕانەی مێژوو و زانست بخوێنێتەوە و ئەنجامگیریشی لێ بەدەست بهێنێت. لێرە با گومانەکانم بخەمە لاوە، ئەوەی بۆم مەبەستە ئامانجی کتێبەکەیە. ئەو ئامانجەی کە کتێبەکەی لەپێناودا نووسراوە. یوڤاڵ نوح هەراری بیرمەندێکی لیبڕاڵە و تێدەکۆشێت هەموو نووسینەکانی بکاتە خزمەت ئەو ئایدیا لیبراڵەوە کە بڕوای پێیەتی. لێرەشەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێت دژایەتی گەلێ بیر و بۆچوون بکات بۆ ئەوەی مەبەستەکەی بپێکێت. یەکێک لەو ئایدیانە بیروبۆچوونی مارکسیزم و کۆمۆنیزمە کە زیاد لە جارێک و زیاد لە جێگایەک دەچێتە سەریان و قسەیان لەبارەوە دەکات. ئەم بیرمەندە لێبڕالە لەبارەی چەمکی یەکسانییەوە دەڵێت ( بەگوێرەی زانستی بایۆلۆژی، خەڵکی دروست نەکراون بەڵکو پەرەیان گرتووە. بەدڵنیاییشەوە بەشێوەیەک پەرە ناگرن کە (یەکسان )ببن. هەموو کەسێک کۆدێکی جێنەتێکی جیاواز هەڵدەگرێت و لە ساتە وەختی لەدایکبوونەوە دەکەوێتە بەر کاریگەرییە ژێنگە جیاجیاکان. ئەمە سەردەکێشێت بۆ گەڵاڵەبوونی تایبەتمەندی جیاواز کە چانسی زیندوومانەوەی جیاواز لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن. لێرەوە پێویستە (یەکسان دروستبوون) بۆ (پەرەگرتن بەشێوەی جیاواز) تەرجەمە بکرێت.)(١)لێرە باسکردن لەچەمکی یەکسانی بە موجەريددی و لەدەرەوەی کۆمەڵگە و ململانێێ چینەکان و قەتیسکردنەوەی تەنها لە جوغزی زانستدا ڕێک دژ بە لێکدانەوەی ماددییانەیە بۆ کۆمەڵگە. ئەمەش ڕێکهاتنەوەیە لەگەڵ خواست و لێکدانەوەکانی بۆرژوازی بۆ چەمکە کۆمەڵایەتییەکان و خاڵیکردنەوەیان لە ناوەڕۆکە شۆڕشگێرانە و ئینسانییەکەیان. چونکە هەم یوڤال و هەم تەواوی بیرمەندانی بۆرژوازی دەزانن کە (مێژووی هەرچی کۆمەڵی تا ئێستا بووە، بریتییە لە مێژووی کێشە چینایەتییەکان.(٢) بەڵام یۆڤاڵ ئاگایانە دەیەوێت ئەو ڕاستییە فەرامۆش بکات و ئینسان و کۆمەڵگە و ژیان بە ئەبستراکت وەربگرێت. یوڤاڵ دەڵێت ( ئازادیش شتێکە کە خەڵکی دایانهێناوە وتەنیا لە خەیاڵیاندا بوونی هەیە.)(٣)ئەم لێکدانەوە ئایدیالیستانەیە پێموانییە لە چوارچێوەی لاپەڕەی کتێبەکە زیاتر بڕ بکات، لەکاتێکدا مێژووی مرۆڤایەتی پرە لە خەبات و تێکۆشان لەپێناو ئازادی و پچراندنی زنجیری کۆیلەتی و ژێردەستەیی کە ئەم بیرمەندە لەم کتێبەیدا هەر بەلایاندا نەچووە و ئاوڕی لێ نەداونەتەوە. بیرمەندەکەمان دەڵێت(چۆن وا لە خەڵکی دەکەیت بڕوا بە سیستەمێکی وێناکراوی وەکو مەسیحییەت، دیموکراسی یان سەرمایەداری بێنن؟)(٤) ئەم بیرمەندە سەرمایەداری بە سیستەمێکی وێناکراو و خەیاڵی دەبینێت کە دوور بێت لە واقیع. هەربۆیەش مادام سەرمایەداری واقیع نییە و لە دونیای واقیعدا بوونی نییە، بۆیە خەبات کردنیش دژ بەو سیستەمە بێمانا و بێبەها و کات بەفیڕیدان و خۆهەڵخەڵەتاندنە. تێڕوانینەکانی یوڤاڵ لەڕووی فەلسەفییەوە ئایدیالیستی و میتافیزیکن و لەڕووی سیاسیشەوە لێبراڵ و لەڕووی چینایەتییەوە بۆرژوازین. داخی یوڤاڵ لە کۆمۆنیزم و نیشاندانی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران بە ئەلگۆ و مۆدێڵی بێگەردی کۆمۆنیزم تا لەبەرچاوی خوێنەرەکانی، کۆمۆنیزم ناشرین نیشان بدات و ئەو تێروانینە چینایەتییەی مارکس بە فاشیل لە قەڵەم بدات. یوڤاڵ کۆمۆنیستەکان بە سۆفی لە قەڵەم دەدات و دەڵێت ( سۆڤیەتییەکان هەستیان بە ئەرکێک کرد لەسەر شانیان بۆ زەمینەسازی ڕێکردنێکی مێژوویی نەپساوە لە کەپیتاڵیزمەوە بەرەو دیکتاتۆریەتی یۆتۆپیایی پرۆلیتاریا.)(٥) ئەم نووسەرە لێبراڵە بۆرژوازییە ئیشی لەسەر تێکدانی ناوەڕۆکی چەمکەکان و بەتاڵکردنەوەیان لە ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی و چینایەتییان بە ئەرکێکی گرنگی خۆی زانیوە و دەزانێت و لەم کتێبەیدا درێغی نەکردووە. یوڤاڵ چەمکەکانی ( بابەت، خود، زێدەبایی، خەبات، ئازادی و بیرکردنەوە و تەنانەت زانستیش بەر هەڵمەتی دەکەون و بە تەجریدکراوی باسیان لێوە دەکات. نەک هەر ئەمەش ئەم بیرمەندە لەهیچ جێگەیەک و لە هیچ لاپەڕەیەک یەک سەرچاوە باس ناکات و ئاماژەی زانستی بە هیچ سەرچاوەیەک ناکات. دیارە ئەمەش لەڕووی بابەتی و زانستییەوە نیشانەی پرسیارێکی گەورەیە لەسەر لێکدانەوە و توێژینەوە و تەنانەت ڕەخنەکانیشی دژ بە نەیارەکانی. یوڤاڵ لەبارەی شۆڕشەوە دەڵێت ( بەڵام بیرۆکەی ئەمەی کە تۆ دەتوانیت بونیادی ڕیشەیی سیستەمەکە بگۆڕیت، نامۆیە. خەڵکی خۆیان لەگەڵ دۆخی هەنووکەییدا ئاشت دەکەنەوە، ڕایدەگەێنن کە هەمیشە هەر بەو شێویە بووە و هەر بەو شێوەیەش دەبێ)(٦) دیسانەوە ڕەتکردنەوەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی پرۆلیتاریا و نیشاندانی بێباکی خەڵک لەو ستەمەی لێیان دەکرێت و ئەو چەوسانەوەیەی دەرهەقیان ئەنجام دەدرێت جگە لە فێڵێک هیچی تر نییە و شۆڕش ناتوانێت هیچ بکات ئەگەر مرۆڤ کۆنتڕۆڵی کیمیای بایۆلۆژی خۆی نەکات. واتە گێرانەوەی تەواوی دەرد و نەگبەتییەکانی مرۆڤایەتی بۆ خودی پێکهاتەی کیمیای بایۆلۆژی مرۆڤ، نەک کۆمەڵگەی چینایەتی و ستەمی دەسەڵاتدارانی چەوسێنەر. یۆڤاڵ پێیوایە (مادام شۆڕشکردن ناتوانێت کیمیای بایۆلۆژی بگۆڕێت، ئیتر مرۆڤ بەختەوەر نابێت.)(٧) بە وشەیەکی تر یەکێک لە داهێنانەکانی یوڤاڵ ئەوەیە هاتووە کیمیای بایۆلۆژی لەجێی تێکۆشانی چینایەتی بەخوێنەری سەدەی بیست و یەک دەفرۆشێت.
بەکورتی کتێبی هۆشمەندەکان؛ پوختەیەک لە مێژووی مرۆڤ کتێبێکی پڕ زانیاری و مەعریفەیە، خوێندنەوەی دەروازەی بیرکردنەوەت واڵاتر دەکات و گەشتی کونج و کەلەبەری ئەم جیهانە ئاڵۆزەت پێدەکات، بەڵام زیرەکانە و دڵسۆزانە و وەفادارانە بە کێشە چینایەتییەکەی وەک نووسەر و بیرمەندێکی لیبراڵی ئایدیالیستی تێڕوانینەکانی خۆی دەخاتە بەردەم خوێنەر و خوێنەریش گەر زۆر شارەزا و بە ئەزموون نەبێت، دەکەێتە نێو ئەو تەڵەیەی کە یوڤاڵ نوح هەراری بۆ خوێنەری داناوەتەوە.(٨)

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
٨ ی ئایاری ٢٠٢٣

—————————————

(*)دەربارەی بیرمەند و فەیلەسوف و مێژوونووس یوڤاڵ نوح هەراری : ئەم بیرمەندە بەڕەچەڵک ئیسڕائیلییە لە ٢٤ی شوباتی ساڵی ١٩٧٦ لە ئیسرائیل لەدایک بووە. مێژوونووسە و مامۆستای بەشی مێژووە لە لەزانکۆی عیبری لە ئۆرشەلیم. بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا لە ٢٠٠٢ وەرگرتووە. ئەم فەیلەسوفە ناو و ناوبانگێکی زۆری لەڕێگەی کتێبەکانییەوە بەدەست هێناوە. کتێبەکانی بۆ گەلێ لە زمانە زیندووەکانی جیهان(زیاتر لە ٣٠ زمان) وەرگێڕدراون و جێی ئاماژەشە بۆ سەر زمانی کوردیش تەرجەمە کراون.
پەراوێزەکان :
(١)هۆشمەندەکان؛ پوختەیەک لە مێژووی مرۆڤ لەنووسینی بیرمەند یوڤاڵ نوح هەراری و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە کارزان کاوسێن. لە بڵاوکراوەکانی خانەی چاپ و پەخشی ڕێنمایە و چاپی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ لاپەڕە ١٧٤.
(٢)مانیفیستی حیزبی کۆمۆنیست کارڵ مارکس و فریدریک ئەنگڵس وەرگێرانی بۆ کوردی موسڵح شێخولئیسلامی(ڕێبوار) چاپی دووەم لاپەڕە ١٧.
(٣)هۆشمەندەکان؛ پوختەیەک لە مێژووی مرۆڤ لەنووسینی بیرمەند یوڤاڵ نوح هەراری و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە کارزان کاوسێن. لە بڵاوکراوەکانی خانەی چاپ و پەخشی ڕێنمایە و چاپی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ لاپەڕە ١٧٥.
(٤)هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٨٠.
(٥)هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕەکانی ٢٠١ و ٢٠٢.
(٦)هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ٥٤٩.
(٧)هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ٥٨٧.
(٨)لێرەدا نابێت ڕۆڵی وەرگێڕی کوردی لەبەرچاو نەگرم کە من خۆم نازانم کە ئایا وەرگێرانەکە لەزمانی ئینگلیزییەوە وەک هونەری وەرگێران بێ هەڵە و کەموکوڕییە یان نا، بەڵام هەست دەکەم لەڕووی زمانەوە وەرگێرانێکی بێ گرێ و گۆڵەی ئەنجامداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لێرە و لەوێ هەڵەی ڕێنووست بەرچاو دەکەوێت.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish