Skip to Content

یادەوەرییەکانی شاعیرێکی نوێخواز و ڕۆمانی خانەقای میرزای میران ئەبراهام..-١- ناڵە حەسەن

یادەوەرییەکانی شاعیرێکی نوێخواز و ڕۆمانی خانەقای میرزای میران ئەبراهام..-١- ناڵە حەسەن

Closed
by ئایار 23, 2024 General, Literature

بەشی یەکەم

_ سەرەتایەک
ڕۆمانی خانەقای میرزا کە لە نووسینی ( میران ئەبراهام ) ، یەکێکە لەو ڕۆمانە نایابانەی کە داهێنانێکی گەورەی تیاکراوە ، یەکێک لە بەرچاوترین تایبەتمەندی و جیاوازییەکانی ئەم ڕۆمانە لە یەک کاتدا / دەتوانین وەک کتێبێکی نووسینەوەی یادەوەریەکانی شاعیرێک ، یان کتێبێکی مێژوویی ، لەهەمانکاتیش وەک ڕۆمانێکیش چ لە ڕووی زمان و گێڕانەوە چ لە ڕووی ئیستاتیکاوەش چێژ و ئارامییەکی دەروونی بە خوێنەر دەبەخشێت . میران ئەبراهام وەک ڕۆماننووسێک بەوە ناسراوە بە وردی ئیش لەسەر مێژوو دەکات ، لەم لایەنەش تا ئەندازەیەکی زۆرباش سەرکەوتوو بووە ، واتە لەنێو ئەدەبی گێڕانەوە خاوەن فۆرم و شێواز و ستایلێکی تایبەت بەخۆیەتی .. ئەم ڕۆمانەش ( خانەقای میرزا ) گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی شاعیری نوێخواز ( جەلالی میرزا کەریم )ە و هاوکات ، تیشک خستنە سەر بزووتنەوەی ئەدەب و شیعری کوردییە ، بە تایبەت لە شاری سلێمانی لە چلەکانەوە تا حەفتاکان و گرووپی ڕوانگە و چەند ساڵێک دوای ئەوەش ، بەرچاو ڕۆشنیەکی زۆرباش دەخاتە بەردەم خوێنەر بۆ تێگەیشتن لە بزووتنەوەی شیعری و ئەدەبی ئەو سەردەمە و ناسینی شاعیر و ڕۆشنبیر و کەسە ناسرا و دیارەکانی ، هاوکات ڕەوشی سیاسی شاری سلێمانی و ئاستی وشیاری خەڵکەکە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و باری ڕۆژنامەگەری و تەنانەت ڕەوشی سیاسی عێڕاق و دەورانی مەلەکیەت و پاشایەتی و کۆماریەکان و جموجۆلی خەبات و تێکۆشانی کورد بە دژی ڕژێمی عێڕاق بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی و ژیانێکی باشتر ، هەموو ئەمانە لەم ڕۆمانە بە سەلیقەیەکی ورد و نایاب بەرجەستە کراوە . هاوکات گێڕانەوەی یادەوەریەکانی جەلالی میرزا کەریم لە ڕۆژی لە دایکبوونیەوە تا ئەوکاتەی ماڵئاوایی لە ژیان دەکات ، هەڵوێستەکردن لە زۆرێک لە وێستگە گرینگەکانی ژیان و یادەوەریەکانی ئەم شاعیرە و لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاتی و پەیوەندی خۆشەویستی و سیاسەت و شیعر و شاعیریەت و نائومێدبوون لە سیاسەت و قۆناغی نوێگەری و ژیانی دوورە وڵاتی و تەنیایی و غوربەت و گەڕانەوەی بۆ نیشتیمان و تا کۆتایی ژیان . خالێکیتر لەم ڕۆمانە کە خوێنەر سەرسام دەکات لە زۆرشوێن دەستەواژەی وای تیایە کە پڕە لە حیکمەت و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و هاوکات فەلسەفیش ، یان ناساندنی کەسانێکی وشیار و بیرمەند کە وەک سەربازێکی ون چ لە سەردەمی ئەوکات بە ئێستایشەوە ، مێژوونووسان و ڕۆشنبیران کەمترین ئاگاییان لەبارەی توانا مەعریفی و ڕۆشنبیریەکانی ئەو کەسانە نییە ، یەکێک لەوانە ( مام زامن )ی بەقاڵە کە گەورەترین کاریگەری لەسەر ژیان و بیرکردنەوەکانی جەلالی میرزا کەریم و زۆرێک لە لاوەکانی ئەو سەردەمەدا هەبوو ، تا ئاستی ئەوەی جەلالی میرزا کەریم لەنێو بیرەوەریەکانی بڵێت ( بەڵام ،، ئەو هەموومانی بۆ ژیاندۆستی پەروەردەکرد ، لە ڕۆژانێک دا مەرگدۆستی باڵی ڕەشی بەسەر ڕۆحی هەموو خەڵکی ئەو شارەدا کێشابوو ، بە جۆرێک ترس لە مردن توانای هەستی لاواز کردبووین …! ) . چەند نموونەیەکیش لە دەستەواژە گرینگ و نایابەکانی نێو ئەم کتێبە ، کە هەر دەستەواژەیەک وەک ئیدیۆمێک کۆمەڵێک خوێندنەوەو بیرکردنەوەی قووڵیان لە پشتەوە هەست پێدەکرێت لەوانە ، لە شوێنێک جەلالی میرزا کەریم لەبارەی مام زامنەوە دەڵێت ( فێری کردین کە خۆ بەدەستەوەدان هەڵبژاردەی خۆمانە ، بەڵام هیواو ئامانج نییە …! ) ، یان لە شوێنێکی تر هەمدیسان قسەیەکی مام زامنمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێت ( وەک ڕۆحلەبەرێک هیچ پاساوێکمان لە پێش نییە تاوەکوو لە پڕۆسەی مردن بترسین …! ) ، لە شوێنێکیتر لە نائومێدبوون و بێزاربوون لە ژیانی غوربەت و تەنیایی و دوورە نیشتیمان دەڵێت ( سەگ لە قەسابخانە نەمرێت عومری بە فیڕۆ چووە ..! ) ، ئەمانە و چەندین دەستەواژە و قسەو باسیتر کە هەریەکێکیان چەندین خوێندنەوە و هاوکات بیرکردنەوەی قووڵی رەخنەییان لە پشتە ، لێرە بەدوا هەوڵدەدەین لە چەندین وێستەگە و گۆشەی جیاوازەوە درێژە بە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەک و یادەوەرییەکانی جەلالی میرزا کەریم بدەین .

_ مێژووی سێ دەیەی شاری سلێمانی
وەکو گوتم بەهۆی ئەم ڕۆمانە و یادەوەرییەکانی جەلالی میرزا کەریمەوە ، بەرچاو ڕۆشنیەکی زۆرباشمان دەبێت لایەنیکەم بۆ سێ دەیەی مێژووی شاری سلێمانی ، لە ڕووی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ژیانی سیاسی ئەم شارە و هاوکات دەسەڵاتی ئەوسای ڕژێمی عێڕاق و دەورانی مەلەکییەت و پاشایەتی و هاتنی ڕژێمی بەعس و ململانێی نێوان حیزبە کوردییەکانی ئەوکات ( پارتی و حیزبی شیوعی عێڕاق ) و ، لەلایەکیتر ناسینی شاعیر و نووسەر و کەسە ڕۆشنبیر و ناودارەکانی ئەو سەردەمانە و لەپاڵ داهێنانە ئەدەبی و شیعرییەکانیان جموجۆڵی سیاسی و کارو چاڵاکییەکانییان ، لەم نووسەر و سیما دیارانەی ئەو سەردەمانە ( دڵداری شاعیر و فایەق بێکەس و قانیع و گۆران و ئەحمەد هەردی و پیرەمێرد و عەلائەدین سەجادی و کاکەی فەلاح و حوسێن عارف و جەلالی میرزا کەریم و کامەران موکری و شێرکۆ بێکەس و زۆرانیتر ، کەسانی سیاسیش وەک فەهد سکرتێری حیزبی شیوعی و کەریم ئەحمەد و ئیبراهیم ئەحمەد و میرزا کەریم و کوڕەکانی میرزا کەریم و مام زامن و کەسانیتریش ) زۆرێک لە شاعیر و نووسەر و کەسایەتیتر کە ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە ڕەوشی ئەدەبی و سیاسی و ڕۆشنبیری ئەو سەردەمانەی شاری سلێمانی و تەواوی ژیانی کوردەواری ئەو سەردەمە . میران ئەبراهام بە سەلیقە و توانایەکی گەورەوە هەوڵی داوە لەنێو ئەم ڕۆمانەدا ڕەوشی ئەو شارەمان لایەنیکەم بۆ سێ دەیە وەک هێڵکەیەکی سپیکراو بۆ بخاتە بەردەم . هەوڵدەدەین لە خوارەوە بەشێک لەو ڕووداوە گرینگانە بخەینە بەردەم خوێنەر ، هەروەک لە ڕۆمانەکەدا هاتووە ، لە تەموزی ساڵی ١٩٤٦ ، مانگرتنی کرێکارانی نەوت لە گۆڕەپانی گاورباخی لە شاری کەرکووک کە لە زۆربەی شارەکانی عێڕاقەوە خەڵک بۆی هاتبوون ، جەلالی میرزا کەریم لەوکاتەدا تەمەنی یانزە ساڵ دەبێت ، بە دەنگێکی بڵند و دڵێرانەوە لەسەر سەکۆ و لەبەردەم ئاپۆڕای مانگرتووان وتارێک دەخوێنێتەوە . لە گۆشەیەکیتری ئەم ڕۆمانە باس لە هەڵبژاردنی نوێنەران بۆ پەرلەمانی عێڕاق دەکرێت کە ڕژێمی پاشایەتی ئەو سەردەمە گرینگییەکی زۆر بە شاری سلێمانی دەدات ، لە سلێمانی ( حیزبی شیوعی و پارتی دیموکراتی کوردستان ” پارتی ” ) نوێنەریان دەبێت و چەند لایەنێکیتریش لەوانە بەرژەوەندیخوازەکان کە زێتر پێکهاتبوون لە دەرەبەگ و شێخ و مەلاکان ، یان لایەنگرانی یەکێتی دەستوور و چەند لایەنێکیتر . لە ساڵی ١٩٤٨ حکومەت بە سیاسەت و هاوکاری بەرژەوەند خوازەکان لە تەواوی عێڕاق و بەتایبەت لە شاری سلێمانی بۆ ئەوەی زوڵم و زۆری هەڵبژاردن لە بیری خەڵک بەرێتەوە سیاسەتی برسی کردنی خەڵک پەیڕەو دەکات ، کە بە ئەندازەیەک هەموو شەوێ لە گەڕەکەکانی سلێمانی دزیکردن پەرە دەسەنێت و یان ( سواڵکەر لەناو بازاڕ و کۆڵانەکان ژمارەیان لە ڕێبواران زیاتر دەبێت ! ) ، هاتنی جوتیارەکانی عەربەت ، زیاتر پەنجا لە ژن و پیاوان بە پێ لە عەربەتەوە دێن بۆ سلێمانی و بۆ بەر دەرکی سەرا و تا دەنگی نارەزاییەتی خۆیان بگەینن بە کاربەدەستتان کە بە هۆکاری لەتیفی شێخ مەحمود دوو هەفتە ئاو لە کێڵگەکانیان دەبڕدرێت . پاڵپشتیکردنی ڕێپێوان و خۆپێشاندانەکانی خەڵک لەلایەن ( حیزبی شیوعی و پارتی ) و بەشداری کردنی کارای ئەم دوو حیزبە ، بۆ نموونە ( حەمە سالح دیلان و ئەحمەد هەردی و گۆران ) وەک سێ کەسایەتی چەپ و ئەندامی حیزبی شیوعی لەسەر پارچە کازێک دەنووسن ( ئێمە پارێزگاری لە چینی هەژاران دەکەین ، ئێمە داوای مافی رەوای خەڵک دەکەین ) ، ئەم دروشمە بەنێو ئاپۆڕای خەڵک بڵاودەکرێتەوە . لەنێو خۆپێشاندانەکان جگە لە لایەنگران و ئەندامانی حیزبی شیوعی و پارتی ، زۆرێک لە چین و توێژەکان و پیشەگەرانی ئەم شارە نوینەری خۆیان دەبێت لەوانە ، کۆمەڵەی شۆفێرەکان و کۆمەڵەی نانەواخانەکان و کۆمەڵەی سەرتاشەکان و هەتادوایی ، بەشداری کردنی ژنانیش بە ڕێژەیەکی بەرچاو هەروەک لە ڕۆمانەکەدا هاتووە لە شوێنێک دەڵێت ( ئەوە بۆ یەکەمجار بوو ژنان بەو ڕێژەیە بەشداری خۆپێشاندان بکەن و پێشڕەوبن و بێنە بەر دەرکی سەرا ) ، دەرکردنی بڕیارێک لەلایەن نووری سەعید بە سەندنەوەی ڕەگەزنامەی عێڕاقی لە شەست هەزار جووی دانیشتووی کوردستان و سێسەد هەزار و بگرە زیاتریش لە تەواوی عێراقدا ، لە بەرواری ٩/٤/١٩٥٤ بڕیاردرا بۆ دەورەیەکیتر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت ، لە تەواوی عێراق بەرەی نیشتیمانی دروست کران ، لە سلێمانیش ( پارتی و حیزبی شیوعی ) لە یەک بەرە بە یەکگرتووی خۆیان ڕاگەیاند و بەیاننامەی هاوبەشیان بڵاوکردەوە .. دامەزراندن و تەعینکردنی شەقاوە و لۆتییە بێکارەکان لەلایەن حکومەتەوە بۆ ئازاردان و سووکایەتیکردن بە کەسانی ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕانی شاری سلێمانی ، ئەم شەقاوانەش لەلایەن خەڵکەوە بە جاش پۆلیس بانگدەکران . شۆڕشی چواردەی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ و کۆتایی هاتن بە ڕژێمی پاشایەتی کە بۆ ماوەیەک بێزاری و دوودڵی باڵی کێشابوو بە سەر ڕۆح و دەروونی خەڵک ، کۆنفرانسی ” یەکێتی قوتابیان ” لە بەغدا کە لەدەمی قادری میرزا کەریم وەک کادیرێکی پارتی ئەوە دەڵێت ( ئێمە بەو مەرجە بەشداریمان کرد کە لە پەیڕەو و پرۆگرامی قوتابیان گۆڕانکاری بکرێت ) ، کە مەبەستیان بوو بالێکی چەپ لەناو ڕیزەکانی پارتیدا ڕێک بخەن یان هەر هیچ نەبێت ڕیز لە بیروبۆچوونەکانی چەپەکان بگیرێت ، بەڵام دیاربوو ئەو خەونەیان نەهاتبووە دی ، ئەو ڕۆژە هەموو گلەییان لە ( مام جەلال و مەحموود عەلی عوسمان ) دەکرد ، کە ئەو ڕۆژە ئەوان سەرپەرشتی کۆنفراسەکەیان دەکرد . چیڕۆکی حازم بەگ و کوڕەکانی ، حازم بەگ خەڵکی سلێمان دەبێت و کەسێکە وەک ڕاوێژکار و سەر بە ڕژێمە یەکبەدوای یەکەکان دەبێت ، لە ساڵی ١٩٣٠ سلێمانی جێدەهێڵێ و دەڕوات لە بەغدا نیشتەجێ دەبێت ، دوو کوڕی دەبێت بەناوی کەمال و سەردار ، لەدوای ساڵی ١٩٦٣ و لە ڕۆژی هاتنەسەر حوکمی قەومیەکان کورەکانی تووشی خۆشاردنەوە دەبن و حازم بەگ ڕەوانەی سلێمانیان دەکەتاوە بە تایبەت کەمال کە دەورێکی نێگەتیڤ دەگێڕێت لەسەرەوە لەگەڵ پارتی ئیش دەکات و لە ژێرەوەش لەگەڵ حکومەت پەیوەندی دەبێت و کار بۆ ڕژێم دەکات . لە پاییزی ساڵی ١٩٦٣ ئەو ڕۆژەی گۆڕی بە کۆمەڵ دەدۆزنەوە لە دەوروبەری شاری سلێمانی ، هەر لەوساڵەدا مەنعەتە جەولێکی گشتگیر و سەرتاپایی لە شاری سلێمانی کە بووە هۆی گرتن و ئازاردانی زۆرێک لە خەڵکی ئەو شارە و هاوکات بەهۆی هەڵکوتانە سەرماڵی غالب عەربەت ، کە دەبێتە هۆی ڕوودانی تراژیدیای خۆ سووتاندنی( بەهار و حەلیمە )ی دایکی بەهار ، کە دەکاتە کچ و خێزانی غالب عەربەت کە کەسایەتیەکی چەپەو هاوڕێی کوڕەکانی میرزا کەریمە ، کە ئەوکاتە لە زیندانە و چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە ، هاوکات بەهاری کچی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ جەلالی میرزا کەریمدا هەیە و بەهۆی ئەم خۆسووتاندنە بەهار گیانی لەدەست دەدات . لە ساڵی ١٩٤٨ بە شێوەیەکی سیستەماتیک عەرەبی شۆڤێنیست خەریکی سڕینەوەی کوردانی فەیلی بوون ئەم سیاسەتەی ڕژێمی پاشایەتی تا ئەمڕۆش بەردەوامە و تەنانەت ئەو چەند ساڵەی عەبدولکەریم قاسمیش لەسەر حوکم بوو . ئەمانە و چەندین ڕووداوی کارەساتبار و تراژیدی کە لەنێو ئەم ڕۆمانەی خانەقای میرزا ی میران ئەبراهام وەک مێژووی شاری سلێمانی دەیخوێنینەوە .

_ جەلالی میرزا کەریم و شیعر
هەر کەسێک ڕۆمانی ( خانەقای میرزا )ی میران ئەبراهام بخوێنێتەوە و لەنێو گێڕانەوەی یادەوەریەکاندا ، بە شێوەیەکی ڕۆشن جەلالی میرزا کەریم لە سێ وێستگەدا دەبینێت ، جەلالی میرزا کەریم وەک شاعیرێکی نوێخواز ، وەک ئاکتیڤێستێکی سیاسی و کەسایەتییەکی چەپ و سۆشیالیست ، وەک میدیاکارێک و ڕۆژنامەنووسێک . جەلالی میرزا کەریم لە ساڵی ١٩٣٥ لە خێزانێکی دیار و خوێندەواری شاری سلێمانی لە دایک دەبێت ، باوکی و براکانی بەتایبەت غەفووری برای لە کەسە دیارەکانی ئەو شارەن و وەک کەسانی چەپ و لایەنگر لە خەڵکی هەژار و بەشمەینەت و کرێکاران و کاسبکاران هاوکات ، ئەندامی حیزبی شیوعی عێڕاقین ، میرزا کەریم کەسێکە پەیوەندییەکی بەربڵاوی هەیە لەگەڵ کەسانی سیاسی و نووسەر و ڕۆشنبیرانی ئەو شارە ، ماڵەکەی هەمیشە شوێنی کۆبوونەوە و پلاندانان و بڕیاردان بووە ، جەلالی میرزا کەریم لەو ماڵە لەگەڵ کتێب و کۆبوونەوەو گفتوگۆی سیاسی و ئەدەبی گەورە دەبێت ، بەر لە چوونە قوتابخانە لە ڕێگەی کتێبی ( ئەلف و بێی کوردی ) هەوڵدەدات خۆی فێرە خوێندنەوە بکات . لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی بەبێ پرسکردن بە فەراشی قوتابخانەکەیان کە لە ژێرزەمینەکە کتێبخانەیەکی بچکۆڵانەی دەبێت ، ڕۆژنامەی ( کوردستان ) دەهێنێتە ماڵەوە و لە ڕێگەی لێکدانەوەی پیتەکان ناونیشانی بابەتەکان بۆ باوکی دەخوێنێتەوە ، ئەوەش هێمایە کە منداڵێکی زیرەک و وریا بووە ، لەو تەمەنەوە عەشقی بۆ خوێندنەوە و فێربوون هەبوو ، میرزا کەریمی باوکی دەفتەرێکی دەبێت ، هەرچی شاعیرێک دەچێتە ماڵیان بە دەستخەتی خۆی لە دەفتەرەکە شیعرێکی پێ تۆمار دەکات ، دوا لاپەرەی ئەو دەفتەرە شیعری ( ئەی ڕەقیب )ی دڵداری تیا دەنووسریتەوە ، ئەو دەفتەرەش کە بە دەستی جەلال خۆی دەگەیەنرێتە لای عەلائەدین سەجادی ، جەلال هەر بەو زیرەکییەوە تەمەنی منداڵی خۆی لەگەڵ رووداوەکان و لە ناوەندێکی سیاسی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی بە ڕێدەکات ، لە سەرەتای مێرد منداڵێ و گەنجێتی لەژێر کاریگەری باوکی و ئەو کۆبوونەوە و گفتوگۆ سیاسیانەی ماڵەوەیان ، دەبێت بە کەسێکی چەپ و دواتر بە ئەندام و کادیرێکی حیزبی شیوعی ، وە تێگەیشتنیش لە کێشە چینایەتیەکان جگە لە خوێندنەوەی کتێب ، زێتر لە ڕیگەی ئەو نامانەوە بوو کە غەفووری برای دەینووسین و جەلالیش وەک تەتەرێک نامەکانی دەگەیاندن و بەر لە گەیاندنیش بە دزییەوە هەمووی دەخوێندنەوە . کتێبخانەیەک هەبوو لە ماڵەکەیان کە گۆران ناوی نابوو کتێبخانەی ( بیری نوێ ) ، جەلال زۆربەی کتێبەکانی ئەو کتێبخانەیەی خوێندبوویەوە . لە تەمەنی یانزە ساڵی لەگەڵ باوک و غەفووری برای دەچێت بۆ کەرکووک بۆ بەشداریکردن لە مانگرتنی کرێکارانی نەوت هەرلەوێدا بەو تەمەنەوە وتارێکی پێ دەدەن ئەمیش دەیخوێنێتەوە ، لە ساڵی ١٩٤٨ لە تەمەنی سیانزە ساڵی لەگەڵ باوکی دەچیت بۆ بەغدا و باوکی کامیرایەکی بە دیاری بۆ دەکڕێت . کە یەکێک دەبێت لە جوانترین دیاری تەمەنی ، ئەمەش هێمایە بۆ وشیاری و مۆدێرنی میرزا کەریم ، ئەگەرنا لەو ساڵانە هەموو باوکێک ئەوجۆرە دیاریانە بۆ کورەکانیان نەدەکڕی .. جەلال بەجۆرێک دڵی بەو کامیرایە خۆش دەبێت کە هەمیشە بە سینگییەوە دەبێت و لەگەڵیا دەبێت . یەکەم وێنە ، وێنەی بەهاری خۆشەویستی پێدەگرێت ، دووەم وێنە ، وێنەی جوتیارانی عەربەت ، ئەو ژن و پیاوە جوتیارانەی بە پێ لە عەربەتەوە هاتبوون بۆ بەردەرکی سەرا . دواتر ڕۆژێک ئەو شەقاوانەی لەلایەن میرییەوە دامەزرابوون لەوانە ، ( مچەی بابە گەورە و سالە پیر و سالەی قالە حەلاو ) هێرشی دەکەنە سەر و کامیراکەی لێی دەسەنن و بە بەرچاویەوە دەیشکێنن ، دوای نەمانی کامیراکە هەوڵدەدات لە ڕێگەی نووسینی شیعرەوە هەستەکانی خۆی دەرببڕیت ، بۆیە لە شوێنێکی ڕۆمانەکە دەڵێت ، ( پێموایە ئەوە هۆکاربوو ، بۆ دەربڕینی هەستەکانم پەنام بردە بەر شیعر نووسین ) . جەلالی میرزا کەریم لە تەمەنی گەنجێتی شانزە حەڤدە ساڵییەوە دەست بە نووسینی شیعر دەکات ، لەپاڵ بیروباوەرە سیاسی و نیشتیمان پەروەری و مرۆڤدۆستییەکەی ، دەربڕینی هەستەکانی ناوەوەی خۆی پاڵنەرێکیتر بوو بۆ نووسینی شیعر ، ئەویش ئەو عەشقە گەورەیەی بوو بۆ ( بەهار )ی شۆخ کە یەکێک دەبێت لە کچە جوانەکانی گەرەک و شاری سلێمانی ، کە هەموو کوڕان و گەنجانی ئەمشارە خەونیان بەو دەڵبەرەوە دەبینی . جەلال خۆی لە شوێنێک دەڵێت ( شیعرم دەنووسی لە بری چەک بۆ دەستەبەرکردنی نان و ئازادی ، شیعر و شانامەی بەرگری ، دواتر تێگەیشتم و ئەو پرسیارەم لەخۆم کرد ، ئایا شیعر جێگەی ئازاری ئێمەی تیا دەبێتەوە ؟ یان زمانی شیعر دەتوانێ بەرگری لە شوناسی ئێمە بکات ؟ ئەمانە و چەندین پرسیار و لێکدانەوەی تر ، وایان لەو شاعیرەمان کردبوو ، بە مەعریفەیەکی قوڵەوە شیعر بنووسێت و هەر لەسەرەتاوە هەوڵی دەدا وەک دەنگێک و شاعیرێکی جیاواز دەرکەوێت . کاتێک یەکەمین شیعر بڵاو دەکاتەوە لای بەهاری دوڵبەری باسی دەکات ، بەهار بۆ هاندانی ماچێکی دەکات و دڵخۆشی خۆی بەو ماچە بۆ دەردەبڕێت و بەڵێنی پێدەدات ، هەرکاتێک شیعرێک لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکان بڵاوکاتەوە ئەمیش ماچێکی پێ بدات ، جەلالیش بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین ماچ هەوڵدەدات زۆرترین شیعر بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە بنێرێت ، هەر لەو سەردەمانە ، جەلالی میرزا کەریم لە درێژەی گێڕانەوەی یادەوەریەکانی لە شوێنێک دەڵێت ( تەمەنم حەڤدە ساڵ بوو ، یەکەم شیعرم بۆ مام زامن خوێندەوە ، ئەو پێی گوتم ( تۆ و هاوڕێکانت ماڵ و نیشتیمان بۆ هەژاران لە کاغەز دروست دەکەن ، واتان لە خەڵک کردووە ، بە چاوی کراوەوە خەون بە نان و ئازادییەوە ببینن ! ، ئێوە بەو خەڵکە دەڵێن لەو پێناوەدا بمرن تا لە پاشەڕۆژدا نەوەکانتان ئاسوودە و سەرفراز بن ..! ) . مام زامن پیاوێکی بە تەمەن بوو دوکانی بەقاڵی هەبوو ، کەسێکی سیاسی و خاوەن وشیاری و مەعریفەیەکی گەورە بووە . جەلال لە منداڵییەوە هات و چۆی مام زامنی دەکرد ،، پارەی هەبا یان نا مام زامن نوقڵی پێدەدا ، هەمیشە ئامۆژگاری دەکرد و قسەی بۆ دەکرد . مام زامن وەک بیرمەندێک کاریگەری بەسەر جەلال هەبوو ، تا کۆتایی ژیانی ئەم کاریگەریەی مام زامنی بەسەرەوە دەمێنێت . نەک هەر جەلال بەڵکو زۆربەی نووسەر و شاعیر و ڕۆشنبیرەکان هاتوچۆی دوکانەکەی مام زامن دەکەن و دەبێتە لانە و شوێنی هەموو ڕۆژەیان بۆ نموونە گۆران هاوڕییەکی نزیکی مام زامن دەبێت لە سەفەرێک بۆ ڕووسیاش بەیەوە دەبن . جەلالی میرزا کەریم تەواو تێکەڵ بە دونیای نووسینی شیعر دەبێت و هاوکات وەک ئاکتیڤیستێکیش لە کاری سیاسی بەردەوام دەبێت ، بەشداری لە زۆربەی کاروچاڵاکیی و گردبوونەوە و خۆپێشاندانی ئەوشارە دەکات . بۆ نموونە شاعیر و کەسە سیاسیەکان و گۆرانیبێژەکان و بەردەوام چاڵاکییان لە لەسەر سەکۆیەکی نێو باخەکەی فەرەج ئەنجام دەدەن ، ڕۆژێک جەلالی میرزا کەریمیش لە دەفتەرەکەی باوکی شیعرێکی ( ئەحمەد موختار جاف ) دەردەهێنێ و لەویادا دەیخوێنێتەوە ، جەلالی میرزا کەریم بەهۆی ناوداربوونی باوکی و غەفووری برای ، بەرکەوتەی لەگەڵ زۆرێک لە شاعیرەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە دەبێت ، هەروەک لە ڕۆمانەکەشدا هاتووە و دەڵێت ( ئەو کەسایەتیانەی خۆم لەو تەمەنەمدا لە نزیکەوە بەریان کەوتم و هەندێکیانم بە عەقڵی منداڵیم بە هاوڕی دەزانی ) لەوانە( ئەمین زەکی ، ڕەفیق حیلمی ، فایەق بێکەس ، تۆفیق وەهبی ، عەبدولا گۆران ، ڕەئیس مستەفای کوڕی حاجی عەبدوڵڵا بانەیی سەرشەقام ، زێوەر خاڵی میرزا کەریمی باوکم بوو ، کوڕانی ئەحمەدی تەها ، حەمە سالح دیلان ، پیرەمێرد ، مەلا عەبدوڵکەریمی مودەڕیس و عەلائەدین سەجادی و .. ) ، ئەمانە و چەندانیتر وەک ( قانیع و کاکەی فەلاح و کامەران موکری و حوسێن عارف …. ) کەسانی سیاسیش بۆ نموونە هاوڕێ فەهد دامەزرێنەری حیزبی شیوعی ، کەریم ئەحمەد ، شێع مەحموود و تۆفیق وەهبی ، ئیبراهیم ئەحمەد ، لە شوێنێک دەڵێت ( لە پۆلی شەشی سەرەتایی بووم کە شێخ مەحموود و تۆفیق وەهبی بۆ کێشەی جوتیارانی عەربەت بەشەو لە قەرەداخەوە هاتنە ماڵی ئێمە ) ، لە منداڵی لە مەجلیسێک بووە کە عەلی مەردان و حەسەن زیرەک گۆرانییان تیا گوتوە . لەنێو شاعیر و نووسەرەکانیش جەلال خۆی سەرسام بووە بە ( فایەق بێکەس و قانیع و گۆران و ئەحمەد هەردی ) ، لە گۆران زۆر نزیک دەبێت و زۆرجاران دەڕوات لەماڵەوە سەردانی دەکات و گۆرانیش شیعرە نوێکانی خۆی بۆ دەخوێنێتەوە و باسی شیعر و بیری سۆشیالیستی بۆ دەکات . جەلالی میرزا کەریم هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت وەک شاعیرێکی نوێخواز ڕێچکە و زمان و فۆرمی تایبەت بەخۆی هەبێت . ئەم هەوڵەشی لێرەوە ڕۆشنتر هەست پێدەکرێت کە وەک چاڵاکوانێکی سیاسی زۆرجاران تووشی گیران و دوور خرانەوە دەبێتەوە ، جارێکیان لە ساڵی ١٩٥٤ دوور دەخرێتەوە بۆ ساربازگە یان سجنی شوعەیبەی بەسرە لەگەڵ قادری برایی و سەدان گەنجیتری سلێمانی ، میرزا کەریمی باوکی لەگەڵ نەبوونی هەژاری ئەوکاتی جارجارە سەردانیان دەکات خواردن و شتی پێویست و بڕێک پارەیان بۆ دەبات ، جارێکیان دینارێکی بە جەلال و قادری برای دەدات . جەلال لەو پارەیە سێ کتابی شیعر دەکرێت . کتێبەکان ( کتێبی یەکەم ، بەدر شاکر سەیاب .. کەناری گۆڕ ،، کتێبی دووەم ، نازیکە مەلائیکە ،، پریشک و خۆڵەمێش ، کتێبی سێیەم ، عەبدولوەهاب بەیاتی ، شەیتان و مەلائیکە ..) سێ شاعیری نوێخوازی عێڕاقی ئەو سەردەمە . دواتر سێ دەفتەریش دەکرێت ،، هەر دەفتەرێک بۆ کتێبێک کە هەوڵدەدات بە فۆرمی ئەوان شیعری کوردی بنووسێت ، واتە لاسایی شێواز و فۆرمی ئەوان دەکاتەوە و دوای ئەو هەوڵانە خۆیشی بە داهێنان و هەوڵەکانی خۆی وەک شاعیرێکی نوێخواز دەبێت بە خاوەن فۆرم و ستایلی تایبەت بەخۆی ، لەدوای نەوەی گۆران وەک شاعیرێکی نوێخواز دەردەکەوێت و کاریگەری تەواوی دەبێت بەسەر ناوەندە ئەدەبیەکەی سەردەمی خۆی . دواتر لە بەغدا ئەو سێ شاعیرە نوێخوازە عێڕاقییە لە سێ کاتی جیاواز و لە شوێنی جیاواز دەیانبینێت و قسەوباسیان لەگەڵ دەکات و دەبێت بە هاوڕێی هەرسێکیان . لە ساڵی ١٩٦٣ جارێکیتر دەگیرێت و لەگەڵ غەفووری برای شوێن بزر دەبن ، لەوکاتەیا حەلاوە خانی دایکییان نەخۆش دەکەوێت ، عەزیزی برای دەیباتە بەغدا بە مەبەستی بردنی بۆ لای دکتۆر بەڵام لە داخی گیرانی جەلال و غەقوور لە هۆتێل بە خەم و حەسرەتەوە گیان لەدەست دەدات و دەمرێت ، لە بازگەکان ڕێگە نادەن لاشەکەی بگەڕیتەوە بۆ سلێمانی بۆیە لە بەغدا لە گۆڕستانی ( شێخ مارفی کەرخی ) دەینێژن ، کاتێک جەلال ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە سلێمانی ، مردنی حەلاوەخانی دایکی بە ئەندازەیەک کاری تێدەکات کە وەک تراژیدیایەک تا مردن کاریگەری بەسەرەوە دەمێنێت ، هەر لەو ماوەی گیرانی دەفتەرە شیعرەکەی لای مامۆستا یاسینی هاوڕیی دەبێت ، کە بیدات بە بەهار و تا لە فەوتان ڕزگاری بێت بەڵام ، دواجار نەک دەفتەرە شیعرییەکەی بەڵکو بەهار خۆیشی لە کردارێکی خۆسووتاندن گیانی لەدەست دەدات .. ئیتر دوای ئەم کارەساتانە شاری سلێمانی ڕووناکییەک و مانایەکی تیا نامێنێ بۆ ئەو کە بتوانێ ژیانی تیا بەسەر ببات ، دوای ئەوە واز لە کاری حیزی و چاڵاکی سیاسی دەهێنێت و خۆی تەرخان دەکات بۆ شیعر و کاری میدیایی ، سلێمانی جێدەهێڵێت و دەچێتە بەغدا ، لەوێ لە پاڵ نووسینی شیعر و لە بەشی کوردی ڕادیۆی بەغدا وەک بێژەرێک دەست بەکار دەکات و لەگەڵ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیش وەک بەیان و هاوکاری و ڕزگاری و سەروکاری دەبێت . بێگومان ئەو بڕیارەی وازهێنان لە حیزی شیوعی و کاری سیاسی و خۆ تەرخانکردن بۆ شیعر و کاری میدیایی ، بڕیارێک نەبوو وا کتوپڕ و بەبێ هۆکار پێی گەیشت بێت . لە ساڵی ١٩٥٨ لە ژێر بیرکردنەوە و هەلومەرجی ئەوکات جەلال شیعری ( چاوی شەقام ) دەنووسێت ، کە یەکێکە لە شیعرە ناوازەکانیەتی ، شیعرەکە ڕەنگدانەوەی نائومێدی و دوو دڵی و بێزاریەکە کە لەنێو بیرکردنەوە و هەلومەرج و ژیانی واقیعی ئەوکاتیان بوونی هەبوو ، جەلال بە شیعر تەعبیری لەو بێزاری و نائومێدییەی خۆیی و واقیعی ئەو سەردەمە کردبوو . شیعرەکە بەم کۆپلەیە دەست پێدەکات ..
چاوی شەقام
هۆن هۆن نیگای ئاگری بالی کاروانمان
مەرگی بەهاری ئاسۆ دائەبارێنێ
هۆنراوەی زام
تاڵ تاڵ چڵی خوێنی وشەی سەربڕاومان
لە ڕێژنە و تاوی هەناسەی ژالە و بیدا دائەچینێ
لێوی پەیام
گەڵا گەڵا تریفەی بزەی هاوارمان
بەناو ناخی ڕێگای قوڕپێوان و شیندا ئەوەرێنێ ..!
لەبارەی ئەم شیعرەوە جەلالی میرزا کەریم لە بیرەوەریەکانی لەنیو ڕۆمانی ( خانەقای میرزا ) دا دەڵێت ( بۆ هاوڕێکانم خوێندەوە ، هەندێکیان پێیان گوتم ، کە من لەم شۆڕشە بە گومانم بیرم دێت ، کاتێک بە عەرەبی هەمان شیعرم بۆ نازک مەلائیکە خوێندەوە ، ماچی کردم ، بەڵام لەسەر ئەم شیعرەم ، لە قوتابیان و ڕیزەکانی حیزبی شیوعی دەرکرام ، دواتر و ساڵی ١٩٦١ بە گرتیان دام و دووساڵ لە ژوورێکی تاکە کەسیدا دەست بەسەربووم ) ، لە شوێنێکی تر ، جەلال خۆی ئەمە دەگێڕێتەوە ، هەفتەیەک پێش مردنی گۆران ، جەلال سەردانی دەکات بەو مەبەستەی قسەکانی بنووسێتەوە ، لەوکاتەیا گۆران نەخۆش دەبێت و لەبەر کۆکە بە پچڕ پچڕی قسەکانی دەکات ، هاوکات کۆمەکی حیزبی بۆ دەبات لە یەک مانگا بیست دینار لە حیزی شیوعی بۆی بڕاوەتەوە بەڵام ، جەلال بیست و پێنج دیناری پێدەدات ، پێنج دینار لە گیرفانی خۆی دەخاتە سەر وە ناشهێڵی بەمە بزانێت ، چونکە دەزانێت بیست دینارەکەی حیزب بەشی پێداویستیەکان و کرێی خانووەکەی ناکات . گۆران لە درێژەی قسەکانی لە شوێنێک دەڵێت ( ئەی تۆ پێتوایە لە قەدەرمدا نووسرابێت ، ئەو ڕۆژەی لە مۆسکۆ هاوڕێکانم لەسەر نووسینی شیعرێک لێیان کردمە هەراو بە گرتیان دام ، ئەوە بوو بەو نەخۆشییە باڵبەستیان کردم و بۆ بەغدایان ناردمەوە ، مام زامن هاوەڵم بوو ،
کانییەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگە شەو
لە بنیا بلەرزێ مرواری زیخ و چەو
جوانترە لەلای من لە دەریای بێ سنوور
بەڵێ ئەو دێرەیان گۆڕیبوو بە . جوانترە لەلای من لە مۆسکۆ هەر ئەوە نەبوو ، بەڵکو زۆربەی شیعرەکانمیان شەن و کەو کردبوو ! ) . لەسەر ناوهێنانی کوردستان لە شیعرەکانماندا لەلایەن سەرکردایەتی حیزبی شیوعییەوە سزامان ئەخوارد ، تەنانەت ئەوەندە بێویژدان بوون بە گرتیشیان ئەداین . هەر لە پەیوەند بە ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) یان ( حیزب و سیاسەت و شیعر و ئەدەب )ەوە لە شوێنێکیتر ، جەلالی میرزا کەریم کە لەگەڵ بەدر شاکر سەیاب یەکتری دەبینن ، هەرچەندە سەیاب جەلال دەناسێتەوە و پێشتر لە شوێنێک بینیویەتی بەڵام ، لە درێژەی قسەوباسەکانییان و لەنێو یادەوەریەکانی جەلالی میرزا کەریم دەڵێت ( ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام هەمان گلەیی لە حیزبی شیوعی هەبوو ، چونکە ئەویش ئەندامی حیزبی شیوعی بوو ، باسی لە شاعیر و ئازادی شیعر نووسین کرد ، ڕەخنە و قسەکانی زۆر سەرنجیان ڕاکێشام ، هەر ئەوەش بوو بووە هەوێنی بیری بزووتنەوەی ڕوانگە ! بەدر شاکر سەیاب پێی گوتم ، کاتێک شاعیرێک تەوقی ئایدیۆلۆژیایەک دەکاتە مل ، ئیدی دەبێت بە چاوی حیزب ببینێت ، بە عەقلی حیزب بیربکاتەوە ..! کوێرانە هەموو ئەو خوار و خێچییانەی دونیای ڕیاڵی پێ باش بێت کە ئایدیۆلۆژیای حیزب پەسەندیان دەکات ! ) . لەو سێ نموونەی سەرەوە لە بەرخود و مامەلەی حیزبی شیوعی لەگەڵ گۆران و بەدر شاکر سەیاب و جەلالی میرزا کەریم ،، لەوە تێدەگەین ، حیزب و ئایدیۆلۆژیا چەندە کاریگەری نێگەتیفیان هەیە بەسەر ئازادی نووسین و ئازادی نووسەر ، پەیرەو و پرۆگرامی حیزب و ئایدیۆلۆژیاکان دەبن بە چوارچێوە و بازنەیەک کە شاعیر و نووسەرەکان بۆیان نییە لەو چورچێوە و بازنەیە دەربچن . کە ئەمەش بچووککردنەوەی ڕووبەری نووسین و سنووردارکردنی ئازادی نووسەر و شاعیرە . ئێمە لە کتێبی ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ، بە ڕۆشنی باسمان لەو پەیوەندییە نێگەتیفەی ئایدیۆلۆژیا کردووە بەسەر ڕووبەری شیعر و ئازادی نووسەر ، ئەوەمان باس کردووە کە شیعر و ئەدەب بوونێکی گەردوونییان هەیە و ناچنە ناو هیچ چوارچێوە و بازنەیەکەوە ، چونکە ئەدەب و شیعر ئیش لەسەر مرۆڤ و بەها مرۆڤایەتییەکان دەکەن ، شاعیر و نووسەریش دەبێ لەنێو رووبەری نووسین ئازاد بن و نەکەونە ژێر کاریگەری هیچ ئایدیۆلۆژیایەک و ئاینێک و هیچ هێزێکی دەرەکی کە ئاراستەی جووڵەکانیان دیاری ئەکات . ئەگەرنا دەبن بە نووسەرانێکی کۆیلە نامۆ ، کەسانی نامۆش داهێنانەکانیان دەکەونە ژێر پرسیارەوە ، هاوکات لە کتێبی ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر )یش لە پەیوەندی چەمکەکانی یاخیبوون و نوێگەری باسمان لەوە کردووە کە شاعیری نوێگەر و یاخی ناچنە نێو هیچ چوارچێوەو بازنەیەکەوە . بۆیە جەلالی میرزا کەریمیش لەسەر ئەو بیرکردنەوانەی باسمان کرد وەک شاعیرێکی یاخی و نوێگەر تەوقی ئایدیپلۆژیا و حیزب لە گەردنی خۆی دەکاتەوە و وەک شاعیرێکی ئازاد درێژە بە کاری نووسینی شیعر دەدات و لە ئایدیۆلۆژیا و حیزب دوور دەکەوێتەوە و واز لە سیاسەتکردن دەهێنێت و خۆی تەرخان دەکات بۆ شیعر نووسین و کاری میدیایی ، کە لەو کاتەدا بۆ کۆمەڵگەی کوردی شۆڕشێکی کلتووری و فەرهەنگی زێتر بە پێویست دەزانێت ، هەر ئەوەش دەکات . لە بەغداش لە ژێر چاودێری پۆلیس دەبێت و ڕۆژێکیان دێن بۆ دەستگیرکردنی بەڵام لە ماڵەوە نابێت ، شەو کە دەگەڕێتەوە بۆ ئاپارتمانەکەی لەلایەن سەبیحە خەڵدونی دراوسێی کە ژنێکی بەختگرەوەیە و مێردەکەی ئەندامی حیزبی شیوعی عێڕاقە و لەوکاتە لە زینداندان دا دەبێت . جەلال شەو لە ماڵەکەی و لەنێو جێگای سەبیحە دەمێنێتەوە بەیانی ئەو شوێنە جێدەهێڵیت ، بە هۆی ئەم ڕووداوەوە دیسان دەفتەرە شیعرەکانی دەفەوتێن بە شیعرە عەرەبیەکانیشەوە ، دوای ماوەیەک ڕەشنووسێک لە شیعرەکانی دەباتە چاپخانەیەک بە مەبەستی چاپکردنیان وەک کتێبێک بەڵام ، دوای نائومێدبوونی لەچاپکردنی کتێبەکەی ڕەشنووسی شیعرەکانی لە چاپخانەکە بەجێدەهێڵێت و لە بەغدا هەڵدێ و دەگەڕیتەوە سلێمانی . بە فەوتانی ئەو رەشنووسەی ئەوە دەبێتە سێهەمجار شیعرەکانی بفەوتێن . دواجار تەنها ئەو شیعرانەی بۆ دەمێنێتەوە کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاوی کردوونەتەوە و لەگەڵ ئەوانەیش کە دوای ئەو قۆناغە دەیاننووسێت . ئیتر دوای ئەوە لە خەمی پێکهێنانی گرووپێکی نوێگەری دەبن بەناوی ڕوانگە ، کە دواتر لە بەشێکی سەربەخۆ و بە جیا باس لە گرووپی ڕوانگە و ڕۆل و گاریگەری جەلالی میرزا کەریم دەکەین لە پێکهێنان و سەرهەڵدانی ئەم گرووپە . لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوول جەلالی میرزا کەریم دەچێتە شاخ و دەبێت بە پێشمەرگە . لەو سەردەمانەش لە ڕادیۆی شۆڕش کاری دەکرد و بۆ ڕۆژنامەی برایەتیش دەنووسێت و کتێبخانەیەکیش بۆ پێشمەرگە دادەنێت . دوای بە شکست گەیشتن و کۆتایی هاتنی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٦ کوردستان جێدەهێڵێت و ڕوودەکاتە ئەمریکا . سەرەتای گەیشتنی بە ئەمریکا هەفتانە شیعر و وتاری لە گۆڤارەکانی ئەسوات و دەنگی یەکگرتندا بڵاودەکاتەوە ، ئەندامێکی چاڵاکی یەکێتی دیموکراتخوازانی عێڕاق دەبێت لە ئەوروپا ، هاوکات سەرپەرشتی کۆمەڵەی نیشتیمانی دەکات لە ئەمریکا و کەنەدا .، هەر لە ئەمریکا کۆرسێکی کۆمپیوتەر وەردەگرێت و هەوڵدەدات لە زانکۆی ولایەتی تەکساس دەست بەخوێند بکات چونکە ، ئەوەی بیستبوو کە بە نیازن بەشی زمان و مێژووی کوردی بکەنەوە لەو زانکۆیەدا . بەڵام لە ئەمریکا و لەم ژیانی غوربەت و تەنیاییەی بە ڕووداوێکی هاتوچۆ کەوتنە ژێر ئۆتۆمبێلێکەوە کە تەوای ژیان و خەونەکانی دەشێوێت و تا کۆتایی ژیانی وەک کەسێکی پەککەوتە دەمێنێتەوە تەنانەت ، ناتوانێ هاوسەرگیریش لەگەڵ کەسێکیتردا بکات . دوای ئەو کارەساتە غوربەت دۆزەخێکیتر دەبێت بۆ ئەو ، لەگەڵ تەنیایی و خەم و نائومێدییەکانی ژیان بەسەر دەبات . لەگەڵ ئەم ژیانە سەخت و تەنیاییەش لە ئەمریکا چەند کتێبێکی شیعری بەچاپ دەگەیەنێت ، لەوانە کۆمەڵە شیعرێک بە زمانی عەرەبی بەناوی ( الولادە ) لە ساڵی ١٩٨٢ ، لە هەمان ساڵ شانۆنامەی ( سەنگەر ) ، لە ساڵی ١٩٩١ ( چرپەی ژانێکی نقووم بوو ) ،، لە ئەمریکا بیرکردنەوە لە دایک و باوکی و خوشک و براکانی و بەهاری دوڵبەری و مام زامن و بەشیک لە هاوڕیکانی سەرچاوەی بیرکردنەوەو خەیاڵەکانی دەبن . دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و لە هەولێر دەمێنێتەوە ، بەسەردان دەگەڕێتەوە بۆسلێمانی و ماڵە کۆنەکەیان و گەرەکی سەرشەقام و یادەوەریەکانی بەسەردەکاتەوە و کۆڕێکی شیعری بۆ ساز دەدەن بەڵام ، خۆی شیعرەکان ناخوێنێتەوە ، لە کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ دیوانی ( ڕێگا دوورەکانی چاومان ) بە چاپ دەگەیەنێت ، لە بەرواری ١٤/ ١١ / ١٩٩٣ بە نەخۆشی دڵ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی دەکات .

_ ( چەپبوون و ژنبوون ) و شیعر
دوای ڕوودانی کەوتنە ژێر ئوتۆمبێلەکە ، کاتێک لە نەخۆشخانە دەردەچێک بە جەلالی میرزا کەریم دەڵێن ، باوکی ئەو کەسەی کە بە ئوتۆمبێل لێی داوی هەموو خەرجی نەخۆشخانەکەی داوە ، دوای ساڵێک ئەوەی بیردەکەویتەوە ، کە ئەو کچە گەنجە ( سپرینگ ) بوو . کە هەر ئەو شەوی ڕووداوەکە لە بارەکە یەکتریان ناسی ، ئەوەیشیان پێ گوتبوو کە کچەکە ئامادەنەبووە بێت بەم شێوەیە بە تێشکاوی و بە زەلیلی چاوی پێی بکەوێت . بەو وەزعەوە لە ماڵەوە دەبێت . ڕێکخراوێک پەیوەندی پێوە دەکەن ، دێن و عەرەبانەیەکی بۆ دێنن ، جەلال دوای سوپاس کردنیان ، باسی خۆی بۆیان دەکات کە تەنیایە و هاوڕی و کەسوکاری لێیەوە نزیک نین تا بازاڕی و خواردن و پێداویستییەکانی بۆ بکڕن ، پاشان کە جارێکیتر دێنەوە لەگەڵ خۆیان بە عەرەبانەکەوە دەیبەن بۆ گەران ، بە ڕووباری ( میسۆری ) بە بەلەم دەچن بۆ پارکی ( دەروازەی ئەبراهام لینکن ) لەوێدا جەلال شاعیرێکی گەنج دەبینێت شیعر دەخوێنێتەوە ، خۆی لە شاعیرەکە نزیک دەکاتەوە و داوای شیعرەکانی لێدەکات ، گەنجەکەش لەناو پشتەکۆڵەکەیدا کتێبێکی بەرگ سوور دەردەهێنێت و پێی دەدات و دەڵێت ( ئەگەر ڕۆحت چەپ نەبێت لە شیعر ناگەیت ، بە تایبەتی لە شیعرەکانی من ..! ) . جەلال دەڵێت ( قسەکانی ڕایچلەکاندم ویستم وەڵامی بدەمەوە ، ئەوەم بە خەیاڵدا هات ئینجا چەپبوون هەقی چییە بە تێگەیشتنی شیعرەوە ، کە لە ڕاستیدا وەڵامێکی خێرا بوو ، بێ ئەوەی بیرم لێی کردبێتەوە ..!؟ ) . لەوکاتە ژنێک لە نێوانیان دا دەبێت و ژنەکە پێدەکەنێت و دەست دەخاتە سەرشانی جەلال و پێی دەڵێت ( بۆ ئەوەی لە شیعر بگەیت دەبێت ژن بیت ..! ) ، قسەکەی هەردووکیان وەک دەرزییەک دەچەقێ بە دڵیا ، ئەوەی بیر دەکەوێتەوە ، جارێکیان شیعرێک بۆ بەهار دەخوێنێتەوە بەهاریش ئەوەی پێ دەڵێت ( جەلال گیان کە شیعرێکم بۆ دەخوێنیتەوە لێم مەپرسە ، لێی تێگەیشتووم یان نا ؟ چونکە بۆ ئەوەی لە شیعر بگەیت دەبێت ژن بیت ! ) ، لە هەمانکاتیش ئەوەی بیر دەکەوێتەوە کە ئەویش بە بەهاری دەگوت ( بۆ ئەوەی لە شیعر بگەیت دەبێ بە ڕۆح چەپ بیت ..! ) ، چ دنیایەکی سەیر و ڕێکەوتێکی سەیر و بەریەککەوتنێکی سەیرە ! وەک ئەوەی ئەو ڕۆژانەی دوێنێی لەگەڵ بەهاردا وا بە بەرچاوییەوە دووبارە دەبنەوە ! ، ژنبوون و چەپبوون و شیعر ! هەمان بیرکردنەوە . بەڵام لە لایەن کەسانی جیاواز و دوو کیشوەری جیاواز و دوو مرۆڤەها و کلتووری جیاوازەوە .. جەلالیش بە سەرسووڕمانەوە لێیان دەپرسێت ، بەڕای ئێوە بۆ ئەوەی لە شیعر بگەم پێویستە ببم بە چەپ یان ئەبێت ژن بم ؟ ) ، ئەوانیش بە پێکەنینەوە دەڵێن بەڵێ . جەلالیش دەڵێت ( کەواتە من ئەمڕۆ شتێکی نوێ فێربووم ، لەبەر تێگەیشتن لە شیعر و هونەر ، من لەمڕۆ بەدواوە دەبم بە چەپ ! ) ، دواتر ڕوو لە ژنەکە دەکات و پێی دەڵێت ( بەڵام ببوورە خانم بە داخەوەم ئەم نۆبەتی ژیانەم بەختی ئەوەم بەر نەکەوت ، کە ژن بم ! ) . ژنەکەش بە پێکەنینەوە پێی دەڵێت ، ( تەنها بۆ خۆشی ئەمەم پێ گوتی ، زۆر ببوورە ! ) ، جەلالیش دەمودەست پێی دەڵێت ( ئەوە یەکەم جار نییە ئەو قسەیە ئەبیستم . ژنێک پێشتر ئەو قسەیەی پێ گتووم ! ) ، ژنەکەش پێی دەڵێت ( چاوت لێیە ، کەواتە من بە هەڵەدا نەچووم و ئەو ژنەی ئەوەی پێگوتی ، لە گەڵت زۆر ڕاستگۆ بووە ..! ) ، ئیتر دوای ئەوە ژنە قژ زەردە چاو سەوزەکە کە ناوی ئاننا بوو و لە تەمەنی جەلال خۆیدا بوو ، کە تا ئیوارە پاڵی بە عەرەبانەکە دەنا و پیاسەی بە جەلال دەکرد جەلالیش لەژێر لێوەوە دەیگوت ( بەهار لەگەڵم ڕاستگۆ بوو ! ) ، شاعیرە گەنجەکە هەر ئەوکات لەگەڵ کتێبە شیعرییەکەی ، کتێبێکی تریشی پێ دەدات بە ناوی ( بەڵێ هونەر شوناسی چەپگەرایە ! ) ، هەروەها پێی دەڵێت ( ئەو کتێبە لە وەڵامی قسەیەکی لیبرالەکاندا نووسراوە ، کە گوتوویانە هونەر هیوایەتی چەپەکانە لە کاتی بێکاریدا ! ) ، جەلال کە دەگاتە ماڵەوە دەست بە خوێندنەوەی کتابە شیعرییەکەی شاعیرە گەنجەکە دەکات ، کە شاعیرەکە ناوی ( کۆڵن براندن ) و کتێبەکەش بەناوی ( بەخشندەیت ؟! ) . با لێرەدا بوەستین و واز لە گێرانەوەی یادەوەریەکانی جەلالی میرزا کەریم و ڕۆمانی ( خانەقای میرزا )ی میران ئەبراهام بهێنین و هەندێک قسە لە پەیوەندییەکانی نێو چەمکەکانی ( چەپبوون و ژنبوون و شیعر ) بکەین ، ئەوەش پێشان بدەین لە کوێ ئەم چەمکانە هاوتەریب و لە کوێ ناتەبا و دژ دێنەوە ، یان چ خاڵێک و ئامانجێکی هاوبەش لە نیوانیاندا هەیە ؟ .. ئەگەر چەپبوون و تێگەیشتنمان بۆ سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم و مارکسیزم لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیایەکی ڕووت بێت ، بەمانایەک ئەگەر تێگەیشتن و خوێندنەوەمان بۆ مارکس و کۆمۆنیزم لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیا بیبینین هاوکات ، بیکەین بە چوارچێوەیەکی دیاریکرا و لە مانا گەردوونیەکە و مرۆڤ و بەها مرۆڤایەتییەکان دایبڕین ، وە بە پێی تێگەیشتنی ئێمەش هەموو ئایدیۆلۆژیایەکێش کە لەنێو چوارچێوەیەک و بازنەیەکی دیاریکراو خۆی پێناسە بکات ، ئەوا دواجار دەگات بە خاڵێ دۆگما واتە خاڵی وەستان ،، لێرەوە هیچ پەیوەندییەکی بە شیعر نییە ، چەپبوون ناتەبا و دژ دێتەوە لەگەڵ شیعر ، چونکە ئێمە گوتمان ئەدەب بە گشتی و شیعریش بەتایبەتی بە هۆی بوونە گەردوونیەکەیانەوە ناچنە نێو هیچ چوارچێوە و بازنەیەکەوە ، شاعیریش لەنێو شیعر و نووسینەکانی لەژێر هەیمەنە و کۆنتڕۆلی هیچ هێزێکی دەرەکی نابێت ، شیعریش بەو پێیەی جووڵەیەکی بەردەوامە لە نێو ڕووبەری ئیستاتیکادا بۆیە ناگات بە خاڵی دۆگما و وەستان ، بۆیە لەنێو ڕووبەرێکی کراوە دەمێنێتەوە و ناچێتە نێو هیچ چوارچێوە و بازنەیەکەوە . بەڵام ، ئەگەر چەپبوون بەمانای تێگەیشتن و خوێندنەوەی مارکس وەک بیرمەند و فەیلەسووفێکی مرۆیی ، تێگەیشتن لەسەر بنەمای مرۆڤبوون و بەها مرۆڤایەتییەکان ، یان لەسەر بنەمای عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و نەمانی چینەکان و هەڵوەشاندنەوەی مالیکیەتی تایبەت و گۆڕانی بە مالیکیەتی گشتی ، کەدواتر هەڵوێستەی زێتر لە شۆڕشی کۆمۆنیستی و تەحویل بوون و ڕۆیشتنی بەرەو کۆمۆنیزم و چینەکان و پەیوەندییە ئابووریەکان دەکەین ، واتە چەپبوون و تێگەیشتن و خوێندنەوەی مارکس بەم ڕوانگە مرۆڤبوون و بەها مرۆڤایەتیانە و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی بێ چین و چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە ، هاوکات بەرز ڕاگرتنی مرۆڤایەتی و بەها مرۆییەکان ئەوە لێرەدا ، چەپبوون هاوتەریب و تەبا دێتەوە لەگەڵ شیعر ، چونکە شیعریش ئیش لەسەر جوانیەکان و مرۆڤایەتی و بەها مرۆییەکان دەکات ، لێرەدا چەپبوون دەبێتە ڕوانگەیەک و زوومێک بۆ تێگەیشتن لە شیعر و بینینی شیعر وەک پێکهاتەیەک و بوونێکی گەردوونی ، لێرەدا هاوتەریب و هاوتەبا دینەوە ، بۆ چەمکی ژنبوونیش بە هەمانشێوە ، ئەگەر سەیری مێژوو بکەین بە تایبەت بگەڕێینەوە بۆ قۆناغە سەرەتاییەکان ئەوکاتەی بە کۆمۆنەی سەرەتایی ناویان دەبرد ، لەو سەردەمانە ، پەیوەندییە ئابووریەکان و ئامرازەکانی بەرهەم هێنان هی گشت بوون واتە ، موڵکدارێتی تایبەت نەهاتبووە کایە ، ئەوکات کۆمەڵگە دابەش نەببوو بەسەر چینەکان و موڵکدارێتی گشتی بوو نەک تایبەتی . ئامرازەکانی بەرهەمهێنانیش هی گشت بوون . بەڵام لەوکاتەی بە هۆکاری کەڵەکە بوونی بەرهەم و گۆڕانی ئەمرازەکانی بەرهەمهێنان لە گشتییەوە بۆ تاک و هاتنە کایەی موڵکدارێتی تایبەتی ، لێرەوە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە دەست پێدەکات و یەکەم قوربانیانی ئەو چەوساندنەوەیە ژنان دەبن و پیاوان دەبن بە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەم هێنان و دەسەڵات و هێز دەکەوێتە دەست پیاوان و کۆمەڵگەی پیاو سالاری دێتە کایەوە ، لەوێوە چینەکان دروست دەبن و بەرەی چەوساوەو چەوسێنەر دەردەکەون و دواتر قۆناغە یەکبەدوای یەکەکان ، کۆیڵایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری بەدوای یەکدا دێن و کە چەوساندنەوەو بوونی چینەکان و موڵکدارێتی تایبەتی تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بەردەوامە ، لەم پێشەکی و سەردە مێژووییە ژیانی مرۆڤایەتی بە چەندین قۆناغ و جەنگ و کاوڵکاری و کۆچ و مردن دا تێپەڕیوە ، واتە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە ڕووبەری جوانیەکان دوور کەوتۆتەوەو بە ئاراستەی ناشیرینیەکاندا ڕۆیشتووە ، سەرچاوەی ئەم دڕندەیی و ناشیرینی و چەوساندنەوە و جەنگ و کاولکاریانە پیاوان بوونە نەک ژنان ، چونکە لەو ڕۆژەوەی چەوساندنەوە دەستی پێکردووە کۆمەڵگە گۆڕاوە بە کۆمەڵگەیەکی پاتریاکی واتە پیاوسالاری ، ژنان کەمتر دەستیان هەیە لەو ناشیرینی و جەنگ و کاوڵکاریانەی کە تا ئیستا ڕوویان داوە ، ژنان هێمنتر و بەسۆزتر و مرۆڤدۆستر و ژیان دۆسترن . مەبەستمە بڵێم ، تا ئیستا بەپێی مێژوویەک کە مرۆڤایەتی هێناویەتی ، مرۆڤبوون و بەها مرۆڤایەتییەکان زێتر لە نێو ڕووبەر و خەون و بیرکردنەوەی ژنان دایە ، واتە تا ئیستا ژنان وەک پیاوان دەستییان پیس نەبووە بە ڕەنگە تۆخەکان و ناشیرینکردنی تابلۆ جوانەکانی ژیان ، بۆیە ژنان لە چەمکەکانی مرۆڤ و بەها مرۆڤایەتییەکان نزیکتر و ئاوێزانترن ، بۆیە لێرەدا دەڵێین ئەوە دروستە گەر بتەوێت لە شیعر بگەیت پیویستە ژن بیت ! ، شیعر زێتر هاوتەریبە لەگەڵ چەمکی ژنبوون نەک پیاوبوون ، چونکە لە پشتی چەمکی ژنبوون هەست بە جوانی و مرۆڤایەتی و سۆز و عەشق و ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی دەکەین ، بەو پێیەش ئامانجی شیعر بەرهەمهێنانی جوانییە بۆیە هاوتەریب و تەبا دێتەوە لەگەڵ ئەم چەمکە جوانانەی کە لە پشتی ژنبوونەوە دەبیندرێن ! .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish