Skip to Content

بۆ ئەوەی لە مردن تێبگەین دەبێت سەرەتا لە ژیان تێبگەین.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

بۆ ئەوەی لە مردن تێبگەین دەبێت سەرەتا لە ژیان تێبگەین.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئایار 23, 2024 General, Opinion

مۆنۆلۆگی دووەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: لوتەر یامون، لە یەکێک لە سروودەکانیدا دەڵێت “جەستە تەنیا تەرمێک نییە ھەناسە بدات”. مرۆڤ بۆ ئەوەی نەبێت تەرمێکی ھەناسەدەر، دەبێت فیکر بکاتەوە، بخوێنێتەوە، بەڵام “گۆتێ” وتەنی “کتێبە ھەرە مەزنەکە، کتێبی خۆشەویستییە”.
خۆم: تێگەیشتن لە ژیان یان مردن، پێویستی بە عەقڵە، عەقڵیش لە کەللەی ھەموو مرۆڤێکدا نییە!، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە زۆر جار ئاوەزمەندیش سەرێکی لە شێتیی دەردەچێت!، من ھیچ کات توانای جیاکردنەوەی ئاوەزمەندان و شێتەکانم نییە، لە نێوان عەقڵ و شێتییدا تاڵە مویەک ھەیە، دەترسم شێتی ھەموو عەقڵانییەتێکی لە خۆ گرتبێت.
من: کەواتە با باسی مردن بکەین.
خۆم: قسەکردن لەسەر مردن، ھەمیشە ترسێکی تێدایە، چون مرۆڤ نەمریی پێ خۆشە، بەڵام ئامادەم.
من: خۆ مردن ھەموو کاتێک خراپ نییە “بۆ نموونە مردنی گیڤارا”. جاری وا ھەیە مەرگ چاکەکارە، پێش ئەوەی وێنا جوانەکەمان قێزەون بێت فریامان دەکەوێت.
خۆم: مردن بۆ خەڵک، زەلکاوێکی عاتیفییە، ئاگامان لە ھەندێک مردن نەبێت بە تەوتەمپەرست کۆتاییمان دێت، گرنگە ئازا بین، لە ھیچ مەرگێکدا نەکەوینە ژێر داروپەردووی سۆز، بەڵکو دەبێت وەک راستییە تاڵەکە قبوڵی بکەین. جگە لەمە خەڵک ناتوانن بیر لەو دیمەنە بکەنەوە کاتێک خۆیان لەناو گۆڕدان، ئەمە تۆقێنەرە و بەرگەی ناگرن.
من: ئێمە کاتێک دەخرێینە گۆڕەوە، ئامادەمان دەکەن بۆ خەونێکی ھەتاھەتایی یان بۆ سەرەتایەکی تر. لە زمانی کوردییدا بەم پرۆسەیە دەوترێت “مردوو ناشتن”! ئەمە مانای وایە وەک تۆوێک لە زەویدا دەمانچێنن، بۆی ھەیە جارێکی تر وەک گوڵێک سەردەربھێنینەوە، ئەگەر مەرگ بەرزبوونەوە بوایە بۆ ئاسمان دەبوو گۆڕستانەکانمان لە بۆشایی ئاسماندا رۆنایە.
خۆم: بۆ ئەوەی لە مردن تێبگەین، دەبێت سەرەتا لە ژیان تێبگەین، ژیانیش وەک سەمای “بەھاراتا ناتیای” ھیندیی ھەمووی ئاماژە و کۆدە، زۆر دەگمەنن ئەو مرۆڤانەی دەمرن و لە ژیان تێگەیشتبن.
من: ژیان بۆ خۆی شانۆیەکی سینینزمییە “گاڵتەجاڕیی” بۆ ئەوە نییە تێی بگەیت، بەڵکو دەبێت چێژی لێ وەربگریت، بۆ ئەوەشی بتوانیت چێژی تێدا وەربگریت، پێویستە وەک ئەکتەرێکی گاڵتەجاڕ خۆتی بۆ ئامادە بکەیت!. ژیان شتێکی زۆر جیددی نییە، پێویستە بە یارمەتی پێکەنین بەڕێی بکەین، چوونکە ھەموومان بە روو گرژیی و گریانەوە دەمرین.
خۆم: کەواتە دەبێت بە دوای وەھم نەکەوین، بەڵکو بۆ ئەو ھەقیقەتە بژین کە ژیان کاتییە، ئەمە ھەموو راستییەکەیە.
من: من ئەو دیدە “نیتچە”ییەم ھەیە ھەقیقەت شتێک نییە بیدۆزینەوە، بەڵکو راستی شتێکە دەبێت دروستی بکەین.
خۆم: دروستکردنی ھەقیقەت رەنگە شتێک بێت بتوانێت رازیمان بکات تا بەردەوام بین لەم گەمەیەی ژیاندا!.
من: ئەوەش ناتوانێت من رازی بکات، مرۆڤی رازی تەرمە ھەناسەدەرەکەیە، دەبینم ھەمیشە رەخنەم لێدەگیرێت لەسەر ئەوەی ھیچ شتێک نییە رازیم بکات!، ئاخر بۆچی شتێک بوونی ھەیە ھێندە بێ خەوش بێت بواری ناڕەزایی بۆ کەس نەھێڵێتەوە؟.
خۆم: مرۆڤ بۆ ئەوەی رازی و دڵنیا بێت ئاین و خودای داھێناوە، لەوە دەچێت چیتر خودا و ئاین ئەو دەسەڵاتەیان نەبێت، دڵنیایی و قنیات بە مرۆڤ ببەخشن.
من: من کارم بە کەسی تر نییە، خودایەکم بۆ خۆم داتاشیوە، ئەو خودایە ئەنێرژییەکی پۆزەتیڤە لەناو خودی خۆمدا، لەو کاتەی ھەموو تابلۆکان تەڵخ دەبن، دیمەنێکی روونم لەناو جوگرافیاکانی ھەستمدا نیشان دەدات و پێمدەڵێت دڵت بەمە خۆش بکە. بە قسەی “ڤۆڵتێر”م کرد کە وتی “ئەگەر خودا نەشبێت، دەبێت خۆمان ببینە ئافرێنەری”.
خۆم: سارتەر جارێک وتی “مرۆڤ مەحکومە بە ئازادیی” ئەو قسەیە ئەو کاتە راست دەبوو ئەگەر بیوتبا “مرۆڤ مەحکومە بە کوێرەوەریی ژیان” یان “مرۆڤ مەحکومە بە مردن”. شتێک تاوەکو ئێستاش گرێکوێرەی منە ئەوەیە ھێشتا نازانم، مرۆڤ لە ژیاندا چی دەوێت؟.
من: ئاسانە، مرۆڤ ژیانی دەوێت، ئەوەش بەڵا ھەرە گەورەکەیەتی، لە وەھمێکدا نغرۆ بووە پێیوایە ژیان بەختەوەریی تێدایە!، ژیان بەختیاریی تێدا نییە، بەختیاریی وەک ھەقیقەت دەبێت خۆمان دروستی بکەین.
خۆم: بیرۆکەکەت جوانە، بەم پێیە مرۆڤ دەژی و ھەوڵدەدات بۆ دروستکردنی بەختیاریی نەک بۆ دۆزینەوەی، بەڵام کێ لەم ئەندێشەیەی تۆ تێدەگات؟. ئەمە ئەو پرسیارە بێ وەڵامەی ناوی مێشکی منە.
من: شتێک لە مرۆڤەوە فێری بووبم ئەمەیە، کەس لە کەسی تر تێناگات، بە تایبەت لە کۆمەڵگەی ئێمە کە رۆشنبیریی دیاردەیەکی دەنگییە و رۆشنبیرانیش تەنھا غەڵبەغەڵبیان دروست کردووە.
خۆم: ئێستا خەریکە لەوە تێدەگەم، ئەو ھەموو خەنجەر وەشاندنەت لە خوئەڤینی مرۆڤ، سەرچاوەی ئەو ھەموو کینەیە لە بەرامبەرت لە ئارادایە!.
من: بۆم گرنگ نییە قبوڵکراو یان نا، دەزانم لەوەتی ھۆشم کردووەتەوە لە دۆخێکی “کافکا”ییدام، باسی دۆخ دەکەم، نەک بیرکردنەوە. ھەر ئەوەی بوومەتە دەعبایەکی وەک “سامسا”ی پاڵەوانی “مەسخ” سەلمێنەری ئەوەیە لە دۆخێکی تەواو کافکاییدام، ھەر بۆیە زۆر جار وەک دەعبایەکی بۆھیمیی دەبینرێم.

٣٠-١٠-٢٠١٨
کاتژمێر: چواری بەرەبەیان
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس

Previous
Next
Kurdish