
شوناسی پارتی له نێوان تۆتالیتارییه‌ت و دیكتاتۆرییه‌ت … 2… ڕزگار عه‌لی
(به‌شی دووه‌م)
له به‌شی یه‌كه‌مدا جهودێكی كه‌ممان بۆ ناساندنی ڕژێمی دیكتاتۆری به‌خشی و زیاتر ته‌ركیزه‌كه‌مان له‌سه‌ر ڕژێمی تۆتالیتاربوو، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و جیاكارییه یه‌كسه‌ر ڕووئیای ڕوونبێت پارتی چ سیمایه‌كی هه‌یه و چۆن ئیش ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه به‌س نییه، به‌ڵكو (به‌كورتی) ده‌چینه ناو بونیادی پارتی له دوو ده‌یه‌ی راِبردوو به ئێستاوه، بێ له‌وه دوو قۆناغی تری پارتایه‌تی وناسیونالیزمی كوردی كه بریتییه له قۆناغی (شۆڕشگێڕی و ڕاپه‌ڕین) باسدهكهین، له‌وێ ته‌ركیز ده‌خه‌مه سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا شتێك هه‌یه به‌ناوی شۆڕشی كوردی؟ ئایا ئه‌م شۆڕشگێرانه كێبوون و چی بوون؟ ئایا ده‌رئه‌نجامی شۆڕش چی‌بوو؟ ئایا قۆناغی شۆڕشمان هه‌یه كه پێش ڕاپه‌ڕین بوو، دوای ڕاپه‌ڕینیش حوكمڕانی خۆماڵی، ئه‌ی ڕاپه‌ڕین چی‌بوو؟ ئایا ڕاپه‌ڕین له كوێی قۆناغه‌كانی شۆڕش و حوكمڕانی خۆماڵییه؟ ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه هه‌م بۆ ئه‌وه‌یه مێژووی ئه‌و سه‌ركردانی پارتی و پارتایه‌تی بزانین كه تا ئێستاش به‌و شیعاره‌ی دوێنێ و شه‌رعییه‌تی دوێنێوه حوكمڕانمانن، هه‌م سیما دیاره‌كانی مێژووی تۆتالیتا‌ر و دیكتاتۆری و شوناسیان دیاریبكه‌ین..
ئێستا به گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ مێژوو، بونیادی ئه‌م حزبه دابه‌ش ده‌كه‌ین، ئێمه نامانه‌وێت ته‌واوی ڕووداوه‌كانی ئه‌م حزبه لێكبده‌ینه‌وه، چونكه ئه‌وه لێكدانه‌وه‌یه ده‌بێته تائویلیكردنی ڕووداو نه‌ك جه‌وهه‌ر، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت شوناس و جه‌وهه‌ر بزانین، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش دوو قۆناغی سه‌ره‌كی هه‌یه كه قۆناغێك به قۆناغی ڕزگاری یان (ئازادی نیشتیمانی) داده‌نرێت كه ئه‌م قۆناغه به (شۆڕش) ناوده‌برێت. قۆناغێكی تر به قۆناغی (دوای ڕاپه‌ڕین) داده‌نرێت، ئه‌م دوو قۆناغه، قۆناغی شۆڕش و دوای شۆڕش كۆمه‌كی باشمان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی حاڵی بین و بزانین له ئێستادا شوناسی ئه‌م حیزبه چییه؟ له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسیارێكی تریش، وه‌كو، ئایا له مێژووی ئه‌م حزبه‌دا، قۆناغی شۆڕش بوونی هه‌بوو له‌گه‌ڵ قۆناغی دوای ڕاپه‌ڕین. ئه‌ی خودی ڕاپه‌ڕین چی‌بوو؟ چونكه ڕاپه‌ڕین نه ده‌چێته ناو ئه‌و قۆناغه‌ی كه شۆڕشگێڕی بوو، نه ده‌چێته ناو ئه‌و قۆناغه‌ش كه به قۆناغی دوای ڕاپه‌ڕین ده‌ناسرێنێت.
• قۆناغی شۆڕشگێڕی
ئه‌م قۆناغه به‌و قۆناغه ده‌گوترێت كه پاتریاكهكان و پیاوه‌نی كورد و ناسیونالیزمی كوردی له شاخ بوون، ئایا ئه‌مانه بۆ له شاخ بوون؟ ئایا به‌ڕاست شۆڕش چییه؟ گرنگترین و جه‌وهه‌رترین پرسیاری ئه‌م به‌شه ئه‌وه‌یه كه، ده‌رئه‌نجامه‌كانی شۆڕش چی بوون؟ چونكه له‌ناساندنی ده‌رئه‌نجامی (شۆڕش)دا خودی پرسیاری (شۆڕش چی بوو؟) ئاشكرا ده‌بێت.
شۆڕش له ساده‌ترین مانادا به‌مانای ده‌ستكاریكردنی دونیایه‌كی بێزرا و ناشیرین و گۆڕینی بۆ دونیایه‌كی جوان، یان ئازادكردنی تاك له جه‌برێك یان سته‌مێك. هه‌ندێك عه‌قڵی ناسه‌لیم ده‌بێژن شۆڕشگێڕانی كورد و (مه‌لا مسته‌فای بارزانی) شۆڕشگێڕی ناسیونالیزی بوون، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر سه‌یری چوارده‌وری ئاغا‌كان و سه‌ركرده شۆڕشگێڕه‌كانی كورد و چوارده‌وری ئه‌و باڵه‌ی (مه‌لا مسته‌فای بارزانی) بكه‌ین نه‌ك هیچ شتێكیان ده‌رباره‌ی چه‌مكی ناسیونالیزم نه‌ده‌زانی، به‌ڵكو به پێی سه‌ره‌تای ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی پێكهێنانی حزبی سیاسی زۆربه‌ی بۆ پیلانگێڕانی بووه دژی ئاغاكه‌ی ئه‌ودی خۆی، واته له سه‌ره‌تادا ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت شۆڕش لای شۆڕشگێڕانی كورد به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و فیكره‌ی لای (مه‌لا مسته‌فا)هه‌بوو نه‌ك دۆخێكی ناسیونالیزم نه‌بووه، هه‌رگیزیش دۆخێكی رزگاربوون نه‌بووه له حوكمی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی و تیۆره‌كانی، به‌ڵكو شۆرشی كوردی لای (مه‌لا مسته‌فا) له ساڵانی چل و پهنچاكان تا دواتر كه ده‌ستیپێكرد هه‌وڵدان بوو بۆ گه‌وره‌كردنی حوكمڕانیكردنی عه‌شیره‌ت و عه‌شایه‌ری ناو دیوه‌خانه‌كان، واته شۆڕش له‌م سه‌ره‌تایانه‌دا فراوانكردنی ده‌سه‌ڵاتی عه‌رش بوو، هه‌روه‌كو ئه‌و سه‌ره‌تایانه وابوو كه فه‌یله‌سوفی په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی (تۆماس هۆبز) ئاماژه‌ی پێكردووه، كه (ئه‌و كاته‌ی فه‌رمانڕه‌وایكردنی نییه، شه‌ڕ له نێوان مرۆڤه‌كاندا له‌سه‌ر موڵكییه‌ت و خاوه‌نداری زه‌وی وزار ڕووده‌دات)، شۆڕشی كوردیش له‌سه‌ره‌تاكاندا هه‌مان بیركردنه‌وه و عه‌قڵییه‌ت بوو، ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت هێشتا شۆڕشگێڕانی كورد به سه‌رۆكایه‌تی( مه‌لا مسته‌فا) نه‌ك ناسیونالیزم نه‌بووه، به‌ڵكو ئاگاشیان له چه‌مكی ناسیونالیزم نه‌بووه و ته‌نانه‌ت هێشتاش له‌ناو (دۆخی سروشتی) بوون، ئه‌و دۆخه‌ی كه فه‌یله‌سوفی په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی هۆبز ناوی ده‌نێت مرۆڤ بۆ براكه‌ی خۆی گورگێكه، (ئه‌م فیكره‌یه واته دۆخی سروشتی ده‌كرێت بۆ ئێستاش دروست بێت).
شۆڕشگێڕان له‌ناو ئه‌و دۆخه سروشتییه‌دا جگه له دڕه‌نده‌یه‌ك كه هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌كی نه‌بووه شه‌ڕ نه‌بێت، جگه له ده‌عبایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی براكه‌ی خۆی قوت بدات هیچی تر نه‌بوو.
لێره‌دا ده‌ستپێكی ئه‌وه‌ی به شۆڕش ده‌ناسرێت ده‌ستپێده‌كات، ئه‌م ده‌ستپێكه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ی حوكمه‌تی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی حوكمه‌تی ئه‌و كاته‌ی عێراق كه حوكمی پاشایه‌تی بوو قبوڵی نه‌كرد مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ چه‌ند خێڵ و قه‌بیله و عه‌نته‌ری ناو دیوه‌خان و دره‌به‌گ و مرۆڤی فاشیل بكات، ئه‌مانه ڕوو له شاخ ده‌كه‌ن، لێره‌دا ئه‌م كۆمه‌ڵه فاشیله له‌گه‌ڵ شه‌قتێهه‌ڵدانیان له‌ناو دیوه‌خانه‌كانیان وه‌كو كێوییه‌ك ڕوو له شاخ ده‌كه‌ن، ئه‌مه سه‌ره‌تای جیاكردنه‌وه‌ی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی و كوردی بوو، دیاره لێره‌دا ئه‌وانه‌ی له شاخ بوون بێ ئاگابوون له دۆخی ناسیونالیزم و تێگه‌یشتن له ناسیونالیزم.
له‌گه‌ڵ چوونه شاخی ئه‌مانه‌دا له هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستان بۆ پشتگیری دۆخێكی ههڵهختێنراو كه به (ناسیونالیزمه‌وه) ده‌ناسرێت ڕوو له شاخ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی فۆڕمی ته‌واو به ناسیونالیزم و كوردایه‌تی ده‌دات ئه‌و ڕۆشنبیرانه بوون به سه‌ركردایه‌تی (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) كه ڕوو له شاخ ده‌كه‌ن، ئه‌مانه ئاگاداری دونیای ده‌وروبه‌ر و به‌تایبه‌ت ڕووداوه‌كانی عێراق و سوریا بوون و هه‌ندێكیشیان له‌ناو ڕووداوه‌كان بوون، به تایبه‌ت دوای دروستبوونی یه‌كه‌م كۆنگره‌ی حزبی (به‌عس) له ساڵی 1947 له سوریا و دواتر گواستنه‌وه‌ی چالاكی ئه‌و حزبه بۆ عێراق و له ژێر هه‌وڵی دروستكردنی ڕێخراوی (جیدی) له ساڵی 1947، ئه‌وه‌ی جێگای داخه ئه‌و ڕۆشنبیرانه به چوونه شاخی ئه‌م ده‌ره‌به‌گانه هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێن و ده‌چنه ناویان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش فۆڕمی تازه‌ی شۆڕش و كوردایه‌تی به‌م كۆمه‌ڵه ده‌ره‌به‌گه ده‌به‌خشن و ته‌سلیمیان ده‌بن، ئه‌م فۆڕمپێدانه تا جیابوونه‌وه‌ی (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) به‌رده‌وام ده‌بێت، كێشه‌ی جیابوونه‌وه ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و هاوڕێكانی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه لای ئاشكرا ده‌بێت ئه‌مانه كۆمه‌ڵه قه‌بیله و خیڵێكن كه نه‌ده‌زانن كوردایه‌تی چییه، نه شۆڕش، به‌ڵام له‌و كاته‌وه كوردایه‌تی و ناسیونالیزم ده‌بێته ئامرازێكی ده‌ستی ئه‌و نه‌وه كێوییه‌ی شاخ و به زیره‌كی و ئازایه‌تی خۆیان به‌رده‌وامی پێ ده‌ده‌ن، له‌و قۆناغه‌دا پارتی له ڕێگای ئه‌و ڕۆشه‌نبیرانه‌وه ئاگاداری ته‌واوی دۆخی ناوچه‌كه ده‌بێت، وه له ڕێگای ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌شه‌وه دۆخی ناسیونالیزم ده‌چێته ناو دۆخی ئه‌و مرۆڤه كێویانه‌وه، هه‌ر له ڕێگه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌شه‌وه پارتی ئاگاداری تیۆری به‌عس و ئیشكردنی به‌عسی سوریا ده‌بێت، چونكه زۆربه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی كورد كه چوونه شاخ پێشتر له سوریا بوون و هه‌ندێكیش له‌و ڕۆشنبیرانه له‌ناو چالاكییه‌كانی حزبی (شوعی) ئه‌و كاته بوون كه چالاكترین حزبی سیاسی ئه‌و كاته‌ی عێراق بوو، هه‌ر بۆیه ئه‌و ڕۆشنبیرانه زۆر باش له دۆخی به‌عسیزم تێده‌گه‌یشتن، هه‌ر له‌و ڕێگای ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌شه‌وه (مسته‌فا بارزانی) ئاشنای تیوه‌ره‌كانی (میشه‌ل عه‌فله‌ق) كه مه‌سیحییه‌كی ئه‌رته‌دۆكسی بوو، له‌گه‌ڵ (سه‌لاحه‌دین به‌یتار) كه سونی بوو ده‌بێت، ئه‌م دوانه له‌دامه‌زرێنه‌رانی به‌عس بوون، ئه‌م ئاشنابوونه بۆ ئه‌وه‌بوو ڕووبه‌ڕووی به‌عس بێته‌وه، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی حزبی به‌عس تیوه‌ره‌كانی بكاته پراكتیك، پارتی كردی، واته پارتی پێش به‌عس تیۆری به‌عسیبوونی كرده كردار. ئه‌و ڕۆشنبیرانه زۆربه‌یان بوونه قوربانی ئه‌و فه‌زا سه‌قافییه و تیۆرانه‌ی كه خۆیان له شیكردنه‌وه‌یدا بوون بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی حوكمه‌تی ئه‌و كاته‌ی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی (عه‌بدولڕه‌حمان به‌زاز) ببنه‌وه، هه‌ر به‌و تیۆرانه‌ی كه خۆیان ئاشنای (مه‌لا مسته‌فا)یان كرد ئه‌م ڕۆشنبیرانه به‌ر شه‌ق ده‌كه‌ون و ده‌رده‌كرێن. ئه‌و دۆخه‌ی شۆڕشگێڕانی (ئێستا) ناویان ناوه شۆڕش جگه له ملشكاندن و تیرۆركردن و ئیعدامكردن و جیابوونه‌وه‌ی باڵ و له‌ولاشه‌وه شه‌ڕفرۆشتن بۆ ئه‌وه‌ی كامیان ببنه ده‌مڕاستی كوردبوون به‌رانبه‌ر حوكمه‌ته یه‌كله‌دواییه‌كه‌كانی عێراق هیچی تر نه‌بوو، ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێـت كورد له‌و كاته‌دا كارئه‌كته‌ری شۆڕشگێڕی نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌بوو شۆڕش نه‌بوو به‌ڵكو له‌ناوبردنی كارئه‌كته‌ره شۆڕشگێڕه‌كان بوو، ته‌نانه‌ت به‌عسی سه‌رده‌می سه‌دامیش ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و (كۆمه‌ڵه) كوردانه‌ی ئێستا و فیكره‌كانیان كه له شاخ بوون تیۆره‌كانی به‌عسیان نه‌كرده كردار بۆ ملشكاندنی یه‌كتر و كۆشتنی یه‌كتر و له‌ناوبردنی شۆڕشگێڕه‌كانی كورد (تا ئێستاش هه‌مان تیۆر له‌ناو پارتی به‌رده‌وامه). دوای شیكردنه‌وه‌ی دۆخی دروستبوونی (شۆڕشی كوردی) ئێستا جێگه‌ی خۆیه‌تی بپرسین، ده‌رئه‌نجامی شۆڕش چی بوو؟ نامه‌وێت ڕووداوه‌كان بنوسمه‌وه و یه‌كسه‌ر به پرسیارێك وه‌ڵامده‌ده‌مه‌وه، ئایا ئه‌وه چ شۆڕشێكه كه ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی كوژرانی سه‌د و حه‌فتا هه‌زار ئه‌نفال و پێنچ هه‌زار هه‌ڵبجه‌یی و حه‌وت هه‌زار بارزانی بێت؟ ئایا كه‌س له خۆی پرسیوه ئه‌وانه‌ی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕ‌شیان كردووه له پهنچاكانهوه تا ئێستا بۆ ئێستاش حوكمڕانن، ئه‌ی بۆ نه‌كوژران، ئه‌ی ئه‌و هه‌موو كورده كوژرا و ئه‌و هه‌موو گونده وێران كرا ئێوه له كوێ بوون؟ شۆڕشه‌كه‌تان له كوێ بوو؟ ئایا نزیكه‌ی دوو سه‌د هه‌زار كورد بده‌یته كوشت و هه‌زاران گوند وێران بكرێت و دواتر ئای چ شه‌رمێكه بڵێیت شۆڕشم كرد و شۆڕشگێڕبووم و شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕیم هه‌یه؟ ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه بڵێین ده‌بێت نه‌وه‌ی نوێ ئاگاداربێت له باشوری كوردستاندا نه هیچ شۆڕشێك بوونی هه‌یه و نه هیچ شۆڕشگێڕێك كه ئێستا وه‌كو حوكمڕان خۆیان ده‌ناسێنن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به شۆڕش ناوده‌برێت هیچی دیكه نه‌بوو جگه له له‌ناوبردنی شۆڕشگێڕه ڕاسته‌قینه‌كان كه ده‌یانویست شۆڕش دروست بكه‌ن.