مامزاوا.. شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
من عومرەکم لە مامزاوا بردیدە سەر
من منداری مامزاوا و لەوێندەرێش لەدایک بووم
خانووەکەمان سەری قووڕ بوو ساڵ نەبوو دڵۆپەی نەکا
زێراب ئەفسانە و خەیاڵ بوو .. جۆگەی چڵکاو
وەک دەمارەی لەشی مرۆڤ بەنێو جەستەی خانووەکانی مامزاوا داکشابوو
لە مامزاوا دەستکورتی دەستی گەیبووە هەموو ماڵێک
هیچ ماڵێکی دەستڕۆیشتووی تێدا نەبوو
ئێمەی منداڵ شانازیمان بە ڕانک و چۆغە دوو ڕەنگییە لێکنەهاتییەکەی ئیختیاری گوندی دەکرد
شانازیمان بە هەژاری و بە بزێوی و تەنانەت بە شەڕەبەردی کۆڵانە شاشەکانی ئەو گوندەش دەکرد
زۆربە چووینە قوتابخانە ، مامۆستامان لا بەرز بوو
ئەفەندی بوو ، پاک و خاوێن
لە مامزاوا ژنان هەر زوو لەگەڵ دەروجێران باسی نەهامەتی ژینیان دەکرد
سەری زار و بنی زاریان (بەناشوکری نەبێتن) بوو
وەکوو ئەوەی ناشوکور بوون کوفرێکی قەبە و گەورە بێ
خەمی شەڕیش وەک بەرچایی میوانی گشت ماڵەکان بوو
شەڕی ژن و مێردی دەستکورت، شەڕی مندارانی گەڕەک
شەڕی ئێران و عێراق هەر مەپرسە ببووە بارێک بەسەر شانی ژیانی ئەو خەڵکە سادە و نەخوێندەوارەی مامزاوا
جاحێرەکان.. لەبری کتێب خیندنەوە.. کەلایانێیان دەکرد و
زۆربەشیان فیراری عەسکەری حکومەت بوون
کە موشتەرەکەیان دەدی هەڵدەهاتن و پارە و کەلایان جێدەهێشت.
لە مامزاوا.. جگە لە سادەیی و دڵباشی خەڵکەکەی، خاوەنی خۆشەویستیش بوون
لەخۆشی و ناخۆشی یەکتر دەبوون بە یەک جەستەی زیندوو
ئەوان بە داتسۆنەکەی حاجی مەغدید و هەندێکجاریش بە سواری ڕیم، دەچوونە شار
سەریان لە شێخەڵڵا دەدا و هەندەک تۆچا و شەکر و قەند و ڕۆن و نەعل و جەمەدانی و
دوو سێ مەترە قوماشیشیان لۆ کەوا و کراسی داکی مندارەکانیان دەکڕی.
چ جوانییەک بوو مامزاوا..وەختێ ڕوو لە باکوور دەتڕوانییە چیای سەفین
لە دوورەوە پیرە قەڵا و منارە دەهاتنە بەرچاو
ئای چەند جوان بوو لە شەواندا سەگەکانیش نەدەحەپین
مەگەر غەریبەیەک بهاتبایە گوندی.
من عومرەکم لە مامزاوا بردیتە سەر
چار پێنج ساڵ جیرانی ماری جەواهیر و خدرەسۆر بووم
ئەو ژن و پیاوەی حەوشەیان بێ منداڵی سەلکە و بنکە مانای نەبوو
شەوەک مەفرەزەیەک پێشمەرگە لۆ چالاکی هاتنە گوندی
خدرەسۆریان وەپێش خۆدا لۆ چاوساغی
من نازانم هێندە نەبێ، پلکە جەواهێری جیران لەو شەوەوە کە خدرەسۆریان وەپێشدا
هەتا مردیش جلکی ڕەشی فڕێ نەدا.
****
ئێستا دوای چل ساڵ مامزاوا لە بۆتەی شارێکی مردوو و
لە گۆڕستانی قەرەباڵغی بێدەربەستی غەرق بووە و دیار نەماوە.
جوانییەکانی بوون بە کەفی سەر لافاوی ئەو غەریبییەی
کە تەقولبابی لە دەرگای هەمووان هەڵسان
من جوانییەکانی مامزاوام لە یادگەی خۆم هەڵگرتووە و
هەرچی کاتێ بمەوێ سەری لێدەدەم.
وەکو جگەرگۆشەکانم، گەر سەرمای بێ،
سۆپای سۆز و عەشق و وەفا پێدەکەم و
نەک لێفەکەم، بەتانی ڕوحی خۆم دێنم و پێیدا دەدەم.
شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
ئازاری ٢٠٢٤
———————————
چەند تێبینییەک :
مامزاوا؛ گوندێک بوو کەوتبووە باشووری رۆژئاوای شاری هەولێر و ئێستاش گەڕەکێکی ئەو شارەیە.
موشتەرەکە؛ بەو مەفرەزە چەکدارەی حکومەتی بەعس دەگووترا کەلە پۆلیس و جەیشی شەعبی و ئەمن پێکهاتبوو و لە کاتی شەڕی عێراق و ئێراندا، بەدوای فیراری عەسکەرییەوە بوون.
ئەفەندی: بە کەسێک دەوترا کە قاتی چاکەت و پانتۆڵی دەپۆشی.
کەلایانێ: گوللانێ، هەڵماتێن.
داتسۆن : جۆرە پیکابێکی یەک تەنیی بوو و شێوەی وەکو تیۆتا فەللاحی بوو.
ڕیم؛ جۆرە پاسێک بوو قەبارە گەورە و بچووکی هەبوو، بۆ گواستنەوەی هاموشۆکەرانی نێوان گەڕەکەکانی شار و هەروەها شار و ئۆردوگاکان و بۆ گوندە نزیک دەستەکانیش؛ کەڵکی لێوەردەگیرا.
داکێ منداران؛ هاوسەر یان هاوژین.
تەقولباب؛ لەدەرگا دان.