Skip to Content

دایکم/3/.. رەسووڵ بەختیار

دایکم/3/.. رەسووڵ بەختیار

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 7, 2023 General


٣

دایکم: ئێمە دەبێ بەهێز بین بەرامبەر بەهەموو کارەساتەکان, خۆمان نەکەین بەقوربانى کارەسات و نەبینە خۆراکى دەم کارەساتە نالەبارەکان.
وەک دەزانن هیچ شتێک لەدایک گەورەتر نییە, دایک واتە نیشتمان و خۆشەویستى و خاک ئینجا چ جاى دایکێک لەنێوەندى زۆربەى کێشە و گرفت و ناخۆشى و بێدەرەتانى و ئاوارەیدا ژیا بێ, دایکانى هەمووان هەرهیچ نەبێ چەندین حەسرەتى لەدڵدا دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەى سەر دەنێتەوە, دایکم سەرەڕایی هەموو ناخۆشییەکان هەردەم دەیگوت: ئێمە هەردەم دەبێ بەهێز بین, هێزێک نەتوانێ بمانڕووخێنێ, چونکە هەر کاتێک هەستت بەداڕمان کرد وەک ئەوەیە هەموو تەمەنت بەخۆڕایی رۆیشتبێ، بۆیە تەنیا بەخۆشەویستى و لێبوردەیى دەتوانین بەسەر هەموو شتەکاندا زاڵ بین.
دایکم: دەکرێ هەموومان یەکترمان خۆشبوێ, هیچ کاتێک رق و قینە ئەنجامى نابێ جگە لەماڵوێرانى.
دایکم زۆرجار باسی لەخۆشەویستی دەکرد و دەیگوت،:کاتێک ئێوە یەکترتان خۆشویست، کەس ناتوانێ بێتە نێوانتان، تەنیا خوشک و برا بۆ یەکتر دەمێنن، هەروا دەکرێ خەڵکتان خۆشبوێ،هیچ کاتێک دژایەتی کەس مەکەن، راستە ئەو قسانەی دایکم ڤسەی هەموو دایکێکە، بۆیە هەردەم دووبارەی دەکردەوە: جگە لەکەسە نزیکەکانی خۆتان خەڵکیشتان خۆشبوێ، ئێوە خۆشەویستی و رێزیان نیشان بدەن، ئەگەر کەسەکان هەرچەند خراپیش بن، رۆژێک دێ هەست بەسۆز و رێز و خۆشەویستی ئێوە دەکەن، قەت رقتان لەکەس نەبێتەوە، چونکە تەنیا رقە خێزان و ماڵ و هاوڕێیەتی و خزمایەتی تێکدەدا، ئاژاوەکان هیچ ئەنجامێکی نییە.
دایکم لەگەڵ کەس نەیخوێندبوو، بەڵام لەسەردەمی منداڵی و گەنجیەتی هەردەم لەتەک خوێندەوارەکان بوو، وەک خوێندەوار وابوو, رۆژگار هۆکارێک بوو تا نەچێتە بەر خوێندن.
دایکم: زۆر لەمێژە لەبیرمە لەم هەولێرە چەندین خانەوادە بەهۆی نەگونجانیان لەگەڵ یەکتردا پەرتەوازبوون، دوای دەیان ساڵ هەموو لایەک پەشیمان بوونەوە، بەڵام دوای چی، دوای ئەوەی هەندێکیان کەوتنە بەغدا، و شارەکانی دیکەی عەرەبان، بەم دواییە لەیەکتر ئاشکرا بوون ئەمانە کەسی نزیکی یەکترن، بەڵام ئەو رق و قینەیەی سەردەمی زوو، هەر هۆیەکە تا بەتەواویی لەیەکتر نزیک نەبنەوە.
دایکم: راستە ئەو قسانە ئاسایین زۆر کاریگەری نییە، بەڵام ئەگەر بەوردی لێی بڕوانین، سەیرەکە چەند بەئازارە، بۆیە دەکرێ هەموومان یەکترمان خۆشبوێ وەک پێشینینان گوتویانە: دونیا شەو و رۆژێک نییە، چاو هەر بەچاو دەکەوێتەوە، تەنیا چیا بەچیا ناکەوێ.
شتێکی زۆر سەرنجڕاکێش زۆر جار لەنێوەندی قسەکانی دایکمدا بەدی دەکرا، دەیگوت: ئاوازەکانی قسەی خۆش و خۆشەویستی و دڵنەوایی یەکتر وەک ئەو ئەو چوار شێوازەی کوردی وایە، هەر شێوەیەک بەکوردی قسە دەکات، هەر هەموویان ئاوازێکی جوانی کوردیان بەبەری ئەو کوردییە جوانەی ئێمەدا کردووە.
وەک لەسەرەتادا گوتم، دایکم لەیەکێک لەگوندەکانی زێی بچووکی وراتی کۆیە، یان گوندەکانی ئەو دیوو بەستی شەرغە لەدایکبووە، دایکم ناوی “شەمام”ە، شێوەزاری گوندەکەمان لەبن زارەکانی لوڕییە، وەک باوکم بەتەواوی ئەو شێوە زارە و بن زارەی دەزانی، تا کۆچی دوایشیکرد، بەتەواوی زاڵبوو بەسەر شێوەی لوڕی، ئێمە وەک ئەو نەماندەزانی، کاتێک بەشێوەی سۆرانی قسەی دەکرد، ئەگەر بەتەواوی نەیتوانیبووایە، ئەوا هەر بەلوڕی قسەی دەکرد، ئەو شێوە زارەی زۆر خۆشدەویست، هەردەم دەیگوت:قسەکردنی ئێمە زۆر خۆشە، بەمنداڵی گوێم لەدەیان گۆرانی لەو شێوەیە بووە، ئێوەش بزانن باشە، خۆتان بەتەواوی خۆتان فێر بکەن.
زۆرجار دایکم بۆ ئەوەی ئەو شێوە زارەمان لەبیرنەچێ ئەوا بەلوڕی بانگی دەکردین، ئێمەش زۆرجار لەبیرمان چووبۆە، چونکە زۆربەمان لەهەولێر لەدایکبووینە.
لەبیرمە زۆر جار ئەگەر باوانم بیانویستبووایە لەنێوان خۆیان باسی بابەتێک بکەن، ئێمە لێیان تێنەگەین، بەلوڕی قسەیان دەکرد، ئینجا ئەو شێوەزارە لەزاری دایک و باوکم ئاوازێکی زۆڕ خۆشی هەبوو، وەک ئەوەی ئێمە گوێمان لەشیعرێکی زۆر جوان بێ، ئەوە جگە لەوەی کاتێک هەندێک نووکتە و قسەی خۆشیان بەو شێوەیە دەگێڕایەوە، لەنێوان یەکتردا پێدەکەنین، ئێمەش لەبەرامبەریان تەنیا واقوڕمابووین، تا ئەو کاتەی ئاسانتریان دەکرد، ئینجا لەگەڵیان پێدەکەنین.
ئەو کاتانەی زیاتر هەموومان پێکەوە بووین، لەماڵدا، باس لەوە دەکرا، چۆن تەنیا چوار گوند وەک سێکانی و سێگردکان و کانی لەلە و ئۆمەرگومبەت شێوەزاریان جیایە لەگەڵ دەڤەری کۆیە -وراتی کۆیە-هاوکات زۆر جار خەڵکیش ئەو پرسیارەی لێکردووین، بەپێی چەند بەڵگەیەکی مێژوویی دوایی شەڕی چاڵدێران لەکرمانشاوە و لەپاشاندا بەچەند قۆناغێک هاتووینەتە دەربەندی زەهاو، لەقۆناغێکی دیکەی ئاوارەیدا هاتوونەتە گوندەکانی سەر زێی بجووک، بۆ دواجار لەوێدا نیشتەجێ بوونە.
وەک گوتم دایکم ئەو شێوەزارەی زۆر خۆشدەویست و هەردەم دەیگوت، ئەو گۆرانی و تەمسیلانە زۆر خۆشن، کە بەشێوەی ئێمەیە. هەموو وشە و دەربڕینەکان لەدڵەوە دەردەچن, هەمووى وشەى رەسەنى کوردین.
زۆرجار ئەو رستەیەشى دووبارە دەکردەوە, کە شێوە ئاخاوتنەکانى کوردى ئینجا بەهەر شێوەیەک بێ لەکۆتایدا ئاوازێکى کوردى زۆر جوان بەگوێماندا دەچرپێنن.

Previous
Next
Kurdish