Skip to Content

کام دەنگدانە بۆ خەڵکی کوردستان چارەنوسسازە…؟! … موزەفەر عەبدوڵا

کام دەنگدانە بۆ خەڵکی کوردستان چارەنوسسازە…؟! … موزەفەر عەبدوڵا

Closed
by ئایار 1, 2018 General

تەواوی لایەنە قەومیو ئیسلامی یەکانی کوردستان بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزیسیونەوە، بە نەوەی کۆنو نەوەی نوێوە ،جارێکی تر لە بۆڕبۆڕێنی ڕاکێشانی هەمو خەڵکی کوردستاندان بۆ ناو زەلکاوی پەرلەمانی عێراقی ئیسلامیو مەزهەبی و قەومی و عروبی . بیگومان ئەمە نە یەکەم جارەو نە دوا جاریش دەبێت کە هەمو ئەم لایەنانە بە ڕیاکارانەوە دەچنەوە بەردەم سەرانی ئەم دەوڵەتە کۆنەپەرستەو بەهەر دە پەنجەکانیان مۆر لەو دەستورە دژی ئینسانی یە دەدەن کە زیاتر لە دە ساڵ لەمەوبەر بە هیوای جێگیر بونی دەسەڵاتەکەیان مۆریان کردبوو.

ئەگەر چی لەم ماوەیەدا جارێک سەرانی یەکێتی و تاڵەبانی و هاوکارە نزیکەکانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ بە مەبەستی بەدەسهێنانی کورسی زیاتر لە بەغدا بەناو ڕاپرسی یەکیان بە خەڵک کرد بۆ پرسی مانەوە لە عێراقدا یان سەربەخۆیی .وە لەو ڕاپرسیەشدا لە سەدا نەوەدو هەشتی خەڵک دەنگی بە جیابونەوەدا بەڵام بێ ئەوەی دوایی یەک هەنگاوی بە کردەوە بنێن بۆ بەدیهێنانی ئاکامەکەی.

جارێکی تر لە ڕێکەوتی ٢٥-٩-١٧ ئەم جارەیان پارتی وبارزانی بە هەمان شێوەی یەکێتی بە کەمێک زیاتر خۆ سورومۆر کردنەوە راپرسی یەکی تریان بە خەڵک کرد کە دیار بوو هەمان مەبەستی یەکیتیان هەبوو.وە بەهەمان شێوە زۆرایەتی خەڵک دەنگیان دایەوە بە سەربەخۆیی . ئەمجارەش بێ ئەوەی یەک هەنگاوی بە کردەوە بێنن بۆ بەدیهینانی ئاکامی ڕاپرسی یەکە کە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی بو بۆ خەڵکی کوردستان.
ئێستاش کە هەمویان ڕیاکارانە بۆربۆڕێنیانە بۆ ئەم بەناو هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق و،بۆ زیاتر وەرگرتنی دەنگی خەڵکی کوردستان ، ئەوە ڕاستەوخۆ ئەم بەشداری کردنەیان ناوەڕۆکی مەبەستەکانیان لە ئەنجامدانی ڕاپرسییەکانیان دەردەخاتەوە.وە ئەوە دەسەلمێنێت کە هەردو ئەم دەستەو تاقمە دەسەڵاتدارە ڕاپرسیان بۆ هەمان مەبەست نەبوو نی یە کە خەڵکی دەنگیان بۆیداوە.

جا ئێستا لە ناو هەمو ئەم ڕوداوە دژبەیەکو کارەساتبارانەدا هەمو لایەک هەقیانە بپرسن ئاخۆ کام دەنگدانیان چارەنوسسازە ،دەنگدان بۆ گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق یاخود دەنگدان بۆ ڕاپرسی- ریفراندوم – و دیاری کردنی چارەنوسی ئەو خەڵکە بەدەستی خۆیان؟!

دیارە گومان لەوەدانی یە بە نیسبەت هەمو ئەو لایەنانەی سەرگەرمو سەرقاڵی دەنگدانن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق ئەم دەنگدانەی هەڵبژاردنی گاڵەجاری یە بۆ پەرلەمانی عیراق زیاتر بەلاوە گرینگترە تا هەم کورسی یەک زیاتر بەدەستبینن لە بەغداو هەم تەرازوی ‌هێز لە کوردستانیش بە قازانجیان بشکێتەوە.
بەڵگە نەویستە کە بەشداری کردن لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عیراق چارەنوسی خەڵکی کوردستان بۆ چوار ساڵی تر لەم گێژاوی ململانی و ئاژاوەو شەرو کوشتارە لەگەڵ هیزە ئیسلامی و تایەفی و قەومییە عروبی یەکانی عێراق دەهێڵێتەوە.

ڕەنگە سەرانی ئەم لایەنانە لەسەرو هەمویانەوە ، پارتی و بارزانی، بڵێن ئەی ئەوە نەبو ئەوان ڕابەری پرۆسەی دەنگدانیان بۆ ڕیفراندوم کرد بەڵام دەوڵەتی عێراق و هیچ دەوڵەتێکی تر لە دونیا پشتیوانیان لێنەکرد بۆیە ئەنجامی ریفراندۆمیان هەڵوەشاندەوە..!
بەڵام ئیستا بەشداری ڕیاکارانەی پارتی لەم گاڵتەجاری هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق خۆبەخۆ ناوەڕۆکی مەبەستو ئامانجی پارتی وبارزانی زیاتر دەردەخات کە ئەوان راپرسیان بۆ سەربەخۆیی نەبو بەڵکو تەنها بۆ بەدەسهێنانی کورسی زیاتر لە بەغداو هاوکات بۆ ملکەچ کردنو پاشەکشەی نەیارەکانیان بو لە کوردستان.دەنا ئەگەر پارتی و بارزانی وهەمو ئەوانەی پەنجەمۆریان دا بە سەربەخۆیی هەمو ئامانجو مەبەستەکەیان لە ڕاپرسی بۆ سەربەخویی بوایەو جەماوەیشیان یەکدەستەو بە ئیرادە بێنایە پشتی خۆیان ئەوە ئەگەر ی بەدیهینانی ئاکامی راپرسی یەکە مەحاڵ نەدەبو.

هیچ گومان لای زۆرایەتی خەڵکی کوردستان نی یە کە پرسی دەنگدان بۆ دیاری کردنی چارەنوسی خۆیان بۆ مانەوەی لە چوارچێوەی ئەم عیراقە یان بۆ سەربەخۆیی زۆر چارەنوسازترە لە بەشداری کردن لە دەنگدانو بەشداری کردن لەم گاڵتەجاریەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
بەشداری کردنی هەمو ئەو لایەنانەی لەم هەڵبژاردنە گالتەجاری یە نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان ئەگەرچی دوجار دەنگی خەڵکیان بە ڕواڵەت وەرگرت لە رێفراندۆم بەڵام ئەوە کارێکی گاڵتەجاری بو لایان بەڵام ئەم گاڵتەجاری یەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق کارێکی جدی ترە لایان.

بۆیە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لە جیاتی ئەوەی دەنگو پەنجە موری مفت بدەنە ئەم لایەنانە پێویستە ڕێگایەکی تری ئازادانە هەڵبژێرنو خۆیان ڕابەری خۆیان بن بو ئازادی و سەربەخویی خۆیان. دەنا هەر وەک چۆن نزیک بە سەدەیەکە ئەو خەڵکە نەوە دوای نەوە بونەتە قوربانی دەستی ڕژێمە قەومی یە فاشی یە عروبی یەکانی عێراق و ئەم لایەنە قەومی و ئیسلامیانەی کوردستان ئەوە تا سەدەیەکی تریش هەمان چارەنوسیان دەبێت.

ئەم خەڵکە پێویستە ئیرادەی ئازادانەو یەکگرتوانەی خۆیان بێننە مەیدانو لە پەیمانو بەڵین و سیاسەتی دوو ڕوویی و ڕیاکارانەی ئەم لایەنانە رزگاریان بیت.ئازادبونو ڕزگار بون لە کێشەی قەومی و گێژاوو ململانێ و شەڕی ئیسلامی و تایەفی و قەومی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغداو دەسەڵاتدارانی قەومیو میلیشایی کوردستان هەردوکیان پێکەوە پەیوەستە.و گرێیان خواردوە . چەندە دەسەڵاتدارانی بەغدا مەترسی گەورە بونە بۆ سەر جەماوەر لە یەک سەدەی رابردوەوە ئەوەندەش دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و هێزە ئیسلامی یە هاوپەیمانەکانیان مەترسی بوونە بونە بۆیان لە سی ساڵی رابردوودی دەسەلاتەکەیان.

تەنانەت بە بێ کردنەوەی ئەم گرێ کوێرەیە خەباتو تێکۆشانی چینایەتی و کۆمەلایەتی جەماوەری کریكارو تویژە ستەمدیدەکانێش بۆ خواستو ئامانجە ئابوری و کۆمەلایەتی و سیاسی یە نزیکو دورەکانیان تەواو ناچیتە پێشەوە ئەگەر درکی سیاسی تەواو بەوە نەکەن کە پرسی چارەنوسساز بۆ خەلکی کوردستان دەنگدان نی یە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی گالتەجاری نە لە عیراق و نە لە کوردستان ئەوەندەی دەنگدانو راپرسی و کار بە ئاکامەکەیو بە کردەوە دەرهێنانی چارەنوسسازە.

٣٠-٤-٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish